لاپەڕە پەرشەکان؛ چەند دەقێکی وەرگێڕدراو و نووسراو

ڕانانی: ئیدریس عەلی

ئەم کتێبەی نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (ئازاد بەرزنجی) یەکێکی دیکەیە لە چاپکراوە نوێیەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، هەر لە خودی ناونیشانەکەوە تێدەگەین کە بابەتەکانی نێو ئەم کتێبە جۆراوجۆر و هەمەچەشن و دەتوانن لە یەک کاتدا ئارەزوومەندانی خوێنەری لقە جیاوازەکانی ئەدەب و هونەر و فیکر لە دەوری لاپەڕەکانی کۆ بکاتەوە، بە تایبەت ڕەهەندی فیکر و ئەدەب لەنێو پانتایی بابەتەکاندا زاڵە و دەکرێت بڵێین کتێبێکە سەر بە جیهانی فیکر و ئەدەبە، بابەتەکان پێکهاتوون لە تێکستی نووسراو و وەرگێڕدراو، بێگومان خوێنەران گەواهی دەدەن ک خاوەنی ئەم کتێبە پاشخانێکی باش و دەوڵەمەندی لە بواری ڕۆشنبیری و فیکری و ئەدەبیدا هەیە، تەمەنێکە لەنێو ئەزموونی گەورە هزرمەند و داهێنەرانی جیهاندا خۆی پێ دەگەیەنێت و دەخوێنێتەوە و سەخاوەتمەندانە ئەوەی لە مەعریفە و فیکر و ڕۆشنبیریی بۆ خۆی وەریگرتووە، بە شێوەی جیاجیا پێشکەشی ئێمە و کتێبخانەی کوردیی دەکاتەوە، جا یان بەهۆی وەرگێڕانی ئەو کتێبانەوە بێت کە خۆی خوێندونیەتەوە و لە بەهای بەرزی داهێنان و کاریگەرییان تێگەیشتووە، یاخوود ئەو هزر و ئەندێشە و خەیاڵانەی خۆی کە کە بەرهەمهێنراوی فیکر و ئەدەبن و بە دونیابینی و تێگەیشتنی ڕۆشنبیرانەی خۆیەوە دەیانکات بە نووسین، نووسین و وەرگێڕانەکانیش وەک ئەوەی لە کتێبە زۆروزەوەندەکانی ئەودا بەریکەوتووین، ڕەنگاوڕەنگ و هەمەچەشنن: فیکر، ئەدەب، هونەر، فەلسەفە و…هتد.
لە کتێبی لاپەڕە پەرشەکاندا خوێنەر بەر ئەو بابەتە نووسراو و وەرگێڕدراوانەی ئازاد بەرزنجی دەکەوێت کە ڕۆژانێک لێرە و لەوێ بڵاوی کردوونەتەوە، بێگومان ناونیشانی کتێبەکە ڕێک خەیاڵی خوێنەر بۆ ئەو شوێن و ڕۆژگارە دەباتەوە کە تیایدا بابەتەکان بە شێوی پەرش و بڵاو، لە گۆڤار یان ڕۆژنامەکاندا هاتوونەتە چاپ، بۆیە دەکرێت بڵێین کۆکردنەوەیان لە دووتوێی کتێبێکدا سەنگ و گرنگیی و بەهای تایبەت بە خۆی هەیە چ بۆ خوێنەر، چ بۆ کتێبخانەی کوردی، چونکە وەک گوتمان لاپەڕە پەرشە کۆکراوەکانی نێو ئەم کتێبە، بەرهەمی ڕۆژگاریکی پێشووترن، بەڵام هێزی پەڕینەوەیان بۆ ئێستا لەدەست نەداوە و هێشتا بەهای فیکری و داهێنان و گرنگییان ماوە بۆ خوێنەر، هێشتا لە توانایاندایە خوێنەر بە کۆمەڵێک بابەت و چەمکی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی و فیکری ئاشنا بکەن و دەروازەیەکی باش بن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتن و ڕۆشنبیریی خوێنەر.
بە گشتی بابەتکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە ڕەنگاوڕەنگ و هەمەچەشنن و پێکهاتوون لە چەندین ناونیشانی سەرنجراکێش، کە گنگترینیان بریتین لە: مارکس ماش مارکسیزم، جیاوازی و توندوتیژی، مۆدێرنیزم چییە، خوێنەری باش و نوووسەری باش، داهێنانی ڕاستەقینە و داهێنانی ساختە، یا حیکایەت بێژە یان بمرە، گوزەرێک بەناو توناوتوونەکانی زەینی بۆرخسدا، دەربارەی وەرگێڕان، لەنێوان بەفری ژاپۆن و چای چینیدا، دوا گفتوگۆ لەگەڵ سامۆئێل بیکێت، ڕۆمانی یەکەمین مرۆڤی ئەلبێر کامۆ، شانۆ وبوون، هونەری سانۆنامە و چەندین تەوەر و بابەتی دیکە و ناونیشانی گرنگ، کۆی کتێبەکە پێک دەهێنن.
جگە لەو چاوپێکەوتن و وتارانەی کە لە لایەن خودی نووسەرەوە نووسراون و لە هەر یەکەیاندا تێڕوانین و دیدی خۆی بۆ مەسەلە هونەری و ئەدەبی و فیکرییەکان خستووەتە ڕوو، بابەتە وەرگێرانەکانیش هزر و ئەندێشەی هزرمەند ئەدیب و داهێنەر و ڕووناکبیرە گەورەکانی وەک (باەک ئەحمەدی، ڕامین جیانبەگلو، هاشم ساڵح، ئاگنش هیللەر، فرانسا بولان، ئەریک فرۆم، ڤلادمێر نابۆکۆڤ، پییر گامارا، ڕۆڵان بارت، ئی ئێس بایت، سوزان سۆنتاگ و چەندین فیگۆری دیکەی گەورە و جوان و درەوشاوەی نێو دونیای هزر و ئەدەب و ڕووناکبیرین کە هەر یەکەیان بەشبەحاڵی خۆی کاریگەریی گەورەیان لەسەر ڕەوتی بیرکردنەوە و ئەندێشە و ئاستی ڕۆشنبیریی نەک تەنها دەستەبژێر، بەڵکو خوێنەری ئاساییش داناوە.
نووسەر و وەرگێڕ ئازاد بەرزنجی، لە پێشەکیی کتێبەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کوردووە کە زۆربەی باس و وتارانەی لەم کتێبەشدا کی کردوونەتەوە، هەڵبژاردەیەکن لەو بابەتانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا لەم گۆڤار یان ئەو ڕۆژنامەدا بڵاوی کردوونەتەوە و بە پەرتەوازەیی ماونەتەوە: هەر بۆیە ئەوەی هانیشی دام پێکەوە کۆیان بکەمەوە و لە شێوەی کتێبێکدا بیانخەمە بەرچاوی خوێنەر، ئەوەیە کە زۆربەی بابەتەکان توانیویانە بەهای فیکری، یان ئەدەبیی خۆیان بپارێزن، جگە لەوەی ئەو هەمەڕەنگییەی لە بابەتەکانیشدا هەیە مۆرکێکی تایبەت بە کتێبەکە دەدات و لەو یەکڕیتمییە دەری دەکات کە بەسەر زۆربەی کتێبەکاندا زاڵە.
لە یەکێک لە بابەتەکانی نێو ئەم کتێبەدا بە ناوی (مارکس پاش مارکسیزم) کە لە لایەن ڕووناکبیر و هزرمەندی گەورەی فارس (بابەک ئەحمەدی) نووسراوە و وێرای ئەوەی کە خودی خۆی ڕووناکبیرێکی مارسکی بووە، بابەتەکە ڕەهەندێکی ڕەخنەیی لەخۆگرتووە سەبارەت بە هەندێک چەمک و تێگەیشتنی کارڵ مارکس، ئەوە بۆچوونە دەخاتە ڕوو کە دەتوانین بە ئاسانی لەوە تێبگەین ک مارکس لە شیکردنەوەی هەندێ لە مەسەلەکانی خۆیدا و بە تایبەتیش لە ناسینی هەندێک لە ئاڕاستە سەرەکییەکانی بزاوت و گۆڕانی کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا بە هەڵەدا چووە: هەندێک لە خوینەرانی ئەمڕۆی کارەکانی ئەو، مەسەلەی زانستباوەڕی و ڕیالیزمی فەلسەفیی ناڕەخنەگرانە و لایەنە پۆزەتیڤیستییەکان و تەنانەت ئەو گیانی ممرۆڤخوازییە ڕۆشنگەرانەیەی لەمانەدا هەیە، لە هەمووش گرنگتر، بونیادی میتافیزکییانەی ڕوانینئی فەلسەفیی ئەو بە ناڕاست دەزانن.
یەکێکی دیکە لە بابەتە گرنگ و سەرنجڕاکێشەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتییە لە نووسینێکی چڕ و دەوڵەمەند بە زانیاریی ڕۆشنبیریی ئاڕاستەکراوی خوێنەری (ڤلادمیر نابۆکۆڤ)ی گەورە نووسەری ڕووسی بە ناونیشانی (خوێنەری باش و نووسەری باش) نووسینەکە بە ڕووکەش، بە زمانێکی سادەی ڕۆژنامەییانە نووسراوە، بەڵام لە ناواخن و نێوەڕۆکدا چەندین مەودای قووڵ و ڕەهەندی فیکری و تیۆری و ئەدەبیی لێ دەکەوێتەوە و شرۆڤەی هەندێک لایەن و چەمک دەکات کە بە دیاریکراویی پەیوەنددارە بە دنیای خوێنەر و نووسەرەوە و لەو بارەوە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە لە کاتی خوێندنەوەدا پێویستە ئینسان بە عیشقەوە بایەخ بە وردەکارییەکان بدات و دەشڵێت: بێگومان ئەکرێ دوای کۆکردنەوەی زەڕە “هەتاو”یەکانی کتێبەکە بە خۆشەویستییەوە، مانگەشەوی کۆی کتێبەکەش بدرەوشێتەوە، ئەگەر ئینسان بە چەند بڕیار و چەمکێکی پێشینەوە، دەست بداتە کتێبێک، ئەوا ڕێی هەڵەی گرتووەتە بەر و پێش ئەوەی لە کتێبەکە بگات، لێی دوورکەوتووەتەوە، بە بڕوای ئەم گەورە نووسەرە، نووسەر یەکەمین مرۆڤە کە نەخشەی جیهان دەکێشێتەوە و یەکەیەکە ناو لە شتەکان دەنێتەوە، هاوکات کۆمەڵێک پێناسەی خستووەتە بەرچاوی خوێنەر کە گرنگترینیان ئەوەیە خوێنەر دەبێت ئەندامی یانەیەکی خوێندەوە بێت، خوێنەر دەبێت خۆی لە پاڵەوانی چیرۆکەکەدا ببینێتەوە، خوێنەر دەبێت کەسێک بێت کە توانای نووسین تیایدا نەشونما بکات، خوێنەر دەبێت تا رادەیەک دەرکێکی هونەرمەندانەی هەبێت.
یەکێکی دیکە لە بابەتەکانی نێو ئەم کتێبە کە نووسینی خودی ئازاد بەرزنجی خۆیەتی، دەربارەی نووسەری ناوداری ئەرجەنتینی بۆرخسە لەژێر ناوی (گوزەرێک بەناو تووناوتوونەکانی زەینی سەراسیمەی بۆرخس)دا، لەم وتارەدا نووسەر بە وردی لەسەر ئەزموونی دەوڵەمەندی داهێنەرانەی ئەو نووسەرە گەورەیە ڕاوەستاوە و لە ڕێگەی وتارێکەوە ئاوڕی لە لایەنە زەینی و ئەدەبییەکانی بورخس داوەتەوە، ئازاد بەرزنجی لەو نووسینەیدا ددان بەوەدا دەنێت کە خۆرخێ لویس بۆرخێس نووسەرێکی مەزنە، کە جگە لە کۆمەڵێک وتار و کورتەچیرۆک، هیچی تری وای نەنووسیوە، بەڵام نایشارێتەوە ئەو بەرهەمە کەمەی، نیشانەی بلیمەتی و شێوازی پتەو و هۆشی بەرز و لە هەمان کاتدا سەراسیمەی ئەوە.
لە راستیدا ئەم نووسینە تەنیا هەوڵێکی خاکەڕایانەیە بۆ ئاشنا کردنی خوێنەر بە لایەنە جۆراوجۆرەکانی کتێبەکە، دەنا خوێنەری ژیر و وریا، خۆی لە کاتی خوێندنەوەی کتێبەکەدا بەر چەندین لایەنی گرنگ دەکەوێت، بە تایبەت وەک تەواوی بەرهەمەکانی دیکەی، ئازاد بەرزنجی لەم کتێبەشدا بە زمانێکی بێ گرێ و سادە و چێژبەخش زیاتر هانی خوێنەر دەدات تا لە تەواوی بابەتەکان و نووسین و وەرگێرانەکانیش تێبگات.

ناردن: