هاشم ساڵح
له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: هه‌ورامان وریا قانع

چێژێكی زۆرم له‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌ تازه‌كه‌ی بیرمه‌ندی فه‌ره‌نسی ناسراو ڕۆجێ- پۆل دروا بینی. بۆ زانیاری ئه‌و له‌ سه‌نته‌ری نیشتیمانی بۆ توێژینه‌وه‌ی زانستی فه‌ره‌نسی، توێژه‌ره‌ و مامۆستاشه‌ له‌ په‌یمانگای زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌ پاریس. جگه‌ له‌وه‌، ئه‌و ساڵانێكی دوور و درێژه‌، له‌ پاشكۆی كه‌لتوری ڕۆژنامه‌ی لۆمۆند، به‌رپرسی ڕانان و ناساندنی كتێبه‌ فه‌لسه‌فییه‌كانه‌. لێره‌وه‌ ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌و قه‌ڵه‌مه‌‌ ناسراوانه‌ی فه‌ره‌نسا كه‌ له‌ بواری ڕۆژنامه‌ی كه‌لتوری كارده‌كات، به‌ تایبه‌ت بواری فه‌لسه‌فی. سه‌رباری هه‌مو ئه‌وانه‌، ئه‌و بۆ خۆی فه‌یله‌سوفێكه‌ گاڵته‌ی پێناكرێت. یه‌كێك له‌ كتێبه‌ گه‌وره‌كانی، بریتییه‌‌ له‌ كتێبی: “مامۆستایانی فیكر: بیست فه‌یله‌سوف سه‌ده‌ی بیسته‌میان دروست كرد”، ( زاراوه‌ی لێكهه‌ڵوه‌شاندن لای دێریدا واتای چی ده‌گه‌یه‌نێت، یان مردنی مرۆڤ لای فۆكۆ یا تیۆری كرده‌ی به‌رده‌وامیبوون لای هاپرماس، یا فه‌لسه‌فه‌ی پراگماتیزم لای لۆیلیام جێمس”…هتد.
به‌ڵام هه‌نووكه‌ با له‌سه‌ر دوا به‌رهه‌می ڕاوه‌ستین كه‌ ئه‌مه‌ ناونیشانه‌كه‌یه‌تی: “به‌ڕێز من ڕقم لێته‌، من هه‌رگیز تۆم خۆشناوێت! ڤۆڵتێر و ڕۆسۆ: هاوڕێیه‌تی مه‌حاڵ”. ئه‌وه‌ ئه‌و ده‌ربڕینه‌یه‌ كه‌ ژان ژاك ڕۆسۆ، له‌ میانه‌ی نامه‌یه‌كی تونددا به‌ ڤۆڵتێری وت. ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی ڕۆسۆ بۆی ئاشكرا بوو كه‌ ڤۆڵتێر، به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دابووه‌ دووچاری كێشه‌ و ناخۆشی بكات. كتێبه‌كه‌ له‌سه‌ر شێوازی ڕۆمانی چیرۆكئامێز نووسراوه‌، خه‌ریكه‌ ده‌ڵێم له‌سه‌ر شێوازی ڕۆمانی پۆلیسی زۆر چێژبه‌خش نووسراوه‌. وه‌لێ چیرۆكه‌كانی نێو كتێبه‌كه‌، نه‌ هه‌ڵبه‌ستراوه‌ و نه‌ ده‌ستكردی خه‌یاڵه‌‌. به‌ڵكو پشت به‌ كۆمه‌ڵێ ڕووداوی ڕاسته‌قینه‌ ده‌به‌ستێت كه‌ له‌ ژیانی ڤۆڵتێر و ڕۆسۆدا ڕوویانداوه‌.
ئاشكرایه‌ ئه‌وان له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م، له‌ ناوه‌ دیار و گه‌وره‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ری فه‌ره‌نسا بوون، بگره‌ له‌ ناوه‌ گه‌وره‌كانی سه‌رتاسه‌ری ئه‌وروپا بوون. بگره‌ ئه‌وان دوو زه‌به‌لاحه‌ گه‌وره‌كه‌ بوون. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ باشی نه‌زانراوه‌، ئه‌وه‌یه‌ ژان ژاك ڕۆسۆ، له‌ سه‌ره‌تادا قوتابی ڤۆڵتێر بووه‌ و زۆر سه‌رسام بووه‌ به‌ ڤۆڵتێر. ڕۆسۆ دووراودوور قوتابی ڤۆڵتێر بووه‌، چونكه‌ ئه‌و دووانه‌، هه‌رگیز له‌ ژیاندا به‌یه‌ك نه‌گه‌یشتوون، ئه‌مه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌ هه‌ڵه‌ تێیگه‌یشتووین. ڕاسته‌ ئه‌وان هه‌ردووكیان له‌یه‌ك سه‌رده‌مدا ژیاون، بگره‌ له‌ یه‌ك وڵاتدا و هه‌ندێكجار له‌ یه‌ك شاردا ژیاون. وه‌لێ له‌ ڕووی شه‌خسییه‌وه‌، هه‌رگیز به‌یه‌ك نه‌گه‌یشتوون و یه‌كتریان نه‌بینیوه‌، ئێ ئه‌مه‌ش شتێكی سه‌یره‌ و به‌ ڕاستی جێگای سه‌رسوڕمانه‌.
پێویسته‌ ئه‌وه‌ بخه‌ینه‌ڕوو كه‌ ڤۆڵتێر، وه‌ك ته‌مه‌ن، نزیكه‌ی بیست ساڵ له‌ ڕۆسۆ گه‌وره‌تر بوو، هه‌ر بۆیه‌ ڤۆڵتێر وه‌ك مامۆستا یان ئوستاز وابوو بۆ ڕۆسۆ و بۆ ته‌واوی نه‌وه‌كه‌. به‌لای ڕۆسۆوه‌، ڤۆڵتێر قدوه‌ و نمونه‌ی باڵای بووه‌، چونكه‌ ڤۆڵتێر زۆر به‌ تووندی به‌گژ فێنده‌مێنیتاڵیزمدا چووه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بووه،‌ ڤۆڵتێر ناچار نه‌بووه‌ ئه‌وه‌ بكات، چونكه‌ خۆی سه‌ر به‌ تائیفه‌ی زۆرینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار بووه‌ و به‌ده‌ست هیچ جۆره‌ چه‌وساندنه‌وه‌یه‌كی مه‌زهه‌بی یان تائیفی نه‌یناڵاندووه. له‌مه‌شدا ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ڕۆسۆ بوو، ڕۆسۆ سه‌ر به‌ كه‌مینه‌ی پرۆتستانت بوو. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ڤۆڵتێر بۆ چركه‌یه‌كیش چییه‌، دوو دڵ نه‌بووه‌ له‌وه‌ی په‌لاماری تائیفه‌ كاسۆلیكیه پاپاویه‌ته‌‌كه‌ی خۆی بدات، كاتێك تائیفه‌كه‌ی ئه‌وانی دیكه‌ی به‌ كافر داده‌نا و به‌ زه‌ندیق و لاده‌ر له‌ (ئاینی ڕاست) تۆمه‌تباری ده‌كردن. بگره‌ به‌و پێیه‌ی ئه‌وانی دیكه‌ گمڕاو و زه‌ندیقن، ده‌یكوشتن و ده‌یچه‌وساندنه‌وه‌ و به‌رده‌وام به‌دوایانه‌وه‌بوون. سه‌یركه‌ن له‌ شاری تۆڵۆز، چی به‌سه‌ر خێزانی “جان كالاس” دا هات كه‌ خێزانێكی كه‌مینه‌ی پرۆتستانت بوون. كاسۆلیكه‌ ده‌مارگیره‌كان، سه‌رۆكی ئه‌و خێزانه‌یان “جان كالاس” به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر دڕندانه‌ كوشت، بێ هیچ هۆكارێك كوشتیان، ته‌نها ڕق و كینه‌ی تائیفی یان مه‌زهه‌بی نه‌بێت.
ڤۆڵتێر به‌ هه‌مو هێز و توانایه‌وه،‌ به‌رگری له‌و خێزانه‌ به‌سته‌زمانه‌ كرد و ڕوبه‌ڕووی چه‌وسێنه‌ره‌كانیان ڕاوه‌ستا. ڤۆڵتێر له‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و كاره‌ساته‌دا، كتێبه‌ نه‌مره‌كه‌ی “نامه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی لێكبورده‌یی” نووسی. هه‌روه‌ها سه‌یری كوشتوبڕه‌ ترسناكه‌كه‌ی “سانت بارتیلیمی” بكه‌ن، له‌و كوشتوبڕدا كاسۆلیكه‌كان‌ له‌ شه‌وێكی تاریك و ئه‌نگوسته‌چاودا، شه‌وێك ڕووناكی مانگ به‌ده‌روه‌ نه‌بوو، په‌لاماری پرۆتستانته‌كان ده‌ده‌ن و هه‌لا هه‌لایان ده‌كه‌ن. له‌و ڕۆژگاره‌دا پاپای رۆما، ده‌ستخۆشی له‌و قه‌سابخانه‌یه كردو وتی: “ئۆخه‌ی و سوپاس و ستایش بۆ یه‌زدان، له‌مڕۆدا ئیمانی ڕاست و دروست، سه‌ركه‌وت به‌سه‌ر ئیمانی گومڕادا”، پاشان پاپا فه‌رمانیدا به‌م بۆنه‌ پیرۆزه‌وه‌، له‌ ته‌واوی شه‌قام و كوچه‌ و كۆڵانه‌كانی ڕۆما، ئاهه‌نگ بگێڕن و خۆشی ده‌رببڕن! پاپا “بیوسی پێنجه‌م” ئه‌ویش پێشتر به‌ شاژنی فه‌ره‌نسای كاسۆلیكی وتبوو: “پێویسته‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك و له‌ ژێر هیچ بارودۆخێكدا، لێخۆشبوون بۆ ئه‌و زه‌ندیقه‌ پرۆتستانتیانه‌ ده‌رنه‌كرێت كه‌ دوژمنی خودان. پێویسته‌ له‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌وه‌ هه‌ڵكه‌نرێن و مه‌حفبكرێنه‌وه‌ و تۆویان ببڕێته‌وه‌، چونكه‌ سه‌رزه‌مینی پاكژی شاژنی شكۆداری فه‌ره‌نسای كاسۆلیك گڵاوده‌كه‌ن. ئه‌وانه‌ كافرن و له‌ ئاینی ڕاست لایانداوه‌”.
ڤۆڵتێر دژ به‌ هه‌مو ئه‌م ده‌مارگیرییه‌ كوێرانه‌یه‌، ڕاوه‌ستا و جه‌نگه‌ گه‌وره‌كه‌ی خۆی به‌رپاكرد. مه‌زنی ڤۆڵتێر ئا لێره‌دایه‌. ئه‌و سوێندی به‌ یه‌زدان خوارد كه‌ تائیفییه‌ت، له‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌وه‌ هه‌ڵده‌كێشێت. ئیدی ئا له‌و كات و ساته‌دا، دروشمه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی به‌رزكرده‌وه‌: “با فێنده‌مێنیتاڵیزمی تاریكبین وردوخاش بكه‌ین، با تائیفییه‌ت وردوخاش بكه‌ین، با ڕیسوایی و ئابڕوچوون وردوخاش بكه‌ین”. پاشان ده‌ڵێت: “كه‌ی ڕووناكی به‌سه‌ر پاریس دا هه‌ڵدێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر له‌نده‌ن و هه‌مو وڵاتی ئینگلستاندا هه‌ڵهاتووه‌؟ ئه‌ی فه‌ره‌نسییه‌كان له‌خه‌و هه‌ستن و به‌ئاگابێنه‌وه‌”.
سه‌روه‌ختێك ڕۆشنبیره‌كه‌ی كه‌مینه‌ی پرۆتستنت ژان ژاك ڕۆسۆ، ئه‌و دروشمه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، زۆر سه‌رسام ده‌بێت به‌ ڤۆڵتێر و به‌ مامۆستا و ئوستازی خۆی دایده‌نێت و ده‌ست ده‌كات به‌ نامه‌گۆڕینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا و ڕێز و ستایشێكی زۆری بۆ ڤۆڵتێر ده‌بێت. پێو‌یسته‌ ئه‌وه‌ بزانین ئه‌و كاته‌ی ڤۆڵتێر له‌وپه‌ڕی دره‌وشانه‌وه‌ی ناوبانگ و نه‌مریدا بووه‌، ژان ژاك ڕۆسۆ جارێ كه‌سێكی لاوه‌كی بووه‌ و هیچ بابایه‌ك نه‌یناسیوه‌ و هیچ شتێكی بڵاونه‌كردبوه‌وه‌. وه‌لێ دواتر كه‌ كتێبه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی بڵاوده‌كاته‌وه‌، له‌ نمونه‌ی “په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی” و “ئیمێل” و ڕۆمانی “هیلوێزی نوێ”… هتد، بووه‌ كه‌سێكی زۆر به‌ناوبانگ، ئیدی بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت یان بێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی بێت، له‌سه‌ر عه‌رشی ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسی، بووه‌ ڕكابه‌ری ڤۆڵتێر. ئه‌مه‌ش له‌ناكاو ڤۆڵتێری زۆر بێزار كرد. ئێمه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌ڵێین، ده‌زانین چه‌ند حه‌ساسییه‌ت له‌ نێوان ڕۆشنبیراندا هه‌یه‌، چ له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی فه‌ره‌نسی یان له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی عه‌ره‌بی. ڕۆشنبیران كه‌یفیان به‌یه‌كتر نایه‌ت و چاره‌ی یه‌كتریان ناوێت. ئێوه‌ بینیوتانه‌ ئافره‌تێك ددان به‌ جوانی ئافره‌تێكی دیكه‌دا بنێت؟ مه‌حاڵه‌. مه‌سه‌له‌كه‌ بۆ ڕۆشنبیرانیش هه‌ر وایه‌، ڕۆشنبیرێك نابینن سه‌رسامی خۆی به‌ نووسینی رۆشنبیرێكی دیكه‌ ده‌رببڕێت، مه‌گه‌ر زۆر به‌ ده‌گمه‌ن نه‌بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ نه‌وه‌ی خۆی بوو
به‌ڵام هۆكاری دیكه‌ بۆ ئه‌م ڕقه‌ توونده‌ی نێوان ڤۆڵتێر و ڕۆسۆ‌ هه‌یه‌، یان بڵێ هۆكاری دیكه‌ بۆ ئه‌م خۆشه‌ویستییه‌ گه‌وره‌یه‌ هه‌یه‌ كه‌ وه‌رگه‌ڕا بۆ پێچه‌وانه‌كه‌ی. یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌، بریتییه‌ له‌ جیاوازی سروشتی ده‌روونی هه‌ردووكیان، ڤۆڵتێر له‌ ژیانیدا كه‌سێكی كۆمه‌ڵایه‌تی تا بڵێی سه‌ركه‌وتوو بوو. بێ هیچ گرێیه‌كی ده‌روونی، هاوڕێیه‌تی پادشاكانی ده‌كرد و تێكه‌ڵیان ده‌بوو، بگره‌ ئه‌وه‌ پادشاكان بوون داوای هاوڕێیه‌تیان لێده‌كرد. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو ژان ژاك ڕۆسۆ، كه‌سێكی گۆشه‌گیری ته‌نها بوو، حه‌زی ده‌كرد دوور له‌ بێنه‌وبه‌رده‌ی ژیان و هاتوهاوار و غه‌ڵبه‌غه‌ڵبی مرۆڤه‌كان، له‌ نێو ئامێزی سروشتدا بتوێته‌وه‌. ڕۆسۆ هه‌رگیز كه‌سێكی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بوو، هه‌روه‌ها له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.
جگه‌ له‌وانه‌، جیاوازییه‌كی دیكه‌ی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ڤۆڵتێر كه‌سێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بوو. وه‌لێ ڕۆسۆ تا بڵێی كه‌سێكی هه‌ژار بوو. ڤۆڵتێر هێجگار ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، كه‌چی ڕۆسۆ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی ده‌كرد، هه‌ندێك بابه‌تی وه‌رگێڕانی بده‌نێ یان هه‌ندێك نۆته‌ی مۆسیقای بده‌نێ، تاكو به‌ خه‌ته‌ جوان و نایابه‌كه‌ی بینووسێته‌وه‌ و له‌پای ئه‌وه‌دا، چه‌ند فلسێكی ده‌ستكه‌وێت، تاكو بتوانێت ڕۆژ به‌ ڕۆژ پێی بژی. لێره‌وه‌ جیاوازییه‌كی گه‌وره‌ له‌ نێوان هه‌بوون و نه‌بووندا هه‌یه‌. ڤۆڵتێر یاری به‌ مه‌لاین ده‌كرد، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینه‌ گونجاوبێت. ئه‌مه‌ مانای وایه‌ ڤۆڵتێر، سه‌ر به‌و چینه‌ی خه‌ڵك بوو كه‌ (له‌سه‌ری سه‌ره‌وه‌ن)، واته‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان. به‌ڵام ڕۆسۆ سه‌ر به‌و چینه‌ی خه‌ڵك بوو كه‌ (له‌ ژێری ژێره‌وه‌ن)، واته‌ زۆرینه‌ی میلله‌ت. هه‌ر بۆیه‌ ڤۆڵتێر حه‌زی به‌ ژیانی عه‌یش و نۆش و كه‌یف و سه‌فا ده‌كرد و ده‌یویست چیژ له‌ هه‌مو خۆشییه‌كانی ژیان وه‌ربگرێت. كه‌چی ڕۆسۆ، حه‌زی به‌وه‌ بوو له‌ نێو سروشت و به‌رائه‌ت و ساده‌یدا بژی و ته‌نها پارویه‌كی پاكی ده‌ویست سكی پێ تێركات و هیچ دیكه‌ی نه‌ده‌ویست. پاشان ڕۆسۆ به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت، ژیانی ده‌ستپاكی و ڕاستگۆیی و ئه‌خلاقی ڕاست و دروستی خۆشده‌ویست. ئه‌و (قه‌دیسێكی عه‌لمانی) بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كێك به‌و شێوه‌یه‌ وه‌سفی كردووه‌. هه‌رچی ڤۆڵتێر بوو، ئه‌وا له‌ نێوان خۆی و پیرۆزی و پاكژیدا، چه‌ندین مه‌ودا هه‌بوو. ئه‌گه‌ر نا چۆن چۆنی توانی ببێت به‌ یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی سه‌رده‌مه‌كه‌ی؟ ڤۆڵتێر ئه‌گه‌ر بیویستایه‌، ده‌یتوانی ڕۆسۆ بخاته‌ ناو گیرفانه‌ بچوكه‌كه‌یه‌وه‌ و چۆنی بووێت ئاوا یاری پێبكات. ئاخر له‌ كاتێكدا ڕۆسۆ له‌ شارێكه‌وه‌ ڕاوده‌نرا بۆ شارێكی دیكه‌ و له‌ گوندێكه‌وه‌ بۆ گوندێكی دیكه‌ به‌دوایه‌وه‌ بوون. ئا له‌و كاتانه‌دا، ڤۆڵتێر له‌ كۆشكه‌كان داده‌نیشت و سوپایه‌ك له‌ به‌رده‌ست و خزمه‌تكار له‌ ده‌وروبه‌ری بوون!
به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وانه‌شدا، خاڵێكی سه‌ره‌كی هه‌بوو كه‌ هه‌ردووكیانی پێكه‌وه‌ كۆده‌كرده‌وه‌، ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ دژایه‌تیكردنی فێنده‌مێنیتاڵیزمی تاریكبین و ده‌مارگیری كوێرانه‌ی ئاین. ئاشكرایه‌ فێنده‌مێنیتاڵیزم كێشه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ی سه‌رده‌مه‌كه‌ بووه‌، چونكه‌ له‌و ڕۆژگاره‌دا هێشتا ڕق و كینه‌ی تائیفی، تابڵێی تاوی سه‌ندبوو، هێشتا هه‌ر ده‌سوتا و گڕ و بڵێسه‌ی لێ به‌رزده‌بوه‌وه‌، كۆمه‌ڵگای هه‌لا هه‌لا كردبوو، بگره‌ شاریشی هه‌لا هه‌لا كردبوو، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین شه‌قامیشی هه‌لا هه‌لا كردبوو. هیچ كاسۆلییكییه‌ك نه‌بوو، حه‌ز به‌ چاره‌ی دراوسێ پرۆتستانتییه‌كه‌ی بكات یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.
له‌و ڕۆ ژگاره‌دا، ململانێیه‌كی زۆر تووند، له‌ نێوان جنێفی پایته‌ختی مه‌سیحییه‌ پرۆتستانته‌كان و ڕۆمای پایته‌ختی مه‌سیحییه‌ كاسۆلیكه‌كان هه‌بوو. هه‌نووكه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ كۆتایی پێهاتووه‌ و له‌ ئه‌وروپای شارستانییه‌ت و ڕۆشنگه‌ریدا، هیچ بوونێكی نه‌ماوه‌. فه‌زلی ئه‌وه‌ش بۆ تێكۆشانی ڤۆڵتێر و ڕۆسۆ و فه‌یله‌سوفه‌كانی دیكه‌ی ڕۆشنگه‌ری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. لێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و هه‌مو ناكۆكی و جیاوازییانه‌ی نێوانیان، جه‌نگی سه‌ره‌كی ڕۆشنگه‌ری، ئه‌و دوو پیاوه‌ی پێكه‌وه‌ كۆده‌كرده‌وه‌. ڤۆڵتێر ڕابه‌ری جه‌نگه‌كه‌ بوو، نه‌مری و مه‌زنیه‌كه‌شی ئا لێره‌دایه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی نووسه‌رێكی بلیمه‌تیش بوو.
-ئه‌ی بۆچی به‌یه‌ك نه‌گه‌یشتن؟
یه‌كێك له‌ خانمه‌ ئه‌رستۆكراتییه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی پاریس، ئه‌م پرسیاره‌ی خواره‌وه‌ی له‌ دلامبێر كرد كه‌ له‌یه‌ك كاتدا، هاوڕێی ڤۆڵتێر و ڕۆسۆ بوو: بۆچی یه‌كترنابینن؟ بۆچی تاكو ئه‌م ئاسته‌ ڕقیان له‌یه‌كتره‌؟ پاشان ئه‌و خانمه‌ ئه‌رستۆكراتییه‌ له‌سه‌ر قسه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵیت: وه‌ڵا ناكۆكی نێوانیان، بووه‌ به‌ به‌ڵا و كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ و زیان و ئازارێكی زۆری به‌ به‌ره‌ی ڕۆشنگه‌ری گه‌یاندووه‌. ئاخر ئێمه‌ پێویسته‌ كۆبینه‌وه‌ و چی هێزمان هه‌یه‌، دژ به‌ به‌ره‌كه‌ی دیكه ‌ڕێكیبخه‌ین و بیخه‌ینه‌گه‌ڕ. ئێمه‌ هێشتا كه‌مینه‌ین له‌به‌رامبه‌ر ئۆردوی فێنده‌مێنیتاڵیزم و فێنده‌مێنیتاڵیسته‌كان و تائیفییه‌ت و تائیفییه‌كان. پێویستمان به‌وه‌ نییه‌ له‌ نێوان خۆماندا په‌رت و بڵاو و دابه‌شببین.
دالامبێر ئاوا وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌: خانمه‌كه‌م، منیش وه‌ك تۆ سه‌رم سوڕماوه‌ و ئازار ده‌چێژم. من هیواداربووم ئه‌گه‌ر بۆ یه‌ك جاریش بێت، یه‌كتر ببینن. زیاد له‌ جارێك هه‌وڵمدا هه‌ردووكیان پێكه‌وه‌ كۆبكه‌مه‌وه‌. به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووم. ڕاسته‌ ناكۆكییه‌كانی نێوان ڤۆڵتێر و ڕۆسۆ، زۆر زۆره‌. به‌ڵام ئه‌م ناكۆكییانه‌، پاساو نییه‌ بۆ ئه‌م هه‌مو دژایه‌تییه‌ی نێوان ئه‌م دوو پیاوه‌. ئاخر ئه‌وان له‌ خاڵێكی سه‌ره‌كیدا پێكده‌گه‌ن: دژایه‌تیكردنی تاریكبینی ئاینی و ڕۆشنكردنه‌وه‌ی عه‌قڵه‌كان.
دالامبێر كه‌ ئه‌ویش یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ فه‌یله‌سوفه‌كانی ڕۆشنگه‌ری، له‌سه‌ر قسه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و به‌و خانمه‌ ده‌ڵێت: “خانمه‌كه‌م وه‌ك پێم وتیت، هه‌وڵی مه‌حاڵم دا بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر خوانێكی نیوه‌ڕۆ یان ئێواره یان ته‌نها بۆ خواردنه‌وه‌ی قاوه‌یه‌ك، هه‌ردووكیان پێكه‌وه‌ كۆبكه‌مه‌وه‌. به‌ڵام هه‌ردووكیان زۆر به‌ تووندی ڕه‌تیان ده‌كرده‌وه‌ یه‌كتر ببینن”.
له‌ ڕاستیدا ڕه‌تكردنه‌وه‌كه‌ زیاتر له‌لایه‌ن ڕۆسۆوه‌ بوو. بۆچی؟ چونكه‌ ڤۆڵتێر حه‌زی له‌ ژیانی كه‌یف و سه‌فا و ڕابواردن بوو. كه‌چی ڕۆسۆ تا خوا حه‌ز بكات، ڕقی له‌وه‌ بوو. ڕۆسۆ له‌ قوڵایی ناخییه‌وه‌، هه‌ستی ده‌كرد ئه‌وه‌ خیانه‌ته‌ له‌ میلله‌ت، چونكه‌ میلله‌ت‌ تا ئاستی برسییه‌تی و قاتوقڕی، له‌ ژیانێكی كوله‌مه‌رگی و هه‌ژارییه‌كی كوشنده‌دا ده‌ژیا. ڤۆڵتێر ده‌یویست سه‌روه‌ت و سامانێكی زۆر كۆبكاته‌وه‌، به‌ زیره‌كی و لێزانینه‌ تایبه‌ته‌كانی، گه‌شت به‌و مه‌رامه‌ی. به‌ڵام ڕۆسۆ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك، نه‌یده‌ویست سه‌روه‌ت و سامان كۆبكاته‌وه‌ و هه‌رگیز شتێكی له‌و جۆره‌ی به‌ خه‌یاڵدا نه‌هاتووه‌. لای ڕۆسۆ، هه‌مو سه‌روه‌ت و ماڵ و موڵكی دونیا و ژیانی كه‌یف و سه‌فا، هیچ نرخێكی نه‌بووه‌. ڕۆسۆ شانازی ده‌كرد به‌وه‌ی به‌رده‌وام هه‌ژاره، پێداگیری ده‌كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك به‌شی هه‌ره‌ زۆری میلله‌ت؛ كه‌ به‌ ده‌ست برسییه‌تییه‌وه‌ ده‌یانناڵاند، به‌ هه‌ژاری بمێنێته‌وه‌. ئه‌و سه‌ر به‌و میلله‌ته‌ ساده‌ و خاكی و دڵپاك و تێكۆشه‌ره‌یه‌ كه‌ به‌درێژایی ڕۆژ، هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پاروویه‌ك نان ده‌دات كه‌ له‌وانه‌یه‌ بیدۆزێته‌وه‌ یان نه‌یدۆزێته‌وه‌. ئه‌و به‌ دڵ و به‌ گیان له‌و میلله‌ته‌دا تواوه‌ته‌وه‌. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ بوو، ژان ژاك ڕۆسۆ، ئه‌و موچه‌ زۆر و قه‌بانه‌ی ڕه‌تده‌كرده‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن پادشاكانی فه‌ره‌نسا و ئینگلته‌ره‌ و پروسیا ده‌خرایه‌ به‌رده‌ستی و به‌درێژایی ژیانی ده‌یتوانی له‌ خۆشی و شادیدا بژی. ڕۆسۆ له‌سه‌ر كاری رۆژانه‌ی یان به‌ ئاره‌قه‌ی نێوچاوانی ده‌ژیا، كاری وه‌رگێڕانی ده‌كرد یان به‌ خه‌تێكی جوان نۆته‌ مۆسیقییه‌كانی ده‌نووسییه‌وه‌، تا ئه‌و ئاسته‌ی خه‌ریك بوو كوێرایی چاوی داده‌هات. كه‌چی ڤۆڵتێر، وه‌ك وتمان، سه‌ر به‌ چینی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بوو یان سه‌ر به‌ چینی ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بوو. جیاوازی سه‌ره‌كی نێوان ئه‌م دوو پیاوه‌ ئا لێره‌دا بوو. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ڕۆسۆ له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌، ڕازینه‌بووه‌ ڤۆڵتێر ببینێت. ڕۆسۆ سه‌ر به‌ جیهانێكی دیكه‌ بوو، جیاواز له‌ جیهانه‌كه‌ی ڤۆڵتێر.
سه‌رچاوه‌
الشرق الاوسط، سێ شه‌ممه‌، 29 ئازار، 2022.

ناردن: