تاکایەتی و فەزای مۆدێرن

ڕامین جیهانبەگلو
و. ڕێبین هەردی

باسەکەی ئەمڕۆی ئێمە لەبارەی (تاکایەتی و فەزای مۆدێرنە). مەبەست لە (تاکایەتی) شێوەی شکلوەرگرتنی سۆبژێکتی مۆدێرنە لە پلەی تاک و هاوڵاتیدا. مەبەست لە (فەزای مۆدێرن) سنوورێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوریە کە (تاکایەتی هاوڵاتی) و یان باشترە بڵێین (هاوڵاتی بەتاک بوو) تیایدا فۆرمەلە دەبێت. کەوابوو مەسەلەی سەرەکی ئێمە لێرەدا تێگەیشتنە لە پەیوەندی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی نێوان دوو چەمکی (شار) و (تاکەکەس)، و تاوتوێکردنی واقعە مێژوویەکەی. لەڕاستیدا دەکرێت بگوترێت ئەوە ((شارە )) کە شکڵ بە ((هاوڵاتیان)) دەدات، و ئەوەش ((هاوڵاتیانن)) کە ((شار)) درووستدەکەن. بە وتەی شکسپیر (ئەوە خەڵکە کە شار درووستدەکەن). واتە کاتێک ئێمە باسی بونیادی شار و گۆڕانی فەزای شار بە درێژایی مێژوو دەکەین، بابەتی سەرەکی زهین و ڕۆحی تاکەکەسی وگشتی کەسانێکە کە ڕۆژانە شکڵ بە چوارچێوەی شار دەدەن. لویس مامفۆرد مێژوونووس و ڕۆشنبیری بەناوبانگی ئەمەریکی سەدەی بیستەم بڕوای وایە شارەکان دەرکەوتەی ڕۆحی مرۆیین. بەوتەی مامفۆرد هۆی بوونی شارەکان لە مێژوودا، هاوکاریکردنی پێشکەوتنی کەسایەتی مرۆڤە. مامفۆرد بڕوای وایە پەیوەندیەکی تەنگاوتەنگ هەیە لەنێوان ڕەوتی باشترکردنی شارەکان لە ڕووی فەزایی و مەدەنی و مرۆڤانەتر کردنی شارستانیەت، بە دەربڕینێکی تر فەزای شاری دەتوانێت ببێتە هۆی درووستکردن و هاندانی توندوتیژی و شیزۆفرینا لە هاوڵاتیاندا، وەک چۆن دەتوانێت هەستی بەرپرسیارێتی و ئەخلاقی مەدەنی لە تاکەکاندا درووست بکات. ڕەنگە هەر لەبەرئەمە بێت ێۆنانە دێرینەکان باوەڕیان وابوو کە شار تەنیا بەمانای شوێنی ژیانی تاکەکان نیە، بەڵکو فەزای هاوبەشی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیە لەگەڵ ئەوانی دیدا. بۆ ئەم مەبەستە فەیلەوسفێکی وەک ئەڕستۆ مرۆڤ وەک زۆئن پۆلپتیک پێناس دەکات، واتە بوونەوەرێکی زیندوو کە بۆ ژیان لە دەوڵەتشاردا درووستکراوە. لە دیدی بیریارانی ێۆنانەوە (ئەفڵاتۆن و ئەڕستۆ) ژیانی سیاسی و ژیانی ئەخلاقی پێبەپێی یەک دێن. بە بڕوای ئەوان مەسەلەی نەخشەی کۆمەڵایەتی لە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ ڕێکخستنی ئەنتۆلۆجی مرۆڤ لە سروشتدا. بە وتەی هانری پیرن لە ێۆنانی دێریندا یاسای دەوڵەتشار وەک ڕێبازێکی دینی تەماشا دەکرا، چونکە هەموو ئەندامانی دەوڵەتشاری دەگرتەوە. دەکرێت ڕادەی نزیکی بیرکردنەوەی گەردوونی و بیری سیاسی ئەسینایەکان بە باشترین شێوە لە تراژیدی ئۆریستای ئەخیلۆسدا ببینرێت، کە هاوکات لە هەردوو ئاستی مرۆڤەکان و خوداکاندا ڕوودەدات. کەوابوو دەکرێت بگووترێت پۆلیس وەک چوارچێوەیەکی شاری، تەنیا یەکەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو دەرکەوتەی مەنزومەی زیهنییش بوو. کاتێک گوتارەکەی پریکلیس لە کتێبی جەنگی پلۆپونز توسیدۆس دەخوێنینەوە، دەبینین پریکلیس بە تەنیا ستایشی دەوڵەتشار و یاساکانی ناکات، بەڵکو ستایشی شێوازێکی ژیان دەکات کە پێیوایە هاوڵاتی ئەسینی درووست دەکات. لەڕاستیدا لە دیدی تۆسیدیس و پریکلیسدا ئەو شتەی هاوڵاتی ئەسینی دەکات بە بکەرێکی چالاک و بەرپرسیار، چوارچێوەی فەلسەفی و سیاسی دەوڵەتشارە، و ئەوەشی دەبێتە هۆی پتەوبوونی دەوڵەتشار و دیموکراسی ئەسینی، زیهن و سروشتی هاوڵاتی ئەسینیە. لەبەرئەوە لە دیدی ئەسینیەکانەوە دەوڵەتشار تەنیا ڕژێمێکی سیاسیە کە تیایدا تاکەکەس دەتوانێت بەتەواوی هەموو توانا ئەخلاقی و زیهنیەکانی خۆی بەدی بهێنێت. بۆ ئەسینیەکان تاکە ڕێگەی بوون بە هاوڵاتی و هاوڵاتی بوون ژیانە لەناو دەوڵەتشار و پەیڕەویکردنە لە یاساکانی دەوڵەتشار. بە دەربڕینێکی تر چوارچێوەی شار، چوارچێوەیەکی سیاسیە. واتە بە زمانی فەیلەوسوفانی ێۆنانی پۆلیس، پۆلیتیا درووستدەکات، کە لەڕاستیدا هیچ نیە جگە لە کۆمەڵێک هاوڵاتیانی ڕێکخراو کە لەژێر ئاڵای ئەو یاسایانەدا دەژین کە خۆیان بونیادیان ناوە. لێرەوە لە دیدی ئەسینیەکانەوە پۆلیتیا ڕووداوێکی سادە و یان توندوتییەکی بەدەزگای بوو نیە، بەڵکو بەرهەمی دیدێکی گەردوونیە کە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان، سروشت و خوداکان دیاری دەکات.
کەوابوو وەک دەبینین ئێمە شتێکمان نیە بەناوی (تاکایەتی) بەمانا مۆدێرنەکەی لەناو فەزای شاری قۆناغی دێریندا. تاکەکەس وەک هاوڵاتی دەوڵەتشار پێناس دەکرێت، نەک وەک سۆبژێکتێکی سەربەخۆ کە لە فەلسەفە و تەلارسازی مۆدێرندا باسی دەکرێت. تەنانەت بە ووتەی کیتۆ لە کتێبەکەیدا (ێۆنانیەکان) گەمەکردن و گفتوگۆ و وتوێژیش تەنیا لەڕێگەی دەوڵەتشارەوە دەکرێت بێتە دی. ئەو کەسانەی کتێبەکەی کیتۆیان دیووە، بە باشی بیریانە گفتوگۆیەکی گریمانەیی لەنێوان ێۆنانی و ئینگلێزێکدا دەگێڕێتەوە. ئینگلیزەکە لە وەڵامی پرسیارێکی ئەسینیەکدا کە دەپرسێت (چەند یانە لە لەندەن هەیە)، بە نزیکی دەڵێت: (دەوروبەری ٥٠٠ یانە) و ئەسینیەکەش دەڵێت (ئەگەر هەموو ئەوانە تێکەڵبکرێن، چ کۆمەڵەیەکی گەورە درووست دەکەن). ئینگلیزەکە وەڵام دەدەاتەوە (بەڵام ئەوکاتە چیدی یانەیەک نامێنێتەوە)، و ئەسینایەکەش دەڵێت: (ڕێک، چونکە پۆلیسێک بەم گەورەیە، ناتوانێت پۆلیسێک بێت). لەم گفتوگۆ گریمانکراوەدا ڕاستیەکی شاراوە هەیە کە ئەویش ئاماژەیە بۆ ئەو خاڵەی لە دیدی بیریارانی سیاسی ێۆنانی دێرینەوە، دەبێ فەزاکانی شار سنووردار بن. ڕەنگە هەر لەبەرئەمە بێت لای ئەرستۆ باشترین شێوەی دەوڵەتشار، فەزای شارێکە کە سەرژمێرەکەی لەنێوان ٥٠٠ تا ٥٠٠٠ کەسە، سەرسوڕمانی ێۆنانیەکان بەرامبەر پانتای ئیمپڕاتۆریەتی هەخامەنشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم خاڵە. کەوابوو دەتوانین ئەو ئەنجامگیریە بکەین کە مەنزومەی زیهنی ئەسینای دێرین و بونیادی شاریانەی دەوڵەتشار، پەیوەندیەکی نزیکیان بەیەکەوە هەیە. دیارە ئەم پەیوەندیەیە کە فەیلەسوفانی وەک سوقڕات، ئەڕستۆ و مێژوونووسانی وەک تۆسیدۆس و هیرۆدتر درووست دەکات، ئەمجۆرە پەیوەندیەیە کە فەزای گشتی شاریانەی وەک (ئاگۆرا) درووست دەکات کە ئاشکراکەری باڵاتربوونی فەزای گشتیە بەسەر فەزای تایبەتیدا. بەمشێوەیە لە ێۆنانی دێریندا دەبێت زۆرتر لەبارەی (تاکایەتی گشتیەوە) قسە بکەین. لێرەوە گۆڕانی بونیادی لادێ و گۆڕینی بۆ پۆلیس و گرنگی پەیداکردنی دەوری ئاگۆرا، شتێکی ڕێکەوت نیە، بەڵکو ئاشکراکەری ڕەوتی هوشیاری سیاسی ئەسینیەکانە، کە بەدوای ژیانێکدا دەگەڕێن کە سێ چەمکی (ئازادی)، (هەقیقەت) و (جوانی) لەهەناوی خۆیدا هەیە. ئەوەی ێۆنانیەکان ناوی دەنێن باشەی جوان یان جوانی باش، لە بابەتی (جوانی گشتیدا) دەردەکەوێت، کە جیاوازە لە (جوانی تاکەکەسی) هونەری مۆدێرن. دەکرێت ئەم (جوانیە گشتیە) لە ڕەمزەکانی شاری ێۆنانی دێریندا لەشێوەی پەیکەرەکانی خواکان و پاڵەوانەکاندا ببینرێت. بێگومان گرنگی پەیداکردنی وەرزش و گەمەکانی ئۆلەمپیکیش دەرئەنجامی گۆڕانی فەزای گوندە بۆ فەزای دەوڵەتشار، کە لەدیدی مامفۆردەوە لای خەڵکی شار شێوازێکی کاریگەر بوو بۆ پەروەردەکردنی جەستە لەپاڵ پەروەردەکردنی ڕۆحدا. لەڕاستیدا (پایدەیا) یان پەروەردە لە ئەسینای دێریندا تێکەڵەیەک بوو لە پەروەردەکردنی جەستە و ڕۆح، بە ئاراستەی پتەوکردنی بونیادی هاوڵاتێتی لە دەوڵەتشاردا. ڕەنگە باشترین فەزای شاری بۆ دەوڵەتشاری ئەسینا (ئاگۆرا) بێت، کە لەبەر گۆڕانی زیهنیەتی فەلسەفی و سیاسی ئەسینیەکان چیدی تەنیا دەورێکی بازرگانی نیە، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ شوێنی کۆبوونەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی. دەکرێت ئەم دەورە کۆمەڵایەتیەی (ئاگۆرا) لە ئیلیادەی هۆمردا ببینین. کەوابوو دەبینین ئاگۆرا بەرلەهەموو شتێک فەزایەکی ئازادە، یان باشترە بڵێین فەزایەکە کە هاوڵاتی پیاوی ئەسینی گەورەتر لە ١٨ ساڵ، ئازادی هاوڵاتی و ئازادی خۆی تیا بەدەست دێنێت.
بەڵام کاتێک تەماشای پەیوەندی نێوان فەزاکانی شار و تاکەکەسێتی هاوڵاتی لە کۆمەڵگای ڕۆمی دێریندا دەکەین، بەر جیاوازیەکی زۆر لەگەڵ دەوڵەتشاری ئەسینادا دەکەوین. جیاوازی سەرەکی لەوەدایە کە ڕۆمای دێرین دیموکراسیەک نیە بەمانای ئەسینای یان مۆدێرنی وشەکە. ئەسینا لەچاو مۆدێرنەکاندا دیموکراسیەکی ناکامڵە، بەڵام ناکرێت بەهیچ شێوەیەک ڕۆمی دێرن بە دیموکراسی دابنرێت. پۆلێوسی مێژوونووسی ێۆنانی سەدەی دوو پێش زایین، بڕوای وایە ڕۆم تێکەڵەیەک لە ئولیگارشی، دیموکراسی و سەڵتەنەتە، واتە لەڕاستیدا ڕژێمێک کە ئەفڵاتۆن وەک رژێمێکی ئایدیاڵ دەیبینی. ئەگەر قەبوڵی بکەین جەمسەرە سەرەکیەکانی سیاسەتی ئەسینی لە دوو چەمکی isonomia واتە یەکسانی لەبەرامبەر یاسادا و isegoria واتە ماف و یەکسانی لە دەربڕینی بۆچوندا دەربکەوێت، ئەوا بەپێچەوانەوە لە رۆمی دێریندا جەمسەری سەرەکی سیاسەت لەسەر بنەمای auctoritas واتە دەسەڵات و نەریت (بە مانای پاراستنی بەهای باوان) دامەزراوە. بە قسەی هانا ئارنێت بەردەوامی و مانەوەی ژیانی سیاسی کۆماری رۆم لەسەر بناعەی ئەم دوو چەمکە دامەزراوە. بۆ رۆمیەکان دەسەڵات لە سەناوە دێت، تەنانەت گەر دەسەڵات هی خەڵکی بێت. ئەم هاوکێشەیە لەم دروشمە لاتینیەدا کورت دەبێتەوە
Cum potestas in populo auctoritas in senatu.
دەوری نەریتەکانیش پاراستن و گواستنەوەی یاساکان و بەهاکانە. کەوابوو شاری ڕۆم بەجۆرێک لە جۆرەکان دەربڕی ئەم دوو چەمکەی (دەسەڵات) و (نەریتە)، و بۆ رۆمیەکان مەسەلەی سەرەکی ڕێزگرتنە لە دیسپلینی هەبوو، تەنانەت گەر ئەم دیسپلینە لەسەر بناغەی دیکتاتۆری داڕێژرا بێت. هەر لەبەرئەمە بەگشتی لە جیهانی دێریندا چەمکی (تاکایەتی) بەمانا مۆدێرنەکەی بوونی نیە. بەڵام لە دەوڵەتشارەکانی ئەسینا و ڕۆمدا خەڵک دەورێکی گرنگیان دەبینی، دیارە لە یەکێکیاندا بە شێوەی دیموکراتی و لەویدیدا بەشێوەی نادیموکراتیانە. بەڵام رۆم لە چاو ئەسینادا سەرژمێری زیاتر بوو، لەبەرئەوەی شارەکە زۆر خەڵکی نا ڕۆمی تیا نیشتەجێ بوون. بەپێی ئامارێک لەساڵی ٥٠ی پێش زاییندا سەرژمێری شاری رۆم پتر لە ٧٥٠ هەزار کەس بوو، بە قسەی تاکیتۆس Tacitus سناتۆرێکی رۆمی لە سەردەمی نیرۆندا نزیکەی ٤٠ کۆیلەی لە خانوەکەیدا هەبوو.
جیاوازی نێوان ئەو ڕۆمیانەی ئازادانە لەدایک بووبن و بە ingenui ناو دەبران، لەگەڵ کەسانی دی کە لەرۆمادا دەژیان یەکجار زۆر بوو. دەکرێت ڕەنگدانەوەی ئەم جیاوازیە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوریەی لەنێوان هاوڵاتیانی رۆما و ئەوانەی بە هاوڵاتی عەیار ٢٤ دادەنران، لە فەزاکانی شاریشدا ببینرێت. بۆ نموونە ڕۆما شارێک بوو لەسەر بناغەی دەسەڵاتی سەربازی داڕێژرا بوو، واتە شارەکە دوو شاڕێگەی سەرەکی دابەشی دەکرد، کە لە ناوەڕاستدا یەکدیان دەبڕی. هەروەها بینا رۆمیەکان دوو خەسڵەتی سەرەکیان هەبوو: یەکەم پتەو دروست دەکران، و دووهەم پڕ لە دیکۆر بوون. زوربەی ئەم خانوانە موڵکی ئەرستۆکرات و گەورەکانی ڕۆما بوون، کە نزیکەی ١٨٠٠ خێزانی دەگرتەوە. وەک پترۆن لە کتێبی ساتیریکۆن دەیگێڕێتەوە: (خەڵکی هەژاری ڕۆما لە پێناو تێرکردنی هەوەس و ئارەزووی گەورەکانی ڕۆما، ژیانێکی کارەساتئامێزیان دەبردە سەر). خەڵکی ئاسایی ڕۆما لە ٤٦٠٠ خانووی دزێودا دەژیان کە لەڕووی تەندروستیەوە تەنانەت لە خانوەکانی سەدەی ١٦ زاینی ئەوروپا چەندانجار خراپتر بوو. ئەم خانوانە هیچ ئامرازێکی گەرمکردن، چێشتخانە، توالیت و ئاویان نەبوو. لەبەرئەوە بۆ خەڵکی ئاسایی ڕۆما خانوو تەنیا پەناگایەکە بۆ خەوتن، نەک شوێنێک بۆ ژیان و پێکەوەبوون. ڕەنگە هەر لەبەرئەمە بێت خەڵکی ڕۆما زوربەی کاتەکانی خۆیان لە فەزای گشتی وەک سێرک (مەیدانی گلادیاتۆرەکان) بەسەر دەبەن. بەڵام جگە لە مەیدانە گەورەکان، ئەوەی لە فەزای شاری ڕۆما دەمایەوە بچوک و تەنگ بوو. پانترین شەقامی رۆما زیاتر لە شەش مەتر نەبوو، و لەبەرئەوەش کە هیچ ئامرازێکی گواستنەوەی خەڵک لە دەوروبەرەوە بۆ ناوەندی شار نەبوو، هەموو کاروباری دەوڵەتی و نادەوڵەتی لەناوەندی شاری ڕۆمادا بوو. تەسک بوونی کۆڵانەکان و ڕێگە سەرەکیەکان، و هاوتوچۆی خەڵکی، بوو بووە هۆی ئەوەی هاتوچۆی ئامرازەکانی گواستنەوە بە درێژای ڕۆژ قەدەغە بێت. لێرەوە عەرابەنەکان شەوانە لە کۆڵانەکانی ڕۆمدا دەسوڕانەوە، و ئاسایشی خەڵکی شاریان تێکدەدا، تا ئەو شوێنەی شاعیرێکی ڕۆمی وەک ژوناڵ شیعرێکی لەبارەی شەوانی بێ خەوی ئەم شارەوە نووسی بوو. پاشان دەبینین لە نموونەی ڕۆمای دێرینیشدا پەیوەندیەکی نزیک لەنێوان بونیادی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەزای شاردا هەیە. لەبەرئەوە تاکایەتی فۆرمەلە نەبوو لە رۆمای دێریندا دەبۆوە هۆی توندوتیژی و هەڵخەڵاتاندن و مشەخۆری. زوربەی ئەرستۆکراتەکان و گەورەکانی ڕۆما بەهۆی مشەخۆرە کۆمەڵایەتیەکانەوە دەورە درابوون کە بەجۆرێک لە جۆرەکان لەسەریان دەژیان. بە ووتەی مامفۆرد ڕۆما لەناو دەروازەکانی خۆیدا زیاد لە سەدها هەزار مشەخۆری کۆمەڵایەتی هەبوو، کە لەبەرامبەر ئەو پارەیەی وەریان دەگرت، پێداویستیەکانی خۆشگوزەرانی ئەرستۆکراتەکانیان ئامادە دەکرد. لە فلیمی سپارتاکۆسدا دروستکراوی ستانلی کۆبریک کەسایەتی پیتر یۆستیڤ بەجۆرێک لە جۆرەکان دەربڕی مشەخۆرێکی کۆمەڵایەتی ڕۆمایە. لەم فیلەمەدا و لە فلیمێکی تردا بەناوی گلادیاتۆر کە چەند ساڵێک پێش نمایش کرا، رۆما وەک لایەنگری ئاشتی و ئارامی پێناس کراوە. بەڵام پەڕەکانی مێژوو پیشانمان دەدەن ئاشتی ڕۆمی لەڕاستیدا هاوکاتی توندوتیژیەکی زۆر چ لەناوەوە و چ لە دەرەوەی سنورە سیاسیەکانی رۆم بووە، کە دەتوانین دەرکەوتەکەی لە دروشمی (نان و سێرک بۆ هەمووان) دا ببینین. چنینی شار و هاوڵاتیەک کە مەیدانی سێرک لە ناوەندیدا دەوەستا، دەرخەری توندوتیژیەک بوو کە خەڵک خوویان پێوە گرتبوو. لێرەوە دەکرێت بگوترێت ناتوندوتیژی مەسیحیەت و پێگەی خوداسالاری کە مەسەیحیەتی قۆناغی یەکەم بانگەشەی بۆ دەکرد، بەجۆرێک لە جۆرەکان ناڕازیبوون و یاخیبوونە دژ بە توندوتیژی گەردونیانەی ڕۆمی دێرین. کەنیسەی مەسیحی ئاشتی مەسیحیانەی کردە جێگرەوەی ئاشتی ڕۆمی، بەڵام بناغەی ئەم ئاشتیەی لەسەر دین و دەسەڵاتی خوداوەند دامەزراند، نەک لەسەر بناغەی دوو چەمکی auctoritas و imperiuem .
ئێمە لە سەدەکانی ناوەڕاستی مەسیحیدا دوو ڕوانینی تازەمان بۆ دوو چەمکی شار و هاوڵاتی هەیە، کە دەکرێت یەکەم ڕەنگدانەوەی لەوجیاکاریەدا ببینین کە ئەگوستین لەنێوان (شاری خودا) و (شاری مرۆڤەکاندا) دەیکات.
ئەم گوڕانی زیهنیەت و دیدە ئەنتۆلۆجیا تازەیە، لەگەڵ خۆیدا جارێکی دی دیدێکی تازە بۆ شارسازی هێنایە پێشێ. لە دیدی مەسیحیەکانەوە فەزا شاریەکانی ئیمپڕاتۆری ڕۆم، وەک سێرک، شانۆ و حەمامی گشتی لەگەڵ دیدی ئەواندا بۆ جیهان نەدەگونجا، هەر لەبەرئەمەش کەنیسەی مەسیحی دەستی بە وێرانکردنی ئەم فەزایانە کرد. دیارە وەک چۆن دواتر عوسمانیەکان کەنیسەی بیزانسیان گۆڕی بە مزگەوت، کەنیسەی مەسیحیش فەزا گشتیەکانی کرد بە کەنیسە. بۆ نموونە پەرستگا بوو بە کەنیسەی سان لۆرنزۆ و سەنای رۆمیش بوو بە کەنیسەی سن ئادرین. گومانی تیا نیە گرنگترین گۆڕانکاریەک کە مەسیحیەت لە فەزا شاریەکانی سەردەمی دێریندا درووستیکرد، ڕەدکردنەوە و دەرکردنی ئەو فەزایانە بوو کە دەربڕی (دەسەڵاتی دنیایی)، (موڵکایەتی لەم جیهاندەدا) و (ناوبانگی کۆمەڵایەتی) بوو. ئەم گۆڕانکاریە لە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆدا بوو لەگەڵ ئەو زیهنیەتەی (ژیان لەڕێگەی خودا) و (فەقیری) بە باشترین و بەرزترین جۆری (تاکایەتی) دەزانی. ڕەنگە هەر لەبەرئەمە بێت پەرستگا و کەنیسەکانی گوتیک (وەک کەنیسەی نۆتردام یان ڕنس) گرنگترین فەزای تەلارسازی سەدەکانی ناوەڕاستی مەسیحی پێکدەهێنن. زوربەی کەنیسە سیسترسینەکان لە فەڕەنسا لە بلۆکی بەردی گەورە و بێ هیچ دیکۆرێک درووستکراون. ئەم نەبوونی هیچ شتێکی زیادەیە لە فەزای کەنیسەی سیسترسینەکاندا ، لەبەرئەوەیە ئەو قەشانەی لەوێ دەژیان، لایەنگری درووستکردنی پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ بوون لەنێوان کەسی باوەڕدار و خودادا، و بە بڕوای ئەوان وێنەکێشان یان پەیکەر دەبێتە هۆی لەناوبردنی ئەم پەیوەندیە ڕۆحانیە. لەو ڕوەوە کە دروشمی ژیانی مەسیحیانە لە کەسایەتی حەزرەتی مەسیحدا بەرجەستە دەبێت، هەموو هەوڵیان دەدا مەسیح بکەنە بنەمای نموونەی ئەخلاقی خۆیان. ئەو ڕستە بەناوبانگەی سن برنار کە (ژیان دەبێت وەک پەرەستگایەکی ئاسمانی بێت)، ئاماژەیە بۆ شێوەی دیدی مەسیحیانەی سەدەکانی ناوەڕاست. وەک دەبینین (تاکایەتی خودا سەنتەری) سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست، پێ بەپێی (فەزا شاریەکانی خودا سەنتەر) دەڕۆیشت. بەڵام بە زیادبوونی دەسەڵاتی کەنیسە، هەندێک لە قەشەکان خۆیان بوون بەفیودالی گەورە، پەرسەتگاکان بوون بە فەزایەکی شاری کە بازرگانی تیا دەکرا و جێگەیەک بوو بۆ پشوودانی پەنابەر و کۆچکردووەکان. باشترین نموونەی ئەم حاڵەتە پەرستگای گرنۆرد لە ئەلمانیایە کە بە (پەرستگا و شار) بەناوبانگە.
سەیر ئەوەیە سەدەکانی ناوەڕاستی لاتینی لە سەدەکانی ١٢ و ١٣زایندا بۆ قسەکردن لەبارەی کۆمەڵگاوە سوودیان لە ووشەی لاتینی Universitas وەردەگرت، کە دواتر گۆڕا بۆ وشەی Universite واتە زانکۆ. چەمکی Universitas دەربڕی چوارچێوەیەکی ئەخلاقی، سیاسی، و یاسای ژیانی کۆمەڵایەتی بوو لە سەدکانی ناوەڕاستدا. ئەم وشەیە Universitas بەباشترین شێوە ئاشکراکەری لەپێش بوونی کۆمەڵگای شاری خودا سەنتەرە بەسەر تاکایەتی مرۆیدا. لەوڕوەوەی تاک لەسەدەکانی ناوەڕاستدا بەپێی پێناسی کەنیسە تاکێکی گوناهبار بوو، ئەوا دەبێت ژیانی هەوڵێک بێت بۆ نەمانی گوناه و داواکاری لێبوردن. لێرەوە فەزا خودا سەنتەری و دینیەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، بۆ ئەم مەبەستە درووستکرابوون. ئەمانە فەزاگەلێکن کە یا گوناهی سەرەتایی حەزرەتی ئادەم بە بیر تاکەکان دێنێتەوە، و یان ڕۆژی قیامەت و لێپرسینەوەی خودا. باشترین دەرکەوتەی ئەمجۆرە بیرکردنەوەیە تابلۆی بەناوبانگی ڤان درویدەنە لەژێر ناونیشانی (ڕۆژی قیامەت)، لە تەلارێکی خەستەخانەی کۆنی شاری بۆن کە کەوتوۆتە ناوچەی بۆرگینی فەرەنساوە.
وەک دەبینین لە دۆخی خودایی- سیاسی سەدەکانی ناوەڕاستدا (تاکایەتی) و (فەزاکانی شار) لەپەیوەندیدا بە ئەنتۆلۆجیای خودا سەنتەریەوە دیاری دەکرێت، نەک وەک ئەسینا و ڕۆمای دێرین لە پەیوەندیدا بە جیهانێکی گەردوون سەنتەری و پۆلێنکراو کە مافی سروشتی مرۆڤ تیایدا لەسەر بناغەی چەمکی (سروشت) پێناس دەکرێت. هەرچەندە لە سەدەکانی ناوەڕاستی مەسیحیدا ئەوە سروشت نیە کە تاک و شار پێناس دەکات، بەڵام هێشتا ئێمە لە هەلومەرجێکی ناعەلمانیدا دەژین، چونکە ئەنتۆلۆجیای تاک دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی بیرۆکەی هێڵێک کە لە گوناهی سەرەتاییەوە دەست پێدەکات، و بە رۆژی قیامەت دەگات. بە دەربڕینێکی دی لەسەدەکانی ناوەڕاستدا (تاکایەتی) لە چوارچێوەی مێژوویەکی پیرۆزدا دادەنرێت کە تیایدا مرۆڤ سۆبژێکت و بکەری کردارەکانی خۆی نیە. لەبەرئەمە فەزاکانی شار لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ئەو فەزایانە نین کە بە هۆی کرداری تاکگەریانەی تاکەکانەوە پێناس و دیاری بکرێت.
بە هاتنی سەرمایەداری و دەستپێکردنی ڕێنسانسی فەلسەفی و هونەری لە ئەوروپا، پەیوەندی نێوان تاکەکەس و شار گۆڕڕا. مرۆڤی ڕینسانس کەسێکی داهێنەرە، کە ئازادانە دادەهێنێت و خۆی دەکاتە ناوەندی داهێنانە هونەری و کۆمەڵایەتیەکانی خۆی. ڕینسانس بە پێشکەشکردنی تەفسیرێکی تازە بۆ دنیای ێۆنان و ڕۆم، سەردەمی خۆی وەک سەردەمی داهێنان پێناس کرد و پێکهێنا. دەکرێت نموونەی ئەم ئیرادەی تازەگەری و داهێنانە لە بەرهەمەکانی کەسانی وەک مایکل ئەنجلۆ، لێۆناردۆ و ڤاساریدا ببینرێت. تابلۆی بەناوبانگی مایکل ئەنجلۆ لە نوێژخانەی سیستین، لەڕاستیدا تەفسیرێکی تازە و بەهێز بوو بۆ داهێنانی مرۆڤ.
بە بینینی ئەم تابلۆیە دەکرێت بیری قسەکەی ئاندرێ مالرۆمان بکەوێتەوە لە کتێبی (موزەخانەی خەیاڵی)دا کە دەڵێت: (بۆ وێنەکێشی مۆدرێن تەنیا بەهایەکی باڵا کە بوونی هەبێت، خودی وێنەکێشانە). مەبەستی مالڕۆ ئەوەیە هونەرمەندی مۆدێرن، تاکایەتی خۆی بەشێوەیەک لە مێژوودا تۆمار دەکات. ڕەنگە هەر لەبەرئەمە بێت بتوانرێت بگوترێت لەگەڵ ڕێنسانسدا (مێژووی خودایی مرۆڤ) جێگەی خۆی دەدات بە (مێژووی سروشتی مرۆڤ). لێرەدا چەمکی (سروشت) چیدی بەمانای فوسیوسی ئەرستۆیی نیە، بەڵکو سروشتی ماتماتیکراوی گالیلۆ و جیهانی بێ سنوور و ناکۆتای جۆردانۆ برۆنۆیە. لێرەوە ڕێنسانس بۆ دۆزینەوەی سەرلەنوێی جیهان و مرۆڤ، هەڵسەنگاندنێکی تازە بۆ مانای سروشت و مرۆڤ بەدەستەوە دەدات. ئەم پێناسەیە تازەیە بۆ مرۆڤ لە چوارچێوەی فەلسەفەیەکی تازەدا بۆ تاکایەتی فورمەلە دەبێت کە ڕەهەندی فەلسەفی، ئابووری و سیاسی هەیە. لێرەوە مرۆڤی مۆدێرن بە دیدی مێژوویانەی ڤیکۆ و پاشتر بە فەلسەفەی مێژوویی هیگڵ تاکایەتی خۆی لە مێژوودا دادەنێت، و بە پێناسکردنی تاک وەک سۆبژێکتێکی سەربەخۆ و بکەری بناس، تاکایەتی ئەنتۆلۆجی خۆی وەک سەروەر و خاوەنی سروشت پتەو دەکات. لە چوارچێوەیە ئەم بونیادە ئەنتۆلۆجیەدا، شاری مۆدێرن لەسەر بنەمای سێ چەمکی فەرمانڕەوای عەلمانی، ئابووری بازرگانی و عەقڵئامێریدا درووست دەبێت.
مەسەلەی سەرەکی مۆدێرنەکان بیرکردنەوەیە لە سیاسەت لە دەرەوەی چوارچێوەی خودایی و گەیشتن بە بنەمای خودبونیادی سیاسەت. هەر بەم ئاراستەیە مەکیاڤیلی باسی سەربەخۆیی سیاسەت دەکات، و مارسیلیوس پادووا دەوڵەتشار بە (فەزایەکی دنیایی) وەسفدەکات، کە ڕاستەوخۆ لە جەمسەری دژ بە دوالیزمی ئەگۆستینی (شاری خودا) و (شاری مرۆڤ)دایە. لێرەوە بۆ مۆدێرنەکانی وەک ماکیاڤیلی، هۆبز، بۆدۆن و ڕۆسۆ حوکمرانی سیاسی شتێکی گشتیە کە پەیوەندی بە جیهانی باڵاوە نیە، بەڵکو خودبونیادە. بە دەربڕینێکی تر لە دیدی بیریارانی سیاسی مۆدێرنەوە سیاسەت شتێکە دەبێت دابهێنرێت و ئەم داهێنانەش بەدەستی مرۆڤ ئەنجام دەدەرێت. لەوڕوەوە کە لەدیدی تازەگەرەکاندا ماوەیەک لە نێوان ڕەهەندی واقعی کۆمەڵگا و ڕەهەندی ئایدیالیدا نیە، ئەوا ووتەزایەک بەمانای (شاری ئایدیالی) بەمانا ئەفڵاتۆنی یا ئەگوستینەیەکەی ووشە بوونی نیە. لەڕاستیدا فەزای مۆدێرن فەزایەکە کە نە گەردون سەننتەریزم و نە خودا سەنتەریزمە، بەڵکو عەقڵ سەنتەریزمە، واتە بەهۆی تاکایەتی عەقڵانی سۆبژێکتەوە داڕێژراوە. ئەم تاکایەتیە عەقڵانیکراوە کە ئێمە دەرکەوتەکانی لە فەزاکانی شاردا دەبینین، دەرئەنجامی سێ دیدی گرنگە بۆ جیهان و مرۆڤ: دیدی سەرمایەداری بۆ جیهان، دیدی ستاتیکی بۆ جیهان و دیدی فەلسەفی بۆ جیهان. وەک بینیمان بۆ ئەسینیەکان پۆلیس تەنیا نیشەتجێیەکی شاری سەرەتایی نەبوو، بەڵکو دەرکەوتەی هارمۆنیەکی گەردوونی بوو. هەر لەبەرئەوە بۆ مرۆڤی گوناهباری سەدەکانی ناوەڕاست (شاری مرۆڤەکان) ئامانجی ژیانی مرۆڤی دیاری نەدەکرد، بەپێچەوانە ئامانج لای ئەو گەیشتن بوو بە (شاری خودایی). بۆ تازەگەرەکان شارە مۆدێرنەکان لە سەردەمی ڕێنسانس بەدواوە دەربڕی هەستی جوانناسی و ڕەنگدانەوەی زیهنیەتێکی فەلسەفیە کە تاکەکەس وەک سۆبژێکتێکی سەربەخۆ پێشکەش دەکات. لێرەوە کاتێک ئێمە باسی تاکی مۆدێرن دەکەین، مەبەست تاکەکەسێکە تاکایەتی خۆی لە قاڵبی یاسایەکدا دەدۆزێتەوە کە خۆی سەرچاوەیەتی. ئەم تاکە ماهیەتی خۆی لە چوارچێوەی داهێنانەکانی هونەری مۆدێرن و پەیمانە کۆمەڵایەتیەکانی وەسفدەکات. ئەگەر بمانەوێت ئەم تاکایەتیە بەشێوەیەکی فەلسەفی مانا بکەین، دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ هیگڵ. هیگڵ لە چەند وانەیەک لەبارەی فەلسەفەی مێژووە دەنووسێت: (لای ئەسینیەکان زەرورەتی بێ کۆتایی و بێ سنوری زیهنیەت و سەربەخۆی زیهن لەخۆیدا، نەناسراو بوو). هایدگەریش لە کتێبی دووهەمی نیتچەدا ئاماژەی بۆ ئەم مەسەلەیە کردووە کە (ئازادی مۆدێرن، دەرکەوتەی بوونە، وەک زیهنیەت). بە گووتەی هایدگەر مرۆڤی مۆدێرن بۆ دەسەڵاتگرتن بەسەر گۆی زەویدا، سوود لەسەرجەم توانا زیهنیەکانی خۆی وەردەگرێت. لێرەوە ئەوەی هایدگەر ناوی دەنێت (میتافیزکیای زیهنیەت) و بونیادشکێنی دەکات، ڕەوتی فۆرمەلەبوونی تاکەکەسی مۆدێرنە وەک سۆبژێکتێک. ڕەنگە هەرلەم ڕوەوە بێت قسەکردن لە مۆدێرنە بێ سەرنجدان لە فەلسەفەی سۆبژێکت و شکڵوەرگرتنی فەلسەفی و سیاسی تاکایەتی، شتێکی نامومکین بێت.
مرۆڤ لە دیدی شارستانێتی مۆدێرنەوە، بەرلەهەموو شتێک تاکەکەسە. ئەم دیدە تازەیە بۆ تاکەکەس وەک سۆبژێكتێكی سەربەخۆ، ئەو دیدەیە کە فەزاکانی شاری مۆدێرن دیار و پێناس دەکات، چونکە لەڕاستیدا فەزای مۆدێرن بۆ سۆبژێکتی مۆدێرن دروستکراوە، و بەردەوامی سۆبژێکتی مۆدێرنیش خۆی بەرهەمی ژیانە لەناو فەزاکانی شاری مۆدێرندا. کەوابوو مۆدێرنە هیچ نیە جگە لە ئەزموونکردنی (مۆدێرن بوون)، واتە (لە حاڵەتی ژیانکردن) و (باسی هەنوکەیی بوونی مرۆڤ بوون). مرۆڤی مۆدێرن تاکەکەسێکە مۆدێرنە وەک میکانیزمێکی زمەنی دەبینێت کە ڕەنگدانەوەی (هەنوکەیی) فەلسەفی و سیاسی خۆیەتی. کاتێک ئارتۆر ڕامبۆ دەڵێت: (دەبێت بەشێوەکی ڕەها مۆدێرن بین)، مەبەستی جەختکردنە لە ئیستایی بوونی شیعرەکانی کە مۆدێرنە لە چوارچێوەی زمانی خۆیدا پەروەردە دەکات، واتە هەمان شت کە ئاراگۆنی شاعیری فەڕەنسی سەدەی بیست ناوی دەنێت (خاڵی نۆرالژیکی) هوشیاری سەردەمێک. هوشیاری تاکی مۆدێرن بۆ تاکێتی دیاردەناسی خۆی (خاڵی نورالژیکی) سەردەمی مۆدێرنە. بێگومان گرنگترین مەسەلە کە بۆ فەلسەفەی مۆدێرن هاتۆتە پێشێ ئەوەیە چۆن بەها زیهنیەکان لە پەیوەندیدا بە بەها تاکەکەسیەکانەوە دادەنرێن . ئەگەر قەبوڵی بکەین مۆدێرنە بەپەیدابوونی سۆبژێکتی فەلسەفی شکڵ وەردەگرێت، دەتوانین قەبوڵی بکەین لەسەردەمی مۆدێرنەدا هەقیقەت و مانا (لە مرۆڤدا) و (بۆ مرۆڤ) شکڵ وەردەگرێت. تاکایەتی مۆدێرن بەو ئایدیا دیکارتیە دەست پێدەکات کە مرۆڤ سەروەر و خاوەنی سروشتە، و لەبری ملکەچی بۆ یاساکانی سروشت، دەتوانێت یاساکانی خۆی بەسەر سروشتدا جێگیر بکات. لایبنیتز ئەم تاکایەتیە مۆدێرنە لە چوارچێوەی مۆنادناسی خۆیدا فۆرمەلە دەکات. لە چوارچێوەی زیهنیەتی لایبنیتزیدا مرۆڤ خۆی وەک بناغە و بنەمای کردار و سەرلەنوێ خۆنمایشکردنەکانی خۆی دەهێنێتە پێشێ. بە دەربڕینێکی تر ئەو جەخت لەسەر دەسەڵاتی سەربەخۆی بوونی خۆی و خود بونیانی تاکەکسی خۆی دەکات. مۆنادی لاینتیتزی واقعیەتێکە کە خۆی سەرجەمێتی هەقیقەتی خۆی بەرهەمدێنێت. هەر بۆ ئەم مەبەستە دەکرێت بگوترێت مۆنادناسی لایبنیتزی بۆ یەکەمجار ئازادی سبۆژێکت، وەک سەربەخۆی تاکەکەس دەهێنێتە پێشێ، و نرخ و بەها بۆ خود بژێوی (الاكتفاء الذاتي/ خودکفایی) مۆنادەکان دادەنێت. بە دەربڕینێکی تر لایبنیتز ئەو سۆبژێکتەی دیکارت بە سۆبژێکتی خۆبونیادنەر و سەربەخۆ دەیناسێنێت، دەگۆڕێت بۆ تاکایەتیەکی مۆنادناسی. بەمشێوەیە لەگەڵ فەلسەفەی لایبنیتزدا بەهاکانی زیهنگەری دەگۆڕین بۆ بەهای تاکگەریانە. هێگڵیش بە بەمێژوویکردنی مۆنادناسی لایبنیتزی پەیوەندیەک لەنێوان بەهای (تاکایەتی) و بەهای (عەقڵی مێژوویی) دا درووست دەکات، واتە لەسەرو سۆبژێکتەوە، تاکەکەس وەک بکەر و بابەتی مێژوو لەگەڵ عەقڵدا ئاشت دەکاتەوە. لێرەوە لەگەڵ هیگڵدا لۆژیکی تاکایەتی، دەبێتە هاوشان و هاوسەنگ و لێکتێگەیشتنی فەلسەفی لەگەڵ ڕەوتی بەهادانانی مۆدێرن بۆ عەقڵ. بەمشێوەیە خودی تاکەکەس دەبێت بە بکەری عەقڵانی مێژوو، و بە ووتەی لۆی دۆمۆنی مرۆڤناسی فەڕەنسی، بە ڕەخنەی بونیادی هەمەکی بینی سەردەمی پێشمۆدێرن (کە لەچوارچێوەی پێوەرە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکاندا دەردەکەوێت)، عەقڵی مۆدێرن جەخت لە مافە تاکەکەسیەکان و پێداویستیە تازەکانی مرۆڤی مۆدێرن دەکاتەوە. مرۆڤی دیموکراتی بە پشتبەستن بە بەها دیموکراتیەکانی خۆی، ڕەوتی (تاکایەتی بوونی سۆبژێکت)، لە ئەزموونە مێژوویەکانی سەدەی ١٨ و ١٩ی ئەوروپا و ئەمەریکادا لە چوارچێوەی تیورەی تاکگەری دیموکراتیانەدا پێشکەش دەکات. دوو سیمای گرنگی لیبڕاڵیزمی فەڕەنسی سەدەی نۆزدە کە ئەم هەستی باڵابوونی تاکایەتی و هەستی دابڕانەیان لەگەڵ ڕابردوودا پێشکەش دەکرد، تۆکڤیل و کۆنستانت بوون. لە دیدی تۆکڤیلەوە لەکتێبی دیموکراسی لە ئەمریکادا گرنگترین دەستکەوتی سیاسی مۆدێرنە (یەکسانی هەلە) لەنێوان مرۆڤەکاندا، کە دەرئەنجامی داڕمانی سیستەمی کۆمەڵایەتی کۆنە. ئەم (یەکسانی هەلە) کە بەمانای گواستنەوەیە بۆ کۆمەڵگایەکی دینامیکی تر، مارکسیش لە مانیفیستی حیزبی کۆمنیستدا لێی ووردبۆوە و وەک (جوڵە و بزاوتێکی هەمیشەیی سەرجەم سیستەمی کۆمەڵایەتی) باسی دەکات، کە (دەبێتە هۆی ئیمتازی بۆرژوازی بەسەر سەرجەم قۆناعەکانی پێشوودا). بەڵام لای تۆکڤیل لە دیموکراسیە مۆدێرنەکاندابووە بە بنەمای ڕەندی(فەزیڵەت)ە و سەرقاڵی سەرەکی تاکەکان گەڕانە بەدوای ئاسایش و خۆشگوزەرانیدا. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی تاک لە کۆمەڵگادا خۆی لە ئاپۆڕەی هاوڕەگەزەکانی خۆی جیا بکاتەوە و کاتی خۆی لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانیدا بەسەر بەرێت. تۆکڤیل ئەم دۆخە ناو دەنێت (تاکگەری دیموکراتیانە) کە جیاوازە لەگەڵ (خۆپەرستی) یان (خۆشەویستی زیاد لە سنوور بۆ خود). لە دیدی تۆکڤیلەوە تاکگەری ئاراستەیەکە دروستکراوی کۆمەڵگای دیموکراتی مۆدێرنە. لە دیدی تۆکڤیلەوە تاکگەری دەرئەنجامی یەکسانی مەدەنیە کە مافەکانی تاک بەرهەم دێێنێت، و دەبێتە هۆی دروستکردنی ئامانجی ڕکەبارئامێز. لەبەرئەوە تاکگەری لەبەرامبەر کۆمەڵگەری و ناوەندگەریدا دەوەستێت. هەر لەبەرئەمە لە دیدی تۆکڤیلەوە کۆمەڵگای مۆدێرن بەپێچەوانەی کۆمەڵگای کۆنەوە، کۆمەڵگایەکە کە کۆمەڵگەر و ناوەندگەر نیە، واتە تاکی مۆدێرن تاکایەتی خۆی لە چوارچێوەی مافە تاکەکەسیەکاندا دەبینێت، کە لەپەیمانە کۆمەڵایەتیە مۆدێرنەکاندا باسکراوە. ڕێک ئەمە ئەو مەسەلەیەیە کە بیری سیاسی کۆنستانتی بەخۆیەوە خەریک کردبوو. کۆنستانت ئازادی سەردەمی دێرین وەک بەشداری چالاک و بەردەوام لە کردارەکانی دەسەڵاتی گشتیدا دەبینێت. بەڵام لە دیدی ئەوەوە ئازادی مۆدێرن بەهرەمەندبوونی ئاشتیخوازانەیە لە سەربەخۆی تاکەکەسی و تایبەتی. بۆ مۆدێرنەکان هەموو ئیمتیاز و بەهرەمەندیەکان لە ژیانی تایبەتیدا شاراوەیە، نەک لە ژیانی گشتیدا. کۆنستانت بڕوای وایە چەمکی جیابونەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگای مەدەنی بە مەبەستی بەرگریە لە مافی تاکەکەسی، لە کاتێکدا لە کۆمەڵگا کۆنەکاندا تاکەکس بەتەواوی دەبێتە قوربانی و فیدای لۆژیکی گشتی. ئەو بەهایانەی تۆکڤیل و کۆنستانت دەیهێننە پێشێ، لە چوارچێوەی پرۆژەیەکدا جێی دەبێتەوە کە ماکس فیبەر وەک دوو پرۆژەی (عەقڵانی بوون) و (ئەفسانە داماڵین)ی جیهان باسی دەکات، بەڵام ئەم ڕەوتی عەقڵانیبوون و ئەفسانە داماڵینە لە ناو فەزاکانی شاری مۆدێرندا چۆن فۆرمەلە دەبێت؟. بێگومان یەکێک لە دەرئەنجامەکانی عەقڵانیبوونی دنیا و خۆبونیادی سۆبژێکتی سەربەخۆ لە چوارچێوەی تاکایەتی مۆدێرندا، باڵاگرتنی سەرمایەداری و تەکنەلۆژیای مۆدێرنە، کە دەبێتە هۆی گەورەرتر بوون و قەرەباڵغتر بوونی شارەکان. یەکێک لە پێشهاتە سیاسیەکانی گەورەتربوونی شارەکان لەسەردەمی مۆدێرندا، ئەستەمی دیموکراسی ڕاستەوخۆ و بێ ناوەندگیریە. واتە هەمان دیموکراسی ئەسینای سەدەی پێنچەمی پێش زایینی مەسیح. لەم دۆخەدا تازەیەدا دەوڵەتی مۆدێرن و کۆمەڵگای مەدەنی دەوری سەرەکی دەبینن، و بە قسەی هیگڵ چین یان گروپی کۆمەڵایەتی کە سەرجەمێتی مۆدێرنە درووست دەکات، بیرۆکراتەکانن. گرنگی پەیداکردنی بیرۆکراسیەکان لە دنیای مۆدێرندا لە سەردەمی دیموکراسیەکانی فلۆرانس و ڤینیزیاوە دەست پێدەکات، یەکەم مۆدێلی تەلاری بیرۆکراسی مۆدێرن تەلاری ئۆفیزیە uffizi ، کە ڤارسای نەخشەداڕێژەری بووە. بە دەستپێکردنی سەدەی شانزەی زاینی شارەکانی ئەوروپا بورج و قەڵاکانی خۆیان لەدەست دەدەن و دەبن بە شاری بێ بەرگری. چونکە دەوڵەتی مۆدێرن بەزیادبوونی سەرژمێری بەدوای تەلارسازی شاری تازەدا دەگەڕێت. زۆرێک لە شارسازانی قۆناعی یەکەمی مۆدێرنە وەک پالادێۆ و قۆناعی دووهەمی مۆدێرنە وەک ڤسمان بیر لەوە دەکەنەوە شەقامی پان و درێژ درووست بکەن. پالادێۆ ئەم شەقامە درێژ و پانانە ناو دەنێت (ڕێگەکانی سەربازی) کە لەدیدی ئەوەوە نموونەی سەقامگیری ڕێگەکانی شارە. ناپلێۆنی دوهەم لە پاریسدا و بۆ ڕێگری لە شۆڕشە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان دەستی بە تێکدانی هەندێک لە کۆڵانەکانی پاریس و دروستکردنی شەقامی پان و درێژ کرد. بارۆن هۆسمان بە ڕاکێشانی شەقامی وەک شەقامی سن میشڵ، فەزای سەدەکانی ناوەڕاستی شاری پاریسی گۆڕی. هۆی ئەم گۆڕانانە تەنیا بەرگری لە حوکمڕانی مۆدڕێن نەبوو، بەڵکو گونجانی فەزاکانی مۆدێرن بوو لەگەڵ خێرایی مۆدێرنیشدا. زۆرێک لە ناوچە نیشتەجێکانی لە ئەوروپای سەدەی نۆزدەدا، لەبەر گرنگی پەیداکردنی لۆژیکی بیرۆکراتیک و هاتوچۆی بازرگانی، دەگۆڕێن بۆ شەقامی پان و درێژ. بۆ نموونە گەڕەکی ئەرستۆکرات نشینی Hampstead Garden گۆڕا بۆ شوێنێکی بازرگانی. بەمشێوەیە لۆژیکی تاکی مۆدێرن (کە تۆڤیل باسی دەکات) زاڵ دەبێت بەسەر لۆژیکی پۆلێنکراوی ئەرستۆکراتیەت. تەنانەت کەسانی وەک ئالنجەر هاڤارد کە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا درووستکردنی ئەڵتەرناتیڤی شاری وەک شارە باخاویەکان garden cities درێژە پێدەدەن، دیسان جۆرێک چەمکی تاکەکەسی مۆدێرن لەپەیوەندیدا بە سەرمایەی تایبەتی و بەرژەوەندی تایبەتیەوە دەهێننە پێشێ. بەمشێوەیە بونیادەکانی کلتووری مۆدێرن لەبواری ئابووریدا (بەجەختکردن لە پیشەسازی و تەکنەلۆژیا) لە بواری سیاسەتدا (بە گواستنەوە بۆ دیموکراسیە نێوەندگیرەکان) و لە بواری کلتووردا (بە جەختکردن لەسەر تاکگەری یاسایی) بوونە هۆی شکڵوەرگرتنی شاری و سیاسی چینی ناوەڕاست لە ئەوروپادا. بە ووتەی تۆکڤیل تاکەکان هوشیاربوون بەوەی کە بەرژەوەندە شەخسیەکانی تاکەکەسێک، بەناچار پێویستی بە لەناوبردنی بەرژوەندەیەکانی تاکەکەسێکی دی نیە. هەر لەبەرئەمە (یەکسانی مەرجەکان) هاوکات بووە هۆی درووستبوونی ڕکەباری و هاوکاری. لێرەدا دەکرێت سێ پرسیار بهێنرێتە پێشێ: یەکەم ئەوەی دۆخی سۆبژێکتی بەتاکەکەس بوو لە فەزای شاری مۆدێرندا چۆنە؟ دووهەم ئەوەی پێگە شاریەکان و فەزاکانی مۆدێرن چ ئیمکاناتێک بۆ گەشەکردنی ئەم تاکایەتیە دەستەبەر دەکەن؟ سێهەم ئەوەی ئەم گەشەکردنە لە چ چوارچێوەیەکی فکری و کۆمەڵایەتیدا دەردەکەوێت؟. لەڕاستیدا دەکرێت وەڵامی ئەم پرسیارە لە چەمکی (ئەزموونکردن)ی تاکی مۆدێرندا لەبەرچاو بگرین. لە مۆدێرنەدا دەکرێت ئاماژە بۆ دوو جۆر ئەزموون بکرێت. لەلایەکەوە ئەزموونێک کە ئەڵمانیەکان بە ووشەی sets دەیناسن، و بە مانای ئەزموونی زیندوو لە واقعیەتە (گزیستانسیل وەک ئەزموونی دەزاینی هادیگەری). لەلایەکی دیەوە دەکرێت باسی ئەزموونێک بکرێت کە بە ووشەی ئەڵمانی etatrong دەناسرێت و ئەزمونێکی فێرکاریە (وەک ئەزموونی هوشیاری بۆ ناسینی خود لە مێژووودا کە هیگڵ لە دیاردەناسی زیهندا باسی دەکات). لەڕاستیدا ئەزموونی تاکی مۆدێرن لە شاری مۆذێرن هەم دیاردەناسیانەیە و هەم ئەزموونێکی ئەگزستانسیالانەیە. ڤاڵتەر بنیامین باسی ئەم ئەزموونە وەک (ئیدراکی فەزایی) دەکات، نەک (دێدێکی بێهوودە بەرامبەر شتەکانی جیهان). لەم ڕوانگەیەوە بنیامین بەدوای کاریگەری بابەتیانەی بونیادەکانی شاری مۆدێرنەوەیە لەسەر بوونی تاکایەتی تەماشاکەر. بەمانایەکی دی لە دیدی بنیامینەوە پەیوەندیەک کە لەنێوان تاکایەتی مۆدێرن و فەزای شاری مۆدێرندا درووست دەبێت، لە چوارچێوەی کرداری پیاسەکردن یان تەماشاکردندا درووست دەبێت. فارنس هسل ئەم کرداری پیاسەکردنە بە جۆرێک (خوێندنەوەی شەقام) ناو دەنێت، کە سیما مرۆییەکان، مەعرەزی دوکانەکان، پانتایی کافێکان، شەمەندەفەراکانی ناو شار، ئوتومبیل و درەختەکان دەبن بە پیتی ئەلفوبێ، کە لەپاڵ ڕستە و پەڕەکاندا کتێبێکی تازە دەنووسێ. لەدیدی بنیامینەوە پیاسەکردن سیمای کلتووری مۆدێرنەی سەدەی نۆزدەی ئەورپایە. پیاسەکەر کەسایەتیەکە لە کۆمەڵدا بەرەڵا کراوە و هەرلەبەرئەمە تەسلیم بە دیاردەیەک دەبێت کە بنیامین ناوی دەنێت (ژەهراویبوونی کاڵایی). بە دەربڕینێکی تر پیاسەکەر بە تاکایەتی مۆدێرنی خۆی، دەکەوێتە ناو فەزا بازرگانیەکانی مۆدێرنەوە، و پەنا بۆ ئاپۆرەی خەڵک دەبات، چونکە دەتوانێت لە پشتی ئاپۆرەی خەڵکەوە، شوناسی خۆی بشارێتەوە، سەیری وێنەکانی و چونیەکی شار بکات. بەمشێوەیە (ئەزموونی تاکەکەسی) پیاسەکردن دەگۆڕێت بۆ (ئەزموونی بابەتی مێژوویی). ئەم (تامەزرۆییە بۆ بینین) پیاسەکەر دەگۆڕێت بۆ لێکۆڵیار و شاریش دەبێت بە مەتەڵێک (مەتەڵێک کە تاکی مۆدێرن هەوڵدەدات بە پیاسەکردن هەڵیبێنێت). لێرەوە شارە مۆدێرنەکان دەبن بە مەتەڵ و بونیادگەلێکی نهێنیئامێز کە دەکرێت دەرکەوتەکانی لە ڕۆمانە مۆدێرنەکانی وەک ڕۆمانەکانی ڤیکتۆر هۆگۆ، بالزاک، دیکنز و ئۆژن سودا ببینین. ناونیشانی کتێبەکەی ئۆژن سۆ (خراپەکارانی پاریس)ە و دیکنزیش لەلای خۆیەوە لە کتێبی Bleak Houseدا باسی تەمی لەندەن و ڕەهەندە نهێنیئامێزەکانی دەکات. ئەوەمان لەبیر نەچێت شۆرلۆک هۆڵمز ئەفسەرێکی پیاسەکەری لەندەنە لەسەردەمی ڤیکتۆریادا. جیاوازی هۆلمز لەگەڵ پۆلیسێکی ئاسایی لەوەدایە کە هۆڵمز بە دۆزینەوەی تاوان، بەدوای دۆزینەوەی تاکایەتی خۆیەوەیەتی، تاکایەتیەک کە هۆڵمز لەرێگەی کەمانچە لێدان و بەکارهێنانی کۆکاینەوە دەریدەخات. زیمیل کۆمەڵناسی ئەڵمانی بڕوای وایە یەکێک لە خەسڵەتەکانی تاکگەری مۆدێرن، هوشیاربوونی تاکەکەسە بە تایبەتمەندی خۆی. لێرەدا دەکرێت ئەو قسەیەی بۆدلێر بەبیر بهێنینەوە کە دەڵێت: (هونەرمەندی ڕاستەقینە کەسێکە کە بەپێی ئەو شتەی دەیبینێت و هەستی پێدەکات، هونەرەکەی خۆی دەخوڵقێنێت. هونەرمەند دەبێت بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیرەوەی لە خەسڵەت و سروشتی خۆی بکات). ئۆسکار وایڵدیش هەر لەم ئاراستەیەدا لەبارەی چالاکی هونەریەوە دەڵێت: (بۆ هونەرمەند وەرگر گرنگ نیە، چونکە وەرگر بۆ ئەو بونێکی دەرەکی نیە). وەک دەبینین بۆدلێر و وایڵد هەردوکیان بەدەوری داهێنانی هونەریدا دەسوڕێنەوە، بە دوای دۆزینەوەی مەتەڵی ژیانن. لێرەوە پەیوەندیەکی تەنگاوتەنگ لەنێوان خەسڵەتی نهێنیئامێزی تاکەکسی مۆدێرن و مەتەڵی ژیاندا هەیە، کە لە پرۆسەی پیاسەکردندا لە مترۆپولدا دەردەکەوێت. دەکرێت باشترین پەیوەندی نێوان پیاسەکردن و دەرکەوتنی تاکایەتی مۆدێرن لە بەشێکی کتێبی پێنجەمی (گەڕان بەدوای سەردەمی بەسەرچو)ی مارسل پرۆستدا ببینرێت. لەم بەشەی کتێبەکەدا گێڕەرەوە لەگەڵ ئالبرتیندا دەچن بۆ تەماشای کەنیسە، و گێڕەڕەوە (کە وەک دەگوترێت خودی پرۆستە) دەڵێت بینینی کەنیسە و وێنەکانی بە ئامادەبوونی ئالبرتین چێژبەخش نیە، چونکە ئەو کاتێک چێژ لە تەماشای شتەکان وەردەگرێت، کە لەگەڵیاندا تەنیا بێت. بە دەربڕینێکی تر گێڕەڕەوە لێرەدا سەرنج لە پیاسەکردن وەک شتێکی تەواو تاکەکەسیانە دەدات. دەکرێت نموونەیەکی تری ئەم دیاردەی پیاسەکردنە لە فلیمی ژیانی شیرینی فلونیدا ببینرێت، کە تیایدا مارچلۆ ماسترۆیانی وەک ڕۆژنامەنووسێک بەدوای هەواڵی وروژێنەرەوەیە، لەگەڵ ئانیتا ئەگیرگدا پیاسە بە شاری رۆمادا دەکات. سەیر ئەوەیە تاکایەتی مارچلۆ ماسترۆیانی لە لابەلای ئەم پیاسەکردنانە و ئەزموونەکانی شارەوە گەشە دەکات. هەریەک لەم دیمەن و فەزایانە، سەیرکەرانی فیلمەکە لەبەرامبەر یەک happening دادەنێت (بۆ نموونە دیمەنی کەوتنە سەر وشکایی ماسیەکی گەورە) کە پرۆسەی پیاسەکردن لە مانا ئەنتۆلۆجیەکانی بەتاڵ دەکاتەوە.
لێرەدا دەکرێت ئەو ڕستەیەی فینگشتاین لە بەشی یەکەمی کتێبی (لێکۆڵینەوە فەلسەفەیکان) بە بیر بهێنینەوە کە دەڵێت: (هەندێک لە شوێنەکانی شار هاوشێوەی ئاسۆ زمانیەکانن). لە دیدی فینگشتاینەوە دەوری فەلسەفە ڕێکخستنی شاری مۆدێرنە. ئەم ڕێکخستنە لە دیدی فینگشتاینەوە، ڕێکخستنێکی ماناییە. لەڕاستیدا مانای شار پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بە شێوەی سوودوەرگرتن لە شارەوە هەیە. بەدەربڕینێکی تر ئەوە ئەزموونی تاکی مۆدێرنە لە فەزای شار، کە مانا بە شار دەدات. بە ووتەی زیمیل: (جیاوازی نێوان پردێک و دەرگایەک ئەوەیە کە پردەکە لەهەردوو لاوە یەک مانای چونیەکی هەیە، بەڵام چوونە دەرەوە و هاتنە ناوەوە لە دەرگاوە خاوەنی دوو مانای جیاوازە). کەوابوو بۆ ئەندزایاری مەدەنی مۆدێرن، مەسەلەی (ئامانج) چەمکێکی کلیلیە (واتە ئەو شتەی ئۆتۆ ڤاگنەر بە ئەڵمانی ناوی دەنێت Zweck . لەدیدی ئۆتۆ ڤاگنەرەوە گەڕان بەدوای ئامانجدا، واتە پەیڕەویکردن لە زەمەنی خود و هاوچەرخبوون. بە قسەی ڤاگنەر: (تەلارساز دەبێت ئاوێنەی زمەنی خۆی بێت). کەوابوو تەلارسازی مۆدێرن، دەرکەوتەی ژیانی مۆدێرنە، واتە ئەزمونێکی تاکایەتی تاکەکەسی مۆدێرن لە میترۆپۆلدا. ڤاگنەر لە تەلارسازیدا بە دوای مانادا دەگەڕێت، و هەرلەبەرئەمەش دژی تەلارسازی مێژووگەرە. ئەگەر قەبوڵی بکەین فینگشتاین بەدوای لۆژێکی گرامەرێکی تازەوەیە بۆ زمان، بەهەمانشێوە ئۆتۆ ڤاگنەر بەدوای گرامەرێکی مۆدێرنەوەیە بۆ تەلارسازی. ئەو ئەزموونەی فینگشتاین باسی دەکات، ئەزموونی ڕۆژانەی تاکی مۆدێرنە بۆ زمان. بەهەمان شێوە ئەزمونێک کە ئۆتۆ ڤاگنەر باسی دەکات، ئەزموونی ڕۆژانەیی تاکایەتی مۆدێرنە بۆ فەزای شار. مەبەستی ڤاگنەر فەزایەکە کە بە هێزی خەیاڵی پیاسەکردنی مۆدێرن دەدۆزرێتەوە و ڕێکدەخرێت، و ئەوو دی وەک بینایەکی بێلایەن لەبەرچاو دەگیرێت. بەهەمانشێوە کاتێک هانری لۆڤەر کۆمەڵناسی فەڕەنسی دەڵێت: (مۆدێرنە ئاستی ڕۆژانەی داپۆشیووە)، مەبەستی ڕێک ئەوەیە کە بەتێگەیشتنی فەلسەفی مۆدێرنە دەتوانین (ڕۆژانەیەکانمان) ئاشکرا بکەین. کەوابوو دەکرێت بگوترێت فەزای مۆدێرن دەربڕی ڕۆژانەیی تاکەکەسی مۆدێرنە. لە ڕاستیدا تەلارسازی مۆدێرن دەربڕی ئەزموونی ڕۆژانەی تاکەکسی مۆدێرنە. بەدەربڕینێکی دی تەلارسازی خۆی جۆرێک دیاردەناسیە کە دیاردەیی ڕۆژانەیی ئاشکرا دەکات. بە وتەی لۆیی کان (گواستنەوەیە لە بێدەنگیەوە بەرەو ڕوناکی). لە دوا قسەدا تەلارسازی مۆدێرن، دیاردەناسی تاکایەتی مۆدێرنە لە قاڵبی فەزای مۆدێرندا، و قەیران و ئالانگاریەکانی فەزای مۆدێرن. هیچ نین جگە لە قەیرانەکان و ئالانگاریەکانی تاکایەتی مۆدێرن.

سەرچاوە:
رامین جهانبگلو: بین گذشتە و ایندە. تهران: نشر نی، ١٤٨٤

ناردن: