سینەما و مۆدێرنە

ڕامین جیهانبەگلو
و. ڕێبین هەردی

پرسیار لەبارەی مۆدێرنەوە، پرسیارە لەبارەی وێنای مۆدێرنەوە بۆ خۆی و بۆ جیهان. ئەم پرسیارە لە پەیوەندی نێوان سینەما و مۆدێرنەدا کورت دەبێتەوە. سینەما وێنەیەکە بۆ واقعیەتی جیهان کە لە واقعیەتی وێنەدا فورمەلە دەبێت. پییر پاۆلۆ پازۆلینی لە ووتارێکدا بەناوی (لەبارەی سینەماوە) لە ساڵی ١٩٦٦دا دەنوسێت: (سینەما لەڕێگەی دوبارە بەرهەمهێنانەوەی واقعەوە، ساتەوەختی نوسینی واقعیەتە). مەبەستی پازۆلینی لە (بەرهەمهێناوەی واقعیەت) نووسینی واقعە بە زمانی وێنەگرتن، کە بەبڕوای ئەو لەڕووی گرنگیەوە قابیلی بەراووردکردنە بە پەیدابوونی (ڕێنووس) لە جیهاندا. بەڵام پەیدا بوونی سینەما بەپێچەوانەی پەیدابوونی ڕێنووسەوە، لە جیهانێکدا ڕوویدا کە ئەفسانەی داماڵاندووە و بە زانست و تەکنەلۆژیا شکڵی وەرگرتووە.
مۆدێرنە هەلومەرجی پەیدابوونی سینەمای ئامادەکرد، سینەماش بە دەوری خۆی تاکایەتی مۆدێرنی کردە بابەتی هونەری خۆی. هەرچەند برایانی لۆمیر سینەماتۆگراگیان بە (داهێناێکی بێ ئایندە) دەزانی، بەڵام سینەما بوو بە هونەرێک کە تیایداخودی ئاسۆی ئایندە، شێوەیەکی ژیانی مرۆڤی مۆدێرنە. سینەما بە دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان واقعیەت و خەیاڵ، ئایندەی مرۆڤی مۆدێرنی لە دنیایەکی ئەفسوناوویدا دەردەبڕێت. سەیر لەوەدایە ئەفسانە داماڵین لە مۆدێرنەیەکی ئەفسانە داماڵراودا ڕوودەدات، کە سێ سەدە پێش ژۆرژ ملی یەس، گالیلۆ سروشتی بە زمانی ماتماتیک نووسیەوە، و دیکارت مرۆڤی وەک سەروەر و خاوەنی سروشت ڕاگەیاند. ملی یەس سوود لە سینەما وەک فانوسی خەیاڵ، وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی وەهم وەردەگرێت، کە لە فیلمی سەفەر بۆ هەسارەی مانگ (١٩٠٢) بەتەواوی دیارە.
داهێنانی سینەما بە کردارێکی وێنەگرتنی تازە دەستی پێکرد، کە وێنەی جوڵەی مرۆڤەکان لە پەیوەندیدا بە یەک بە شتەکانەوەی لەگەڵدایە. سینەما (بە دوبارە بەرهەمهێنانەوەی تەکنیکیانەی) واقع (بە وتەی بنیامین)، خەرمانی پیرۆزی لەناو دەبات، بەڵام وێنەیەکی ێۆتۆپیای بۆ جیهان دەخاتە جێگەی. زیگا ڤۆرتۆڤ لەفیلمی (پیاوێک بەدوربینی فیلمبەرداریەوە) دوبارە بەرهەمهێنانەوەی واقعی جیهان لەڕێگەی درووربینی سینەمایی خۆیەو، لەبەرامبەر جیهانی واقعیدا دادەنێت. ئیزنشتیانیش بە مونتاجکردنی دیالکتیکیانە، بەدوای یەکێتی نێوان واقع و بیرکردنەوەیە. لەگەڵ ئیزنشتایندا وێنەگرتنی خود دەگۆڕێت بۆ چەمکێکی فەلسەفی، و بۆ یەکەمجار لەگەڵ ئیڤانی ترسناکدا چەمکی فەلسەفی وێنە دەگیرێت.
ئەگەر ڤۆرتڤ واقعیەتی مۆدێرنە لە دیدیێکی بابەتیانە لە سینەمادا بەرهەم دێنێتەوە، ئەوا ئۆرسن وێلز بەدوای پیشاندانەوەی زهینیانەی ئەم واقعەوەیە.(هاوشاری کین) Citizen Kane بۆ یەکەمجار سینەمادا لەبەرامبەر پرۆسەی ناسینی خوددا دادەنێت. هاوشاری کین شێوەیەکی سینەماییە بۆ بیرکردنەوە لەبارەی جەوهەری سینەماوە، بە شێوەیەک تێڕامان و قوڵبوونەوەیە لەبارەی وێنەگرتنەوە. ئەو وێنەگرتنەی وێلز کاری پێدەکات، مەترسیەکە بۆ خەونی ئەمەریکی هۆلیود. وێڵز بە هێمای تایبەت بە هاوشاری کین دژە قارەمانی خۆی لە دژایەتی شێوەسازی پاڵاوانێتی هۆلیودا فۆرمەلە دەکات. بەهەمانشێوە وێڵز لە فیلمی (خانمێک لە شەنگهایەوە) وێنەیی ئەفسانەیی ئەستێرەیەکی وەک ڕیتا هایورسRita Hayworth لە ئاوێنەی واقعیەتدا پارچە پارچە دەکات.
لای ویڵز سینەما شێوازێکی بیرکردنەوەیە، وەک چۆن لای جان کاساڤیتسیسJohn Nicholas Cassavetes سینەما شێوازێکی بوونە. وێڵز و کاساڤیتیس هەردوکیان بەپێچەوانەی ئاراستەی هۆلیدەوە فلیم درووست دەکەن، دژە قارەمان دەهێنە ناو سینەمای ئەمەریکیەوە. ئەوان بەپێچەوانەی فرانک کاپرا (Frank Capra) یان جان فۆردەوە John Ford بە دوای پرۆژەی ئەمەریکای بەختەوەری و ئازادی تاکەکەسیەوە نین، وەک پێوەرێک بۆ جەماوەری ئەمەریکی. کەسایەتی کین لەگەڵ کەسایەتی سمیت لە فلیمی (کاک سمیت دەچێت بۆ واشنگتۆن)دا بەرهەمی کاپرا، یان کەسایەتی جۆن واین لە فلیمی (چ کەسێک لیبریتی ڤالانسی کوشت) دا؟ جیاوازی سەرەکی هەیە. لە دیدی وێڵز و کاساڤیتسەوە خەونی ئەمەریکی خەونێکی کامڵ نیە، و ئەو بەهایانەی کە کەسایاتیەکی پاڵەوان دژی ئاپۆرەکان بەڵام بە ئاراستەی ئایدیا بنەڕەتیەکانی ئەمەریکا باسی دەکات، بەها و پێوەری وەهمین. لەو شوێنەی وێڵز هوشیاری مێژوویی بە سوودوەرگرتن لە گوتار وێنە دەگرێت، یان بە پێچەوانەی سینەمای هۆلیودەوە لە فلیمیTouch of Evil دا تیتری فیلمەکە درێژتر لە دۆخی باو دەهێنێتە ناو سینەمای ئەمەریکیەوە، بەشێوەیەک لە شێوەکانی تەفسیری خۆی بۆ مۆدێرنە لەبەرامبەر تەفسیری خەونی ئەمەریکیدا دادەنێت. بەهەمانشێوە کاساڤیتس لە فیلمەکانی وەک (هاوسەران یان سێبەرەکان) یان لە فیلمی (نەغمە درەنگ وەختەکان)، ڕەهەندە ئەنتۆلۆجیەکانی کەسایەتی خۆی لە دەرەوەی پێوەر و ڕێسا ستاتیکیەکانی هۆلیۆد، دەخاتە ناو کادری دوربینەوە.
کاساڤیتس تەنانەت جوڵەی دووربینش بە پێی ئەم دیدە ڕێکدەخات، و زوربەی کاتەکان بۆ درووستکردنی ئەو هەستەی کە دووربینەکە بەدوای زەمەنی کەسایەتیەکانەوە دەجوڵێت (بۆ نموونە لە فلیمی هاوسەراندا)، سوود لە دووربین لەسەر شان وەردەگرێت. سینەما لێرەدا ڕەنگدانەوەی شێوەی ژیانی کەسایەتیەکانە. لە سینەمای کاساڤتیسدا ئەوە ئەکتەرەکانن زەمەنی فیلمەکە دیاری دەکەن، نەک کادرێکی جێگیر کە لەناویدا کەسایەتیەکان دەست بە هونەری نواندن دەکەن. بێگومان دابڕانی کاساڤتیس لەگەڵ پێشەسازی هۆلیودا لێرەدایە.
بە وتەی ئاندرێ بازن سینەما جیهانێک کە هاوسەنگ و یەکسانە بە ئارەزووەکانی ئێمە، دەکاتە جێگرەوەی دیدی ئێمە بۆ واقعیەت. ڕەنگە هەرلەبەرئەمەش نەتوانین بڵێن سینەما بەرهەمهێنانەوەی سەر لەنوێی میکانیکیانەی واقعیەتی جیهانە. کادری سینەما پەنجەرەیەکە بەرەو واقعیەتی جیهان کە دەتوانێت بان واقع و هەقیقەتمان پیشان بدات. ئەو کاتەی وێنەگرتن ساتەوەختێکی واقع لە زەماندا ڕادەوەستێنێت، بە ووتەی یوسف ئیسهاق وەک (مەرگێکی بێ ووشەی) لێدێت، سینەما سوود لە وێنەگرتن بەمەبەستی ئەناتۆمیکردنی کوشتنێک وەردەگرێت. ئاماژەی من لێرەدا بۆ ئاگرندیسمان ئانتۆنوینیە. سینەمای ئانتۆنیونی دوبارەکردنەوەی واقعگەری ئەنتۆلۆجیانەی وێنەگرتن نیە. ئانتۆنێۆنی وێنەگرتن بە ئاستێکی تەجیردی دەگەیەنێت کە دەگۆڕێت بۆ شتیێک کە جیل دۆلۆز ناوی دەنێت (وێنەگرتن-زەمەن). لە فلیمەکانی وەک )بیابانی سوور( و )ڕووداو(دا بونیادی سەرەکی فیلمەکە، ئەکشن یان چیرۆک درووستی ناکات، بەڵکو زەمەنی دەروونی کەسایەتیەکی وەک مۆنیکا ڤیتی شکڵ بە فیلمەکە دەدات . ڕەنگە هەر لەبەرئەمەش ئانتۆنیونی لە وتوێژێکدا لە ١٦مارسی ١٩٦١ دەڵێت: (ئەمڕۆ سینەما دەبێت زۆرتر پەیوەست بێت بە هەقیقەتەوە تا بە لۆژیکەوە، چونکە هەقیقەتی ڕۆژانەی ئێمە نە میکانیکیە، نە ڕێکەوتنە و نە درووستکراو. ڕیتمەکەی میترۆنومیکە ، چونکە جوڵەیەکە هەندێکجار خاو، هەندێکجار خێرا و هەندێکجار بێ جوڵە و هەندێکجار سەرگێژکەر). ڕەنگە هیچکەس باشتر لە ئانتۆنێۆنی لەم سەرگێژیە مۆدێرنەیە تێنەگەیشتبێت و وێنەی نەگرتبێت، لە شێوەی جێگرتنی کەسایەتیەکان لە فەزای شاردا (وەک لە فلیمی بیابانی سوور) یان لە فەزای سروشتیدا (وەک فلیمی زابریسکی پۆینت)دا دەیبینن. ئەم سەرگێژیە لە بەرکەوتنی مرۆڤی مۆدێرن بە زەمەنەوە درووست دەبێت.
لە سینەمای ئانتۆنێۆنی و تارکۆڤسکیدا ئەوە زەمەنە کە خۆی بەشێوەی بابەتی فلیم دەردەخات. لە سینەمای تارکۆڤسکیدا ئەم زەمەنە وەک زەمەنی دەروونی دەردەکەوێت، کە لەفلیمی ئەندرێ ڕۆبلۆف لە قاڵبی ئەزموونەکانی باوەڕدا دەردەکەوێت، یان لە ستاکرد ا لە قاڵبی گەڕان بە دوای ێۆتۆپیادا(u-topos) دەردەکەوێت، کە خۆی گەڕانە بە دوای سەرەتایەکی مەعنەوی (eu-topos) تازەدا.
تارکۆڤیسکی لە وتارێکدا بەناونیشانی (شکڵی سینەمایی) لە ژمارە ٢٤٨ گۆڤاری پۆزەتیڤدا دەڵێت: (زەمەن لە سینەمادا بناغە و پایەی هەموو بونیادەکانە، وەک دەنگ لە موسیقا و ڕەنگ لە وێنەکێشیدا). بە وتەی ژیل دۆلۆز مەسەلەی گرنگ بۆ تارکۆڤسکی ئەو شێوەیەیە کە زەمەن لە پلان دا دەبزوێت. کەوابوو سینەما داهێنانێکە لە زمەندا کە زەمەن دەکات بە بابەتی داهێنانی. ئەزموونی سینەما لە مۆدێرنە، لە مۆدێرنەی سینەماییدا دەردەبڕێت کە وێنە هەقیقەتی مۆدێرنە دەگرێت.
هەقیقەتی مۆدێرنە واقعیەتێکە کە لەسەروو شتی واقعی جیهانی مۆدێرنەوە شکڵ وەردەگرێت. ڕەنگە هەر لەبەرئەمە بێت ئینگمار بێرگمان دەڵێت: (بەهۆی فیلمەوە دەتوانین بچینە ناو ئەوە جێگەیانەوە کە نیشتەجێ نەبوون ، واتە دەکرێت بچینە ناو چەندان واقعیەتەوە کە دەچێتە سەرو شتی واقعی ئێمەوە). لەو شوێنانەدا کە تەلەفیزێون هەموو جیاوازی نێوان وێنەگرتن و واقعیەت لەناو دەبات، و شتی واقعی دەگۆڕێت بۆ وێنەگرتنی کاڵایی یا Reality Show ، سینەما بە دروستکردنی لێکچوو و بان واقعیەتی وەهمی تەلەفیزێۆنی،ململانێیەکی ستاتیکی دەکات. ڕەنگە هەر لەبەرئەمە بێت بە وتەی ئالان ڕنە (پلان خۆی لە خۆیدا جێگەو بەها نیە، چونکە ئازادی لە ئاستی پلاندا بەدست نایەت، بەڵکو لە ئاستی مونتاژدا بەدەست دێت). دەکرێت باشترین نموونەی ئەم ئازادیە لە مونتاژدا لە سینەمای گودار دا ببینین کە بە درووستکردنی پەیوەندی نێوان وێنەگرتنی- زەمەن و وێنەگرتنی- بیرکردنەوە، بیرۆکەیەکی زەمەن لە قاڵبی (سینەمای هەنوکەیی)دا لەبەرامبەر وێنەگرتنی تەلەفیزێۆندا دادەنێت. بۆ نموونە سەرنج لە فلیمی( ئەڵمانیا ساڵی ٩٠ نە سفر)ی گودار بدەن، کە چۆن تیایدا دیدی خۆی بۆ مێژووی جەنگی سارد و کۆتایهاتنی، لە چوارچێوەی وێنەگرتنێکی زەمەندا پێشکەش بە ئێمە دەکات. گودار لە سینەمادا بە وێنەگرتنی پەتی واقع دەگات، چونکە لە وێنەگرتن دیدێکی بەرپرسیارانە بۆ واقعیەت درووست دەکات. لەو شوێنەدا کە وێنەگرتن خاڵی دەکاتەوە لە بەرپرسیارێتی، واتە وێنەگرتنی (ئەوی دی) کەمدەکاتەوە بۆ هیچ، سینەما بە دیدێکی جیاواز بۆ واقع، وێنەگرتنی -زمەن دەکات بە بنەمای ستاتیکای ئەخلاقی بەرپرسیارێتی. ئانتۆنێۆنی لە نوسینێکدا بەناوی (هونەری بینین) دەڵێت (دەرهێنەر بەهۆی ئەو ئامرازە ئاڵۆزنەی لەبەردەستیدایە، چەندانجار زیاتر لە هونەرمەندانی دی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی هەیە). ئانتۆنێۆنی ئەم بەرپرسیارێتیە ئەخلاقیە لە هارمۆنیەتی پێدراوەکانی ئەزموونی تایبەتی و ئەزموونی گشتیدا دەبینێت، واتە لەو شێوازانەی زەمەنی فەردی بەشێوەیەکی نهێنیئامێز پەیوەندی بە زەمەنی گەردوونیەوە دەکات. ڕەنگە تاکە ڕێگەی ڕەخنەی وێنەگرتن-هەواڵ و وێنەگرتن- پڕوپاگەندە لەڕێگەی وێنەگرنی -زەمەنی سینەمایەوە بکرێت. سەرنجی ژیل دۆلۆز بۆ هانس ێۆرگن سیبیربرگ و فلیمی هیتلەر، فیلمێک لە ئەڵمانیەوە بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە. سیبر برگ وێنەی هیتلەر نەک خودی هیتلەر، دەکاتە ئامانجی ڕەخنەکانی، بەڵام بە وێنەگرتنی هەواڵ ناچێتە جەنگ لەگەڵیەوە، بەڵکو لەبەرامبەر وێنەی هەواڵ، ئەخلاقی وێنەگرتن دەهێنێتە پێشێ. مەسەلەی سیبر برگ بەرگریکردنە لە داهێنەری مۆدێرنە دژی مۆدێرنەی ئایدۆلۆژی و ئامرازێکە کە داهێنانی هونەری و فەلسەفی لەسەدەی بیستدا خستۆتە ژێر پرسیارەوە.
جەختکردن و سەلماندنی وێنەگرتن-زەمەن دژی وێنەگرتن- هەواڵ کە ئێمە دەخاتە بەردەم بێ زمەنی و بێ هەواڵی لە جەوهەری مۆدێرنە، واتە لە ڕەهەندی تاکایەتی و ستاتیکای مۆدێرنە، ئەمە ڕێک ئەو هەلومەرجەیە کە ئەمڕۆ سینەما لەبەرامبەریدا وەستاوە. رۆیشتن بۆ وێنەگرتنی هەواڵ، واتە ڕۆیشتن بەرەو ئەفوسن داماڵینێکی تازە، کە وێنەگرتن بەرەو ئاڵۆز وتن و هەجووگۆی دەبات. بەرپرسیارێتی ئەمڕۆی ئێمە وەک تەماشاکەری مۆدێرنە بەرگریکردن لە وێنەگرتنی زەمەن، بەمانای بەرگریکردنە لە ئەخلاقی وێنەگرتن و تاکایەتی داهێنەرانەی هونەرمەندێک کە درووستی کردووە. لێرەدا سینەمای مۆدێرنە بە بەرگری کردن لە بەها ڕەخنەییەکانی مۆدێرنە، بەرگری لە تاکایەتیەکی داهێنەر دەکات، کە بەهۆی مۆدێرنە ئامرازیەوە کەوتۆتە ژێر پرسیار.بێگومان گرنگترین پەیوەندی سینەما و مۆدێرنە لێرەدا ڕوودەدات.

سەرچاوە:
رامین جهانبگلو: بین گذشتە و ایندە. تهران: نشر نی، ١٤٨٤

ناردن: