ڕانانی: ئیدریس عەلی

لە ڕاستیدا پڕۆسەی وەرگێڕانی ئەدەبی یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ئاشنابوونی خوێنەری کورد بەو شاکارە جیهانیانەی کە کاریگەریی ئاستی داهێنان و فەلسەفەی هونەریی و ئیستاتکییان، بۆ ڕۆژگار و سەردەم و قۆناغێکی دیاریکراو نین، بەڵکو سەردەم و قۆناغ و سنوور و زمان و کولتورە جیهانییەکان دەبڕن و دواجار وەک بەرهەمێکی بەشەریی هاوبەش چاو لێ دەکرێن، بێگومان یەکێک لەو شاکارە جیهانیانە بریتییە لە ڕۆمانی (شەیتانەکان)ی گەورە نووسەر و فەیلەسووفی ئەدەبی ڕوسی سەدەی ڕابردوو (فیودور دۆستویڤسکی) کە لە لایەن یەکێک لە باشترین وەرگێڕکارانی کورد و شارەزا لە ئەدەبی کلاسیکیی ڕوسیا، کاری وەرگێرانی بۆ کراوە، ئەویش مامۆستا (ڕەووف بێگەرد)ە، ئەم وەرگێڕانە چاپێکی نوێیە و لە بڵاوکراوە تازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.
ئەم ڕۆمانە بریتییە لە دووبەرگی قەبارە گەورە و نووسەر لە کۆتاییەکانی تەمەن و ژیانی خۆیدا نووسیویەتی، بۆیە دەتوانین بە یەکێک لە ناوازەترین بەرهەمەکانی دۆستۆیڤسکی ناوزەدی بکەین، چونکە دۆستۆڤسکی، ئەم ڕۆمانە لە کاتێکدا دەنووسێت کە هەم خۆی لە ڕووی ئەزموونی ژیان و مەعریفی و ڕۆشنبیرییەوە بەرەو سەروو پلەکانی کامڵبوون دەڕوات، هەم کۆمەڵگای ڕوسی لەبەردەم وەرچەرخان و گۆڕانکارییەکی گەورەی مێژوویی دایە، کە دواجار کاریگەریی ئەو گۆڕانکارییە پەل دەهاوێت و هەژموونی ئابووری، فەرهەنگی و سەربازی و ئایدۆلۆژیی خۆی، لەسەر ڕەوتی ژیانی بەشەری و نەخشە و جوگرافیای جیهان دادەنێت.
دۆستۆیڤسکی لەم ڕۆمانەدا کۆی دونیابینی و ئەزموون، شارەزایی و زەوقی هونەریی خۆی، لە ڕووی چەمکەکانی زانستی دەروونناسی، ئابووری، ساسیی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە، لە ڕێگەی کاراکتەرە سەیروسەمەرە و ڕووداوە جۆراوجۆر و فرەتێماییەکانییەوە لە ڕەوتی گێڕانەوەی ڕۆمانەکەدا دەخاتە ڕوو، کە چیرۆکی دەستەیەک تێکۆشەری چەپ دەگێڕێتەوە بە نهێنی سەرقاڵی کاری شۆڕشگێڕانەی پڕ لە زەبروزەنگن و پلانی شۆڕش دادەڕێژن تا ڕەوتی ژیان لە وڵاتەکەدا بەرەو ئاقارێکی دیکە بەرن، بێ ئەوەی بزانن کا ئایا کەرەستەکانی خودی شۆڕش کە ئاگایی و وشیاریی چینایەتی بەشێکە لە پێکهێنەرەکانی، ئامادەیە یاخود نا، ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا چ هەواڵێک لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ی بەلشەفیکەکان نییە و دەکرێت وەک پێشبینییەکی لێزانانە و وردبینی و خوێندنەوەیەکی دەروونیانەی دۆستۆیڤسکی ئەم حاڵەتە لێک بدەیەنەوە کە وێنای داهاتووی کۆمەڵگای ڕوسیی کردوە لە دۆخێکەوە هەنگاو بەرەو چ دۆخێکی دیکە دەنێت، یاخود شەمەندۆفێری سیاسەتبازیی ئەو کۆمەڵگە پڕ لە ئاریشە و پارادۆکسە فکرییە، لەسەر چ سکەیەک دەڕوات و ئاکامی کاری شۆڕشگێڕانەی پڕ لە توندوتیژیی چی دەبێت، بێگومان لێرەدا دیدگایەکی ڕەشبینانە بۆ سیاسەت و شۆڕش زاڵە، چونکە ئەو کۆمەڵگایە هەم پێکهاتە و بنەمایەکی پیشەسازیی ئەوتۆی نییە کە شۆڕش بە شێوەیەک و ڕەوتی ئاسایی خۆیدا گەشە بکات و گۆرانکاری دروست بکات، هەم مرۆڤەکانیش بریتین لە کەسانی خۆویست و لیبڕاڵ و هەلپەرست و بەرژەوەندخواز کە پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و ڕیا و درۆ ڕۆ ناوە، هەر بۆیە دەبینین دۆستۆیڤسکی کۆی ڕووداوەکانی نێو دووتوێی ڕۆمانەکەی لە شارێکدا چڕ کردوەتەوە و دەشێ ئەو شارە نموونەیەک بێت بۆ کۆی وڵاتی ڕوسیا لەو سەردەم و قۆناغەدا، ئەڵبەت بە کاراکتەر و چیرۆک و ڕووداوەکانیشیەوە.
بە بۆچوونی جۆرج لۆکاچ، دۆستۆیڤسکی هێشتا نووسەرێکە کە پێگە و ناوبانگی جیهانی هەیە، لەبەر ئەوەی دەیزانی کە چۆن لەو قەیرانەی کە وڵاتەکەی و هەموو جۆرە بەشەرێکی گیرۆدە کردبوو، پرسیارە بنەڕەتییەکانی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و خەیاڵئامێزانە لە چیرۆکدا بخاتە ڕوو، ئەو مرۆڤانەی خەلق کرد کە ژیانی ناوەکی و چارەنووسیان، کە ناکۆکی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کەسایەتییەکانی تر، کە وەرگرتن و رەتکردنەوەی مرۆڤ و ئایدیاکانیان، تیشکی خستنە سەر قوڵایی هەموو پرسیارەکانی ئەو سەردەمە: ئەدگاری گشتیی ئەدەبی دۆستۆیڤسکی، لایەنی دیاری جیاکەرەوەیەتی لەگەڵ بزووتنەوە ئەدەبییە تەریبەکانی لە رۆژاوادا؛ بزووتنەوە ڕەسکاوەکانی ئینتیما جیاوازەکانی سایکۆلۆژیاگەرایی ئەدەبی، کە هەندێکیان هاوکات لەگەڵ ئەودا و هەندێکیان دواتر بە کاریگەریی ئیلهام وەرگرتن لەوەوە سەرپێ کەوتن.
لە لایەکی دیکەوە گەورە نووسەری تورک و وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی (ئورهان پاموک) باسی لەوە کردووە کە ڕۆمانی (شەیتانەکان) یەکێکە لە هەژێنترین کارە ئەدەبییەکانی دونیا و وتوشیەتی: بێگومان ڕۆمانی شەیتانەکان مەزنترین ڕۆمانی سیاسییە کە تاوەکو ئیستا لەسەر زەمیندا نووسرابێت، ئەو کاریگەرییەی کە لەسەر منی هەبوو کاتێک لە تەمەنی بیست ساڵیدا بۆ یەکەمین جار خوێندمەوە، دەشێت بە وشەگەلی وەک هەژاندن، سەرسامی، باوەڕ و ترس وەسف بکرێت. هەتا ئەوکات هیچ ڕۆمانێک هێندە کاری تێ نەکردبووم، هیچ چیرۆکێک دەرسێکی هێند هەژێنەری لەسەر ژیانی دەروونیی مرۆڤ دانەدابووم.
خوێندنەوەی ئەو کتێبە بۆ من ڕاتەکاندن بوو لەبەرئەوەی من بۆ یەکەمین جار دەستم بەو ڕەهەندانە دەگەیشت کە ئیرادەی مرۆڤ بۆ دەسەڵات لەتوانایدایە وەریبگرێت، عوزورخوایی بۆ سەروەت و سامانی خۆی بهێنێتەوە، توانستەکانی لە فریودان و هەڵخەڵەتاندنی خۆی و ئەوانی دیکەدا، زۆرانبازی لەگەڵ باوەڕدا، خۆشەویستی و کینەی، غەریزەکانی بۆ موقەدەسات و هۆگرییە کوشندەییەکەی بۆ شتە هەرە ئاساییەکان؛ ڕایتەکاندم چونکە پەیم بەوە برد کە لەڕاستیدا ئەو تایبەتمەندە کاراکتێرییانە هەمیشە پێکەوە دێنە سەر سەحن، و دواجاریش چونکە هەموو ئەو دۆخی هەستی و دەروونییانەم لە ڕێی ڕۆمانێکەوە ئەزمونکرد، کە تیادا مەرگ، سیاسەت و فێڵ توند بەناو یەکدا ئاڵۆزکاون. لەلایەکی دیکەوە سەرسامییەکەم لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە ئەو هەموو زانیاری و ئەزموونە زۆرە لە ساتێکی هێند کورتخایەندا بوو بە بەشم. خێرایی ڕوودانی ئەو پرۆسەیە ڕەنگە گەورەترین بەرژەوەندی بێت لە هونەری ڕۆماندا: بەو خێراییەی کە پاڵەوانی ناو ڕۆمانەکان پێوەی هەست دەکەن، دەژین، هەوڵ و تەقەلا دەدەن، زۆرێک لە جیهانگەلی نوێ بۆ ئێمەی خوێنەر واڵا دەبن، کە ئێمە باوەڕمان پێیانە هێندەی باوەڕمان بە پاڵەوانەکان هەیە. هەر بەو شێوەیەش من بە هەمان جۆشەوە باوەڕم بە دەنگە پێغەمبەرییەکەی دۆستۆیڤسکی و جیهانی ئەو پاڵەوانانەی هەبوو کە بۆ دانپیادانان هێند ئامادەباش بوون.
پاڵەوانەکانی ڕۆمانی شەیتانەکان، بە خێراییەک لە نێوان چوارچێوە لۆکاڵییەکانی ژیان و جیهانی بیر و فیکرە مەزنەکاندا، ئەمبەر و ئەوبەر دەکەن، لە خوێندنەوەی ڕۆمانی شەیتانەکاندا، هەست بەوە دەکەین کە هەتا بگرە ناچیزترین وردەکارییەکانی ڕۆژانە هەموو شتەکان ناچارانە لەگەڵ فیکرە گەورەکانی مرۆڤایەتیدا لە پەیوەندیدان و بە نیگەرانییەوە دەگەینە دەرئەنجامێک، کە تێیدا هەموو هزرەکان و تەواوی ئایدۆلۆژییا مەزنەکان، پێکەوە گرێدراون، ئیدی هەر وەک پەیوەندیی کۆمەڵگا، نهێنییەکان لەنێو حیکایەتەکەدا، ئەو خانە و شۆڕشگێڕ و جاسووسانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە پەیوەندیدان، لە پشت ئەو جیهانە ترسناک و پارادۆکسەوە، کە تێیدا هەر کەس لەگەڵ هەر کەسێکی دیکەدا، لە پەیوەندیدایە، دووبارە هەموو فیکرەکان وەک لق و وەک دەمامکێکیش لە خزمەتی حەقیقەتێکی گەورەتردان، کە لە ژووری کەوالیستدا خۆی حەشار داوە، لە پشت ئەو جیهانە پارادۆکسەوە پرسیارگەلێکی سەبارەت بە بوونی خودا و ئازادی مرۆڤ خۆیان حەشارداوە. تەنها لە شەیتانەکاندا نییە کە دۆستۆیڤسکی ئەو دوو پرسیارە بوونگەراییە بە چەشنێک پێکەوە گرێدەدات کە ئەمڕۆ لێمان دژوار دەکات سەربەخۆ و جودا لەیەک لێیان بڕوانین، بەڵکو ئەو دوو پرسیارەی لە شکڵی پاڵەوانێکیشدا هەیە، کە لەڕێی بوونی خودا و ئازادی خۆیەوە دەگات بە یەقینی خودکوژی، بەشێوەیەکی ئەدەبیش کە خوێنەر لە مێشکی دەرناچێتەوە. تەنها کەمێک شاعیر هەن لە توانایاندایە فکری ئابستراکت و پوخت و چەمکی باوەڕ و هزری ناکۆک بەشێوازێکی هێند واقیعی و باوەڕپێکراو بخەنەو ناو پاڵەوانەکانیانەوە وەک دۆستۆیڤسکی.
ئەگەرچی لەنێو ڕۆمانی شەیتانەکاندا فەزای توندوتیژییەکی سیاسی و دەروونیش باڵادەستە، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەم ڕۆمانە کۆمیدیترین بەرهەمی دۆستۆیڤسکییە. بە تایبەت لەو بەشانەی کە کۆمەڵ تیادا بەشدارن، دۆستۆیڤیسکی فەزایەک لە گاڵتەجاڕی کەموێنە دەخولقێنێت، لەنێو کاراکتێری (کارمازینۆڤ)دا، کاریکاتێرێکی نابووتی (تورگێنجێڤ)ی هاوڕێی خۆی دەکێشێت، کە دەنگیان پێکەوە نەماوە و نێوانیان باش نییە.
پاموک ئەوەش ناشارێتەوە کە هەر لە سەرتاوە ڕۆمانی شەیتانەکان وەک کتێبێک تێدەگات، کە باس لەو ڕۆشنبیرە تووندەڕوانە دەکات کە بە خەونەکانیان بە ئەوروپاوە، بە گومانە قەیراناوییەکانیانەوە لە خودا، لە پەراوێزی ئەوروپادا، دوور لە میترۆپۆلە مەزنەکان ژیان دەگوزەرێنن.
دەبێت خوێنەر پرسیار لە خۆی بکات داخۆ ڕۆمانێک بەم جوانی و قووڵی و فرەمانایەوە، کە یەکێک لە گەورە نووسەرانی دونیای وەک دۆستۆیڤسکی نووسیبێتی و وەرگێرێکی بەسەلیقە و شارەزای وەک ڕەووف بێگەر بەو زمانە جوان و پاراوە وەریگێرابێت، دەبێت چەند چێژبەخش بێت و چەند گرنگ بێت لە کتێبخانەی هەمووماڵەکانماندا هەبێت، من دڵنیام هیچ خوێنەرێک نییە دوای خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە هەست بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی نەکات لە فکر و ئەندێشە و دونیابینیی خۆیدا.

تێبینی: سوود لە دوو وتاری لۆکاچ و پاموک وەرگیراوە

ناردن: