ئه‌وان بلیمه‌تن، نه‌ك شێت
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
له‌وانه‌یه به هه‌ڵه وا تێبگه‌ین كه بیلمه‌ته‌كان، خه‌ڵكانێكی زۆر به‌خته‌وه‌ر و دڵخۆشن، چونكه خودا به‌خۆڕایی مه‌زنترین دیاری پێبه‌خشیون: بلیمه‌تی و هه‌ڵكه‌وتوویی/ العبقریة و النبوغ. به‌ڵام سه‌روه‌ختێك ژیاننامه‌كانیان ده‌خوێنینه‌وه، شتیكی دیكه ده‌دۆزینه‌وه، ده‌بینین مه‌سه‌له‌كه زۆر له‌وه ئاڵۆزتره كه وێنای ده‌كه‌ین. یه‌كه‌م بلیمه‌تی به‌لای ئه‌وانی دیكه‌وه، شتێكی زۆر بێزاركا‌ره، شتێكه نه به‌رگه‌ی ده‌گیرێ و نه ته‌حه‌مول ده‌كرێت. “جۆناسان سۆیفت” ده‌ڵێت: “كاتێك له جیهاندا، بلیمه‌تێكی ڕاسته‌قینه ده‌رده‌كه‌وێت، یه‌كه‌م به‌ڵگه بۆ ده‌ركه‌وتنه‌كه‌ی، ئه‌وه‌یه هه‌مو گه‌مژه‌كان له دژی ده‌وه‌ستنه‌وه”. به‌ڵێ بلیمه‌ت هه‌ر هێنده‌ی له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه پێی ده‌زانرێت، ژیانی ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه. ئا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، به‌رژه‌وه‌ندی بلیمه‌ت له‌وه‌دایه، بلیمه‌تییه‌كه‌ی زۆر ده‌رنه‌خات، لانی كه‌م له سه‌ره‌تاوه.
ئه‌ی ئه‌وه نییه دیكارت وتوویه‌تی: “فه‌یله‌سوف به ده‌مامكه‌وه له‌سه‌ر سه‌حنه‌ی میژوو ده‌رده‌كه‌وێت”، به‌شی زۆری بلیمه‌ته‌كان به كوشتن مردوون. موته‌نه‌بی له ته‌مه‌نی په‌نجا ساڵیدا، خه‌ڵتانی خوێنكرا. مه‌عه‌ری ئه‌گه‌ر نابینا نه‌بوایه، به دڵنیاییه‌وه به تۆمه‌تی كوفر و گومڕایی ده‌یانكوشت. به‌ڵام هیچ كه‌سێك ده‌ستی ناچێته خوێنی كه‌سێكی نابینا. پێش ئه‌و دوو كه‌سه، ئیبن سینا به ئه‌گه‌رێكی زۆره‌وه ژه‌هر خوارد كراوه و هه‌مو ژیانی بریتی بوو له یه‌ك پارچه ڕاوه‌دونان. ئایا ده‌كرێت “بلیمه‌تی بلیمه‌ته‌كان” ژیانێكی سروشتی و ئاسوده بژی؟ ئیبن سینا ته‌قینه‌وه‌ی بلیمه‌تییه‌كه‌ی كوشتی. ئه‌گه‌ر زیره‌كی و بلیمه‌تییه‌كه‌ی كه‌متر بوایه، ئه‌وا زیاد له 57 ساڵ ده‌ژیا و مردنێكی سروشتی ده‌مرد. دیكارت-یش دوای ئه‌وه‌ی بۆ دواجار ده‌ستیان پێیگه‌یشت، ژه‌هر خوارد كرا و هه‌ناوی هه‌لا هه‌لا بوو. قوتابییه‌كه‌ی دیكارت “سپینۆزا” درایه به‌ر خه‌نجه‌ر، خۆشبه‌ختانه پاڵتۆ ئهستورهكهی پاراستی. لیسته‌كه دوور و درێژه.
ئه‌ی سه‌باره‌ت به بیرمه‌ندی مه‌زنی ڕیفۆرمخواز”جه‌ماله‌دینی ئه‌فگانی” بڵێین چی؟ ئایا له‌و بڕوایه‌دان مردنێكی سروشتی مردبێت؟ ئه‌ویش تازه ته‌مه‌نی ببوو به شه‌ست ساڵ، له ئه‌ستانه ژه‌هر خوارد كرا. پرسیاره‌كه ئه‌مه‌یه: بۆچی جه‌ماله‌دینی ئه‌فگانی رۆشت بۆ مه‌مله‌كه‌تی تاریكی و عوسمانییه تاریكبینه‌كان؟ كێ هه‌ڵینا بڕوات بۆ ئه‌وێ؟ ئه‌ویش بلیمه‌تییه‌كه‌ی ته‌قیبوه‌وه و نه ته‌حه‌مول ده‌كرا و نه به‌رگه‌ی ده‌گیرا، هه‌ر بۆیه بلیمه‌تییه‌كه‌ی كوشتی. به‌ڵام لێره‌دا قسه‌كردنی من به فراوانی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته نییه. به‌ڵكو قسه ده‌رباره‌ی جه‌نگه ناوه‌كییه‌كه‌ی بلیمه‌ته‌كان ده‌كه‌م، باس له مه‌ترسییه‌كی دیكه ده‌كه‌م كه هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كات. مه‌به‌ستم ئه‌و جه‌نگه بێئامانهیه كه بلیمه‌ت له‌گه‌ڵ خودی خۆیدا ئه‌نجامیده‌دات: ئه‌وه جه‌نگێكی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ی خوده دژ به خود. جه‌نگێكه مه‌ترسییه‌كه‌ی له مه‌ترسی هه‌ڕه‌شه ده‌ره‌كییه‌كان زیاتره، چونكه دوژمن خۆتی و له خۆتدایه. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه بلیمه‌ت كه‌سێكی “نه‌خۆشه” به مانای ته‌واوی وشه‌كه. ئه‌و به شتێكی ئاڵۆز، نادیار، نه‌خۆشه كه به ته‌واوه‌تی له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆیه‌تی (1).
وه‌لێ بلیمه‌ت ده‌توانێ له ڕێگه‌ی داهێنانی شتێكی مه‌زن: ده‌قێكی شیعری یان ڕۆمانێكی نه‌مر، یاخود كارێكی فه‌لسه‌فه‌ی گرنگ…هتد، به‌سه‌ر ئه‌و نه‌خۆشییه درێژخایه‌ندا سه‌ركه‌وێت. فلۆبێر سه‌روه‌ختێك رۆمانی “مه‌دام بۆڤاری” ده‌نووسێت، چه‌ند دڵخۆش ده‌بێت؟ یان ستندال كه ڕۆمانی “سور و ڕه‌ش” یان نه‌جیب مه‌حفوز كه “منداڵانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان” ده‌نووسێت، چه‌ند دڵخۆش بوون؟ هه‌مو بلیمه‌ته‌كان به مانای ڕاسته‌قینه‌ی وشه‌كه نه‌خۆشن، ئه‌گه‌ر داهێنان نه‌بوایه، ئه‌وا به ته‌واوی شێت ده‌بوون و ده‌ڕووخان و هه‌ره‌سیان ده‌هێنا. كه‌واته سوپاس بۆ داهێنان! سوپاس بۆ ڕۆمانه ناوازه‌كان! جیاوازی بلیمه‌ت و شێت ئا لێره‌دایه. شێت ناتوانێت بگات به هیچ شتێك و له بازنه‌یه‌كی به‌تاڵدا ده‌سوڕێته‌وه. لێره‌وه شێتییه‌كه‌ی به‌تاڵ و حه‌تاڵ و نه‌زۆكه، به پێچه‌وانه‌ی بلیمه‌ت.
زۆر به كورتی بلیمه‌ت، تا دوا سنور كه‌سێكی نێرڤۆسی شڵه‌ژاوه. به‌ڵام له ڕێگه‌ی ئه‌فراندن له بوارێك له بواره‌كاندا، به‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌یدا سه‌رده‌كه‌وێت. ئیدی ئا له‌و كات و ساته‌دا، هاوسه‌نگی به‌ده‌ستده‌هێنێت و خۆی ڕزگار ده‌كات. شاعیری گه‌وره هانییه ده‌ڵێت: “نه‌خۆشی ده‌روونی، بنه‌مای هه‌مو داهێنانێكی جوانه، من له ڕێگه‌ی داهێنانه‌وه له دڵهڕاوكهكهم و شێتییهكهم چاكبوومه‌وه. له ڕێگه‌ی ئه‌فراندنه‌وه ته‌ندروستی و له‌شساغیم بۆ گه‌ڕایه‌وه”. بۆ ئه‌وه‌ی له‌و قسانه دڵنیابین، هێندهبهسه ژیاننامه‌ی بلیمه‌ته‌كان بخوێنینه‌وه. یه‌كێك له توێژه‌ره ده‌روونییه‌كان، سه‌باره‌ت به ڕیلكه، شتێكی ئاوا ده‌ڵێت: “ڕێنیه ماریا ڕیلكه” به‌شی زۆری ژیانی له دڵه‌ڕاوكه‌یه‌كی ترسناكدا به‌سه‌ربرد كه عه‌قڵ وێنای ناكات. هه‌مو ئه‌وه‌ش به‌رهه‌می منداڵییه دۆزه‌خییه‌كه‌ی بوو. ڕیلكه نه‌یتوانی له‌و منداڵییه‌ی ڕزگاری ببێت، ئه‌گه‌رچی به‌رده‌وام له هه‌وڵگه‌لێكی سیزیفیانهدا بوو بۆ ڕزگاربوون. ئه‌و به‌شی هه‌ره زۆری ژیانی، وه‌ك كه‌سێك به‌سه‌ر برد، به‌سه‌ر لێواری خهرهندهكهدا ده‌ڕۆشت، بهسهرلێواری كاره‌ساتی شیزۆفیرینادا ده‌رۆشت، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی بكه‌وێته ناویه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر هۆڵده‌رلین-دا هات و به ته‌واوی شێت بوو، شێتبوونێك هیچ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی تێدا نه‌بوو.
نووسه‌ری ناسراوی فه‌ره‌نسی “ئه‌ندرێ مۆروا” ئه‌م پرسیاره‌ی خواره‌وه‌ی له یه‌كێك له پزیشكه ده‌روونییه گه‌وره‌كان كردووه: كه‌واته دكتۆر، هه‌مو رۆماننوسه بلیمه‌ته‌كان، چ پیاوه‌كان یان ئافره‌ته‌كان، نه‌خۆشی ده‌روونییان هه‌بووه، شێت بوون؟”، دكتۆره‌كه وه‌ڵامی ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: “نه‌خێر، ڕاستتره بڵێین ئه‌وان شێت ده‌بوون، ئه‌گه‌ر نه‌بونایه به ڕۆماننووسی بلیمه‌ت. به‌ڕیزه‌كه‌م نێرڤۆسی ده‌روونی/ العصاب النفسی، ئه‌وه هونه‌رمه‌ند دروست ده‌كات و داهێنه‌ری بلیمه‌تانه ئه‌وه شیفای بۆ ده‌هێنێت”. قسه له‌وه جوانتر نییه، قسه‌یه‌كی كورت و پوخت و سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كه له سه‌ره‌تاوه بۆ كۆتاییه‌كه‌ی پوخت ده‌كاته‌وه. هیچ بلیمه‌تییه‌ك به‌بێ كه‌مه‌كێك شێتی بوونی نییه! چونكه ئه‌وه شێتییه هانتده‌دا و هه‌نگاوت پێهه‌ڵده‌گرێت و خۆتی پێدادهكهیت. وه‌ك كیرگیجارد ده‌ڵێت: “ساته‌وه‌ختی یه‌كلایكردنه‌وه‌ی بڕیار، ساته‌وه‌ختی شێتبوونه”. مرۆڤی ساده و خاكی و سروشتی، بوێری یهكلایكرنهوهی بڕیاری نییه، ناوێرێت سنور ببه‌زێنێت یان قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان پێشێل بكات. هه‌ر بۆیه ناتوانێت هیچ داهێنانێك ئه‌نجامبدات. ئه‌وه ته‌نها بلبمهتهكانن بوێری ئه‌وه‌یان هه‌یه، ته‌نها بلیمه‌ته‌كان سه‌ركێشی ده‌كه‌ن و خۆیانی تێفڕێدهدهن. هه‌ر بۆیه سودی ژه‌مێكی دیاریكراو له شێتی یان ته‌نانه‌ت چه‌ند ژه‌مێك له شێتی، ئا لێره‌دایه.
پێویسته ئه‌وه بزانین كه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، كۆنه و هێنده‌ی مێژوی فه‌لسه‌فه‌ی مرۆڤایه‌تی كۆنه. مه‌به‌ستمان مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندی نێوان بلیمه‌تی و شێتییه. خودی ئه‌رستۆ چاره‌سه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی كردووه، جا بۆ شتێك هه‌یه له‌لای مامۆستای یه‌كه‌م شاراوه‌بێت كه به‌رده‌وام به بلیمه‌تییه‌كه‌ی، مرۆڤایه‌تی ڕوناككردووهتهوه؟ ئه‌و ئه‌م پرسیاره‌ی خستووه‌ته‌ڕوو: بۆچی خه‌ڵكانی ڕیزپه‌ڕ زۆرجار، خه‌مبارن، ڕه‌شبینن؟ ئه‌م بیرۆكه‌یه، دیدرۆ له ئه‌رستۆوه وه‌ریگرت و بۆ یه‌كه‌مجار به شێوه‌یه‌كی تۆكمه، بلیمه‌تی به‌سته‌وه به شێتی. ئیدی له‌و كات و ساته‌وه، ئه‌و بیرۆكه‌یه بڵاوبووه‌وه كه ده‌ڵێت بلیمه‌ت كه‌سێكی ئاسایی نییه، كه‌سێكه له كه‌سانی دیكه ناچێت. كه‌سێكه ڕه‌شبین و له ڕووی ده‌رونییه‌وه ناجێگیره. بلیمه‌ت تا ئاستی شێتبوون شه‌یدای داهێنانه‌كه‌یه‌تی. ئێمه كاتێ له‌م قسانه دڵنیاده‌بین و هه‌ست ده‌كه‌ین ڕاسته، كه ژیاننامه‌ی داهێنه‌ره گه‌وره‌كان ده‌خوێنینه‌وه، له نمونه‌ی بۆدلێر، ڕامبۆ، ڤان كوخ، مۆزارت، شۆمان، گۆته، هیمنگوای، بلزاك، فلۆبێر، نیتچه، جان جاك رۆسۆ…هتد.
سلفادۆر دالی له ڕێگه‌ی داهێنانی میتۆدی وڕێنهكردنی- ڕه‌خنه‌یی/ المنهجیهة الهذیانیة- النقدیة له هونه‌ردا، توانی سه‌راسیمه‌یی و شێتییه ناوه‌كییه‌كه‌ی خۆی ده‌سته‌مۆ بكات. ئه‌و میتۆده خاوه‌نی ورده‌كارییه‌كی سوریالیانه‌یه كه له‌یه‌ك چركه‌دا، عه‌قڵانییه‌تی ڕه‌خه‌یی و شه‌ته‌حاتی شێتی، پێكه‌وه كۆده‌كاته‌وه. ئه‌م میتۆده‌و وایكرد سلفادۆر دالی ژماره‌یه‌ك تابلۆی بلیمهتیانهی سه‌رشێتانه دروست بكات كه ئاوی چاو ده‌بات و مێشكت وڕوكاس ده‌كات. ئه‌و دوای ئه‌وه‌ی گه‌شت به هه‌مو ئه‌وانه، توانی به ته‌واوه‌تی هاوسه‌نگییه ده‌روونییه‌كه‌ی بگه‌ڕێنێته‌وه. ئێمه ئه‌مه ده‌ڵێین، هه‌رچه‌نده ئه‌و به‌رده‌وامبوو له یارییه پاڵهوانبازییهكانیدا، تاكو خه‌ڵك بترسێنێت یان دڵخۆشیان بكات، ئه‌وه خودا بۆ خۆی ده‌یزانێت. سه‌یری سمێڵه چه‌ماوه‌كه‌ی بكه كه له دوو داس ده‌چێت، سه‌یری نه‌ڕه نه‌ڕه له ناكاوه‌كه‌ی و جووڵه سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی بكه له‌سه‌ر مێزی نانخواردن كه میوانه‌كانی ده‌هێنایه له‌رزین. ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ناوبانگ و دداننانی ملیۆنان خه‌ڵك به‌وه‌ی سه‌رسامن به تابلۆكانت، متمانه‌یه‌كی هێجگار گه‌وره‌ت پێده‌به‌خشێت. وه‌لێ كاتێك هێشتا ناوبانگت نییه و ناوێكی بزریت و جارێ نه‌گه‌یشتوویت به هیچ، ئه‌و متمانه‌یه‌ت به‌خۆت نییه. دوای هه‌مو ئه‌وانه، سلفادۆر دالی توانی ئه‌م قسه‌یه بكات: “تاقه جیاوازی نێوان من و شێت، ئه‌وه‌یه، من، شێت نیم”. له ڕاستیدا ئهوشێت بوو، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنه زه‌ق و زۆپهكهی و ئه‌و ملیۆنان دۆلاره‌ی ده‌ده‌را به تابلۆكانی، هه‌مو ئه‌وانه له یه‌ككاتدا، له هه‌ژارییه كوشنده‌كه‌ی و شێتییه‌كه‌ی چاكیان كرده‌وه.
ئه‌ی سه‌باره‌ت به دیستۆفیسكی چی بڵێین؟ ئه‌و له‌سه‌ره‌تای ژیانی ئه‌ده‌بیدا، نامه‌یه‌ك بۆ “مێشێل”ی برای ده‌نووسێت و تێیدا ده‌ڵێت: “پرۆژه‌یه‌كی زه‌به‌لاحم هه‌یه: ده‌مه‌وێت ببم به شیت!”. ئه‌گه‌ر ڕۆمانه نایابه‌كانی نه‌بوایه كه یه‌ك له دوای یه‌ك ده‌ینووسین، ئایا به ڕاستی نه‌ده‌بوو به شێت؟ ئایا نه‌ده‌كه‌وته نێو قوڵایی خهرهندهكهوه؟ ئه‌وه داهێنانی بلیمه‌تی بوو، نه‌یهێشت شێت ببیت، یان هه‌مو جارێ هاتنی شێتییه‌كه‌ی دواده‌خست. هه‌مان قسه بۆ بۆدلێر-یش ڕاسته. كێ ده‌توانێت قه‌باره‌ی هه‌لاهه‌لابوونه ناوه‌كییه‌كانی شارل بۆدلێر بپێوێت؟
دواجار ڕێگه‌م پێبده‌ن ئه‌م نووسینه‌م، به مامۆستاكه‌مان یان مامۆستای مامۆستاكه‌مان كۆتایی پێبێنم: شۆبنهاوه‌ر (مامۆستای نیتچه)، شۆبنهاوه‌ر له‌و بڕوایه‌دا بوو، ئه‌و قوربانی ده‌ستی پیلانگێڕییه‌كی گه‌وره‌ی جیهانییه كه ئامانجی خنكاندنی بلیمه‌تییه‌كه‌یه‌تی. هه‌روه‌ها له‌و بڕوایه‌دا بوو، ئه‌و بۆیه له‌دایكبووه و هاتووته دونیاوه، تاكو ڕابه‌رایه‌تی خه‌ڵكی بكات بۆ سه‌ر ڕێگای ڕاستی. به‌ڵام نه‌یار و دوژمنه دڕنده‌كان، له هه‌مو لایه‌كه‌وه چاودێری ده‌كه‌ن. ئێمه كه ئه‌مه ده‌ڵێین، له‌و كات و ساته‌دا، هیچ كه‌سێك نه‌بووه گرنگی به شۆبنهاوه‌ر بدات، چونكه ته‌نها دواتر ناوبانگ ده‌رده‌كات. شوبنهاوه‌ر كاتێك ئه‌و قسانه‌ی كردووه، هیچ ناو و ناوبانگێكی نه‌بووه و كه‌سێكی گومناو بووه. هه‌ر بۆیه نه ترسی له‌سه‌ر بووه و نه هه‌ڕه‌شه. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌ستی كردووه له‌لایه‌ن دوژمن و نه‌یاره هیچ و پوچه‌كانه‌وه، ڕاونراوه. له‌به‌ر ئه‌وه شۆبنهاوه‌ر هه‌میشه له قاتی خواره‌وه نیشته‌جێ بووه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بۆ نمونه ئاگر له باڵه‌خانه‌كه كه‌وته‌وه، ئه‌و بتوانێت به‌خێرایی ڕابكات. ئه‌گه‌رنا ئه‌وا ناچاره له نهۆمی سێیه‌م یان چواره‌م، خۆی فڕێبداته خواره‌وه. ئه‌مه‌ش كارێكی تا بڵێی ناخۆش و جاڕسكه‌ره و كه‌س نازانێت ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی چی ده‌بێت. شۆبنهاوه‌ر هه‌ر كه گوێی له خشه خشێك ده‌بوو له ده‌ره‌وه، با زۆر سوكیش بوایه، ئه‌وا یه‌كسه‌ر شمشێره‌كه‌ی ده‌رده‌هێنا… هتد.
وه‌لێ هه‌مو ئه‌وانه، ڕێگرنه‌بوون له‌وه‌ی شۆبنهاوه‌ر له مێژوی مرۆڤایه‌تیدا، ببێت به یه‌كێك له فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌كان. ئه‌م شێتییه ناوه‌كییه، ئه‌م شه‌یدابوونه به شێتی، نرخی بوون به بلیمه‌تییه. بلیمه‌تی خۆی به ئاسانی نادات به‌ده‌سته‌وه، بلیمه‌تی پێویستی به‌وه‌یه نرخه‌كه‌ی به كاش بده‌یت، ماره‌بڕینی بلیمه‌تی زۆر گرانه. ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌مو شته شاراوانه‌مان زانی، ئه‌م هه‌مو نهێنییه دۆزهخییهمان زانی، ئه‌م هه‌مو هه‌لاهه‌لابوونه ده‌روونی و ئیش و ئازاره ناوهكییهمان زانی، ئه‌وا هه‌زارجار سوپاسی خودا ده‌كه‌ین كه ئێمه بلیمه‌ت نین.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، چوار شه‌ممه، 23 ئازار، 2022