گەشتەکانی ئەنفالستان؛ چ ڕابردوویەکمان هەبوو، لە چ ئێستایەکدا دەژین؟

ڕانانی: ئیدریس عەلی

کتێبی (گەشتەکانی ئەنفالستان) بەشێکە لەو هەوڵە چڕوپڕ و دەوڵەمەندەی کە ماوی چەندین ساڵە برای بەڕێز و دڵسۆزی کەیسی ئەنفال و جینۆساید (عومەر محەمەد) دەستی پێ کردووە و بە شێوەیەکی زانستیانە شارەزایانە هەنگاوی بۆ نووسینەوەی حیکایەتە غەمگینەکانی ئەنفال ناوە، کە وەک بەیاز و دەستنووسە کۆنەکان مەترسیی فەوتان و لەناوچوونیان لەسەرە. ئەم کتێبە بریتییە لە کۆمەڵێک دیدار و بەدواچوونی ورد سەبارەت بە خودی پرۆسە بەدناوەکە و بە قسەهێنانی ئەو شایەتحاڵانەی کە لە دەمی ئەنفال بەربوونەوە و شانسی دووبارە گەڕانەوەیان بۆ ژیان هەبوو.
گەشتەکانی ئەنفالستان، لە سێ بەرگی قەبارەی گەورە پێکهاتووە لەنێو بۆکسێکدا و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، وێرای ئەو قەیرانە دارایی و کەمیی خوێنەرەی لە وڵاتدا هەیە، بەڵام پشتئەستوور بەو باوەڕەی کە خودی کتێبەکە گرنگی و سەنگ و بەهای تایبەت بە خۆی هەیە، هەستاوە بە چاپکردنی و بەم هەنگاوەش دەزگای ناوبراو ڕووسورییەکی پتری پێشکەش بە کتبخانە و خوێنەری کوردی کردووە، بە تایبەت لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژگار و کەڵەکەبوونی کێشە و ئاریشە هەمەلایەنەکان و ئەو قەیرانە یەک لە دوای یەکانەی ڕووبەڕووی وڵات دەبێتەوە، خەریکە یادەوەریی تاک و کۆی مرۆڤی کورد لە ئاست تراژیدیا و کارەساتە گەورەکانی وەک ئەنفال و کیبیابارانکردن و جینۆسایددا کاڵ دەبێتەوە و ئەو نەسڵەی ساڵانێک پێش ئێستا شایەتحاڵی تراژیدیا گەورەکە بوون، خەریکە تەمەن و ڕۆژگار لە لێواری گۆڕ و مردن نزیکیان دەکاتەوە، هاوکات لەگەڵ خۆیاندا ئەو هەموو حیکایەتە غەمگین و چیرۆکە مەرگەساتاویانەی نێو دڵیان، وشە دوای وشە و ڕستە دوای ڕستە دەمرێنن.
بێگومان کاک عومەر محەمەد، یەکێکە لەو کەسایەتییە دڵسۆزانەی کە ماوەی ساڵانێکی زۆرە ژیان و تەمەنی خۆی بۆ کەیسی ئەنفال و بەدواداچوون و دیدارەکان تەرخانکردووە، بە تایبەت ئەوەی زۆر جێگای ڕێز و پێزانینە، جگە لە بەها و گرنگیی کتێبەکە، ئەوەیە کە ناوبراو بە تەنیاباڵی و لەسەر ئەرک و داهاتی گیرفانی خۆی هەستاوە بەم کارە تاقەتپڕوکێنە و بەدواداچوونەکانی ئەنجام داوە کە دەبوو لە راستیدا کاری دامەزراوەیەکی حوکمیی گەورە بوایە بە بودجەیەکی کراوەوە، ئەمە لە کاتیکدایە کە بەدیار چاوی ئەوەوە ڕۆژانە خەڵکانێک کەیسی ئەنفال و کەسوکاری قوربانییەکانیان وەک کەرەستەیەکی سیاسی و بازرگانی بەکار هێناوە، لە لایەکەوە گیرفان و قاسەکانیان پێ پڕ کردووە لە دۆلار، لە لایەکی دیکەوە وەک هەڵمەتی هەڵبژاردن و بۆ خزمەت و مەرامی سیاسیی و حزبیی بەکاریان هێناون، بەڵام لە ڕاستیدا لەسەر تەرازووی ویژدانی مێژووی نەتەوەیی، قورسایی ئەم هەوڵەی کاک عومەر، چەندین جار لەوانە زیاتر پیشان دەدات کە دەستیان دەچێتە بەکارهێنانی ژیانی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و قوربانییەکان و خودی کەیسەکەش بە لارێدا دەبەن.
ئەم کتێبە قەبارە گەورە سێ بەرگییە، پڕ پڕە لە هاوار و برین و قیژە و ئازار، پڕ پڕە لە حیکایەتی ئەو مرۆڤە سادە و بەتەمەنانەی کە هیچ گوێیەکیان شک نەبردووە تا بۆیان بیانگێڕنەوە، ئەو هەوڵەش کە هەبووە یان لەسەر ئاستی سیاسیی باڵا بووە بۆ سەودا و مامەڵە، یاخود لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە شەرمنانەی ڕاگەیاندندا بووە کە پتر لە ڕووی سۆزداری و عاتیفییەوە پیشاندراون تا مەسەلە گەورەکەیان لەبیر ببەنەوە، فرمێسکی چاو و دەستە لەرزۆک و ڕوخسارە غەمگینەکانیان لە یادەکاندا کراون بە سەرتایتڵی ڕۆژنامە و تیڤییەکان، دەنا ئەوە هاتبن وەک ئەم کارەی عومەر محەمەد، بەرمەبنای کارێکی میتۆدی و زانستی بەدواداچوون و دیداریان ڕێکخستبێت، چ هەوڵێکی لەو جۆرە لەسەر ئاستی باڵا نابینین، ئەڵبەت ناشکرێت هەوڵ و ماندووبوونی چەند کەسێکی دیکە لەم بوارەدا نادیدە بگرین، بەڵام بێگومان کتێبی گەشتەکانی ئەنفالستان لە زۆر ڕووەوە دەوڵەمەندتر و بەرمەبنای زاستی بەدواداچوون و هونەری دیدار و داڕشتنەوە و تەوزیفکردنەوەی ئەو حیکایەتانەیە بە زمانێکی چێژبەخش کە یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ خوێنەر تا هەر چی زووتر ڕۆبچێتە نێو حیکایەتە غەمگینەکانەوە.
بە گشتی ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک گەشت پێکهاتووە و بۆ ئەو گوند و ناوچانەی سەرانسەری کوردستان، کە ساڵانی کۆتایی هەشتاکان، لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە ئەنفال کراون و تیایدا کۆمەڵێک چیرۆکی غەمگین و ترسناک بڵاوکراوەتەوە کە ڕەنگە کەسێکی بیانی بیخوێنێتەوە، وا بزانێت ئەم ڕووداوانە خەیاڵ و فەنتازیای نووسەرێکن کە ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لە بواری ئەدەبیاتی گێڕانەوەدا هەیە، دانەری ئەم کتێبە بە کامێرایەک و تەسجیلێکی گچکەوە، دێ بە دێ و ناوچە بە ناوچەی کوردستا گەڕاوە و سۆراغی ئەو کەسانەی کردووە کە دۆزەخی ئەنفالیان بە چاوی خۆیان بینیوە، گێڕانەوە و چیرۆکەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بە شێوەی پرسیار و وەڵام، یاخود گفتوگۆی ڕووبەڕوو ئەنجام دراون، پاشان پرۆسە سەختەکە دەستی پێکردووە کە ئەویش بریتییە لە بە وشە کردنی دەنگەکان (تەفریغ) دواتریش داڕشتنەوەیان بە شێوەکی هونەری و زمانێکی ئەدەبیی جوان.
نووسەر لە هەر گەشتێکیدا بە دوای حیکایەتە غەمگین و چیرۆک و هاوارە نەبیستراوەکاندا، لە سەرەتادا بە وردی و شێوەیەکی جوانی سیناریۆئاسا، وەسفێکی ناوچەکە و ئەو ژینگە و بارودۆخە دەکات کە پرۆسەکە تێیدا ئەنجامدراوە، پاشان دێتە سەر باسکردنی ئەو ساتەوەختەی بۆ بەدواداچوون و دیدارەکان ڕوو دەکات گوند و ناوچەکان و بە شێوەیەکی جوان و ورد دەکەوێتە ڕەسمکردنی شوێنەکان و ماڵ و گوند و ڕوخساری ئەو ژن و پیاوانەی کە ڕووداوەکان دەگێڕنەوە، بێگومان گێڕەرەوەکان کەسانەی بەتەمەن و سادە و نەخوێنەوارن کە دەرگای دڵیان بۆ دانەری کتێبەکە کردووەتەوە و هەرچی زوخاوی ئەو ڕۆژگارە هەیە هەڵیدەڕژن، داڕشتنەوەی دەنگی کەسەکان بەو زمانە بەرز و باڵا و چێژبەخشە وا دەکات خوێنەر پتر ڕۆبچێتە نێو واقیعییەتی ئەو چیرۆکانەوە و وا هەست بکات ئەوە خۆیەتی بەرامبەر دەنگەکان و بێژەری ڕووداوەکان دانیشتووە و گوێ لە حیکیەتەکان و حەسرەت و ژان و غەمەکانیان دەگرێت، بێگومان ئەمە کلیلی سەرکەوتنی هەر تێکستێکە، ئەم گرەوەش لە رێگەی زمانێکی باڵاوە شانسی سەرکەوتنی زیاتر دەبێت، وەک ئەوەی شاعیری گەورەی کۆچکردووە (شێرکۆ بێکەس) لە قەسیدەی (گۆڕستانی چراکان)دا کردی، چونکە ئاخر لەو باوەڕەدام ئەگەر ئەو کاسێت و دیدارانە بدرانایە بە کەسێکی دیکە، ڕەنگە توانای ئەوەی نەبایە کارەکەی بەم ئاستەی (عومەر محەمەد) بگەیاندایە و بەم شێوە جوان و چیرۆکئامێز و تەکنیکە بەرزە دایانبڕێژێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە من وای دەبینم کە ئەم کتێبە جگە لەوەی دەبێت بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگە ئەرشیفی و دیکۆمێنتەرییە کاریگەرەکان، دەشبێتە سەرچاوەیەکی بەکەڵک بۆ خولقاندنی دەیان شاکاری ئەدەبی و هونەری وەک بەرهەمهێنانی سینەمایەکی تایبەت بە جینۆساید، چونکە لە پشت هەر گێڕانەوە و چیرۆکێکەوە، دەیان خەم و دەنگ و نهێنیی دیکە خۆیان حەشار داوە و دەکرێت مانا و کۆدەکانی لە پرۆسەیەکی هونەریدا بکرێنەوە، ئەمە بۆ لقەکانی ئەدەبیش بە هەمان شێوە ڕاستە، ئەم کتێبە سێبەرگییە بەشی دەیان هەزار کتێب تێما و بابەتی ئەدەبیی لە شێوەی گێرانەوەدا تێدایە، کە دەکرێت چیرۆکنووس و ڕۆماننووسانی کورد وەک سەرچاوەی ئیلهام و کەرەستەی ئەدەبی بەکاری بهێنن، بەشێکی دیکەش کە من پێم وایە دەبێت ڕاگەیاندنەکان و ڕاگەیاندنکاران لێوەی فێر ببن کە لە داهاتوودا چۆن ئیش لەسەر ئەم جۆرە کەیسانە بکەن، تێبگەن کە قسەکردن لەسەر ئەنفال و کیمیاباران و گێرانەوەی ڕووداوە تراژیدیاکان، تەنها بە فلوتلێدان و شیعری سادە و درووشمی بێ ڕۆح و زوومکردنە چاوی پڕ لە فرمێسکی پیرە پیا و ژنە پیرەکان نییە، بەڵکو بە بەوشەکردنی ئەو حەسرەت و ئاخانەی نێو ناخ و دڵی ئەو مرۆڤە دەگمەنانەیە کە چەندین ساڵە لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەی ئازیزانیاندا کێنگڵ دەدەن و تاوانباران و بکوژانی ڕۆڵەکانیان بەدیار چاویانەوە دێن و دەچن.
دواجار دەمەوێت بڵێم: هەر جۆرە قسەکردنێک لەسەر ئەم کتێبە، ناگاتە بارتەقای ئەوەی خوێنەر خۆی بیخوێنیتەوە لەگەڵ ڕووداو چیرۆکەکانیدا بژێت، هاوکات پێشم وایە دەکرێت دەیان و سەدان توێژینەوە و نامەی ماستەر و دکتۆرای لەسەر ئەنجام بدرێت و دەیان و سەدان شاکاری ئەدەبی و هونەریی لێوە بەرهەم بێت، ڕێ بە خۆم دەدەم و هیچ زیادەڕۆییەک نییە گەر بڵێم: هەر کات گومانت لە کورد بوونی خۆت کورد، یاخود هەر کاتێک هەستت کرد یادەوەریت لە مەترسیدایە، ئەوا بێ سێ و دوو کتێبی(گەشتەکانی ئەنفالستان) بخوێنەرەوە… تا بزانیت خاوەنی چ ڕابردوویەکیت، لە چ ئێستایەکدا دەژیت، داهاتووت چۆن دەبێت.

ناردن: