فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده لای كانت
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
كانت له كتێبه‌كه‌یدا “تێڕامان له په‌روه‌رده”، پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه مرۆڤ، نا بێت به مرۆڤ، ته‌نها به په‌روه‌رده نه‌بێت. ئه‌م دیده بۆ سروشتی مرۆڤ، كۆمه‌ڵێ ده‌لاله‌ت له‌خۆده‌گرێت، له هه‌مویان گرنگتر ئه‌وه‌یه: ئه‌وه‌ی مرۆڤ له حاڵه‌تی ئاژه‌ڵییه‌وه- كه تێیدا مرۆڤ هیچ توانایه‌كی عه‌قڵی و هیچ هه‌ستێكی ئه‌خلاقیشی نییه- ده‌گوێزێته‌وه بۆ حاڵه‌تی ڕۆشنبیریی یان مه‌ده‌نی، په‌روه‌رده‌یه. به‌و پێیه‌ی په‌روه‌رده كار و كرده‌وه‌یه و چه‌ندین ده‌زگا تێیدا به‌شداره، له‌وانه خێزان و قوتابخانه. كانت له قسه‌كانیدا له‌سه‌ر په‌روه‌رده به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت په‌روه‌رده، ئاڵۆزترین كێشه و ئاریشه‌یه كه ده‌بێت مرۆڤ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات.
له‌وه‌ی خرایه‌ڕوو، ئاخۆ له دیدگای كانت-ه‌وه، ده‌بێت ئامانجه گه‌وره‌كانی په‌روه‌رده چی بن؟
په‌روه‌رده و دیسپلین
كانت پێیوایه ئامانجی یه‌كه‌می په‌روه‌رده، بریتییه له دیسپلین/ لانضباط، پێویسته دایك و باوك یان په‌روه‌رده‌كار، بنه‌ماكانی دیسپلین له ته‌مه‌نێكی زووه‌وه، فێری منداڵ بكات. چونكه منداڵ له میانه‌ی ئه‌وه‌وه، بنه‌ماكانی ئه‌خلاق فێرده‌بێت و ده‌بێته بوونه‌وه‌رێكی ئه‌خلاقی. ئه‌م منداڵه، بێ دیسپلین، ده‌بێته بونه‌وه‌رێكی دڕنده. كانت ئاوا پێناسه‌ی دیسپلین ده‌كات: ئه‌و كاره‌یه/ فعل كه مرۆڤ له ئاژه‌ڵبوونی خۆی داده‌بڕێت. هه‌روه‌ها منداڵ له میانه‌ی دیسپلینه‌وه، فێری پابه‌ندبوون به یاساوه ده‌بێت، به‌و پێودانگه‌ی یاسا له عه‌قڵی مرۆڤه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه و هه‌مو پێشێلكردنێكی و ڕێزنهگرتنێكی یاسا، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ حاڵه‌ته ئاژه‌ڵییه‌كه‌ی مرۆڤ. هه‌رچه‌نده منداڵ پێویستی به‌وه‌یه فێری دیسپلین ببیت، تاكو ببێت به بوونه‌وه‌رێكی ئه‌خلاقی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویستیشی به‌وه‌یه فێری ڕۆشنبیریی ببێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌وله‌ویه‌ت زیاتر بۆ فێربوونی دیسپلینه تا ڕۆشنبیریی. كانت له‌م باره‌وه ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی خۆی رۆشنبیر نه‌كات، وه‌ك كه‌سێكی ڕق و ته‌ق ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وه‌ی فێری دیسپلین نه‌بێت، وه‌ك دڕنده ده‌مێنێته‌وه. نه‌بوونی دیسپلین، زیان و خراپییه‌كه‌ی، زۆر زیاتره له نه‌بوونی رۆشنبیریی.
په‌روه‌رده و ئاینده
ئامانجی كانت له چاره‌سه‌ركردنی بابه‌تی په‌روه‌رده، بریتییه له دانانی نموونه‌یه‌كی گه‌ردوونی بۆ په‌روه‌رده، گونجاوبێت بۆ سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگا مرۆڤایه‌تییه‌كان. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه نامۆ نییه به بیركردنه‌وه‌ی كانت، ئه‌و له هه‌مو به‌رهه‌مه‌كانیدا، بایه‌خی به مه‌سه‌له شمولییه‌كان داوه، وه‌ك كێشه‌ی عه‌قڵ و سنوری مه‌عریفه و ئه‌خلاق. بابه‌تی په‌روه‌رده‌ش له‌م چوارچێوه گه‌ردونی و ئایندهگهرییهدا به‌ده‌رنییه. كانت له‌م سیاقه‌دا ده‌ڵێت: “بوونی پرۆژه‌یه‌كی تیۆری بۆ په‌روه‌رده، نمونه‌یه‌كی به‌رز و باڵایه و به هیچ جۆرێك خراپ نییه و زیانبه‌خش نابێت، ئه‌رچی ئێمه نه‌شتوانین جێبه‌جێی بكه‌ین و به‌دیبهێنین. نابێت بیرۆكه ڕههاكهش وه‌ك جۆرێك له خه‌یاڵپڵاو وێنابكه‌ین و وه‌ك خه‌ونێكی جوان دووریبخه‌ینه‌وه. ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ئه‌م بیرۆكه ڕه‌هایه‌دا له ئارادابێت و ڕێگربێت له به‌دیهێنانی”.
كانت ڕه‌خنه‌ی له جۆری ئه‌و په‌روه‌رده‌یه گرتووه كه له سه‌رده‌مه‌كه‌یدا باوبووه، ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی لێگرتووه، په‌روه‌رده‌یه‌ك بووه گه‌شه‌ی به ئاماده‌ییه سروشتییه‌كانی مرۆڤ نه‌داوه و زیاتر كاری بۆ ئه‌وه كردووه منداڵ بۆ ئێستا/ الحاضر په‌روه‌رده بكرێت و ئایندهی به‌لاوه گرنگ نه‌بووه. ئه‌مه له كاتێكدایه پێویسته ئاراسته‌ی په‌روه‌رده، به‌ره‌و ئاینده بێت و كۆی ڕه‌گه‌زی مرۆڤایه‌تی بگرێته‌وه. ڕه‌نگه ئه‌م دیده كانتییه كه په‌روه‌رده ده‌به‌ستێته‌وه به ئاینده‌وه، هه‌مان ئه‌و دیده‌بێت كه له پرۆگرامه مۆدێرنه‌كاندا ده‌یدۆزینه‌وه و تێیدا په‌روه‌رده و خوێندن، به ئاسۆكانی ئاینده‌وه ده‌به‌سترێنه‌وه. ئه‌مه‌ش به‌و پێیه‌ی په‌روه‌رده، ئاماده‌كردن و پێكهێنانی قوتابییه، تاكو تێكه‌ڵ به ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ببێت و له ڕێگه‌ی توانا تایبه‌ته‌كانییه‌وه، بتوانێت خۆی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م گۆڕانكارییه‌كاندا بگونجێنێت.
قۆناغه‌كانی په‌روه‌رده لای كانت
كانت په‌روه‌رده بۆ سێ قۆناغی گرنگ دابه‌ش ده‌كات:
په‌روه‌رده‌ی جه‌سته‌یی/ البدنیة
كانت جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه په‌روه‌رده‌ی جه‌سته‌یی، گرنگترین و پێویستترین قۆناغه له په‌روه‌رده‌ی منداڵدا. ئه‌م ئه‌ركه‌ش ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی دایك و باوك و به‌خێوكار/ المربی. كانت داوا ده‌كات منداڵ كه له دایكده‌بێت، به شیری دایكی به‌خێوبكرێت. چونكه شیری دایك هه‌مو ئه‌و شتانه‌ی تێدایه كه جه‌سته‌ی منداڵه‌كه بۆ گه‌شه‌كردنێكی باش، پێویستی پێیه‌تی. جگه له‌وه، كانت داوا ده‌كات مه‌ی و به‌هارات و خواردنه‌وه‌ی زۆر گه‌رم، نه‌درێت به منداڵ، چونكه زیان به‌ته‌ندروستی منداڵه‌كه ده‌گه‌یه‌نێت. ده‌توانین ئه‌مه‌شی بۆ زیاد بكه‌ین، نابێت منداڵ زیاد له پێویست، گه‌رم داپۆشرێت، نابێت قومات بكرێت و ڕابژه‌نرێت، چونكه ده‌رئه‌نجامی خراپی له‌سه‌ر جه‌سته‌ی منداڵه‌كه ده‌بێت. كانت له مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگ ئاگادارمان ده‌كاته‌وه، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتنی نێوان كانت و خانمی توێژه‌ری ده‌رونشیكاری “میلانی كلاین”ه، ئه‌و دوانه، هه‌ردوكیان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، منداڵ هه‌ر كه گریا، نابێت بچیت به‌لایه‌وه یان بایه‌خی پێبده‌یت.
ئه‌گه‌رچی كانت باس له‌و نائومێدییه ناكات كه منداڵ له ڕێگه‌ی خواست و ئاره‌زووه‌كانییه‌وه، بۆ تێگه‌شتنی له واقیع، ده‌یانگرێته‌به‌ر. وه‌ك ئه‌وه‌ی لای میلانی كلاین ده‌یبینین. به‌ڵام هه‌ردووكیان له‌و خاڵه‌دا پێكده‌گه‌ن و هاوڕان كه نابێت گرنگییه‌كی موباله‌غه پێكراو، به منداڵ بدرێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا كانت ده‌ڵێت: منداڵ هه‌ر كه هاواری كرد، زۆر خراپه یه‌كسه‌ر بۆ ژیركردنه‌وه‌ی ڕاكه‌یت بۆ لای. یه‌كه‌م خراپبوونی منداڵ لێره‌وه ده‌ست پێده‌كات، چونكه كاتێك منداڵ له‌وه تێده‌گات له‌گه‌ڵ گریان و هاواركردنی، هه‌موان به‌ڕاكردن دێن بۆ لای، ئیدی له‌سه‌ر ئه‌وه ڕادێت ژماره‌ی گریان و هاوركردنهكانی دووباره بكاته‌وه و زیادیان بكات. جگه له‌وانه‌ی خرانه‌ڕوو، كانت داوا ده‌كات لێگه‌ڕێین منداڵ به شێوه‌یه‌كی ئازادنه یاری بكات، به‌ڵام پێویسته ئاراسته‌ی یارییه‌كی بكه‌ین كه توانا هه‌ستی و عه‌قڵییه‌كانی گه‌شه پێده‌دات، وه‌ك مه‌له‌كردن و ڕم هه‌ڵدان و ڕاكردن و زۆرانبازی.
په‌روه‌رده‌ی عه‌قڵی
كانت له چوارچێوه‌ی ئه‌م په‌روه‌رده‌یه‌دا، دوو جۆر له په‌روه‌رده له‌یه‌كتر جیاده‌كاته‌وه كه بریتین له: په‌روه‌رده‌ی ماددی یان سروشتی بۆ هزر و په‌روه‌رده‌ی ئه‌خلاقی. په‌روه‌رده‌ی یه‌كه‌میان په‌یوه‌ندی به سروشتی مرۆڤه‌وه هه‌یه، په‌روه‌رده‌ی دووه‌میان له‌سه‌ر ئازادی ئیراده راوه‌ستاوه. ئه‌م جیاكارییه له تێڕوانی كانت دا، بۆ سروشتی مرۆڤ ده‌گه‌ڕێته‌وه. ده‌كرێت كه‌سێك هه‌بێت خاوه‌نی كۆمه‌ڵێ مه‌عریفه‌ی جیاواز جیاواز بێت، به‌ڵام له ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه كه‌سێكی خراپ بێت. ئه‌م تێڕوانینه كانت-ییه، دژی تێڕوانینی سوقراته بۆ مه‌سه‌له‌ی فه‌زیله‌ت. ئاخر سوقرات پێیوابوو، ئه‌وه‌ی وا ده‌كات مرۆڤ كاری خراپ ئه‌نجام بدات، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی ڕۆشنبیریی كه مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت به فه‌زیله‌ت. هه‌رچی كانت-ه، ئه‌وا مه‌عریفه و فه‌زیله‌ت له‌یه‌كتر جیاده‌كاته‌وه، یان به شێوه‌یه‌كی وردتر سنوری مه‌عریفه و سنوری ئه‌خلاق له‌یه‌كتر جیاده‌كاته‌وه. مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی بوونه‌وه‌رێكی ئه‌خلاقی بێت، ئه‌وه‌نده به‌س نییه خاوه‌نی ڕۆشنبیری و مه‌عریفه بێت. به‌ڵكو پێویسته له‌ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه په‌روه‌رده كرابێت كه له قۆناغێكی زووی منداڵییه‌وه ده‌ست پێده‌كات.
كانت جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه په‌روه‌رده‌ی عه‌قڵی، ناتونێت ئامانجه‌كانی به‌دیبهێنێت، ئه‌گه‌ر پشت به‌م سێ پێكهاته‌یه نه‌به‌ستێت:
هه‌سته‌كان: كانت لایه‌نێكی باشی ته‌رخانكردووه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ڕۆڵی په‌روه‌رده‌ی هه‌ستی، له گه‌شه‌ی عه‌قڵی لای منداڵ. كانت جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات پێویسته مه‌شق و ڕاهێنان به هه‌سته‌كان و به‌هێزكردنیان بكرێت، ئه‌مه‌ش له میانه‌ی ئه‌و یاریانه‌وه ده‌بێت كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر توانا هه‌ستییه‌كان هه‌یه.
خه‌یاڵ: كانت داوا ده‌كات پێویسته گه‌شه به خه‌یاڵی منداڵ بدرێت، به‌ڵام له میانه‌ی چیرۆكی خورافییه‌وه نا كه ترس له دڵی منداڵدا ده‌چێنێت. به‌ڵكو له میانه‌ی بابه‌تی ڕاسته‌قینه‌وه كه پشت به وههم و خورافات نابه‌ستێت. باشترین ڕێگا بۆ گه‌شه‌كردنی خه‌یاڵ لای منداڵ، بریتییه له فێربوون به‌هۆی نه‌خشه‌كانی جوگرافیاوه. ده‌كرێت وێنه‌ی ئاژه‌ڵه‌كان و ڕووه‌كه‌كان بۆ وانه‌ی جوگرافیا زیاد بكرێت، چونكه ئه‌وانه توانایه‌كی باشیان هه‌یه بۆ گه‌شه‌پێدانی تونای عه‌قڵی لای منداڵ.
یاده‌وه‌ری: كانت پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه پێویسته، له ته‌مه‌نێكی زووه‌وه و له میانه‌ی كۆمه‌ڵێ ئامرازه‌وه، وه‌ك ده‌رخكردنی ناوی ناو چیرۆكه‌كان و له ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه و نووسینه‌وه، یاده‌وه‌ری به‌هێز بكرێت. هه‌روه‌ها ده‌كرێت یاده‌وه‌ری له ڕێگه‌ی فێربوونی زمان و گفتوگۆ و قسه‌كردنه‌وه، به‌هێزبكرێت.
په‌روه‌رده‌ی ئه‌خلاق
كانت پێیوایه په‌روه‌رده‌ی ئه‌خلاق، ڕه‌گه‌زه هه‌ره جه‌وهه‌رییه‌كه‌یه له په‌روه‌رده‌ی مرۆڤدا. چونكه ئامانجی مرۆڤ، وه‌ك ئه‌وه‌ی كانت وێنای ده‌كات، بریتییه له كه‌ماڵی ئه‌خلاقی/ الكمال الاخلاقی. كانت زۆر به تووندی دژی ئه‌و شێوازه‌ی په‌روه‌رده‌یه كه له‌سه‌ر پاداشت و سزا ڕاده‌وه‌ستێت. هۆكاری ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر منداڵێك كارێكی خراپی كرد و سزامان دا و كارێكی باشی ئه‌نجامدا پاداشتمان كرد، ئه‌وا له‌و كاتانه‌دا كاری چاكه، ته‌نها وه‌ك كارێكی چاكه ئه‌نجام نادات، به‌ڵكو له پێناو وه‌رگرتنی ده‌ستكه‌وت و پاداشت ئه‌نجامی ده‌دات. كاری خراپه‌ش، له‌به‌ر ئه‌وه نییه خراپه، بۆیه ئه‌نجامی نادات، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه له سزاكه‌ی ده‌ترسێت.
كانت وایده‌بینێت ده‌كرێت هه‌ندێك له بنه‌ماكانی ئه‌خلاق، فێری منداڵ بكرێت كه له دوو جۆری سه‌ره‌كیدا ده‌رده‌كه‌وێت و بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه:
ئه‌ركی مرۆڤ له‌به‌رامبه‌ر خۆی
یه‌كه‌م ئه‌رك كه ده‌كرێت فێری منداڵ بكرێت، بریتییه له وتنی ڕاستی و درۆ نه‌كردن. چونكه ئه‌مه‌ی دواییان-درۆ- لای كانت، هیچ ئه‌خلاقێكی تێدا نییه. پاشان منداڵ فێری میانڕه‌وی بكرێت و فێر بكرێت هه‌ڵپه‌ی كه‌وتنه‌دوای چیژ و هه‌واو هه‌وه‌س نه‌بێت، وه‌ك خواردنه‌وه‌ی عاره‌ق. هه‌روه‌ها فێری ئه‌وه بكرێت هه‌ست به پێگه‌ی مرۆڤبوونی خۆی له كه‌سایه‌تییه‌كه‌یدا بكات، وه‌ك دووركه‌وتنه‌وه له گه‌نده‌ڵی و قێزه‌ونی، چونكه ئه‌وه لایه‌قی كه‌رامه‌تی مرۆڤ نییه.
ئه‌ركی مرۆڤ به‌رامبه‌ر ئه‌وانی دیكه
یه‌كه‌م بنه‌ما كه ده‌بێت فێری منداڵ بكرێت، بنه‌مای ڕێزگرتنه. چونكه منداڵ به بێ ڕێزگرتن له‌وانی دیكه، نابێت به بوونه‌وه‌رێكی ئه‌خلاقی. منداڵ له‌م ڕووه‌وه پێویسته، پابه‌ندی هه‌ندێك هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتار ببێت و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له ژیانیدا ده‌ركه‌وێت، وه‌ك ڕێزگرتن له خزم و كه‌سوكاری، ئهنجامنهدنی كاری توندوتیژی به‌رامبه‌ریان، ڕێزگرتنی له تایبه‌تمه‌ندی و مافه‌كانیان.
جگه له هه‌مو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌وه، ده‌رباره‌ی جۆره‌كانی په‌روه‌رده باسكران، كانت بنه‌مای دوو جۆری دیكه‌ی له په‌روه‌رده داناوه كه بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه: په‌روه‌رده‌ی ئاینی و په‌روه‌رده‌ی سێكسی.
په‌روه‌رده‌ی سێكسی
هیچ گومان له‌وه‌دا نییه كه ئه‌م جۆره په‌روه‌رده‌یه، بایه‌خێكی گه‌وره‌ی له ژیانی منداڵدا هه‌یه. به تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ی ته‌مه‌نی ده‌گاته قۆناغی باڵقبوون/ موراههقه كه تێیدا كۆمه‌ڵێ گۆڕانكاری بایه‌لۆژی و سایكۆلۆژی ڕووده‌دات. غه‌ریزه‌ی سێكس، به یه‌كێك له گرنگترین ئه‌و گۆڕانكارییه تازانه داده‌نرێت كه هه‌رزه‌كار سه‌رقاڵ ده‌كات. كه‌سی هه‌رزه‌كار له‌م قۆناغه‌دا، هه‌ڵده‌سێت به كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئامرازانه‌ی ئاره‌زووه سێكسییه‌كانی تێرده‌كه‌ن. كانت پێیوایه هیچ شتێك نییه وه‌ك ده‌ستپه‌ڕ، زیان به لاوازبوونی هزری مرۆڤ و جه‌سته‌ی بگه‌یه‌نێت. ده‌ستپه‌ڕ كارێكه پێچه‌وانه‌ی سروشته و زهره و زیانی گه‌وره به عه‌قڵ و جه‌سته ده‌گه‌یه‌نێت. له‌به‌ر ئه‌مه، پێویسته هه‌رزه‌كاره‌كان/ موراهیقهكان، به‌رده‌وام سه‌رقاڵی ئیش و چالاكی بن، تاكو ئه‌و وزه سێكسییه‌یان له‌و ڕێگایانه‌وه خاڵی بكه‌نه‌وه. كانت زۆر به پێویستی ده‌زانێت، به شێوه‌یه‌كی جدیی و گونجاو قسه له‌گه‌ڵ هه‌رزه‌كاره‌كاندا بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه خاوه‌نی رۆشنبیرییه‌كی سێكسی ته‌ندروست.
په‌روه‌رده‌ی ئاینی
په‌روه‌ده‌ی ئاینی یه‌كێكه له‌و كێشانه‌ی كانت بایه‌خی پێداوه، ئه‌م كێشه‌یه ده‌كرێت له‌م پرسیاره سه‌ره‌كییه‌دا بخرێته‌ڕوو: ئایا ده‌بێت منداڵ له ته‌مه‌نێكی زووه‌وه، فێری چه‌مكه ئاینییه‌كان بكرێت؟
گومان له‌وه‌دا نییه كانت، یه‌كێكه له گرنگترین فه‌یله‌سوفه‌كانی ڕۆشنگه‌ری كه بایه‌خیان به بابه‌تی ئاین داوه، چونكه ئاین به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ هه‌یه و به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی منداڵ هه‌یه. كانت زۆر به توندی، دژی ئه‌و شێوازه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئاین بوو كه له سه‌رده‌مه‌كه‌یدا باو بووه. به‌تایبه‌ت په‌روه‌رده‌ی ئاینی مه‌سیحی كه بۆ ناسینی خودا، منداڵی فێری سروت و ڕێوڕه‌سمه ئاینییه‌كان ده‌كرد. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه، كانت پێیوایه ناسینی خودا، له میانه‌ی جێبه‌جێكردنی سروته ئاینییه‌كانه‌وه نابێت كه ترس و تۆقاندن له دڵی منداڵدا ده‌چێنن. به‌ڵكو ناسینی خودا، له میانه‌ی تێڕامانه‌وه ده‌بێت له سروشتی مرۆڤایه‌تی. له میانه‌ی ئه‌م تێڕامانه‌وه، به بوونی یه‌زدان له ناوه‌وه‌ی خۆماندا ئاشناده‌بین. كانت پێیوایه باشترین ئامراز بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی چه‌مكی یه‌زدان لای منداڵ، ئه‌وه‌یه به‌راوردی بكه‌ین به باوك كه هه‌موان ده‌پارێزێت و چاودێریمان ده‌كات. ئا لێره‌وه، ئه‌وه فێری منداڵ ده‌كه‌ین كه ئاینی ڕاسته‌قینه، ئه‌و ئاینه‌یه بێ جیاوزی سه‌یری هه‌مو خه‌ڵك ده‌كات و هه‌موان له مرۆڤایه‌تیدا برای یه‌كن، بێ ئه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕیان له‌به‌رچاو بگیرێت. له‌سه‌ر ئێمه پێویسته به‌رامبه‌ر ئه‌وانی دیكه لێبورده‌بین و ڕێزیان بگرین. به پێی تێڕوانینی كانت، جه‌وهه‌ری ئاین، له‌سه‌ر ئه‌رك/الواجب دامه‌زراوه، ئه‌وه‌ش ئه‌و یاسا ئه‌خلاقییه‌یه كه له ناوه‌وه‌ماندا تهبعبووه.
سه‌رچاوه: الحوار المتمدن، نووسینی: محسن وحی، ژماره 6726، 7/ 11/ 2020