شیعری کلاسیکی کوردی و تابووشکێنی
,

چاپی دووەمی کتێبی
شیعری کلاسیکی کوردی و تابووشکێنی
ڕانانی: ئیدریس

کتێبە باش و کاریگەرەکان هەر زوو خوێنەری خۆیان پەیدا دەکەن و خواستی زیاتریان دەچێتە سەر، کتێبە باشەکان زۆریش پێویستییان بە ڕیکلام و بازاڕدروستکردن نییە بە دەنگی بەرز، بەڵکو خۆیان بە هێمنی دەچنە سەر ڕەفەی کتێبخانەی ماڵەکان و بێدەنگ و ئارام دەخوێنرێنەوە و ناوبانگیان دەماودەم دەڕوات، بێگومان کتێبی (شیعری کلاسیکی کوردی وتابووشکێنی) لە جۆری ئەو کتێانەیە زوو خوێنرایەوە و چاپی یەکەمی لە کتێبفرۆشییەکاندا نەما، هاوکات خواستی خوێنەر و گرنگیی کتێبەکە وەهای کرد کە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بیر لە چاپی دووەمی بکاتەوە و بە کوالێتێکی جوانتر و باشترەوە بیخاتەوە بەر دیدەی خوێنەران و کتێبخانەی کوردی.
ئەم کتێبە بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی قووڵ و فرەڕەهەند سەبارەت بە بابەتیکی هەستیار و دەست بۆ نەبراوی وەک تابووشکێنی لە شیعری کلاسیکی کوردیدا، نووسەر و مامۆستای زانکۆ (د.بوشرا کەسنەزانی) نووسیویەتی و لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، بە شێوەیەکی جوان و دیزاینێکی هونەریانە، چاپی دووەمی کراوەتەوە.
د. بوشرا کەسنەزانی، بۆ ئەم لێکۆڵینەوە ئەدەبییە پشتئەستوور بە میتۆد و بنەما زانستی و ئەکادیمییە، جگە لە مەعریفە و تێگەیشتنە قووڵ و ئاستە ڕۆشنبیرییەکەی خۆی، پشتی بە چەندین سەرچاوەی گرنگی جۆراوجۆر بەستووە، لە ڕاستیدا ئەوەی وا دەکات تا هەنوکەش لێکۆڵینەوە و بابەتی ڕەخنەیی و هەڵسەندگاندن بۆ لایەن و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی شیعری کلاسیکی بکرێت، ئەگەر لە لایەکەوە پێگە و ئاستی خودی شیعری کلاسیکی بێت، ئەوا لە لایەکی دیکەوە بۆ ڕەوتی بەرەوپێشچوونی دیدی ڕەخنەیی و هەڵسەنگاندنی بەرهەمی ئەدەبی دەگەڕێتەوە لە لایەن ڕەخنەگران و شرۆڤەکارانەوە بە دونیابینییەکەی نوێ و سەردەمیانە، بێگومان خاتو بوشرا یەک لەو دەنگە جدیانەیە کە خاوەن دید و سەرنجی سەربەخۆی خۆیەتی بۆ ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمی ئەدەبیی هەم کلاسیک و هەم مۆدێرنیش، بە شیعر و چیرۆکەوە، بێگومان لەم بارەوە وەک هەوڵی تاکەکەسی خۆی، خاوەنی چەندین لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و کتێبکی دانسقەیە لە بوارەکانی تێکست و شرۆڤەکاری ئەدەبیدا.
کتێبی (شیعری کلاسیکی کوردی و تابووشکێنی) بە شێوەیەکی دراماتیکی دابەش کراوە بەسەر چەندین بەشی سەرەکی و لە هەر بەشێکیشدا چەندین ناونیشانی لاوەکی بۆ سەرخستنی پڕۆژە ئەدەبییەکەی کە بریتییە لە لێکۆڵینەوە و گەیاندنی پەیام و ئامانجەکانی نێو لێکۆڵینەوە داناوە، لەوانە: فەزای ئەفرێنەری شیعری کلاسیک و چییەتی شیعری کلاسیک، تابوو و تابووشکێنی، سۆفیزم، تابووشکێنی شەریعەت.
لە دەستپێکی کتێبەکەیدا (د.بوشرا کەسنەزانی) خوێنەر لە بەردەم چەندین پرسیاری سەختدا ڕادەگرێت، کە وا لە خوێنەر دەکات تانوپۆی کتێبەکە بە دوای وەڵامەکانیدا بگەڕێت، خودی ئەو پرسایارانە بۆ ئەوە نین کە خوێنەر بگەیەنێت بە یەقینی وەڵامی تاک ڕەهەند و ڕەها، بەڵکو سەرەداون بۆ گەشتێکی قووڵتر بەنێو پانتاییە فراوانەکانی هزر و ئەندێشەدا، کە زۆر جار ئیمکانی ئەوە دروست دەبێت لە پاش هەر پرسیارێک لەو پرسیارانە، جارێکی دی پرسیاری گەورەتر و جەوهەری تر سەرهەڵبدەن.
پرسیاری گرنگ لە دەستپێکی ئەم لێکۆڵینەوە دەوڵەمەندەدا بریتییە لەوەی کە شیعر بۆچی هەیە؟ شاعیرەکان بۆ شیعر دەنووسن؟ بۆچی مرۆڤەکانی ناو مێژوو، بە ئەدەبیات و لە ناو ئەدەبیاتیشدا بە شیعرەوە سەرقاڵ بوون؟ توێژەر لە بەردەوامی پرسیارەکانیدا دەپرسێت: ئەو هێزە چییە وا دەکات شاعیرەکان لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکانەوە تا شارستانییەتە مەزنەکان، پێگەیەکی ئەفسووناوی نائاساییان هەبێت، لە لایەکەوە دەیانکاتە خاوەنی حیکمەت و کاهین و پێغەمبەرئاسا لێیان دەڕوانێت، لە لایەکی ترەوە وەکو جادووگەرێکی شووم، بەڵایەکی نەفرینی، بوونەوەرێکی نەخوازراو، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
بە لای نووسەری ئەم کتێبەوە، مرۆڤی سەدە دێرینەکان، شیعر وەک تەقس و سرووتی ڕۆحانی دەبینن و دەبێت بە بەشێکی دانەبڕاوی ڕۆحانییەت، یان شاعیر دەبێتە کەسێکی هەم نامۆ، هەم جێگەی ترس و ڕێز، لەم لێکۆڵینەوەدا پرسیارە سەرەکییەکە بە نەفەسێکی بڵندتر دووبارە دەبێتەوە، بۆچی مرۆڤ شیعری نووسی، ئایا خۆمژوڵکردن و کات پڕکردنەوە بوو، یا کەناڵی دەرخستنی پرسیارەکانی بوو، یاخود شوێنی چاندنی سۆز و ئازار و برین و شادییەکان بوو؟ بە بۆچوونی بوشرا کەسنەزانی، مرۆڤ لە دێرزەمانەوە پرسیار و خەون و ئازاری هەیە و دەیەوێت گوزارشتی لێ بکات، بۆیە شیعر دەبێتە مەڵبەندی گێڕانەوەی سەرتاپاگیریی هەستە ڕاستەقینەکانی شاعیر و باوەڕەکەی.
لە بەشی یەکەمی لێکۆڵینەوەکەیدا، لە بارەی خوێندنی حوجرەوە، بوشرا کەسنەزانی باس لەوە دەکات کە لە بەرکەوتن لەگەڵ ئەدەبی کلاسیکدا، باس لە ژیانی شاعیر دەکرێت و شیعر بە ڕۆشنبیری دینی و خوێندنی حوجرەوە گرێ دەدرێتەوە، ئەمە جۆرێک لە کەمگرتن و بچووککردنەوەی کۆی ئەو فەزایەیە کە بۆ ماوەی چەند سەدە لە برەودا بوو، لە چوارچێوەی مێژوو و شەریعەتدا، سەرقاڵی بەرهەمهێنانی مانای مرۆڤناسی و کەونناسی بوو، هاوکات ڕەهەندێکی فەلسەفی و عیرفانی هەبووە، بۆیە بە بۆچوونی لێکۆڵیار و نووسەر بوشرا کەسنەزانی، بۆ تێگەیشتن لە شیعری کلاسیک، دەبێ بەر ئەو فەزا و زەمینەیە بکەوین کە ئەدەبەکەی لە ئاستی کۆدا تێدا بەرهەمهاتووە، لە بناغەی بیرکردنەوە و شوناسی ئەو هونەرە تێبگەین، کە هەموو نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی پێکەوە گرێ داوە.
نووسەری ئەم کتێبە دوو بۆچوونی جیاوازی عەلائەدین سەجادی باس دەکات لە بارەی خوێندنی حوجرەوە و دەڵێت: ئەو سەردەمە خوێندن لە بەینی دوو تیرەدا بووە، تیرەیەکیان پێیان وتوون مەلا، ئەمانە بەتایبەت هەر خەریکی علومی دینی و ئەو شتانە کە ئاشنابوون بە علومی عەرەبییەوە وەک: ئوسوڵ، بەلاغە، مەنتیق، فەلەکیات، سەرف.
تیرەیەکی تر هەبووە پێیان وتوون میرزا، ئەمانە بەتایبەتی دەستیان دەکرد بە فارسیخوێندن و ڕێکخستنی کاغەزنووسین و خەتخۆشی، بۆ پشتیوانی ئەمانە هەندێکیان عەرەبیشیان دەخوێند، ئەم تیرە لە دیوەخانی پیاوماقووڵ و بەگزادەکاندا ڕادەگیران و بەراتیان دەدرایە بۆ نووسینی کاغەز و ئیشوکاری ڕەسمی.
لە بەشێکی دیکەدا بە ناوی (شاعیرانی فارسینووس) بوشرا کەسنەزانی باس لەوە دەکات کە مێژووی ئەدەبی کوردی پڕە لە حەسرەت و ئاههەڵکێشان بۆ ئەدەبیاتێکی فارسی و عەرەبی، کە کورد نووسیونی و هەرگیز ناوی کورد نەهاتووە، ئەم مێژووە لە نێوان هەستی سانازیکردن بە کوردایەتی و هەستی خۆبەکەمزانیندا گیرۆدەیە، لە لایەکەوە بۆ نیشاندانی فەخری نەتەوەیی، دەیان و سەتان پەڕە پڕ دەکەنەوە بە کەسایەتی هونەری، ئەدەبی، سیاسی و ئایینی، کە ئەمانە کورد بوون، بەڵام بە کوردی نەیاننووسیوە یا کوردبوونیان زەق نەبووە.
هەر لەم بەشەدا نووسەر نموونەی چەندین کەسایەتیی جۆراوجۆری مێژوویی دێنێتەوە کە کورد بوون و داهێنەر بوون و بوونەتە جێی شانازی عەرەب و کورد هیچ بەهرەیەکی لێ نەدیون و دەڵێت: هەر دوور نەڕۆین لەم چەند چەرخەی دواییدا کەسانی وەک مەلا عەبدووڵڵای بێتووشی و ئیبنولحاجب و ئەبوبەکری موسەنیف و مەلا جامی و سەتان کوردی وا هەڵکەوتوون، کە بوونەتە مایەی شانازیی عەرەب و پێشڕەوی موسڵمانان بوون، هەر لەم چەرخی بیستەمەدا سەتان کەسی وەک زەرقلی خێوەی کتبوی ئەعلام، ئەحمەد شەوقی کە نازناوی ئەمیروشوعەرای عەرەبزوانانی پێ درا، ڕەسافی شاعیری عەرەب، کە کۆتەڵی لە بەغدا بۆ چەقاوە، مێژوونووس محەمەد کورد عەلی، عەباس مەحموود عەقاد، کە بە مامۆستای بێهاوتای وێژەی تازەی عەرەبزمانان ناسراوە، چیرۆکنووسانی بەناوبانگ لە میسر و دنیای عەرەبدا، مەحموود تەیموور و عائیشە تەیموور کە کورد بوون و بوونە جێی شانازیی عەرەب.
سەرباری ئەمانەش بە لای نووسەری ئەم کتێبەوە بابەتەکە کوردبوون نییە، بەڵکو چییەتی بەرهەم و مەکانەی کورد لە ڕابردوودا گرنگە، کە بە بڕوای ئەو نەبووە و لەو بڕوایەشدا نییە کە پێویست بکات بە هەڵبەستنی مێژوو، خۆمان فریو بدەین و دەڵێت: چ کاتێک زمانی فەرمیی نێو میر و پاشاکانی ئێمە کوردی بووە، تاوەکو شاعیرانمان بە کوردی نووسیبێتیان، خۆ ئەگەر باسی ئەدەبی میللی بکەین، ئەوە ڕەوتێکی جیایە.
لە بەشێکی دیکەدا بە ناوی (ئەدەبی پێشین و دووبارە خوێندنەوە) بوشرا کەسنەزانی بە دیدێکی ڕەخنەییەوە لەو بابەتانە دەدوێت کە پێشتر لەسەر شیعری کلاسیکی کوردی نووسراون، ئەو دەڵێت: بەر لە باسکردنی شیعری کلاسیکی کوردی، پێم باشە لە بارەی گوتاری ڕەخنەی نووسەرانی پێش خۆمەوە، لە بارەی ئەدەبی کلاسیکەوە بدوێم و دواتر خودی شیعری کلاسیک وەک ئەوەی هەیە نیشان بدەم، چونکە بەشێکی دیاری نووسەرانی ئێمە خوێندنەوەیان بۆ ئەدەبی کۆن، قازییانە و حوکمدەرانەیە، بە حوکمی ئێستا ویستی خۆیان بۆ ئەدەبی نوێی نزیک فۆلکلۆر، ئەدەبی کۆن دادگایی دەکەن.
بە ڕای لێکۆڵیاری ئەم لێکۆڵینەوەیە، ئەدەبی کلاسیک ئەدەبێکە بەردەوام و پاش تێپەڕینی زەمەنیش، هەڵگری مانای قووڵی خۆیەتی، لە چەند جار خوێندەوەیدا بەر مانا شاراوەکانی دەکەوین، ئەم جۆرە لە ئەدەب، وەک هەر ئەدەبێکی تر، خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، دەبێت لە چوارچێوەی خۆیدا لێکۆڵینەوەی لە بارەوە بکەین، ماناکانی بەراورد بە خودی ئەدەبیاتەکە شی بکەینەوە، نەک ئەدەبی نوێ! بۆ ئەمەش پێم وایە شاعیر بەر ڕۆشنبیرییە جوداکان کەوتووە و دواجار شیعرەکانی بەرهەمهاتووی ئەو جیهانەن، کە شاعیر لە منداڵییەوە تا تەمەنی کامڵی پێیدا تێپەڕیوە، ئەمە خاڵی بنەڕەتە بۆ دروستبوونی گوتاری شاعیرانی کلاسیک، ئەو جیهانەش بە سوختەیی دەستی پێ دەکرد لەناو خوێندنێکدا کە لە چوارچێوەی مزگەوتەوەیە، بەڵام زۆر جار بە لادان لەو چوارچێوەیە، وێنای ئیسلام بۆ ژیانکردن کۆتایی دەهات.
بە گشتی ئەم کتێبە هەوڵ دەدات وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار بداتەوە کە لە بارەی شیعرەوە دەکرێن، بەتایبەت شیعری کلاسکی کوردی و دەپرسێت: شاعیران بۆ شیعریان نووسی؟ بۆچی شیعری کلاسیک درەنگ هاتە ئاراوە؟ ئێمە بۆ ئێستاش شیعری کلاسیک دەخوێنینەوە؟ ڕۆحیەتی شیعری کلاسیک چییە؟ بۆچی بە خەرمانەیەکی پیرۆزی دەورە دراوە و لەگەڵ خوێندنەوەی غەزەلی کلاسیکدا، هەست بە کەشێکی دینی و ڕۆحیی دەکەین؟ بۆچی چاوەڕوانیمان لە شیعری کلاسیک وەک چاوەڕوانیمانە لە حەکیمێکی پابەندبوو؟ بەهۆی گرانیی زمانەکەوەیە، کە لە ئێستادا بۆ ئێمە ماناکان لەناو تەمومژی خۆیاندا دەمێننەوە و هاوکات لەگەڵ دەربڕینە بارگاوی بە دینی و فەلسەفییەکاندا، بەردەوام ترسی تێنەگەیشتن و ڕێزی پیرۆزییەکەی دەگرین؟ ئایا ئەم شاعیرانە مەلا لە خوداترسەکەی سەر سەجادەن، یا ئێمە دەتوانین وەک مرۆڤ، هەر لە ڕێگەی زمانەکەی خۆیانەوە ڕووە ئینسانییەکانی تریان ببینین، ئەو ڕووەی کە لە تاریکی و پەناوپاساری قەدەغەکاندا شاراونەتەوە؟

ناردن: