داریوش شایگان؛ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ی ئێران
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
یه‌ك ڕۆشنبیری عه‌ره‌ب و موسڵمان ناناسم، هێنده‌ی داریوشی شایگان، سه‌رقاڵی مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندی نێوان كه‌لتور و مۆدێرنه بێت. ئه‌و به درێژایی په‌نجا ساڵی به‌رده‌وام، واته تاكو ساته‌وه‌ختی مردنی له ساڵی 2018، خه‌ریكی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بووه و هه‌مو كاتی خۆی بۆ ته‌رخانكردووه و له دوای خۆیه‌وه، چه‌ندین كتێبی به‌جێهێشتووه كه وه‌ك سه‌رچاوه په‌نایان بۆ ده‌برێت.
لێره‌دا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌ڵێم: خۆشبه‌ختانه فیكر به مردنی خاوه‌نه‌كه‌ی نامرێت، به‌ڵكو له دوای خاوه‌نه‌كه‌ی، به زیندوویی و دره‌وشاوه‌یی ده‌مێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر فكرێكی ڕاسته‌قینه بێت و تیشك بخاته سه‌ر كێشه و گرفته سه‌خت و ئاڵۆزه‌كان. مادام ڕۆشنبیر دوای خۆی، كاری گه‌وره و نه‌مر به‌جێده‌هێڵێت و رێگای نه‌وه‌كانی داهاتوو ڕووناك ده‌كاته‌وه، ئه‌وا نامرێت. به‌م مانایه، ڕۆشنبیری گه‌وره، له‌گه‌ڵ ئێمه و له نێوماندا ده‌ژی و له‌گه‌ڵماندا ده‌بێت. هێنده به‌سه كتێبه‌كانی بكه‌ینه‌وه، تاكو گوێمان له ده‌نگی بێت و سود له ڕووناكییه‌كانی و ڕێنماییه‌كانی وه‌ربگرین. له واقیعدا دوای مردنی ڕۆشنبیر، ئا ئه‌مه تاقه سوكناییه بۆمان ده‌مێنێته‌وه. ئایا ئیبن سینا مردووه؟ ئایا معه‌ری مردووه؟ ئایا موته‌نه‌بی مردووه؟ ئه‌ی مه‌رگ كوا سه‌ركه‌وتنی تۆ له كوێدایه؟ بلیمه‌ته‌كان نامرن!
هه‌نووكه با ئاماژه به هه‌ندێك له كتێیهكانی داریوشی شایگان بده‌ین، له‌وانه كتێبی: ” شۆرشی ئاینی چییه؟ ما الثوره الدینیة؟”، له‌وێدا ڕه‌خنه له به ئایدۆلۆژیاكردنی ئاین ده‌گرێت، دوای شۆرشی ئوسوڵی خومه‌ینی ساڵی 1979. لێره‌دا مه‌به‌ست له به ئایدۆلۆژیكردن، بریتییه له داماڵینی پیرۆزی له ئاین و گۆڕینی ئاینه بۆ ئایدۆلۆژیایه‌كی سیاسی كه له‌سه‌ر ئاستی میللی، زۆر سه‌ركه‌وتووه. یان ڕاستتر: ئایدۆلۆژیایه‌كی پۆپۆلیست و “هه‌ڵبژاردنی دیموكراسیانه”! وا دیاره ته‌نها بازرگانیكردن به ئاینه‌وه، پێده‌چێت زۆر كاریگه‌ر بێت و توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت به ملیۆنان خه‌ڵك بێنێته سه‌ر شه‌قامه‌كان. شێخێكی بچووك، هه‌ر خۆی به ته‌نها و به یه‌ك كه‌ڕه‌ت، یه‌كسانه به هه‌مو ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب.
پاشان كتێبی “دیدێكی پچڕا‌و. وڵاته سونه‌تییه‌كان له به‌رامبه‌ر مۆدێرنه‌دا”، له‌وێدا باس له دیارده‌ی له‌تبوونی سایكۆلۆژی یان شیزۆفیرینا ده‌كات كه ئێمه، كوڕوكاڵی جیهانی ئیسلامی، به ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنین. له‌لایه‌كه‌وه ده‌ستمان به كه‌لتووره‌وه گرتووه و له‌لایه‌كی دیكه‌وه، زۆر سه‌رسامین به مۆدێرنه‌ی خۆرئاوا. ئێمه له نێوان دوو جه‌مسه‌ردا، دێین و ده‌چین، كه‌وتووینه‌ته نێوان دوو شوێنی ناجێگیره‌وه، هێشتا نه كۆن كۆتایی پێهاتووه و مۆدێرنه‌ش جارێ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێناوه. هه‌ر بۆیه دڵه‌ڕاوكێ و ئازار و جێگیرنه‌بوونمان له‌سه‌ر “نه‌قیزه‌یه‌كی/ خازوق” دیاریكراو- ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینه شیاوبێت- ئا لێره‌وه دێت. ئێمه له قۆناغی گواستنه‌وه‌دا ده‌ژین، قۆناغێك پڕ پڕه له ژان و ئێش و ئازار.
لێره‌دا نابێت كتێبی چاوپێكه‌وتنه گهرموگوڕهكهیمان له‌بیربچێت كه تێیدا وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی یه‌كێك له توێژه‌ره‌كان ده‌داته‌وه، كتێبه‌كه ناونیشانێكی زۆر جوانی شاعیرانه‌ی هه‌یه: “له‌ژێر ئاسمانه‌كانی جیهاندا، تحت سماوات العالم”. هه‌روه‌ها نابێت كتێبه‌كه‌ی دیكه‌ی: “ڕووناكی له خۆرئاواوه دێت، النور یأتی من الغرب” له‌بیربكه‌ین. نابێت و نابێت و نابێت، فڵانه و فیساره كتێبی دیكه‌ی له‌بیربكه‌ین.
ئه‌گه‌ر داریوشی شایگان، دوای سه‌ركه‌وتنی تاریكستانی خومه‌ینی، ئێرانی به‌جێنه‌هێشتایه، ئه‌وا نه‌یده‌توانی ئه‌م هه‌مو شاكار و سه‌رچاوانه‌مان پێببه‌خشێت. ئاخر له‌و كه‌ش و هه‌وا خنكێنه‌ره‌ی پیاوانی ئاینی دا، چۆن ده‌كرێت ده‌م له فه‌لسه‌فه بده‌یت و به قووڵی و به ئازادی بیربكه‌یته‌وه؟! ئه‌گه‌ر له پاریس، پایته‌ختی شارستانییه‌ت و ڕۆشنگه‌ری، نهگیرسایهتهوه، ئه‌وا شتێكی لێ نه‌ده‌مایه‌وه شایه‌نی باسكردن بێت.
تیۆره بنچینه‌ییه‌كه‌ی داریوشی شایگان چییه؟ ده‌كرێت به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه كورتی بكه‌ینه‌وه: هه‌رچه‌نده خۆرئاوا دونیایه‌ك ناته‌واوی و هه‌ڵخلیسكان و لادانی ترسناكی هه‌یه، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، داریوشی شایگان له‌و بڕوایه‌دایه كه ڕووناكی- واته چاره‌سه‌ر و ڕزگاربوون- هه‌ر له لایه‌ن خۆرئاواوه دێت. بۆچی؟ چونكه خۆرئاوا، به پێچه‌وانه‌ی خۆرهه‌ڵاته‌وه، له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مدا، ڕۆشنگه‌رییه گه‌وره‌كه‌ی به‌خۆیه‌وه بینی. شایگان پێیوایه ئه‌و سه‌ده‌یه- سه‌ده‌ی هه‌ژده- له مێژووی كۆی مرۆڤایه‌تیدا، نه‌ك به ته‌نها له مێژووی ئه‌وروپای خۆرئاوا، وه‌رچه‌رخانێكی یهكلایكهرهوه بووه. مرۆڤ له‌و ڕۆژگاره زێڕینه‌ی ته‌مه‌نی شارستانییه‌تی مرۆڤایه‌تی، بۆ یه‌كه‌مجار ده‌ركی به مانای ئازادییه‌كه‌ی و مافه‌كانی كرد و هه‌وڵیدا ته‌پوتۆز له خۆی بتهكێنیت و له دوو وه‌صایه‌ی تاقه‌تپڕوكێنی سه‌ر سه‌ری ڕزگاری ببێت كه بریتین له‌مانه:
یه‌كه‌م وه‌صایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی سه‌ركوتكه‌ر و ترسناك، دووه‌م وه‌صایه‌ی پیرۆزی پیاوانی ئاینی كه ئه‌وانیش سهركوتكهربوون. له‌و سه‌رده‌مه‌دا مرۆڤ گه‌وره بوو، له ڕێگا لایدا، له قۆناغی ناته‌واوی شه‌رعییه‌وه، گواستییه‌وه بۆ قۆناغی ته‌مه‌نی باڵقبوون و تێگه‌یشتن، وه‌ك ئه‌وه‌ی كانت له پێناسه‌كردنی بۆ ڕۆشنگه‌ری ده‌یڵێت. كه‌واته زۆر به كورتی، مرۆڤ له وه‌صایه‌ی كاهینی مه‌سیحی ڕزگاری بوو، ئیدی خۆی بۆ خۆی بیریده‌كرده‌وه و ئازایه‌تی و بوێری ئه‌وه‌ی په‌یداكرد عه‌قڵی به‌كاربێنێت و بیخاته‌گه‌ڕ.
له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، شایگان، پێیوایه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی مرۆڤ بكرێته‌وه و گه‌شه بكات، بگره بۆ ئه‌وه‌ی خودی ڕۆحانییه‌تی ئاینی بكرێته‌وه، ئه‌وا پێویسته- وای چه‌ند موفاره‌قه‌یه‌كی گه‌وره‌یه- نابێت له كۆمه‌ڵگایه‌كی ئاینی خۆرهه‌ڵاتی بژی. به‌ڵكو ده‌بێت له كۆمه‌ڵگای خۆرئاوای عه‌لمانی و مۆدرێن بژی كه به ته‌واوه‌تی له لاهوت و پیاوانی كڵێسا ڕزگاری بووه. ده‌بێت له سایه‌ی پاراستنی ده‌وڵه‌تی یاسادا بژیت كه دژه به ده‌وڵه‌تی سه‌ركوتكه‌ر و سته‌مگه‌ر و هه‌ڕه‌مه‌كی. خۆ ئه‌گه‌ر بته‌وێت بنووسیت و داهێنان بكه‌یت، ئه‌وا پێویسته له ژێر سایه‌ی ده‌زگای عه‌قڵانی دیموكراسدا بژیت. ئه‌وه ئه‌و ده‌زگایانه‌ن كه له ده‌وڵه‌تانی خۆرئاوای پێشكه‌وتوو بوونیان هه‌یه و به‌ربڵاون، له وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكای باكور.
ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، به‌شی هه‌ره زۆری ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب و موسڵمان، خه‌وه‌ن به‌وه‌وه ده‌بینن كۆچ بۆ زانكۆكانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا بكه‌ن؛ چونكه له‌وێ ده‌توانن به‌و په‌ڕی ئازادییه‌وه، درێژه به توێژینه‌وه‌كانیان بده‌ن. ئه‌گه‌ر “فه‌زڵ ڕه‌حمان” به‌خێرایی پاكستانی به‌جێنه‌هێشتایه و له زانكۆی شیكاگۆ نهگیرسایهتهوه، ئایا بوێری ئه‌و نووسینانه‌ی ده‌بوو كه سه‌باره‌ت به كه‌لتوور نووسیونی؟ ئه‌گه‌ر “محه‌مه‌د ئه‌ركون” دوای ده‌رچوونی له زانكۆی سۆربۆن، له پاریس نه‌مایه‌ته‌وه و بگه‌ڕایه‌ته‌وه بۆ جه‌زائیر، ئایا بوێری ئه‌وه‌ی ده‌كرد گه‌وره‌ترین پرۆژه‌ی فیكری ئه‌م سه‌رده‌مه‌مان بخاته به‌رده‌ست: ڕه‌خنه له عه‌قڵی ئیسلامی؟ وشه‌ی ڕه‌خنه به مانا فه‌لسه‌فییه قووڵه‌كه‌ی، نه‌ك به مانای برینداركردن.
به‌م مانایه، داریوشی شایگان، له‌و بڕوایه‌دایه سه‌ركێشییه گه‌وره‌كه‌ی مۆدێرنه، وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی ڕزگاریخوازی گه‌وره وابوو، ئامانجی ڕزگاركردنی مرۆڤ بوو له هه‌مو فشاره كهلتوورییهكان كه نیشتبوونه سه‌ر دڵی. ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ی مۆدێرنه‌ش هه‌ر ئا لێره‌دایه. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه بیرمه‌ندی به‌ناوبانگی ئێران داریوشی شایگان، شتێكی ئاوا ده‌ڵێت: سه‌روه‌ختێك سه‌یری بارودۆخی جیهانی ئیسلامی ده‌كه‌ین، چی ده‌بینین؟ ده‌بینین پیاوانی ئاینی، تابێت زیاتر و زیاتر ده‌ستوه‌رده‌ده‌نه نێو ژیانی شه‌خسی تاكه كه‌سه‌وه و سه‌ركوتی ده‌كه‌ن. ئه‌وان چاودێری هه‌مو جووڵهیهكت و هه‌مو شوێنێكی نیشته‌جێبوونت ده‌كه‌ن. ئیدی فیكر چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك، ئا له‌م جۆره هه‌لومه‌رجه‌دا گه‌شه ده‌كات؟ چۆن ده‌توانێت داهێنان بێنێته ئاراوه؟ له‌به‌ر ئه‌وه ده‌ڵێین: بێ جیاكردنه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی نێوان ئاینداری ته‌قلیدی چه‌قبه‌ستوو، له‌گه‌ل مه‌عریفه‌ی فه‌لسه‌فی ڕه‌خنه‌گر، ئه‌وا ئێمه هه‌رگیز ناگه‌ین به كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد یان كۆمه‌ڵگایه‌كی ڕزگاربوو له ده‌ست ئه‌و سه‌له‌فییه‌ته‌ی به میرات ماوه‌ته‌وه، چ سونه بێت یان شیعه.
هه‌مو ئه‌وانه مانای ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌و چوار سه‌ده فه‌لسه‌فی و عه‌لمانییه نه‌بوایه، ئه‌وروپا نه‌یده‌توانی له سه‌ركوتی لاهوتی مه‌سیحی ڕزگاری ببێت و بگاته چه‌مك و تێگه‌شتنی تازه و عه‌لمانی بۆ ئازادی و دیموكراسی. ئه‌مه بووه‌ته شتگه‌لێكی به‌ڵگه‌نه‌ویست، به‌ڵام پێویسته ئاماژه‌یان پێبده‌ین و باسیان بكه‌ین.
كاتێك له شایگان ده‌پرسیت: ئایا دژایه‌تی نێوان خۆرئاوا و ئه‌وانی دیكه، تا ئێستاش باش و گونجاوه؟ وه‌ڵامت ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: له‌م سه‌رده‌می جیهانگیرییه گه‌ردونییه‌دا، هیچ مانایه‌كی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه. كورتهێنانی سه‌ره‌كی تیۆره‌كه‌ی ساموێل هانتنگتۆن سه‌باره‌ت به پێكدادانی شارستانییه‌ته‌كان، ئا لێره‌دایه. بۆچی ده‌ڵێین پێكدادانی شارستانییه‌ته‌كان ڕوونادات؟ چونكه له‌سه‌ر گۆی زه‌وی، چیتر شارستانییه‌تێكی پاك و بێگه‌رد نه‌ماوه. هه‌مومان بووین به تێكه‌ڵه، تێكه‌ڵه‌یه‌كی پێكهاتوو له كۆنی كه‌لتووری و مۆدێرنه‌ی ئه‌وروپی. چیتر بارستاییه‌ك نه‌ماوه له به‌رامبه‌ر بارستاییهكانی دیكه‌دا ڕاوه‌ستێت. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه مۆدێرنه‌ی خۆرئاوا، له میانه‌ی دوو سه‌ده‌ی ڕابردوودا، كۆی شارستانییه‌ته‌كانی مرۆڤایه‌تی كوناوده‌ر كردووه، له‌وانه‌ش شارستانییه‌تی ئیسلامی، چ عه‌ره‌بی یان فارسی یا توركی یا ئه‌فگانی پاكستانی… هتد.
لێره‌وه هه‌مومان له حاڵه‌تی تێكه‌ڵه‌یه‌كی شارستانیدا ده‌ژین، ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ین و كاریگه‌ری له‌سه‌ر یه‌كتر دروست ده‌كه‌ین. گرنگی كتێبه‌كه‌ی شایگان “هۆشیاری تێكه‌ل یان دووڕه‌گ /الوعی الخلیط أو الهجین” پاریس، 2012، ئا لێره‌وه‌یه. هه‌مو ئه‌وانه مانای چییه؟ مانای ئه‌وه‌یه هه‌ر هه‌مومان، له‌ناو یه‌ك شارستانی گه‌ردوونیدا ده‌ژین، چ خۆرهه‌ڵاتی بین یان خۆرئاوایی، چینی بین یان یابانی، ئێرانی بین یا عه‌ره‌ب یا فه‌ره‌نسی بین…هتد.
داریوشی شایگان له یه‌كێك له ددانپێنانهكانیدا ده‌ڵێت: “دوای به‌سه‌ربردنی ساڵانێكی زۆر له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، كاتێك گه‌ڕامه‌وه بۆ ئێران، تووشی سه‌رسوڕمان بووم. چونكه بینیم كتێبه‌كانم كه له فه‌ره‌نسییه‌وه كراون به فارسی، سه‌ركه‌وتنی باشیان به‌ده‌ستهێناوه، پێشوازی گه‌نجانی ئێران بۆ كتێبه‌كانم، سه‌رسامی كردم. ئیدی ئا له‌و كات و ساته‌دا، زانیم گه‌نجانی ئێران، به ڕاستی تامه‌زرۆی ده‌رچونن له فێنده‌مێنیتاڵیزمی خومه‌ینی و له تاریكی ئاینی. گه‌نجان كرانه‌وه‌یان به‌سه‌ر جیهاندا ده‌وێت، ده‌یانه‌وێت به‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌دا بكرێنه‌وه كه شارستانییه‌تی جیهانی به‌خشیوویه‌تی، به تایبه‌ت شارستانییه‌تی ئه‌وروپی و ئه‌مریكی”.
داوتر بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی ئێران، له‌سه‌ر قسه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: “پێتان سه‌یر نه‌بێت- له‌وانه‌یه شۆك-تان بكه‌م- ئه‌گه‌ر بڵێم ئێمه هه‌ر هه‌مومان بووین به خۆرئاوایی! به‌و مانایه‌ی مۆدێرنه‌ی خۆرئاوا، گه‌شتووه‌ته هه‌مو كه‌لتور و شارستانییه‌ته‌كانی دیكه، ڕۆ چووه‌ته ناویانه‌وه و گهشتوووهته قوڵاییه‌كانیان”. شایگان له‌سه‌ر قسه‌كانی به‌ده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: “من له قوڵایی ناخمدا، له ڕوی سۆز و هه‌سته‌وه، هه‌ست ده‌كه‌م خۆرهه‌ڵاتیم، هیچ گومان له‌وه‌دا نییه، له‌سه‌ر ئاستی شه‌خسی، هه‌ست و سۆزه‌كانم خۆرهه‌ڵاتییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تایبه‌ته به هۆشیاری فیكری و رۆحی و ڕه‌خنه‌ی فه‌لسه‌فی، هه‌ست ده‌كه‌م من فه‌ره‌نسیم یان ئه‌وروپیم یا خۆرئاوایم. من له سێ شوناسی یه‌ك له دوای یه‌ك دروست بووم كه ده‌كه‌ونه سه‌ر یه‌كتر، شوناسی فارسی، شوناسی ئیسلامی، شوناسی مۆدێرنه‌ی ئه‌وروپی. هه‌مو ئه‌مه‌ش هه‌ستی ئه‌وه‌م پێده‌به‌خشێت كه‌سایه‌تییه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندم هه‌یه و هیچ كێشه‌یه‌كی بۆ دروست نه‌كردووم، بگره به پێچه‌وانه‌وه”.
پاشان ئه‌م فه‌یله‌سوفه ناوداره‌ی ئێران ده‌ڵێت: “ئه‌وه بزانن كه شارستانییه‌تی خۆرئاوا، بووه‌ته به‌شێكی دانه‌بڕاو له شارستانیه‌تی گه‌ردوون و باڵی به‌سه‌ر كۆی گه‌لانی زه‌ویدا كێشاوه. زانست و فه‌لسه‌فه و ڕۆحی ڕه‌خنه و داهێنانه ته‌كنه‌لۆژییه‌كان، هه‌ر هه‌موی له بنچینه‌دا كه‌لوپه‌لی خۆرئاوان، به‌ڵام هه‌نارده‌ی سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان كراوه. لێره‌وه هه‌ر نه‌ته‌وه و قه‌ومێك، به پاساوی پاراستنی تایبه‌تمه‌ندی و ڕه‌سانایه‌تی، ڕۆشنگه‌ری فه‌لسه‌فی ڕه‌تبكاته‌وه، خۆی سزای خۆی ده‌دات، خۆی له قه‌پێلكی كه‌لتوری ده‌هێڵێته‌وه و له كاروانی شارستانییه‌ت و سه‌رده‌م دواده‌كه‌وێت. هه‌مو هه‌وڵێك بۆ دژایه‌تی كردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری، بریتییه له هه‌وڵێكی نه‌زۆك و ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌رده‌می تاریكی. ئێمه تا ڕاده‌یه‌ك بێ ئه‌وه‌ی به خۆمان بزانین، له ئاوی مۆدێرنه‌ی خۆرئاوامان خواردووه‌ته‌وه. ئه‌م شوناسه نوێیه كه له زانكۆكانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكاوه وه‌رمانگرتووه، تاقه شوناسی پڕ چه‌كی ڕه‌خنه‌یی و ڕۆحی فه‌لسه‌فه‌ی ئازاده”.
به‌ڵام داریوشی شایگان به هۆشیارییه‌وه ده‌ڵێت: “ڕاسته خۆرئاوا له‌م جیهانه‌دا باشترین شتی داهێناوه كه دیموكارسییه. واته چاره‌سه‌ركردنی ململانێكان له ڕێگه‌ی دانوستان و گفتوگۆوه، نه‌ك له ڕێگه‌ی توندوتیژی و لێدانه‌وه. ڕاسته خۆرئاوا ده‌وڵه‌تی قانون و ڕۆحی فه‌لسه‌فی و پێشكه‌وتنی زانستی و ته‌كنه‌لۆژی داهێناوه. به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه خراپترین شتیشی داهێناوه: ئه‌و ئیمپرالیزم و كۆیله‌كردن و تۆتالیتاری فاشیزم یان نازیزم و لادانه سێكسییهكانیشی داهێناوه. ئا لێره‌وه له‌وێ ده‌ست و بهریدهست، سپی و ڕه‌ش هه‌یه. شارستانیه‌تی خۆرئاوا لایه‌نی ئه‌رێنی ڕزگاریخوازی هه‌یه و لایه‌نی نه‌رێنی سه‌ركوتكردنیشی هه‌یه”.
سه‌روه‌ختێك ئه‌م پرسیاره‌ی خواره‌وه له شایگان ده‌كه‌یت: بۆچی جیهانی ئیسلامی ڕقی له خۆرئاوایه؟ ئاوا وه‌ڵامت ده‌داته‌وه: “ئه‌گه‌ر دیارده‌ی ئیمپریالیزم-مان خسته لاوه، ئه‌وا ئه‌م ڕقه، به‌رهه‌می شكستێكی مێژوویی گه‌وره‌ی جیهانی ئیسلامییه. جیهانی ئیسلامی هه‌ست به شه‌رمه‌زاری و ڕیسوایی و بێزارییه‌كی گه‌وره ده‌كات، به‌رامبه‌ر به خۆرئاوا كه سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره و مه‌زنی به‌ده‌ستهێناوه. ئه‌مه له كاتێكدایه، ئێمه له دوای دواوه‌ی نه‌ته‌وه و گه‌لانی دیكه ماوینه‌ته‌وه. موسڵمانی هاوچه‌رخ، ناتوانێت به‌رگه‌ی ئه‌م شته بگرێت. ئه‌و له دڵی خۆیدا ده‌ڵێت: من سه‌ر به دواهه‌مین ئاینی ئیبراهیمیم یان سه‌ر به دواهه‌مین ئاینی ئاسمانیم، من سه‌ر به‌و ئاینه‌م كه له ڕووی میتافیزیكی و ئه‌نتۆلۆژی و خوداییه‌وه، باڵاده‌ستتره به‌سه‌ر هه‌مو ئاینه‌كانی دیكه‌دا. ئیدی چۆن چۆنی ئه‌و خۆرئاواییه مه‌سیحییانه بۆڕی منیان داوه‌ته‌وه؟ ئه‌مه به‌لای كه‌سێكی عه‌ره‌بی یان موسڵمان، نه به‌رگه‌ی ده‌گرێت و نه پێی ههزمدهكرێت.
سه‌رچاوه
لشرق الاوسط، یه‌ك شه‌ممه، 6 شوبات، 2022