وتووێژ لەگەڵ ڕیچارد ڕۆرتی

و. ڕێبین هەردی
ڕ. ج: بەڕێز پرۆفیسۆر لە چواردەی ئۆکتۆبەری ١٩٣١ لە نیوێۆرک و لە خێزانێک کە مەیلی دژ بە ستالینیەتیان هەبوو، لەدایک بوون. ئایا فەزای چەپی خێزانەکەتان کاریگەری لەسەر ئەو بڕیارەتان هەبووە کە دەبێت فەلسەفە بخوێنن؟
ڕ. ڕ: لەڕاستیدا نەخێر. مەیلی من بۆ فەلسەفە دەرئەنجامی کاریگەری مامۆستایانی زانکۆم بوو. من ساڵی ١٩٤٦ چووم بۆ زانکۆی شیکاگۆ. لەوکاتەدا فەلسەفە لقێکی گرنگ بوو، و بە کردەوەش هەموو زەمینەکانی بە وانە دەگوترایەوە. فەلسەفە ئەوکاتە هێندە گرنگ بوو کە دەیانگووت گەر کەسێک فەلسەفە نەخوێنێت، کەموکوڕە. من بە پلەی پسپۆری پێشکەوتوو زانکۆی شیکاگۆم تەواو کرد، و بۆ خوێندنی دکتۆراش چووم بۆ زانکۆی بییل.

ڕ. ج: وابزانم لە شوێنێکدا خوێندمەوە لە زانکۆی شیکاگۆ ڕۆدۆلف کارناپ مامۆستاتان بووە. ئایا کارناپ سیمای سەرەکی ڕێنمایکەری ئێوەیە بۆ بواری فەلسەفەی زانست و ئەبستمۆلۆجیا؟
ڕ. ڕ: لەڕاستیدا کارناپ سیمای سەرەکی و کاریگەر بوو لە ناسینی مندا بۆ فەلسەفەی شیکاری. لەو کاتەدا (لە ساڵەکانی کۆتایی دەیەی ١٩٤٠دا و ساڵەکانی سەرەتای دەیەی ١٩٦٠) لە ئەمەریکادا بزوتنەوەیەکی تازە (لە فەلسەفەی شیکاریدا) سەرڕێ کەوت. کارناپ تاکە کەس بوو لە شیکاگۆ ئەو وانەیەی دەگوتەوە. خوێندکارەکانی هەموویان لە بەرجەستەترین کەسانی ئەم بزووتنەوەیە بوون کە ساڵانی دوایی لە فەلسەفەی ئەمەریکادا بەهێز بوو.

ڕ. ج: ئایا بە بڕوای ئێوە کارناپیش لە ئەمەریکا تێڕوانینەکانی قوتابخانەی ڤینای هەبوو؟.
ڕ. ڕ: بەڵێ. کارناپ ئەندامی گروپێک بیریاری بەرلین بوو، کە لەلایەن قوتابخانەی ڤێناوە قەبوڵکراو بوون. کارناپ لەو گروپەدا یەکێک بوو لە سیما بەرجەستەکان. نەوەیەک کۆچبەری ئەڵمانی وەک کارناپ هەبوو کە هێواش هێواش بوون بە سیمایەکی بەرجەستە و بەناوبانگی ئەمەریکا.

ڕ. ج: ئایا ئێوە لەژێر کاریگەری کارناپدا دەستان کرد بە خوێندنەوەی فینگشتاین؟
ڕ. ڕ: من بە هاندانی کارناپ دەستمکرد بە خوێندنەوەی کتێبی (تراکتاتۆس). بەڵام لەو کاتەدا تێی نەدەگەیشتم، و چەند ساڵ دوای ئەوە کتێبی (تێڕامانە فەلسەفیەکان)ی فینگشتاینم خوێندەوە کە بەبڕوای من کتێبێکی زۆر گرنگە و من لە کارە فەلسەفیەکانی خۆمدا زۆر سوودم لێوەرگرتووە.

ڕ. ج: فەلسەفەی ئێوە لەژێر کاریگەری جان دیویشدایە. لە چ کاتێکدا ئاشنای کارەکانی ئەو بوویت؟
ڕ. ڕ: کاتێک خوێندزان بووم دیویم خوێندەوە. ئەوکاتە من هاوڕێیەکم هەبوو بەناوی سیدنی هۆک کە ئاراستەی دژ بە ستالینیزمی هەبوو، و لە خوێندکارەکانی دیوی بوو. من لەڕێگەی سیدنی هۆکەوە ئاشنای هەندێک لە بیرەکانی دیویی بووم، بەڵام زۆر حەزم لێ نەدەکرد. ئەم چیرۆکە وا مایەوە تا تا ئەوکاتەی من لە تەمەنی سی ساڵیدا سەرنجمدا کە بیرکردنەوکانی جان دیویی تا چ ئەندازەیەک گرنگە.

ڕ. ج: ئایا بەبڕوای ئێوە دیویی لە بیرکردنەوەی ئەمەریکای ئەمڕۆدا جێگەیەکی هەیە؟
ڕ. ڕ: هەستدەکەم دیویی وەک مارکس، تیورەی مێژووگەری هیگڵی وەرگرت، بەڵام دیوی بە پێچەوانەی مارکسەوە کە لەبیری شۆڕش و گۆڕانکاری کۆمەڵگادا بوو، ریفۆرمیست و سوشیال دیموکرات بوو. ئەمڕۆ هەستدەکەم دیوی دەورێکی سەرنجڕاکێشی لە ئەوروپای خۆرهەڵاتدا هەیە. چونکە لەوێ فەیلەسوفەکان خوازیاری بیرێکن کەمتازۆر هاوشێوە و درێژەپێدەری بیرکردنەوەکانی مارکس بێت، بەڵام بە جەختکردن لەسەر ئاراستەی سوشیال دیموکرات.

ڕ. ج: ئێوە سەرەتا لە ١٩٥٢ تا ١٩٥٦ لە بییل نامەکەی خۆتان لەبارەی (چەمکی قابلیەتەوە) نووسی، بەڵام ئێستا خەریکی وانەگووتنەوەن لەبەشی ئەدەبیات لەزانکۆی ستانفۆرد. ئایا ئەمە بە مانای ئەوەیە ئەدەبیات لە فەلسەفە زیاتر سەرنجتان ڕادەکێشێ؟
ڕ. ڕ: نەخێر. ڕاستیەکەی ئەوەیە زوربەی بەشە فەلسەفیەکانی ئەمەریکا، بەگشتی خەریکی فەلسەفەی شیکاری بوون، و کەمتر سەرنجیان لە بەرهەمەکانی هیگڵ یان هایدگەر دەدا. لەبەرئەوە گەر ئێوە دەتانەوێت وانەی ئەمانە بڵێنەوە، ئاسانترە ئەمکارە لە دەرەوەی بەشەکانی فەلسەفە ئەنجام بدەن.

ڕ. ج: من دیسان لە شوێنێکدا خوێندمەوە کە گووتووتانە بەداخن کە مێژوونووس نین؟
ڕ. ڕ: نا، بەداخ نا. بەڵام بیردەکەمەوە فەلسەفەی مێژووگەری پاش هیگڵ، زۆر لە مێژووی بیرکردنەوەوە نزیک بۆتەوە. بەشێوەیەک کە دیاریکردنی جیاوازیەکانیان هەموو رۆژێک ئەستەمتر دەبێت. من هەستدەکەم کەسێکی وەک بلۆمبرگ لێرەدا حەزدەکات خۆی وەک مێژوونووس نەک فەیلەسوف بناسێنێت.

ڕ. ج: ئایا حەزتان دەکرد وەک ئیزایا بەرلین مێژووی فکر بخوێنن؟
ڕ. ڕ: بەڵێ. هەستدەکەم ئیزایا بەرلین هەڵبژاردنێکی درووستی کرد. ئیزایا بەرلین خۆی لە کۆتوبەندی فەلسەفەی شیکاری ڕزگار کرد کە لە دەیەکانی ١٩٣٠ و ١٩٤٠ لە ئۆکسفۆردا بەهێز بوو، و بی ئەنجامدانی کاری سەرنجڕاکێشتر ڕووی کردە بواری مێژووی فکر.

ڕ. چ: چ پاڵنەرێک ئێوەی بەرەو بیرکردنەوەی پراگماتیزمانە ڕاکێشا؟
ڕ. ڕ: بە بڕوای من پڕگماتیزم یەکێکە لە دەرکەوتەکانی نەیاری فەلسەفەی ئەفڵاتۆنی و دیکارتی. ویلیام جیمز و نیتچە هەردوکیان لە دەوری کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا، دژی پێشگریمانەکانی فەلسەفەی ئەکادمی دیکارت و کانت ڕاوەستان. نەریتی پڕاگماتزیم لە ئەمەریکا زۆر قەرزاری نیتچە و پاشان ڤینگشتاینی قۆناغی دوهەم، و هایدگەری قۆناغی یەکەمە. ڕەهەندی هاوبەشی نێوان ئەمانە ئەوەیە ئەوانیش ئەو فەیلەسوفانەیان پەسەند نەدەکرد کە ناومان هێنان. ئەوان ئەفڵاتۆن و دیکارتیان قەبوڵ نەبوو.

ڕ. ج: ئایا بڕواتان بەوە نیە پراگماتیزم دیاردەیەکی ئەنگلۆ ئەمەریکیە؟ وەک دەزانن پراگماتیزم لەنێوان فەیلەسوفانی ئەڵمانی و فەڕەنسی ئەوەندە بڵاو نەبۆوە؟
ڕ. ڕ: پراگماتیزم هەرگیز لە ئەوروپا خۆشەویست نەبوو. بەبڕوای من جێگەی داخە، بەڵام لە وڵاتە ئینگلیز زمانەکانیشدا، ئەوەندە بەهێز نەبوو. ئەم قوتابخانەیە هەم لە ئینگلتەرا بەتەواوی فەرامۆش کراوە، هەم لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا. لەئەمەریکاشدا پاش جەنگی جیهانی دووهەم بەتەواوی خرایە لاوە و فەلسەفەی شیکاری جێگەی گرتەوە. بەمشێوەیە ناکرێت بە وردی پرگماتیزم بە بزوتنەوەیەک دابنێین. بەڵکو تەنیا ناوێکە بۆ هەندێک دیدی فەلسەفی کە دەکرێت لە بەرهەم و نووسینەکانی جان دیویی و ویلیام جیمزدا بدۆزرێتەوە، بەڵام دەکرێت ئەم تێڕوانینانە لای هایدگەر و کەسانی دیش بدۆزرێتەوە.

ڕ. ج: ئایا ئەمڕۆ لە زانکۆکانی ئەمەریکادا جان دیووی و ویلیام جیمز دەخوێنرێن؟
ڕ. ڕ: نەک هێندە، هەندێکجار.

ڕ. ج: ئایا ئێوە خۆتان بە فەیلەسوفێکی پۆستمۆدێرن دەزانن؟
ڕ. ڕ: من هەرگیز تێنەگیشتم زاراوەی پۆستمۆدێرن بە چ مانایەکە. هەمووان من بە پۆستمۆدێرن دەزانن، بەڵام بەڕاستی من لەم زاراوەیە تێناگەم.

ڕ. ج: ئەمە زۆر سەرنجڕاکێشە. ئێوە خۆتان بە پۆستمۆدێرن نازانن، بەڵام لەبەرهەم و نوسینەکانتا لەگەڵ ئەو بۆچونەی فرانسوا لیوتارتدان کە دەڵێت حیکایەتە گەوەرەکان کۆتای هاتووە و حیکایەتە بچوکەکان جێگەی گرتۆتەوە.
ڕ. ڕ: ڕاست دەکەیت. من لەگەڵ ئەم ڕوانینەی لیوتاردا بووم، بەس هەستدەکەم هەڵەم کردووە. بیردەکەمەوە ئەو بۆچوونە ڕاست نیە. لە دیدی منەوە هەموو ئەو کارەی لیوتار کردوێتی، قوڵبونەوە بیرکردنەوەیە لە (حیکایەتی گەورە)یەکی تر و کتێبە بەناوبانگەکەشی بەناونیشانی ( دۆخی پۆستمۆدێرن) خۆی جۆرێک حیکایەتی گەورەی ترە. لەبەرئەوە من بڕوام وایە هەمیشە حیکایەی گەورەمان دەبێت. ئێمە ناتوانین جیا بینەوە لێیان.

ڕ. ج: کەوابوو ئێوە وەک هەندێکی دی جیاکاری لەنێوان مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنەدا ناکەن؟
ڕ. ڕ: من تێناگەم هەندێک چۆن ئەم جیاکاریە دەکەن. ئەوانی دی بەجۆرێک قسەدەکەن وەک ئەوەی بکرێت ئەم جیاکاریە لە چیرۆک، هونەر، فەلسەفە و سیاسەتدا بکرێت. بەڵام من لەچیرۆکی جیاوازی لەم هەموو بوارەدا ناگەم، کە لە باسی پۆستمۆدێرنەکاندا کۆ دەبێتەوە.

ڕ. ج: ئایا پۆستمۆدێرن لە هونەر و تەلارسازیدا هیچ مانایەکی لای ئێوە هەیە؟
ڕ. ڕ: لە تەلارسازیدا، بەڵێ. ئێوە دەتوانن فێربن ئەو تەلارانەی پۆستمۆدێرنن، بناسنەوە. دەکرێت ئەم زاراوەیە لە تەلارسازیدا بەکاربهێنرێت. بەڵام بەڕاستی ئەوەی چۆن چیرۆکێک پۆستمۆدێرنە هیچ بە خەیاڵمدا نایەت و تێناگەم من دەبێت چ دیدێکی فەلسەفەیم هەبێت بۆ ئەوەی ئەوانی دی بە فەیلەسوفی پۆستمۆدێرنم بزانن. تێڕوانینە فەلەسەفیەکانی من لە ساڵی ١٩٠٠شدا هەبوون، ئەگەر کۆنن، کەوابوو پۆستمۆدێرنەکان وشەیەکی ناڕاستیان بۆ هەڵبژاردووە.

ڕ. ج: کەوابوو ئەگەر بەیەک وشە ناوێک بۆ خۆتان دابنێن، چی دەبێت؟
ڕ. ڕ: خۆم بە پراگماتیزم ناو دەنێم.

ڕ. ج: هەستدەکەم ئێوە لەو بیریارانەن گەر بزانن فەلسەفە کۆتای هاتووە، هیچ کێشەیەکتان نیە. مەبەستم ئەوەیە ئێوە لەوجۆرە بیریارانەن کە لە بانگەشەی نیتچە بۆ لەناوچوونی هەقیقەت ناترسن.
ڕ. ڕ: هەموو ئەو شتەی نیتچەی ناچار دەکرد دژ بێت، ئەو بیرۆکەیە بوو کە واقعیەت جەوهەر و ماهیەتیەکی ناوەکی و خودێتی هەیە، هەقیقەتیش دەرکەوتەی ئەو ماهیەتەیە. ئەم تێزەی نیتچە بە بڕوای من تێزێکی قابیلی قەبوڵە و تا ئێرە ئێمە هێشتا فەلسەفەمان هەیە. چونکە فەلسەفە بەووردی هەوڵدەدات بەشە جیاوازەکانی کلتوور کۆ بکاتەوە و تا ئەو کاتەی ئێمە گۆڕانکاری کلتووریمان هەبێت، خەڵک پێویستیان بەوەیە کۆن ونوێ بەیەکەوە بگونجێنن. مەبەستم ئەوەیە دەبێت شێوازە کۆنەکانی قسەکردنمان لە پاڵ شێوە تازەکاندا هەبێت. لەبەرئەوە هەمیشە فەلسەفە دەمێنێت، تەنانەت گەر هەمووان لەگەڵ نیتچە و دروشمی نەمانی هەقیقەتدا بن.

ڕ. ج: بەڵام هەستدەکەم (نەمری عەقڵ) چیدی چەمکێکی گەردونی و بایەخدار نیە.
ڕ. ڕ: بەڵێ. من هەستدەکەم هیگڵ (هاوشێوەی بیرکردنەوەی ێۆنانی دێرین) ڕاستی دەگووت کە ئێمە ڕێک باسی هەمان شت ناکەین و یان هەمان مەسەلە و کێشە چارەسەر ناکەین. بەڵام دەبێت بڵێین ئێمە لە دنیایەکی جیاواز لە دنیای ئەواندا دەژین، نەوەکانی دوایش لەجیهانێکی جیاوازتر لە ئێمەدا دەژین. من هەستدەکەم هیگڵ ڕاستی دەکرد کە دەیگووت (فەلسەفە کاتێک خۆیەتی، کە لە بیرکردنەوەدا دەرکەوێت). کەوابوو دەبێت لە بەدواداهاتنی هەر قۆناغێکی کلتووریدا نوێ بێتەوە و لەبەرئەوەش ناتوانێت نەمر بێت.

ڕ. ج: هەستدەکەن بە چ شێوەیەک لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا گفتوفۆی فەلسەفەی دروست دەبێت؟ ئایا هیچ خوێندەنەوەیەکتان بۆ فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتیش هەیە؟ فەلسەفەی ڕۆژهەڵات چۆن دەبینن؟
ڕ. ڕ: لەڕاستیدا زۆر کەم لەبارەی فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتەوە دەزانم. هەستم وایە فەلسەفەی ڕۆژئاوا دیاردەیەکی تەواو خۆماڵی و سنووردار بووە کە بەرهەمی ناکۆکی نێوان زانستی نوێی فیزیا و نەریتە دینیەکانە. ئەگەر ئێوە لە وڵاتێکدا بن ئەم ناکۆکیەی تێدا نەبووە، یان تازە خەریکە ئەزموونی دەکات، ئەوا لەم حاڵەتەدا ئەوەی وەک فەلسەفە لە وڵاتی ئێوەدا ڕوودەدات، لەگەڵ ئەوەدا جیاوازە کە لە ڕۆژئاوا ڕوویداوە.

ڕ. ج: ئەوەی لەم سەد ساڵەی دوایدا ڕوویداوە ئەوەیە فەیلەسوفانی ڕۆژهەڵات بیری نوێی رۆژئاوایان خوێندۆتەوە و هەوڵدەدەن نزیکی بکەنەوە و لێی تێبگەن. بەڵام فەیلەسوفانی ڕۆژئاوا کەمتر سەرنج و ئارەزوویان بۆ گوتارەکانی فەلسەفەی ڕۆژهەڵات هەبووە.
ڕ. ڕ: من هەستدەکەم فەیلەسوفانی ڕۆژهەڵات بەشێکی گەورەی کارەکەیان بۆ درووستکردنی گفتوگۆی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ئەنجامداوە. چونکە ئەوانە کەسانێکن مێژووی فکری ئەوروپایان خوێندۆتەوە و فێری بوون. لەکاتێکدا بۆ فەیلەسوفانی ڕۆژئاوا زۆر زەحمەتە لەبارەی مێژووی فکر لە چین، هند و یان ئێران بخوێننەوە و فێر بن.

ڕ. ج: بۆچی؟ ئایا لەبەرئەوەی ئەمانە خود سەنتەر و ئەوروپا پەرستن؟
ڕ. ڕ: بەڵێ. ئەمانە خود سەنتەرن. هەروەها ڕۆژئاواییەکان هەمیشە لە پیاچونەی بە سەردەمێکی فکریدا دەپەشۆکێن. لەبەرئەوە بەناچار ئەوان هەموو شتێکی ڕۆژهەڵات وا دەبینن وەک ئەوەی ئەوروپا لە سەکانی ١٧٠٠ و ١٨٠٠دا بەجێی هێشتوە. بێگومان ئەم تێڕوانینێکی تەسکبینە و ڕزگاربوون لەم داوەش کارێکی ئاسان نیە.

ڕ. ج: ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵات و بەتایبەت لە وڵاتانی وەک هند و ئێران گفتوگۆ لەبارەی چەمکی (مۆدێرنەوە) زۆرە. لێرەوە ڕۆشنبیرانی ئێمە زۆرێک لەو بەرهەمانە دەخوێننەوە کە لە ڕۆژئاوادا بڵاو دەبێتەوە. بەرهەمی کەسانی وەک ئێوە، هابرماس، درێدا، فۆکۆ، ئیزایا بەرلین و ئەوانی دی. من حەزدەکەم تێڕوانینی ئێوە لەبارەی مۆدێرنەوە بزانم. پێگەی ئێوەی لەم باسەدا لە کوێدایە. چونکە وەک دەزانن هابرماس و فەیلەسوفە کانتی نوێ، مۆدێرنە بە پرۆژەیەکی ناتەواو دەزانن و لەم بوارەشدا دەگەڕێنەوە بۆ پرۆژەی ڕۆشنگەری و هەوڵدەدەن بۆ دیدە فەلسەفی و سیاسیەکانی خۆیان، بناغەیەکی تیوری گونجاو بدۆزنەوە.
ڕ. ڕ: من لەبناغەدا لەگەڵ هابرماسدا، واتە لە شێوەی پێشکەشکردنی مەسەلە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکاندا هاوڕام. بەڵام بیرۆکەی دۆزینەوەی (بناغەی فەلسەفی) بۆ بونیادە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان، لای من بەو شێوەیە نیە کە لای هابرماس هەیە. بەڵام لەبنەڕەتدا هاوڕای هابرماسم کە پرۆژەی ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆشنگەری و ئەم پرۆژەیەش ناتەواوە.

ڕ. ج: ئەم تێڕوانینەی ئێوە سەرنجم بۆ کتێبەکەتان (فەلسەفە و ڕێبازی جەوهەر) رادەکێشێت، کە ڕیچارد برنشتاین بە (یەکێک لە گرنگترین و ئالانگارترین ئەو کتێبانەی دەزانێت کە لەم چەند دەیەی دوایدا لەلایەن فەیلەسوفێکی ئەمەریکیەوە چاپ کراوە). ئێوە لەم کتێبەدا هەوڵتان داوە دەریبخەن ئەو هەڵە سەرەکیانەی ئێمە لە فەلسەفەی شیکاری سیستماتیکدا دەیبینین، دەرئەنجامی نەریتی باوی دیکارتی کانتیە، واتە بڕوابوون بە باڵاتر بوون ئەبستتمۆلۆجیا وەک هەوڵدانێک بۆ ڕەوایەتی دان بە خودی تێڕامانی فەلسەفی. ئایا ئێوە لێرەدا دەتانەوێت بڵێن فەیلەسوفەکان لەو بانگەشەیەدا کە بونیادەکانی ئێمە درووست دەکەن، قسەی پڕوپوچ دەکەن؟
ڕ. ڕ: بەڵێ. من بڕوام وایە فەیلەسوفەکان دەبێت واز لەو پرسیارە بهێنن کە بونیادەکانی ئەم یان ئەو چیە، و لەبری ئەوە بیر لەوە بکەنەوە چۆن دەکرێت ئەم یان ئەو بزووتنەوەیە یان ئەو یان ئەم بەشە لە کلتوور بەیەکەوە هاوئاهەنگ بکەن. من بیردەکەمەوە فەیلەسوفەکان زۆرتر وەک هاوئاهەنگکەر خۆیان ببینن، تا ئەوەی بەدوای دۆزینەوەی بونیاد و زەمینەکاندا بن.

ڕ. ج: کەوابوو گەر تێگەیشتن لەسەر بناغەی جۆرێک بونیادی بابەتی زیهنی نەبێت، لەبەرئەوەی ئێمە دنیا لەڕێگەی پاردایمی جیاوازەوە تەفسیر دەکەین، لەم حاڵەتەدا چۆن زەمینە بۆ کردارە ئەخلاقی و سیاسیەکانمان بدۆزینەوە؟.
ڕ. ڕ: زۆر باشە. هەر کلتورێک بۆ وەڵامدانەوەی کردار و باوەڕەکان، نموونەی ئاراستەکەری خۆی هەیە. کلتورەکان لە ڕووی دۆزینەوەی ئەو پاساوانەی قابیلی قەبوڵن، لەگەڵ یەکدا جیاوازن. بەرهەمی کلتووری لەڕاستیدا بریتیە لە دۆزینەوەی ئەو ڕێگایانەی کە بکرێت ئەم پاساوانە تێکەڵ و یەکدەست بکرێن، و ئەمکارەش هیچ پەیوەندی بە دۆزینەوەی زەمینەی نوێ یان دۆزینەوەی زەمینەی واقعی بۆ ناسین یان کردارەکان نیە. بەڵکو بەوردی پەیوەندی بە هاوئاهەنگکردن و پاساوی نموونەیەکی ڕەفتاری مرۆیی بە نموونەیەکی دی ڕەفتاری مرۆییەوە هەیە. نەریتی فەلسەفی لەسەدەی ١٧ بە دواوە گوتوێتی هەندێک لەبەشەکانی کلتوور نایابن. بۆ نموونە زانستە سروشتیەکان نایابن، یان بە ووتەی کانت (هوشیاری گشتی ئەخلاقی) نایابە و ئێمەی فەیلەسوفانیش ڕوونی دەکەینەوە کە دەبێت نایاب بێت، چونکە ڕەگی لە بونیادی زیهن، یان بونیادی واقعیەتدا هەیە. بەڵام لە دیدی پراگماتیزمەوە ئەمانە نایاب نین. هیج کام لەم گووتارانە یان زەمینە کلتووریانە نایاب و ئاوارتە نین، بەڵکو جووتکردنیان لەگەڵ بەشەکانی تری کلتووردا ئەستەمە.

ڕ. ج: لەم حاڵەتەدا چۆن دەتوانین باسی چەمکی ( جیهانیبوون) بکەین. یان چەمکی جیهانیبوون، چەمکێکی بێ مانا و میتافیزیکیە؟.
ڕ. ڕ: چەمکی جیهانی دەبێت بەمانای شتێک بێت کە دەستی پێبگات. بۆ نموونە کاتێک ئێوە دەڵێن ئێمە پێویستمان بە (کۆمەڵەیەکی جیهانی) یان (شارستانێتیەکی جیهانی) هەیە، یان پێویستمان بە (ڕێبازێکی جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤ) هەیە، باسی شتێکتان کردووە کە دەکرێت دەستمان پێ بگات. بەڵام چەمکی (جیهانی بوون) لە قاڵبی ئایدیالە کۆمەڵایەتیەکەیدا، وەک سیفەتێکی ڕوانگەکان یان دیدی تایبەت پێناس دەکرێت، و ئەمەش ڕێک لای من بیرکردنەوەیەکی پوچە.

ڕ، ج: من پێ لەسەر ئەم بابەتە دادەگرم. چونکە وەک دەزانن خەڵکی ڕۆژهەڵات بە نەریتە دینیە (نا عەلمانیەکان) دەژین. لەبەرئەوە پرسیاری لەمجۆرە کە (ئایا ناسینی دینی) بوونی هەیە، هێشتا بۆ زۆرێکیان پرسیارێکە لەجێی خۆیدایە و بایەخدارە.
ڕ. ڕ: بە بڕوای من ئەم پرسیارە هەڵەیە. مەبەستم ئەوەیە پرسیاری ( ئایا ئەمە ناسینە)، پرسیارێکی سوودبەخش نیە و هیچ یارمەتیەکمان نادات. هەنێک باوەڕ هەن کە کلتورێک بە پاساودار و بەڵگەنەویستی دادەنێت. لەکاتێکدا کلتورەکانی دی هیچ بە پاساودار و بەڵگەنەویستی نازانن. پرسیاری سوودبەخش ئەوەیە (چۆن ئەم کلتورانە دەتوانن بەیەکەوە هەڵبکەن)، مەسەلەکە ئەوەیە (کام یەک لەوانە ناگونجێن).

ر. ج. کەوابوو جارێکی دی با بگەڕێینەوە بۆ بابەتی وتوێژەکەمان. ئەگەر ئەم کلتوورانە هەریەکەیان باوەڕی جیاوازی خۆیان هەبێت و ئەوەندە بە پاساوداریان بزانن کە کلتورەکانی دی نەیزانن، چۆن وتوێژ لەنێوان ئەم کلتوورانە دروست دەبێت؟.
ڕ. ڕ: لەو کۆمەڵگایانەی خاوەن نەریتی فرەیی دینین و کاسۆلیک، یەهودی، پرپۆتستانت و موسڵمانەکان لە هەلومەرجێکی ئاشتەوایی و لێبووردوودا بەیەکەوە دەژین، پرسیاری وا بۆ ئەوان نایەتە پێشێ کە (چۆن دەتوانین بەیەکەوە بژین)، و بەبڕوای من ئەم پرسیارە ڕێگەیەکی ڕاستە بۆ فورمەلەکردنی فرەیی لەم کۆمەڵگایانەدا. لەبەرئەوە گەر کەسێک بڵێت (ناسین لای ئێمەیە و لای ئێوە نیە) ، و فەیلەسوفەکانیش بپرسن (ئایا بەڕاستی ئەمە ناسینە؟) ، بە بڕوای من ئەمجۆرە وتوێژە بۆ ڕێگەیەکمان دەبات کە هیچ سوودی بۆ ئێمە نیە.

ڕ. ج: هەندێک لە فەلسەفەکان وەکو زن، تەنانەت بڕوایان بە نەبوونی ناسین هەیە.
ڕ. ڕ: بە بڕوای من ئەم باسە زۆر لە باسی ئێمەوە دوورە. یارمەتی و هاوکاری کۆمەڵایەتی لەنێوان مرۆڤەکاندا، بەستراوە بە بوونی بیروڕای هاوبەش و قەبوڵکردنی ئاراستەکان و ڕێگە چارە هاوبەشەکان بۆ ئەوبڕوایانەی هەیە. ئێمە دەبێت لەگەڵ یەکدا گفتوفۆ بکەین. دەبێت یەکدی قەناعەت پێبکەین. بەڵام پاساوی کردار و باوەڕەکان لەلایەنی مرۆڤەکانەوە جیاوازە لەو نەریتە فەلسەفیەی (دۆزینەوەی هەقیقەت) یان (داواکردنی زانین). ئەویان بەووردی بابەتێکە لەبواری گەیشتن بە کۆدەنگی پێویست بۆ بەختەوەری کۆمەڵگا.

ڕ. ج: ئێوە خۆتان بە بۆرژوازیەکی لیبڕال رۆمانسی دەزانن و بڕواتان بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادی هاوڵاتیان هەیە و چەمکی سەرەکی لە فەلسەفەی کۆمەڵایەتی ئێوەدا هەمان چەمکی (پەیوەستبوونە). کاتێک دەڵێن پەیوەستبوون بێ دایک و باوک نیە و لەڕێگەی تەجلیەوە نادۆزرێتەوە، بەڵکو درووستکراوە، ئایان مەبەستان ئەوەیە لەو خاڵەدا لەگەڵ جان پۆل سارتەر هاوڕان کە دەڵێت: (مرۆڤ هیج نیە، جگە لەوەی خۆی خۆی درووست دەکات)؟.
ڕ. ڕ: سارتەر زۆر ئەم بیرۆکەیەی ئاوداوە. بەڵام ئەو مەسەلە سەرەکیەی ویستێتی بیڵێت، ڕاستە. ئەفڵاتۆن و نەریتە فەلسەفیە دینیەکان بڕوایان وایە ڕێگەی درووستکردنی پەیوەندی لە نێوان مرۆڤەکاندا ئەوەیە بزانین چ هاوبەشیەکیان لەگەڵ یەکدا هەیە. ئەم ڕێگەیە یان عەقڵانیەتە، و یان ئەو ڕاستیەی کە هەمویان دروستکراوی یەک خودان. ڕێگەی سارتەر لەم ڕوانینەدا واتە درووستکردنی پەیوەندی لە نێوان مرۆڤەکاندا، دۆزینەوەی بابەتی قابیلی قەبوڵکردن لە نێوانیاندا و فەرامۆشکردنی ئەو مەسەلانەیە کە لەسەرەتادا هەیانبوو.

ڕ. ج: ئایا ئێوە بڕواتان بە چەمکی (میراتی هاوبەش) هەیە؟ ئایان ئەم چەمکە دەتوانێت ئەوە بگەیەنێت کە ئێوە ناوتان ناوە (پەیوەستبوون)؟
ڕ. ڕ: بەتەواوی. بۆ ئەوروپیەکان ئاسانترە کە لەگەڵ ئەوروپی تردا وتوێژ بکەن، چونکە خاڵی مەرجەع هەیە کە بۆی دەگەڕێنەوە. تەفسیرە پرۆتستانتی یان کاسۆلیکیەکان بۆ کتێبی پیرۆز، دەگەڕێتەوە بۆ ئەم شتانە. لەبەرئەوە لە گفتوگۆ لەگەڵ یەکدا دەگەڕێنەوە بۆ ئەم خاڵانە. بەڵام بۆ ئەوروپیەکان وتوێژ لەگەڵ چینیەکان یان هندیەکان ئەستەمترە لە وتوێژ لەگەڵ ئەوروپی یان ئەمەریکیەکدا.

ڕ. ج: ئایا دەکرێت هونەر، ئەدەبیات و فەلسەفە بە نیشانە و ڕەگەزی هاوبەشی مرۆڤایەتی دابنرێت؟. من هەستدەکەم مۆزرات تەنیا ئەڵمانی نیە، ڤانکوخ ناتوانێت تەنیا بە هۆڵەندی ئەژمار بکرێت. وەک چۆن جەلالدینی مەولەویش تەنیا موڵکی ئێرانیەکان نیە، ئەمان وەک بەشێک لە کلتووری مرۆڤ، موڵکی هەموو مرۆڤەکانن.
ڕ. ڕ: من وا بیر ناکەمەوە. بە بڕوای من ئەمانە لەڕووی کلتووریەوە بەیەکەوە گرێدراون. هەستدەکەم پێداگری لەوەی شتێکی هاوبەش لەنێوان هەموو مرۆڤەکاندا بدۆزینەوە، دەرئەنجامەکەی نائومێدیە. ڕەگەزی بێ ئەژمار لە کلتووری چینیدا هەیە کە من هەر نایانناسم و نازانم چۆن دەبێت فێری بین و کاری پێبکەین. نموونەیەکتان بۆ بهێنمەوە من کۆنفۆشێوسم خوێندۆتەوە، بەڵام نازانم چۆن کەسێک دەتوانێت بیخوێنێتەوە و پەیڕەوی لێبکات. دیارە دەکرێت هەندێک شتی تیا بدۆزرێتەوە کە بکرێت بە بەشێک لە میراتی جیهانی دابنرێت، بەڵام ئەم پرۆسیە بەهیچ شێوەیەک ئاسان نیە.

ڕ. ج: هانز ێۆناسی فەیلەسوفی ئەڵمانی بەردەوام باسی بەرپرسیارێتی دەکات وەک بونیادێکی ئەخلاقی لەبەرامبەر ئەو شتانەی کە شکێنەر و لاواز بوون. بۆ نموونە زەوی کە ئێستا لەبەرامبەر ئەم هەموو پێسبوونی ژینگە و تاقیکردنەوە ئەتۆمیەکان، لاواز و شکێنەر بووە، هەنوکە ئێمەش ڕووبەڕووی میراتێکی مرۆیی لاواز بوو بوینەتەوە کە پێویستی بە پشتیوانی و پارێزگاری هەیە. لەوانە شارەکانی وەک فلۆرانس، ئەسفەهان و هەروەها ڤینیزیا، یان بەرهەمی هونەرمەندانەی مایکل ئەنجلۆ وەک (پیتا) و یان (دەیڤید).
ڕ. ڕ: بە بڕوای من شکێنەری بەرهەمە هونەریەکان جۆرێکە و شکێنەری کلتوور جۆرێکی دی. هیچکەس بەڕاستی نازانێت کلتووری شارساتنێتیەکی ئاشتیخواز و جیهانی، لە حوکمڕانیەکی فیدڕاڵیدا چۆنە. بەڵام بە دڵنیای ئەم کلتوورە زۆرێک لە ڕەگەزەکانی خۆی لەدەست دەدات. ئێوەش ناچار نین لە ئایندەدا بەرپرسیارێتی پارێزگاری کردنی قەبارەیەکی زۆری ڕەگەزە کلتووریەکان لە ئەستۆ بگرن. کەوابوو زۆرێک لەبەرهەمە هونەریەکان و زۆرێک لە کتێبەکان لە دەست دەدەن، ئەمانە وازیان لێدەهێنرێت، و ئەمەش باجێکە دەبێت لەپێناو ئاشتی جیهانیدا بیدەین.

ڕ. ج: پێدەچێت ئێوە زۆر بەرامبەر بە ئایندەی مرۆڤ بەدبین بن؟
ڕ. ڕ: زۆر باشە، دیارە من وا بیر ناکەمەوە ڕەنگە هەموومان لە کارەساتێکی ئەتۆمیدا لەناوبچین، بەڵام لەلایەکی دیەوە وا بیر دەکەمەوە کە حکومەتێکی جیهانی تاکە ئۆمێدێکە کە ڕەگەزی مرۆڤ لەبەردەمیدایە.

ڕ. ج: بۆ ئەم تاکە ئۆمێدە دەبێت زۆرێک لە کلتوورەکان، زمانەکان و نەریتەکان لەناو بچن، وەک بڵێی تا ئێستاش هەروابووە؟
ڕ. ڕ: بەڵێ. زۆرێک لە شارستانێتیە کۆنەکان هەبوون کە ئێستا هیچ پاشماوەیەکیان لێ بەجێنەماوە. زۆرێک لە کلتوورە ئەفریقیەکان بێ هیچ پاشماوەیەک لەناوچوون. تا هەزار ساڵی دی زۆرێک لەو کلتوورانەی دەیانناسین، لەناو دەچن و پاش ماوەیەکیان لێ نامێنێتەوە.

ڕ. ج: بەڵام چۆن دەکرێت هەم بڕوامان بە فرەکلتووری هەبێت و هەم هوشیار بین بەو ڕاستیەی زۆرێک لە کلتوورەکان مەحکوم بە لەناوچوونن؟
ڕ. ڕ: فرەیی تەنیا بەمانای (گونجان و ژیانە لەگەڵ کەسانێک کە دەبێت لەگەڵیاندا بگونجێیت). نەک بەو مانایەی (لەگەڵ هەموو کەس و لە هەموو شوێنێکدا بگونجێیت). ئێوە ناتوانن لەگەڵ هیتلەر یان ستالیندا بگونجێن. ئاشفیزتز و کۆلاگ جێگەیەک نیە بۆ گونجان، بەڵکو دەبێت بۆ لەناوبردنیان خەبات بکەیت.

ڕ. ج: من هەستدەکەم جیهانی ڕوو لە بەجیهانیبوونی ئێمە، لەڕووی ئابووری و سیاسیەوە لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕۆژئاوادایە، و ئەم پرۆسەی بەجیهانیبوونە جۆرێک پاڵنانی جیهانە بەرەو چونیەکیەکی وەک مەک دۆناڵد و مایکرۆسۆفت و کۆکاکۆلا و زۆرێکی تر لە نیشانەکانی ڕۆژئاوا.
ڕ. ڕ: من هەستدەکەم تەواو ڕاست دەکەن. بەڵام بە بڕوای من چونیەکی کلتووری باجێکە کە دەبێت بیدەین لەبەرامبەر ئەوەدا کە بە کارەساتێکی ئەتۆمی لەناونەچین. شەرمەزاریە، بەڵام بەڕاستی من نازانم دەبێت چی بکرێت. تا سەد ساڵی دی ڕەنگە هەموومان لەبری کۆکا کۆڵا چا بخۆینەوە، چونکە چین دەسەڵاتی ئابووری باڵادەستە لە جیهانی ئەو کاتەدا. لەم حاڵەتەدا کلتووری ئەمەریکیش لەناو دەچێت. دیارە ئەم مەسەلەیە بۆ من گرنگ نیە. بەبڕوای من ئاشتی گرنگیەکی زیاتری هەیە، تا ئەوەی بزانین کام کلتوور باڵادەستە.

ڕ. ج: لەم حاڵەتەدا و لەم جیهانە شێتەی ئێمەدا، چ شتێک ئارامی و دڵگەرمیتان پێدەبەخشێت؟ سیاسەت یان شتێکی دی؟
ڕ. ڕ: لە جیهانی سیاسەتدا شتێک بۆ ئارامی و بەختەوەری نیە. ئەگەر ئاسوودەیتان دەوێت بە بڕوای من دەبێت گۆشەیەک پەیدا بکەن و تەنیا بەو کتێبانەوە سەرگەرم بن کە حەزتان لێیە.

ڕ. ج: ئەو کتێبەی دڵگەرمیتان پێدەبەشێ کامانەن؟ تۆلستۆی یان داستاڤیسکی و یان پرۆست؟
ڕ. ڕ: پرۆست و ناباکۆف.

ڕ. ج: چ بەرنامەیەکتان بۆ ئایندە هەیە؟
ڕ. ڕ: بەنیازم کتێبێکی دی بنووسم. بابەتەکەی لەبارەی جیاوازیە لەنێوان فەلسەفەی شیکاری و نا شیکاری. جگە لەمە بەتەمای سەفەرم و دەمەوێت زۆرێک لە وڵاتەکان ببینم.

ڕ. ج: کەوابوو دەشێت بەختی ئەوەمان هەبێت لە ئێرانیش بتانبینین.
ڕ. ڕ: زۆر خۆشحاڵ دەبم کە بتوانم ئێران ببینم. من تا ئێستا ئەوێم نەدیووە.

زانکۆی ستانفۆرد، یۆنێۆی ٢٠٠٢

* سەرچاوە:
رامین جهانبگلو: جهانی بودن: پانزە گفتگو با اندیشمندان امروز جهان-رامین جهانبگلو- تهران. نشر مرکز، چاپ دوم١٣٨٢

ناردن: