ئیریک هێرمێلین: ئەو مەینۆش و بەدمەستەی سۆفیزمی بە سویدییەکان ناساند

نووسین و وەرگێڕان لە سویدییەوە: شیروان مەحمود محەممەد

ئێریک هێرمێلین ساڵی ١٨٦٠، وەک مناڵی پێنجەم لە خێزانێکی دارا و ناوداری خاوەن نازناوی”بارؤن” لە شاری لوندی سوید، لە دایکبوو. لە نێوان ساڵانی ١٨٧٨- ١٨٨٠ لە زانکۆی ئوپسالا دەخوێنێ. باوکی، پاش خوێندن، زەوی و زارێکی زۆری بەرەو روو دەکاتەوە کە بیبات بەڕێوە و بەو جۆرەش ژیان و کاری راستەقینەی خۆی دەست پێبکات.
بەڵام ئێریک هێرمێلین کێشەیەکی راستەقینەی دەبێ، ئەویش خولیای مەینۆشییە. هەر زوو دەکەوێتە هەڕاجکردن و فرۆشتنی ئامرازە کشتوکاڵییەکانی مەزراکەی، لە گۆرەپانی شارۆچکەکەدا و پارەکەی دەدات بە خواردنەوە و سەیرو سەفا.

بۆ ئەوەی هێرمێلین بە کردەوەکانی ناوی خانەوادەکەی لەکەدار نەکات، باوکی بڕیاری دوورخستنەوەی دەدات و دەینێرێت بۆ ئەمەریکا. لە ئەمەریکا خۆبەخشانە و لە ژێر ناوێکی خوازراودا ” هاللان” خۆی لە ریزەکانی سوپای ئەمەریکایدا ناونووس دەکات.

پاش ئەمەریکا دەچێت بۆ بریتانیا و هەر زوو لەوێش خۆی لە ڕیزەکان سوپای ئیمپراتوری بریتانیادا ناونووسدەکات و پاش ماوەیەک ئەو بەشە سەربازییەی ئەو کاری تیادەکات دەنێردرێت بۆ کوێتا، لە سەرووی پاکستانی ئێستاوە، کە ئەوکات بەشێک بوو لە هندستان و لە ژێر ئینتیدابی بریتانیادابوو. لەو پێنچ ساڵەی لەوێ خزمەتی کرد، نیوەی زیاتری لە بەندیخانە بردە سەر، چونکە هەر کاتێک تفەنگێکی وەردەگرت بۆ پاسەوانی، ئەو زوو دەیدا بەشانیدا ودەیبردە بازاڕو دەیفرۆشت و پارەکەی دەدا بە مەی. بەڵام سەرباری ئەوەی کە سەربازێکی هێندە باشیش نەبوو، فەرمانبەدەستانی سەروو خۆی زوو هەستیانکرد کە ئەو کابرایەکی زیرەک و وریایە، بۆیە داوایان لێکرد کە زمانی فارسی فێرببێت. ئەو کات، بە بریاری ئینگلیزەکان، زمانی فەرمی لەو بەشەی هیندستان، نە ئۆردو و نە تەنانەت ئینگلیزیش بوو ، بەڵکو زمانی فارسی بوو.

لە ماوەی شەش مانگدا و لەژێر رێنمایی ” مونشی” یە کدا خۆی فێری نووسین و خوێندنەوەی فارسی دەکات. ئەو مامۆستایەی، وەک هێرمیلین خۆی دواتر باسیکردووە، چاوی لە ئاست جوانی و قووڵی زمانی فارسی و ئەو شیعرانەدا دەکاتەوە کە بەو زمانە نووسراون. یەکێک لەو کتێبانەی بۆ فیرکردنی ئینگلیزەکان بە کار دەهێنرا ” گوڵستان” ە کەی سەعدی شیرازی بوو.

ئێریک گەرایەوە ئەوروپا، بەڵام زۆر ئۆقرەی نەگرت و هەر زوو بارگەو وبنەی پێچایەوە، ئەمجارەیان بەرەو جامایکا و چەند ساڵێکی لەوێش بردە سەر. ساڵی ١٨٩٦ گەرایەوە سوید و ئەمجارەش باوکی کاری بەرێوەبردن و بەرهەمهێنانی پارچەیەکی تری زەوی پێسبارد، بەو هیوایەی کە ئەو چەند ساڵەی دوورەوڵاتیی ئەزموون و لە ژیان تێگەیشتنێکی قووڵتری پێبەخشیبێت، بەڵام ئاکامی ئەمجارەش لە یەکەم جار باشتر نەبوو. دیسانەوە بڕیاردرا روو بکاتە ئوسترالیا و لەوێ لە مەزرا و بێستانی کابرایەکی میوە بەرهەمهێنەری نەرویجی بە ناوی “گوندرشێن” کار بکات. ماوەیەکیش لە بواری پاپۆرەوانی کاریکردو و بە قسەی خۆی ٧ جار کەناڵی سوێسی بڕیوە.

بۆ جاری سێیەم و دواجار بەڕێوەبردنی مەزرایەکی پێدەسپێردرێت و ئەمجارەش سەرکەوتوو نابێت. بۆیە ئاکسیلی باوکی و یوسفی برای بڕیار دەدەن کە بیخەنە نەخۆشخانەی سانت لارش لە شاری لوند، لە خوارووی سوید. ئەم نەخۆشخانەیە تایبەت بوو بە کاڵفامان و ئەوانەی نەخۆشی دەروونییان هەبوو. دوو دەروونناسی نەخۆشخانەکە، ” گەردێلیوس”و ” شینبەری” پاش قسەکردن و پشکنینی دۆخی ئێریک بڕیاردەدەن کە بەهیچ جۆرێک ئاوەزی ناساغ نییە و تاکە گرفتی ئەو ئالودەبوونێتی بە دەردی مەیخۆرییەوە، بەڵام باوکی و برا گەورەکەی، کە بە فەرمی کرابووە سەرپەرشتیاری ئێریک، کۆڵنادەن و پەنا دەبەنە بەر پزیشکێکی ترو لەڕێگای بەرتیل و قاییلکردنەوە ئیمزای ئەو پزیشکە و ئیمزای قەشەی کڵیسەکە بە دەستدەهێنن و ئێریک لەو خەستەخانەیە تووند دەکەن. ئێریک بە سەرخۆشی دەگاتە نەخۆشخانەکە و دەخرێتە بەشی نەخۆشییەکانی ئاوەز و لێرە زیاتر لە ٣٠ ساڵ دەیهێڵننەوە. لە ”ژورناڵی دۆخی تەندروستی” یەکەیدا نوسراوە ” جلوبەرگی پنتییانەیە و توانای بیرکردنەوەی سستە”

لە سەرەتاوە کاری بڕینەوە ولەتکردنی داری سووتاندن و گەرمکردنەوەی پێدەسپێرن، بەڵام زوو تێدەگەن کە ئەمە کابرایەکی بەهرەمەند وخوێندەوارە. ئێریک سەرباری هەموو شتێکیش جیاواز مامەڵە دەکرێت و دوو ژووری تایبەت بە خۆی بۆ تەرخاندەکرێت ( کە خانەوادەکەی کرێکەی دەدەن) و ناچارناکرێت بەرگی خەستەخانەکە لە بەربکات، بەڵکو بە قاتی خوریی ئینگلیزییەوە دەسوڕێتەوە. ئیتر لێرە بەدواوە و بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا دەتوانێ کاتی خۆی بۆشتێک تەرخان بکات کە لە گەڵ ئارەزوو و بەهرەکانیدا یەک بکەویتەوە، واتە ئەدەب و زمان و ئاین.

خەستەخانەکە دەبێتە پەناگایەکی ئارام بۆی و ئەویش دەکەوێتە وەرگێرانیکی دەستپاکانەو و وردی شیعری گەورە شاعیرانی زمانی فارسی : فیردەوسی ، سەعدی ، ڕۆمی، بابا تاهیری هەمەدان، ئەلعەتتار و عومەر خەیام.

ئێریک هێرمیلین، لەو شیعرە قووڵ و ویژدانییە سۆفییانەدا بەشێکی زۆر لە شێوەی بیرکردنەوە و تێرامانەکانی خۆی دەدۆزێتەوە. ئەو، لە ڕێگای وەرگێرانی بەرهەمە ویژدانی و تێرامانەکانی یاکۆب بۆهمێ وخویندنەوەی شیعرەکانی ئیمانوێل سڤیدینبەرییەوە، شارەزایی لە گەڵ هاوشێوە ئەوروپاییەکانی شیعری ویژدانی و سۆفیزمی فارسیدا پەیداکردبوو. ئەم دوو ریچکەیەی شیعری ئەوروپی و فارسی، لە تێڕامان لە وجود و خوا و چارەنووسی مرۆڤەکان، بوونە رێپیشاندەروچاوگەی رووناکی بۆ هێرمیلین لەو تاریکییەدا کە تێیکەوتبوو.

لە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵی ژیان لە خەستەخانەیەکی کاڵفامەکاندا، ئەو کابرایەی پزیشکەکان لە سەریان نوسیبوو کە “جلو بەرگی پنتییانەیە و توانای بیرکردنەوەی سستە” نزیکەی ٦٠ هەزار دێر شیعری رۆمی وەردەگێرێتە سەر زمانی سویدی و بە هەزاران لاپەرە لەشیعری شاعیرە فارسەکانی تریش وەردەگێرێت.

ئەگەرچی شیعروەرگێران بەشێکی زۆری ژیانی ئێریکی پڕکردبووەوە بەڵام گرفتەکانی لە گەڵ دنیای دەرەوەی خەستەخانەکە کوتایی نەهاتبوو. کاتێک کۆمەڵێک شیعری وەردەگێرا و دەیویست بە چاپی بگەیەنێ، براکەی، کە کرابووە سەرپەرشتیاری کاروباری دارایی، یان ڕازی نەدەبوو، یان تیراژێکی زۆر کەمی ٣٠٠ دانەیی لێ چاپدەکرد. ئەمە ئازارێکی زۆری ئێریکی دەدا و وای لێکرد سکاڵا تۆماربکات و داوای دانانی سەرپەرشتیارێکی تر بکات و پاش بگرە و بەردەیەکی زۆر پاریزەرێک بە ناوی “کاڵین” کرا بە سەرپەرشتیاری و ئیتر بەرهەمەکانی ئێریک ژمارەیەکی زۆرتریان لێ چاپدەکرا.

ئێریک هێرمیلین لە وەرگێراندا شیوازێکی کلاسێکی گرتبووبەر و پابەندی نورم و ستایلی سەردەمێکی پێش خۆی بوو. بەڵام لە شێوازی بیرکردنەوەی سیاسیانە ودیدی کومەڵایەتی و تێروانینی بۆ مرۆڤدا زۆر مۆدێرن و پێشکەوتنخواز بوو. ئەو دژی کویلایەتی و کۆلۆنیالیزم بوو، بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ فاشیزم و نازیزم راگەیاندبوو. هێشتا لە ساڵی ١٩٣٣ دا، لە پاڵ دووکەسی تری سویدی دا، پیتەرشۆن باریەر و سێگرشتێد، بە سێ قۆڵی هیتلەریان لە قاودا و رووی دزیۆی نازیزمیان ئاشکرا و مەحکومکرد. ئێریک لە ساڵی ١٩٣٩ دا پامفلێتێک (نوسراوێکی رەخنەئامێز و گاڵتەجاریانە) لە سەر هیتلەر دەنووسێ و هێندە بەهێز دەبێت کە دەسەڵاتدارانی سوید زاتی ئەوە ناکەن رێگای بڵاوکردنەوەی بدەن لە ترسی کاردانەوەی ئەڵمانیا و مەترسی داگیرکردنیان لە لایەن هیتلەرەوە.

ئێریک هێرمیلین بێ ئەندازە لەژیانی ناو خەستەخانەکە بێزاردەبێت و زۆر غەمباری ئەوە دەبێت کە خێزانەکەی لە هیچ بۆنەیەکدا بانگهێشتی ناکەن بەشداری لە جەژن و خۆشی و شاییەکانی خێزانەکەدا بکات کاتێک هەموویان کۆدەبنەوە، بۆیە لەو ماوەیەی کە لە خەستەخانە خزینراوبوو ١٥ جار هەڵدێت. هەموو جارێک دەمەو بەیانی دوو دەست جل دەکات بە سەریەکاو ئەرواتە دەرەوە و کە دەگاتە دەرەوە یەکێکیان دادەکەنێ و ئەیبات رەهنی دەکات و بەپارەکەی بلیتی شەمەنەفەر دەکرێت و دەچێت لە مەیخانەکانی دانیمارک خۆی پێ سەرخۆشدەکات و شەڕلە گەڵ مەیخۆرەکانی ئەوێدا دەکات. جارێک لەو جارانە زیاتر لە شەش مانگ خۆی لەچاوی دەسەڵاتداران دەشارێتەوە.

گەورەپزیشکی خەستەخانەکە لە دوا ڕاپۆرتیدا نووسیویەتی: ” لە هەموو ئەو ماوەیەی ئێریک هێرمیلین لە ژێر چاودێری مندا بووە هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی ئاوەزو شێتیم لێ نەبینیوە” بەڵام خەڵکەکانی تر حوکمی خۆیان دابوو و دەیانگوت کەسێک ژیر بێت ئەو هەڵسوکەوتانەی ئێریک ناکات، جگە لەوەش ئەو سۆفییە. مەگەر سۆفی و شێت هەمان شت نییە؟! بەڵام ئێریک هێرمیلین هەموو جارێک دووپاتی دەکردەوە کە سۆفێتی بۆ ئەو ئەوەیە کە:” هەرگیز درۆ لە گەڵ کەسدا نەکەیت، ناپاکی لە کەس نەکەیت و بوختان بۆ کەس هەڵنەبەستی”

هەر چۆنێک بێت، هێرمیلین لە ئاکامدا بەشێک لە دانپیانان و ستایشی بەردەکەوێ. دەزگای گلێروپ بۆ چاپکردن وبلاوکردنەوەی کتێب پێشانگایەکی تایبەتی بۆ بەرهەمەکانی هێرمیلین ساز دەکات و داوا دەکات کە بەڕێوەبەرایەتی خەستەخانەکە ڕێگا بە هێرمیلین بدات خۆی ئامادەبێت لە پیشانگاکەدا. جگە لەوەش هاوکات باڵیۆزی ئێران لە سوید، هاوڕێ لە گەڵ گورانیبێژی ئۆپیرا ئیزابێلا غەسال- ئوێمان، سەردانی خەستەخانەکە دەکەن و هەر لەوێ مێدالیای شێروخورشیدی ئێرانی پێشکەش دەکەن، وەک پێزانین وسوپاسێک بۆ رۆلی دیاری لە ناساندن و بڵاوکردنەوەی شیعری کلاسیک وفەلسەفەی فارسیدا.

ئەو کارانەی ئیریک هێرمیلین لە بواری وەرگێراندا ئەنجامی داون بە یەکێک لە دیارترینی ئەو کارانەی لەو بوارەدا، نەک هەر لەسوید بەڵکو لە هەموو ئەوروپاشدا ئەنجامدراون، دەژمیردرێن و کاریگەری خۆیانیان لە سەر گەورە شاعیرانی سوید وەک ڤیلهێلم ئێکیلوند، گوننەر ئێکیلۆڤ و کارل-ێوران ئیکیرڤالد داناوە.

ئێریک هێرمیلین کەسایەتییەکی ئاڵۆزو دژواری هەبووە ، لە لایەکەوە سڵی لەوە نەکردۆتە دزی بکات و شەربنێتەوە، لە هەمان کاتیشدا هەردەم ئامادەبوو یارمەتی هاورێیەکی کەم دەرامەت بدات و بەرگری لە لاواز و پەککەوتەکانی کۆمەڵگا بکات، نووسینی خۆی کەمبووە بەڵام زۆر جار کۆمێنت و شەرحی لە سەر ئەو دەقانە داوە کە وەریگێراون و هێندە بە ناخی ئەو بەرهەمانەدا ڕۆچۆتە خوارەوە کە بوونەتە بەشێک لە دنیای رۆحی و فیکری خۆی و لە روانگەی ئەوانەوە سەیری مرۆڤ، سروشت، خوا، ژيان و مردنی کردووە.

ئەو بەرهەمانە ئەگەرچی وەک وتمان بە شێوازێکی کلاسیکیانە وەرگێراونەتە سەر سویدی بەڵام بە زمانێکی هێندە جوان و دیقەتتکارییەکی هێندە بەرزەوە ئەنجام دراون تەنانەت خوێنەری ئەم سەردەمەش چێژی لێدەبینن و لە دەسترەنگینیی و لێهاتوویی ئێریک سەرسام دەبن.
ئێریک هێرمیلین لە ٨ ی نۆڤەمبەری ١٩٤٤ دا کۆچی دوایی دەکات و گەنجینەیەک لە فیکرو شیعری دنیای سۆفیگەری بۆ سویدییەکان بەجێدەهێلێ.
سەرچاوەکان:
1. https://www.svtplay.se/…/180…/sufismen-och-eric-hermelin
2. https://sv.wikipedia.org/wiki/Eric_Hermelin
3. https://motpol.nu/oskorei/2014/12/05/eric-hermelin/

ناردن: