بۆچی خوێندن له فینلاند به موعجیزه ناوده‌برێت؟
وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنی: هه‌ورامان وریا قانع
كه‌س گومانی له‌وه‌دا نییه له‌مڕۆدا فینلاند، له‌سه‌ر ئاستی جیهان و له بواری خوێندن، یه‌كێكه له ده‌وڵه‌ته هه‌ره پێشكه‌وتووه‌كان. بگره خوێندنی فینلاند موعجیزه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه و نكوڵی لێناكرێت. ئاخر ئه‌م وڵاته بچووكه، توانی له ماوه‌یه‌كی كه‌م و له بواری خوێندندا، كۆمه‌ڵێ ده‌ستكه‌وتی په‌روه‌رده‌یی و خوێندن و ئه‌زموون به‌دیبێنێت؛ كه جیهانی دووچاری سه‌رسوڕمان كردووه و ئه‌وه‌ی له‌وێ ڕووده‌دات، بووه نمونه‌ی باڵا و شایه‌نی له‌سه‌ر ڕاوه‌ستانه. ئاخۆ ده‌بێ نهێنی سه‌ركه‌وتنی ئه‌زموونی فینلاند له چیدابێت و چۆن و به چ شێوه‌یه‌كی هاتووه‌ته‌ئارا؟ چۆن چۆنی بۆڕی ئه‌زموونی په‌روه‌رده و خوێندنی وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانی داوه‌ته‌وه و گه‌شتووه به‌م ئاسته‌ی ئێستای؟ ئه‌م نووسینه هه‌وڵێكی ساده‌یه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه.
له ڕاستیدا پێش ئه‌وه‌ی باسی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه مه‌زنه‌ی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده له فینلاند بكه‌ین كه جێگای ڕێز و ستایشكردنه. باشتره كه‌مه‌كێك به‌خێرایی ئه‌م وڵاته بچوكه بناسین كه له وڵاتێكی كشتوكاڵییه‌وه بووه به وڵاتی مه‌عریفه و خوێندنی موعجیزه‌ئاسا. ئاشكرایه فینلاند كۆمارێكی بچوكه و ده‌كه‌وێته باكوری ئه‌وروپا، له ڕووی ڕووبه‌ره‌وه، به هه‌شته‌م گه‌وره وڵاتی ئه‌وروپا داده‌نرێت، وه‌لێ له ڕووی چڕی دانیشتوانه‌وه و به به‌راورد به وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپا، كه‌مترین چڕی دانیشتوانی هه‌یه، ژماره‌ی دانیشتوانی نزیكه‌ی پێنج ملیۆن و نیوه. واته دانیشتونهكهی تاراده‌یه‌كی زۆر هێنده‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستانه. زمانی فه‌رمی وڵاته‌كه زمانی فینلاندی و زمانی سویدییه، زمانی فینلاندی به یه‌كێك له قورسترین زمانه‌كانی ئه‌وروپا دده‌نرێت و ئه‌وانه‌ی به سویدی قسه ده‌كه‌ن، ته‌نها له سه‌دا 5% دانیشتوانه‌كه‌ی پێده‌كه‌ن. پایته‌ختی وڵاته‌كه شاری هێنسلكی-یه و یه‌كێكه له شاره جوانه‌كانی ئه‌وروپا. جگه له‌وه فینلاد به وڵاتای هه‌زار ده‌ریاچه ناسراوه، ده‌وترێت نزیكه‌ی 187888 ده‌ریاچه‌یان هه‌یه و به سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه. زۆری ژماره‌ی ده‌ریاچه‌كان، وایكردووه ئه‌و وڵاته ببێت به وڵاتێكی ئاوی دڵگیر و سه‌رنجڕاكێش. فینلاندییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان، به قاوه‌خۆر به‌ناوبانگن، به‌شی هه‌ره زۆریان ڕۆژانه نزیكه‌ی شه‌ش بۆ هه‌شت كوپ قاوه ده‌خۆنه‌وه.
ئه‌م وڵاته بۆ ماوه‌ی زیاد له 600 ساڵ، به‌شێك بووه له وڵاتی سوید، پاشان به‌شێك بووه له ڕوسیای به‌لشه‌فیك و ساڵی 1917 لێی جیابووه‌ته‌وه و سه‌ربه‌خۆی وه‌رگرتووه، ساڵی 1995 چووه‌ته ڕیزی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا. ته‌نانه‌ت یه‌كه‌م وڵاتی ئه‌وروپییه كه تێیدا ئافره‌ت مافی ده‌نگدانی پێدراوه. له ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، سه‌دان هه‌زار كه‌س له فینلاندییه‌كان كۆچیان كردووه بۆ سوید، چونكه له‌و ڕۆژگاره‌دا له سوید هه‌م هه‌لی كار هه‌بووه و هه‌م كرێی كاركردن به‌رزبووه. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، فینلاند توانی به‌سه‌ر هه‌مو ناخۆشی و زهحمهتییهكانیدا سه‌ركه‌وێت و به پشتبه‌ستن به خوێندن، ڕێگای پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردن بگرێته‌به‌ر و ببێت به‌و وڵاته‌ی له ئێستادا، له به‌شی هه‌ره زۆری دونیاوه، ڕووی تێده‌كرێت و سود له ئه‌زمونی په‌روه‌رده و خوێندنه‌كه‌ی وه‌رده‌گیرێت. بگره وه‌ك قیبله‌یه‌كی لێهاتووه و جمه‌ی دێت له شاندنی په‌روه‌رده‌ی وڵاتان كه به‌خێرایی سه‌ردانی قوتابخانه و خوێندنگاكانی ده‌كه‌ن و له نزیكه‌وه ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌بینن كه بووه‌ته جێگای سه‌رسوڕمانی هه‌موان.
سیستمی خوێندن له فینلاند، پشت به دیدێكی فه‌لسه‌فه‌یی و په‌روه‌رده‌یی ڕه‌سه‌ن ده‌به‌ستێت، دیدێك هه‌ڵقوڵاوی ژیانی واقیعی ناوخۆی فینلاندایه. پرۆسه‌ی گۆڕان و چاكسازیی له سیستمی خوێندندا، به بازێك و به یه‌كجار ڕووینه‌داوه، به‌ڵكو به چه‌ند قۆناغێكدا تێپه‌ڕیوه و كات و پشودرێژی و به‌گه‌ڕخستنی تواناكانی پێویست بووه. هاوشان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، شاره‌زایان و پسپۆڕانی په‌روه‌رده و ده‌رونناسانی كایه‌ی خوێندن له فینلانده، به‌رده‌وام سه‌رقاڵی توێژینه‌وه‌ی تیۆری و پراكتیكی و مه‌یدانی بوون. هه‌موان له خه‌می ئه‌وه‌دابوون چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك، خوێندن بكه‌ن به‌و چه‌كه‌ی بتوانن له ڕێگه‌یه‌وه وڵات به‌ره‌وپێشه‌وه ببه‌ن. خه‌مخۆری هه‌موان بۆ پێشخستنی كه‌رتی په‌روه‌رده، وایكرد ئه‌م دیده فه‌لسه‌فی و په‌روه‌رده‌ییه‌ی خواره‌وه گه‌ڵاڵه بكه‌ن و له‌سه‌ری بڕۆن: فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده له فینلاند، جه‌خت له‌سه‌ر پرنسیپی یه‌كسانی و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی وه‌ك یه‌كی خوێندن بۆ هه‌موان ده‌كاته‌وه. به‌و مانایه‌ی قوتابخانه و خوێندنگا حكومییه‌كان، له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت و هیچ جیاوازییه‌ك نییه له نێوان قوتابخانه‌ی شاره‌كان و گونده‌كان، یان قوتابخانه‌ی گه‌ڕه‌كه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و قوتابخانه‌ی گه‌ڕه‌كه هه‌ژار و میللییه‌كان. ئه‌و پرنسیپه كه دیده فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی له‌سه‌ر بونیاد نراوه، وایكردووه قوتابخانه‌كانی فینلاند، له‌ڕووی ئاستی مه‌عریفی و زانستی و په‌روه‌رده‌یی و بایه‌خدان به منداڵ و مامۆستاوه، زۆر نزیكبن له‌یه‌كه‌وه و جیاوازی گه‌وره له نێوانیاندا نه‌بێت. ئه‌م خاڵه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌م قوتابی و دایك و باوكی قوتابی، له قوتابخانه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان ڕازیبن و منداڵه‌كانیان له نزیكترین قوتابخانه‌ی لای ماڵه‌وه تۆمار بكه‌ن و پێویست به‌وه نه‌كات، به‌دوای قوتابخانه‌ی باش و دووردا بگه‌ڕێن. قوتابخانه‌ی ئه‌هلی و ناحكومی له فینلاند، یان نییه یاخود زۆر كه‌م و ده‌گمه‌نه و ده‌وڵه‌ت هانی كردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره قوتابخانه‌یه نادات. ئه‌مه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستانه كه حكومه‌ت، نه‌ك هانی كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی ئه‌هلی ده‌دات، بگره مه‌سه‌له‌ی كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی ئه‌هلی زۆر كارئاسانی بۆ كراوه و كه‌رتی حكومیش، له‌به‌ر پشتگوێخستن، ورده ورده به‌ره‌و ئه‌وه ده‌ڕوات ببێت به ئه‌هلی.
ئه‌وه‌ی وایكرد وڵاتی فینلاند له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و كایه‌ی خوێندندا بازی گه‌وره بدات و گه‌شه‌ی به‌رچاو به‌خۆیه‌وه ببینێت، جگه له دیده فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی سه‌ره‌وه، كاركردنێكی هاوسه‌نگ بوو له‌سه‌ر سێ ڕه‌گه‌ز كه كۆڵه‌كه‌ی هه‌ره سه‌ره‌كی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده پێكده‌هێنن. ئه‌م سێ ڕه‌گه‌زه له‌یه‌ككاتدا و هاوشانی یه‌ك، گرنگی و بایه‌خی زۆریان پێده‌درا. به یه‌ك چاو سه‌یری هه‌ر سێ ڕه‌گه‌زه‌كه ده‌كرا و وه‌ك یه‌ك و به یه‌ك ئاست كار بۆ پێشخستنیان ده‌كرا. ڕه‌گه‌زه‌كانیش بریتین له منداڵ، خوێندنی خۆڕایی، مامۆستا.
1-منداڵ: ئه‌وان له دوای ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردودا، هاتن له منداڵه‌وه ده‌ستیان پێكرد، گرنگی و بایه‌خێكی له ڕاده‌به‌ده‌ریان به فێركردنی منداڵ دا. بگره به دروشمی: “منداڵ له‌بیر ناكه‌ین” هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ی هاندانی سه‌رجه‌م منداڵانیان بۆ خوێندن، ده‌ستپێكرد. له ئه‌نجامی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا، ڕێژه‌ی ئه‌و فینلاندییانه‌ی خوێندنی ئیلزامیان ته‌واو كرد، گه‌شته 99%. له‌وێ منداڵ سه‌رچاوه‌یه‌كی مرۆیی هێجگار گرنگه و له هه‌مو ڕوویه‌كه‌وه بایه‌خی پێده‌درێت.
2-خوێندنی خۆڕایی: خوێندنی خۆڕایی یه‌كێكه له سیما گرنگه‌كانی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ی فینلاند، ته‌نانه‌ت ئه‌م خوێندنه بۆ ئه‌و بیانیانه‌ش دابینكراوه كه له وڵاته‌كه‌دا ده‌ژین و ده‌توانن سودی لێوه‌ربگرن. به‌پێی یاسای فینلانده، هه‌مو هاوڵاتییه‌كی فینلاندی، پێویسته قۆناغی خوێندنی بنه‌ڕه‌تی ته‌واو بكات. كه‌س بۆی نییه له‌و قۆناغه‌دا، واز له خوێندن بێنێت و به‌جێیبێڵێت. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و یاسایه جێبه‌جێ بكرێت و هاوڵاتیان بتوانن ئه‌و قۆناغه‌ی خوێندن ته‌واو بكه‌ن، ده‌وڵه‌ت ئه‌ركی به‌خۆڕایی خوێندنی قۆناغه‌كانی خوێندنی گرتووه‌ته ئه‌ستۆی خۆی، به قۆناغی خوێندنی زانكۆشه‌وه. جگه له‌وه، ده‌وڵه‌ت له هه‌ردوو قۆناخی خوێندنی پێش بنه‌ڕه‌تی و خوێندنی بنه‌ڕه‌تی، ئه‌ركی دابینكردنی كتێبه‌كانی خوێندن و ژه‌مه خۆراكی ڕۆژانه و ئامرازه‌كانی گواستنه‌وه و هاتوچۆكردنیشی بۆ ئه‌و قوتابیانه گرتووه‌ته ئه‌ستۆی خۆی كه ماڵه‌كانیان زیاد له سێ كیلۆمه‌تر له قوتابخانه‌كانیانه‌وه دوورن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه و به‌پێی پرنسیپی یه‌كسانی له خوێندندا، ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن، تێكه‌ڵ به قوتابیانی دیكه ده‌كرێن و هاوشانی ئه‌وان ده‌خوێنن. چونكه له پرنسیپی خوێندنی یه‌كساندا هاتووه، سه‌رجه‌م قوتابییه‌كان، به‌وانه‌شه‌وه كێشه‌ی فێربوونیان هه‌یه و درنگ تێده‌گه‌ن یان سه‌ر به چین و توێژی كۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازن و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن، هه‌ر هه‌موان پێكه‌وه ده‌خوێنن و تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر ده‌كرێن. هه‌روه‌ها منداڵ له‌كاتی هاتنی بۆ قوتابخانه، ناچار ناكرێت یه‌ك جۆر جلوبه‌رگ له‌به‌ر بكات، واته یه‌كپۆشی/ زی الموحد نییه. منداڵ ده‌توانێت پێڵاوه‌كانی داكه‌نێت و شتێكی دیكه له پێ بكات كه بۆ قاچی مورتاحه. جگه له‌وانه له یاسای خوێندنی فینلاند هاتووه، هیچ قوتابییه‌ك تاقیكردنه‌وه‌ی پێناكرێت تا ئه‌و كاته‌ی ته‌مه‌نی ده‌بێت به یانزه ساڵ. واته ئه‌گه‌ر به زمانی لای خۆمان قسه بكه‌ین، قوتابی له پۆله‌كانی یه‌ك بۆ شه‌شی بنه‌ڕه‌تی، تاقیكردنه‌وه ناكات و به ده‌رچوو ئه‌ژمار ده‌كرێت. له ڕاستیدا لای ئێمه، هه‌وڵێك هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی خوێندن له بازنه‌ی یه‌ك، واته پۆله‌كانی یه‌ك و دوو و سێی بنه‌ڕه‌تی، كه‌وتوو یان مانه‌وه‌ی تێدا نه‌بێت و هه‌موان ده‌ربچن. به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه له‌لایه‌ن مامۆستایانی بازنه‌ی دوو، واته مامۆستایانی پۆله‌كانی چوار و پێنج و شه‌ش، ناڕه‌زایی زۆری لێكهوتهوه، گوایه قوتابی ده‌گاته پۆلی چوار، فێری هیچ نه‌بووه، نه ده‌زانێ ناوی خۆی بنووسێت و نه ده‌توانێت دێڕێك به باشی بخوێنێته‌وه و نه فێری بیركاری و ئینگلیزی بووه. هه‌ر بۆیه هه‌نووكه له قوتابخانه‌كانی ئێمه‌دا، ئه‌گه‌ر قوتابییه‌كی بازنه‌ی یه‌ك ئاستی لاواز بێت، بۆ مانه‌وه‌ی له پۆله‌كه‌ی خۆی، پێویسته ڕه‌زامه‌ندی دایك و باوكی وه‌ربگیرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وان ڕازیبوون به‌وه‌ی منداڵه‌كه‌یان ده‌رنه‌چێت و بمێنێته‌وه، ئه‌وا ده‌مێنێته‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر دایك و باوك ڕازینه‌بوون، ئه‌وا منداڵه‌كه ده‌رده‌چیت و نامێنێته‌وه. كێشه‌ی ئه‌م بڕیاره لای ئێمه، له‌وه‌دایه سه‌روه‌ختێك قوتابییه‌ك یان چه‌ند قوتابییه‌كی بازنه‌ی یه‌كه، ئاستیان لاوازه و توانای تێگه‌شتنیان كه‌متره، بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستیان هیچ ناكرێت، واته نه ئه‌وه‌تا دوای ده‌وام، بهێنرێنه‌وه و وانه‌ی زیاتریان پێبوترێت، نه ئه‌وه‌تا له كاتی ده‌وامی ئاسایدا، پۆل و مامۆستای تایبه‌تیان بۆ ته‌رخان بكرێت و هه‌وڵی زیاتریان له‌گه‌ڵدا بدرێت. هه‌ر بۆیه به هه‌مان ئاست نزمییه‌كه‌ی خۆیانه‌وه ده‌رده‌چن و له بازنه‌ی دووه‌م، هه‌م خۆیان و هه‌م مامۆستاكانیان، دووچاری گرفتی گه‌وره‌ده‌بن.
ماوه‌ی مانه‌وه‌ی قوتابیانی فینلاند له قوتابخانه‌كانیان، زۆر كه‌متره له ماوه‌ی مانه‌وه‌ی قوتابیانی به‌شی زۆری وڵاتانی دیكه، له نمونه‌ی ئه‌مریكا و فه‌ره‌نسا. واته كاتژمێره‌كانی مانه‌وه‌ی قوتابی فینلاندی له قوتابخانه‌كه‌یدا، كه‌متره له كاتژمێره‌كانی مانه‌وه‌ی قوتابی ئه‌مریكا یان فه‌ره‌نسا له قوتابخانه‌كانیان. جگه له‌وه له یاسای په‌روه‌رده‌ی فینلاند هاتووه، پێویسته ماوه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی ماڵه‌وه، ڕۆژانه له نیو كاتژمێر زیاتر نه‌بێت. لای ئه‌وان، منداڵ كه گه‌ڕایه‌وه بۆ ماڵه‌وه، مافی خۆیه‌تی ژیانی ئاسایی خۆی بژی و سه‌رقاڵ نه‌كرێت به حه‌لكردنی ئه‌ركی ماڵه‌وه و ده‌رخكردنی شیعر و په‌خشان و پێناسه‌ی زانست و فیزیا و كیمیا و جیۆلۆجی و هاوشێوه‌كانیان. ئه‌و كاته‌ی له قوتابخانه ده‌یبه‌نه‌سه‌ر، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌ركه‌كانی خوێندنیانی تێدا جێبه‌جێ بكه‌ن.
3-مامۆستا كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كه و بنچینه‌ی هاوكێشه‌كه‌یه، له فینلاند به ئاسانی نابیت به مامۆستا، دامه‌زراندنی مامۆستا به لێشاو نییه و كارێكی سه‌خت و تاقهتپڕوكێنه. هه‌مو ده‌رچوویه‌كی زانكۆ و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی بهكهلۆریۆس، ناكرێن به مامۆستا. ده‌رچووی تازه و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی زانكۆ، ڕاسته‌وخۆ نانێردرێن بۆ پۆله‌كانی خوێندن، تاكو به ئاره‌زووی خۆیان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ منداڵدا بكه‌ن. بگره خاوه‌ن بڕوانامه‌ی بهكهلۆریۆس، ده‌بێت بڕوات ماسته‌ر ته‌واو بكات، وه‌لێ بۆ ته‌واوكردنی ماسته‌ر، ده‌ڕواته كێبڕكێیه‌كی زۆر قورسه‌وه و به ئاسانی وه‌رناگیرێت. ته‌نها له سه‌دا 11% ئه‌وانه‌ی پێشكه‌شی ماسته‌ریان كردووه، وه‌رده‌گیرێن و ده‌بن به مامۆستا.
مامۆستای ئه‌و وڵاته، پێش ئه‌وه‌ی بڕواته پۆله‌وه و وانه بڵێته‌وه، به تونێلێكی زانستی و به مه‌شق و ڕاهێنانێكی په‌روه‌ده‌یی چڕ و سه‌ختدا تێده‌په‌ڕێت. سه‌روه‌ختێك له‌و سه‌ری تونێله‌كه و له مه‌شق و ڕاهێنانه‌كاندا به سه‌ركه‌وتووی دێته‌ده‌ره‌وه، بووه‌ته مامۆستای خاوه‌ن په‌یام، ئیدی له نێو كۆمه‌ڵگا، پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی ده‌بێت و ڕێزێكی زۆری لێده‌گیرێت و موچه‌یه‌كی باش وه‌رده‌گرێت، ئه‌مه وا ده‌كات مامۆستا په‌یامه‌كه‌ی سه‌ر شانی، به شێوه‌یه‌كی باش و سه‌ركه‌وتووانه بگه‌یه‌نێت. له‌وێ مامۆستا ڕۆژانه به نزیكی چوار كاتژمێر له پۆلدا ده‌مێنێته‌وه و وانه ده‌ڵێته‌وه. ئه‌و كاته‌ی بۆی ده‌مێنێته‌وه، بۆ دانانی پلانه‌كانی، یارمه‌تیدانی ئه‌و قوتابییه‌ی پێویستی به یارمه‌تی زیاتره، به‌شداریكردن له خولی پێگه‌یاندن و خۆڕۆشبیركردن و چه‌ندین كاری دیكه‌ی په‌یوه‌ست به پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌وه، ته‌رخان ده‌كات. له‌وێ ژیانی مامۆستا به جۆرێك دابینكراوه، پێویستی به‌وه نییه به‌دوای ئیشی دیكه‌دا بگه‌ڕێت. له‌مه‌شدا ته‌واو پێچه‌وانه‌ی لای ئێمه‌یه.
له وڵاتی فینلاند، منداڵ له ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵی ده‌ڕواته قوتابخانه، قۆناغی خوێندنی بنه‌ڕه‌تی نۆ ساڵه و ئیجبارییه. قوتابی كۆمه‌ڵێ بابه‌تی جیاواز ده‌خوێنێت و تاقیكردنه‌وه‌ی تێدا نییه. ئه‌مه وایكردووه ڕێژه‌ی وازهێنان له خوێندنی ئیجباری كه‌مبووه‌ته‌وه بۆ له سه‌دا سفر و له ده‌یا پێنج 5،.%. به‌ڵام قۆناغی ئاماده‌یی دوو به‌شه: خوێندنی گشتی كه له سه‌دا60% قوتابیان وه‌رده‌گرێت و ماوه‌ی خوێندنه‌كه‌ی سێ ساڵه، ئاماده‌یی پیشه‌یی و هونه‌ری كه له 40% قوتابیان وه‌رده‌گرێت و حه‌وت به‌شی لێده‌بێته‌وه: كارگێڕی و ئابوری، ته‌كنه‌لۆژیا و گواستنه‌وه، خۆراك و زانستی ماڵداری، زانستی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی، وه‌رزش، ڕۆشنبیریی و داهاته سروشتییه‌كان/ الموارد الطبیعیة.
شاره‌زایان پێیانوایه، كۆمه‌ڵێك فاكته‌ر له پشت ئه‌و پێشكهتنهی پرۆسه‌ی په‌روه‌ده و خوێندنه‌وه هه‌یه كه له فینلاند به‌ڕێوه‌ده‌چێت. یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی وایكردووه پرۆسه‌ی په‌روه‌رده له فینلاند، گه‌شه‌بكات و پێشبكه‌وێت و ببێته نمونه‌یه‌كی باڵا و وڵاتانی دیكه چاوی لێبكه‌ن. ئه‌وه‌یه فینلاند یه‌كێكه له‌و وڵاته زۆر كه‌م و ده‌گمه‌نانه‌ی، خۆی به سیستمی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهان ڕووده‌دات، سه‌رقاڵ ناكات. ئه‌و هه‌میشه هه‌وڵده‌دات خۆی له‌و كێشه و ململانێ و ناكۆكییه سیاسی و ئابورییانه به‌دوور بگرێت كه له جیهانی ده‌ره‌وه‌دا ڕووده‌ده‌ن. به‌رده‌وام له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه خۆی له كێشه ئاڵۆزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دوورخاته‌وه و كۆی هه‌وڵ و تواناكانی، بۆ خاتری باشتركردنی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركردنی وڵاته‌كه‌ی و خۆشگوزه‌رانی دانیشتوانه‌كه‌ی بخاته‌گه‌ڕ. هه‌ر ئه‌مه بوو وایكرد ئه‌م ده‌وڵه‌ته بچوكه‌ی سكهندهرناڤیا، ساڵی 2015 ببێته به‌هێزترین ده‌وڵه‌تی جیهان له خوێندن.
فاكته‌رێكی دیكه‌ی پێشكه‌وتنی خوێندن له‌و وڵاته، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه خوێندن/ التعلیم به‌شێكه له شوناس. به‌و مانایه‌ی شانازیكرن و ڕێزگرتنی خوێندن و فێربوون له فینلاند، به‌شێكه له لایه‌نی سه‌ره‌كی كه‌لتوور و ڕۆشنبیریی فینلاندیی. سه‌روه‌ختێك ئه‌م وڵاته سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ستده‌هێنێت، ئامانجی سه‌ره‌كی بریتی بوو له گه‌شه‌پێدانی خوێندن به شێوه‌یه‌كی گه‌وره و به‌ربڵاو.
فاكته‌رێكی دیكه ئه‌وه‌یه له فینلاند بوون به مامۆستا تابڵێی سه‌خته، مامۆستایان زۆر به وردی و به دیقه‌ته‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێن و ده‌بێت خاوه‌نی كارامه‌یی و شاره‌زایی و لێهاتووییه‌كی به‌رزبن و وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا، ده‌بێت هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماستهربن. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ته‌نها بلیمه‌ت و ئه‌وانه‌ی په‌رۆشی زۆر و حه‌ماسه‌تی زۆریان بۆ بوون به مامۆستایی هه‌یه، وه‌رده‌گیرێن.
فاكته‌رێكی دیكه ئه‌وه‌یه، ئاستی خوێندن، له‌سه‌ر بنه‌مای زیره‌كی یان ئاستنزمی، هیچ جیاكارییه‌ك له نێوان قوتابیان ناكرێت. قوتابییه‌كان به‌پێی ئاستیان له‌یه‌كتر جیاناكرێنه‌وه، ئه‌وانه‌ی ئاستیان نزمتره، وانه‌ی زیاتر و كاتی زیاتریان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت، تاكو ده‌گه‌نه‌وه به هاوڕێكانیان. ئه‌مه‌ش وایكردووه، فینلاند له‌سه‌ر ئاستی جیهان و به‌پێی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ی ده‌زگای هاریكاری ئابوری و گه‌شه‌كردن ئه‌نجامیداوه، جیاوازییه‌كی زۆر كه‌م له نێوان قوتابییه ئاست به‌رزه‌كانی و قوتابییه ئاست نزمه‌كانی هه‌بێت.
فاكته‌رێكی دیكه بریتییه له‌و په‌یوه‌ندییه توند و به‌هێزه‌ی له نێوان مامۆستا و قوتابیدا هه‌یه. مامۆستایانی فینلاند، ماوه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانیان ده‌مێننه‌وه و مانه‌وه‌یان ته‌نها په‌یوه‌ست نییه به یه‌ك ساڵی خوێندنه‌وه، به‌ڵكو نزیكه‌ی پێنج ساڵ له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانیان ده‌مێننه‌وه. واته هه‌ر مامۆستایه‌ك له پۆلی یه‌ك تا پۆلی پێنج یان شه‌ش، له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی ده‌مێنێته‌وه و پۆل دوای پۆل له‌گه‌ڵیان ده‌بێت، ئه‌مه‌یه پێیده‌وترێت مامۆستای پۆل/ معلم الصف، نه‌ك مامۆستای بابه‌ت. لێره‌دا پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێین ژماره‌ی قوتابیانی هه‌ر پۆلێك، له بیست قوتابی تێپه‌ڕناكات. به‌م جۆره په‌یوه‌ندییه‌كی تۆكمه له نێوان هه‌ردوو كۆڵه‌كه مرۆییه‌كه‌ی سیستمی په‌روه‌رده- مامۆستا و قوتابی- دروست ده‌بێت. په‌یوه‌ندییه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای خۆشه‌ویستی و ڕێز و گوێگرتنی دوولایه‌نه پێكهاتووه.
فاكته‌رێكی دیكه‌ی زۆر گرنگ و بایه‌خدار، بریتییه له‌وه‌ی منداڵ له قوتابخانه، له ڕووی ده‌رونییه‌وه زۆر ئارام و مورتاحه. وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا خوێندن له ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵییه‌وه ده‌ست پێده‌كات. منداڵ له قوتابخانه كاتێكی زۆر به یاری ده‌باته‌سه‌ر و به‌شێك له وانه‌كانی له ڕێگه‌ی یارییه‌وه ئه‌نجامده‌دات. نه تووڕه‌بوون هه‌یه و نه شكاندنه‌وه و نه هاواركردن به‌سه‌ریادا. ڕێز له خه‌یاڵ و بۆچون و بیروڕایان ده‌گیرێت، هه‌ر له ڕێگه‌ی یاریكردن و چالاكییه‌وه، په‌ره به تواناكانیان ده‌درێت و به‌هره‌كانیان به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌برێت. منداڵ له قوتابخانه، كاتێكی زۆری هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی منداڵی خۆی بژی و ببێت به ئه‌ستێره‌یه‌كی بچكۆلانه و چێژ له ژیان وه‌ربگرێت. له‌وێ ئه‌ركی ماڵه‌وه، یا نییه یاخود نابێته بارگرانی به‌سه‌ر قوتابییه‌كه و دایك و باوكی. كه‌چی له وڵاتانی عه‌ره‌بی و لای خۆشمان، یه‌كه‌م وشه كه به منداڵی پێیان ده‌وتین، ئه‌وه بوو: واز له یاریكردن بێنن و سه‌عی بكه‌ن و ئه‌ركه‌كانی ماڵه‌وه جێبه‌جێ بكه‌ن. جار هه‌بووه ئه‌ركی ماڵه‌وه، هێند زۆر قورس بووه، نه‌ك خۆمان به‌ڵكو دایك و باوك و برا و خوشكه گه‌وره‌كانیشمان نه‌یانده‌زانی حه‌لی بكه‌ن. جگه له‌وه له كۆن و له ئێستاشدا، زۆرجار وانه‌ی وه‌رزش و هونه‌ر، ده‌كران و ده‌كرێن به وانه‌ی بیركاری و ئینگلیزی و وانه‌كانی دیكه. هه‌روه‌ها له ماڵه‌وه‌ش یاریكردن قه‌ده‌غه ده‌كرا و ده‌بوایه كتێبه‌كانمان بێنین و بكه‌وینه ده‌رخكردنی وانه‌كان. ئه‌وه‌تا به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌یه‌ك هه‌ڵه‌ی ئه‌و جۆره مامه‌ڵه‌كردنه ده‌رده‌خات و له چاوپێكه‌وتنێكدا به ده‌رهێنه‌ری به‌ناوبانگی ئه‌مریكی مایكل مۆر ده‌ڵێت: (سه‌روه‌ختێك قوتابییه‌كان كاتی ئه‌وه‌یان هه‌یه یاری بكه‌ن و له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه پێكه‌وه له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیان بن و وه‌ك مرۆڤ گه‌وره ده‌بن، تێده‌گه‌ن شتگه‌لێكی زۆر له ژیاندا هه‌یه، زۆر زیاتر له‌وه‌ی له قوتابخانه وه‌ریده‌گرن. من ده‌مه‌وێت منداڵه‌كان گه‌مه‌ی خۆیان بكه‌ن).
به‌ڵام منداڵ له جیهانی عه‌ره‌بی و لای ئێمه‌ش، له یه‌كه‌م ڕۆژی چوونی بۆ قوتابخانه، ترس و شۆك دایده‌گرێت، چونكه قوتابخانه‌كه‌ی پڕه له قیژه‌قیژ و ده‌نگه ده‌نگ و شكاندنه‌وه و ترساندن. زۆرجار كاریگه‌ری ئه‌و شۆكه و سزا ده‌روونی و جه‌سته‌ییه‌كانی، هه‌م كار ده‌كاته سه‌ر توانا عه‌قڵی و ده‌روونییه‌كانی و هه‌م به درێژایی ته‌مه‌نی قوتابییه‌كه ده‌مێنێته‌وه و هه‌میشه له یاده‌وه‌ریدا زیندووه. ئه‌مه با مه‌سه‌له‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كه‌لۆریای پۆلی دوانزه‌ی ئاماده‌یی له‌ولاوه بووه‌ستێت كه زۆرجار وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌ی ژیان و مردن لێیده‌ڕوانن. لێره، له هه‌رێمی كوردستان، قوتابی و خوێندكار، ناچارده‌كرێن كتێبه‌كان ده‌رخ بكه‌ن، له یه‌كه‌م ڕۆژی قوتابخانه‌وه تا ڕۆشتن بۆ زانكۆ، له‌سه‌ر هێنانی نمره‌ی به‌رز ڕاده‌هێنرێن، جگه له نمره هیچ شتێكی دیكه گرنگ نییه. ئه‌وه تاقیكردنه‌وه‌ی بهكهلۆریا و هێنانی نمره‌ی به‌رزه، چاره‌نووسی قوتابی و خانه‌واده‌كه‌شی ده‌ستنیشان ده‌كات.
قوتابخانه له وڵاتی فینلاند، ته‌نها قوتابخانه نییه. به‌ڵكو شوێنێكه بۆ ئارامی ده‌روونی و متمانه‌كردن به خود. ته‌نانه‌ت قوتابخانه‌كان دیواری نییه! به‌ڵێ دیواری نییه، بۆچی؟ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی له ناوه‌وه‌ی قوتابخانه‌كه‌ن، هه‌ست نه‌كه‌ن له زینداندان. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌یه هه‌ر كه‌سێك بۆ یه‌كه‌مجار ڕووی تێده‌كات، هه‌ست نه‌كات ده‌ڕوات بۆ زیندان. كه‌چی قوتابخانه لای ئێمه و وڵاتانی عه‌ره‌بی، له گرتوخانه ده‌چێت، خه‌می یه‌كه‌م و سه‌ره‌كی قوتابی، ئه‌وه‌یه چۆن و به چ شێوه‌یه‌كی لێی ڕابكات، یان هه‌مو حه‌زی له‌وه‌دا كۆده‌بێته‌وه كه‌ی زه‌نگی كۆتایی وانه‌ی هاتنه‌وه لێده‌درێت و ڕزگاریان ده‌بێت. له‌به‌رچی ئه‌مه به‌م شێوه‌یه‌یه؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قوتابی له قوتابخانه، ڕوبه‌ڕووی جۆره‌كانی سزای ده‌روونی و جه‌سته‌یی و قسه پێوتن ده‌بێته‌وه كه هه‌رگیز كۆتایی نایه‌ت و نابڕێته‌وه.
وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا، له فینلاند هیچ كه‌سێك به ئاسانی نابێت به مامۆستا. به‌ڵام له وڵاتانی عه‌ره‌بی و لای خۆشمان، مامۆستایی ئیشی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه ئیشیان ده‌ست ناكه‌وێت. به‌شی زۆری ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دبلۆم و بهكهلۆریۆسن و له پسپۆڕییه‌كه‌ی خۆیان دانامه‌زرێن، ڕوو ده‌كه‌نه په‌روه‌رده، سه‌ره‌تا وه‌ك خۆبه‌خش، پاشان وه‌ك وانه بیژ، دواتر وه‌ك گرێبه‌ست، له كۆتایدا داوای دامه‌زراندن ده‌كه‌ن. وه‌لێ له فینلاند، مامۆستا وه‌ك خه‌بیر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، كه‌س پێی ناڵێت چی ده‌خوێنیت و چی ناخوێنیت؟ له مه‌نهه‌ج دواكه‌وتویت و كتێبه‌كه‌ت پێته‌واو ناكرێت. ئاخر مامۆستا له‌وێ ئازاده له‌وه‌ی چ جۆره مه‌نهه‌جێك به قوتابییه‌كانی ده‌ڵێته‌وه، ئه‌و له بواری په‌روه‌ده بڕوانامه‌ی ماسته‌ری هه‌یه و شاره‌زاییه‌كی زۆرباشی له‌و مادده‌یه‌دا هه‌یه كه ده‌یڵێته‌وه. له‌وێ مه‌شق و ڕاهێنان به مامۆستا، پرۆسه‌یه‌كی ئه‌كادیمییه و له شێوه‌ی تهخهڕوجكردنی پزیشك ده‌چێت. لای ئێمه و له وڵاتانی عه‌ره‌بی، مامۆستا دواهه‌مین كه‌سه ڕێزی لێبگیرێت، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه. مامۆستا زۆر به ئاسانی و به ڕۆژی ڕووناك له‌لایه‌ن كه‌سانی سه‌ربازی و ئه‌منی و به‌رپرسی باڵاوه، سوكایه‌تی پێده‌كرێت. جگه له‌وه هه‌م قوتابخانه و هه‌م خودی پرۆسه‌كه، بوونه‌ته مشكی تاقیكردنه‌وه، هه‌ر وه‌زیرێك و كابینه‌یه‌ك كه دێت، به ئاره‌زووی خۆی گۆڕانكاری تێدا ده‌كات. دواجار هیوادارین به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، كه‌مه‌كێك سود له‌و ئه‌زمونه ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی فینلاند وه‌ربگرن و به‌شێكی لێره پیاده بكه‌ن، به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به ڕێزگرتنی قوتابی و چۆنیه‌تی دامه‌زراندنی مامۆستاوه
بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته، سود له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئینته‌رنێت وه‌رگیراوه، له‌وانه:
1-وكیپیدیا
2-نوردین قلالة islamonline.net.www
3- www.new-educ.com