جابر عسفور؛ یه‌كێك له گه‌وره ڕۆشنگه‌رەكانی عه‌رب له‌م سه‌رده‌مه‌ماندا
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
ده‌زانم وشه‌ی له جۆری “ڕۆشنگه‌ریی، ڕۆشنگه‌ر، ڕۆشنگه‌رانی عه‌ره‌ب” وایلێهاتووه زۆرێك بێزار ده‌كات. بگره له “ده‌ماغیان” ده‌دات، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینه شیاوبێت. به‌ڵام با بۆ خۆیان باش بزانن، ئێمه له‌مڕۆوه تا په‌نجا ساڵی داهاتوو، هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری ئه‌م جۆره وشانه نابین. خۆ ئه‌گه‌ر ئێمه ده‌ستبه‌رداریان ببین، ئه‌وا ئه‌وان له‌به‌ر هۆكارێكی زۆر ساده، واز له‌ئێمه ناهێنن كه بریتییه له‌وه‌ی ئه‌و وشانه: پێداویستییه‌كی گه‌وره‌ی مێژوویی دابین ده‌كه‌ن. لێره‌وه ئه‌وان سه‌ربه‌خۆن و به ته‌واوه‌تی ئێمه تێده‌په‌ڕێنن. ئه‌وه قۆناغه مێژووییه‌كه‌یه كه سه‌پاندوویه‌تی به‌سه‌رماندا، نه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه سه‌پاندبێتمان. ئه‌مه حه‌زێكی كاتی ڕاگوزه‌ر نییه، یان مۆده‌یه‌كی ڕوكه‌شانه‌ی باو نییه. ئه‌و سه‌ده‌یه‌ی كه دێت، بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت، سه‌ده‌ی ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌به. یا ئه‌وه‌تا له خه‌وی قووڵی دۆگمایمان و له عه‌قڵیه‌تی چه‌قبه‌ستوومان خه‌به‌رمان ده‌بێته‌وه، یا ئه‌وه‌تا خۆمان له نێو قه‌پێلكه بچووكه‌كانی عه‌قیده‌كه‌ماندا داده‌خه‌ین و سێ به‌شی مرۆڤایه‌تی ته‌كفیر ده‌كه‌ین!
دوای ئه‌م هه‌مو ده‌ستپێكه تووند و ته‌قێنه‌ره، ڕێگه‌م بده‌ن ئه‌مه‌ی خواره‌وه بڵێم: ئه‌و پیاوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ماڵئاوایی لێكردین، یه‌كێك بوو له جه‌مسه‌ره گه‌وره‌كانی ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌بی، ئه‌مه ئه‌گه‌ر جه‌مسه‌ری یه‌كه‌می نه‌بووبێت. ئیمه هه‌ر هه‌مومان، به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، قوتابی ئه‌و بووین. هه‌مومان له پاڵتۆكه‌ی ئه‌و هاتووینه‌ته ده‌ره‌وه. فه‌زڵ و چاكه‌ی ئه‌و به‌سه‌ر ڕۆشنبیریی عه‌ره‌بییه‌وه، تا ئێستاش ئه‌و ڕۆشنبیرییه نه‌یتوانیوه له ڕه‌هه‌نده‌كانی تێبگات.
جابر عسفور به ته‌نها ڕه‌خنه‌گرێكی ئه‌ده‌بی گه‌وره نه‌بوو، به‌ڵكو بیرمه‌ندێكی گه‌وره‌ش بوو، ڕۆچووبووه نێو خه‌م و ئازاری سه‌رده‌مه‌كه‌ی و كێشه‌كانی. توانی له‌لایه‌كه‌وه ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و له‌لایه‌كی دیكه‌وه ڕه‌خنه‌ی فیكری و سیاسی، پێكه‌وه كۆبكاته‌وه. من ئاگاداری وتاره‌كانی بووم كه له لاپه‌ڕه‌كانی گۆڤاری “العربی” كوێتی بڵاویده‌كرده‌وه. به‌و په‌ڕی سه‌بر و دانبه‌خۆداگرتن، چاوه‌ڕوانی ده‌رچوونی هه‌مو ژماره‌یه‌كی گۆڤاره‌كه‌م ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نها فیكر و یادگارییه‌كانی بخوێنمه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی له میانه‌ی وشه‌كانه‌وه یان له میانه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته پشتی وشه‌كانه‌وه، گوێم له ده‌نگه گه‌رموگوڕه برایانه‌كه‌ی بێت. ئاخر ئه‌و وه‌ك هه‌ر نووسه‌رێكی گه‌وره، ده‌نگێكی تایبه‌ت و تامێكی تایبه‌تی هه‌بوو.
ئاشكرایه بابه‌تی ڕۆشنگه‌ریی، خه‌می یه‌كه‌می جابر عسفور بوو. ئێمه پێش ئه‌وه‌ی گوێمان له وشه‌ی ڕۆشنگه‌ریی بێت، ئه‌و هێڵه پانه‌كانی ڕۆشنگه‌ریی ده‌كێشا و به‌درێژایی چه‌ندین كتێبی یه‌ك له دوای یه‌ك، ته‌وه‌ره‌كانی ڕۆشنگه‌ریی گه‌ڵاڵه ده‌كرد و باسی له كێشه و گرفته‌كانی ده‌كرد. لێره‌دا ته‌نها هه‌ر بۆ خۆشی ناوی چه‌ند كتێبێكی ده‌هێنین: “ڕۆشنگه‌ریی ڕوبه‌ڕووی تاریكی ده‌بێته‌وه”، “به‌رگری له ڕۆشنگه‌ریی”، “په‌راوێز بۆ ده‌فته‌ری ڕۆشنگه‌ریی”، “ڕووناكی عه‌قل”، “ئاسۆكانی سه‌رده‌م”، “دژ به ده‌مارگیری”، “ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر”، “ڕۆشنگه‌ریی و ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی”، “ڕزگاركردنی عه‌قل”، “ڕه‌خنه له كه‌لتوری دواكه‌وتن”، “ده‌رباره‌ی كه‌لتوور و ئازادی”، “به‌رگریكردن له عه‌قڵانییه‌ت”… هتد. له‌وه زیاتر چیترتان ده‌وێت؟ ئایا هیچ به‌شداریكردنێك له جه‌نگه فیكریه وجودییه‌كه‌ی عه‌ره‌ب، له‌م به‌شداریكردنه گه‌وره‌تر هه‌یه؟
وه‌ك چۆن ڕۆژێك له ڕۆژن له فه‌ره‌نسا به ڤۆڵتێر-یان ده‌وت: “به ته‌نها هه‌ر خۆی نه‌ته‌وه‌یه‌كه”، ئه‌وا جابر عسفور-یش به ته‌نها هه‌ر خۆی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بوو. جگه له‌وه جابر ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له گواستنه‌وه‌ی چه‌ندین كتێبی فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش بوو، له قاهیره “سه‌نته‌ری نه‌ته‌وه‌یی بۆ وه‌رگێڕان” دامه‌زراند. دواتر سه‌باره‌ت به‌و پرۆژه‌یه، كتێبێكی ته‌واوه‌تی به ناونیشانی : “شه‌مه‌نده‌فه‌ری پێشكه‌وتن، وه‌رگێڕان و كۆمه‌ڵگای مه‌عریفه” بڵاوكرده‌وه. له‌م لایه‌نه‌وه، ده‌كرێت به فه‌یله‌سوفی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسا دیدرۆ-ی بچوێنین. دیدرۆ له میانه‌ی فه‌رهه‌نگه به‌ناوبانگه‌كه‌یه‌وه: “ئینسایكلۆپیدیا”، ڕۆشنگه‌ریی ئینگلیز و مه‌عریفه زۆر زه‌به‌نده‌كه‌ی ئینگلیزی، گواسته‌وه بۆ فه‌ره‌نسییه نه‌زان و دواكه‌وتووه‌كان. دیدرۆ په‌رۆشی ئه‌وه بوو فه‌ره‌نسییه‌كان ڕۆشنبكاته‌وه و له تاریكی ده‌مارگیری و نه‌زانین ده‌ریان بێنێت و بیانخاته نێو ڕوناكی زانست و فه‌لسه‌فه. به هه‌مان شێوه جابر عسفور-یش په‌رۆشی ئه‌وه بوو عه‌ره‌ب و موسڵمانه‌كان، نه‌ك ته‌نها میسرییه‌كان، ڕوناكبكاته‌وه. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره بوو، دیدرۆ هه‌مو مه‌عاریفی سه‌رده‌مه‌كه‌ی، گواسته‌وه بۆ سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی، به‌شی هه‌ره زۆر ئه‌و مه‌عریفه‌یه ئینگلیزی بوو، چونكه ئینگلیز له ڕووی ڕێنیسانس و ڕۆشنگه‌رییه‌وه، ده‌ستپێشخه‌ر بوون و له فه‌ره‌نسییه‌كان باڵاده‌ستتر بوون.
من به‌خت یاوه‌رم نه‌بوو، ته‌نها یه‌كجار ئه‌وم بینی، ئه‌و جاره‌ش له په‌راوێزی یه‌كێك له كۆنگره گه‌وره‌كان بوو كه “ناوه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بۆ وه‌رگێڕان” به ناونیشانی “وه‌رگێڕان و ئالانگارییه‌كانی سه‌رده‌م” سازیكردبوو. له‌م كۆنگره‌یه‌دا ده‌یان وه‌رگێڕ و ڕۆشنبیری عه‌ره‌ب، له خۆرهه‌ڵاتی عه‌ره‌بییه‌وه بۆ خۆرئاوی عه‌ره‌بی و پارچه‌كانی دیكه‌ی زه‌وی، بانگهێشتكرابوون، منیش له‌سه‌ر داوای ئه‌و بانگهێشتكرابووم، به‌نده له‌و كاته‌دا له پاریسه‌وه هاتبووم. من سه‌باره‌ت به‌و كۆنگره گه‌وره و بایه‌خدار و گرنگه، لێره، له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی ڕۆژنامه‌ی الشرق الاوسط، له به‌رواری 16 نیسانی ساڵی 2010، وتارێكم به‌م ناونیشانه‌ی خواره‌وه نووسی: “وه‌رگێڕان و ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌ب”. له قاهیره “ناوه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بۆ وه‌رگێڕان”، به‌درێژایی چه‌ند ڕۆژێك، به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام وه‌ك پوره‌ی هه‌نگ ئیشی ده‌كرد، له زۆربه‌ی جاره‌كاندا گفتوگۆكان و كۆمێنته‌كان، له ئاستێكی زۆر به‌رزدا بوون. گفتوگۆ و مشتومڕه سه‌ربه‌خۆكانی ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌كانی كۆنگره، ته‌واوكردنی گفتوگۆ و مشتومڕه گه‌رمه‌كانی ناوه‌وه‌ی هۆڵه‌كان بوو. ئێمه له‌و ساته‌وه‌خته‌دا، چركه‌ساتێكی ڕۆشنبیریی چڕ و پڕ ده‌ژیاین، سه‌رده‌می زێڕینی عه‌ره‌ب له ڕۆژگاری خه‌لیفه مه‌ئمون و بیت الحكمه له به‌غداد-ی بیرده‌هێناینه‌وه. تا ئێستاش یادی ئه‌و كۆنگره‌یه له خه‌یاڵ و ده‌روونمدا ماوه‌ته‌وه.
هه‌مو ئه‌وه مانای چییه؟ مانای ئه‌وه‌یه جابر عسفور، ده‌یویست ڕێنیسانسێكی ڕاسته‌قینه له‌سه‌ر خاكی عه‌ره‌ب بێنێته‌ئاراوه، ڕێنیسانسێك ده‌ستپێكه‌كه‌ی له قاهیره‌وه بێت. ئه‌و ده‌یزانی ڕێنیسانس پێش ئه‌وه‌ی له كایه‌ی سیاسی‌دا ڕووبدات، یه‌كه‌مجار ده‌بێت له كایه‌ی ڕۆشنبیریدا ڕووبدات. چونكه فیكر ده‌كه‌وێته پێش سیاسه‌ت و له‌و باڵاتره، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه. هه‌روه‌ها ده‌یزانی ڕێنیسانس و بوژانه‌وه گه‌وره‌كان، له‌سه‌ر شانی وه‌رگێڕانه گه‌وره‌كانه. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره بوو “ناوه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بۆ وه‌رگێڕان” دامه‌زراند. هه‌مومان ئه‌و ڕاستییه ده‌زانین كه ڕێنیسانسی ئه‌وروپی، له‌سه‌ر وه‌رگێڕانی ده‌قه عه‌ره‌بییه گه‌وره‌كانی ئیبن سینا و ئیبن ڕوشد و ئیبن باجه و فارابی… هتد هاته‌ئاراوه. ڕێنیسانسی یابانیش له سه‌روبه‌ندی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و له ڕۆژگاری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌لمیجی، له‌سه‌ر شانی وه‌رگێڕانه گه‌وره‌كانی فیكری ئه‌وروپی ڕوویدا، ئه‌لمینجی به مانای حوكمی ڕۆشنگه‌ر دێت.
دیسانه‌وه گه‌ڕاینه‌وه بۆ ڕۆشنگه‌ریی، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له ده‌روازه‌ی یابان و یابانییه‌كانه‌وه. ئه‌وان شه‌رم له وشه‌ی “ڕۆشنگه‌ریی” ناكه‌ن و به چاوێكی سووك لێی ناڕوانن و سوكایه‌تی و گاڵته‌ی پێناكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب یان به‌ناو ڕۆشنبیران ده‌یكه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌وان نكوڵی له‌وه ناكه‌ن كه له خۆرئاوا وه‌ربگرن، له پێناو ئه‌وه‌ی بگه‌ن به خۆرئاوا، بگره له پێناو ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بكرێت له‌وانیش تێپه‌ڕن. ئه‌گه‌ر تۆ له‌وان دواكه‌وتووتربیت، ئه‌وا شه‌رم و نه‌نگی نییه لاسایی ئه‌وانی دیكه بكه‌یته‌وه و به‌رهه‌مه‌كانیان وه‌ربگێڕیت و سودیان لێوه‌ربگریت. ئه‌وه‌ی عه‌یب و نه‌نگییه، ئه‌وه‌یه تۆ به‌داخراوی بمێنیته‌وه و چه‌ق ببه‌ستی و ڕه‌ق هه‌ڵگه‌ڕێیت و به‌وپه‌ڕی لوتبه‌رزییه‌كی به‌تاڵه‌وه، نه‌ته‌وێت سود وه‌ربگریت.
جابر عسفور به‌رده‌وامی نه‌وه‌ی یه‌كه‌می ڕێنیسانسه گه‌وره‌كه‌یه: نه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د لوتفی ئه‌لسه‌ید، جۆرجی زێدان، محه‌مه‌د حه‌سه‌نێن هه‌یكه‌ل، عه‌باس مه‌حمود ئه‌لعقاد، سه‌لامه موسی و چه‌ندین جه‌مسه‌ری دیكه‌ی ئه‌و نه‌وه گه‌وره‌یه. خودی جابر عسفور خۆی ددان به‌وه‌داده‌نێت. ده‌كرێ ئه‌م ناوانه‌ی دیكه‌ی بۆ زیاد بكه‌ین: شبلی شمیل، یه‌عقوب صروف، فه‌ره‌ح ئه‌نتوان و ده‌یانی دیكه. وه‌لێ ڕێنیسانس پێویستی به چه‌ندین نه‌وه هه‌یه، پێویستی به چه‌ندین شه‌پۆلی یه‌ك له دوای یه‌ك هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت سه‌ركه‌وێت به‌سه‌ر هێزه كۆنه‌پارێز و ته‌گه‌ره‌خوازه‌كان كه به‌رده‌وام به‌ره‌وه دواوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه. لێره‌وه مه‌سه‌له‌كه سه‌خته، ئاڵۆزه، دوور و درێژه. مه‌سه‌له‌كه گاڵته‌یه‌كی ساده نییه. جه‌نگی ڕۆشنگه‌ریی له جیهانی عه‌ره‌بیدا، جه‌نگێكی سه‌خت و بێ‌ئامان ده‌بێت؛ بگره زۆر گه‌رم و بێ‌ئامان ده‌بێت و ئێمه هێشتا له سه‌ره‌تای سه‌ره‌تاكانیداین. ئێمه تا ئێستاش شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌ژدیهاكه‌دا ده‌كه‌ین. مه‌به‌ستم ئه‌ژدیهای فێنده‌مێنیتاڵیزمی تاریكبینی داعشه كه له عه‌قڵی ده‌سته‌جه‌معیدا ڕه‌گیداكوتاوه، وه‌ك ڕه‌گداكوتانی شاخه‌كان.
لێره‌وه ئه‌ركی ڕۆشنبیری عه‌ره‌بی، ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵگاكانمان له‌م عه‌قڵیه‌ته داخراوه‌ی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست ده‌ربێنێت كه كۆن بووه و باوی نه‌ماوه. به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌م عه‌قڵیه‌ته، هه‌رچه‌نده عه‌قڵیه‌تێكی دواكه‌وتووی داخراوی خۆجوینه‌وه‌یه، كه‌چی تا ئێستاش هه‌ژمونی به‌سه‌ر شه‌قامی عه‌ره‌بیدا هه‌یه. هه‌مو ئه‌وه‌ش به‌هۆی نه‌زانین و نه‌خوێنده‌واری و هه‌ژاری له‌ڕاده‌به‌ده‌ره كه به‌شێكی فراوانی دانیشتوانی گرتووه‌ته‌وه و پێیه‌وه ده‌ناڵێنن. هه‌روه‌ها به‌هۆی “ناپاكی ڕۆشنبیران”یشه‌وه‌یه كه له‌به‌رده‌م ئاقاره ئوسوڵییه پۆپۆلیستییه‌كاندا چۆكیان داداوه.
جابر عسفور له كتێبه‌كه‌یدا ده‌رباره‌ی”ڕۆشنگه‌ریی و ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی”، په‌نجه ده‌خاته سه‌ر ئه‌سڵی كێشه‌كه كه حاڵی حازر كۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بییه‌كانمان به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن. مه‌به‌ستمان كێشه‌ی ململانێی نێوان ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی و ده‌وڵه‌تی دینی-یه. ئاشكرایه ئه‌م كێشه‌یه دوای ئه‌وه‌ی ئیخوان موسلمین له میسر گه‌یشتن به كورسی ده‌سه‌ڵات، توندتر بوو. بیرمه‌ندی كۆچكردوو، وایده‌بینی ئه‌م گروپه- ئیخوان موسلمین- هه‌ر كه ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست، ئیدی ڕوخساری ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌رخست، ڕوخساری ڕق لێبوونه‌وه له‌وانی دیكه و دوورخستنه‌وه‌یان. هه‌روه‌ها “كه‌ڵبه‌ی گازلێگرتنی دڕندانه”یان ده‌ركه‌وت كه خه‌ریك بوو ده‌وڵه‌ت و نیشتیمان و هاوڵاتیان، هه‌لاهه‌لا بكات. ئاشكرایه ئه‌مه دروشمیان بوو: (یه‌كبگرن به‌ر له‌وه‌ی به‌هێزبن)، ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره بوو جابر عسفور، شتێكی ئاوا ده‌ڵێت: ئێمه زۆر پێویستمان به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌ها غائیبه‌كانی ڕۆشنگه‌رییه و له ژیانماندا ده‌بێت پێداگریی بكه‌ین له‌سه‌ر بوونی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی. ئێمه پێویستیمان به ده‌وڵه‌تێكی لاهوتی ئاینی دواكه‌وتوو نییه كه چه‌ندین سه‌ده بۆ داوه بمانگه‌ڕێنێته‌وه و فیتنه له نێوانمان بڵاوبكاته‌وه و نه‌سیجی پێكه‌وه‌یی یه‌ك كۆمه‌ڵگا، له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه. زۆر به كورتی: ئێمه پێویستمان به ئیسلامی ڕۆشنگه‌ر هه‌یه، نه‌ك ئیسلامی تاریكی و زوڵمه‌ت. بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ین به‌وه، پێویسته پرۆگرامه‌كانی خوێندن تازه‌بكه‌ینه‌وه و له ڕه‌گوڕیشه‌وه بیگۆڕین.
دواتر جابر عسفور ڕخنه له فیكری ئیخوان ده‌گرێت و ده‌ڵێت: به‌پێی تێگه‌یشتنی ئه‌وان: “ئه‌گه‌ر ئیخوانی بیت، واته تۆ ئیمانت به‌وه هه‌یه كه له موسڵمانه‌كانی دیكه باڵاتریت، چونكه تۆ سه‌ر به (گروپی ڕزگاربوو/ الفرقه الناجیة)یت و ئیسلامی پاك و بێگه‌ردی و ئه‌وانی دیكه ته‌نها كۆمه‌ڵێ هه‌رچی و په‌رچین”. ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ ته‌كفیر و توندوتیژی و دوورخستنه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه. ئا ئه‌مه مشتێكه له خه‌رواری ئه‌م پیاوه كه هه‌مو خه‌می ڕێنیسانسی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر شانی خۆی هه‌ڵگرتبوو، نه‌ك ته‌نها ڕێنیسانسی میسری. كه‌وته سڵاو له جابر عسفور؛ ئوستازی گه‌وره و مامۆستایه‌كی ڕابه‌ر دكتۆر جابر عسفور.
سه‌رچاوه: الشرق الاوسط، یه‌ك شه‌ممه، 2 كانوونی دووه‌م، 2022