سەگێکی بەرەڵا

چیرۆکی: یاڵمار سوێدەربێری
وەرگێڕانی: خەبات عارف
(1894)

پیاوێک مرد؛ کە مردیش، کەس ئاگای لە سەگە ڕەشەکەی نەبوو. بە مەرگی ئەو، سەگەکە دەمێکی درێژخایەن و تەواو بۆی دڵتەنگ و خەمگین بوو. لەگەڵ ئەوەیش لەسەر گۆڕی خاوەنەکی لێی نەکەوت تا ڕۆحی دەردەچێت، ڕەنگە لەبەر ئەوە بووبێت کە نەیدەزانی لە کوێیە، یا ڕەنگە لەبەر ئەوەی کە ئەوسا ڕاستییەکەی هێشتا توولە و دڵخۆش بوو، یا ئەوەی کە هێشتا پێی وا بوو بەشێک قسەی نەکراوی لەگەڵ بوون ماوە بیانکات.
دوو جۆر سەگ هەن: ئەوانەی خاوەنیان هەن و ئەوانەی بێ خاوەنن. بە ڕووکەش جیاوازییەکە گرنگ نییە. سەگێکی بەڕەڵا دەتوانێت وەک ئەوانی تر قەڵەو بێت، زۆرجاران قەڵەوتریش. نا، جیاوازییەکە لە جێیەکی ترە. مرۆڤ، بۆ سەگێک، ڕەچاوکردنێکی بێکۆتاییە؛ خاوەنێک کە گوێڕایەڵی بیت، دوای بکەویت، متمانەت پێی هەبێت. بە واتایەکی دیکە، مانای ژیانی سەگێک ئەوەیە. لەگەڵ ئەوەیش تەواوی ڕۆژ بیر لە خاوەنەکەی ناکاتەوە، هەروەها هەمیشە خۆی بە پێیەکانیەوە نانووسێنێت و دوای ناکەوێت، نا، بەڵکو زۆرجاران بۆ خۆی و بە تەنیا بە نیازی بەدەستهێنانی شتێک بەو نێوەدا ڕادەکات و بۆن بە سووچی ماڵانەوە دەکات و پێوەندی لەگەڵ هاوچەشنەکانی خۆی دەبەستێت و ئێسقانێک؛ ئەگەر بۆی هەڵبکەوێت، بۆ خۆی دەفڕێنێت و گرنگی بە زۆر شتان دەدات، بەڵام هاوکاتیش هەر ئەوەندەی خاوەنەکەی فیکەیەکی بۆ لێ بدات، هەر هەموو ئەوانە لە مێشکی سەگانەی ئەو، خێراتر لەوەی کە شڵپەی قامچییەک فرۆشیارانی لە پەرستگەکە کردە دەرەوە،* دەچنە دەرەوە، چونکە دەزانێت هەر وا لەخۆڕا بانگ ناکرێت و سووچی ماڵان و ئێسقانەکەی و هاوڕێیەکانی لە بیر دەکات و خێرا ڕادەکات بۆ لای خاوەنەکەی.
ئەو سەگەی کە خاوەنەکەی مرد، بێ ئەوەی بزانێت چۆن و بێ ئەوەی بیشزانێت لە کوێ لە گۆڕ نرا، دەمێکی دوورودرێژ خەمگین و دڵتەنگ بوو بۆی، بەڵام کە ڕۆژان تێپەڕین و هیچ شتێک ڕووی نەدا بتوانێت ئەوی بە بیریدا بهێنێتەوە، خاوەنەکەی لە بیر چووەوە. لەو شەقامەی خاوەنەکەی لێی ژیابوو چیی تر هەستی بە بۆنی جێپێیەکانی نەدەکرد. کە لەگەڵ هاوڕێیەکیدا لە چیمەنێکدا بە گژ یەکتردا دەهاتن و دەبووە شەڕیان، زۆرجاران ڕووی دەدا فیکەیەک هەوای شەق دەکرد و هاوکات هاوڕێیەکەی وەک با ون دەبوو. ئەوسا ئەویش گوێی قووت دەکردەوە، بەڵام هیچ فیکەیەک لە فیکەی خاوەنەکەی نەدەچوو. ئیتر لە جاران زیاتر شتی لە بیر دەچووەوە: لە بیری چووەوە کە قەت خاوەنێکی هەبووبێت. لە بیری چووەوە هەرگیز کاتێک هەبووبێت کە پێی وا بووبێت سەگێک دەتوانێت، بێ ئەوەی خاوەنێکی هەبێت، بژی. بوو بە سەگێک کە دەکرێت بوترێت پێشتر ڕۆژگاری باشتری بینیبوو، ئەگەرچی ئەمە هەر لە ناخیدا وا بوو، چون بە ڕووکەش تا ڕادەیەک باش دەیگوزەراند. میناکی ئەوەی سەگێک چۆن دەژی، ئەویش هەر وا دەژیا: جارجار ژەمێکی خۆشی لە مەیدانێک دەدزی و لێیشی دەدرا، لەگەڵ دەڵەسەگانیش بەزموڕەزمی خۆی دەکرد؛ هەروەها کە ماندوو دەبوو، دەنووست. هاوڕێی هەبوون و دوژمنیش. ڕۆژێک تا پێی کرابا لە سەگێکی دەدا کە لە خۆی بهێزتر بوو و ڕۆژیکی تر سەگێک کە لە خۆی بەهێزتر بوو خراپی بەسەر ئەو دەهێنا و سەروپۆتەڵاکی بریندار دەکرد. بەیانییان زوو، لەو شەقامەی کە خاوەنەکەی لێی ژیابوو، دەبینرا بەرەوخوار ڕایدەکرد؛ لەبەر ئەوەیش کە خووی بەوێوە گرتبوو، هێشتا بە زۆری هەر لەو دەوروبەرە بوو. ڕاستەوڕاست بە سەروبیچمێکەوە، وەک ئەوەی کارێکی گرنگی هەبێت و بیەوێت پێی ڕابگات، بەرەو پێش ڕایدەکرد، بە پەلە بۆنی بە سەگێکەوە دەکرد کە بەرەو ڕووی دەهات، بەڵام بۆی گرنگ نەبوو بەردەوامی بە ناسیاوییەکەی بدات و دوای ئەوە خێراتر گووڕی دەبەستەوە و بەردەوام دەبوو، بەڵام لەپڕێک دادەنیشت و بە گوڕوتینەوە بناگوێیەکی خۆی دەخوراند، ڕێک دوای ئەوەیش لە جێی خۆی هەڵدەبەزیەوە و بە نێوەڕاستی شەقامەکەدا دەفڕی، بۆ ئەوەی پشیلەیەکی سوور بەرەو دەلاقەی ژێرخانێک ڕاو بنێت. پاشان بە هەمان سەروسەکوتەوە، وەک ئەوەی کارێکی گرنگی هەبێت، بەردەوام دەبوو؛ دواتر لەودیو سووچێکەوە لە بەر چاو ون دەبوو.
بەو جۆرە ڕۆژگاری ئەو تێپەڕی و ساڵان چڕوپڕ دوای یەکتر کەوتن و ئەویش، بێ ئەوەی پێی بزانێت، پیر بوو.
ئێوارەیەکی هەورینی تەڕ و ساردیش کە جارناجارێک نەرمە نەرمە باران دەباری، پیرەسەگ دوای ئەوەی تەواوی ڕۆژ لەوسەری خوارووی شارەوە لە گەڕان بووبوو، هێواش هێواش، بە شەقامێکدا بەرەو ژوور دەگەڕایەوە، کەمێک دەشەلی و یەک دوو جاریش وەستا بۆ ئەوەی فەرووە ڕەشەکەی ڕابوەشێنێت کە بەدەم ڕۆژگارەوە لای سەر و ملییەوە ماشوبرنج بووبوو. وەک ئەوەیش کە خووی پێوە گرتبوو، دەڕۆیشت و جارنا بۆنی لای ڕاست و جارناژی بۆنی لای چەپی خۆی دەکرد. پاش کەمێکیش، لاڕێیەکی گرت و چووە نێو دەروازەیەکەوە و کە گەڕایشەوە، سەگێکی تری لەگەڵ بوو. دوای ئەوانیش سەگێکی تر بە دوایانەوە، ئەوان توولەسەگ بوون و حەزیان لە گاڵتەوگەپ بوو، بۆ ئەوەیش کە گاڵتەی پێ بکەن دەیانویست گەمەیان لەگەڵ بکات، بەڵام ئەو میزاجی خراپ بوو و سەرباری ئەوەیش کردی بە ڕێژنەباران. هەر ئەوسایش فیکەیەک هەوای شەق کرد؛ فیکەیەکی درێژ و تیژ. سەگە پیرەکە سەیری توولەکانی کرد، بەڵام ئەوان گوێیان قووت نەکردەوە، ئەوەی فیکەی دەکێشا خاوەنی هیچکامیان نەبوو. ئیتر پیرەسەگە بەرەڵاکە گوێیەکانی خۆی قووت کردەوە و یەکسەر هەستیشی کرد بەوەی کە زۆر سەیرە گوێیەکانی خۆی قووت کردووەتەوە. سەرلەنوێ فیکەیەک و ئەویش نادڵنیا سەرەتا بازێکی بۆ لایەک و ئەوجا بۆ لایەکەی تر دا. ئاخر ئەوەی فیکەی لێ دەدا، خاوەنەکی بوو و ئەمیش دەبوو دوای بکەوێت! بۆ سێیەمین جاریش کەسێک فیکەی لێ دا، بە هەمان شێوە بەردەوام و تیژ. لە کوێیە، بۆ کام لا بچم؟ چۆن توانیومە لە خاوەنەکەم جیا ببمەوە! ئەی کەی ڕووی دا، دوێنێ یا پێرێ، یا ڕەنگە کەمێک لەمەوپێش؟ ئەی خاوەنەکەم چۆن بوو، چ بۆنێکی هەبوو و لە کوێیە، لە کوێیە؟ بەو نێوەدا ڕایدەکرد و بۆنی بە هەر کەسێکەوە دەکرد کە بەوێدا دەڕۆیشت، بەڵام هیچکامیان خاوەنەکەی نەبوو، هیچیشیان نەیدەویست خاوەنی بێت. ئیتر ئاوڕی دایەوە و بە ڕاکردن بە شەقامەکەدا بەرەو خوار بووەوە، لە سووچێکیدا وەستا و بە هەموو لایەکیدا ڕوانی. خاوەنەکەی لەوێ نەبوو. ئەوجا خێرا بە شەقامەکەدا گەڕایەوە، پیسی لێوە دەپرژا و باران لە فەرووەکەیەوە دەچۆڕی. لە سەری هەر سووچێکدا دەوەستا، بەڵام خاوەنەکەی لە هیچ شوێنێک نەبوو. ئەوجا، لەوێدا کە شەقامەکە شەقامێکی تری دەبڕی و بووبوو بە چوارڕێیانێک، دانیشت و سەرە تیسکنەکەی بۆ ئاسمان هەڵبڕی و دەستی کرد بە لوورەلوور.
ئەرێ بینیوتە، گوێت لە سەگێکی بەرەڵای لەبیرکراوی وا بووە کاتێک ملی بەرەو ئاسمان درێژ دەکات و دەلورێنێت و دەلورێنێت؟ سەگەکانی تریش کلک لەنێو کەفەڵ هێواش بەو نێوەدا دەڕۆن و ون دەبن، چونکی ناتوانن دڵی بدەنەوە و یارمەتی بدەن!
* شڵپەی قامچییەک فرۆشیارانی لە پەرستگەکە کردە دەرەوە؛ ئاماژەیە بۆ بڕگەیەکی نێو پەیمانی نوێی ئینجیل: ”پاککردنەوەی پەرستگا” و لە هەر چوار مزگێنییەکەی ئینجیلدا هاتووە و بۆ نموونە لە مزگێنی بەپێی نووسینی مەتادا بەم جۆرە دەگێڕدرێتەوە: ”عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و ئەوانەی دەرکرد کە لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی وەرگێڕا. پێی فەرموون: ”نووسراوە، (ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت) بەڵام ئێوە دەیکەنە (ئەشکەوتی دزان!).
نابینا و شەلەکان لە پەرستگا هاتنە لای و ئەویش چاکیکردنەوە. بەڵام کاتێک کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ئەم کارە سەرسوڕهێنەرانەیان بینی کە ئەو کردی، هەروەها منداڵانیش کە لە حەوشەکانی پەرستگا هاواریان دەکرد: ”هۆسانا بۆ کوڕی داود!” تووڕە بوون و لێیان پرسی: ”گوێت لێیە ئەو منداڵانە چی دەڵێن؟” عیساش پێی فەرموون: ”بەڵێ، ئەی قەت نەتانخوێندووەتەوە: (لە زاری منداڵان و شیرەخۆرانەوە ستایشت بۆ خۆت داڕشتووە.) ئەوسا بەجێی هێشتن و چووە دەرەوەی شار، بەرەو گوندی بێت عەنیا بەڕێکەوت و شەو لەوێ مایەوە.”
[سەرچاوە: کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر، کۆمەڵی نێودەوڵەتی کتێبی پیرۆز، چاپی یەکەم 2017، ل1204 و ل1405 و چۆن لەوێدا نووسراوە، وا نووسراوەتەوە.]

ناردن: