کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان؛ ڕۆمانێک کە گومان دەخاتە سەر هەموو شتێک

ڕانانی: ئیدریس عەلی

یەکێکی تر لە کتێبە ناوازە و تازە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە ڕۆمانی (کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان)ی نووسەر و ڕووناکبیر(کاروان عومەر کاکەسوور) نووسەری ئەم ڕۆمانە یەکێکە لە حیکایەتبێژە سەرکەوتووەکانی نێوەندی ئەدەبی کوردی، ئەو بە هەموو باگراوندی ڕۆشنبیری و فکریی و ئاستی بەرزی مەعریفی و دونیابینیی ئینسانیانەی خۆیەوە دەنووسێت، حیکایەت لەسەر هەموو شتێک، هەموو ڕووداوێک، هەموو پێشهاتێک دروست دەکات، پەیکەرتاشێکە لە ڕۆح و تەم و غوبار پەیکەر دادەتاشێ، پەیکەری بیرکەرەوە و پڕ لە جووڵە، پەیکەری گومانکەر و پرسیاروروژێن، بەپێی ئەزموونی خوێندەوەم بۆ چیرۆک و ڕۆمان، تەنانەت ئەو وتووێژانەی لەگەڵكیدا سازکراون، بەوانەی خۆشمەوە، هەموو شتێک لای کاروان کەرەستەی گێڕانەوە و بە حیکایەتکردن، هاوکات گومانکەرێکی فەلسەفیانەی قووڵێشە، گومان لە سیاسەتەوە تا دەگات بە ئایین و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییکەن، لێدەرێکی کارامەیە لە سیمبۆڵە و پیرۆزییەکان، ئازایانە دەست بۆ دوورتین وپەنهانترین شوێنی نادیاری خۆی دەبات، ئەو بە ئەزموونیکی قووڵی هەم تیۆری، هەم واقیعی ژیانەوە دەنووسێت، دەنووسێت و چیرۆک لەنێو چیرۆکدا دەگێڕێتەوە، کارەکتەر لەنێو کارەکتەردا دەدۆزێتەوە، ڕوودا بە دوای ڕووداودا دەخولقێنیت.
ئەم ڕۆمانە چاپێکی نوێتر و جوانترە لەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا چاپ و بڵاوکرایەوە، لە لایەکەوە نووسەر بۆ خۆی جگە لە کەناڵەکانی نێو ڕۆمانەکە، فەرهەنگێکی تێروتەسەلیشی بۆ کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکە داناوە، دیارە وەک خۆی ئاماژەی پێداوە پاش بڵاوبوونەوەی چاپە کۆنەکە، لە لایەن خوێنەرانەوە دەیان نامەی بۆ نێردراوە و داوای ڕوونکردنەوەی چارەنووسی کۆمەڵێک کاراکتەریان لێ کردووە کە لە نێو پانتایی ڕۆمانەکە و ڕووبەری گێڕانەوە و ڕووداو و حیکایەتەکاندا بوونیان هەبووە و چارەنوسیان دیار نەماوە، دەکرێت ئەم فەرهەنگەش وەک بەشێکی چێژبەخش و بەسوود و پڕ لە زانیاری، لە فەزای تێکستەکە و ڕوونبوونەوەی تەمی زنجیرە ڕووداوەکان بخوێنرێتەوە، چونکە یارمەتی خوێنەر دەدات و هەندێک سەرەداو دەدات بە دەستەوە، لە لایەکی دیکەوە لە بەشی کۆتایی ڕۆمانەکەدا، لێکۆڵینەوەیەکی فرەڕەهەند و قووڵی نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (عەلی عوسمان یاقووب) دانراوە کە دیسان ئەو لێکۆڵینەوەیە یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ خوێنەر لەسەر دوو ئاست، ئاستی یەکەمیان چاوی خوێنەر بە شێوەیەکی وردتر لە ڕووداوەکان دەنۆڕێت و تێگەیشتنیان لە بونیادی کەسایەتییەکان و حیکایەتە بەیەکداچووەکان قووڵتر دەکات، ئاستی دووەمیش ئەوەیە کە مامۆستا عەلی عوسمان، وەک شارەزایەک و پسپۆڕێکی تایبەتمەند لە هونەری گێڕانەوە، بە شێوەیەکی تیۆری ئەوتۆ لەسەر خودی ژانری ڕۆمان و ڕەگەزە بنچینەیی و پێکهێنەرەکانی ڕۆمانی نووسیوە، کە ئەستەمە پاش خوێندنەوەی هەست بەوە نەکەیت کە دنیای مەعریفیت، سەبارەت بە خودی ڕۆمانەکە و ژانری ڕۆمان بە گشتی گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە.
کاروان عومەر، لە ڕۆمانی کەناڵی مەیموونە چەکدارەکاندا، ورد و قووڵ و فرەلایەنانە قسە لەسەر سیاسەت و شۆڕش و حزب و شکست و دنیای شاخ و شار وململانێکان دەکات، مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی و تێکۆشانی چەکداری و ئومێد و بڕوای هەڕەمەکیانەی خەڵک بە شۆڕش و دروشمەکان، لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم ڕۆمانەن و نووسەر لە ڕەهەند و دیدگایەکی ڕەخنەییانەوە نیگای خستووەتە سەر ئەو ڕابردووە، من بێگومانم ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژگارەی دوای نسکۆی ساڵانی ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، نەک لەسەر ئاستی داهێنانی هونەریی و ئەدەبیات، بەڵکو لە پانتایی بیروەرییەکانیشدا جگە لە بۆشاییەکی بێ مانا هیچی ئەوتۆی لێ نابینرێت، کتومت وەک ئەو زەوییە بەردەڵان و قاقڕ و سوتماکەی کە چاوەڕێی لێ ناکرێت هیچی لێ سەوز ببێت، بەڵام نووسەری ئەم ڕۆمانە بە شێوەیەکی زۆر جوان و هونەریانە سوودی لە ڕووداوە ڕاستییەکانی ئەو ڕۆژگارە و مێژووی سیاسی و خەباتی چەکداری و شکست و نائومێدی وەرگرتوە، هاوشانی ڕووداوەکان و پەیوەندەییەکان و ئاریشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی شار، تێکەڵ بە دنیایەک خەیاڵ و فەنتازیای خۆی کردوون، واتە نووسەر لەم ڕۆمانەدا نەهاتووە ڕاستەوخۆ ئەوەی ڕوویداوە بۆمان بگوازێتەوە و لە فۆرمێکی هونەریدا پێشکەشمان بکات، بەڵکو لە فۆڕمێکی هونەری و فەنتازیدا بەرجەستەی کردووە، گرنگ ئەوەیە خوێنەر لە خوێندنەوەی ڕۆمانی کەناڵی مەیموونە چەکدارەکاندا، وا هەست دەکات ئەوە یەکەم جاریەتی لەبارەی ڕوداوێکی لەو شێوەیە، بەرهەمێکی ئەدەبیی باڵا دەخوێنێتەوە.
کاروان عومەر، لەم ڕۆمانەدا، هاوشێوەی سەرجەم ڕۆمان و چیرۆکەکانی پێشووتری، بە شێواز و تەکنیک و زمانێکی تایبەت بە خۆی ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، شێوازێک کە خوێنەر هەندێک جار وا دەزانێت لە بەردەم تابلۆیەکی سروشتکردی ناوازەی ئەوتۆدایە، کە هێشتا دەستی مرۆڤ و تەکنەلۆژیا نەیگەیشتووەتێ تا وێرانی بکات، یاخود بیشێوێنێت، هەندێک جاریش وا مەزەنە دەکات لەنێو بێدەنگی و خامۆشیی شەوێکی ئارامدا گوێی لە پارچە شیعرێک، یان موزیکێک دەبێت کە نازانێت سەرچاوەکەی کوێیە، ئەگەرچی کاراکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکانی کاروان، بە کارەکتەری نێو ئەم ڕۆمانەشەوە، مرۆڤ دووچاری گومان و دڵەڕاوکە و تێڕامان لە شتی ورد دەکەن، بەڵام دواجار جۆرە دڵنیاییەک لای خوێنەر دروست دەکات بەوەی کە ڕەنگە ئەوەی دەیگێڕێتەوە خودی سەربوردەی ژیانی خۆی بێت، فەزای ڕۆمانەکە و دیالۆگ و بەریەککەوتنی کارەکتەرەکان و ڕووداوەکان، دۆخێک لای خوێنەر دروست دەکەن کە هەرگیز بۆی گرنگ نەبێت ئەوەی دەیخوێنێتەوە هی چ سەردەم و قۆناغێکی مێژووییە، یاخود باس لە چ جۆرە بابەتێک دەکات، چونکە ئەوەی لای ئەم نووسەرە بەرجەستەیە، لە یاک کاتدا باسی زۆر شت دەکات، لە سیاسەتەوە تا خیانەت، لە سێکسەوە تا شکست، لە مرۆڤی شاری و وشیارەوە، تا دەگات بە نەخوێنەوار و دواکەوتوو، کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە، بەم ڕۆمانەشەوە، کارەکتەرە ڕاستینەکانی نێو خودی ژیانن، بە عەشق و خەون و شەرم و شکست و غەریزە و بارە دەروونییە ئاڵۆزەکانیانەوە، بەڵام کاروانی هونەرمەند ڕەسمێکی دیکەیان لەسەر دەنەخشێنێت و قووڵتر ڕۆدەچێتە نێو بونیادی کەسێتییانەوە، هەر ئەمەشە وا دەکات زۆربەی هەرە زۆری کارەکتەرەکانی نێو گێڕانەوەکانی ئەم نووسەرە، تا ڕۆژگارێکی داهاتووتر لە زهن و خەیاڵی خوێنەردا بمێننەوە. کە بێگومان هەم هونەرەش تەنیا بە سەرنجڕاکێشی ڕووداو و تێما و دیالۆگە سەرنجڕاکێشەکانەوە نییە، بەڵکو ئەوە ئاستبەرزی تەکنیک و شێوازی گێڕانەوە و زمانە بێ گرێکەیەتی کە بە تووندی خوێنەر پابەند دەکات بە خۆیەوە، بە تایبەت دەستپێکە وروژێنەرەکەی کە خوێنەر هەر لە یەکەم ڕستەوە کونجکوڵ دەکات تا بزانێت دواجار چی ڕوودەدات: لەمڕۆوە ئێوە دەتوانن وەکو جاران هەر بە ناوە ڕاستەقینەکەی خۆمەوە بانگم بکەن، من کە ئیتر ڕێگام ناکەوێتەوە ئەو شاخ و داخە.
نووسەر و وەرگێڕ عەلی عوسمان یاقووب، لەو لێکۆڵینەوە قووڵ و فرەڕەهەندەیدا سەبارەت بە ڕۆمانی کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان، بە وردی تیشکی خستووتە سەر ئەوەی کە ئەم ڕۆمانە لەسەر ڕەگەزی زەمەن و سروشتی ئەو زەمەن و کاریگەرێتی بەسەر ڕووداوەکان و دروستکردنی کارەکتەر داناوە: کەواتە دەتوانین بڵێین ڕۆمانی (کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان) دواجار بریتییە لە تۆمارێک بۆ ئامادەکردنی کارەکتەر بۆ گەیشتن بە دواین تێگەیشتن لە شتەکان، ئەم ئامادەکردنەش لە فۆرمی گواستنەوەیەکی خێراوە دێت بۆ دیوی ناوەوەی کارەکتەرەکانی تریش و لێکدانەوەی سیمبۆڵە تایبەتییەکانی ئێستا و ڕابردوو.
لە ڕاستیدا ئەم نووسینەی من هیچ نییە جگە لە کورتە ناساندێکی لایەنێکی کەمی جوانیی ئەم شاکارە ناوازەیەی (کاروان عومەر کاکەسوور) خۆی لە ڕاستیدا شان و شەوکەتی ڕۆمانەکە، سەدان لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی هەمەلایەن هەڵدەگرێت کە دیارە ئەمەیان کاری توێژەرانە، من تەنها وەک خوێنەرێک پێمخۆش بوو ڕووی دەمم بکەمە خوێنەر و پێیان بڵێم: تکایە خۆتان لە چێژ و جوانی ئەم ڕۆمانە بێبەش مەکەن و هەرچی زووە بیخوێننەوە.

ناردن: