پیاوه مه‌زنه‌كان و ئافره‌ت
نووسینی: هاشم ساڵح
وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
وته‌یه‌كی باو هه‌یه ده‌ڵێت: له پشت هه‌ر پیاوێكی مه‌زنه‌وه ئافره‌تێك هه‌یه. به‌و مانایه‌ی هه‌ر داهێنه‌رێك یان سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی، پێویستی به ئافره‌تێك هه‌یه پشتی بگرێت و ئیلهامی پێببه‌خشێت، تاكو بتوانێت ئه‌و ئه‌ركه‌ی له پێناویدا خه‌لق بووه، به باشترین شێوه ئه‌نجامی بدات. به‌ڵام په‌یوه‌ندی پیاوه مه‌زنه‌كان به ئافره‌تانه‌وه، جیاوازه و ئه‌م جیاوازییه‌ش به گوێره‌ی كه‌سایه‌تی و ڕه‌فتاریان ده‌گۆڕێت. هه‌یانه په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی به هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه، به درێژایی كات زۆرباش بووه، بۆ نمونه وه‌ك شارل دیگۆل، ئه‌و به درێژایی ژیانی خیانه‌تی له هاوسه‌ره‌كه‌ی نه‌كردووه و هیچ ئافره‌تێكی دیكه هاوبه‌شی ژیانی نه‌بووه. ئه‌مه لای سه‌ركرده گه‌وره‌كان، شتێكی نایاب و زۆر ده‌گمه‌نه. ئا ئه‌مه‌یه نمونه‌ی ئه‌خلاقی باڵا له ژیاندا. به‌ڵام كێ ده‌توانێت ئه‌وه به‌دیبێنێت؟ هه‌یهات! هه‌یانه هێنده دۆست و خیانه‌تی هه‌یه له ژماردن نایه‌ت، بۆ نمونه‌ی فیكتۆر هیگۆ و چه‌ندانی دیكه.
ئۆگست كۆنت… خۆشه‌ویستییه‌كی كوێرانه
هه‌ندێكی دیكه‌یان تا بڵێی ژیانێكی سۆزداری شپرزه‌ی هه‌بووه، بۆ نمونه وه‌ك ژیانه سۆزدارییه‌كه‌ی ئۆگست كۆنت-ی فه‌یله‌سوف. ئه‌م فه‌یله‌سوفه دواجار، له‌سه‌ر خۆشه‌ویستییه‌كی پاكیزه‌یی ئه‌فلاتونی گیرسایه‌وه و جوانترین سوپاس و باشترین ده‌ستخۆشی لێكرا. خۆشه‌ویسته پاكیزه‌ییه‌كه‌ی ئۆگست كۆنت كه نه‌یده‌ویست شوو بكات، به گه‌نجی و له ته‌مه‌نی سی ساڵیدا، كۆچی دوایی كرد، ته‌نها په‌یكه‌رێكی بچوكی له پاریس هه‌یه و ده‌كه‌وێته ناوه‌ڕاستی ڕێگای نێوان گۆڕه‌پانی باستیل و گۆڕه‌پانی شاتێلییه. من هه‌ر كاتێك به‌وێدا ڕۆشتبم، به‌وێدا زۆر تێپه‌ڕیوم، ئه‌وا له‌به‌رده‌میدا ده‌ست له‌سه‌ر سنگ ڕاوه‌ستاوم و بۆی چه‌ماومه‌ته‌وه. ئاشكرایه ئه‌و خۆشه‌ویسته‌ی ئۆگست كۆنت خانمێكی زۆر ئیماندار بوو، بگره خانمێكی له‌خواترسی سۆفی بوو. ئای ڕابیعه‌ی عه‌ده‌وی تۆ چه‌ند مه‌زنیت! پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به ژیان بكات و هیچ پیاوێك بناسێت، خه‌م و ئازاری ژیان كوشتی.
هه‌ندێكی دیكه‌یان به مه‌به‌ستی گه‌ڕان به دوای چێژ و له‌زه‌تی سێكسی زیاتر، به‌رده‌وام له ئافره‌تێكه‌وه گواستوویه‌تییه‌وه بۆ لای ئافره‌تێكی دیكه، بێ ئه‌وه‌ی به دیاریكراوی لای ئافره‌تێكیان بمێنێته‌وه. زۆرجار ئه‌مه‌ش بنه‌ما/ قاعیده سه‌ره‌كییه‌كه‌یه لای زۆربه‌ی داهێنه‌ره گه‌وره‌كان. ئه‌وان حه‌زیان له فره‌جۆریی و تازه‌كردنه‌وه‌یه. له هه‌ر باخێك گوڵێك. ئه‌وانه مه‌ترسیدارترین خه‌ڵكن. خوا په‌نامان بدات و ئه‌وانه‌مان لێدوورخاتهوه.
هه‌ندێكی دیكه‌یان هه‌یه، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ هیچ ئافره‌تێكدا نه‌بووه، له نمونه‌ی كانت، گه‌وره‌ترین فه‌یله‌سوف له میژووی خۆرئاوای مۆدرێن. لێره‌وه ئه‌و ده‌سته‌واژه به‌ناوبانگه‌ی به‌سه‌ردا ساغنابێته‌وه كه ده‌ڵێت: (هیچ داگیركارییه‌كی/فتوحاتێكی فیكری، به‌بێ داگیركاری دڵداری بوونی نییه).
هه‌ندێكی دیكه‌یان هه‌یه خۆشه‌ویستی كوشتی، یان خۆشه‌ویستی كردی به دێوانه، وه‌ك شاعیره گه‌وره‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا هۆڵده‌رلین. هۆڵده‌رلین هه‌رگیز به خه‌یاڵیدا نه‌هاتووه جگه له دولبهركهی خۆی، عاشقی كه‌سی دیكه ببێت، ئه‌گه‌رچی دولبه‌ره‌كه‌ی هاوسه‌رگیریشی كردبوو. ئه‌و پێیوابوو ئه‌گه‌ر ئافره‌تێكی دیكه‌ی خۆش‌بووێت، ئه‌وه كوفره یان به مانای ته‌واوی وشه ئه‌وه تاوانه. هۆڵده‌رلین هیچی له دولبه‌ره‌كه‌ی نه‌ده‌ویست، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت له دووره‌وه بیبینێت كه به‌ژێر به‌له‌كۆنه‌كه‌دا تێده‌په‌ڕێت، ته‌نانه‌ت بێ ئه‌وه‌ی پێی بزانێت كه ئه‌م چه‌ند ئه‌وی خۆشده‌وێت. ئه‌م شاعیره‌ی ئه‌ڵمانیا له‌مه‌دا، له شاعیره پاكیزه‌ییه گه‌وره‌كانی ئێمه ده‌چێت، له نمونه‌ی له‌یلا و مه‌جنون یان جه‌میل و بوسه‌ینه یان ذی ئهلڕمه و مه‌ی… هتد. (له نێوان دوو كه‌وانه‌دا، من بۆ خۆم پێموایه خۆشه‌ویستی پاكیزه‌یی/ الحب العذری باڵاترین جۆری خۆشه‌ویستییه و پێموایه شاعیره پاكیزهییهكان فریشته‌ن و له سه‌ره‌وه‌ی ئاستی مرۆڤن).
ڕۆسۆ… ژیانی مه‌حاڵ
هه‌ندێكی دیكه‌یان دوای ئه‌وه‌ی فشارێكی زۆری خرایه‌سه‌ر و چیتر كه‌س به‌رگه‌ی ئه‌وجۆره فشاره‌ی نه‌ده‌گرت، ڕێگه‌ی دا هاوسه‌ره‌كه‌ی لێی جیابێته‌وه، گه‌وره‌ترین نمونه بۆ ئه‌وه، جان جاك ڕۆسۆ-یه. ڕۆسۆ دوای ئه‌وه‌ی له چه‌ندین لاوه چاویان لێ سوركرده‌وه و هه‌ستی كرد كه‌وتووه‌ته ناو بازنه‌یه‌كی سوری مه‌ترسیداره‌وه، ڕاستی مه‌سه‌له‌كه‌ی بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی خسته‌ڕوو، ئازادی كرد له‌وه‌ی یه‌كێك له‌م دوو بژارده‌یه هه‌ڵبژێرێت، له‌گه‌ڵی ده‌مێنێته‌وه یان بۆ ئه‌وه‌ی له‌و مه‌ترسییه چاوه‌ڕوانكراوه ڕزگاری ببێت، بڕوات و ئه‌م به‌جێبێڵێت. ڕۆسۆ به هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌ڵێت: له دووره‌وه مه‌سروف و خه‌رجییه‌كانی بۆ دابین ده‌كات. له هاوسه‌ره‌كه‌ی گه‌یاند ژیانی ئاسایی و سروشتی له‌گه‌ڵ ئه‌مدا، بووه‌ته مه‌حاڵی مه‌حاڵه‌كان. ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی كتێبه‌كانی، له چه‌ندین پایته‌ختی وڵاتانی ئه‌وروپا، له پاریسه‌وه بۆ جنێف و له‌وێشه‌وه بۆ هۆڵه‌نده، پارچه پارچه ده‌كران و ئاگریان تێبه‌رده‌دا. له‌و وڵاتانه به زه‌ندیق و بێباوه‌ڕ و لادان له “ئاینی ڕاست” تۆمه‌تباركرا. لێره‌وه ئه‌گه‌ر بكه‌وێته به‌رده‌ستیان، ئه‌ویش به زیندویی ده‌سوتێنن و ده‌یكه‌ن به هه‌زار پارچه‌وه. به‌ڵام ڕۆسۆ پاشه‌كشه‌ی نه‌كرد و له‌به‌رده‌م برایانی مه‌سیحی چۆكی دانه‌دا، ئه‌گه‌رچی ئه‌وان زۆر به‌هێزتر و دهسهڵاتدارتربوون. ئا له‌و چركه‌ساته یهكلاییكهرهوانهدا، هێڵی ڕه‌ش و سپی له یه‌كتر جیاده‌كرێنه‌وه و مه‌عده‌نی پیاوه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت.
نووسه‌ری فه‌ره‌نسی ئه‌ندرێ مۆرا، پێیوایه له‌م باره‌یه‌وه، بنه‌مایه‌كی دیاریكراو نییه. شنه‌بای بلیمه‌تی ڕه‌نگه به‌سه‌ر كه‌سێكدا هه‌ڵبكات كه هاوسه‌ری هه‌یه یان هاوسه‌ری نییه. له‌وانه‌یه ئه‌و شنه‌بایه به‌سه‌ر كه‌سێكدا هه‌ڵبكات كه له هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یدا دڵخۆشه، هه‌روه‌ها ده‌كرێت به‌سه‌ر كه‌سی سه‌ڵت یان به‌سه‌ر كه‌سێكدا هه‌ڵبكات كه هه‌رگیز حه‌زی به چاره‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی نه‌كردووه.
تۆڵستۆی له دۆزه‌خی هاوسه‌ره‌كه‌ی ڕاده‌كات
بۆ نمونه سه‌یری حاڵی تۆڵستۆی بكه‌ن، به‌رده‌وام شه‌ڕ و ده‌مه‌قاڵێی زۆر ترسناك له نێوان خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌یدا ڕوویده‌دا. ئێمه كه ئه‌مه ده‌ڵێین، ده‌زانین ئه‌وان له ئه‌نجامی چیرۆكێكی گه‌وره‌ی خۆشه‌ویستییه‌وه هاوسه‌رگیریان كرد، هه‌ردووكیان سوێندیان به یه‌زدان خوارد كه به‌درێژایی ژیانیان، كه‌سیان خیانه‌ت له‌وه‌ی دیكه‌یان نه‌كات. بگره ژنه‌كه‌ی ته‌نها سیانزه منداڵی بۆ هێنایه سه‌ر دونیا! كه‌چی دواتر بۆی ده‌رده‌كه‌وێت، تۆڵستۆی سكی ژنێكی جوتیاری پڕكردووه و له‌ویش منداڵێكی بووه، واته بوون به چوارده منداڵ. ئاشكرایه تۆڵستۆی خانه‌دانێكی فیوداڵی گه‌وره بوو. وه‌لێ دواتر هه‌وڵیدا ده‌ستبه‌رداری هه‌مو ئه‌و شتانه ببێت، تاكو وه‌ك ژیانی جوتیاره هه‌ژاره‌كان بژی. بگره ویستی به‌شی هه‌ره زۆری موڵك و ماڵه‌كه‌ی به‌سه‌ر ئه‌واندا دابه‌ش بكات. به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌ی زۆر به تووندی له ڕوویدا ڕاوه‌ستا و ململانێكه‌یان تاوی سه‌ند و به تۆڵستۆی وت: ئه‌م موڵك و ماڵه‌ت، هی خێزانه‌كه‌ت و منداڵه‌كانته و هی كه‌سانی دیكه نییه. چییه ده‌ڵێی شێت بوویت؟ ئایا عه‌قڵت له‌ده‌ستداوه؟ تۆ به‌ڕاستی شێت بوویت.
ئێ ئاخر جیاوازی چییه له نێوان بلیمه‌تی و شێتی؟ مه‌زنی تۆڵستۆی ئا لێره‌دایه، ئه‌و جگه له‌وه‌ی ئه‌دیبێكی گه‌وره بوو، مه‌یله مرۆڤدۆستانهكهشی گاڵته‌ی پێناكرێت. هه‌ر چۆنێك بێت، دوای ساڵانی سه‌ره‌تا، په‌یوه‌ندی نێوان تۆڵستۆی و هاوسه‌ره‌كه‌ی، تێكده‌چێت، ئه‌م په‌یوه‌ندییه تاده‌هات به‌ره‌و خراپتر ده‌چوو. قیڕه‌قیر و هاتوهاوار جێگای خۆشه‌ویستی و گونجان و ئولفه‌تی گرته‌وه. مه‌سه‌له‌كه گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی تۆڵستۆی له دوا ڕۆژه‌كانی ته‌مه‌نیدا، له ماڵ ڕابكات و به تاقی ته‌نها له‌سه‌ر ڕێگاكان و كوچه و كۆڵانه‌كاندا بمرێت. له وێستگه‌یه‌كی شه‌مه‌نده‌فه‌ری باشوری مۆسكۆ كۆچی دوایی كرد. ئه‌و دوای په‌نجا ساڵ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ سۆفیا و له ته‌مه‌نی 82 ساڵیدا، ماڵی به‌جێهێشت و چیتر نه‌یتوانی له‌و ماڵه‌دا بژی، نه ئه‌و چاره‌ی سۆفیای ده‌ویست و نه سۆفیاش چاره‌ی تۆڵستۆی ده‌ویست.
به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌كرێت بڵێین بلیمه‌ته‌كان، عاده‌ته‌ن هاوسه‌رگیری ناكه‌ن. دیكارت هاوسه‌رگیری نه‌كرد، سپینۆزا هاوسه‌رگیری نه‌كرد، هه‌مان شت بۆ ڤۆڵتێر و فلۆبێر و بۆدلێر و ڕامبۆ و نیتچه و بتهۆڤن و ڤان كوخ و ده‌یانی دیكه ڕاسته. ئایا ده‌توانن خه‌یاڵی ئه‌وه بكه‌ن نیتچه، هاوسه‌رگیری كردووه یان باوكی خێزانێكه؟ ئه‌وه مه‌حاڵه. خۆشبه‌ختانه هیچ ئافره‌تێك به نیتچه ڕازی نه‌بووه، ئه‌گه‌رچی ئه‌و هه‌وڵی زۆری‌دا، لێ له هه‌مو هه‌وڵه‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. بۆچی ئه‌و شێتانه‌ی پێیان ده‌وترێت بلیمه‌ته‌كان، هاوسه‌رگیری ناكه‌ن؟ چونكه بلیمه‌ت زۆر به ساده‌یی، ته‌نها هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ بلیمهتییهكهیدا ده‌كات و تا ئاستی شه‌یدابوون سه‌رقاڵی بلیمه‌تییه‌كه‌یه‌تی و ناتوانێت له‌گه‌ڵ كه‌سێكی دیكه‌دا به‌شداری پێبكات. بلیمه‌ت له‌و بڕوایه‌دایه ئه‌و له ژیاندا ئه‌ركێكی له‌سه‌ر شانه، به‌لایه‌وه ئه‌م ئه‌ركه له ڕۆحی خۆی به‌نرختره. ئه‌گه‌ر له ساتێك له ساته‌كاندا، ده‌بێت له نێوان داهێنانه‌كانی و ژیانی شه‌خسیدا، یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت، ئه‌وا بێ هیچ دوو دڵییه‌ك، قوربانی به‌وه‌ی دووه‌میان ده‌دات. (له نێوان دوو كه‌وانه‌دا: بلیمه‌ته‌كان ژیانی شه‌خسییان نییه و نابێت هه‌یانبێت، به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌می هه‌ژانه‌كان و په‌شێوییه گه‌وره‌كاندا).
لێره‌وه كه‌س نییه ئامۆژگاری ئافره‌ت بكات، به‌وه‌ی شوو به بلیمه‌ته‌كان یان به سه‌ركرده گه‌وره‌كانی سیاسه‌ت بكات كه زۆر سه‌رقاڵی پهیامهكانیانن و ده‌كرێت له هه‌ر چركه‌یه‌كدا بێت، ڕوبه‌ڕووی مه‌ترسی گه‌وره ببنه‌وه. كه‌واته بۆ ژنان باشتره شوو به پیاوانی ئاسایی و خاكی بكه‌ن، نه‌ك بلیمه‌ته‌كان. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌وه بلیمهتهكانن زۆرترین ئافره‌ت ڕاده‌كێشن، چونكه گه‌رمی و گوڕی ناوبانگ، چاوه‌كان كوێر ده‌كات.
ماركس: خۆزگه هاوسه‌رگیریم نه‌كردایه
پێده‌چێت ماركس زیاد له جارێك، په‌شیمان بووه له‌وه‌ی هاوسه‌رگیری كردووه و منداڵی خستووه‌ته‌وه. ئێمه كاتێ ئه‌مه ده‌ڵێین، ده‌زانین ماركس له ئه‌نجامی بوونی چیرۆكێكی خۆشه‌ویستی گه‌وره و توولانی، هاوسه‌رگیری كرد. هاوسه‌ره‌كه‌ی “جینی ماركس” خانمێكی ڕۆشنبیری نایاب بوو، له خێزانێكی ئه‌رستۆكراتی ڕه‌سه‌ن بوو. ماركس زۆر هۆگری ببوو، به‌ڵام ماركس شتێكی ئاوا ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت شه‌ڕه قۆچ له‌گه‌ڵ كێشه گه‌وره‌كان بكات، پێویسته خۆی گیرۆده‌ی خێزان و منداڵ نه‌كات. ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه. ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئازاد و سه‌ڵت بێت، ده‌توانێت به هێزێكی زیاتره‌وه، ڕوبه‌ڕووی ئالهنگرییهكان ببێته‌وه و له ئه‌نجامی هه‌ڵسوكه‌وت و خه‌بات و تێكۆشانه‌كانی، ترسی ئه‌وه‌ی نییه خه‌م له خێزانه‌كه‌ی بخوات. سه‌رباری ئه‌وه، هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیاره‌تی خێزان و دابینكردنی خه‌رجییه‌كانی، به ڕاستی كارێكی سه‌خت و تاقهتپڕوكێنه. هه‌مو ئه‌وانه پێش ناسینی ئه‌نگڵس بوو كه هات و ماركس-ی ڕزگار كرد.
ئاشكرایه ماركس به درێژایی ژیانی، بێ كار و بێ داهات بوو، ماركس هیچ ئیشێكی نه‌بوو. كێ بڕوا به‌وه ده‌كات؟ ئه‌و گه‌وره‌ترین “وێڵگه‌رد و گه‌ڕۆك” بوو له ئه‌وروپا، وه‌ك ئه‌وه‌ی خانمه نووسه‌ری ناسراوی فه‌ره‌نسا فرنسواز جیرۆ وه‌سفی ده‌كات. هه‌مو ده‌زگاكانی هه‌واڵگری پێكه‌وه به‌دوایه‌وه بوون، له هه‌مان كاتدا ئه‌و بلیمه‌تێك بوو دونیای پڕكردبوو، خه‌ڵكی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردبوو. به‌ڵام سه‌روه‌ختێك ده‌یبینی خێزنه‌كه‌ی له نه‌بوونیدا ده‌تلێته‌وه و له‌سه‌ر لێواری برسییه‌تییه، ڕۆژانێكی ترسناكی به‌ڕێكرد. ئا له‌و چركه‌ساته‌دا، نه‌فره‌تی له ژیان و خۆشه‌ویستی و هاوسه‌رگیری كرد و له دڵی خۆیدا وتی: خۆزگه هه‌رگیز هاوسه‌رگیرم نه‌كردایه. بۆچی خۆم خسته ناو ئه‌م چیرۆكه‌وه؟ بۆچی ئه‌وانم به‌خۆمه‌وه تووشكردووه؟ خه‌تای ئه‌وان چییه؟
به‌ڵام هه‌مو ئه‌وانه، ڕێگرنه‌بوون له‌وه‌ی شه‌وێك له‌و شه‌وانه‌ی بێ ڕووناكییه و مه‌دام ماركس له ماڵه‌وه نییه و ڕۆشتووه بۆ سه‌ردانی كه‌سوكاری، ماركس په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌كه‌ی ده‌به‌ستێت. بگره منداڵێكی زۆڵی لێده‌خاته‌وه، دروست وه‌ك ئه‌وه‌ی هیگڵ-ی مامۆستای له‌گه‌ڵ خزمهتگوزارهكهیدا ئه‌نجامیدا. خودا بۆ خۆی ده‌زانێ چی خهلقكردووه.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، یه‌ك شه‌ممه، 5 كانونی یه‌كه‌م، 2021