یەکێکی تر لە کتێبە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (مێژووگەرایی لای پۆپەر) ئەم کتێبە توێژینەوەیەکی چڕوپڕ و هەمەلایەنی فیکرییە و لە لایەن (بادینان محەمەد) بە شێوەیەکی قووڵ، هاوکات بە زمانێکی ڕوون و سادە و ڕەوان کە هەموان لێی تێبگەن نووسراوە، توێژینەوەکەی بادینان محەمەد، بەرمەبنای کۆمەڵێک میتۆدی زانستی و ئەکادیمی نووسراوە و پشتی جگە لە دونیابینی فیکری و فەلسەفیی خۆی، بە کۆمەڵێک سەرچاوەی فیکری و فەلسەفیی جیهانی بەستووە.
بادینان محەمەد، بۆ توێژێنەوەکەی، کتێبەکەی بەسەر چەندین بابەت و تەوەر و بەشی سەرەکی و لاوەکیدا دابەشکردووە، لەوانە: ژیان و فەلسەفەی لارڵ پۆپەر، ژیانی ڕۆشنبیری و بەرهەمەکانی کارڵ پۆپەر، فەلسەفەی کارڵ پۆپەر، مێژووگەرایی و ڕەخنەی کارڵ پۆپەر، پێناسە و ڕەخنە لە مێژووگەرایی، ڕەخنە لە مێژووگەرایی کلاسیک، ڕەخنە لە مێژووگەرایی هێگڵی و مارکسی، مێژوو لە دیدی کارڵ پۆپەردا، مێژوو و ناحەتمیەتی مێژوویی، میتۆدی لێکۆڵینەوە لە مێژوو لای کارڵ پۆپەر، مێژوو و پێوەری پووچەڵبوونەوە، ئەنجام و ڕاسپاردە.
پرسیای دەستپێکی توێژینەوەکەی بادینان محەمەد ئەمەیە: بۆچی پێیوستە لە بارەی پۆپەرەوە بزانین، یان بکۆڵینەوە؟ بە بۆچوونی توێژەر لە تایبەتمەندییە هەرە بەرزەکانی فەلسەفەی پۆپەر ئەوەیە میانڕەوە، بە مانایەکی تر ناکۆکە لەگەڵ هەت تیۆرێک کە وا نیشان بدرێت کۆتا تیۆرە و جێگەی ڕەخنە نییە، بادینان جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە ڕەخنە بەشێکی بنچینەیی فەلسەفەی پۆپەرە کە ڕێگر دەبێت لە بیرکردنەوەی هەمەیش لەسەر حەق بوون: ئەو فێرمان دەکات هەڵە بیر دەکەینەوە گەر پێمام وا بێت هەر خۆمان لەسەر حەقین، بە پێچەوانەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە دەکرێت من هەڵەبم تۆ ڕاست بیت، بەڵام بە گفتوگۆ دەتوانین هەردووکمان لە ڕاستی نزیک ببینەوە.
سەبارەت بە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم بابەتە بۆ توێژینەوەکەی، توێژەر ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە سەدەی بیست سەدەی شەڕ و ململانێی ئایدۆلۆژیاکان بووە، هەر لە نازیزم و فاشیزمەوە تا سەرمایەداری و مارکسیزم، ئەو پێشی وایە کاریگەریی ئەو ئایدۆلۆژیایانە لەسەر بەشی زۆری ڕۆشنبیران و بیرمەندان و سیاسەتمەدارانی ئەو سەدەیە دەبینرا: تەنانەت کاریگەرییەکە درێژ بووەتەوە و تا ئێستاش بە ڕوونی لەنێو چینی ڕۆشنبیران و خوێنەران دەبینرێت، پۆپەریشلە سەدەی ڕابردوودا ژیاوە و لەو ژینگەیە و کاریگەرییەکەی بێبەش بێبەش و بەدەر نەبووە، بەڵام گرنگیی هزری پۆپەر، کە هەڵبژاردنی توێژینەوەکەیە، ئەوەیە کە لەگەڵ ئاڕاستەی گشتی هەنگاوی نەناوە و پێچەوانەی ئەو هزرە ڕۆیشتووە کە ئەو ناوی مێژووگەرایی لێ ناوە.
بادینان محەمەد، لەم کتێبەیدا ڕوونیشی کردووەتەوە کە کە ناساندنی هزری پۆپەر بە هەردوو چەمکی مێژوو و مێژووگەرایی، یەکێک بووە لە ئامانجی توێژینەوەکە، یەکێکی تر نیشاندانی دژێکە بۆ ئەو ئایدیا حەتمیانەی کە سنوور بۆ هەموو شتێک دادەنێن و پێمان دەڵێن ئەوە ڕێگەی ڕاستییە کە ئەوان بیری لێ دەکەنەوە: لەم توێژینەوەیەدا میتۆدی شیکاری بەکار هاتووە، کە هەوڵدراوە بە سوودبینین لە کتێبەکانی پۆپەر و ئەو کەسانەی لە ئایدیاکانی پۆپەریان کۆڵیوەتەوە، هزری پۆپەر سەبارەی بە هەردوو چەمکی مێژوو و مێژووگەرایی، شرۆڤە بکرێت.
لە بەشێکی تویژینەوەکەدا سەبارەت بە فەلسەفەی سیاسی(بادینان محەمەد) باس لەوە دەکات کە دیدی کارڵ پۆپەر بۆ سیاسەت وای کرد ئەو وەک فەیلەسووفی ئەم بوارە بناسرێت، بە تایبەتی دوای بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی “کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی” ئەو بەرگریکارێکی بەهێزی دیموکراسییە و دژی هەر جۆرە دەسەڵاتێکی تۆتالیتاری فاشیستییە، ئەگەرچئ دیموکراسی فۆڕمێکی کۆنی بەڕێوەبردنی وڵاتە، بەڵام پۆپەر بە دیدێکی نوێ گفتوگۆ لەسەر دیموکراسی دەکات و فۆڕمێکی نوێی پێ دەدات: دیموکراسی کۆمەڵگەی کراوە بەرهەم دەهێنێت، کە تێیدا گفتوگۆ و ڕەخنە ئامادەیە، هەروەها ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بە ئاسانی دەکرێت، بە مانایکی تر دیموکراسی مافپێدانە بە هاوڵاتیان، بەوەی هەر کاتێک مافەکانیان لە لایەن حکوومەتەوە بکەوێتە مەترسییەوە، ئەوا دەتوانن ئەو حکومەتە بگۆڕن بەبێ توندوتیژی.
نووسەری ئەم کتێبە ڕوونی دەکاتەوە کە سەبارەت بە چەمکی ئازادی کە مۆرکی سەرەکیی سیستمی دیموکراسییە، پۆپەر پێی وایە ئێمە پێیوستمان بە ئازادی هەیە، بۆ ئەوەی نەهێڵین دەوڵەت دەسەڵاتەکەی بە خراپ بەکار بهێنێت، بەرجەستەبوونی ئەو ئازادییەش لە ئازادیی ڕەخنەگرتن و ئازادی بیروڕا و دەستگەیشتن بە زانیاری بڵاوکردنەوە خۆی دەبینێتەوە: لە بارنەبەر ئەمەشدا پێستمان بە دەوڵەتە بۆ ئەوەی جڵەوی ئازادییەکان تووند بکات، ئەمەش لە ڕێگەی یاسا ئەنجام دەدرێت.
لە بەشێکی دیکەدا بە ناوی (مێژووگەرایی و ڕەخنەی کارڵ پۆپەر لە مێژووگەراکان) نووسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە مێژووگەرایی یەکێکە لەو ڕێنازانەی پۆپەر هەر لە سەردەمی لاوییەوە پێی ئاشنا بوو، بەڵام بە هۆی سەرقاڵبوونی بە کاری تر، بە دیاریکراویش کارکردن لەسەر زانستی سروشتی، بۆی نەلوا و نەپەرژایە سەری بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی ورد لەو بارەیەوە بکات، هاوکات لە سییەکانی سەدەی بیست بە هۆی زەقبوونەوەی ئایدۆلۆژیای فاشیزم، نازیزم، کۆمۆنیزم و دەرکەوتە مەترسیدارەکانیان، پۆپەر دووبارە لەگەڵ ئەم ڕێبازە ڕووبەڕوو بوو:جێگەی سەرنجە لە خوێندنەوەی ڕەخنەکانی پۆپەر بۆ مێژووگەرایی، خوێنەر لەگەڵ دوڕیانێک ڕووبەڕوو دەبێت ئەو پرسیارەی لا گەڵاڵە دەبێت (ئایا ڕەخنەی پۆپەر لە مێژووگەرایی لە ڕووی تیۆرییەوەیە یان لە ڕووی میتۆدی؟ یان مەبەستی پۆپەر لە مێژووگەرایی چییە؟) ئەو لێڵییە لە بەکارهێنانی زاراوەی مێژووگەرایی بووە بە جێگەی ڕەخنە بۆ بەشێک لەو توێژەرانە یان ئەوانەی کە پێداچوونەوەیان بۆ کتێبی هەژاریی مێژووگەرایی کردووە.
لە گۆشەنیگای پێناسەکەی پۆپەرەوە بۆ مێژووگەرایی، مێژووگەرایی بریتییە لە باوەڕبوون بەوەی کە مێژوو وەک زانستە سروشتییەکان خاوەن یاسا و ڕێڕەوی خۆیەتی، بەپێی ئەو یاسایانە مێژوو بەردەوام دەبێت، ئەگەر پەی بەو یاسایانە ببدرێت دەتوانرێت ئێستا ئێستا بزانرێت و داهاتووش پێشبینی بکرێت و ڕوون و بەرچاو بێت: لە دیدی مێژووگا کارەکتەریی سەرەکیی مێژوو نەتەوەی مەزن وڕێبەری مەزن یان هزری مەزنە، ئەوان ڕۆڵی تاک لە گەشە و گۆڕانکارییەکان بێبایەخ دەبینن، هەروەها هەوڵ دەدەن لە ڕووداوەکانی ناو مێژوو تێبگەن و پەی بە یاساکانی ببەن، دوای ئەمەش داهاتوو بنەخشێنن.
بە بڕوای بادینان محەمەد، ئەگەرچی زاراوەی مێژووگەرایی زۆر کۆن نییە، بەڵام پۆپەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ڕەگی ئایدیاکە بۆ مێژووی کۆن دەگەڕێتەوە: شایانی باسە ئەو لە ماوەی ژیانیدا سەروکاری لەگەڵ مارکسیزم هەبوو، بەڵام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ڕەگی هزرەکە لە مارکسەوە دەگەڕێتەوە بۆ هێگڵ.
بە گشتی ناتوانین لێرەدا و لەم ناساندنە کورتەدا کۆی لایەنە فیکری و فەلکسەفییەکانی توێژینەوەیەکی (بادینان محەمەد) بخەینەڕوو و بێینە سەر کۆی لایەنەکانی توێژینەوەکە، ئێمە لێرەدا لایەنێکی کەم و گچکەی توێژینەوەکە و کتێبەکەمان ناساندووە، بێگومان خودی کتێبەکە و بەشە جیاجیاکانی توێژینەوەکە لەوە پتر هەڵدەگرن لەبارەیانەوە بدوێین، بۆیە ئەو بەشەی دیکە هەڵدەگرین بۆ خوێنەران و ڕۆشنبیرانی کورد کە پاش خوێندنەوەی کتێبەکە دیەد و سەرنجی خۆیان بخەنە پێشچاو، چونکە ئەم کتێبە بە سروشتی خۆی، لە جۆری ئەو کتێبانەیە پێویستی بە خوێنەری وریا هەیە تا لە پەیام و ئامانجەکانی تێبگات، هاوکات لەو جۆرە کتێبانەشە کە هاوکاری ئاستی ڕۆشنبیری و فیکری خوێنەر دەدات و ئاسۆی بیر و ئەندێشە فیکرییەکانی فراوانتر دەکات، بە تایبەت کە کتێبەکە و توێژینەوەکە لەسەر کارل پۆپەرە، واتە یەکێک لە بیرمەندە گەورە و دیارەکانی دنیا، ئێمە لێرەوە بە دید و بۆچوونە فیکرییەکانی پۆپەریش ئاشنا دەبین، هیوادارم خوێنەری کورد خۆیان لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بێبەش نەکەن.

ڕانانی: بارین

ناردن: