كتێب… ته‌نها كتێب و به‌س
نووسینی: سمیر عطاالله
وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
ئه‌لسكه‌نده‌ر سۆڵجنتسین ده‌ینووسی، ئینجا ده‌ینووسی، پاشان هه‌ر ده‌ینووسی. سه‌روه‌ختێك له ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، له مۆسكۆ ده‌ركرا، هات بۆ ئه‌مریكا و هه‌مو جیهان چاوه‌ڕوانی بوون. به‌ڵام له بری ئه‌وه‌ی له نیۆیۆرك بمێنێته‌وه، ڕێگاكه‌ی گرته‌به‌ر و ڕۆشت بۆ خانووه‌یه‌كی دووره په‌رێز، له ناو دارستانێكی ویلایه‌تی فێرمۆنت، تاكو ده‌ست به نووسین بكاته‌وه. هاوسه‌ره‌كه‌ی و منداڵه‌كانی له ڕۆژێكدا، ته‌نها یه‌ك جار ده‌ڕۆشتنه ژووره‌كه‌ی، منداڵه‌كانی ماچ ده‌كرد و هه‌واڵی ده‌رس و دهورهكهیانی ده‌پرسی. دوای نیو كاتژمێر، زۆر به جوانی له ژووره‌كه‌ی ده‌یكردنه ده‌ره‌وه: ئێوه بڕۆن به‌لای یاریكردنی خۆتانه‌وه و منیش ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌ر كاره‌كه‌م.
سۆڵجنتسین به گڕوتینێكی سه‌یره‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ سه‌ر كاره‌كه‌ی، له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌دا، شه‌ش كتێبی نووسی، هه‌ر كتێبێكیان 750 لاپه‌ڕه بوو، ئێستا دوای مردنی به چه‌ند ساڵێك و دوای چه‌ندین ساڵ له هه‌ره‌سهێنانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت كه سۆڵجنتسین ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له ڕووخاندنیدا، به‌شی سێیه‌می به‌رهه‌مه‌كانی به وه‌رگێڕانه ئینگلیزییه‌كه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه. به‌ڵام ئایا ئه‌م نووسه‌ره، هیشتا له خۆرئاوا و له ڕوسیا هه‌ر زیندووه؟ به ته‌واوی زیندوو نییه، وه‌لێ ئاماده‌یی هه‌ر هه‌یه. ئه‌و وه‌ك سیمبولێكی دیاری ئه‌ده‌بی ڕوسی ده‌مێنێته‌وه، سمبولێك له نێوان شۆڕش و شۆڕش به‌سه‌ر شۆڕشدا. ئه‌وه‌ی زۆرێك لێی بێ‌ئاگان، ئه‌وه‌یه سۆڵجنتسین ڕه‌خنه‌یه‌كی تووندی له زیندانه‌كانی كۆمۆنیزم گرت، پێش ئه‌وه‌ش ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆری له زینداه‌كانی قه‌یسه‌ر گرتبوو. به راستگۆیی حه‌قیقه‌ته مێژوییه‌كانی ده‌نووسییه‌وه و ماناكانی و هۆكاره‌كانی بۆ میلله‌ته‌كه‌ی شیكار ده‌كرد. ئه‌و باوه‌ڕی به‌وه بوو، ئه‌ركێكی مێژوویی له‌سه‌ر شانه كه بریتییه له سه‌رله‌نوێ نووسینه‌وه‌ی مێژووی ئیمپراتۆریه‌ت. به‌مه‌ش ماشێنی ڕاگه‌یاندنی سۆڤیه‌ت زۆر به تووندی كه‌وتنه په‌لاماردانی، به‌و پێیه‌ی به‌كرێگیراوی خۆرئاوایه. وه‌لێ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وڵاته‌كه‌ی، هه‌موانی شۆك كرد، به‌وه‌ی هێرشێكی تووندی كرده سه‌ر ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له خۆرئاوا.
له‌و هێرشه‌ی بۆ سه‌ر خۆرئاوا، باس له نائومێدییه‌كی گه‌وره ده‌كات له ژیانی خۆرئاوا، له‌مه‌شدا له كچه‌كه‌ی ستالین “سفیتلانا ستالین” ده‌چێت كه ڕایكرد بۆ ئه‌مریكا و بووه گه‌وره‌ترین ریكلام دژ به یه‌كێتی سۆڤیه‌ت. به‌ڵام ئه‌ویش- واته كچه‌كه‌ی ستالین-گه‌ڕایه‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی سۆڤیه‌ت و ڕایگه‌یاند كه له ژیانه تازه‌كه‌یدا دووچاری نائومێدییه‌كی گه‌وره بووه. كچه‌كه‌ی ستالین له دوا قۆناغه‌كانی خه‌مباریدا، گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌مریكا تاكو له گونده‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا، ژیانێكی له‌بیركراو بژی (1).
سۆڵجنتسین مێژووی ڕوسیای له شۆرشی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1917وه، له‌سه‌ر شێوه‌ی رۆمان نووسییه‌وه. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه جیاوازییه‌كی گه‌وره له نێوان شۆڕشی فه‌ره‌نسی و شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری ڕوسیا داده‌نێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ڕژێمی فه‌ره‌نسا سێ ساڵ به‌رگه‌ی گرت و خۆڕاگربوو. كه‌چی حوكمی قه‌یسه‌ر له ڕوسیا، له ماوه‌ی سێ ڕۆژدا ڕوخا و هه‌ره‌سیهێنا. كاره‌كانی سۆڵجنتسین پڕ پڕه له هه‌زاران ورده‌كاریی و پارچه وه‌ره‌قه‌ی بچوك بچوك كه له ڕۆژنامه‌كانه‌وه وه‌ریگرتووه، له‌وانه: “ئه‌و سه‌ربازانه‌ی په‌لاماری ئه‌فسه‌ره‌كانیان ده‌ده‌ن”، “سوپا كه له هه‌مو ده‌زگاكانی دیكه زیاتر یه‌كگرتوو بوو، ده‌پوكێته‌وه و نامانێت”، “جه‌رده و چه‌ته‌كان باڵه‌خانه گشتییه‌كان ده‌سوتێنن. فه‌رمانبه‌ره‌كان نووسینگه‌كانی خۆیان به‌جێده‌هێڵن”، “خوێندكاره‌كان په‌یكه‌ره‌كان تێكده‌شكێنن”.
ڕه‌نگه به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌وه‌ی سۆڵجنتسین له‌سه‌ر مێژوو نووسی، ته‌نها بۆ مێژوو و بۆ ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌می ڕوسه‌كان ماوه‌ته‌وه. چونكه كاتێك یه‌كێتی سۆڤیه‌ت هه‌ره‌سیهێنا، سه‌یریكرد نه‌وه‌ی نوێ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ناناسێت. ئه‌وانه‌شی سۆڤیه‌تیان ده‌ناسی، چیتر باسی ناكه‌ن و بیریانچووه‌ته‌وه. ئه‌وانه‌شی بیریان ده‌كه‌وێته‌وه، زۆر گوێی پێناده‌ن. مه‌سه‌له‌كه ئیدی كۆتایی پێهاتووه و هه‌مو شتێك له دووتوێی كتێبه‌كاندا ماوه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، دوو شه‌ممه، 6 كانونی یه‌كه‌م 2021
(1)بۆ زیاتر ئاشنابوون به كچه‌كه‌ی ستالین، وه‌ك وه‌رگێڕی وتاره‌كه و له ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه، ئه‌م په‌راوێزه‌م بۆ نووسینه‌كه داناوه.
سفیتلانا ستالین، كچه تاقانه‌كه‌ی ستالین بوو، ساڵی 1926 له‌دایكبووه و ساڵی 2011 له ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا، له ویلایه‌تی ویسكۆنسینی ئه‌مریكا و به‌هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی قۆڵۆن، كۆچی دوایی ده‌كات. ئه‌م خانمه سێ جار هاوسه‌رگیری كردووه و سێ منداڵی خستووه‌ته‌وه. ساڵی 1967 یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به‌جێده‌هێڵێت و ده‌ڕوات بۆ ئه‌مریكا. چیرۆكی ڕۆشتنهكهی به‌م جۆره‌یه، له‌و ساڵه‌دا، به بیانوی ئه‌وه‌ی به‌شداری له پرسه‌ی مردنی هاوسه‌ره هیندییه‌كه‌ی ده‌كات و خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی ده‌خاته ده‌ریاوه، هه‌ردوو منداڵه‌كه‌ی له سۆڤیه‌ت جێده‌هێڵێت و ده‌ڕوات بۆ هیندستان. به‌ڵام دوای ته‌واوبوونی مه‌راسیمه‌كه، له بری ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، په‌نا ده‌باته به‌ر سه‌فاره‌تی ئه‌مریكا له هیندستان و دواتر له ڕێگه‌ی هه‌واڵگریی ئه‌مریكییه‌وه (سی ئای ئه‌ی) ده‌گوێزرێته‌وه بۆ ئه‌مریكا. له‌وێ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له ده‌زگا میدیاییه‌كان چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ن و له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا هێرشیكی زۆر توند ده‌كاته سه‌ر ڕژێمی كۆمۆنیستی سۆڤیه‌ت و ده‌ڵێت: “هاتووم بۆ ئێره تاكو ئازادی قسه‌كردن به‌ده‌ستبێنم، ئه‌و ئازدییه‌ی له ڕوسیا بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر لێی بێبه‌ش بووم”.
هه‌ر له‌و ساڵه‌دا، واته ساڵی ڕاكردنه‌كه‌ی له سۆڤیه‌ته‌وه بۆ ئه‌مریكا 1967، كتبێك به ناونیشانی: (بیست نامه بۆ هاوڕێیه‌ك) ده‌نووسێت و تێیدا ڕه‌خنه‌یه‌كی توند له ڕژێمی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ده‌گرێت و باس له بڕیاری ڕاكردنه‌كه‌ی ده‌كات بۆ خۆرئاوا و گه‌ڕان به‌دوای ئازادی‌دا. ساڵی 1970 له‌گه‌ڵ ولیام بیترز-ی ئه‌مریكی هاوسه‌رگیری ده‌كات و ناوی خۆی ده‌گۆڕیت بۆ لانا بیترز. به‌ڵام ته‌نها دوو ساڵ لای ئه‌م هاوسه‌ره ئه‌مریكییه‌ی ده‌مێنێته‌وه، پاشان لێی جیاده‌بێته‌وه و له‌گه‌ل كچه بچوكه‌كه‌ی “ئۆلگا” ده‌ڕوات بۆ به‌ریتانیا. له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، كتوپر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت: “ئه‌و له خۆرئاوا بۆ یه‌ك ڕۆژیش چییه ئازاد نه‌بووه”. به‌ڵام له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ دوو منداڵه‌كه‌ی چاكبكاته‌وه كه كاتی خۆی به‌جێیهێشتبوون، هه‌ست به نائومێدی و دڵشكانێكی گه‌وره ده‌كات و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌مریكا.
ساڵی 2008 له چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌ڵێت: “له‌ماوه‌ی مانه‌وه‌م له ئه‌مریكا، به‌درێژایی چل ساڵی ڕابردوو، ئه‌مریكا هیچ شتیكی پێنه‌به‌خشیم. به‌ڵام هه‌نووكه تازه درنگه بۆ ئه‌وه‌ی بڕۆم بۆ شوێنێكی دیكه، من لێره له ئه‌مریكا ده‌مرم”. له منداڵی‌دا په‌یوه‌ندی ئه‌م خانمه له‌گه‌ڵ ستالینی باوكی، په‌یوه‌ندییه‌كی پڕ له خۆشه‌ویستی بووه. ستالین به‌رده‌وام به “چۆله‌كه بچكۆله‌كه‌م” بانگی كردووه. وه‌لێ دوای ئه‌وه‌ی سفیتلانا یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به‌جێده‌هێڵێت و ده‌ڕوات بۆ ئه‌مریكا، ئاوا باسی باوكی ده‌كات: “له ڕووی ئه‌خلاق و ڕۆحییه‌وه دڕنده-وه‌حش- بوو”.
سفیتلانا له یاداشته‌كانیدا، واته كتێبه‌كه‌ی (بیست نامه بۆ هاوڕێیه‌ك)، به‌هۆی فرۆش و ڕه‌واجی زۆری كتێبه‌كه‌یه‌وه، توانی زیاد له ملیۆن و نیوێك دۆلار به‌ده‌ستبێنێت. له به‌شێكی یاداشته‌كانیدا ده‌ڵێت: “باوكم پیاوێكی زۆر ساده بوو، زۆر خراپ و دڵڕه‌ق بوو، منی خۆشده‌ویست، حه‌زی ده‌كرد ببم به ماركسییه‌كی خوێنده‌وار”. له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: “خه‌ڵكی لێره له ئه‌مریكا، ده‌ڵێن ئه‌مه كچه‌كه‌ی ستالین-ه، واته ئه‌وان پێیانوایه من ڕهشاشێكم هه‌ڵگرتووه و ده‌مه‌وێت ئه‌مریكییه‌كان بكوژم. هه‌ندێكی دیكه‌یان ده‌ڵێن ئه‌و مادام هاتووه بۆ ئه‌مریكا، كه‌واته ئه‌مریكییه، به مانای ئه‌وه‌ی من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م له هه‌ر شوێنێك بێت بۆردومانی خه‌ڵك بكرێت”.
گرفتی ئه‌م خانمه ئه‌وه بوو، بۆ هه‌ر شوێنێك بڕۆشتایه، سێبه‌ری باوكی و به‌دوایه‌وه بوو، زۆر هه‌وڵیدا خۆی له‌و سێبه‌ره ڕزگار بكات، به‌لام بێهوده بوو. له یه‌كێك له چاوپێكه‌وتنه‌كانیدا ده‌ڵێت: بۆ هه‌ر كوێیه‌ك بڕۆم، سویسرا یان هیند یا هه‌ر دورگه‌یه‌كی دووره ده‌ستی چۆل، ناو و سێبه‌ری باوكم بهدامهوهیه”. سفیتلانا ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵ بووه كه دایكی خۆیكوشتووه، به‌ڵام ئه‌و به‌م خۆكوشتنه‌ی دایكی نه‌زانیوه و پێیان وتووه دایكی نه‌خۆشه. باكۆف-ی برای ساڵی 1941 و له گه‌رمه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانی ده‌كوژرێت، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن سوپای ئه‌ڵمانیاوه ئه‌سیر ده‌كرێت، وه‌لێ ستالینی باوكی ڕازینابێت له‌گه‌ڵ جه‌نه‌ڕاڵێكی ئه‌ڵمانی كه لای سوپای ڕوسیا ئه‌سیر كراوه، ئاڵوگۆڕی پێبكات. براكه‌ی دیكه‌ی كه ناوی فاسیلی بوو، ساڵی 1962 له مۆسكۆ كۆچی دوایی ده‌كات.