قارەمانانی سەردەمی ئێمە

ڕانانی: سەردەم
ڕەنگە لە دنیای ئیستادا هیچ شتێک هێندەی وەرگێران، بەتایبەت وەرگێرانی نووسراو بە گشت لق و ژانرەکانیەوە یارمەتیدەرێکی کارا و گرنگ نەبێت بۆ کورد، تا بە هۆیەوە ئاشنا بین کە فەرهەنگ و کولتوور و ئەدەبیاتی ئەوانی دیکە، ئەزموونی گەلان و جۆری ژیان و بیرکردنەوە و کەلەپوری کەڵەکەبوو و شارستانییەتە مرۆییەکان، هیچ ڕێگەیەکیان نییە بۆ گەیشتن بە دنیای داخراو و بچووکی ئێمە جگە لە وەرگێڕان، بۆیە دەبێت سەرجەم ئەو کارە باشانەی لە ڕێگەی وەرگێڕکارە باشەکانەوە دێنە بەرهەم، بە چاوێکی ڕێز و پڕ بایەخەوە لێیان بڕوانین و بیانخوێنینەوە، خوێندەوەی ئەو بەرهەمە وەرگێڕدراوانە، هیچ نەکات بۆ ئێمە، هاوکاری ئاستی هۆشیاری و بیرکردنەوە و دنیابینیمان دەدات.
ڕۆمانی (قارەمانی سەردەمی ئێمە) یەکێکە لە ڕۆمانە وەرگێڕدراوەکانی ئەدەبی ڕووسی، ئەم شاکارە بە پێنووسی (میخائیل یورڤیچ) نووسراوە و ڕاستەوخۆ لە زمانی یەکەمەوە، واتە لە زمانی ڕووسییەوە، لە لایەن (سوارە شاکەلی) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کورد و یەکێکە لە چاپکراوە بەنرخ و بەهاکانی دەزگای چاپ وپەخشی سەردەم.
ئەم ڕۆمانە وەک بەشێکی دیکەی فراوانی ئەدەبی کلاسیکی ڕووسی خاوەنی خەسڵەت و تایبەتمەندێتی خۆیەوە، چ لە ڕووی زمانەوە، چ لە ڕووی شێوازی گێڕانەوە و ڕوودا و چیرۆک و کارەکتەرسازی و تەکنیکەوە، دیارترین تایبەتمەندێتی ئەم ئەدەبە، کە لە دەیان ڕۆمان و شاکاری ئەدەبیدا ڕەنگی داوەتەوە، بوونی سەرکێشی کارەکتەرەکانە، ململانێ و بەگژداچوونەوە، دەستبردن بۆ برینەکان و پیشاندانی دوورترین و عاسی ترین شوێنەکان، سەختیی سروشت و بەفر وشاخی بەرز، ناوچە و هەرێمی جیاجیا کە تیایاندا مرۆڤگەلی سەر بە چین و پێگە و ئاستی کۆمەڵایەتی جیاجیا خەریکی ژیانکردنن و بێ پەردە باس لە دنیای جەنگ و قاچاخچێتی و گەندەڵی و کارەساتی مرۆیی دەکەن.
ئەم ڕۆمانە بۆ خوێنەر هەم مایەی چێژە، هەم ئاشناکەرە بۆ کۆمەڵێک زانیاری، ڕووداوەکان ڕاستە لە کۆمەڵی ڕووسی کۆندا ڕوودەدەن و کاراکتەرەکان هەڵگری ڕۆحیەت و سایکۆلۆجیا و ئازار و کێشە و غەمی ئەو ڕۆژگارەن، بەڵام کراون بە ئەفسوونی ئەدەب و هونەریانە مەوداکان فرەوان بوونەتەوە تا ئەو ئاستەی هەر خوێنەرێکی سەر ئەم گۆی زەوییە وا زەن بکات کە بۆ دنیای دیاریکراوی ئەو نووسراوە، بەتایبەت کە چیرۆکەکان و گێڕانەوەکان فرەچەشن و هەمەلایەنن، دنیای کارەکتەرەکان دنیایەکی ئابڵوقە دراوە بە ترس و گومان و دڕەندەیی و بێوەفایی، خاڵی سەرەکی لەم ڕۆمانەدا بریتییە لە جێگە و ڕێگەی ئابووریی و چینایەتی کاراکتەرەکان، حەزی سێکسی و هەستی تۆڵەکردنەوە و کوشتن لەپێناو ئامانجگەلێکی زۆر سادە و ساکار، کە دواجار جگە لە پیسی و پوخڵیی مرۆڤ، هیچ نیشانەیەک و ئاماژەیەکی دیکەمان لێی چنگ ناکەوێت.
ئێمەی کورد دەمێک ساڵە هەر بەهۆی پرۆسەی وەرگێرانەوە ئاشنابووین بە ئەدەبیات و هونەری ڕووسی، گەورە نووسەرانی ئەو وڵاتە و ڕۆمانەکانیان بۆ ئێمە ئەزموونێکی نوێ بوون و کاریگەریی زۆریان لەسەر هۆشیاری و شێوازی نووسین و بیرکردنەوەمان داناوە، ئەگەر ڕۆژگارێک ڕۆمانی بەنێوبانگی (دایک)ی ماکسیم گۆرگی، سەرچاوەی وزەی شۆڕگێڕانەوە و بەرەنگاریی سیاسی و ئەدەبیی ئێمە بووبێت، ئەوا لە قۆناغەکانی داهاتوودا دەیان مەزنە نووسەری وەک چیخۆف وپوشکین و تۆلستۆی و دۆستۆیفیسکی و هتد… دەرگایەکی نوێ و دیکەیان بە ڕووی ئێمەدا کردەوە و ئاشنابووین بە جۆرر ئەدەبیاتێک کە تەواو نزیک بێت لە ڕۆحی مرۆڤ و کێشە و ئازارەکانییەوە، بێ ئەوەی چووبێتنە خانەی ئەدەبگەلێکی دروشمئامێز و ئامجداری تەسکی سیاسی و حزبی، بە قووڵی و چڕی ڕیشەی دەسەڵاتی ستەمکار و سیستەمی حکومڕان و بیری کۆنخوازییان دەرهێناوە.
لە ڕاستیدا ئەم ڕۆمانەش، واتە قارەمانی سەردەمی ئێمە، درێژکراوەی هەمان مێژووی ئەو ئەدەبەیە کە بە ڕەهەندێکی ڕەخنەییانەوە، پێداگری لەسەر لابردنی ماسکە زۆرەکان سەر ڕوخساری دەسەڵاتی سیاسی و پیاوانی ئایینیی خۆگونجێن دەکات لەگەڵ ڕەوشی ئابووری و بەرژەوەندی خۆیاندا، هاوکات دەستی بۆ دوورترین شوێنی ئەو وڵاتە بردەوە و پەردەی لەسەر یەک بە یەکی کێشەکان هەڵداوەتەوە.
وەرگێڕی ڕۆمانەکە لە پێشەکییەکی کورتدا ئەوەی خستۆتە بەرچاو کە پێدەچێت لە ئێستادا ئەم ڕۆمانە، وەک دەقێکی ئەدەبی، هەندێک لەو ئامانجانەی لەدەست دابێت، کە لە سەروبەندی چاپکردنیدا گوزارشتیان لەبارەوە کراوە، ئەمەش بۆ ئەو گۆڕانکاریە خێرایانە دەگەڕێتەوە لە ماوەی ئەو سەدە و نیوەدا کە ئەم ڕۆمانەی تێدا نووسراوەتەوە، کە بەسەر کۆمەڵگای ڕووسیدا هاتوون:
ئەم ڕۆمانە لە ناواخندا کۆمەڵێک نامەی گرنگ بۆ کۆمەڵگە و دەسەڵاتی ڕووسیای قەیسەری لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بە داکی ڕۆمانەکانی ڕووس دەژمێردرێت و پاش نووسینی چەند بەرهەمێکی نووسەرانی کلاسیکی ڕووسی، بڵاوکراوەتەوە، ئەو سەردەمەیە کە تازە ئەدەبیاتی ڕووسی لە چنگەکڕێ و هەوڵدان بووە بۆ دەربازبوون لەژێر کاریگەریی ئەدەبیاتی ئەوروپی، بە تایبەتیش فەڕەنسی، بەڵام تەکنیکی نووسینەکانی لێرمۆنتۆف، گەلێک جیاواز و دەوڵەمەندترە لە نووسینەکانی نووسەرانی ئەم قۆناغەی ئەدەبی ڕووسی، بەداخەوە تەنها لە لە زمانی ڕووسیدا، هەست بەمە دەکرێت و لە کاتی وەرگێڕاندا ئەم دەقانە ناتوانن ئەو تایبەتمەندییانەی خۆیان بپارێزن.
وەرگێڕ جوان ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم ڕۆمانە و کارەکتەرەکانی، لەمێژە تێکەڵ بە کولتوری گەلانی ڕووسیزمان بوون و دەیان فیلم و زنجیرەی درامایی، بە زمانەکانی چەرکیزی تا دەگاتە لیتوانی، لەسەر داهێنراوە، هەر یەکێک لەم نەتەوە جیاوازانە، بە شێوەیەک لە شێوەکان، ئەم ڕۆمانە بە بەشێک لە مێژووی ئەدەبیی خۆیان دەژمێرن، لە سەرووی هەمووشیانەوە ڕووسەکان: کاتێک ئاوڕ لە ئەدەبیاتی فۆلکلۆری ڕووسی دەدەینەوە، زیاتر ئاشنا دەبین بەو ڕەخنە گرنگەی لێرمۆنتۆف لەسەر کەسایەتی قارەمانی ناو حەکایەت و مەتەڵە فۆلکلۆرییەکانی ڕووس هەیەتی.
بە گشتی ئەم ڕۆمانە، بە زمانێکی ئاستبەرزی ئەدەبی نووسراوەتەوە، ئەمەش وا دەکات چ خوێنەر و وەرگێڕ، یان هەر کەسە بە شێوەیەکی جیاواز، تێگەیشتنیان بۆ ئەم ڕۆمانە هەبێت، بەشێکی ڕووداوەکانی ناو ئەم ڕۆمانە، بە شێوەی دیالۆگ نووسراونەتەوە، بە شێوەیەک لە هەندێک شوێندا، ئەگەر خوێنەر ورد نەبێت ئەوا تا ڕادەیەک دەقەلکان بە شێوەیەکی تێکەڵ دێنە پێش چاوی، چونکە بنەمای نووسینی ئەم بەرهەمە، کاردکردنە لەسەر سایکۆلۆژیای مرۆڤ.
میخایل یورڤیچ لێرمۆنتۆف، لە بنەماڵەیەکی خانەدان ساڵی ١٨١٤ هاتووەتە دنیاوە، سەرەتای دەستپێکردنی نووسینی، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٢٩، یەکەمین دیوانی شیعری بە ناوی (حاجی ئابرێک) لە ساڵی ١٨٣٥ دا بڵاوکراوەتەوە، ئەم نووسەرە ڕووسییە، خاوەنی چوار سەد پارچە شیعر و سی قەسیدەی شیعرییە، هەروەها نووسەری درامای (نیقاب) لەگەڵ ڕۆمانەکانی قارەمانی سەردەمی ئێمە و شاژنی لیگۆڤسکییە، ئەم نووسەرە فرەبەهرە بووە و جگە لەوەی گەنجێکی خاوەن بەهرە و نووسەرێکی لێهاتوو بووە، خاوەن بەهرەیەکی ناوازەش بوول ە نیگارکێشاندا و بەشی هەرە زۆری بەرهەمەکانی پەیوەستن بە ناوچەی قەوقازەوە.
بە گشتی ڕۆمانی قارەمانی سەردەمی ئێمە، ڕۆمانێکی جوان و فرەتێمایە، پڕیەتی لە پەند و ڕێنمایی و ئاگادارکردنەوە، لە ڕووی زمان و ڕووداوەکانەوە، چێژبەخشە و خوێنەر زۆر بە زوویی ئاشنا دەبێت بە ڕۆحی کاراکتەرەکان و باری دەروونییان، بۆیە ڕەنگە هەرچ قسەکردنێک لەباریەوە زیادە بێت، ئەم نووسینەش تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەم و گچکەی ڕۆمانەکە بۆ ئەوەی خوێنەر هان بدەین خۆی دەست بکات بە خوێندەوەی، بێگومان هەر خوێنەرێکی وریا لە خوێندنەوەی ئەم جۆرە ڕۆمانانەدا سەرنجی تایبەت بە خۆی لەلا دروست دەبێت، چونکە بە سروشتی خۆی لەو جۆرە تێکست و ڕۆمانانەیە کە لە هەر گۆشەیەکەوە لێی بڕوانیت جوانییەکی جیاواز و حیکمەتێکی دیکەت بۆ دەردەکەوێت.

ناردن: