میل پەردۆن، مادام!

میل پەردۆن، مادام!(١)
چیرۆکێکی ڤاسیلی شوکشین
و. لە ڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد

هەر کاتێک شارنشینەکان دەهاتن بۆ دێیەکە وپرسیاریان دەکرد ئاخۆ کەسێکی شارەزا هەبێت لە گەڵیان بەڕێکەوێت و شوێنەکانی ئەوناوچەیەیان پیشانبدات، خەڵکی دێیەکە لە وەڵامدا دەیانگوت:
– برۆنکە پوپکۆڤمان هەیە… ئەومان وەستایە لەو کارانەدا… لە گەڵ ئەودا بێتاقەتیش نابن-هەمیشەش بزەیەکی سەیر دەنیشتە سەرڕوخساریان.

برۆنکە(برەنیسڵاڤ) هێشتا بەخۆوە بوو، پیاوێکی بە سەر و قەڵافەتی چاوشینی ڕوو بە پێکەنین و لەشسووک و حازرقسە بوو. تەمەنی لە پەنجا لای دابوو، لە کاتی جەنگدا لە بەرەکانی جەنگ ببوو. دەستی ڕاستی سەقەت ببوو، دوو پەنجەی نەمابوو، بەڵام لە بەرەکانی جەنگدا نا. کاتێک گەنج بووە، چووەتە ڕاو، ویستوویەتی ئاو بخواتەوە (کاتەکەی زستان بووە) بە قۆناخە تفەنگەکەی بەربۆتە شکاندی شەختەی ڕووبارە بەستووەکە. بێگومان تفەنگەکەی لە لوولەکەیەوە گرتووە و دووپەنجەشی لە سەر دەمی تفەنگەکە بووە، گەرچی زامنی ئەو تفەنگە ” بێردان”ەی بە دەستییەوە بوو، خرابووە سەرئەمان، بەڵام لە جێی خۆی خزاوە و فیشەکێک دەرچووە، پەنجەیەکی هەر یەکسەر چووبوو بە هەوادا، پەنجەیەکی تری بە تۆزێک پێستەوە مابووەوە بە دەستییەوە، بەڵام برۆنکە خۆی پێستەکی قرتاندبوو و پەنجەکەی لێکردبووەوە. ئەو هەردوو پەنجەکەی( دۆشاومژە و زەڕنەقووتە)ی لە گەڵ خۆیدا هێنابووە و لە پەنایەکی حەوشەکەیاندا کردبوونی بە ژێر خاکەوە، تەنانەت ئەم وتارە کورتەشی لە سەریان خوێندبووەوە:
– پەنجە ئازیزەکانی من، ئارام چاوتان لێک نێن تا سپێدەی ڕۆژێکی ڕووناک –
ویستبووی خاچێکیشیان لە سەر دانێت، بەڵام باوکی ڕێی نەدابوو.

برۆنکە سەربەگۆبەند بوو، شەڕی دنیای نابووە و زۆربەی جارەکانیش بیرازێکی باشیان دەکرد و دەیاندا بە زەویدا، ئەویش هەڵدەستایەوە و سواری ماتۆڕە شێڕەدرێژەکەی خۆی دەبووەوە و بە ناو دێیەکە دەکەوت، بەڵام هەرگیز ڕقی نەدەگرتە دڵ، سووکەڵە و بێ گرێ و گۆڵ دەژیا.

برۆنکە، وەک هاتنی جەژن، چاوەڕێی هاتنی ڕاوچییەکانی شاری دەکرد. کاتێکیش ئەوان دەگەیەشتن، ئەم ئامادەبوو، چ بۆ هەفتەیەکیان بگوتایە، چ بۆ مانگێک. وەک هەشت پەنجەکانی دەستی خۆی شارەزای شوێنەکانی ئەو ناوچەیە بوو. ڕاوچییەکی زیرەک و شانسداریش بوو.
خەڵکەکەی شاریش کە دەهاتن لە تێرڤۆدکاکردنی ڕەزیلییان نەدەکرد ، جاروبار بڕێک پارەشیان دەداێی، پارەش نەبووایە، بەلای ئەمەوە کێشەیەک نەبوو.

– بۆ چەند ڕۆژ؟- برۆنکە زۆر کارامانە پرسیاری دەکرد- هەمووشت بە دڵی ئێوە دەبێت. بڕۆن بحەوێنە و مێشکی خۆتان ئارام بکەنەوە.

بە سێ ڕۆژ، بە چوار ڕۆژ، جار هەبوو بە هەفتە دەڕۆیشتن. ئیشێکی خۆش بوو. خەڵکەکەی شار ڕێک و پێک وڕێزدار بوون، لە گەڵ ئەواندا شتێک نەدەهاتە گۆڕێ ئارەزووی شەڕکردنی بجووڵێنێت، تەنانەت کە دەشیانخواردەوە. ئەمیش حەزی دەکرد سەرگوزەشتەی ڕاوکردنەکانی خۆی بۆ ئەوان بگێڕێتەوە.

لە دوایەمین ڕۆژی گەشتەکەیان، کە ئیتر خەریکی سازکردنی دوا ئاهەنگی خواردنەوەبوون، برۆنکە دەستی دەکرد بە گێڕانەوەی بەسەرهاتە سەرەکییەکەی خۆی.
ئەو هەمیشە بە بێئارامییەکی زۆرەوە چاوەڕێی ئەو ڕۆژەی دەکرد، بە هەزار حال خۆی پێ دەگیرا… کە ڕۆژەکەش دەهات ئیتر هەر سەر لە بەیانییەوە ژانێکی شیرین ختووکەی دڵی دەدا و برۆنکا بە شێوەیەکی تەواو تەشریفاتی بێدەنگیی هەڵدەبژارد.
– ئەوە چیتانە؟- خەڵکەکە لێیان دەپرسی
– دەهیچ نییە – وەڵامی دەدانەوە- بڵێن، بزانم لە کوێ خوانەکەمان سازکەین؟ لە کەنار ئاوەکە باشە؟
– کەنار ئاوەکە عەیبی نییە..

دەمەوئێوارە، شوێنیکی خۆش و لە باریان لە کەناری ئەو رووبارە جوان و بەخوڕە هەڵدەبژارد و ئاگرێکی خۆشیان لێدەکردەوە. تا شۆربای کولەکەکە دەکوڵا، ئەمان پێکی یەکەمیان هەڵدەدا. برۆنکەش پاش ئەوەی دوو پەرداخی ئەلەمینیۆمی ئاودیو دەکرد جگەرەیەکی دەکرد بەسەردا.. – ئێوە، لە بەرەکانی جەنگ بوون؟ – برۆنکە وەک بڵێی بێ مەبەست ئەو پرسیارەی لە خەڵکەکە دەکرد. خەڵکەکەش، ئەوەی تەمەنی سەرووی چل ساڵ بوو، بەشی زۆریان بەرەکانی جەنگیان دیبوو، بەڵام ئەو لە گەنجەکانیشی دەپرسی: ئەو دەیویست سەری قسەکە دامەزرێنێ.- -ئەوەش هەرهی بەرەکانی جەنگە؟- خەڵکەکە پرسیاریان لێدەکرد و مەبەستیان پەنجە قرتاوەکانی بوو
– نەخێر، من لە جەنگدا پەرستیار بووم …ئای شت ڕوویدەدا !..- برۆنکە قەیرێکی باش بێدەنگیی لێدەکرد- ئەی ئێوە باسی هەوڵی کوشتنەکەی هیتلەرتان بیستووە؟
– بیستوومانە
– دە ئەوەیان ناڵێم. مەبەستتان ئەو جارەیە کە ژەنەراڵەکانی خۆی ویستیان تەختیکەن؟
– ئا
– ئەوەیان نا، من پرسیاری ئەویتریان دەکەم
– ئەویتریان کامەیە؟ بۆ هەوڵێکی تریش هەبووە؟
-هەبووە- برۆنکە وەڵامی دەدایەوە و هاوکاتیش پەرداخە ئەلومینیۆمییەکەی دەخستە بەردەم بوتڵەکە و دەیگووت:
– بە ئەرک نەبێ تۆزێ خۆڕڕەی لێ بێنە – ئەوان بۆیان تێدەکرت و ئەمیش هەڵیدەدا – هەوڵێکی تریش هەبووە، هاوڕێیانی ئازیزی من. ئاخ. فیشەکەکە هەر هێندە لە سەرییەوە لایدا- برۆنکە بەسەری پەنجەی مەودای دووریی فیشەکەکەی لە سەری هیتلەرەوە پیشان دەدا – ئەمە کەی ڕوویداوە؟
-بیستۆپێنجی تەمموزی هەزارو نۆسەدوچلوسێ- برۆنکە دیسانەوە بۆ ماوەیەکی درێژ بێدەنگ دەبوو، ڕێک وەک ئەوەی ڕابردوویەکی کۆن و پڕ بەهای خۆی بیربکەوێتەوە.
– باشە کێ تەقەی لێکرد؟
برۆنکە گوێی لە پرسیارەکە نەدەگرت و جگەرەکەی خۆی دەکێشا و چاوی دەبڕییە ئاگرەکە. – دەی ئەو هەوڵی کوشتنە لە کوێ ڕوویدابو؟ – برۆنکە بەردەوام بێدەنگ بوو. خەڵکەکەش بەسەرسامییەوە سەیری یەکترییان دەکرد. – من تەقەم لێیکرد – برۆنکە لەپڕ وەڵامی دەدانەوە. قسەکانی بە دەنگێکی نزم دەکرد و بۆ ماوەیەکی تر چاوی دەبڕییە ئاگرەکە، دوواتر چاوی هەڵدەبڕێ و بەشێوەیەک سەیری خەڵکەکەی دەکرد وەک پێیان بڵێت:” سەرتان سوڕماوە؟ وا نییە؟ من خۆیشم سەرم سوڕماوە” ئینجا پێکەنینێکی پر ناسۆر پێدەکەنی.
خەڵکەکەش عادەتەن ماوەیەکی زۆر بێدەنگیی دایدەگرتن و سەیری برۆنکەیان دەکرد. ئەو جگەرەکەی خۆی دەکێشا و بە سەری لقەدارێک خەڵووزە پەرێوەکانی فڕێدەدایەوە ناو ئاگرەکە… ئا ئەو ساتە، چرکە ساتێکی سووتێنەربوو. ڕێک وەک ئەوەی پەرداخێک ئیسپرتۆی تێکەڵنەکراو، بە ناو خوێندا بڵاوبووبێتەوە. – ئێوە بەڕاستتانە؟
– ئەی ئێوە بە تەمای چین؟ چییە، وا دەزانن من بێئاگام لەوەی چۆن مێژوو دەشێوێندرێت؟ من بە ئاگام، چاکیش بە ئاگام هاوڕێیانی ئازیزم
– دە قسەی هیچ، شتی وا کەی هەبووە…
– دەی لە کوێش تەقەتان لێکرد؟ چۆن چۆنی؟
– بە دەمانچەیەکی ”براونینگ”… ڕێک ئا ئاوا، پەنجەم نا بە پەلەپیتکەکەیدا و زرم!- برۆنکە لەو کاتەدا نیگایەکی جیدی و خەفەتبارانە ڕووخساری دەتەنییەوە- ئەو خەڵکە بۆ وا کەمبڕوان؟ ئاخر خۆ ئەو لەو کاتەدا خەریکی قۆشمەچێتی و خەڵک هێنانە پێکەنین نەبوو.
خەڵکە کەمباوەڕەکە نەیاندەزانی چی بکەن.
– ئەی باشە بۆ کەس ئەو باسەی نەبیستووە؟
– سەد ساڵی تریش تێدەپەڕێ و هێشتا زۆر شت لەژێر پەردەی تاریکیدا دەمێنێتەوە. تێگەیشتن؟ وەک ئەوەی ئێوە خۆتان نەزانن … ئاخر هەموو تراژیدیاکە لەوەدایە کە ژمارەیەکی زۆری قارەمانان هەر لە ژێر پەردەدا دەمێننەوە.
– ئەمە شتێکە زۆر بە هین دەچێت….- کەسێک لە ناو خەڵکەکەدا دەیگووت.
– دە بوەستە. باشە گشت ئەوە چۆن ڕوویدا؟- یەکێکی تر وەڵامی ئەوەی یەکەمی دەدایەوە و ڕووی پرسیاریشی دەکردە برۆنکە.
برۆنکە خۆی چاک دەیزانی، کە لە ئاکامدا هەر ئارەزووی ئەوە دەکەن کە گوێیان لە بەسەرهاتەکە بێت. هەمیشە هەر وابووە، داوایان کردووە بۆیان بگێڕێتەوە. – ئاخر دەزانم، دوایی دەمتان ناوەستێیت
خەڵکەکە دیسانەوە دەپەشۆکانەوە
– لای کەس باسی ناکەین …
– سوێند بەشەرەفی حیزبیتان دەخۆن(٢)؟
– دە لە هیچ شوێنێک چەنەبازی ناکەین. بیگێڕەوە
– ئاخر بەڕاست، وەعدی حزبییانە؟ خۆتان دەزانن خەڵکی دێیەکەمان چۆنن…زمانیان دەخەنە گەڕ.
– خەمت نەبێت. هەموو شت بە دڵی تۆ دەبێت- خەلکەکە ئیتر ئۆقرەیان نەمابوو- دە باسیکە بۆمان.
– دە بێزەحمەت شڵپەی لێ بێنەوە- برۆنکە دیسانەوە پەرداخەکەی ڕادەگرت. ئەو پێدەچوو تەواو ئاگای لە خۆی بێت – وەک بۆم باسکردن، ئەوە لە بیستوپێنجی تەمموزی هەزار و نۆسەد و چلوسێدا بوو. ئێمە لە هێرشدا بووین. لە کاتی هێرشیشدا پەرستیارەکان کاریان زیاترە. من ئەو ڕۆژە دوانزە بریندارم گەیاندبووەوە خەستەخانە مەیدانییەکەمان …. ئەفسەرێک، کە بە سەختی بریندارکرابوو، گەیانمدە قاوشێک… لە هەمان قاوش ژەنەرالێک کەوتبوو. زامەکەی ئەمیان زۆر سەخت نەبوو،قاچی، کەمێک سەروو ئەژنۆی، زامدار کرابوو. لەو کاتەدا برینەکەیان بۆ دەپێچا، لە پڕێکا چاوی بە من کەوت:
– ئادەی پەرستیار بوەستە. مەڕۆ.
منیش لە دڵی خۆمدا گوتم، هەبێ و نەبێ دەیەوێت بیگەێنمە شوێنێک و بچمە ژێر باڵی. وەستام وچاوەڕێم کرد. ژیان لە گەڵ ژەنەڕالەکاندا خۆشترە، هەموو دۆخەکە وەک بڵێیت لە سەر لەپی دەستتە.

خەڵکە شارییەکە گوێدەگرن. ئاگرەکە نێڵەنێڵێتی، قرچە و تەقەی لێ بەرزدەبێتەوە، تاریک و لێڵییەکە لە دارستانەکەوە دزە دەکاتە سەر ڕووی ئاوەکە، بەڵام ناوەڕاستی ڕووبارەکە، لەوێدا کە لێشاوەکەی بەخوڕترە، هێشتا دەبریسکێتەوە و تیشک دەدات، هەر وەک بڵێیت ماسییەکی یەکجار گەورە لە ناوەڕاستی ئاوەکەدا و لەو تاریک و لێڵییەی ئێواراندا یاری بە جەستەی زیوینی خۆی بکات.
-هەرچۆنێک بوو برینەکەی ژەنەراڵیان پێچا… دکتۆرەکەش پێی دەڵێت” ئێوە پێویستتان بەوەیە پاڵکەون”-
– دە بەڵاتم لێ لادە!- ژەنەڕاڵ وەڵامی دایەوە… ئێمەمانان ئەو کاتە لە دکتۆرەکان دەترساین، هەرچی ژەنەڕالەکانیش بوون، حسابێکی ئەوتۆیان بۆ دکتۆرەکان نەدەکرد.

لە گەڵ ژەنەڕاڵەکەدا سواری ئوتۆمبێلیک بووین و بەرەو شوێنێک کەوتینە ڕێ. ژەنەڕالیش کەوتە پرسیارلێکردنم: بە ڕەچەڵەک خەڵک کام ناوچەم؟لە کوێ کارم کردووە؟ چەند ساڵ خوێندنم کردووە؟ منیش بە دوورودرێژی وەڵامی پرسیارەکانیم دەدایەوە: خەڵکی فڵانە شوێنم ( من خۆم لەم ناوە لە دایکبووم)، لە کەڵخۆز کارم کردووە، زیاتریش خەریکی ڕاووشکاربووم – ئەوەیان شتێکی باشە – ژەنەڕاڵەکە گووتی و لێی پرسێم : – ئەی نیشان باش دەپێکیی؟
منیش وەڵامم دایەوە:- بەڵێ، بۆ ئەوەی زیا لەپێویستیش خۆم هەڵنەکێشم، لە دووری پەنجا هەنگاوەوە، بە تفەنگ، گڕی مۆمم کوژاندۆتەوە. هەرچی ساڵانی خوێندنیشمە هێندە چڕ نیین. باوکم هەر لە مناڵییەوە بە ناو بێشەڵان و دارستاندا دوای خۆی دابووم. ژەنەڕال دڵی دامەوە و گووتی کێشەیەک نییە، بۆ ئەو ئیشەی ئێمە دەتنێرێن، خوێندنی باڵا پێویست نییە. بەڵام مۆمێکی نەفرەتیی هەیە کە گڕی بەرداوەتە سەرانسەری جیهان، ئەگەر تۆ بۆمانی بکوژێنیتەوە، ئەوا نیشتمانیش تۆ لە یاد ناکات. ئەوە ئاماژەیەکی تەنک بوو، بۆ دۆخ و کێشەیەکی ئەستوور. تێگەیشتن؟ بەڵام من جارێ پەییم پێ نەدەبرد مەسەلە چییە.

گەیشتینە لای حەشارگەیەکی گەورەی ژێرزەمینی. ژەنەراڵ هەموو ئەوانەی لەوێ بوون کردنییە دەرەوە و خۆیشی هەر خەریکی لێکۆڵینەوە بوو لە گەڵ من. پرسی ئەوەی کرد : ئایا خزم و کەسوکارت لە دەرەوەی وڵات نییە؟ منیش گووتم، خزمی وام لە کوێ هەبێ، ئێمە پشتاو وپشت خەڵکی سیبیریاین. ئێمە لەو قۆزاقییانەین کە هێشتا لەسەردەمی پیۆتەری تساردا قەڵای بیی- کەتینسکیان لە دارهەڵچنیبوو، هەموو دێیەکەمان لەوێوە هاتوون…
– ئەم ناوەت، برەنیسڵاڤ(٣) لە کوێوە هاتووە؟
– قەشەکەمان بە سەرخۆشی ئەو ناوەی بۆ دۆزیبوومەوە، لەسەر ئەوە کەمێک لەو ئێسترە یاڵدرێژەم سرەواند، کاتێک ساڵی هەزارو نۆسەدوسیوسێ پێش خۆمم دابوو، بەرەو بەرێوەبەرایەتی سیاسی دەوڵەتییم دەبرد(٤).
-ئەوە لە کۆییە؟ بۆ کوێت دەبرد؟
– بۆ شار. ئێمە گرتبوومان و نەمان دەزانی بۆ لای کێی بەرین. ئیتر کوڕەکان گوتیان، برۆنکە تو بیبە، دەمێکە دانی لێ تیژ دەکەیتەوە.
– جا لە سەرچی. خۆ ئەو ناوە ناوێکی باشە.
– وایە، ناوێکی باشە، بەڵام ناوێکی وا، ناوێکی خانەوادەیی گونجاویشی دەوێ. منیش ناوەکەم برەنیسڵاڤ پوپکۆڤە (٥). لە سەربازییدا هەر ناویان دەخوێندمەوە، هەموو دەیاندایە قاقای پێکەنین. بەڵام یەکێکمان هەیە ناوی ڤانکا پوپکۆڤە، ئەو مێشێکیش میوانی نییە.
– دەی چاکە، دوایی چی ڕوویدا؟
– دوایی، کەواتە، ئاوا بوو. ئەرێ من لە کوێدا باسەکەم وەستاند؟
– لەوێدا کە ژەنەڕاڵ پرسیاری لێدەکردیت.
– ئا. ئیتر پرسیاری هەموو شتێکی لێکردم، دوایی پێی گووتم:- هاوڕێ پوپکوڤ، حیزب و دەوڵەت ئەرکێکی پڕ بەرپرسیارێتیت پێ دەسپێرن. هەواڵمان هەیە کە هیتلەر بە شێوەیەکی نهێنی هاتووە بۆ ئێرەکانێ، بۆ بەرەکانی پێشەوە. دەرفەتێکی باشمان هەیە تێیسرەوێنین. ئێمە- ژەنەراڵ گووتی-بەدفەڕێکی ئەڵمانەکانمان گرتووە، کە بە ئەرکێکی تایبەتی گەێندرابووە لامان. ئەو ئەرکەکەی خۆی بە جێ گەیاندبوو، بەڵام کەوتە چنگی ئێمە. بەپێی پلانەکەی ئەوان دەبووایە لە بەرەی جەنگ بپەڕایەتەوە بۆ ئەو بەر و چەند دەکومێنتێکی زۆر گرنگ بگەێنێتە دەست خودی هیتلەر. هیتلەرو چەکللەکانیشی ئەو کابرایە بە ڕوخسار دەناسنەوە.
– جا تۆ چ پەیوەندییەکەت لە گەڵ ئەو شتەدا هەبوو؟
– ئەوەی قسە دەبڕێت، سوژنی پیاچێت. جارێ قڵپەی لێ بێنە( دیسانەوە پەرداخەکەی ڕاگرتەوە). ئێستا بۆتان ڕوون دەکەمەوە: من و ئەو کابرایە وەک دوو تنۆکی ئاو لە یەک دەچووین. جا ئیتر سەڵتەنەت دەستی پێکرد، برایینە – برۆنکە، وا بە کامی دڵ، خۆی دەدایە دەست یادەوەرییەکانی ئەو سەردەمەی، بە جۆش و خرۆشێکی واوە باسی دەکردن، کە ئەوانەی گوێشیان لێدەگرت بە بێ ویستی خۆیان هەستێکی خۆشنودیی وتایبەتییان تیا دەخوڵقا
– بەهەرحاڵ منیان هەر لە خەستەخانە مەیدانییەکە لە ژوورێکی تایبەتی نیشتەجێ کرد و دوو سەربازیان خستە ژێر ڕکێفمەوە. یەکێکیان عەریف بوو، هەرچەندە من خۆم سەربازێکی ئاسایی بووم. ئیتر منیش پێم دەگووت: ئادەی هاوڕێی عەریف ئەو پۆستاڵانەم بۆ بێنە .فەرمان فەرمانە، چاری نەبوو دەبووایە بە قسەم بکات. هاوکاتیش منیان بۆ ئەرکەکە ئامادە دەکرد، خستیانمە خولێکی ڕاهێنانەوە…
– ڕاهێنانی چی؟
– ڕاهێنانی تایبەتی. ناتوانم زۆر بچمە ناو ئەو باسەیانەوە. کاغەزیان پێ ئیمزاکردووم. دەبێ پەنجا ساڵ تێبپەڕێ ئەوسا دەتوانم … ئێستا چەند تێپەڕیوە؟ …- برۆنکا دەکەوتە لێوجوڵاندن.. دیار بوو دەیژمارد- ئێستا بیستوپێنچ ساڵ تێپەڕیوە. بەهەرحاڵ، ژیانە پڕ سەڵتەنەتەکەی من هەر بەردەوام بوو: نانی بەیانیانم سێ جۆرخواردن بوو. جاری وا هەبوو سەربازەکەی بەردەستم شەرابێکی قۆڕی دەهێنا، منیش وام ئەنەڕاند بەسەریا ، ئیتر خێرا دەچوو ئیسپرتۆی بۆ دەهێنام، خەستەخانەکە پڕی ئەو ڕزقە بوو. خۆم بە ئارەزووی خۆم ڕوونم دەکردەوە و شەرابەکەشم دەبەخشییە بەردەستەکەم. هەفتەیەک بەو شێوەیە تێپەڕی و لە دڵی خۆمدا دەمگووت تۆ بڵێی ئەم بەزمە چەند درێژە بکێشێ.

سەرەنجام ژەنەراڵ بانگی کردمە لای خۆی و پرسی:
– ئێ، هاوڕێ پوپکۆڤ، کار چۆن دەڕوات؟ منیش وەڵامم دایەوە و گووتم: ئامادەی ڕاپەڕاندنی ڕاسپاردەکەتانم! ژەنەراڵ گووتی :- دەی چاکە، خوا پشت و پەنات بێت، گووتیشی: چاوەڕێتین وەک قارەمانی یەکێتی سۆڤێت بگەڕێیتەوە لامان(٦). هەر دەستت تەتەڵە نەکات
منیش گووتم: ئەگەر نەمپێکا، وەک سووکترین ناپاک و دوژمنی گەل(٧) حسابم لە گەڵ بکەن! یان ئەوەتا لە پاڵ هیتلەردا بە کوژراوی لێیدەکەوم، یان ئێوە بە دەستی خۆتان مەدالیای قارەمانی یەکێتی سۆڤێت دەدەن لە سنگی پوپکۆڤ برەنیسڵاڤ ئیڤانەڤیچ . کارەکەش وابوو کە هێرشێکی یەکجار گەورەی ئێمە بە ڕێوە بوو.وا بڕیاربوو لە دوولای بەرەی جەنگەوە هێزەکانی پیادە هێرش بەرن ، لە ناوەڕاستیشەوە زەبرێکی کوشندەی هێزی تانکەکانمان ئامادەکرابوو.
چاوەکانی برۆنکە گڕێکی وشکیان لێدەبووە، وەک خەڵووزی پشکۆگرتوو دەبریسکانەوە. ئەو تەنانەت بیریشی چوو پەرداخە ئەلومنیۆمییەکەی ڕاگرێ تا بۆی تێکەنەوە. شەوقی ئاگرەکە لە سەر ڕوخساری ڕێکهەڵکەوتووی سەمای دەکرد. ئەو زراڤ و نیگەران دەینواند.
– من ، هاوڕێیانی ئازیزم، باسی ئەوەتان بۆ ناکەم چۆن لە هێڵی بەرەی جەنگەوە ئاودیو کرام و بە چ شێوەیەک خۆم گەیاندە حەشارگەکەی هیتلەر. گرنگ ئەوەیە خۆم گەیاند! لێرەدا برۆنکە هەڵدەستێتە سەرپێ: – خۆم گەیاندە ئەوێ! دوا هەنگاو بە سەر پلیکانەکاندا دەنێم وخۆم، لە هۆڵێکی لە کۆنکرێت دروستکراودا، دەبینمەوە. گلۆپە کارەباییەکان ڕووناکییەکی بە هێزدەدەن … یەک دنیا ژەنەرەڵ کۆ بوونەتەوە. من خێرا سەرم لە دۆخەکە دەرکرد و لە خۆمم پرسی: – کوا هیتلەر! برۆنکە هەموو گیانی گرژ دەکات، جارو بار دەنگی دەپچڕێ، یان دەنگی دەبێتە چرپەیەکی فیکەئاسا، یان وەک قرووسکەیەکی ناخۆشی لێ دێت. قسەکانی پچڕ پچر دەبن، بۆی دەوەستێت، لە نیوەی وشەیەکدا قسەکە بە خۆی دەپڕێ، تف قووت دەدات…
– دڵم گەیشتبووە ئائێرە، خەریکبوو لە قوڕگمەوە بێتە دەر: کوا هیتلەر؟! من لە سەر ئاستێکی میکرۆسکۆبیانەدا سەروفەساڵی ڕێویانەی ئەوم لە بەر کردبوو، پێشوەخت بڕیارم دابوو فیشەکەکە بنێم بە کوێیەوە. بڕیاربوو بینێم بە سمێڵییەوە. من دەستی سڵاوم بەرزکردەوە و هاوارم کرد:- هایل هیتلەر! لە دەستەکەی ترمدا پاکەتێکی گەورەم پێیە، لە پاکەتەشدا دەمانچەیەکی” براونینگ”ی پڕ فیشەکی ژەهراوی کراو و قابیلی تەقینەوە. ژەنەڕاڵێکیان لێم هاتە پێشەوە ودەستی درێژکرد ویستی پاکەتەکەم لێوەرگرێ. منیش زۆر بە ڕێزەوە پاڵم نا بەدەستییەوە:- میل پەردۆن مەدام، ئەمە تەنیا دەدرێتە دەست فیورەر(٨). بە ئەلمانییەکی پوخت و پاراو پێم گووت:- فیورەر!- برۆنکە لێرەدا تفێکی قووتدا… لەو کاتەدا هیتلەر خۆی هاتە دەرەوە. هەستێکی وام تیادروست بوو، وەک کارەبایان لێدابم …من خاکی نیشتمانە دوورەکەی خۆمم هاتەوە یاد… دایک و باوکم هاتەوە یاد…- برۆنکە دەمێک بێدەنگ بوو، ئامادەبوو دەست بکاتە گریان، هاوار بکا و بلورێنێ، کراسەکەی بەری خۆی دادڕێ- خۆتان دەزانن لە ژیاندا ساتی وا هەیە کە سەراپای ژیانت بە یادگەتدا تێدەپەڕێ… ئێستاش وا لووتم ناوە بەلووتی ورچەکەوە. ئاخ. چیتر ناتوانم!- برۆنکە دەست دەکات بە گریان.
– ئێ؟- یەکێک لە شارنشینەکان بە دەنگێکی نزمەوە دەپرسێت
– ئیتر ئەو خۆی ڕووەو من هات… ژەنەڕاڵەکان هەموویان وەک بت، قیت وەستابوون… ئەویش بزەیەکی بە ڕوومدا کرد…منیش پەلاماری پاکەتەکەم دا ..- پێدەکەنیت، ناپیاو!.. دەی سا بگرە ، لە پای هەموو ئێش و ئازارەکانمان! …لە پای زامەکانمان! ..لە پای خەڵکانی سۆڤێتی!..لەپای شارو دێهاتی وێرانکراومان! … لەپای فرمێسکی هاوسەر و دایکانمان!- برۆنکە هاوار دەکات و دەستی وا گرتووە وەک بڵێی دەمانچەیەک گڕ بدات- خەڵکەکەی دەوروبەر بەجارێک دەساکێن..- تۆ پێدەکەنیت؟ دەی سا بگەوزێ لە خوێنی خۆتدا ،هەی جانەوەری خشۆک!!- خەڵکەکە لەو هاوارەی برۆنکا لەشیان دادەهێزرێ…دوایی بێدەنگییەکی گۆڕستانئاسا باڵ بەسەر شوێنەکەدا دەکێشێ… چرپە وسرتەیەکی بە پەلە و نا ڕوون بەناویاندا بڵاودەبێتەوە:- من تەقەکەم لێکرد…- برۆنکە سەری بەسەر سنگی خۆیدا شۆڕ دەکاتەوە.. دەمێکی باش گریانێکی بە کووڵ دەگری…روخساری گرژدەکات…جیڕە بەدانە ساغەکانی خۆی دەهێنێ و سەری بێ ئۆقرەی خۆی ڕادەژەنێ. سەری بەرز دەکاتەوە و هەموو ڕوخساری بە فرمێسک تەڕ بووە..- بەڵام نەمپێکا.
هەمووان بێدەنگ دەبن.. دۆخی شێواوی برۆنکە بە شێوەیەکی وا بە هێز کاریان لێدەکات، کە وا هەست دەکەن، دەمهەڵهێنانەوە لەم کاتەدا، شتێکی باش نابێت.
– تکایە، بۆم تێکەنەوە- برۆنکە بە دەنگێکی نزم، بەڵام فەرمانئامێزانە داوایان لێدەکات.. پەرداخەکەی هەڵدەدات و دەچێتە لای کەناری ڕووبارەکەوە، خۆی لەوانیتر بە دوور دەگرێت. ماوەیەکی زۆربە تەنیا دادەنیشێ، ئەندێشەی ئەو ڕووداوە ئەشکەنجەی گیانی دەدا، هەناسە هەڵدەکێشێت و دەکۆکێ. قاییل نابێت شۆربای ماسییەکەش، کە خەڵکەکە لێیان ناوە، بخوات…

زۆربەی جاریش لە ناو دێدا خەڵکەکە پێدەزانن کە برۆنکە دیسانەوە باسی” هەوڵی کوشتنەکە” ی گێڕاوەتەوە.
برۆنکە بە مڕۆمۆچیی دەگەڕێتەوە ماڵەوە. خۆی ئامادەکردووە هەستی برینداربکرێت و ئامادەشە هەستی بەرامبەرەکەی بریندار بکات.
ژنەکەی، کە ئافرەتێکی ناشیرینی لچ ئەستوور بوو، خێرا پەلاماری دەدا:
– چییە، دەڵێی سەگیت و شلکووتی عەمرت کراوە، بەم ناوەدا دەسوڕێیتەوە؟ دیسانەوە بەزمەکەیە!
– – دە، لاچۆ لە بەرچاوم! ..- برۆنکە بە خاوییەکەوە دەبۆلێنێ- شتێکم بۆ بێنە بیخۆم
– تۆ هیی ئەوە نییت خواردنت بدرێتێ، تۆهی ئەوەیت بە قەپانێک هەموو سەروگوێلاکت بکوترێتەوە- ژنەکەی دەقیژێنێت بە سەریدا- ئاخر لە خەجاڵەتیی ئەو خەڵکەدا نازانم ڕووم لە کۆی بشارمەوە
– دەی کەوایە، لەماڵەوە بسەکنێ، پێویست ناکات کۆڵانەو کۆڵان بکەیت.
– نەخێر، من هەر ئێستا دەڕۆم ، دەچم بۆ ئەنجوومەنی دێیەکە، با ئەوان شێت و شوورێکی وەک تۆ بانگکەن! ئاخر خۆ دەبێت ڕۆژێک لێپرسینەوە لە پەنجە قرتاوێکی وەک تۆ بکەن، لە سەر ئەو مێژووشێواندنەت.
– مافی ئەوەیان نییە. ئەوە خۆ کارێکی چاپکراونییە. تێدەگەیت؟ دە شتێکم بۆ بێنە با بیخۆم.
– ئاخر ئەو خەڵکە پێمان پێدەکەنن. بەرەوڕوو پێمان پێدەکەنن… ئەمیش هەر دەڵێیت شەونمی خوایە و لە ڕووی دەدات. کوڕە هەی فەساڵڵی نەشۆراو، هەی ئاژەڵی کێوی! ئاخر تۆحەیا و حورمەتت هەیە؟ یان هەموو شتێکت لێ داماڵراوە؟ تف! لەچاوە بێ شەرم وشکۆکانت. پوپۆک!
برۆنکە نیگایەکی تۆڕە دەگرێتە ژنەکەی. بە دەنگێکی نزم، بەڵام پڕلە هێز، دەڵێت:
– میل پەردۆن مەدام… بەڵام من هەر ئێستا تێتدەسرەوێنم!
ژنەکەی دەرگاکە دەداتەوە بەیەکدا و لە ماڵ دەچێتە دەرەوە: دەچێ لای ئەنجومەنی دێیەکە شکات لە” ئاژەڵە کێوی” یەکەی بکات.
ژنەکەی برۆنکە لەوەدا نەیپێکابوو، کە دەیگووت برۆنکە هیچی بەخەیاڵدا نایەت… نەخێر.. ئەو خەفەتێکی زۆری دەخوارد…توڕەدەبوو.. دووڕۆژ لە ماڵەوە هەر دەیخواردەوە… کوڕە مێرمنداڵەکەی خۆی دەنارد، لە دوکانی مەی فرۆشتنەکە، ڤۆدکای بۆ بکرێت
– لەوێ گوێ لە قسەی کەس نەگریت – برۆنکە بە هەستێکی تیکەڵاوی تۆڕەیی و خۆ بە گوناهبارزانییەوە بە کوڕەکەی دەگووت – بوتڵەکە وەرگرە و ڕاستەو ڕاست وەرەوە ماڵێ.

هەر بەڕاستییش، چەند جارێک برۆنکەیان بانگ کردبووە ئەنجوومەنی دێ و لەوێ شەرمەزاریان کردبوو، هەڕەشەیان لێکردبوو کە ڕێوشوێنی پێویست لەدژی بگرنە بەر.
برۆنکەش کە لەو کاتانەدا هۆشی لای خۆی بوو و نەیخواردبووە، بێ ئەوەی سەیری چاوی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بکات، چەند وشەیەکی بە توڕەییەوە دەدا بەسەریەکدا: – دە باشە، ئیتر.. دە لێگەڕێ، قابیلە چی بووە!
دوایی دەچوو لە دوکانی مەی فرۆشەکە پڕ بەشووشەیەکی ترشیات بیرەی دەخواردەوە، کەمێک لە بەر دوکانەدا دادەنیشت تا ”بیگرێ” ئینجا قۆڵی لێهەڵدەکرد و بە دەنگێکی بەرز بە هەمووانی ڕادەگەیاند:
– دەی، جا کێ ئازایە با بفەرموێ ، بێتە پێشەوە؟ خۆ ئەگەر کەمێک کەلەلاشم کرد، تکایە زوویر نەبێت. میل پەردۆن مەدام!
ڕاستییەکەشی برۆنکە نیشانشکێنێکی دەگمەن بوو.

پەراوێزەکان:

1. میل پەردۆن مەدام: ڕستەیەکی فەرەنسییە و بە مانای: هەزار جار داوای لێبوردن دەکەم مەدام.
2. بە شەرەفی حزبیتان: لە سەردەمی سۆڤێتیدا و بەتایبەتی لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکاندا وا چاوەڕوان دەکرا کە ئەندامانی حزب بە درۆ سوێند ناخۆن و تەنانەت کەسانی ناحیزبییش، ئەگەر ئەو سوێندەیان بخواردایە وا چاوەڕوان دەکرا درۆ نەکەن

3. برەنیسڵاڤ ناوێکی ڕووسیی یان سڵاڤی کۆنە و ئەگەر حەرفی وەرگێردرێتە سەر کوردی ڕەنگە ببێتە سەرفرازیپارێز یان پارێزەری سەرفرازی.
4. شوکشین لێرەدا ئاماژەیەکی کورت بۆ ئەو هەڵمەتی دژە ئاینییە دەکات کە لەسەردەمی ستالیندا دژی پیاوانی ئایینی و شوێنەپیرۆزەکان کرا و هەزاران پیاوانی ئاینی سەر بە ئاینە جیاوازەکان گیران ولە ناوبران.
5. پوپکە لە زمانی ڕووسیدا مانای ناووک دەگرێتەوە( بەمانای ئاسەواری شوێنی پەیوەندی نێوان مناڵ و دایکی کاتێک لە زگی دایکیایەتی)، جا برۆنکە توڕەی ئەوەبووە کە ناوێکی وا بەرزەفڕی وەک سەرفرازیپارێز و ناووک لە گەڵ یەکدا نایەنەوە یەک
6. قارەمانی یەکێتی سۆڤێت، بەرزترین نازناو و ڕێزلێنان بوو لە سەردەمی یەکێتی سۆڤێتدا ئەو کەسەی ئەو پاداشتەی پێدەدرا مەدالیایەکی ئەستێرەداریان بە پارچەیەک قوماشی سوورەوە ئەدا لە بەرۆکی و مایەی شانازی وڕێزلێنانێکی زۆر دەبوو .
7. ”دوژمنی گەل” تەنیا زاراوەیەکی سووکایەتی پێکردن نەبوو لە دەوڵەتی سۆڤێتیدا. ئەو کەسەی ئەو نازناوەی بە سەردا ببڕایە جگە لەوەی کە لە سێدارە دەدرا یان ڕەهەندەی سیبیریا دەکرا، بە ڕەچەڵەکی منداڵ و نەوەکانیشیدا دەچوونە خوارەوە و لە هیچ جێگەیەک شوێنیان نەدەبووەوە.
8. فیورەر وشەیەکی ئەڵمانییە بە مانای سەرۆک یان سەرکردە دێت و نازییەکان بۆ هیتلەر تەرخانیان کردبوو

ناردن: