شانۆی کلاسیکی و بوژانەوەی لە ڕۆژگاری ڕێنیسانسدا

ڕانانی: سەردەم
ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک بابەتی شانۆیی پێکهاتووە و کۆمەڵێک وتارن مێژووی نووسینیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٩، کە لە ڕۆژنامەی (هاوکاری و پاشکۆی عێراق و گۆڤاری بەیان)دا بڵاوکراونەتەوە، ئەو کات مامۆستا (شەفیق محەمەد) وەک خۆی خۆی ئاماژەی پێ داوە، خوێندکاری کۆلێژی هونەرەجوانەکانی بەغدا بووە.
ئەگەرچی وتارەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە مێژوویەکیان هەیە، بەڵام هێندە میتۆدیانە بەرمەبنای هۆشیاریی و ڕۆشنبیرییەکی شانۆییان نووسراون، هێزی ئەوەیان هەیە لە ڕۆژگاری ئێستا و ئایندە و داهاتوویەکی دوورتریشدا بخوێنرێنە، چونکە سەرباری ئەوەی بە زمانێکی ڕەوان و سادە نووسراون، هاوکات پڕن لە زانیاریی مێژوویی و هونەری و ناوی کەسایەتیی شانۆیی و نووسەر و ڕەمز و فیگۆرە گەورە کاریگەرەکانی شانۆ، بەتایبەت کە بابەتەکان دەرباری مێژووی شانۆی سەردەمێکی دیایکراون، کە بە شانۆی کلاسیک ناو دەبرێت، بەڵام نووسەر وەک خۆی نووسیویەتی: بۆ ئەوەش تا لەژێر ناونیشانەکەدا جێگەی بێتەوە، پێیویست بوو چەند بابەتێکی بۆ زیاد بکەم، هەر وەک ڕوونیشی کردۆتەوە کە کۆکردنەوەی ئەو بابەتانە و بڵاوکردنەوەی لەم نامیلکەیەدا، لەو ڕوانگەیەوەیە کە کتیبخانەی کوردی لە بابەتی لێکۆڵینەوەی شانۆیی بە بەراورد بە تێکستی شانۆیی هەژارە.
نووسەری ئەم کتێبە (شەفیق محەمەد) لە ئێستادا مامۆستای بەشی شانۆیە و یەکێکە لە دەرهێنەر و شانۆکارە دیارەکانی کورد، ئەو خاوەنی پاشخانێکی ڕۆشنبیری و فیکرییە، هاوکات شارەزایە لە بوار و قوتابخانە و ڕێبازە شانۆییەکان، هەر لم سۆنگەیەوە دەڵێن ئەم کتێبە دەبێت بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی شانۆ لە کتێنبخانەی کوردیدا، بەتایبەت شانۆکاران بە گشتی و خوێندکارانی پەیمانگا و زانکۆکان دەتوانن سوودێکی ئێجگار زۆری لێ ببیین تا ئاسۆی بینین و دونیابینی هونەرییان فراوانتر بێت لەمەڕ شانۆ و مێژووی شانۆ و شانۆی کلاسیک.
بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: (شانۆی کلاسیکی، دەستپێک، شانۆی کلاسیکی گریکی، تراژیدیای گریکی، نووەسەرانی شانۆی کلاسیکی گریکی، کۆمیدیای گریکی، شانۆی کلاسیکی ڕۆمانی، بوژانەوەی ئەدەب و هونەری کلاسیکی) نووسەر سەرجەم بابەتەکانی لەنێو کتێبەکەدا دابەش کردووە بەسەر دوو بەشدا، کە بوژانەوەی ئەدەب و هونەری کلاسیکی، خۆی وەک بابەتێکی سەربەخۆ بەشی دووەمی کتێبەکە پێکدەهێنیت.
نووسەر لە دەستپێکدا باس لەوە دەکات کە مرۆڤی سەرەتا بۆ ئەوەی بژی و مەرگ لێی بەدوور بێت، پێویستی بەوە بووە پێش هەموو شتێک سکی تێر بکات و لە مەترسیی لەبرسا مردن خۆی قوتار بکات، ئەم کارەش وەنەبێت هەر وا ئاسان بووبێت و خۆراکی بە سانایی چنگ کەوتبێت: نەخێرمرۆڤ لەو ڕۆژگارەدا کۆمەڵێک مەترسی دەوری دابوو، هەڕەشەی مەرگ و لەناوچوونی لێ دەکرد، لە سەروو هەموویانەوە سروشت بوو بەو هەموو دیاردە و گۆڕانکارییەوەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەسەریدا دەهات و هەر ساتەی لە شێوەیەکدا خۆی دەنواند.
دواتر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لاوازیی مێشک و هۆشی مرۆڤی سەرەتا کە بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانێت دیاردەکانی سروشت بە شێوەیەکی زانستیانە لێکبداتەوە و چارەیان بۆ بدۆزێتەوە، وای لێ کردووە بۆ خۆپاراستن و ڕاکێشانی بە لای خۆیدا تا ببنە یارمەتیدەری، پەنا بەرێتە بەر ئەنجامدانی سرووتی ئەفسووناوی و کڕنووشیان بۆ بەرێت و لە گیان و دڵ و دەروونیدا جێگەیان بۆ بکاتەوە و قوربانییان پێشکەش بکا، تا نیاز و ڕازەکانی بە ئاکام بگەیەنن، ئەمە جگە لەوەی بە زەحمەت چنکەوتنی خۆراک، بەهۆی لاوزی و سادەیی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنانەوە هۆیەکی تر بوو بۆ سەرهەڵدان و بەدیاکەوتنی سرووتە ئایینی و ئەفسووناوییەکان: سەماشکە یەکەم توخم و تۆوی درامایە و لەمەوە سەریهەڵدا و پەرەیسەند، سروتێکی ئایینی و سیحری بووە، کاتێک ڕاوچییان ویستبێتیان بچن بۆ ڕاو، پێش ئەوە دەبوونە دوو دەستە، دەستەیەکیان شێوەی خۆیان دەڕازاندەوە، بەوەی پێستی ئاژەڵیان دەپۆشی و دەمامکیان لە سەر دەکرد، دەستەی دووەم نێزەکانیان دەگرتە دەست لە شێوەی راوچیدا.
لە بەشێکی تردا بە ناوی (شانۆی کلاسیکی گریکی دیونیزیۆس و سەرهەڵدانی درامای گریکی) شەفیق محەمەد ئاماژە دەکات کە شانۆی گریکی، یان درامای گریکی یۆنانی، لەو ئاهەنگ و جەژنە ئایینیانەوە سەریهەڵدا، کە ساڵانە بۆ دیونیزیۆسە خواوەندی ڕەز و میوەی گریکییەکان بووە، گریکییەکان ساڵی دوو جار، لە دوو جەژندا یادی دیونیزیۆسی خواوەندیان دەکردەوە و ئاهەنگیان بۆ ساز دەکرد: ئەو ئاهەنگ و جەژنە ئایینیانە لە دۆخێکدا ڕانەوەستان پەنگیان نەخواردەوە، بەڵکو ساڵ لەدوای ساڵ گۆڕانیان بەسەردا هات و بەرەوپێشەوە هەنگاویان بڕی، نەوەی تازە بەشداریی ئەو ئاهەنگ و جەژنە ئایینیانەی، لە باوباپیریانەوە بۆیان مابووەوە دەکرد و لەگەڵ پێداویستییەکانی ڕۆژگار و فراوانبوونی ئاسۆی خەیاڵ و بیریاندا پەرەیان پێ دەدا. دواتر نووسەر دێتە سەر باسی ئەوەی کە لە لایەنی ناوەڕۆک و بابەتی شانۆییەکانەوە ئەوە بوو ئەو سروودانەی سروودبێژان لە ئاهەنگ و جەژنەکانی دیونیزیۆسدا دەیانبێژا، تایبەت بوو بە ژیانی دیونیزیۆس، یان بۆ ڕێزلێنانی ئەو خواوەندە بوو.
لە بەشێکی دیکەدا بە ناوی (شانۆی کلاسیکی ڕۆمانی، ڕۆمانییەکان و شانۆ) مامۆستا شەفیق محەمەد جەخت دەکاتەوە کە لای هەموان ئاشکرایە بلیمەتی گریکییەکان لە هەموو ڕوویەکەوە بێئەنداز بووە، ڕۆمانییەکان بەتوانا بوون لە وەرگرتن و گواستنەوە و کۆپیکردنی ئەو بلیمەتییەدا: گریکییەکان هەستێکی خۆڕسکیان هەبوو بۆ گوزارشتکردن لە ڕۆح، ڕۆمانییەکان مەیلیان زیاتر بۆ لای پراکتیک دەچوو، ئەنجامی ئەمەش شانۆی ڕۆمانی لەسەر ئەفراننەکانی گریکییەکان بنیاد نرا، شانۆییە لاتینییەکان پشتیان بە نموونەی ئەسینییەکان بەست.
بە بۆچوونی نووسەری ئەم کتێبە، ڕۆمانییەکان بە چاوێکی سووک و کەمبایەخەوە دەیانڕوانییە شانۆ و ئەوانەی لە شانۆدا کار دەکەن، کارکردن لە شانۆدا چ لە ڕووی نووسین و نواندن و هونەرییەکانی ترەوە بە کاری کۆیلەکانیان دەزانی، لە کۆتا بەشیشدا بە ناوی (بوژانەوەی ئەدەب و هونەری کلاسیکی لە ڕۆژگاری ڕێنیسانسدا) نووسەر باس لەوە دەکات کە لە سەدەی شەشەم و پێنجەمی پێش زاییندا، ئەو دەمەی دیموکراتییەت باڵی بەسەر گریکدا کێشابوو، لەو ڕۆژگارە و لەو وڵاتەدا ئەدەب و هونەر، فەلسەفە و زانست بە شێوەیەکی بەرز و سەرسوڕهێنەر خۆیان دەنواند، شارستانیەتی گریکییەکان لە هەموو ڕوویەکی ژیانەوە لە پێشەوەی کاروانی شارستانیەتی جیهاندا بوون و سامانێکی دەوڵەمەند و فرەیان هەبوو لە بوارەکانی ئەدەب و هونەردا: ڕێنیسانس درێژەپێدەری ئەو تەوژمە شارستانییە بوو کە لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستدا بەدەرکەوت، مرۆڤی لە تاریکی و نەزانی ڕزگار کرد و هەر زوو بە زوویی تیشکی بەسەر هەموو ئەورووپا و جیهاندا پەرش کردەوە.
دواجار دێتە سەر باسی ئەوەی پێچەوانەی ڕۆشنبیری سەدەکانی ناوەڕاست کە تەنها بایەخی بە گیان و جیهانی کۆتایی دەدا، هۆمانیزمەکان عەوداڵی ژیانی ئەمڕۆ و خولیای جوانی و شەیدای سروشت بوون: ئەدەب و هونەرەکەشیان باسی لە لە جوانی سروشت شکۆمەندی مرۆڤ و چێژوەرگرتن لە ژیان و سەوداسەری ئازادی و ڕاماڵینی هەموو ئەو کۆسپ و لەمپەرانەی دێنە سەر ڕێی مرۆڤ، یان دەیانەوێت کەرامەت و ئابڕووی بڕوشێنن، دەکرد، جوانی و خۆشەویستی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بە تەنیا جوانی و خۆشەویستیی خودایی بوو، بەڵام هیۆمانیزمەکانی ڕێنیسانس بە ئاشکرا و بێ سڵەمینەوە جوانی و خۆشەویستی مرۆڤەکان بۆ یەکتری و سۆز و ئەندێشەیان تێکەڵ بە نووسینەکانیان دەکرد و لە جوانیی دڵدارەکەیان دەدوان و هەست و سۆزیان بۆ دەردەبڕی و خۆیان بە قوربانی دەکرد.
قسەکردن لە جوانی و گرنگیی ئەم کتێبە دوایی نایەت و وا چاکترە خوێنەر خۆی، بە تایبەت شانۆکاران و خوێندکارانی بەشی شانۆ خۆیان بیخوێننەوە و خەزنەی ڕۆشنبیری و زانیارییەکانیان فراوانتر بکەن، ئەم نووسینە تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەمی کتێبەکە، دەنا خۆی ڕووبەر و ڕەهەند و زانیاریی فرەلایەنتری تێدایە کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ فراوانبوونی ئاسۆی بینین وڕۆشنبیریی هونەریمان.

ناردن: