سازشەکەی من و وانەیەکی درەنگوەخت لە تەلەفوزی ڕووسیدا!

شیروان مەحمود

نووسەرێکی بەناوبانگی ڕووس هەیە، خاوەنی چەندین بەرهەمی گرنگ و ناسراوە، وەک ” تاوان و سزا”، ” گەمژە” و”برایانی کارامازۆڤ” و چەندینی تر. دەزانن ناوی چییە؟
بێگومان زۆربەتان دەزانن و دەڵێن: فیۆدۆر دۆستۆێفسکی !
داوای لێبوردن دەکەم!
بەڵام ناوی ئەو نووسەرە، ئەگەر بەڕاستی و ڕووسیانە بیخوێنینەوە:
”فیۆدەر دەستەێفسکی” یە!
چی؟ چی؟ ئێمە هەزار ساڵە بە دۆستۆیفسکی خوێندومانەتەوە، ئێستا تۆ ئەمە چییە بۆت دۆزیوینەتەوە؟
بۆ هەشتسەد ساڵی یەکەم نازانم، بەڵام ئەوەتەی دووسەدساڵ لەمەوبەر لە دایکبووە هەرئەوە ناوی بووە: ” فیۆدەر دەستەێفسکی” بەڵام لە بەر ئەوەی ئێمەی کورد، لە باشووری کوردستان بەرهەمی نووسەرانی ڕووسمان لە عەرەبەوە وەرگرتووە، ئەوا لە نووسینی ناوەکانیشیاندا شوێنپێی عەرەبمان هەڵگرتووە. لە بەر ئەوە گلەییم لەو کەسانە نییە کە بەرهەمی ئەو نووسەرانەیان لە عەرەبییەوە یان لە زمانەکانی ترەوە وەرگێراوە بۆ کوردی. گلەییم لەو نووسەر و وەرگێڕانەیە کە لە ڕووسیا خوێندوویانەوە و شارەزای تەلەفوزی ڕووسیین بەڵام هیچ هەوڵێکیان نەداوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵەیە.

لەو ماوەیەی پێشوودا نامیلکەیەکم نووسی بە ناوی ” وتە مێژووییەکەی دەستەێفسکی لە یادی پوشکیندا” کە زیاتر وەرگێڕانی وتەکەی دەستەێڤسکی و وتارێک بوو لە سەر ئەو کاردانەوانەی لە ئاکامی وتەکە هاتبوونە ئاراوە. خۆشبەختانە برایانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ چاپکردنی نامیلکەکە، کە من سوپاسگوزاریانم بۆ ئەو کارەیان. لە بەر ئەوەی بڕیاریش بوو نامیلکەکە لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلەیمانی بۆ کتێب نمایش بکرێت، دەبووایە بەزووترین کات بخرێتە ژێر چاپەوە. ئا لەو کاتەدا برایانی دەزگاکە پەیوەندییان پێوەکردم و پرسیاریان کرد ئایا ناوەکە وەک من نووسیوومە ” دەستەێفسکی” بهێڵنەوە، یان وەک باوە بە ”دۆستۆێڤسکی” بینووسن، ئاشکراش بوو کە خۆیان دووەمیان لا پەسەندترە و پاساواکەشیان ماقووڵ و عەرەب وتەنی” وەجاهەتی خۆی هەبوو” چونکە خوێنەری کورد هەر بە شێوەنووسینی دووەم ڕاهاتووە و ڕەنگە خەڵک نەزانن کە ئەم ”دەستەێفسکی” یەی من، هەمان ”دۆستۆێفسکی” ەکەی جارانە. منیش لەو کاتەدا، جا ئیتر لە بەرچرکە ساتێکی لاوازیی مرۆڤانە و پەرۆشیم بووبێت کە کتێبەکە چاپ بکرێت، یان لە بەر تەمەڵیی و نەبوونی ئارەزووبووبێت بکەومە داکۆکی کردن لە شێوە نووسینەکەی خۆم، ئەو سازشەم کرد و گووتم خۆتان سەرپشک بن، بەکردەوەش ڕازی بووم شێوە باوەکە بەکاربێننەوە. من سزای ئەو سازشەی خۆمم وەرگرت و دوو شەو خەو لەچاوم نەکەوت و چاپکردنی نامیلکەکەش چیتر ئەو خۆشییەی پێ نەبەخشیم کە چاوەڕێم دەکرد. خەتاکەش تەنیا و تەنیا خەتای خۆم بوو. ئاخر من دەمزانی بۆ شێوەنووسینی یەکەم ڕاستە، بە دوور لەوەی عەرەب یان ئینگلیز چۆن ئەو ناوە دەنووسن. ئێمە لە کوردیدا بزوێنمان هەیە کە لە عەرەبیدا نییە، ئیتر بۆ دەبێ ئێمە وەکوو ئەوان بنووسین؟

لێرەدا بە پێویستی دەزانم، بە پێی توانا، هەندێک ڕێسای تەلەفوزی ڕووسی ڕوون بکەمەوە، تا لە داهاتوودا وەرگێر و نووسەری کورد( بە خۆیشمەوە) ڕەچاوی بکەین و ئیتر نەپرسیین: ئەی عەرەب یان هەر میللەتێکی تر چۆن ئەو ناوانە دەنووسن؟

لە زمانی ڕووسیدا ( بێگومان لە زمانەکانی تریشدا) وشە لە بڕگەیەک یان چەند بڕگەیەک پێک دێت، کە هەر بڕگەیەکیان پیتێکی دەنگیی ( یان ڤاوڵ) ی تیایە. تا ئێرە کارەکە ئاساییە. ئەوەی کە ڕەنگە جیاوازبێت لە گەڵ هەندێ زمانی تردا( دەڵێم ڕەنگە، چونکە من نە زمانەوانم و نە هێندەش زمانی جۆراوجۆر دەزانم تا حوکمێکی ڕەها بدەم) ئەوەیە کە لە وشەی ڕووسیدا تەنیا یەکێک لەو پیتە دەنگیانە (نەبرە) وەردەگرێت یان درێژدەکرێتەوە. بۆ ئەوەی ئەو قسەیەم ڕوونتر بکەمەوە ئەوا وشەیەکی وەک ”молоко” وەردەگرین کە سێ پیتی دەنگیی ( ۆ) ی تیایە بەڵام تەنیا یەکێک لەوانە بە (ۆ) دەخوێندرێتەوە، دووانەکەی تر وەک بزوێن دەخوێندرێنەوە کەواتە ئەو وشەیە دەبێت بە:
مەڵەکۆ نەک مۆلۆکۆ( ئەگەر قاوەتان خواردەوە هەر ئەوەی یەکەمیانی تێکەڵ کەن!)

بە هەمان شێوەش وشەی” Достоевский ” کە پێنچ پیتی دەنگی تیایە، تەنیا یەکێکیان نەبرە وەردەگرێت و درێژ دەکرێتەوە ئەویش(е) یە، کە بە (ێ) دەخوێندرێتەوە، بۆیە دوو (о) کە وەک بزوێن دەخوێندرێنەوە و ناوەکە دەبێت بە ( دەستەێفسکی) نە ک دۆستۆێفسکی. دەبێت ئەوەش بڵێم کە پیتی حەوتەم (в ) دەنگی (ڤ) ی ئێمەیە بەڵام لە تەلەفوزدا بە (ف) دەخوێندرێتەوە چونکە گووتنی (ڤ) لەو شوێنەدا، لە نێوان (ێ) و (س) دا بۆ زمان ناقۆڵایە.

کەواتە وەرن، پیاوی چاکبن، با ناوی ئەم نووسەر و شاعیرانەی ڕووس بەم شێوەیەی خوارە وە ڕاست بکەینەوە:
دەستەێفسکی نەک دۆستۆێفسکی
چێخەف نەک چیخۆڤ
لێرمەنتەڤ نەک لێرمۆنتۆڤ
مەیاکۆڤسکی نەک مایکۆفسکی
بوڵگاکەڤ نەک بوڵگاکۆڤ
ئەخماتەڤە نەک ئاخماتۆڤا
گۆرکی نەک غۆرکی..بێگومان زۆر ناوی دیکەش هەن بەڵام بۆ ئەم وتارە هەر هێندەم هاتەوە یاد.
کتێبەکەی دەستەێفسکیش” برایانی کەرەمازەڤ” ە نەک، وەک من لە سەرەتای ئەم وتارەدا نووسیوومە، ”برایانی کارامازۆڤ”

بەندەی موخلیسشتان ناوی شیروان مەحموود محەممەدە نەک وەک ڕووس دەڵێن” شیرڤان مەخموود مەخەمێد” !

ستۆکهۆڵم ١٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١

ناردن: