ڕانانی: سەردەم


یەکێکی تر لەو کتێبانەی بڕیارە لەگەڵ کۆمەڵێک کتیبی دیکەی ناوەزەدا کە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپی کردوون، بەشداری لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبدا بکات، بریتییە لە کتێبی (هونەری مایا) ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی وردی پڕ لە وێنە و زانیارییە و لە لایەن (خەلیل عەلی) نووسراوە، کتێبی هونەری مایا لە گەلێک ڕووەوە بەها و گرنگیی خۆی هەیە بۆ خوێنەر، لە لایەکەوە بە دیوە پەنهان و ڕەهەندە شاراوەکانی شارستانیەتی (مایا) ئاشنامان دەکات، لە لایەکی دیکەوە هونەری شێوەکاری و وێنە و تابلۆ جێماوەکانی ئەو مێژووە دێرین و شارستانیەتە دەوڵەمەندەمان پێ دەناسێنێت لەگەڵ نەخشەسازیی شارستانی سەردەمی کرانەوە و دایرکاری و چەرخی پێش کلاسیک و داڕوخانی مایا لە سەردەمی کلاسیکدا، کە ڕەنگە بە هەر هۆیەکەوە بێت، تاکو ئێستائێمە لێی بێبەش بووبین و چ زانیاری و شارەزاییەکی ئەوتۆمان لەسەری نەبێت.

بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە : (مێژووی شارستانیەتی مایا، چەرخی پێش  کلاسیک، سەردەمی کلاسیک، داڕوخانی مایا ل سەردەمی کلاسیکدا، سەردەمی کرانەوە و داگیرکاریی سپانی، بەردەوامیی کولتووری مایا، شەڕە مەزنەکانی مایا، ڕاڤەیەک بۆ شارستانیەتی مایا، هونەری تەلارسازی لە شارستانیەتی مایادا، نەخشەسازیی شارستانی لە مایا، شێوازی دروستکردن، کەرەستە و شمەکی تەلارسازی، دروستکردنە مەزنەکان، هونەری پەیکەرسازی مایا، نیگارکێشان لە شارسانیەتی مایا، ڕستن و چنین، گڵێنەکاری، گڵێنەکاری لەناو کۆمەڵگەدا، تەکنیکی بەرهەمهێنان، گڵێنەی مایا چۆن گەشەی کردووە؟ هێماکانی مایا.)

لە پێشەکی ئەم کتێبەدا ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە شارستانیەتی مایا بەشێکی دانەبڕاوە لە مێژووی مرۆڤایەتی لەسەر زەوی، هەر لەبەر ئەمەشە نووسەری ئەم کتێبە بە پێویستی زانیوە لێکۆڵینەوەیەک لەو بارەیەوە پێشکەش بە کتێبخانە و خوێنەری کورد بکات، ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم لێکۆڵینەوەیەدا، نووسەر هێندەی بایەخی بە لایەنە هونەرییەکە داوە، هێندە نەچووەتە بوارە مێژوویەکە.

نووسەر لە کتێبی (هونەری مایا)دا، لە ڕووی یەکەی هونەرییەوە هەوڵی داوە سەرجەم بوارە هونەرییەکانی ئەم شارستانییەتە تەی بکات و لە وێستگە جیاوازەکاندا بەسەریان بکاتەوە، هەر لە بواری پەیکەرسازی و تەلارسازییەوە بۆ گڵێنەکاری و ڕستن و چنین و نیگارکێسان و ڕازاندنەوە و چەندین بواری تر، نووسەر هێما بۆ ئەوە دەکات کە هونەر لە شارستانیەتی مایادا پێگە و تایبەتمەندیی خۆی هەبووە و هونەرمەندی دەستڕەنگینی مایاش توانیوەیەتی ئەو پێگە بەرزەی خۆی لە بوارەکەی خۆیدا بەکار بهێنێت: لە ئەنجامیشدا بەرهەمێکی جوانی ڕەنگینی نەخشین لە دوای خۆیەوە بەجێ بهێڵێت، هەر وەک ئەوەی ئێستا دەبینرێت.

نووسەری ئەم کتێبە لە لێکوڵینەوەکەیدا هیچ گومانێکی نییە لەوەی کە پادشا و بنەماڵە خانەدانەکان بە شێوەیەکی پایەبرزانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم خێزانە هونەرمەندانەدا کردووە و پێگەیەکی تایبەتیان لەنێو شانشینەکەدا پێ بەخشیون: کەواتە ئەم بەرهەم و ئەنجامانە هەر لە خۆڕا نەهاتوونەتە بوون، بەڵکو بەرئەنجامی بایەخدان و گرنگیدانی شانشینەکە بووە بە کاری هونەری، ئینجا بە هونەرمەندەکانی.

نووسەر لە سەرەتای کتێبی (هونەری مایا)دا، پێشەکییەکی مێژووی داناوە، هۆکاری ئەمەشی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە کە بە پێویست زانراوە خوێنەر بەر لە کارە هونەرییەکان، سەرەتا ئاشنایەتی لەگەڵ پاشخانی مێژوویی ئەم سارستانییە پەیدا بکات، تا بزانێت ئەم هونەرە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە: ئینجا دواتر تێدەگات کە ئەم هەموو کار و شاکارە بەرهەمی شەو و ڕۆژێک نین و کۆشان و ماندووبوونی زۆریان ویستووە تا گەیشتووە بەم ئەنجامە سەرسوڕهێنەرەی ئێستە، ئیدی بەوەش خوێنەر تێدەگات دروستکردنی ئەم شانشینە یەک لە دوای یەکانە چەند پڕ زەحمەت و  کێشە بوون  و لە هەمانکاتیشدا کاتی زۆری ویستووە بۆ سەرپێکەوتنیان.

بەپێی زانیارییەکانی نێو ئەم کتێبە گەلی مایا لە ئەمریکای ناوڕاست نیشتەجێ بوون، مێژووی شارستانیەتەکەیان دەکرێت بە سێ قۆناغی سەرەکییەوە کە بریتین لە: قۆناغەکانی پێش کلاسیک و کلاسیک و دوای کلاسیک.

خەلیل عەلی لا لێکۆڵینەوەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە چەرخی پێش کلاسیک کە دوای چەرخی کۆنەوە هات کە یەکەم گوندی جێگر و پێشکەوتووی بە خۆیەوە بینی و لە کوشتوکاڵکردندا داهێنەر بوون: بەپێی هەندێک لە زانا هاوچەرخەکان، ئەم دابەشکارییە تەنها دابەشکارییەکی زۆردارانەیە بۆ قۆناغەکانی مێژووی گەلی مایا، جیا لەوەی ئاماژەیک بێت بۆ گەشەی ڕۆشنبیری، یان دواکەوتنی، ئیدی لێرەوە بەپێی بۆچوونی مێژوونووسان، دەشێت پێناسەی دەستپێک و کۆتایی ئەم مێژووە گۆڕاکاری تێدا بکرێت تا ئاستی یەم سەدە، چونکە هەر مێژوونووسە و لەو بارەیەوە بۆچوونی تایبەت بە خۆی هەیە.

نووسەر باس لە ناوچەی کامینالجویو دەکات کە دەکەوێتە دووڕێیانی نێوان ڕێگەی بازرگانی لە ڕۆژئاوا، تا دەگاتە کەناراوەکانی نیوەدوورگە، لەوێشەوە بەرەو بەرزاییەکانی باکوور پەل دەهاوێت و درێژ دەبێتەوە تا دەشتایی کەناراوەکانی زەریای هێمن، لەوێشەوە درێژ دەبێتەوە تا دەربەندی سلڤادۆر: لە ڕێگەی ئەم بەخششەوە توانراوە دەست بەسەر تۆڕەکای دابەشکردنی کەرەستە و شمەکی گرنگدا بگیرێت، وەک بۆن و قوماش و موتوروو، پاشان دێتە سەر بازسی ئەوەی کە شێوازی هونەری داتاشین و کۆڵین و پەیکەرسازیش لە ناوچەکەدا هەر لە ڕێگەی ئەم ناوچە بازرگانیانەوە بڵاو بوونەتەوە و گەشەیان کردووە، چونکە بە بڕوای ئەم نووسەرە، بازرگانی بە هۆکارێکی سەرەکیی ئەم گەشەکردنە هونەرییە پەیکەرسازییەی مایا لە ناوجەکەدا دادەنرێت.

لە باسێکدا بە ناونیشانی (گڵێنەکاری لە ناو کۆمەڵگەدا) نووسەر باس لەوە دەکات کە هەر لە بنەڕەتدا گڵێنەی مایا لە دوو مادە پێک دێت کە بریتین لە بەردی کلسی و خۆڵەمێشی بورکان، بەپێی زانیارییەکانی ئەوە، زۆربەی خاکی مایا بە بەردی کلسی دەور دراوە و کالسیتی لێ دێتە بوون، زۆربەی ئەو قاپ و لەگەنانەی دۆزراونەتەوە، لەو شوێنانیە بووە کە زۆرترین خەڵکی لێ نیشتەجێ بووە، هەرچەندە بە زۆری لە کاری گڵینەکاریدا خۆڵەمێشی بورکانی بەکارهێنراوە و زۆربەی گڵێنەکانیش بۆ مەبەستی بازرگانی بەکار هێنراون، چونکە ئەو وای بۆ دەچێت خواستی زۆریان لەسەر بووە و وەک دیارییش پێشکەش کراون: لەگەڵ ئەوەشدا، گەلی مایا بەوە ناسراون داهێنان لە کاری هونەریدا بکەن و هونەری نوێش بسازێنن، لەوانەش دروستکردنی قاپی شووشەکراو، یان سوورەکراو.

بەپێی زانیارییە وردەکانی ئەم نووسەرە کە پشتی بە چەندین سەرچاوەی جۆراوجۆر و گرنگ بەستووە، ئەم جۆرە قاپانە لە کاتی قوربانیکردندا بەکار دەهێنران و ئەم کەشەش بە ئاهەنگی پیرۆزی باران ناسراوە، ئەم خوێنەی وەک قوربانیی ڕژێنراوە، بۆ داواکردن لە خواوەندەکەیان بووە تا باران و کوشتوکاڵیان بۆ فەراهەم بکات: چونکە لای مایا ئەم دوانە پێکەوە گرێدراون، ئەگەر باران هەبێت، ئەوا بێگومان کوشتوکاڵیش دەبێت.

هەر لەم بەشەدا بۆمان دەردەکەوێت کە گڵێنەکاری لە سەردەمی کلاسیکدا ڕۆڵێکی گەورەی لە کۆمەڵگاکانی مایادا گێڕاوە، لە هەمان کاتیشدا خانەدانەکانی مایا گڵێنەیان تەنها بۆ مەبەستی دیاری بەکار نەهێناوە، بەڵکو لە سەردەمی کلاسیکدا لە جەژنەکانیشدا بەکار هێنراوە، هەندێک جاریش بۆ گۆڕستانی خانەدانەکان دروست کراوە: ئەوەی لێرەدا گرنگ بێت ئەوەیە کە ئەو هونەرمەندەی شارەزای مێژوو و ئەفسانەکانی مایا نەبووبێت، نەیتوانیوە ئەم جۆرە گڵینانە بەرهەم بهێنێت، چونکە ئەگەر تەماشایەکی کارە گڵینەکارییەکانیان بکرێت، هەست بەوە دەکرێت دیمەنی ئەفسانە و گیانداری سەروڕهێنەر و دیمەنی ژیانی ناو کۆشک لەسەر کارەکان کێشراون و ئەمەش لە توانای هەموو کەسێکدا نییە، هەر بۆیە دەبوو هونەرمەندی گڵینەکار ئەم کارە بەم شێوەیە بکات، چونکە خانەدان و فەرمانڕەواکان ئەم شێوە دیمەنانەیان بە باشترین شێوەی هونەری لەسەر کارەکان دەویست.

بێگومان ناتوانین لێرەدا کۆی لایەنەکانی ئەم کتێبە بەنرخە بخەینە ڕوو و لایەنە پڕ لە زانیاری و وردەکارییە هونەرییەکان شرۆڤە بکەین، بەڵام دڵنیام خوێنەری وریا هەر زوو درک بە جوان و بەها و پێگەی ئەم کتێبە دەکات و لە ساتی خوێندنەوەیدا وا هەست دەکات گەشت بە دنیایەکی دێرین و شارستانیەتێکی دەوڵەمەندی پڕ لە نیگار و گڵێنەکاری و پەیکەر و کەرەستەی هونەریدا دەکات.


ناردن: