ڕانانی: ئیدریس عەلی


ئەم کتێبە لە چوار چیرۆکی تا ئەندازەیەک درێژ پێکهاتووە و یەکێکە لە بەرهەمە ناوازە و تازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کە لەگەڵ باوەشێک کتێبی دیکەی بەنرخ و جۆراوجۆردا، لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب بڵاودەکرێتەوە.

چیرۆکەکانی نێو ئەم کتێبە، لە لایەن ئەدیب و نووسەری ناوداری عەرەب (محەمەد عەبدولخالق) نووسراوە و نوری کەریم، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، کتێبی (گەوجاندن) جگە لە دوو پێشەکیی کە تێیدا بە وردی باس لە تەکنیکی نووسین و شێوازی گێڕانەوە و زمانی گوزارشتی نووسەر کراوە، ئەم چیرۆکانەشی لەخۆگرتووە: (دادگاییکردنی مارێکی زمانزان، جنۆکە، گەوجاندن بەم هاوینە سەرمامانە زستانە زستان، پادشا.)

بە گشتی دەتوانین بڵێین هونەری چیرۆکنووسین یەکێکە لەو ژانرانەی کە تێیدا چیرۆکنووس دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ باس لە ئازارەکانی مرۆڤ و کێشەکانی کۆمەڵگە، ستەمکاریی دەسەڵات و دواکەوتوویی فەرهەنگی بکات، لە هونەری چیرۆنووسیندا، نووسەر هەموو کەرەستە و ماتریاڵە واقیعییەکانی نێو ژیان بە ئەندێشە و فەنتاسی دەکات، تەکنیک و زما و کارەکتەرسازی و خولقاندنی ڕووداو دەکەونە ژێر هەیمەنەی دەسەڵاتدرێتی نووسەر و لە ڕێگەی کاراکتەر و دیاکۆگ و مەنەلۆگ و ڕووداوەکانەوە، پەیامی خۆی دەگەیەنێت، بە تایبەت چیرۆکەکانی ئەم نووسەرە عەرەبە کە ڕەهەندێکی تەواو ڕەخنەییان پێوە دیارە و هەر کام لە کاراکتەرەکانی چیرۆکەکان کتومت لە کەسانی ئاسایی نێو ژیان دەچن، کێشە و ئاریشە گرفتەکان، باری سایکۆلۆجی و ئاستی هۆشیاری و پێگە چینایەتی و کۆمەڵایەتییان، هەمان ئەو وێنە بەرجەستەیە کە لە دنیای دەرەوەی چیرۆکەکان و لەنێو چاخانە و سەرجادە و پارکەکاندا دەبینرێن، زۆر هاوکات ئەم چیرۆکانە، لە جۆری ئەو داهێنانەن کە بۆ زمانی هەر وڵات و کۆمەڵگەیەکی نەریتیی و ستەمکاریی دەسەڵات و گەندەڵی ئیداریی وەربگێڕێت، خوێنەری ئەو زمانە دەقاودەق وا دەزانێت بۆ ئەو نووسراوە و باس لەو دەکات، نموونەی ئەم حاڵەتەش گەلێک زۆرە و ئێمە لەنێو کتێبگەلێکی بێشووماردا، وەک ئاوێنە ڕوخساری هیلاک و دڵی شکاو و تەنیایی و بێبەشی خۆمان بینیوە، بە جۆرێک لە جۆرەکانیش، ئەو ژیان و ئاریشە و ئازارەی ئەم چیرۆکانەیان خولقاندووە، بێئەنداز نزیکن لە دنیای ئێمەی کوردەوە، بە تایبەت لە ڕووی سیاسیی و فەرهەنگی و خۆشباوەڕی و خورافە و دژایەتیکردنی هزر و زانست و لۆژیک، هاوکات ئەوەی دەسەڵاتە ستەمکارەکان چییان گەرەک بێت، سوک و ئاسان جێبەجێی دەکەن بەسەر مرۆڤەکاندا.

ئەگەر لێرەدا نموونەی چیرۆکی (دادگاییکردی مارێکی زمانزان) وەربگرین و دنیای چیرۆکەکە بخەینەڕوو، بەو دەرئەنجامە دەگەین کە ئەو نووسەرە عەرەبە هەبێ و نەبێ شتێک لە دنیای ئێمەیش تێگەیشتووە و بە جۆرێک لە جۆرەکان گوێی لە هاوار و زریکە و ئازارمان بووە.

لە چیرۆکی (دادگاییکردنی مارێکی زمانزان)دا، کە کاراکتەر و ڕووداوەکانی هەڵگری دوو جۆر ڕۆحن، ڕۆحێکی کۆمیدی و ڕۆحێکی غەمگین، ژیان و کێشەکانی ژیانی وڵاتی میسری تێکەڵ کردووە لەگەڵ فیلمێکی هیندیدا، ئەوەی لە فیلمەکەدا دەگوزەرێت ڕاستییەکە و ئەوەی لە ژیانی ڕاستەقینەشدا ڕوودەدات هاوشێوەی فیلمە هیندییەکانە، دەستپێکی چیرۆکەکە کەسێک باس لە دۆخێکی تایبەت و دیاریکراوی خۆی دەکات کە لەسەر ڕاسپاردەی هاوڕێیەکی دەچێت بۆ سینەما و بۆ بینینی فیلمێکی هیندی، ئەوەی لەسەر پەردەی سینەماکە دەبینرێت ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر بینەرانی نێو هۆڵەکە و لەسەر بڕگە بە بڕگەی دیمەنەکان گفتوگۆ دەکەن و ڕای پێچەوانە، تا ئاستی توندوتیژی و ڕقلێبوونەوە دەردەبڕن بەرامبەر بە یەک، چونکە ئەوەی لە فیلمەکەدا بەرچاوی بینەران دەکەوێت، حاڵەتێکی دەگمەنە و ئەوانەشی بینەری فیلمەکەن کەسانێکی سادەن و لە ڕووی ڕۆشنبیری و هۆشیارییەوە ئاستێکی نزمیان هەیە، هەر بۆیە هەموویان دکەونە ژێر کاریگەریی ئەو چیرۆکەی لە شاشەکەوە نمایش دەکرێت.

فیلمەکە باس لە ستەمکاریی دەسەڵات و خۆشباوەڕی  وگێلێتی کۆمەڵگە دەکات، چیرۆکی غەمگینی گەنجێکی بلوێرژەن دەگێڕێتەوە کە باوکی لە خۆپیشاندانێکی کرێکاراندا دژ بە سیسەتەمی سەرمایەداریی کوژراوە، ئیدی لە دوای کوژرانی باوکییەوە، ئاوازێکی حەماسی و پڕ جۆش و خرۆش لە بلوێرەکەیەوە دێت کە خەڵک هان دەدات بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین دژی ستەمکاری، سەرەتای فیلمەک دیمەنی گەنجەکەیە بلوێر لێ دەدات، مارێک لە سندووقێکەوە دێتەدەرێ و دیوار و حەساری ماڵی شا دەبڕێت و شا دەگەزێت، ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی وروژانی هەموو کۆمەڵگە و ڕاگەیاندنەکان، دادگایەک پێکدەهێنن بۆ دادگاییکردنی گەنجە بلوێر حەماسییەکە و دەیانەوێت بۆ هەموانی بسەلمێنن کە گەنجەکە مارەکەی هانداوە شا بگەزێت، دادگایەکی گاڵتەجاڕ و پڕ لە گەمژە و هەلپەرست لەنێو سیناریۆیەکی پڕ لە خورافە و دوور لە لۆژیک و هزر، سیناریۆکە دەگات بە ئاستێک گوایە مارەکە کەوتووەتە قسە و دانی بەوەدا ناوە کە بلوێری گەنجەکە ئەمی هانداوە تا بچێت شا بگەزێت، گفتوگۆی جۆراوجۆر لە پرۆسەی دادگایکردنەکەدا دەکرێت و ڕای جیاواز و دژبەر دروست دەبێت، ناچار پرۆفیسۆرێکی ئەوروپی دەهێنن تا نێوەندگیریی بۆچوونە جیاوازەکانی دادگا بکات، پرۆفیسۆرەکە بە شێوەیەکی زانستی بۆیان دەسەلمێنێت کە مار گوێی نابیستێت تا گوێی لە بلوێر بێت، بەڵام دواجار سەرانی دادگا وەک پارێزەری سیستەمی گەندەڵ و ناعەدالەتی، پرۆفیسۆرەکەش تاوانبار دەکەن و لەگەڵ مارەکە و گەنجەکەدا دەیانخەنە زیندانەوە، لێرەدا کافکاییانە گاڵتە بە عەقڵی دادگای کۆنترۆڵکراو دەکرێت لە لایەن دەسەڵاتەوە، تەنانەت مشتومڕی نێو فیلمەکەش دەگوازرێتەوە بۆ نێو هۆڵەکە و سەبارەت بە ڕەوتی دادگاییکردنەکە، بۆچوونی جۆراوجۆر دەردەبڕن، لەو مشتومڕانەدا تێدەگەین کە کۆمەڵگە هێشتا بڕوای بە بنەما خورافییە و کۆنەکان هەیە نەک زانست و لۆژیک، تێدەگەین کە دەسەڵاتەکان چەند بگۆڕێن، هەموویان لە ناوەڕۆکدا یەک پەیام و شێوەیان هەیە، کۆمەڵگەش وەک وێرانەیەکی مێژووی پڕ بووە لە لاشەی خورافە و دواکەوتووی، دواجار ئەم چیرۆکە فێرمان دەکات کە لە کۆمەڵگە نریتی و دواکەوتووەکاندا، زانست و لۆژیک و هزر جێی نابێتەوە.

لە چیرۆکی (گەوجاندن بەم هاوینە سەرمامانە، زستانە زستان) بە هەمان شێوە وێنەی کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو و دەسەڵاتێکی ستەمکار کێشراوە، لە هاوینێکی گەرمی تاقەتپروکێندا سەرۆک بڕیار دەدات لە سبەینێوە زستان دەست پێ دەکات، واتە سەرۆک خاوەن دەسەڵاتێکی خوداییانەی ڕەهایە و توانای دەستکاریکردنی هەموو شتێکی هەیە، خەڵکە خۆشباوەڕەکەش ڕۆژی دواتر بە ئومێدی سەرمای زستان جلک و پاڵتۆی ئەستوور لەبەر دەکەن، ئەم گەمەیەش دواجار تێدەگەین کە بۆ ساغکردنەوەی هەندێک کەلوپەلی بێکەڵکە و فرۆشتنیانە بە خەڵک، واتە لە وەرزی هاویندا ناچار دەکرێت جلکی زستانە بپۆشن، ئەوەشی سەرپێچی بکات شەللاقکاری دەکرێت و کەس بۆی نییە لەژێر پاڵتۆ ئەستوورەکانەوە بڵێ گەرمامە.

هەر وەک (عەبدولڕەحما یووسف) باس لە دنیای ئەم نووسەرە ڕادیکاڵە دەکات و پێی وایە نووسەر دەزانێت و چاکیش دەزانێت لە چ سەردەمێکدا دەژی و بارودۆخی ئەو سەردەمەمش شارەزایە کە تێیدا دەژی، دەزانێت حکومەت و سیستەمەکانی دەسەڵای چۆن کار لە ژیانی هاوڵاتییان دەکەن و دەستگاکانی ئاسایش چۆن دەست لە ڕەوتی ڕووداوەکان وەرد دەدەن و دەبنە لایەنێکی سەرەکیی زۆرینەی ئەو ڕووداوە تەموومژاویانەی تاکەکانی گەل تێیناگەن.

لێرەدا ناکرێت لایەنی وەرگێڕ فەرامۆش بکەین، ئەگەر بەشێکی جوانیی ئەم چیرۆکانە پەیوەندیی بە ڕووداو و لایەنیی هونەری و تەکنیک و شێوازی گێڕانەوەی نووسەرەکەوە هەبێت، ئەوا لە لایەکیدیکەوە پەیوەندیی بە زمانزانی و زاڵبوونی نووسەرە بەسەر ڕووداو و گرێی و ئیدیۆم و دیالۆگە چڕوپڕەکانی نێو چیرۆکەکاندا، جوانیی ئەم وەرگێرانە گەیشتووە بە شوێنێک کە ئەستەمە خوێنەر بڕوا نەکات هەر لە بنەڕەتدا خودی چیرۆکەکان بە زمانی کوردی نووسراون.

بە هیوام خوێنەری کورد خۆی لە چێژ و جوانیی خێندەوەی ئەم کتێبە بێبەش نەکات، بێگومان ئەمە کۆمەڵە چیرۆکە ئەزموونێکی جوانە و باس لە ژیانی بەشێکی زۆرمان دەکات.


ناردن: