ڕانانی: ئیدریس عەلی


ڕۆمانی (کۆشکە سوورەکە) یەکێکی ترە لە کتێبە ناوازە و تازە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، نووسەری ئەم ڕۆمانە (هیوا قادر) بۆ خۆی ئەزموونێکە لە کۆمەڵێک بواری جیاجیای ئەدەبیدا، مێژووی هەوڵێکە بۆ دروستکردنی زمانێکی دیکەی گوزارشتکردن و دۆزینەوەی پانتایی دیکە و خولقاندنی کەشگەلێکی ئەوتۆی نێو بواری داهێنان، کە سنووربەندیی خۆی توندوتۆڵ و قاییمتر بکات تا دەنگ و ڕەنگ و شێواز و زمانەکانی دی نەیەنە نێو حەوشە و بانی داهێنانیەوە.

ئەوەی وا دەکات لە هەر ئەزموونێکی نوێی ئەم نووسەردا هەست بە جیاوازی و گەشەیەکی تر و جوانییەکی نوێتر بکەین، هەوڵەکانی ئەوە بۆ خۆ دووبارەنەکردنەوە و جوینەوەی شتەکانی نەک کەسانی تر، بەڵکو هی خۆیشی، یەکێک لە خاڵە بنەڕەتی و پێوەرە بنچینەییەکانی هەر داهێنانێکی ئەدەبی، بریتییە لە گۆڕینی شێواز و تەکنیک و بەکاربردبی زمان بە جۆرێکی جیاوازتر، هاوکات شووناسی هەر تێکستێکی ئەدبی جوان و نوێ، ڕەنگە بەوەدا بناسرێتەوە کە جگە لە چێژ و جوانی گەشتی خوێندنەوەکە، خوێنەر بەر کۆمەڵێک زانیاری نوێ و بەسوود بکەوێت لە چوارچێوەیەکی هونەریی باڵادا.

خۆشبەختانە ئەزموونی نووسینی ڕۆمان لای (هیوا قادر) ئەزموونێکە ڕیشەکەی بە هۆشیاریی و ئاگایی و ئاستێکی بەرز لە ڕۆشنبیری و شارەزایی گشتیدا داچەقیوە، ئەمە ئەو خاڵەیە ئەزموونی نووسەر دەوڵەمەندتر و نووسینەکانی تێروپڕتر دەکات، هاوکات وا دەکات هەمیشە چاوی خوێنەرێکی زیت و وریا بەسەر خۆی و نووسینەکانیەوە ببینێت و پێش هەر کەسێک و بەرکەوتنێک، خۆی بەوە ڕازی نەبێت خوێنەر بە کەم لێی ڕازی بن.

شانسی ئەوەم هەبوو کاک هیوا پێش چاپکردن، ڕەشنووسی ڕۆمانی (کۆشکە سوورەکە)م بداتێ لەگەڵ چەند هاوڕێیەک کە خۆی متمانەی بە زەوق و ئاستی تێگەیشتنیان هەیە، تا بیخوێنمەوە و سەرنجی خۆمیان لەبارەوە بڵێم، ئەڵبەت ئەمە متمانەیەکی گەورەیە و سوپاسگوزارم کە بە منی کردووە، دواتر کە چاپ کرا دەرفەتی ئەوەم بۆ ڕەخسا وەک کتێب بە شێوەیەکی وردتر بیخوێنمەوە و جگە لەوەی چێژێکی زیاترم لێ بینی، دووبارە بەر ئەو دنیا هەندێک جار واقیعی و هەندێک جاریش فەنتازییە کەوتمەوە کە بینای ڕۆمانەکەی لەسەر بونیاد ناوە.

ئەم ڕۆمانە لە زۆر ڕووەوە ڕۆمانێکە تەواو کوردی، زمان و تەکنیک و خەیاڵ و تێما و ڕوودا و ئەبعادە دەرەکی و ناوەکییەکانی کاراکتەرەکان، هەڵگری شوناسی کوردین، شوناسێک کە لۆگۆی غەمگینی و توڕەیی و جەنگ و دڵشکان و تاوان و ونبوونی بەسەرەوەیە و کوردەکان لە هەر کوێی ئەم دونیایەدا بن، بە هۆی ئەو شووناسەوە کە لە بۆن و ڕوخساریاندا دیارە، دەناسرێنەوە، دەنا ئەوە چ قەدەرێکە کە کاراکتەرێکی وەک (یارخان) پاش ئەوەی لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا لە قۆناغی زانکۆدا هەڵدێن و لەم سەرزەمینە فراوانەدا، لە وڵاتێکی وەک لوبنان دەگیرسێنەوە کە بە ئاگری جەنگی ناوخۆ هەم وڵاتەکە و هەم خۆشەویستەکەی دەسووتێت، مورادخان لە یانەیەکی شەوانەدا بە بۆنی سێودا بیناسێتەوە و سەرگوزشتە و چیرۆکە غەمگینەکەی ئەوینە سووتاوەکەی و ژیانە ناهەموارەکەی بۆ بگێڕێتەوە؟ یارخان ناوێکە کاتێ لێی دەنرێت کە موراد بە زەبری تەڕزمانی و سەرمایە زۆرەکەیەوە دەیگەڕێنێتەوە بۆ کوردستان و دەیکات بە خانمی یەکەمی کۆشک، یاخود سارا خاتوون، دیسان ئەو کیژە هونەرمەندە ڕەچەڵەک کوردەی کە کاریگەریی کولتوور و ژینگە و پەیوەندییە ئەوروپی و مۆدێرنەکان، لە قەدەرێکی دیکەدا لە یەکێک لە ئوتێلەکانی بەریتانیادا دەبێت بە نێچیری خەونە ڕاوچی ئاساکانی موراد خان و دواجار لە کۆشکە سوورەکەدا چارەنووسێکی غەمگین چاوەڕێی دەکات… ئەمانە کۆمەڵێک قەدەرن کتومت گوزارشت لە دنیای کوردی و کاراکتەری کوردیی ناو ڕۆمانەکە دەکەن.

بە گشتی لە ڕۆمانی (کۆشکە سوورەکە)دا گرنگییەکی زۆر بە وەسف دراوە، وەسفی شوێن و کاراکتەرەکان بەشێکی سەرەکیی سەرکەوتنی ئەم کارەیەتی کە لەچاو ڕۆمانەکانی پێشووتریدا پتر لەسەر ڕەوتی وەسف، نەک دیالۆگ و مەنەلۆگ ڕۆیشتووە، بەڵام وەسفەکانیش بەپێی کات و شوێن و گرنگیی ڕووداوەکان دانراون و هیچ زیادەڕۆییەکی تێدا نەکراوە، وەک چۆن لە ئەدەبی کلاسیکیدا دەکرێت.

 دەکرێت بڵێین ئەم ڕۆمانە هەوڵێکی جدی و جوانە کە بە شێوەیەکی هونەریانە دەیەوێت پەردە لەسەرحیکایەتە نەبیستراوەکانی دیوێکی دیکەی دونیای کوردی هەڵبداتەوە، دیوێکی تاوانکارانەی سیاسەتچیی و حزبپەرست و تازە دەوڵمەند و خاوەن دۆنم گرد و بارەگا و هێز و دەسەڵاتە ستمەکارەکان، نووسەر لەم ڕۆمانەدا، وەک ڕێوانێکی شارەزا بە فانۆسی ئەندێشە و چرای زمانەوە، پەلی خوێنەر دەگرێت ئەو بەشە تاریکەی ژیانیان پیشان دەدات کە ڕەنگە مرۆڤە ئاساییەکان بە خەون و خەیاڵیش درکیان پێ نەکردبێت، دنیای ناو کۆشکە سوورەکە، دنیایەکە تەواو جیاواز، دنیایەکە سەرمایەیەکی زەبەلاح و عەقڵیەتێکی پاوانخوازانەی سیاسی و دەسەڵەتگەرا بونیادی ناوە، دنیایەکە پڕ لە باخچە و ڤێلا و پەیکەر و تابلۆی هونەرمەندە جیهانییەکان، موردا خان پاش ئەوەی لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی حزبەکاندا لە شاخ نائومێد دەبێت و لە نامەیەک لە پەنا تفەنگەکەیدا جێ دەهێڵێت، پاش ئەوەی بە نرخی ڕۆژ نان دەخوات و هەتاوی چ ئایدۆلۆژیا و حزبێک بە ئاسمانەوە بێت ئەم ڕووی بەرژەوندیی گۆڵەبەڕۆژەی خۆی دەکاتە ئەو شوێنە، کوردستان بە جۆگەلە خوێنەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە جێ دەهێڵیت  وڕوو دەکاتە ئەوروپا، لەوێ لە زانکۆ بەشی بزنس دەخوێنێت و پاش ڕاپەڕین بە هۆی ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی خێرخوازییەوە دەگەڕێتەوە کوردستان و ناوبانگ پەیدا دەکات، ئەمە دەبێتە جێی سەرنجی حزبی دەسەڵات و دەیکەن بە سەرۆکی شارەوانی، ئیدی لەوێوە نازناوی مورادخان وەردەگرێت و دەبێت بە شەریکە بەشی زۆربەی ئەو بازرگانە سیاسیانەی دۆنم و گرد و بازارەکانی نیشتمان دەکەن بە ناوی خۆیانەوە، دروستکردنی کۆشکە سوورەکە خەونی ئەوکاتەیەتی و لە ڕێی کۆمەڵێک ئەندازیاری بیانییەوە دەست بە جێبەجێکردنی خەونەکەی دەکات.

سەروەختی گێڕانەوەی ڕووداوەکانی نێو ئەم ڕۆمانە، ساتەوەختێکە کە ئیدی تووڕەیی خەڵک وەک گڕکان تەقیوەتەوە و موردا خان و دەستە و تاقمەکەی کراون بە داردا، شار بۆنی خوێن و دووکەڵی لێ دێت، یارخان لە ئوتێلێکی کۆندا ئاکنجی دەبێت و لەوێ بۆنی خۆڵ لە گیانی هەڵدەستێت، بە هۆی نامەیەکەوە کە لە لایەن خوشکەزای مورادخانەوە دەگات بە دەستی بە تاکسییەکی کۆن دەگەڕێتەوە بۆ کۆشک، ئیدی لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ نێو کۆشکە چۆڵەکە، ڕەوتی گێرانەوە و ڕووداوەکان خێراتر دەبن و هەندێک ڕووخسار و کاراکتەر و بەسەرهاتی کۆن و نوێ دێنە ناو ڕۆمانەکەوە، لەو بەشە بەدواوە خوێنەر بە جۆرێک ئاوێتەی ڕووداوەکان دەبێت و بە ئاستێک هۆگری کاراکتەرەکان دەبێت، ئەستەمە بتواێت دەستبەرداری خوێندنەوەی بێت.

هیواقادر، لە ڕۆمانی (کۆشکە سوورەکە)دا، زۆر هونەریانە کاراکتەرسازی کردووە، دیمەنی کتوپڕ و سەرنجراکێشی ئەوتۆی تەوزیف کردووە کە بۆ خوێنەر بە هیچ شێوەیەک چاوەڕوانکراو نییە، لە ڕووی پانتایی شوێنەوە، ڕۆمانێکی فراوان و فرە شوێنە، لێ هەموو شوێنەکان گرنگیی ڕووداو و گێڕانەوە دروستی کردوون، کارەکتەرگەلێکی بێشوومار لەنێودیمەنەکانی ئەم ڕۆمانەدا دەبینرێن و دەنگیان دەبیسترێت، لێ هیچیان زیادە نین و هەر هەموویان لە خزمەتی چوارچێوە و هێڵە جیاوازەکانی ڕۆمانەکە و گێرانەوە و حیکایەتە سەیرەکانی ڕۆمانەکەدان، زۆربەی هەرە زۆری ئەو کاراکتەرانە لە هەر کوێی دونیادا بن و حیکایەتی ڕابەدوویان هەرچی بووبێت، دواجار هێنراونەتە نێو کۆشکە غەریبەکەوە و بوون بە بەشێک لەو دنیا فەنتازیایەی نێو کۆشکەکە، بەڵام ئەدی دنیای نێو کۆشکەکە چییە؟ دنیای گۆڕینی ناوی مرۆڤە بۆ ژمارە، دنیای سێکس و پلانە ژەهراوەیەکانە، دنیای ئەو خێزانە بێ ئەسڵ و فەسڵانەیە کە تازە کەوتوون بەسەر ژیانی خۆشبەختیدا و پارە و سێکس بووەتە دواین پەیامیی سیاسی و ئەخلاقی و ئینسانییان، کەسانێک دەبنە میوانی ئەو کۆشکە کە هەرگیز لە سێکس و پارە و دەسەڵاتخوازی تێر نابن.

ڕۆمانێکی بەچێژ و جوانە، باس لە دنیای دوێنێ و ئەمڕۆ و داهاتووی کۆمەڵگە دەکات، تاوانی حزب و دەسەڵاتی ستەمکاریمان بۆ دەگێڕێتەوە، ئەو ئەزموونە فاشیلەی حکومڕانیی کوردمان بیر دەخاتەوە کە دوژمنکارانە بەرامبەر بە ژیانی خەڵک وەستاونەتەوە، ئەم ڕووداوانە واقیعی دێنە بەرچاو، وەلێ بە ئاستێکی هونەری و فەنتازی ئەوتۆ وێنا کراون، کە دواجار خوێنەر هەست دەکات ڕۆمانێکی تێر و داهێنەرانەی خوێندۆتەوە.


ناردن: