بەندایەتی خۆکرد

ڕانانی: ڕەوا هەژار

ساڵێکە ناوی ئەم کتێبە و نوسەرەکەیم بیستوە*، خوێندمەوە و تێگەیشتم چ خەسارێکم کردووە زوتر ئەم کارە گرنگەم نەخوێندۆتەوە، گرنگ ئەوەیە خەسارە گەورەکەم نەکرد کە نەخوێندنەوەی یەکجارەکی کتێبەکەیە.

کتێبەکە پێنجسەد ساڵ لەمەوبەر لەلایەن گەنجێکی فامەیانی هەژدە ساڵەوە نوسراوە. نوسەرەکە ناوی (ئێ تیەنێ دی لێ بۆێتی) یە (١٥٣٠-١٥٦٣)، هاوڕێیەکی نزیکی نوسەری ناوداری فەرەنسی (مۆنتەین) بووە، پاش ئەوەی (لێ بۆێتی) لە سی و دو ساڵی تەمەنیدا مردنێکی ناوەخت و لەناکاو دەمرێت، دەستنوسەکە دەکەوێتە لای (مۆنتەین) و دواتر مۆنتەین بڵاویدەکاتەوە.

کتێبەکە هەشتا لاپەڕەی قەبارە بچووکە.

سەردەمی نوسەر لە دژوارترین کاتەکانی مێژووی ئەوروپا بووە. لەو سەروەختەدا پرۆتستانیزم تازە لە دروست بوون و شکڵگرتندایە و کاسۆلیکەکان لەوپەڕی توندڕەویدا خۆیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەیان ئامادە دەکەن. لەو کاتەدا (لێ بۆێتی) لاو خوێندکاری یاسا دەبێت. لەو ڕۆژگارەدا خوێندنی یاسا وەکو گەڕان بەدوای ڕاستیدا سەیر کراوە. دوو دەیە پێشتر (کاڵڤین) بنەماکانی چاکسازی پرۆتستانتی نووسیوەتەوە، دواتر نوسیەکانی کاڵڤین دەبێتە هەوێنی جوڵانەوەی کاڵڤینیزم.  کالڤینیزمو هیۆگۆنۆتەکان ویستیان لە سەدەی شانزەدا چاکسازی لە بیری کاسۆلیزمدا بکەم، ئەوان بڕوایان بۆ پرسەکانی پەرستن و تەشریع جوودا بوو.

هەرچەندە کتێبەکە لەو سەردەمەدا نوسراوە بەڵام گرنگیەکەی لەوەدایە کە تێزەکەی توانیویەتی بیرکردنەوە باوەکانی سەردەمەکەی تێپەڕێنێت و زۆر هەوێنی و یونیڤێرساڵ لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی نێوان چەمکەکانی کۆیلە و دەسەڵاتدا بکات. ئەمەش وایکردوە لە دوای پێنجسەدساڵ شایانی خوێندنەوە و هەڵەوەستە لەسەر کردن بێت. نوسەر دەیەوێت لێکۆڵینەوە لە سروشتی ستەمکار بکات و هۆکارەکانی کۆیلەبوونی کۆمەڵانی خەڵک ئاشکرا بکات. لە زۆر شوێندا شێوازی بیرکردنەوەی نوسەر ڕێنیسانسیانە و نوسینەکەشی لەوان دەچێت، بە تایبەتی (نیکۆلۆ مایکیۆڤیلی) بەڵام جیاوازی ڕاستەقینەی لێ بوێتی و مایکیۆڤیلی دوو شتە. یەکەم: میکیاڤیلی واقیعیە، لێ بوێتی ئایدیالیستە. دووەم: مایکیۆڤلی لەخزمەتی دەسەڵاتدا دەنووسێت لێ بوێتی لە پێناوی گەلدا. ئەگەر کتێبی (میر)ی مایکۆڤلی ڕەچەتە و ڕێکارێک بێت بۆ مسۆگەرکردن و بەرژەوەندی پێگەی دەسەڵاتداران ئەوا کتێبی (بەندایەتی خۆکرد)ی لێ بۆتێی ڕەچەتەیەکە لە بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵک نوسراوە، گوتارێکە لە پێناو چاکەی گشتیدا.

تێزەکە لەدەوری یەک ئاکسیۆم دەخولێتەوە کە دەڵێت: هەموو ستەمکارێک دەبێت لەلایەن خەڵکەوە کۆمەک بکرێت تا بتوانێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. ئەگەر گەل گوێڕایەڵ نەبێت دەسەڵات ناتوانێت بمێنێتەوە. هۆکاری مانەوەی هەر دەسەڵاتێک ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە گوێڕایەڵی گەلەوە هەیە بۆ ئەو دەسەڵاتە. لێرەدا یەکێک لە قسە بەناوبانگەکانی (دەیڤد هیوم)م بیرکەوتەوە کە دەڵێت: “هیچ شتێک بۆ فەیلەسووفەکان مایەی پرسیار نییە هێندەی ئەوەی کە بۆچی دەبێت زۆرینەیەک لەلایەن کەمینەیەکەوە حکوم بکرێن لەکاتێکدا دەسەڵاتی ڕاستەقینە لای کۆمەڵە.”

لێ بوێتی دەپرسێت، داخۆ بۆچی خەڵک بەدەستی خۆیان ستەمکار دەکەنە حاکم؟ ئایا هۆکارەکە ترسە؟ بە دیوێکدا ڕەنگە ترس بێت، بەدوێکی تردا ناشێت هەمووی ترس بێت چوونکە هیچ کاتێک کۆمەڵگە هەمووی پێکەوە ناترسێت. چەند نمونەیەک دەدات کە گرنگترینیان هەبوونی بەردەوامی دەنگی ناڕازییە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا. هیچ کۆمەڵگەیەک نییە کە دەنگی ناڕازی تێدا نەبێت، کەواتە هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانرێت بە تەواوی دەستەمۆ بکرێت. لێرەوە بەرپرسیاریەتی گەورە دەخاتە ئەستۆی کۆمەڵانی خەڵک و دەڵێت ئەرکی هەر مرۆڤێک ئەوەیە چاودێری مافەکانی خۆی بێت. پاشان دەڵێت مرۆڤ ناتوانێت بە بێ هۆشیاری داوای ماف بکات، وە ناتوانێت هۆشیار بێت ئەگەر گوێ لە عەقڵ نەگرێت، بەڵام هۆکاری ئەوەی کە گوێ لە عەقڵ ناگرن چیە؟ سێ شتە: نەریت، پەروەردە، ستەمکار.

نەریت یەکەم هۆکاری کۆیلە بوونی هەر کۆمەڵەیەکە، بەتایبەتی نەریتێک کە بە کۆیلەییەوە خوی گرتبێت. بە دیوێکدا نەریت خڵتەی سەردەمەکانی پێشووە، خڵتەیەک کە ڕێگەی بیرکردنەوەی ئازاد دەگرێت و نۆرمی بیرنەکردنەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بە دیوێکی تردا نەریت دەستبەردابوونی ژیانە لە ئێستادا، نەبینینی ڕەنگەکانە لە سەردەمەکەی خۆتدا. هیوم دەڵێت: “ئەگەر ڕێگەی لێ نەگیرێت نەریت دەتوانێت جێگەی هەموو جوڵە عەقڵانیەکان بگرێتەوە”. کاتێک کۆیلایەتی دەبێتە نەریت ئیدی مرۆڤ مانای ئازادی لەبیر دەکات. دەرفەتی بیرکردنەوەی ئازاد و عەقڵانیەت نامێنێت، لە بیرکردنی مانای ئازادی هۆکاری دروستبوونی نەریتی کۆیلایەتییە. (بێرترەند ڕەسڵ) چوارسەد ساڵ دواتر دەڵێت ” کەسێک کە جۆرێک لە ئازادی بەدەست هێناوە لە شتێک ڕزگاری بووە؛ داخۆ بیرکەرەوەی-ئازاد لە چی ڕزگاری بووە؟ هەتا شایانی ناوەکەی بێت، دەبێت لە دووشت ڕزگار بێت: زەبرەکانی نەریت و ناعەقڵانیەکانی خۆی. هیچ کەسێک بە تەواوی ڕزگاری لەم دووانە نابێت، بەڵام تا ئەو جێگەیەی ئازادی کەسەکەی پێ دەناسرێتەوە دەکرێت ناوی بنێین بیرکەرەوەی-ئازاد.” لێرەوە تێدەگەین لێ بوێتی چەند لە پێش سەردەمەکەی خۆیدا ژیاوە یان باشتر بڵێم چەندە بیرکەرەوەیەکی-ئازادی سەردەمەکەی خۆی بووە. تێدەگەیت ئەم کتێبە بچکۆلەیە چ کاریگەریەکی گەورەی لەسەر داڕشرتنی مێژووی فەلسەفەی سیاسەت داناوە. لە یەک کاتدا سێبەری کاریگەریەکەی بەسەر جێفرسن، غاندی، هانا ئارنێت، گرامشی و سپوونەرە و چەندانی ترەوە دەبینیت.

 یەکێک لە ڕەهەندە گرنگەکانی چەمکی نەریت لای لێ بوێتی ئەوەیە کە دەڵێت: دەسەڵاتی ستەمکار هەمیشە کۆمەڵێک بازنەی وەکو پارێز-بەند بە دەورەوەیە، ئەم پارێزبەندیە نەخەڵەتێندراوە بەڵکو بەشێکی ڕاستەقینەی سیستەمی هەڵخەڵەتاندنەکەیە. بەمە دەڵێت فەسادی کۆمەڵایەتی کە دواجار دەبێتە بزوێنەری نەریتی کۆیلایەتیەکە. کاری لە پێشینەی دەسەڵاتی ستەمکار تۆخ کردنەوەی نەریتە، بەرهەمهێنانی فەسادی کۆمەڵایەتیە، نەهێشتنی هەموو ئەو دەنگانەیە کە لە ئێستا دەدوێن و بە بت کردنی ڕابردووە. لێرەوە و لە ڕێگەی ئەم پارێزبەندەوە کۆیلایەتی و نەریتی گەمژاندن دەتوانرێت لە ڕێگەی سەرگەرمیەکی جاهیلانەوە لە ناو خەڵکدا بڵاوەی پێ بکرێت. سەرگەرمەییەک کە کۆمەڵێک ئامێری پروپاگەندەی لە پشتەوەیە، دەکرێت ئامێرەکان گۆڕانیان بەسەردا بێت بۆ نموونە لە خێڵەوە بۆ حیزب لە پیاوانی دینەوە بۆ سیاسیەکان لە دیوانی پادشاوە بۆ ناوەندەکانی دەسەڵات بەڵام ئەوەی ناگۆڕیت ئامانجی ستەمکارە کە دروست کردنی نەریتی گەمژاندنە. هیچ کاتێک دیکتاتۆر کە دێت تەنها نییە، بەڵکو لەشکرێک گوێگری ئازادی لەگەڵدایە کە بە ئازادی خۆیان و لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا پشتگیری دیکتاتۆرەکە دەکەن.

دەسەڵاتی ستەمکار بە تایبەت کار بۆ گەوجاندن و لاواز کردنی پەروەردەی کۆمەڵگە دەکات.  پەرورەردە جێگەیەکە ستەمکار نایەوێت گەشە بکات چوونکە دەزانێت چاوکرانەوەی بەدوادا دێت و دەبێتە مەترسی بەسەر هێزە نەریتیەکانەوە. کاری لە پێشینەی هەر دەسەڵاتێکی ستەمکار بەرتەسکردنەوەی پرسیارکردن و ڕامانەکانی کۆمەڵانی خەڵکە. ئەگەر پەروەرەد نەما پرسیار نامێنێت، ئەگەر پرسیار نەما نەریت دروست دەبێت و مرۆڤەکان بە وەڵامە کۆنەکان قایل دەبن و بە دوای دۆزینەوەی وەڵامی کێشەی تازەدا ناگەڕێن. پەروەردە پێچەوانەی گەمژاندنە، هەتا پەروردە زیاتر بێت خەرجی کەمپینی گەمژاندنەکە زیاتر دەبێت، بۆیە هەموو کارێکی پەروەردەیی ڕاستەوخۆ زیانە لە دەسەڵاتی ستەمکار و بە مەترسی دەبینرێت.

هەرچی ستەمکاریەکەیە پێویستی بە دروستکردنی کۆمەڵێک ڕەمز و هێمایە تا برەو بە ستەمکاریەکە بدات. ئەمانە دەکرێت بنەماڵە، حیزب، ئایدۆلۆژیا یان یان هەر ڕەمز و هێمایەک بن کە دەبنە مایەی دروستکردنی نەریت و لاوازکردنی پەروەردە. بەڵام گرنگترین کاری ستەمکار ڕێگریە لە ئازادی، بیرکردنەوە، عەقڵانیەت. لێرەدا لێ بوێتی تێزەکەی دەگەیەنێتە ترۆپک و دەڵێت ئازادی ڕاستەقینە هەمیشە لای کۆمەڵە. کۆمەڵگە دەبێت بزانێت کە ئەو هەمیشە ئازادە، بە هەڵبژاردنی خۆی بڕیاریداوە ئازادیەکانی بداتە دەسەڵات. ستەمکار توانای بینینی نابێت ئەگەر خەڵک چاوی نەداتێ، ناتوانێت بە ڕێدا بڕوات ئەگەر قاچی خەڵک نەبێت، ناتوانێت دەست بوەشینێت ئەگەر خەڵک دەستی نەداتێ. ” بڕیار بدە کە چیدی بەندایەتی دەسەڵات نەکەیت یەکسەر ئازاد دەبیت. داوا ناکەم پەلاماری بدەیت، تەنها پشتگیری مەکە ئیدی دەبینیت دەسەڵاتەکە چۆن بەسەریەکدا دەکەوێت”.

 هیچ کۆمەڵگەیەک نییە کە ئازادی بیر بچێتەوە، دەسەڵاتی ستەمکار دەسەڵاتێکی ناسروشتی و ناجێگیرە چوونکە ئەم ڕاستیە لەبەر چاو ناگرێت. کاتێک ئازادی دەکەوێتە پاشکەشە هەمیشە کەسانێک هەن کە ماناکەی زیندو دەکەنەوە و پێناسەی نوێی بۆ دادەڕێژن. هێزی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە سەرچاوە خۆڕسکەکانی ماناکردنی ئازادییە کە عەقڵانیەتی مرۆڤ خۆیەتی. کەواتە خزمەتکردنی چەمکی ئازادی لە ڕێی کار و چالاکی هەمەجۆرەوە گرنگترین کارە کە کۆمەڵگە بیکات، هەر کۆمەڵگەیەک بەدوای ئازادیەکانی خۆیدا نەچێت دەبێتە بەندەی دەسەڵاتی ستەمکار بەڵام ئەم بەندایەتیە بەندایەتیەکی خۆکردە نەک هاوردەی دەسەڵاتی ستەمکار.

بیرۆکەکانی ناو ئەم کتێبە تەواو ئینسانین. لە پێناوی خزمەتی مرۆڤدا نوسراون. دەیەوێت بڵێت ئەرکی مرۆڤ ئەوەیە کە هۆشیار بێت.

*سوپاس بۆ مامۆستا سۆرانی ئازیز کە نوسەرەکەی پێ ناساندم

ناردن: