فه‌ره‌نسا یادی “شازاده بچكۆله‌كه” ده‌كاته‌وه
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
فه‌ره‌نسا ساڵی پار، یادی تێپه‌ڕبوونی 120 ساڵه‌ی له‌دایكبوونی ئه‌دیبه فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی “ئه‌نتوان دو سانت ئیكسوپیرى” كرده‌وه. له‌م ساڵیش‌دا، یادی تێپه‌ربوونی 75 ساڵه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ی “شازاده بچكۆله‌كه” ده‌كاته‌وه، ئه‌م ڕۆمانه‌ی وایكرد خوێنه‌ر، كتێبه‌كانی دیكه‌ی ئیسكوپیری له‌بیربكه‌ن و پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه، به‌هۆی ناوبانگ و زرنگی و هه‌ستی منداڵانه زیندووه‌كه‌یه‌وه، بووه یه‌كێك له سه‌رتۆپكی پاڵه‌وانه‌كانی نێو ڕۆمانه‌كان. ئه‌نتوان دو سانت ئیكسوپیرى، بۆ ڕۆمانه‌كه‌ی پاڵه‌وانێكی منداڵی هه‌ڵبژارد و وای لێ‌كرد له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ساره‌كه بژی. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، دوو خه‌سڵه‌تی پێبه‌خشی، ئه‌وانیش بریتین له پاكی و فزولی زیره‌كانه؛ كه گێرمه و كێشه و حساباتی رۆژانه، تێكیان نه‌دات و زه‌فه‌ریان پێنه‌بات. هه‌ر بۆیه قسه‌كانی، له په‌ند و حیكمه‌ت ده‌چن، تێڕوانینه‌كانی ڕێگا بۆ ئه‌وانه خۆشده‌كات كه له ناو ته‌پوتۆزی هه‌راوزه‌نا و قێڕه‌قێڕه‌كاندا بزربوون.
جارێكی دیكه قسه‌وباس ده‌رباره‌ی ساده‌یی و له هه‌مانكاتدا قووڵی ئه‌م چیرۆكه، هاته‌وه مه‌یدان. ئه‌م چیرۆكه لای منداڵ چه‌ند خۆش و دڵگیره، لای گه‌وره‌كانیش هه‌ر وایه. هه‌روه‌ها باس له‌و ژماره زۆره‌ی فرۆشتنی ده‌كرێت كه تۆماری كردووه و تا حاڵی حازریش فرۆشی له ئاستێكی به‌رزدایه. چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، فه‌ره‌نسا له ڕێگه‌ی ئه‌م كتێبه قه‌باره بچوكه‌وه، به‌ڵام گه‌وره به كاریگه‌رییه‌كانی، پله‌ی یه‌كه‌می له‌و به‌رهه‌مانه‌دا به‌ده‌ستهێنا كه له جیهاندا زۆرترین وه‌رگێڕانی بۆ كراوه، دوای ئه‌و ئیتالیا به پله‌ی دووه‌م دێت. ئه‌مه به گوێره‌ی ئه‌و پۆلێنكردنه كه پێگه‌ی “بریبلای” ئه‌نجامیداوه، به‌ڵام دوای دوورخستنه‌وه‌ی كتێبه ئاینییه‌كان كه هه‌میشه له پێش كتێبه‌كانی دیكه‌وه‌ن.
به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌ك كه پشتی به چه‌ندین داتا به‌ستووه و داتاكانیشی له زیاد له 1500 كتێبخانه‌ی جیهانه‌وه كۆكردووه‌ته‌وه، ژماره‌ی وه‌رگێڕانه‌كان بۆ ئه‌م شاكاره‌ی ئیكسوپیرى؛ كه یه‌كه‌مجار له ساڵی 1943بڵاوكراوه‌ته‌وه (واته ساڵێك به‌ر له مردنی نووسه‌ره‌كه‌ی)، گه‌یشتووه‌ته زیاد له 382 زمان و شێوه‌زار/ لغة و لهجة. جگه له‌وه، ئه‌م شاكاره، ئه‌و كتێبه ئه‌ده‌بییه‌یه كه زۆرترین جار خوێنراوه‌ته‌وه، چونكه له ساڵێكدا نزیكه‌ی 145 ملیۆن دانه‌ی لێده‌فرۆشرێت. له فه‌ره‌نسا و له ساڵی ده‌رچوونی رۆمانه‌كه‌وه تا ئێستا، نزیكه‌ی 12 ملیۆن دانه‌ی لێفرۆشراوه. ئه‌وه‌ی وایكردووه ئه‌م كتێبه فرۆشی زۆرتربیت، ئه‌وه‌یه له چه‌ندین وڵاتی فرانكفۆنی، بووه‌ته پرۆگرامی خوێندنی قوتبخانه‌كان.
چیرۆكی شازاده بچكۆله‌كه، ئه‌وسا و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی ئیلهام بۆ وێنه‌كێشه‌كان و ڕۆماننووسه‌كان و سینه‌ماكاران و هونه‌رمه‌ندانی فیلمكارتۆن و شانۆكاران، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه، ڕۆمانه‌كه توانای ورژاندنی پرسیاری هه‌یه، هه‌روه‌ها هه‌ڵگری كۆمه‌ڵی بیرۆكه‌یه كه ڕیگه به ته‌ئویلكردن و بۆزیادكردن و خه‌ون و گه‌ڕان به‌نێو ده‌ریای خه‌یاڵدا ده‌دات. ئا له‌به‌ر ئه‌مه‌یه، له‌م ساڵدا، هونه‌رمه‌ندان چالاكانه كه‌وتنه چڕكردنه‌وه‌ی كاره‌كانیان ده‌رباره‌ی شاكاره‌كه‌ی ئه‌نتوان دو سانت ئیكسوپیرى. بگره له‌م ڕووه‌وه، مه‌سه‌له‌كه وه‌رشه‌ی نووسین و لێكۆڵینه‌وه و فیلم و گه‌له‌ری وێنه‌كێشان و شانۆكان و مۆسیقا و گفتوگۆكانی تێپه‌ڕاند؛ گه‌یشت به‌وه‌ی دیاری یادگارییه‌كان بڕازێنێته‌وه و پێشبڕكێی كاری شیره‌مه‌نی و هه‌ویركاریی ڕیكبخرێت كه بیرۆكه‌كانی له كه‌سایه‌تی شازاده بچكۆله‌كه‌وه وه‌رگیراون. ئه‌وه‌ش كۆمه‌ڵێ ڕێگای جوان و نایابه، بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه به زیندوویی له ویژداندا، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ش كه حه‌زیان له خوێندنه‌وه نییه، بۆ ئه‌و جۆره كه‌سانه، زانیارییه‌كان و ڕۆحی تێكسته ئه‌ده‌بییه‌كان، ده‌خرێنه نێو نان و شیره‌مه‌نییه‌كانه‌وه.
ته‌نها بۆ بیرهێنانه‌وه، شازاده بچكۆله‌كه، كه به هه‌ستیارییه‌كی به‌ئاگایی و به ساده‌ییه‌كی قووڵی سه‌رسوڕهێنه‌ره‌وه نووسراوه، سه‌باره‌ت به‌و فڕۆكه‌وانه‌یه، به‌هۆی ئامۆژگاریی بێ تامی گه‌وره‌كانه‌وه، شكستیهێنا له‌وه‌ی ببێت به وێنه‌كێش. ئه‌م فڕۆكه‌وانه له ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵیدا، خه‌ریكی سه‌ره‌تای هه‌نگاونان بوو به‌ره‌و وێنه‌كێشان، وه‌لێ له‌لایه‌ن گه‌وره‌كانه‌وه، ئامۆژگاری كرا سه‌رقاڵی شتێك بێت سودی هه‌بێت، له نمونه‌ی مێژوو یان جوگرافیا یا بیركاری. له‌به‌ر ئه‌وه، كاتێك ئێمه چیرۆكه‌كه ده‌خوێنینه‌وه، یه‌كه‌م وانه له كۆی ئه‌و وانانه‌ی كه له چیرۆكه‌كه‌دا هه‌یه و كۆتاییان نایه‌ت، به خه‌یاڵماندا دێت، ئه‌وه‌یه ئامانجێكی ئه‌خلاقیت هه‌بێت. ئه‌مه گرنگترین تایبه‌تمه‌ندییه و مه‌رامێكی پیرۆزی هه‌یه، به‌ڵام هه‌سته ئه‌ده‌بییه باڵاكه‌ی و شێوازه جوانه‌كه‌ی، له هه‌مو ئه‌م كۆت و به‌ندانه ڕزگاری ده‌كات.
چیرۆكه‌كه له‌سه‌ر زمانی فڕۆكه‌وانێكه‌وه ده‌گێڕدرێته‌وه كه فڕۆكه‌كه‌ی له‌كار كه‌وتووه و به تاقی ته‌نها خۆی له بیابانێكدا ده‌بینێته‌وه، منداڵێكی بچووك له خه‌وه قووڵه‌كه‌ی خه‌به‌ری ده‌كاته‌وه و پێی ده‌ڵێت: “تكایه وێنه‌ی مه‌ڕیكم بۆ بكێشه”. ئه‌م بوونه‌وه‌ره كه له پاڵ فڕۆكه‌وانه‌كه‌دا نیشتووه‌ته‌وه و وه‌ك ئه‌وه‌یه هاتوووه فڕۆكه‌وانه‌كه له ته‌نهایی و گۆشه‌گیرییه‌كه‌ی ڕزگاری بكات، كه‌س نییه جگه له شازده بچكۆله‌كه نه‌بێت. شازاده له هه‌ساره‌یه‌كی تا بڵێی بچكۆلانه‌وه هاتووه و ناوه‌كه‌ی (بی 612)یه. شازاده دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و گوڵه‌ی كه خۆشیده‌وێت، ده‌ستخه‌ڕۆی ده‌كات و درنگ تێده‌گات كه ئه‌ویش شازاده‌ی خۆشده‌وێت و له‌وه‌شدا سه‌ركه‌وتوو نابێت كه باسی هه‌ست و سۆزه‌كانی خۆی بۆ گوڵه‌كه بكات، به‌ناچاری شوێنی نیشته‌جێبوونی به‌جێده‌هێڵیت.
شازاده بچكۆله‌كه، به‌نێو هه‌ساره‌كاندا ده‌كه‌وێته گه‌ڕان و گه‌شتكردن، چه‌ندین نمونه‌ی بوونه‌وه‌ر ده‌بینێت، هه‌ر یه‌كێك له‌و بونه‌وه‌رانه دیدگا و تێڕوانینی خۆیان هه‌یه كه وا له شازاده ده‌كه‌ن پرسیاری زیاتر و زیاتر بكات، پرسیاره‌كان سه‌ره‌تا وا ده‌رده‌كه‌ون ته‌نها بریتییه له پرسیاری منداڵێكی به‌ریئ، به‌ڵام وه‌ك ده‌رزی ده‌چقنه هه‌ست و سۆزی خوێنه‌ر. هه‌رچی وه‌ڵامه‌كانه، ئه‌وا پرسیاری زیاتر له هزری شازاده دا دروست ده‌كه‌ن. له‌گه‌ڵ گه‌ڕانی شازاده به نێو هه‌ساره‌كاندا، ده‌گه‌ین به‌و حاكمه‌ی، خه‌ڵكانی ده‌وروپشتی، ته‌نها وه‌ك خزمه‌تكاری خۆی ده‌بینێت. پاشان ده‌گه‌ین به‌و مه‌غروره‌ی له قه‌پێلكی خه‌ونه‌كانیدا ده‌ژی. دوای ئه‌و منداڵكه ده‌گات به سه‌رخۆشێك، تا ئاستی سه‌رخۆشبوون ده‌خواته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئابڕوچوونه‌ی له‌بیربچێته‌وه كه تێیدا ده‌ژی. “باشه ئه‌م ئابڕوچوونه چییه؟، ئه‌وه‌یه تا ئاستی سه‌رخۆشبوون و وڕێنه‌كردن ده‌خواته‌وه”.
منداڵه‌كه له هه‌ساره‌ی چواره‌مدا، ده‌گات به بزنس مانێكی سه‌رقاڵ كه له ژماردن ڕاناوه‌ستێت و سه‌ری به‌رز ناكاته‌وه، تاكو ئه‌وه‌ی له ده‌وروبه‌ریدا ڕووده‌دات ببینێ. سه‌روه‌ختێك شازاده بچكۆله‌كه لێی ده‌پرسێت ئه‌وه‌ی چی ده‌ژمێریت، بێ سه‌ر به‌رز كردنه‌وه، وه‌ڵامی ده‌داته‌وه: “ئه‌ستێره‌كان ده‌ژمێرم”. ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی كه هی خۆیه‌تی تاكو ده‌وڵه‌مه‌ندتر ببێت و ئه‌ستێره‌ی دیكه‌ی نوێ بكڕێت. له‌و چاوچنۆكییه كه نه ئاسۆی هه‌یه و نه كۆتایی، له‌و حه‌زی خاوه‌نداریه‌ته‌ی كه هیچی دیكه‌ی ناوێت جگه له خاوه‌ندارییه‌تی زیاتر و زیاتر، له هه‌ساره‌ی پێنجه‌م ده‌گه‌ین به نمونه‌یه‌كی دی، نمونه‌ی پیاوێك هیچ ناكات، ته‌نها كوژانه‌وه و داگیرساندنی گڵۆپه‌كان نه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی پیاوه‌كه خه‌ریكی ئه‌نجامدانی جووڵه‌یه‌كی لا ئیرادی بێت. كاتێك شازاده‌ی بچكۆله‌كه له هۆكاره‌كه‌ی ده‌پرسێت، ئاوا وه‌ڵامه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت: “ڕێنماییه‌كان/ التعلیمات”. ئه‌وه كێشه‌ی به‌شی هه‌ره زۆری خه‌ڵكه، نازانن بۆچی ئه‌و كارانه ئه‌نجامده‌ده‌ن كه ڕقیان لێیه‌تی و بێ ئه‌وه‌ی له خۆیان بپرسن سود یان ئامانج له‌م دووباره‌كردنه‌وه‌یه‌ی كاره‌كانیان چییه. بێ ئه‌وه‌ی ئازایه‌تی و بوێری ڕاوه‌ستانیان هه‌بێت یان پشوویه‌ك بده‌ن و لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ خودی خۆیاندا بكه‌ن، ئه‌وان پێیان باشه به‌رده‌وامبن و ڕانه‌وه‌ستن.
شازاده بچكۆله‌كه له هه‌ساره‌ی شه‌شه‌مدا، ده‌گات به جوگرافیاناسێك، به‌رزی و نزمی ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ی له‌سه‌ری ده‌ژی نازانێت و نازانێت چی له ده‌وروبه‌ریدا هه‌یه، بۆ ئه‌مه‌ش پاساوی ئه‌وه ده‌هێنێته‌وه كه ئه‌وه كاری دۆزه‌ره‌وه‌كانه/ المستكشفین. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر نمونه‌یه‌ك له‌و نمونانه، له‌سه‌ر هه‌ساره‌یه‌ك ده‌ژین، وه‌ك ئه‌م نمونه‌یه‌ی دواییان كه هیچ كه‌سێك به‌شداری له جیهانه‌كه‌یدا ناكات، كه‌واته دۆزه‌ره‌وه‌كان بوونیان نییه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و جوگرافیناسه هه‌رگیز نازانێت چی له ده‌وروبه‌ریدا هه‌یه و چی ڕووده‌دات.
سه‌روه‌ختێك شازاده‌ی بچكۆله ده‌گاته سه‌ر هه‌ساره‌ی زه‌وی، ژماره‌یه‌كی زۆر گوڵ ده‌بینێت كه نایانناسێت، ئه‌و له‌و بڕوایه‌دایه تاقه گوڵه‌كه‌ی خۆی له‌سه‌ر یه‌كه‌م هه‌ساره‌كه‌ی، ده‌گمه‌ن و ناوازه‌یه و نمونه‌ی نییه، خۆ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر زه‌وی گوڵی له‌وه‌ی ئه‌و جوانتر و نایابتر هه‌یه، به‌ڵام به‌لای ئه‌وه‌وه ئه‌و گوڵانه هیچ مانایه‌كیان نییه؛ ئه‌و “گوڵانه جوانن به‌ڵام بۆشن”. هه‌ست و سۆز، به‌رامبه‌ر ئه‌وی دی یان به‌رامبه‌ر گوڵه‌كه، ئه‌وه له دڵ و ده‌روونماندا، به‌ها و جوانی پێده‌به‌خشێت.
ئه‌م چیرۆكه ناسراوه، خوێندنه‌وه‌ی زیاد له جارێك چیژبه‌خشه، چونكه سیحره‌كه‌ی له شێوازه خۆش و ساده‌ییه‌كه‌ی و ئه‌و هه‌مو حیكمه‌ته‌دایه كه له‌خۆیگرتووه. وه‌ك ئه‌وه وایه ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌نتوان دوو سانت ئیكسوپیرى، له جیهانی دۆزینه‌وه‌دا مه‌له ده‌كه‌ین. ئه‌نتوان دو سانت ئیسكوپیری فڕۆكه‌وان كه كۆمه‌ڵێ بایه‌خدانی فره جۆری هه‌بوو، وه‌ك گێڕه‌ره‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه وابووه كه بووه به فڕۆكه‌وان. به‌ڵام ئیكسوپیرى پێش ئه‌وه‌ی ببێت به فڕۆكه‌وان، حه‌زی كردووه وێنه بكێشێت، به‌ڵام ئه‌و حه‌زه‌ی چه‌پێنراوه. ئا به‌م شێوه‌یه، نووسه‌ر له منداڵی‌دا، دۆشداماوه و له نێوان كۆمه‌ڵێ پیشه‌دا هاتوچۆی كردووه و چه‌ندین كاری جیاوازی تاقیكردووه‌ته‌وه، ئه‌و داهێنه‌ر و ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایی و وێنه‌كێش و رۆژنامه‌نووس و ئه‌دیبێكی به‌ناوبانگ بووه. له جیهانه زۆره‌كانیدا، توانیویه‌تی له دیدی منداڵێكی بێ لایه‌نه‌وه، جیهانێكی ڕۆمانئامێز بكێشێت. ڕه‌خنه‌گران له‌و بڕوایه‌دان، كاری فڕۆكه‌وانی ئه‌نتوان دو سانت ئیكسوپیرى و بینینی شته‌كان له به‌رزاییه‌وه، گرنگترین ڕگه‌ز بووه، یارمه‌تی داوه تێكستێكی سه‌رنجڕاكێشی وه‌ك شازاده بچكۆله‌كه به‌رهه‌مبێنێت، هه‌روه‌ها توانای ئه‌وه‌ی هه‌بووه مرۆڤ وه‌ك ئه‌وه‌ی له حاڵه‌تی ته‌ماشاكردن بێت، ببینێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیان ڕۆچووبێته نێو هه‌مان كێشه و ئاڵۆزییه‌كان. له‌م ڕووه‌وه سانت ئیكسوپیرى ده‌ڵی: “هه‌مو گه‌وره‌كان، ڕۆژێك له ڕۆژان منداڵ بوون، به‌ڵام زۆر كه‌میان ئه‌وه‌یان بیرده‌كه‌وێته‌وه”. ئه‌و خۆی هه‌رگیز ئه‌و منداڵییه‌ی له‌بیرنه‌چووه‌ته‌وه و له ناوه‌وه‌ی خۆیدا هه‌ڵیگرتووه و له كتێب و رۆمانه‌كانی و له كاروانی ژیانه جه‌نجاڵه‌كه‌یدا، سودی لێوه‌رگرتووه، تا ئه‌و كاته‌ی دووچاری ئه‌و كۆتاییه تراژیدییه ده‌بێت.
ئه‌نتوان دو سانت ئیكسوپیرى، كاتێك له‌ناو فڕۆكه‌ی جۆری “لۆكهید بی- 38 لایتنگ” ده‌بێت، به كارێكی ڕوماڵكردن له‌سه‌ر ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاسته، فرۆكه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته خواره‌وه و كۆچی دوایی ده‌كات، مردنه‌كه‌ی وه‌ك مه‌ته‌ڵێك ماوه‌ته‌وه و هۆكاری كه‌وتنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌شی به ئاڵۆزی و نادیاریی ماوه‌ته‌وه. هه‌رچی سه‌باره‌ت به شازاده بچكۆله‌كه، ئه‌وا له نیۆیۆرك نووسیویه‌تی، له‌و كاته‌دا وڵاته‌كه‌ی خۆی-واته فه‌ره‌نسا- به‌هۆی جه‌نگی جیهانی دووه‌م، له نێوان نازییه‌كان و نه‌یارانی نیازییه‌كاندا، داری به‌سه‌ر به‌ردییه‌وه نه‌مابوو. دانه‌ری كتێبه‌كه له‌سه‌ر ئاستی شه‌خسی و سۆزداریی، دووچاری شڵه‌ژان و په‌شێوی ببوو. ئه‌م ڕۆمانه‌ی پێش ئه‌وه‌ی له پاریس چاپ و بڵاوبكرێته‌وه، له ئه‌مریكا بڵاوببووه‌وه. نووسه‌ر دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ فه‌ره‌نسا و په‌یوه‌ندی ده‌كات به هێزی ئاسمانی وڵاته‌كه‌یه‌وه و تووشی ئه‌و چاره‌نووسه ئاڵۆزه ده‌بێت.
فه‌ره‌نسییه‌كان یادی شازاده بچكۆله‌كه و نووسه‌ره گه‌وره‌كه‌ی ده‌كه‌نه‌وه، فه‌ره‌نسییه‌كان پێیانوایه، له‌م قۆناغه‌ی ئێستا تێیدا ده‌ژین، پێویستمان به به‌رهه‌مه‌كانی ئیكسوپیرى-ه، ئه‌و له قۆناغێكی پڕ ململانێ و فه‌وزا و هه‌لاهه‌لابووندا ژیاوه، له‌م قۆناغه‌ی ئێستا ده‌چێت كه له‌مرۆدا تێیدا ده‌ژین. ئیكسوپیرى به دوو چاوی وردبین و له میانه‌ی شازاده بچكۆله‌كه‌وه، نه‌خۆشییه‌كه‌ی ده‌ستنیشان كردووه، نیشانه‌كانی دیاریكردووه، تێكستێكی پر حیكمه‌ت و فه‌لسه‌فه نووسیوه، تاكو له بنكی نه‌هامه‌تی مرۆڤه‌كانه‌وه بێینه‌ده‌رێ و ڕوو بكه‌ینه پانتایی فیكر.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، نووسینی سه‌وسه‌ن ئه‌لئه‌بته‌ح، سێ شه‌ممه، 12 ئۆكتۆبه‌ر، 2021