دەرزیئاژن

پەیوەندییە نایەکسانەکانی ئێمە و ڕۆژاوا

لە ڕوانگەیەکی فەرهەنگی و سیاسییەوە

ڕانانی: سەردەم

کتێبی (دەرزی ئاژن پەیوەندییە نایەکسانەکانی ئێمە و ڕۆژاوا لە ڕوانگەیەکی فەرهەنگی و سیاسییەوە) یەکێکی ترە لە چاپکراوە دانسقەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک گوتاری جیاجیا پێکهاتووە و لە لایەن نووسەر و ڕووناکبیری ناوداری کورد (فەرهاد شاکەلی)یەوە نووسراوە.

بابەتکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە : (ئەم یەکدەنگی و یەکڕەنگییە نیگەرانم دەکات، سیاسەتی ڕۆژاوا دژی نەخەکانی مرۆڤایەتییە، لە مەولانای ڕۆمییەوە تا ،ۆنیکا لێڤینسکی، ڕۆژی حەوتەم چوارلاپەڕە کەناڵێکی تازە و هێندێک باسی تریش، ڕۆژاوا، ڕۆژهەڵاتناسان، ئێمە لەوانەیە بتوانین مێژوو بگۆڕین بەڵام ناتوانین جوگرافیا بگۆڕین، فەرهەنگی خۆڕوخێنی، شەڕی شارستانیەتەکان یا لەیەکگەیشتنیان؟ تۆزێکیش سیاسەت، میتۆدی زانستی و مەنەستێکی سیاسی، ڕێنوێنی ناو و چەمکەکان.)

نووسەر وەک خۆی ئاماژەی بۆ کردووە لە هەڵبژاردنی ناوی ئەم کتێبەدا دوودڵ بووە، ئایا ناوێکی زەقی سیاسی یان فکریی بۆ دابنێت یان تۆزێک شعیرانە بیری لێ بکاتەوە؟ بە گوتەی خۆی هەڵبژاردنی ئەو گرفتە ئاسانتر بوو تا هەڵبژاردنی ناونیشانە لاوەکییەکە: کامیان چاکتر بوو؟ بمگوتایە پەیوەندیی نایەکسانی کورد و ڕۆژاوا، یا ئێمە و ڕۆژاوا؟ من کتێبەکەم بە کوردی نووسیوە و بە پلەی یەکەم بۆ خوێنەری کوردم نووسیوە، بەڵام ئەو بابەتانەی لەم نووسینانەدا لێیان نزیک کەوتومەتەوە، لەو جۆرەن کە گەل و نەتەوە و وڵاتی دیکەش دەگرنەوە، هەر کورد نییە کە ئەو پەیوەندییە نایەکسانەی هەیە، بگرە هەموو گەلانی ڕۆژهەڵات ئەو ئەزموونەیان لەگەڵ ڕۆژاوادا هەیە.

یەکێک لە گوتارەکانی نێو ئەم کێبە کە ساڵی ٢٠٠١ نووسراوە و بە ناوی (ئەم یەکدەنگی و یەکڕەنگییە نیگەرانم دەکات) باس لە ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەر و ئاکامەکانی و گۆڕینی هاوکێشە جیهانییەکان دەکات، لەو گوتارەیدا فەرهاد شاکەلی بە وردی بارسی سەرنجی خۆی دەخاتەڕوو و پێی وایە بەشێکی زۆری ئەوانەی لەبارەی ڕووداوەکەی ١١ی ئەیلوولەوە دەنووسرێن، پێیان وایە ئەم ڕۆژە دەبێتە سنووری نێوان دوو سەردەمی جیاواز لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ڕەنگە زۆربەمان لەگەڵ ئەم قسەیەدا هاودەنگ بین، بەڵام دەگاتە ئەوەی باوەرەکە لێکبدەینەوە و لە هۆ و ئەنجامەکانی بکۆڵینەوە: لە یەکدی جیادەبینەوە و بە شێوەی جیاواز دەیبینین، هەر لێرەشەوە هەڵوێستی جیاواز لە باسە گرنگەکانی ئەم سەردەمەدا، کە هەر یەکە بە شێوەیەک بە دەوروبەری ڕووداوەکەدا دەگیرسێتەوە، پەیدا دەبێت و لێکدانەوە و شیکردنەوەی ناهاوتا و ناتەبا دێنە ئاراوە.

نووسەری ئەم کتێبە لە هەمان بەشدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەر دوابەدوای ڕووداوەکەی یازدەی ئەیلوول، شەپۆلێکی گەورە و بەهێزی لێدوان و لێکۆڵینەوە لە دەستگاکانی ڕاگەیاندندا دەستی پێ کرد و ڕووناکبیر و سیاسەتمەدارە ناسراوەکانی دنیا بەشدارییان تێدا کرد (ئیدوارد سەعید، نوعام چومسکی، محەمەد حەسەنێن هەیکەل، نورمان میلەر، هێنری کێسینگەر، تۆنی بلێر و شیمۆن پێرێس و دەیان سەدانی دیکەی وەک ئەوان.)

لە بابەتێکی دیکەدا بە ناوی (سیاسەتی ڕۆژاوا دژی نرخەکانی مرۆڤایەتییە) نووسەر فەرهاد شاکەلی باس لەو بیروباوەڕانە دەکات کە لەم نووسینانەدا دەریاندەبڕێت بە هیچ جۆرێک وەرامدانەوەی ڕاستەوخۆی ئەو کەسانە نییە کە ڕەخنەیان لە دیتن و بۆچوونەکانی ئەو گرتووە: من زۆرم پێ خۆش دەبوو ئەگەر بگونجایە گفتوگۆیەکی فکری و هەرهەنگیی قووڵ و فراوان و دەوڵەمەند پێک بهێنرایە و وتارەکەی من ببوایەتە هۆی وروژاندنی باوەڕی جیاواز و شڵەقاندنی گۆمی مەند و مەییوی بیر لە کوردستاندا.

نووسەری ئەم کتێبە وای بۆ دەچێت کە کێشەی هەرە گرنگ و ناوەندی لە باس و گفتوگۆیەکانی وڵاتی ئێمەدا ئەوەیە، کە بەشێکی ئێجگار زۆری ئەوانەی خۆیان لەو بەرەیەدا تاقی دەکەنەوە، پێڕۆیی هیچ مێتۆدۆلۆگییەکی زانستی و فکری و لۆگیکی ناکەن و سەر بە هیچ ڕێبازێکی زانستی نین، بەڵکە مەراقی ئەوەڵ ە ئاخریان ئەوەیە لەو جغزەدا پشکیان بەربکەوێت و وەک بەشدارێک ناوێکیان پێ ڕەوا ببینرێت: بە لای منەوە  گرنگ نییە کەسێکی دیکە سەر بە کام فکر و فەلسەفەیە، بەڵام ئەوەم یەکجار لا گرنگە بزانم لە باس و لێکۆڵینەوەدا خۆی بە میتۆدێکی زانستیەوە دەبەستێتەوە، کە بەپێی لۆگیکی تایبەت و دیار دامەزراوە، نەبوونی مێتۆدۆلۆگی دەبیتە هۆی داڕوخانی بناغەیەکی پتەوی باس و لێدوانی جیددی و زانستی.

لە گوتارێکی دیکەی نێو دووتوێی ئەم کتێبەدا بە ناوی (لە مەولانای ڕۆمییەوە تا مۆنیکا لێڤینسکی) فەرهاد شاکەلی ئەوە دەخاتە ڕوو کاتێک لە وڵاتانی ڕۆژاوا بایەخ بە فەرهەنگ و ئایین و شارستانیەتی نەتەوە و وڵاتانی دیکە دەدرێت، هاندەری ئەم خۆخەریککردن و ڕێزگرتنە تەنیا ئازادەبیری و کراوەیی و باوەڕی فرەفەرهەنگی نییە، بەڵکە ئامانج و ئارەزوویەکی سەرمایەدارانەشی لە پشتەوەیە: من کە زۆریش دژی سیستەم و بیری سەرمایەداریم، ناتوانم بڵێم چاوچنۆکیی سەرمایەداران یەم هەموو فرەڕەنگی و فرەدەنگی و فەرهەنگدۆستییە دروست دەکات.

نووسەر لێرەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕاستییەکی دیکەش هەیە و منێکی لە سی ساڵ زیاتر دانیشتووی ڕۆژاوا بە ڕوونی دەیبینم و ناکرێت بیشارمەوە: دەیان و سەدان دەزگای فەرهەنگی و زانستی و مرۆڤانە هەن کە دەیانەوێت کۆمەڵگەی کراوە و فرەفەرهەنگی گەشە بکات و ڕۆح و دڵ و مێشکی مرۆڤەکان گەشە پێ بکات و ببوژێنێتەوە، دەیان سەدان هەزار ڕووناکبیر و هونەرمەند و زانا و تەنانەت خەڵکانی ئاساییش هەن کە لە ڕووی مرۆڤدۆستی و فەرهەنگدۆستی و هاودەردییەوە دەیانەوێت ئاشنایەتی لەگەڵ فەرهەنگ و شارستانیەتەکانی دیکەدا پەیدا بکەن.

لێرەدا نووسەر و ڕووناکبیر (فەرهاد شاکەلی) دەپرسێت: لە کوردستان، بۆ هەشتسەد ساڵەی مەولانای گەورە چی کرا؟ هیچ. هێندەی من بزانم لە یەک دوو ڕۆژنامەدا هەواڵی هەندێک ئاهەنگی ڕێزگرتن کە لە تورکیا ڕێک خرابوو، بڵاوکرابوونەوە، بەڵام ڕۆحی کوردانەی ڕۆژنامەکان هاتبووە جۆش و لەسەر ئەوە سوور بوون کە مەولانا کورد بووە.

نووسەر ئەوەش ناشارێتەوە کورد بە گشتی نەتەوەیەکی موسڵمانە و کوردستانیش وڵاتێکی ئیسلامییە، بەڵا،م خۆ فەرهەنگی ئێمە فەرهەنگێکی ئێرانی و ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتییە، بۆچی دەبێت هەر واب ە ئاسانی لەو فەرهەنگە قووڵ و دەوڵەمەندە و لەو شارستانییە گەورە و ڕەنگدار و مرۆڤانەیە نامۆ بین و خۆمان و نەوەکانی داهاتوویشمانی لێ بێبەش بکەین: ئایا هیچ فەرهەنگ و شارستانیەتێکی دیکە دەتوانێت جێگەی ئەوانەی خۆمان بگرێتەوە؟ دەستگرتن بە فەرهەنگ و شارستانەتی خۆوە هەرگیز ئەوە ناگەیەنێت کە دەرگا و پەنجەرەکان دابخەین و نەهێڵین شنەبای بۆنخۆشی فەرهەنگەکانی تر، ئاوازی خۆشی شیعر و مۆسیقای ڕۆژهەڵات ڕۆژاوا و دیمەنی جوانی تابلۆی گەورە داهێنەرانی ئەورۆپا نەیێنە ناو ماڵەکانمانەوە، بەڵام دەبێت پێش هەموو شتێک ئێمە خۆمان بین پێمان لەسەر زەویی بیر و فەرهەنگ و زمان و شارستانەتیی خۆمان قایم و چەسپیو بێت.

لە گوتارێکی دیکەی نێو ئەم کتێبەدا بە ناوی (ڕۆژاوا) نووسەر و ڕووناکبیر فەرهاد شاکەلی باس لەوە دەکات کە ناسینی ڕۆژاوا بۆ ئێمە زۆر گرنگە، ڕۆژاوا ئەو ئاوێنەیەیە کە ئێمە وێنەی خۆمانی تێدا دەبینین، هەم وێنەی خۆمان وەک هەتن، ئەگەر بوێرین تەماشای بکەین، هەمیش وێنەی خۆمان، یان ئەو وێنەیەی خۆمان، کە ئەوان دەیبینن و دەیانەوێت نیگاری بکێشن، ئێمە ل ەڕۆژاوادا زیاتر دەرفەتمان هەیە کە خۆمان بناسین، چونکە لێرە دوو شێوەی دژ بە یەک، دوو دیاردەی ناکۆک، دوو فەرهەنگی جیاواز و دوو ڕەنگی ناتەبا بەرانبەر یەکتر ڕادەگرین و بەراوردیان دەکەین.

بە بۆچوونی فەرهاد شاکەلی، ڕۆژاوا ئەمڕۆ ناوەندی فکر و تەکنۆلۆگی و زانست و سیاسەتیشە، ناوەندی جڵەوکێشی و بڕیاری سیاسیشە: لە زۆر بواردا ڕۆژاوا پێشەنگ و سەرکردەی دنیای ئەمڕۆن، ئەمە مەعنای ئەوە نییە کە هەموو شتێکی ڕۆژاوا چاکە یا دەبێت ئێمە بە چاکی بزانین و پێمان خۆش بێت و قەبووڵی بکەین، زانست و فکر و تەکنۆلۆگی خۆیان نوێنەری خراپە نین، بەڵام سیستەمی سەرمایەداری هەموو شتێکی کردووەتە کاڵایەکی بازرگانی و لەپێناو قازانجا بەکاری دەهێنێت، بێ ئەوەی گوێ بە هیچ نرخێکی مرۆڤایەتی بدات.

لێردا ناکرێت شرۆڤە بۆ کۆی ئەو گوتارانە بکەین کە کەوتوونەتە دووتوێی ئەم کتێبەوە، ئەوەی لێرەدا کراوە، تەنیا نموونەیەکی سادەیە لە نیشاندانی دنیای گوتارەکان و ناساندنیان بە خوێنەری کورد، بێگومان خوێنەر خۆی لە کاتی خوێندنەوەدا زیاتر بە فکر و ئەندێشە و پەیامی نووسەر ئاشنا دەبێت، هێندە بەسە بڵێن کە سەرجەم گوتارەکان بەها و سەنگ و گرنگیی خۆیان هەیە و دەتوانن بەشداری بکەن لە ئاڕاستەکردنی هۆشیاری تاکی کورددا.

ناردن: