جەلیل کاکەوەیس: وەرگێڕ دەبێت لەگەڵ نووسەردا دۆناودۆن بکات

جەلیل کاکەوەیس، وەرگێڕی ڕۆمانی ڕاپۆرتی پەپووسلێمانکە: وەرگێڕ دەبێت لەگەڵ نووسەردا دۆناودۆن بکات

سازدانی:ئیدریس عەلی

لە ماوەی ڕابردوودا، وەرگێڕی بەتوانا و زمانپاراو (جەلیل کاکەوەیس) ڕۆمانێکی ئێجگار قووڵ و فرەتێما و فرەڕەهەند و تەکنیک ئاڵۆز و سەختی وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی، ڕۆمانی (ڕاپۆرتی پەپووسلێمانکە) لە لایەن نووسەرێکی یەمەنی، بە ناوی (حەبیب عەبدولڕەب سروری) کە خۆی پسپۆڕی بواری زانستەکانی کۆمپیوتەرە، نووسراوە، جوانی و سەرنجڕاکێشی ڕۆمانەکە و خودی وەرگێڕانەکەی جەلیل کاکەوەیس، ئەم گفتوگۆ کورتەی لێکەوتەوە.

بێگومان ئێمە لە ڕابردوودا بەر چەندین بەرهەمی وەرگێڕدراوی ئەم وەرگێڕە ناودارە کەوتووین و ئاشناین بە سەلیقە و زمانپاراوی و هەڵبژاردنە نایابەکانی، بە تایبەت ڕۆمانی (چل ڕێساکەی عەشق) کەیەکێکە لە شاکارەکانی خانمە نووسەری تورک (ئەلیف شەفەق) لە لایەن هەمان وەرگێڕەوە کاری وەرگێرانی بۆ کرابوو، جەلیل کاکەوەیس، بە گڕوتینی گەنجێکەوە، تا هەنووکەش لە ئەدەبیات دەڕوانێت و کاری شایستە و ناوازە پێشکەش بە خوێنەران دەکات، جوانیی ئەم پیاوە لە سادەییەکەیدایە، لە بێمنەتی و بێدەنگییە قوڵ و جوانەکەی، ئەو بۆ هەر کارێکی وەرگێڕان هیچی ناوێت، تەنها سوپاسێک و دەستخۆشییەک.

ئیدریس عەلی:  بۆچی ڕۆمانی پەپووسلێمانکەت هەڵبژارد بۆ وەرگێڕان، گرنگی ئەم ڕۆمانە لە چیدا دەبینیتەوە؟

جەلیل کاکەوەیس: بەر لە هەر شتێک، ئەو دەقانەی وەرمگێڕاون، هەستم کردووە بە سەرکێشییەوە بەرەنگاریم دەبنەوە و ململانێم لەگەڵدا دەکەن و بە ئاسانی خۆ بەدەستەوە نادەن، ئاوەهاش دنەیان داوم کە بەشداری ئەو ململانێ هزری و هۆشەکییە بکەم، کە دەقەکەی پێکهێناوە، هەر لەم سۆنگەیەوە بوو کە ڕۆمانی ڕاپۆرتی پەپووسلێمانکەم هەڵبژارد، چونکە گرنگییەکەی لەمەدا دەبینم کە پەلوپۆی بۆ زۆر بواری زانستی و کۆمەڵایەتی و توانای لەڕادەبەدەری مرۆڤ هاوێشتووە، کە مەگەر هەر بیرمەندانپەییان پێ بردبێت، ئینجا بە تەکنیکێکی ئەوەندە فرەڕەهەند نووسراوە، پێم وایە دەگمەنە، کاراکتەرەکان لەگەڵ ڕووداوەکاندا، بە کارامەیی دەجوڵێن و گێڕانەوەیەکی لێزانانە دروست دەکەن و هەر یەکەو لە ڕۆڵی خۆیدا بەشێکی دێتە بەرچاو.

ئیدریس عەلی: لە پێشەکیی کتێبی ڕاپۆرتی پەپووسلێمانکەدا، ئاماژەت بەوە داوە، کە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە حەوسەڵە و ئارامیی گەرەکە، ئایا پێت وایە ئەم جۆرە ڕۆمانە تەکنیک قورسانە بۆ خوێنەری کورد قورس و مایەی بێزاری بن؟

جەلیل کاکەوەیس: ئەم وتەیەم گشتگیر نییە، بەڵکو مەبەستم ئەو خوێنەرەیە کە ئاسۆیی دەخوێنێتەوە، کنەی کۆد و نهێنییەکانی دەقەکە ناکات و بۆ چێژوەرگرتن دەیخوێنێتەوە، ئەم جۆرە خۆێنەرە، ڕەنگە زوو دەستی لێ هەڵگرێت و تەواویشی نەکات، بەڵام هاوکات دڵنیام خوێنەری لە من سەردەرکردووش هەیە و ڕەنگە لە منی وەرگێڕیش زیاتر سوودمەند بێت، وەکو ئەزموونی تەکنیک و نووسینیش، زەمینەیەکی تازەی لێ ساز بکات.

ئیدریس عەلی: ئەم ڕۆمانە بە وردی لەسەر دونیابینی فیکر و سایکۆلۆژیا و سەردەمی پڕ لە کێشمەکێشی شاعیر و فەیلەسووفێکی وەک ئەبوعەلای مەعەڕی کاری کردووە، بە ڕای تۆ نووسەر تا چەند سوودی لە ژیان و ڕووداوە ڕاستینەکانی مەعەڕی و ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە بینیوە؟

جەلیل کاکەوەیس: هەر سەردەم و چاخێک بە درێژایی مێژوو، دونیابینی خۆی هەیە و لە هەر سەردەمێکیشدا، کەسێک یان چەند کەسێک، لەگەڵ ڕەوتی سەردەمی خۆیاندا هەڵناکەن و هەماهەنگ نابن، ئەبوعەلا لە میانەی نووسین و شیعرەکانیەوە، لە سەردەمی عەباسییەکاندا، بە پێچەوانەی خەڵکی عەوام، بۆچوونی تایبەتی خۆی هەبووە و تەنانەت بڕێ جار، بە لەڕێلادەر دانراوە، بێگومان نووسەری ڕۆمانەکە لە ڕێی شیعرەکانی ئەبوعەلای مەعەڕی، وەک نموونە ئەو دۆخەی پیشان داوە، وەک:

(وتەی نێردراوان بە ڕاست دامەنێ، چونکە واتەواتی هەڵبەستراویان داڕشتووە، من کە دواکەسی ڕۆژگار بم، شتێکم هێنا بەر لە من نەهێنرابوو!)

نابێ ئەوەش لە بیر بکەین، کە ڕۆماننووس بە فراوانی خەیاڵی خۆی تێدا بەکار هێناوە و دوو سەردەمی ئێجگار لەیەکتر دوور، دەخاتە ڕوو کە هەزار ساڵ نێوانیانە، کە پێی وایە ئەم ناوچەیەی ئێمە لێی دەژین، لە هەر دوو سەردەمەکەدا، کاولکارییە و هێشتا ئاوەز تێیدا ونە، ئەبو عەلا بەر لە هەزار ساڵ وتویەتی:

(تاقە ڕابەری من ئاوەزمە!) کەچی لەم سەدەی بیستویەکەدا،  ئەو ئاوەزەی ئەبوعەلا هاواری بۆ دەکرد، ئێشتاش بە نرخی نەبوانە.

ئیدریس عەلی: چێژ و سەختی و ئەو کێشانە چی بوون، لە کاتی وەرگێڕانی ڕۆمانی ڕاپۆرتی پەپووسلێمانکەدا، هاتنە ڕێت؟

جەلیل کاکەوەیس: سەرەتا دەمەوێ شتێک لەبارەی وەرگێرانەوە بڵێم، پێم وایە وەرگێڕ کاتێ دەقێک وەردەگێڕێت، گەرەکە لەگەڵ نووسەرەکەدا، جۆرە دۆناودۆنێک بکات و تەواو خۆی لە جێگەی ئەو دابنێت، ئینجا دەتوانێت پەی بەو کۆد و نهێنییانەی پشت دەقەکە ببات، ئەمەش پێش دەستپێکردن بە وەرگێڕان، گەرەکە بە وردی بیخوێنێتەوە، بە پەرۆشەوە لەگەڵ هەموو وشە و ڕستەیەکیدا بژی، تا بە تەواوی لە تەکنیک و هونەرکاریی دەقەکە تێدەگات، ئەم ڕۆمانە بە پێچەوانەی کۆمیدیاکەی دانتی، لەو دونیا و دوای مردن، ئەبوعەلا بۆ سەر زەوی سەفەر دەکات، بۆیە لە هەندێ شوێندا زمانێکی خواسایی بەکار نەهاتووە، بەڵکو تژییە لە ڕەوانبێژی و گەمەی زمان و داهێنانی ئیدیۆمی تازە، سەرباری ئەوەش، بڕێ جار وا هەستم دەکرد کە من دەقێک بە زمانی قوڕەیشی قورس دەخوێنمەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیوادارم شتێکم بە شتێ کردبێ.

ناردن: