ڕۆمان؛ ژانری تەکنیکە جوانەکان و ڕەگەزە فرەڕەهەندەکان

ڕانانی: سەردەم

کتێبی (ڕۆمان ژانری تەکنیکە جوانەکان و ڕەگەزە فرەڕەهەندەکان) بەرگی دووەمی یەکێک لە کتێبە باش و پڕ لە زانیارییەکانی نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (عەلی عوسمان یاقووب)ە و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.

بەرگی یەکەمی ئەم کێبە ساڵی پار چاپ و بڵاوکرایەوە، کۆمەڵێک بابەتی گرنگ و نوێی سەبارەت بە ڕۆمان لەخۆگرتبوو، پێم وابێت ئەو کتێبە لەلایەن نووسەران و خوێنەرانی کوردەوە پێشوازییەکی باشی لێ کرا، چونکە بە یەکێک لەو کتێبە کوردیانە هەژمار کرا کە بە کۆمەڵێک بابەت و سەرچاوەی دەوڵەمەندەوە نووسرا بوو سەبارەت بە ڕۆمان و ڕەگەزە بنچینەیی و پێکهێنەرەکانی ڕۆمان، لایەنی تیۆری لە هەردوو بەرگەکەدا پشتی بە وردترین زانیاری و زۆرترین سەرچاوە و دونیابینی ئەدەبیانەی نووسەرەکە بەستووە، زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێم هەردوو بەرگەکە گەر تەرجەمە بکرێت بۆ هەر زمانێکی زیندووی دنیا، باشترین پێشوازیی لێ دەکرێت و دەبێتە یەکێک لە سەرچاوە گرنگ و تازەکانی دنیا لەسەر ڕۆمان.

بەرگی دووەمی کتێبی (ڕۆمان ژانری تەکینیە جوانەکان و ڕەگەزە فرەڕەهەندەکان) لە چەند بەشێکی سەرەکی و هەندێک ناونیشانی لاوەکی پێکهاتووە کە بریتییە لە: (ڕۆمان و داڕشتنی کرەکتەر، کارەکتەر پێگە و ناو، کارەکتەر ڕێگەکانی خستنەڕوو، کارەکتەر و بونیادی گێڕانەوە، کارەکتەری ڕۆمان و شێوازەکانی لێکۆڵینەوە، دابڕانی کارەکتەر تەکنیک و ئامانجی جیاواز، جەیمس جوێس و داڕشتنی کارەکتەری یاخی، کارەکتەر لەنێوان دنیای نێو ڕۆمان و دنیای ڕاستەقینەدا، ڕۆمانی مێژوویی، سەرەتا و بونیادی ڕۆمانی مێژوویی، مێژووییخوازی و ڕۆمانی مێژوویی، ڕۆمانی مێژوویی و فۆڕمەکانی بەکارهێنانی مێژوو، ڕۆمانی مێژوویی ئاڕاستەیەک بۆ هۆشیاریی مێژوویی، چیرۆک لەنێوان مێژوونووس و ڕۆماننووسدا، ڕۆمانی مێژوویی لە بەردەم ئالنگارییە سەختەکاندا، ڕەوتی هۆش، خوێندنەوەیەک بۆ سەرەتاکانی ڕەوتی هۆش، مەنەلۆژی ڕاستەوخۆی ناوەوە، مەنەلۆژی ناڕاستەوخۆی ناوەوە، ڕۆمان لە فۆڕمی نامەدا، ئێستاتێکای ڕۆمان.)

بە بۆچوونی نووسەری ئەم کتێبە، تا ئەمڕۆش ڕۆمان ئەو ژانرە ئەدەبییەیە، کە ئەگەری مانەوە و بەردەوامبوونی لە هەڵکشاندایە، هەر بۆیە لێکۆڵینەوە لە تەکنیک و سروشتی ڕۆمان و بەرخوردکردنی لەگەڵ کایە مەعریفییەکان بووەتە گرنگترین بابەتی تیۆرە ڕەخنەییەکان و مێژووی ڕێبازە فکرییەکان و جۆرەکانی تری ئەدەب: لە ئەنجامی ئەمەشە، بێشوومار کتێب دەربارەی لێکۆڵینەوە لە مێژوو و فۆرم و تەکنیکەکانی ڕۆمان دەرکەوتوون و ئەم پرۆسێسە تا ئێستاش هەر بەردەوامە.

لە بەشێکی ئەم کتێبەدا بە ناوی (کارەکتەر: پێگە و ناو) عەلی عوسمان یاقووب) ئەوە دەخاتەڕوو کە کارەکتەر و ڕووداو دوول ە کۆڵەگەکانی ڕۆمانن و بە گشتی تیۆرزانە ئەدەبییەکان، بە درێژایی مێژووی ئەدەب، ڕا و بۆچوونی جیاجیایان دەربارەی بایەخی هەر یەکێکیان هەبووە، نموونەی ئەوە دەهێنێتەوە کە لای ئەڕەستۆ، ڕووداوەکان لە پێشترن، بەڵام لای نووسەر و ڕەخنگەری ئینگلیزی (لێسلی سیتفن) کە باوکی ژنە ڕۆماننووس ڤێرجینیا وۆڵفە، باڵانسەکە پێچەوانە بوو، بە ڕای ئەو، مەبەستی سەرەکیی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمان پیشاندان و ئاشکراکردی کارەکتەرە.

هەر لەم بەشەدا نووسەر باس لەوە دەکات کە زۆر ڕۆماننووس هەوڵ دەدەن ناوێکی تەواو بۆ کارەکتەرەکانیان هەڵبژێرن، کە شایستەی پێگە و ڕۆڵەکانیان بێت لە ڕۆمانەکاندا و لە یاددا بمێنێتەوە و دەشڵێت: نووسەر لە ڕێگەی بەکارهێنانی کارەکتەری بێناو، دەتوانێت وال ە خوێنەر بکات لەخۆوە شووناسی کەسێکی تر، گرووپێکی نەتەوەیی تر، یان پاشخانێکی کۆمەڵایەتی تر نەخاتە پاڵ ئەو کارەکتەرە، بێجگە لەمەش، ئەم تەکنیکە مەسەلەی شووناسی ونبوو، یا شوناسی گۆڕاوی ئەوانەی نایانەوێت دیار بن، یان شوناسەکانیان بەردەوام لە گۆڕاندان، زیاتر زەق دەکاتەوە، بۆیە ناناسرێن.

لە بەشێکی دیکەی ئەم کتێبەدا بە ناوی (کارەکتەر: ڕێگەکانی خستەڕوو) نووسەر باس لەوە دەکات کاتێک ڕۆمان یەکێک لە کارەکتەرەکان بە گربگ دەزانێت، ڕەنگە خوێنەر پێشبینی ئەوە بکات، هەر ڕووداوێک، ئاخاوتنێک، چەندە کورتیش بێت، ببێتە بەشێک لە کۆی پیشاندانی تێکەڵاوییەکی ئاڵۆزی دیوی دەرەوە و ناوەوەی ئەو کارەکتەرە: دیارە ئەوەی خوێنەر پێش هەموو شتێک، ل ەکارەکتەری هەر ڕۆمانێکدا پێی دەگات، دیوی دەرەوەی کارەکتەرەکەیە، چونکە حیکاتەیخوازنێک هەیە سەیری ڕوخساری کارەکتەرەکە، جلوبەرگی، هەروەها شێوەی هەڵسان و دانیشتنی دەکات، ڕەنگە ئەو چیرۆخوانە نووسەر، یان کەسێکی نادیار، یان کارەکتەرێکی تر بێت، بەڵا،م هەر کەسێک بێت، دواجار گێڕانەوەی وردەکاریی وێنەکە بۆ خوێنەرە.

هەر لەو بەشەدا نووسەر ئەوە ڕووندەکاتەوە کاتێک کارەکتەرێک لە ڕۆماندا، ل پڕێکدا قسەی یەکێک دەبڕێت، ڕەفتارەکەی دەچێتە خانەی ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکە، بەڵام لە هەمان کاتدا شتێکمان دەربارەی کارەکتەرەکەش پێ دەڵێت، کارەکتەر وا دەکات شتەکان ڕووبدەن و بەرەوپێش بچن، هەڵبەت لە ڕوانگەی پاڵنەرەکانیان، لاوازی و بەهێزییان، متمانەبەخۆبوونیان، هەروەها توانای خۆشەویستی، ڕقلێبوونەوە، بەتەنگەوەهاتن، ڕێزگرتن، تکالێکردن، تاد.. ئێمە لە ڕێگەی کردەوەکانیان شارەزایان دەبین.

نووسەر باس لەوەش دەکات خستنەڕووی کارەکتەر بە ڕێگەی ناڕاستەوخۆ دەچێتە خانەی پیشاندان زیار لە گێڕانەوە، ڕۆماننووس لە ڕێگەی شێوازی ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی کارەکتەر، پەرچەکردارەکانی، هەروەها شێوازی ئاخاوتنەکانی، هەنگاوەکانی دروستکردنی کارەکتەرەکە دەخاتەڕوو: مەسەلەی کارەکتەر، لە بنچینەدا پەیوەندیی بە شێوازی بیکردنەوە و کاروکردەوە و ڕەفتاری خەڵکەوە هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتر و دەوروبەردا، دیارە چەند کێشەیەکی دیاریکراو هەن، کە دەبنە مایەی بایەخپێدان بە شێوەی دروستکردنی کارەکتەر، بەڵام ئەم کێشانە گشتین و پێویستە لە چوارچێوەی هەر فۆرمێکی چیرۆکدا گفتوگۆی لە بارەوە بکرێت، مەبەستم لەو چیرۆکەیە کە زادەی خەیاڵە.

لە بەشێکی تری ئەم کتێبەدا بە ناوی (کارەکتەر و بونیادی گێڕانەوە) ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە زۆر لە ڕۆماننووسەکان تەکنیکی گەشەپێکردنی کارەکتەر دەکەنە بوارێک بۆ وردبوونەوە لە بابەت و بنیاد و گێڕانەوەی چیرۆکەکە: ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە ولیام فۆکنەر لە چیرۆکی (گوڵێک بۆ ئێمیلی)دا دەیکات، بەپێی گێڕانەوەی چیرۆکخوان، تێگەیشتن و بیروڕا و مەزەندەی خەڵک دەربارەی خاتوو ئێمیلی، بە درێژایی ژیانی ئەو کارەکتەرە هەڵەبووە، فۆکنەر بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بخاتە ڕوو، کارەکتەری خاتوو ئێمیلی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی تر، ئەویش خۆی لە بونیاد و هونەری گێڕانەوەی چیرۆکەکەدا دەدۆزێتەوە.

هەر لەم بەشەدا ئەوەمان پێ دەڵێت کە ڕۆماننووس بە سوودوەرگتن لە سیبوڵیزم، بواری ئەوەی بۆ دەڕەخسێت جیهانی دئاریکراوی کارەکتەرەکانی بە سیستەمێکی گەورەی بەهاکان ببەستێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبەت هەموو ئەو کارەکتەرانەی لە ڕۆمانێکدا هەن، وەکو یەک گەشە ناکەن، هەندێک کرەکتەر بە جموجوڵ و هەمیشە لە گۆڕاندان، واتە لە هەلومەرجە تازەکان دەگەن و لەگەڵیاندا دەگۆڕێن و خۆیان دەگونجێنن: ئەم گۆڕانکاریانەش لە ڕووداو و ڕەفتارەکانیان، لە پەسەندکردنی هەلومەرجی تازە و پێویستییان بە گۆڕانکاری، هەروەها لە دۆزینەوەی ئەو ڕاستیانەی کەس پەیی پێ نەبردوون، دەردەکەون، ئەم جۆرە کارەکتەرانە هەردەم ڕۆڵی سەرەکییان لە ڕۆماندا هەیە، بە پێچەوانەی ئەمانە، کارەکتەر هەن گەشە ناکەن، وەک چۆن دەست پێ دەکەن، ئاوایش کۆتاییان پێ دێت، بایەخی ئەمانە لەوەدایە، کە گەشەکردنی کارەکتەرە سەرەکییەکان پیشان دەدەن.

ڕۆمانی مێژوویی و فۆرمەکانی بەکارهێنانی مێژوو، یەکێکە لە باشترین و پڕ زانیاریترین بەشەکانی ئەم کتێبەی (عەلی عوسمان یاقووب) نووسەر لەم بەشەدا باس لەوە دەکات کە مێژوو لە ڕۆمانی مێژوویدا بە ڕێگەی جیاجیا بەکار دێت، هەندێ جار ڕابردوو لە ڕۆمانی مێژوویدا بۆخزمەتکردنی ئێستا بەکار دێت، بۆ پیشاندانی ئەو کێشە و نیگەرانییانەی ئێستا خەڵک پێیانەوە سەرقاڵن، بە مەبەستی ڕوونکردنەوە، یا چارەسەرکردن، یا دەربڕینیان بە شێوەیەکی تەمومژاوی.

ئەو پێشی وایە ک زۆر ڕۆماننووسی مێژوویی بایەخ بە  بیروڕا بەها و کێشەکانی سەردەمی خۆیان دەدەن، ئەمەش گوڕ و تینێکی زیاتریان پێ دەدات بۆ گرنگیپێدان بە ڕابردوو: بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، ئەو ڕۆماننووسانە مێژوو بە شێوەیەکی زاڵ لە بەرهەمەکانیان بەکار دێنن، تەکنیکی بەکارهێنانی مێژوو لە ڕۆمانی مێژوویی وەکو ڕێگەیەک بۆ قسەکردن لەسەر کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی  وکەسێنییەکانی ئێستا، هەندێک جار کەموکوڕیی خۆی هەیە، ئەو نووسەرەی سوورە لەسەر ئەوەی سەیری ڕابردوو بکات، بەو شێوەیەی گوایە کێشەکانی ئەو ڕابردووە لە کێشەکانی ئێستا دەچێت، تەنانەت ئەگەر ئەو کێشانە لە ڕابردوو نەشبووبن، ئەم بۆ ئێستا لە ڕۆمانەکەدا دروستیان دەکات.

هاوکات باس لەوەش دەکات کە لە هەندێک ڕۆمانیشدا، مێژوو وەکو سەرچاوەیەک بەکار دێت بۆ بەگەڕخستن و جۆشدانی ڕووداوەکانی ئەو چیرۆکەی، ڕۆمانەکە لەخۆی دەگرێت، بە تایبەتی چیرۆکێکی دڵداری، یان دەربڕین و شیکردنەوەی هەست و دەروونی کەسێنی، ئەمە جگە لەو ڕۆمانانەی مێژوو تیایاندا، وەکو بابەت بەکار دێت، زۆر جار ئەم بەکار هێنانە جیاوزانەی مێژوو لە ڕۆمانێکدا کۆ دەبنەوە، بەڵام ئەو مانایەی کە ڕۆمای مێژوویی، یا هەر کارەکتەرێک، یا هەر دیمەنێک لە لە لای ئێمە دروستی دەکات، دەوەستێتە سەر مەبەستی ڕۆمانەکە.

ئەم کورتە نووسینە هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەمی ئەم کتێبە بەنرخ و پڕ بەهایە، هاندانێکە بۆ ئەوەی خوێنەر بیخوێنێتەوە و سوود لە زانیارییە وردەکانی ببینێت، بە تایبەت تر زۆر پێویستە ئەو نووسەرانەی لە بواری هونەری گێڕانەوەی وەک چیرۆک و ڕۆمان، یان ئەو لێکۆڵیار  وتوێژەر و ڕەخنەگرانەی لە بابەتی ئەدەبی گێڕانەوە دەدوێن بیخوێننەوە، لە ڕاستیدا زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێین دوای خوێنندەوەی ئەم کتێبە، لە گەلێک ڕەهەندەوە دونیابینی و تێڕوانینمان بۆ ئەدەب و ئەدەبی گێڕانەوە دەگۆڕێت.

ناردن: