بۆ دۆن کویخۆت

شیعری پۆڵ ڤێرلین

لە ئینگلیزییەوە: زاموا محەمەد

 

دۆن کویخۆت، ئەی سوارچاکی پیری گەڕۆک، ئەی بۆهیمیی مەزن

جەماوەری پووچ و نەزان بێهودە گاڵتەت پێ دەکەن؛

مردنت شەهیدبوونێکی پوخت بوو، هەموو ژیانیشت شیعر؛

ئاشە هەواییەکانیش، شاهی من، ڕێکوڕاست و بە تەواوی هەڵە بوون.

 

قەڵغانی ئیمانت هەر وا بەرز ڕاگرە،

هەر وا غار بەو مایینە ناڕاستەقینەیەت بدە کە من پێی شەیدام.

بڕۆ بە ڕێگەکەتدا، ئەی کۆکەرەوەی باڵاییەکان،

ئەمرۆ کورتهێنانەکانی یاسا خراپترن لە جاران.

 

ئێمە ستایشی ڕۆیینت دەکەین و شوێن هەنگاوەکانت دەکەوین:

ئێمەی شاعیران، کە پیاوانی ئایینین و تاجەگوڵینەی ڤێربینامان لەسەرناوە.

یارمەتیمان بدە بەسەر شوورا بەرزەکانی خەیاڵدا سەربکەوین،

تاکو زوو

سەرباری خەیانەتەکان

ئاستی باڵداری شیعر، بەسەر تەپوتۆزی ئاوەزی لاوازدا بفڕێت.

ناردن: