خوازیاربووم، لە پاڵ تۆدا بژیامایە

شیعری: مارینا تسڤیتایەڤا

و. لە ڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد

 

 

 

خوازیاربووم، لە پاڵ تۆدا بژیامایە

لەشارۆچکەیەکی خنجیلانەدا،

تاریکولێڵییەکەی ئەبەدیی بوایە،

زەنگی کڵێسەکانیشی لە لێدان نەکەوتنایە

لە ژووری گچکە و لادێیانەی میوانماندا،

دەنگی کپی سەعاتێکی قەییمە،

وەک تنۆکی زەمەن، چرکە چرکی  بکردایە

هەندێ جاریش، بە ئێواران،

لە هەورەبانێکەوە، دەنگی شمشاڵێک بهاتایە

تارمایی شمشاڵژەنەکە لە پەنجەرەیەکەوە ببینرایە

با تۆ منیشت خۆشنەویستبایە

زۆپایەکی کاشیبەندی گەورە،

لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا بووایە،

هەر کاشییەک  و نەخشێکی بنوواندایە

گۆڵەباخێک و دڵێک و کەشتییەکی تیا بووایە

لەودیو  تاکە پەنجەرەی ژوورەکەشەوە،

بەفر، بەفر، بەفڕێکی زۆر بباریایە

تۆش ، بەوتەرزەی حەزم لێتە، لێی ڕابکشایتایە:

بێ کارو کردە، کەمتەرخەم و بێپەروا بوویتایە

ناو بەناوێک خشەیەکی توندت لە شقارتەکەت بهێنایە.

ئاگری جگەرەکەی دەستت،

ساتێک سوورداگەڕایە و ساتێکیش خاموش ببووایە

قەیرێکی باش، سووتوە خۆڵەمێشییەکە

بەوسەری  جگەرەکەتەوە بلەرزیایە

تۆ حەوسەڵەی تەکاندنیشیت نەبووایە

دوواتر،

جگەرەکەت بۆ ناو ئاگرەکە تووڕدایە

 

ناردن: