ئارنست هیمنگوای لاسایی كێی كردووه‌ته‌وه؟
نووسینی: سه‌میر عه‌تاالله
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
نه‌وه‌یه‌ك له نووسه‌ران و خوێنه‌ران، له ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و جیهاندا هه‌یه، كاریگه‌ربوون به‌وه‌ی پێیده‌وترێت “شێوازی هیمنگوای”، ڕۆماننووسی ئه‌مریكی ئارنست هیمنگوای، ئه‌و سه‌ركێشه‌یه/ موغامیره‌یه كه به كاره‌كانی ده‌رباره‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانی، زۆرانبازێی گا، ململانێ له‌گه‌ڵ ژیان له كوبا، ناوبانگی ده‌ركردبوو. خه‌ڵكانێكی زۆر پێی سه‌رسام بوون، به ڕاده‌یه‌ك پێی سه‌رسام بوون، كه‌س پرسیاره هه‌ره گرنگه‌كه‌ی نه‌كردووه: ئه‌ی هیمنگوای به چ كه‌سێكی پێش خۆی كاریگه‌ر بووه؟
له‌و بڕوایه‌دام، زۆرم له كاره‌كانی هیمنگوای و ئه‌و نووسینانه‌ی ده‌رباره‌ی نووسراوون، خوێندووه‌ته‌وه. له ساته‌وه‌ختی خۆكوشتنه‌كه‌ی له ساڵی 1961وه، تا حاڵی حازر، كتێبگه‌لێك ده‌رباره‌ی ژیانی بڵاوده‌كرێته‌وه كه شایه‌نی بایه‌خپێدانن و له ڕیزی پێشه‌وه‌ی پڕ فرۆشترین كتێبه‌كانن. ئه‌مڕۆ بۆ یه‌كه‌مجار له گۆڤاری (دبلن ڕیڤیو ئۆف بۆكس) بابه‌تێكم خوێنده‌وه، باس له‌وه ده‌كات هیمنگوای لای خۆیه‌وه، لاسایی مامۆستایه‌كی دیكه‌ی كردووه‌ته‌وه.
له قۆناغێك له قۆناغه‌كان و به‌هۆكاری جه‌نگ و فیلمه‌كان ده‌رباره‌ی جه‌نگ، ڕۆماننوسی ئه‌ڵمانی ئێریك ماریا ڕیمارك 1898-1970، خاوه‌نی ڕۆمانی “هه‌مو شتێك له به‌ره‌ی خۆرئاوا ئارامه” كه له سه‌ده‌ی ڕابردوودا، كرا به یه‌كێك له سه‌ركه‌وتووترین فیلمه‌كان، ناوبانگی به جیهاندا بڵاوبوه‌وه. ڕیمارك نه‌هامه‌تییه‌كانی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌می نووسییه‌وه كه تێیدا وه‌ك سه‌ربازێك له به‌ره‌ی به‌لجیكا، به‌شداری له جه‌نگه‌كه‌دا كردبوو. هه‌ر له ڕۆژی یه‌كه‌می بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ی له ساڵی 1929، سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه بینی. بێگومان ڕۆمانه‌كه دژ به رۆحی جه‌نگه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه، نازییه‌كان په‌لاماریان دا و ڕیمارك-یان ناچار كرد، ئه‌ڵمانیا به‌جێبێڵێت. دوای ئه‌وه‌ی ڕیمارك ئه‌ڵمانیا به‌جێده‌هێڵێت، نازییه‌كان برایه‌كی ڕیمارك به ناوی “ئهلیگرید” به مه‌قسه‌ڵه له‌سێداره ده‌ده‌ن. سه‌باره‌ت به‌م ڕووداوه و ده‌ركردنی بڕیاری له‌سێداره‌دانه‌كه، سه‌رۆكی “دادگای گه‌ل” ده‌ڵێت: “براكه‌ت چیتر ناوی له ناواندا نه‌ماوه، به‌ڵام تۆ نا‌توانیت له ده‌ستمان ده‌ربازت بێت”. دواتر دادگا پسوڵه‌ی تێچووی له‌سێداره‌دانی براكه‌ی ڕیمارك، ده‌نێرێت بۆ برایه‌كی دیكه‌ی ڕیمارك به ناوی “ئه‌رنا”، تاكو پاره‌كه‌ی بده‌ن.
ئارنست هیمنگوای له میانه‌ی نووسینی ڕۆمانه‌كه‌ی “ماڵئاوا ئه‌ی چه‌ك”، شێوازی ڕیمارك له وێناكردنی جه‌نگی جیهانی دووه‌م، ده‌خوازێت. جه‌نگ وا له ڕیمارك ده‌كات هه‌ست به “ماڵئاوا ئه‌ی خهونهكان” بكات. پارچه‌یه‌ك به‌ر ده‌ستی ڕاستی ده‌كه‌وێت و ناچاری ده‌كات دهستبهردارای خه‌ونی یه‌كه‌می ببێت، خه‌ونی ئه‌وه‌ی ببێت به مۆسیقار. مامۆستا و قوتابییه‌كه‌ی، (واته ڕیمارك و هیمنگوای-و.ك)، له میانه‌ی ڕسته‌ی كورت و كه‌مكردنه‌وه‌ی پیاهه‌ڵدان و وه‌سفكردن له ناو تێكسته‌كه‌دا، سه‌ركه‌وتنێكی ئه‌ده‌بی گه‌وره‌یان به‌ده‌ستهێنا كه تا ڕۆژی ئه‌مڕۆش هه‌ر به‌رده‌وامه. به‌ڵام “مامۆستا” فه‌ره‌نسییه‌كه ڤۆڵتێر، پێش ئه‌وان، وتوویه‌تی: ئه‌وه‌ی ده‌منووسی، ده‌مخوێنده‌وه، پاشان ده‌منووسییه‌وه، دیسانه‌وه ده‌منووسییه‌وه، كاتێك دڵنیادهبووم له‌وه‌ی یه‌ك پیاهه‌ڵدانی تیانه‌ماوه، ده‌منارد بۆ بڵاوكردنه‌وه.
هێتله‌ر به پاساوی ئه‌وه‌ی كتێبه‌كانی ڕیمارك، جۆش‌وخرۆش/ مه‌عنه‌ویات لاواز ده‌كات، لێره‌دا جۆش‌وخرۆش مانای حه‌ڵاڵكردنی كوشتنی گه‌لان و سه‌ربرینی نه‌ته‌وه‌كان بوو، بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی كتێبه‌كانی ڕیمارك-ی ده‌ركرد. لێكچوونێكی زۆر له نێوان ژیانی ئارنست هیمنگوای ئه‌مریكی و ڕیمارك-ی ئه‌ڵمانی هه‌یه: هه‌ردووكیان جێگای سه‌رسامی ئافره‌تان بوون، هه‌ردووكیان چه‌ند ژنێكیان هێناوه، په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره كچه‌كانی سینه‌مادا هه‌بووه. پێده‌چێت ئه‌ڵمانییه‌كه قۆز و باڵا به‌رز بووبێت، دوای جه‌نگ، به‌ناوبانگترین كچه ئه‌ستێره‌كان، پێی سه‌رسام بوون، له‌وانه گریتا گاربۆ و مارلین دیتریتچ.
له وڵاتانی ئێمه، تا ئێستاش كه قسه و باس له‌سه‌ر شێواز ده‌كرێت، ناوی محه‌مه‌د ئهلتابعی له پێشه‌وه‌یه و دیار و به‌رچاوه. سه‌لامه مو‌سا ده‌ڵێت: محه‌مه‌د ئهلتابعی، شێوازی ڕۆژنامه‌ی گۆڕی، ڕۆژنامه‌ش شێوازی ئه‌ده‌بی گۆڕی. ئهلتابعی تێترنجان و ڕسته‌ی درێژ و دووباره‌كردنه‌وه‌ی كه‌مكرده‌وه، پێیوابوو شێوازی جاحز بۆ سه‌رده‌می جاحز بوو، ئهفسوناویش بوو.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، چوار شه‌ممه، 22 ئه‌یلول، 2021