ئۆتیزم و وێنەکێشان
,

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی تر لە کتێبە باش و دانسقەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (ئۆتیزم و وێنەکێشان) بابەتی ئەم کتێبە دەروونناسییە، هاوکات هونەرییشە، چونکە لە ڕێگەی هونەری وێنەکێشانەوە ڕێنمایی کەسانێک دەکات کە دووچاری نەخۆشی ئۆتیزم بوون، نووسەری ئەم کتێبە، پسپۆڕێکی تایبەت و بەئەزموون و قاڵبووی ئەو بوارەیە (عومەر ڕەسوڵ) لەم کتێبەدا بە شێوەیەکی ورد باس لە نەخۆشی ئۆتیزم، هۆکار و نیشانەکانی، گرنگیی وێنەکێسان و وێنەکێسان و پەیوەندیی بە دەستنیشانکردنەوە دەکات.

عومەر ڕەسوڵ، وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات، ماوەی چوار ساڵە لە مەڵبەندێکی چالاکیی هونەریدا لە هۆڵندا کار دەکات، ئەم پسپۆڕە زۆربەی کاتەکانی لەگەڵ ئۆتیزمی گەورەدایە و کەمتر لەگەڵ منداڵدا، عومەر ڕەسوڵ نایشارێتەوە کە ئەوەی خۆی لە کاتی ئیشکردندندا لەگەڵیاندا ڕووبەڕووی بووەتەوە و بینیویەتی، ئەو نەخۆشان زۆر خۆشەویستییان بۆ بۆ وێنەکێسان هەیە: هەموو ڕۆژێک دەبێت لەسەر ئەو کورسییە دابنیشن کە ڕۆژانی تر لەسەری دانیشتوون، دەبێت ڕۆژانە پڕۆگرامەکەیان بۆ دووبارە بکەمەوە، هەندێکیان حەزیان بە گوێگرتن لە مۆسیقایە لە کاتی وێنەکێشاندا.

هاوکات نووسەری ئەم کتێبە چەندین وێنەی خۆی لەگەڵ نەخۆشەکاندا داناوە لە کاتی وێنەکێشاندا و چاودێرییان دەکات، بەپێی زانیارییەکانی ئەم پسپۆڕە کوردەی دانیشتووی وڵاتی  هۆڵندا، سەبارەت بە وێنەکێشان و پەیوەندیی بە دەستنیشانکردنی ئۆتیزمەوە، ڕایدەگەیەنێت کە لە وۆڵندا بۆ یەکەم جار لە لایەن خاتوو سۆنیا ئەمێنداوە، لە ساڵی ٢٠٠٢ دا توێژینەوەیەک لەسەر چاند منداڵیکی ئاسایی و چەند منداڵێکی ئۆتیزم کرا، توێژینەوەکەی ڕۆڵێکی گرنگی بینی وەک بەشێک لە بەشەکانی تردا بۆ دەستنیشانکردنی ئۆتیزم: توێژینەوەکە بریتیبوو لە بەکارهێنانی پەڕەیەکی سپی کە وێنەی خانوویەک لە ناوەڕاستەکەیدا کێشراوە، داوا لە منداڵەکە دەکرێت خانووەکە تەواو بکات، دوای تەواوکردنی، چەند فۆڕمێکی تایبەت بەو زانیاریانەی پێویستن، پڕدەکرێتەوە.

عومەر ڕەسوڵ لەم کتێبەدا جوخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە: لەبەر ئەوەی خانوو هێمایە بۆ هەستکردنی مرۆڤ بە ئارامی، خاتوو سۆنیا هەڵیبژارد، چونکە خانوو تێیدا خۆشەویستی وەردەگرێت، لە سەروو هەموشیانەوە پەیوەندیی خێزانی تێدایە، خانوو لای هەموو منداڵێک ئاشکرایە و ئاسانە.

بابەتەکانی نێو دوتوێی کتێبی (ئۆتیزم و وێنەکێشان) بریتین لە: ئۆتیزم (خودتەنیایی)چییە، هۆکارەکانی ئۆتیزم، نیشانەکانی ئۆتیزم بە گشتی، شێوەکانی ئۆتیزم، دەستنیشانکردنی منداڵی ئۆتیزم، خودتەنیایی و پەیوەندیی بە وێنەکێشانەوە، گرنگیی وێنەکێسان لای ئۆتیزم، وێنەکێشان و پەیوەندیی بە دەستنیشانکردنی ئۆتیزمەوە، ڕۆڵ و کاریگەریی وێنەکێسان لەسەر ئۆتیزم، کارکردنم لەگەڵ ئۆتیزمدا.

لە پیشەکییەکی کورتی کتێبەکەیدا، عومەر ڕەسوڵ باس لەوە دەکات کە جیهانی ئۆتیزم پانتاییەکی فرە فراوان و مەزنە، پڕە لە میهرەبانی و ڕاستگۆیی و بەرائەت، بەداخەوە نەتوانراوە تاکو ئێستا زۆر لە هۆکارەکانی بەتەواوی درکیان پێ بکرێت مرۆڤ لێیان شارەزا بێت: کەواتە بۆ تێگەیشتن لە ئۆتیزم و هەبوونی زانیاری دەربارەی، پێویستمان بە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا هەیە، کە بتوانن ڕێنماییەکانمان بە بەڵگە و چارەسەرەوە بدەنێ و کەسی ئۆتیزم و کەسوکارەکەی دڵخۆش بکەن،

نووسەری کتێبی (ئۆتیزم و وێنەکێشان) جەخت دەکاتەوە کە ئەم بوارە زۆر چڕ و فراوانە، کاتێک دەچیتە ناو جیهانەکەیەوە، دەبێت زۆر بە وریایی و پسپۆڕی کاری تێدا بکەیت، تا بتوانی بە ڕێکوپێکی و بێ گرفت و کمترین هەڵە مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت.

لە بەشی جۆتیزم جودتەنیایی چییە دا، نووسەر بەم شێوەیە پێناسەی دەکات: ئۆتیزم و حاڵەتێکە ناسراوە بە نیشانەکانی و نەناسراوە بە هۆکارەکانی، واتە نیشانەکانی ئۆتیزم ئاشکرا و ڕوون، بەڵام هۆکارەکانی تا ئێستاس گەڕان بەدوایاند بەردەوامە بۆ ئەوەی بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو و باش بە دەستەوە هەبێت، بەڵام هێشتا هەر وەک مەتەڵ وایە.

بە بۆچوونی عومەر ڕەسوڵ، خودتەنیایی نەخۆشی نییە، ئەو کەسانەی دووجاری ئەم حاڵەتە دەبن، دایک و باوکیان یەکەم کەسن هەستیان پێ دەکەن و منداڵەکانیان جیاواز لە منداڵەکانی تر دەبینن و بەراوردی منداڵی تری دەکەن: ئەویش بەو هەڵسوکەوتەی منداڵەکانیان دەیکەن، خودتەنیایی لە ئەنجامی کەم نەشونماکردن و تێکچوونی مێشکەوە دروست دەبێت، بیرکۆڵییە لە ژیریدا، نەک نەخۆشی، ئەو کەسەی ئۆتیزمی هەیە، گرفتی لە وەرگرتنی زانیاری و کارپێکردنی و شیکردنەوەی و هەڵسەنگاندنیاندا هەیە.

سەبارەت بە نیشانەکانی ئۆتیزم بە گشتی، عومەر ڕەسوڵ چەند خاڵێکی دەستنیشانکردووە و باسی کردوون، گرنگترینیان: منداڵی ئۆتیزم ناتوانێ بە ئاسانی مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵدا بکات، لە سۆز و خۆشەویستی بۆ دایکیان دوورن، یان زۆر بە کەمی هەستی پێ دەکەن، ناتوانێت بۆ ماوەیەکی دیایکراو سەرنج بداتە ناوچەوان و دەموجاوی کەسانی بەرامبەری و بە جوانی تەماسایان بکات، خووگرتن بە کردنەوە و داخستی دەرگا زیاد ل پێویست، درەنگ فێری قسەکردن دەبێت، ناتوانێ بە ڕێکوپێکی قسە بکات، خۆراکێک نییە بە تایبەت حەزی لێ بکەن، کە خوویان بە جۆرە خۆراکێکەوە گرت حەز دەکەن هەر ئەوە بخۆن، کاردانەوەیان نییە هەست بە خەم و خۆشی کەسانی چواردەوریان ناکەن، چاونەترسن و زۆربەی جار ئازاری خۆیان دەدەن… و چەندین هۆکاری دیکە کە نووسەر کورت  وپوخت باسی کردوون.

لە بەشێکی دیکەدا بە ناوی (خودتەنیایی و پەیوەندیی بە وێنەکێشانەوە) نووسەر باس لەوە دەکات کە وێنەکێشان هۆیەکە بۆ پەیوەندیکردن بە کەسانی چواردەورەوە، زمانێکە هەموو کەس لێی تێدەگات، هۆیەکە بۆ هەستکردن بە ئاسایش: گەر بگەڕێینەوە بۆ وێنەی ئەو ئاژڵانەی لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان کێشراون، دوای سەیرکردن و سەرنجێکی زۆر، بە وردی بۆیان  دەرکەوتووە کەسانێ ئەو وێنانەیان کێشاوە، هەستیان بەوە کردووە کە توانایان بەسەر ئەو ئاژەڵانەدا هەیە و لێیان ناترسن: هەر لەم ڕوانگەیەوە، دەتوانم بڵێم وێنەکێشان بۆ خودتەنیایی زۆر گرنگە، کە لە ڕێگەیەوە هەست بە تەنیایی بکەن و ئارامییان بۆ بگەڕێتەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر بیکەن…هاوکات نموونەی یەکێک لە باشترین زاناکان دەهێنێتەوە بە ناوی (فلورەنس جودانف) کە ساڵی ١٩٢٦ توانیی ڕادەی زیرەکی منداڵ بە ڕێگەی وێنەکێشان بدۆزێتەوە.

لە بەشی گرنگیی وێنەکێشان لە لای ئۆتیزم، نووسەر بۆمان دەگێڕێتەوە کە لە کەسێکی ئۆتیزمیان پرسیوە چۆن بیر دەکەیتەوە؟ لە وەڵامدا ئۆتیزمەکە گوتویەتی من بە وێنە بیر دەکەمەوە، بە پلەی یەکەم وێنە زمانمە، وشە پلەی دووەمە، هەروەها وتویەتی: کاتێ تۆ قسەم بۆ دەکەیت، وشەکان و قسەکان وەک فیلمێک لە مێشکمدا وەرددەگرم، وەک وشە وەریان ناگرم، لە تەمەنی دە ساڵیداوام دەزانی هەموو قوتابییەکانی چواردەورم وەک منن و ئەوانیش وشە وەک وێنە وەردەگرن.

نووسەر لەسەر بابەتە پتر دەنووسێت: بەڵگەش بۆ ئەوەی کە ئۆتیزم زیاتر بیرکردنەوەیان بە وێنەیە نموونەیەک دەهێنێتەوە، نادیە دایک و باوکی ئۆکرانییە، ئێتا لە بەریتانیا دەژین، نادیە کە تەمەنی سێ ساڵ بوو، هیچ وشەیەک فێر نەبووبوو بە کارت بهێنێ، بەڵام ئەوەی کە ناچێتە بیری هیچ کەسێکەوە، ئەوە بوو توانیی لەو تەمەنەدا وێنە بکێشێت،  دەڵێیت ئەمانە کەسێک کێشاونی کە چەندین ساڵە شارەزایی لە هونەری شێوەکاریدا هەیە، بەڵام هی نادیەن. هاوکات کۆمەڵێک لەو وێنانەی داناوە کە نادیە کێشاونی و لێدوانی لەسەر وێنەکانیان وەک بەرچاوڕوونییەک داوە، وێنەکان وێنەی مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و پەلەورن، بەڵام شێوەی ڕوخسار و دەموچاویان نەکێشراوە، عومەر ڕەسوڵ پێی وایە کە ئۆتیزم ناتوانن دەموچاو وەک خۆی دروس بکەن.

هاوکات لە ڕۆڵ و کاریگەریی وێنەکێشان لەسەر ئۆتیزم، نووسەر چەند خاڵێکی دیاری کردووە، گرنگترینیان بریتییە لە: بەکارهێنانی هەستی بینین و بەستنەوەی بە بیرکردنەوە لە ڕێگەی وێنەکێشانەوە، پەیوەندیکردن لە ڕێگەی وێنەکێشانەوە، ئەو هەموو نائارمییەی لە مێشکیدایە لە ڕیگەی پەنجەکانیەوە دەیخاتە سەر پەڕەکە، لە ڕێگەی وێنەکێسانەوە هەست بە بوونی خۆی و شتەکانی چواردەوری دەکات.

بە گشتی ئەم کتێبە لە زۆر ڕووەوە گرنگە، لە لایەکەوە باس لە یەکێک لە نەخۆشییە تایبەتەکان دەکات، لە لایەکی دیکەوە گنرگیی هونەری وێنەکێشانمان پیشان دەدات کە چۆن دەتوانیت ڕۆڵ و کاریگەریی هەبێت لەسەر کەسی ئۆتیزم و هێورکردنەوەی مێشکە جەنجاڵەکەی و چۆنێتی گوزارشتکردن لەو شتابەی لە مێشکیدا پەنگیان خواردووەتەوە، بەو هیوایەی خوێنەر سوودی لێ ببینێت و زانیارییەکانی بگەیەنێت بەو خێزان و ناوەندی فێربوون و ڕاهینان و قوتابخانانەی کە نەخۆشی ئۆتیزمیان تێدایە.

ناردن: