ڕەفیق حیلمی؛ لاپەڕەیەک لە ئەزموونی ڕووناکبیرانی کورد

ڕانانی: سەردەم

ئەم کتێبە (ڕەفیق حیلمی) لاپەڕەیەک لە ئەزموونی ڕووناکبیرانی کورد) بریتییە لە لێکۆڵێنەوەیەکی ورد سەبارەت بە یەکێک لە ڕووناکبیر و سیاسەتوان و مێژوو نووس و ئەدیبە دیارەکانی نێو مێژووی کورد، کە ئەویش (ڕەفیق حیلمی)یە، ئەم کتێبە لەلایەن نووسەر و لێکۆڵیاری دیاری کورد (فەرهاد شاکەلی)یەوە نووسراوە لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.

کتێبەکە و لێکۆڵینەوەکە بە قەبارە بچووک دیارە، بەڵام پڕە لە زانیاری گشتی سەبارەت بە ژیان و خەبات و نووسین و ڕەهەندەکانی دیکەی ڕەفیق حیلمی و هاوکات پشتئەستوور بە چەندین سەرچاوەی گرنگ، شاکەلی قووڵ و چڕ زانیارییەکانی خۆی خسۆتەڕوو، خوێنەر لەم کتێبەدا بە دیوێکی دیکە و لایەنێکی دیکەی ڕەفیق حیلمی ئاشنا دەبێت.

فەرهاد شاکەلی پێی وایە لەناو ڕووناکبیرانی سەرەتای سەدەی بیستەمی کوردستاندا، ڕەفیق حیلمی یەکێکە لە هەرە هۆشیار و وردبین و بوێر و ڕاستگۆ و دووربین و ڕەوشتبەرزەکان: من کە ئەم لایەنە چاکانە دەدەمە پاڵ کەسایەتیی ئەو پیاوە، هەر لەبەر ئەوە نییە خۆشم دەوێت و وەک نیشانەیەکی گەورەی مێژووی فەرهەنگی و سیاسی تەماشای دەکەم، بەڵکە بەرهەمەکانی، ئاکارە سیاسی و فکرییەکانی، هەڵوێستە ئەخلاقییەکانی پێم دەڵێن چ جۆرە کەسێک بووە.

بە گوتەی لێکۆڵیار، ئێمە کە ئەمڕۆ ژیان و بیر و هەڵوێستەکانی ڕەفیق حیلمی دەخوێنینەوە، نموونەی ڕووناکبیرێک لە بیرماندا دروست دەبێت کە بە ئەوپەڕی دڵسۆزییەوە هەوڵیداوە بۆ بەرزی و پێشکەوتنی نەتەوەیەک و سەربەخۆیی  وئازادیی نیشتمانەکەی، حیلمی، وەک وەک زۆر ڕووناکبیری ئەوسا و ئێستایش، ناچاربووە هەموو ڕێگەکان و هەموو بوارەکان تاقی بکاتەوە.

سادەترین پێناسی سیستەمی فیکری و ئیدیۆلۆگی ڕەفیق حیلمی ئەوەیە کە بڵێین کوردێکی ناسیۆنالیست بووە، ئەگەرچی بە هۆی ئەو هەموو نموونە ڕەشانەی ناسیۆنالیزمەوە لەم سەردەمەدا، بە تایبەتی لە سەدەی بیستەمدا، زۆرجار زاراواەی نیشتنمانپەروەر، باشتر نوێنەرایەتی ئەو بیرە دەکات، ڕەفیق حیلمی بۆ ئەوە خەباتی دەکرد کە نەتەوەی کورد ببێتە خاوەنی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی، دەوڵەتی نەتەوایەتی خۆی دروست بکات لەسەر خاکی نیشتمانەکەی خۆی.

فەرهاد شاکەلی لەم لێکۆڵینەوە کورت  وپوختەی خۆیدا، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە ڕەفیق حیلمی تا ڕادەی عەشق و تا ڕادەی دەروێشی، شێخ مەحموودی حەفیدی خۆش دەویست و وەک ڕێبەر و سەرکردەیەک دەیبینی، کە بتوانێت نەتەوەکی بگەیەنێتە ئامانجە سیاسییە بەرزەکا، بە خۆشویستنی شێخ موحموود، ڕەفیق حیلمی بەرجەستەبوونیپڕۆژەیەکی سیاسی ونەتەوایەتی لە ئاستێکی تاکەکەسییەوە بەرز دەکردەوە بۆ ئاستێکی فکری و مێژوویی، سەرەتای سەدەی بیستەم هێشتا هێشتا سەردەمی پاڵەوانە نەتەوایەتی و سەرکردە مێژووکردەکان (یا مێژووسازەکان) بوو، ئەوانەی بە وردەکارییەکانی کاریزمایەکی ورشەدار تیشکهاوێژ دەبوونە جێگرەوەی فەلسەفە و ئیدۆلۆگی و بەرنامەی سیاسی.

شاکەلی بۆمان دەگێڕێتەوە: لەو ماوەیەدا کە شێخ مەحموود دوورخرابووەوە بۆ زیندانەکانی دوڕگەی ئەندامان، ڕەفیق حیلمی تووشی دوو هەڵوێست دەبێت کە نیشانەی ڕاڕایی و دوودڵییان پێوە دیارە، ئینگلیزەکان دەیانەوێت کەسێکیان دەست بکەوێت لە جێگەی شێخ مەحموودی دابنێن و بتوانن بە هۆی ئەوەوە کوردستان ببەن بە ڕێوە، بەڵام هاوکاتیش ئەوان نەیاندەویست شێخ مەحموودێکی دیکە بۆ خۆیان دروست بکەن، ئینگیز کەسێکی دەویست خزمەتی ئامانجەکانی ئەوان بکات، نەک خزمەتی کورد، یەکەم کەس بۆ ئەم نەخشە هەڵیانبژارد، حەمدی بەگی بابان بوو.

ڕەفیق حیلمی بە شێوەیەکی زۆر جوان و ورد و ژیرانە لە یادداشتەکانیدا وێنەی حەمدی بەگی بابان دەکێشێت و دەیسەلمێنێت کە پیاوی ئەوە نەبووە ببێتە سەرکردەی کورد، لایەنەی لاوازەکانی کسێتی حەمدی بەگ زۆر لەوەیش زیاتر بوون کە بکرێت لەگەڵ شێخ مەحمووددا تەنانەت بەراوردیش بکرێت.

فەرهاد شاکەلی لە لێکۆڵینەوەکەیدا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا کە شێخ مەحموود لە کوردستان دوورخرابووەوە، دوو گۆڕان یان دوو گەشەکردن لە فکر  و بیرکردنەوەی سیاسی ڕەفیق حیلمیدا ڕوودەدەن: پشتگیری خەباتی ڕزگاریخوازنەی گەلی تورکیا بە سەرکردایەتی مستەفا کەمال وهاودەردییەکی تەواو لەگەڵ شۆڕشی بیستی گەلی عێراقدا دژی ئینگلیزەکان.

شاکەلی لەم کتێبەدا زانیاری پتر بە خوێنەر دەدات و دەڵێت: ڕەفیق حیلمی دوای ئەوەی لە بەندیخانەی ئینگلیزەکان لە کۆیە ئازاد دەبێت، ماوەیەک لە سلێمانی دەبێت و پاشان ڕوو دەکاتە بەغدا، کە شۆڕشی بیست هەڵدەگیرسێت، ئەو لە زۆربەی کۆبوونەوە سیاسی و ئەدەبییەکانی بەغداددا ئادە دەبێت، ئەم کۆبوونەوانە وتارت گەرم و ئاگرینی ڕێبەرە سیاسییەکان و شیعری شۆڕشگێڕانەی شاعیران هەستی نەتەوایەتی حیلمی بە قووڵی دەبزوێنن و هۆشیارییەکی سیاسیی فراوانتری پێ دەبەخشن، بیری هاوکاری نێوان شۆڕشگێڕ و ڕووناکبیر و ئازادیخوازانی کورد و عەرەب بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئینگلیزی داگیرکار، بەرهەمێکی ئاشکرای ئەم ئەزموونەی حیلمییە.

فەرهاد شاکەلی دەڵێت: ڕەفیق حیلمی ئەوە ناسارێتەوە کە ئەو، وەک پاڵەوانێکی ڕزگاریخواز و سەرکردەیەکی ژیر و لێهاتوو تەماشای مەستەفا کەمالی کردووە، لەبارەی تەکتیک و فێڵەکانی مستەفا کەمالەوە دەنووسێت: گورگە بۆر (مستەفا کەمال) هەر وەکو لە ناوچەی شەڕی سەربەخۆییی وڵاتا یاریی بە کەللەی دوژمن دەکرد، لە ناوچەی سیاسەتیش توانیی کە یاریی بە عەقڵی کورد بکات.

ئەم بیری سەرکردەیە تا ماوەیەکی دوورودرێژ لە ژیان و فکر و بیرکردنەوەی ڕەفیق حیلمیدا کارکردێکی زۆری هەبوو، بەڵام ڕەفیق حیلمی دواتر زۆر ژیرانە و بوێرانە پێ لەوە دەنێت کە ئەو هەڵوێستەی هەڵە بووە.

هەر لەم لێکۆڵینەوەی نووسەر و ڕووناکبیر (فەرهاد شاکەلی)دا، بەو دەرەنجامە دەگەین کە بەشداریی ڕەفیق حیلمی کە ڕووداوەکانی سەردەمی دووەنی حکومڕانی شێخ مەحمووددا لە پلەی جیاواز و بەرەی جۆراوجۆردا بوو، ئەو لە کاتێکدا بە ڕەسمی جێگری وەزیری پەروەردە بوو، بەڵام سەرنووسەری ڕۆژنامەی (بانگی کوردستان) و دواتریش (ئومێدی ئیستقلال) بوو، لە ژیانی ڕۆژانەیشدا مامۆستای ماتماتیک و ئەدەبی تورکی بوول ە خوێندنگەی ئامادەییدا و هاوکاتیش شێخ مەحموود کردبووی بە ڕاوێژکاری خۆی و بەشێکی زۆری ئەو نامانەی دەیناردن، ڕەفیق حیلمی دەینووسین.

ڕەفیق ساڵەح عەبدوڵڵا، ناسراو بە (ڕەفیق حیلمی) لە ساڵی 1898 لە شاری كەركووك لە دایكبووە، خوێندنی لە سلێمانی‌و بەغداد تەواو كردووە، دەچێتە ئەستەنبوڵ‌و لە كۆلێژی سوپایی وەردەگیرێت، لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەكەمدا دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی‌و دوای جەنگ دەگەڕێتەوە بۆ توركیا بۆ خوێندنی ئەندازیاری‌و ساڵی 1920 تەواوی دەكات.

لە ئازاری ساڵی 1921 دەبێتە مامۆستا و هەر لەو دەمەشدا لە ڕۆژنامەی(ڕۆژی كوردستان) بە توركی وتار بڵاودەكاتەوە، لە كابینەی دووەمی حكوومەتەكەیدا كە لە تشرینی یەكەمی 1922 دایمەزراندووە، شێخ مەحمود كردوویەتی بە ڕاوێژكاری سیاسی خۆی، لە تەمووزی ساڵی 1943 دەبێتە سەرپەرشتیار لە پەروەردەی سلێمانی، دوو ساڵ دواتر دەبێتە بەڕێوەبەری پەروەردە لە شاری بەسرە.

ئەو لە پاش جەنگی جیهانیی یەكەمەوە تا سەرهەڵدانی جەنگی جیهانیی دووەم، بەشداریی لە دروستبوونی چەند كۆمەڵەو ڕیكخراوی جۆراو جۆردا دەكات لەوانە (كۆمەڵەی كوردستان ساڵی 1922- كۆمەڵەی پشتیوانی كوردان لە ساڵی 1927- حیزبی هیوا لە ساڵی 1939)

ڕەفیق حیلمی، جگە لەوتار و نووسینی ڕۆژنامەوانی، لە بواری نووسینیشدا خاوەنی ئەم كتێبانەیە:

یەك: كورد لە بەرەبەیانی مێژووەوە تا ساڵی 1920.

دوو: خولاسەی مەسەلەی كورد.

سێ: شیعرو ئەدەبیاتی كوردی، دوو بەشە.

چوار: یاداشتەكانی بە ناوی كوردستانی عێراق‌و شۆڕشەكانی شێخ مەحمود، شەش بەشە.

پێنج: پاش تەممووز، دیوانی شیعر.

شەش: لێكۆڵینەوە لە شیعری كوردی، نووسینی لویس بول ماركریت، وەرگێڕانی ڕەفیق حیلمی.

حەوت: لێكۆڵینەوە لە ئەدەبی كوردی هاوچەرخ، نووسینی لویس بول، وەرگێڕانی ڕەفیق حیلمی.

بە کورتی ڕەفیق حیلمی، خەباتگێڕێکی دیاری سەدەی بیستەم بوو، نووسەر، وەرگێڕ، سیاستەمەدار و ڕۆشنبیر بوو، یەکێک بوو لە کەسایەتییە پایەبەرزەکانی کورد. هاوکارێکی باشی شێخ مەحموودی حەفید بووە، سکرتێر، یاوەر و وەرگێڕ ڕۆڵی بینیوە، ئینگلیزی، فەڕەنسی، تورکی و فارسی زانیوە، پلەی وەزیفیی مامۆستایی تا موفەتیشی بڕیوە،

ناردن: