٢٧٢ نامه‌ی خۆشه‌ویستی له پۆل ئێلواره‌وه بۆ گالا-ی خۆشه‌ویستی
كتێبێكی نوێ ئاشكرای ده‌كات بۆچی پۆل ئێلوار نامه‌كانی دڕاندووه، كه‌چی گالا نامه‌كانی پاراستووه.
نووسینی: مو‌سا ئه‌لخمیسی
وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
له كۆتا ساڵه‌كانی ژیانی شاعیری فه‌ره‌نسی پۆل ئیلوار 1895- 1952، نامه‌كانی بۆ گالا-ی خۆشه‌ویستی كه‌بوونه‌وه. ئێلوار پێیوابوو گالا “تاقه ڕووناكییه” له ژیانیدا و له نامه‌كانیدا پێی ده‌ڵێت: “ئێمه به ته‌واوه‌تی له‌یه‌كتر جیانه‌بووینه‌ته‌وه”، ئه‌مه له كاتێكدا بوو گالا، نزیكه‌ی بیست ساڵێك ده‌بوو پۆل ئێلواری به‌جێهێشتبوو.
ئێلوار له نامه‌كانی كۆتایدا بۆی ده‌نووسێت: “پێویسته هیچ شوێنه‌وارێك بۆ په‌یوه‌ندییه گهرموگوڕهكهمان به‌جێنه‌هێڵین، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، بڕیارمدا سه‌رجه‌م نامه‌كانت بدڕێنم”. كه‌چی گالا كه له ساڵی 1929وه، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وێنه‌كێشی سوریالی سلفادۆر دالی به‌ستبوو، كۆی ئه‌و نامانه‌ی بۆ ئێلوار نووسیبووی، هه‌ر هه‌مووی هه‌ڵگرتبوو، نامه‌كان دوای مردنی گالا له ساڵی 1982، وه‌ك میرات بۆ كچه‌كه‌ی مابوونه‌وه، ئه‌م كچه‌ی گالا له ئێلوار بوو. ده‌زگای چاپ و وه‌شاندنی “ئاناودی”ی ئیتالی، ئه‌م نامانه‌ی وه‌رگێڕاوه و له كتێبێكدا كه نزیكه‌ی 272 نامه‌ی خۆشه‌ویستی له‌خۆگرتووه، بڵاوكردووه‌ته‌وه. كتێبه‌كه به‌هایه‌كی به‌ڵگه‌نامه‌یی هه‌یه، ته‌نانه‌ت باس له قۆناغێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی مێژووی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب ده‌كات له فه‌ره‌نسا.
ئیلوار وه‌ك ئه‌وه‌ی زانراوه، له ناوه‌ندی جووڵانه‌وه‌ی سوریالی فه‌ره‌نسی بوو، په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵی له‌گه‌ڵ وێنه‌كێشه‌كانی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی هه‌بوو، له نمونه‌ی ماكس ئارنێست، بیكاسۆ، بریتۆن و ئه‌وانی دیكه. گرنگی و بایه‌خی نامه‌كانی ئا لێره‌وه دێت كه تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌و قۆناغه به‌پیته و هاوسه‌رده‌مه گه‌وره‌كانی. به‌ڵام خۆشه‌ویستی ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی نامهكانییهتی، ئێلوار نامه‌كانی به شێوازه په‌خشانئامێزه جوانه‌كه‌ی نووسیوه. له یه‌كێك له نامه‌كانیدا كه ساڵی 1929 نووسیویه‌تی ده‌ڵێت: “لێره ژیان نییه، ته‌نها خۆشه‌ویستی هه‌یه. بێ خۆشه‌ویستی، هه‌مو شتێك، بۆ هه‌تا هه‌تایه ونده‌بێت”. دێڕی نامه‌كانی، هه‌ڵگری ئه‌و تۆنهن كه نزیكه له هه‌ستكردن به نائومێدی و دڵته‌نگی و خه‌مۆكیی. وه‌ك بڵێت قسه له‌گه‌ڵ بۆشایی نێوان ئه‌رز و ئاسمان ده‌كات و هه‌وڵده‌دات له ڕێگه‌ی نووسینه‌وه، زاڵ بێت به‌سه‌ر له‌ده‌ستدانی گالا دا كه هه‌میشه به كراوه‌یی و به بێ وه‌ڵام ده‌مێنێته‌وه. چونكه وه‌ك دیاره، به ڕاستی هه‌مو نامه‌كانی گالای دڕاندووه، ته‌نها ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌می نامه نه‌بێت؛ كه گالا له ساڵی 1916 و له‌كاتی یه‌كه‌م یهكترناسینیاندا بۆی ناردووه. ئه‌م نامانه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زمانێكی تابڵێی ده‌وڵه‌مه‌نده و پڕن له گوزارشتی گه‌رموگوڕ
له ساڵی 1912، پۆل ئێلوار كه ته‌مه‌نی ته‌نها 17 ساڵ بوو، له نه‌خۆشخانه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كانی سنگ له سویسرا، كچی خێزانێكی خانه‌دانی ڕوسی به ناوی “ئیلینا دیاگۆنۆڤا” ده‌ناسێت، له‌و كاته‌وه په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی له نێوان هه‌ر دووكیاندا دروست ده‌بێت و به هاوسه‌رگیری له ساڵی 1917 كۆتایی پێدێت. ئێلوار دوای ماوه‌یه‌ك، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێیوابووه، ڕۆژێك له ڕۆژان، گالا له‌ده‌ست ده‌دا، هه‌ستكردن به ترس و ناخۆشی و ناڕه‌حه‌تی دایده‌گرێت و به گالا ده‌ڵێت: “ده‌ستی خۆشه‌ویستیم بۆ درێژكه، ئه‌گه‌ر پێتخۆشه چیژ له ئازادییهكهت وه‌ربگره، ئه‌م ئازادییه كه من ده‌مه‌وێت پێتببه‌خشم و پێشتر كه‌س بوێری شتێكی له‌و جۆره‌ی نه‌كردووه”. كه‌چی گالا ئه‌و هه‌ستانه‌ی ئێلواری به‌رجه‌سته كرد و كردی به واقعێك كه هه‌میشه ئێلوار لێی ترساوه. گالا به درێژایی چه‌ندین مانگی دوور و درێژ، له سویسرا لای یه‌كێك له كه‌سه‌كان ده‌مێنێته‌وه و نایه‌وێت هاوسه‌ره‌كه‌ی ببینێت.
ئێلوار له‌و ماوه‌یه‌دا، نامه‌ی دڵداری بۆ گالا نووسیوه، نامه‌كان ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێلوار بووه له‌گه‌ڵ ژنان و ڕۆشتنی بووه بۆ هۆڵه‌كانی ئه‌و سینه‌مایانه‌ی فیلمه “ڕووته‌كان/ اباحیة” نمایش ده‌كه‌ن. ئیلوار پێیوابووه ئه‌وه ته‌نها قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌یه‌ك بووه بۆ خۆشه‌ویستییه گه‌وره‌كه‌ی بۆ گالا. ئه‌و فیلمانه‌ی ناو ناوه به “هونه‌ری وه‌حشی” و بانگهێشتی هاوسه‌ره‌كه‌ی كردووه، له‌گه‌ڵیدا به‌شداربێت له بینینی ئه‌م هونه‌ره. به‌ڵام ڕه‌خنه‌گران، پێیانوایه ئه‌م نامانه، ده‌رچوونه له نه‌ریتی بۆرجوازییه‌ت كه له‌و ڕۆژگاره‌دا باو بووه. نامه‌كان خه‌سڵه‌تێكی تایبه‌تمه‌ندی هه‌بووه، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ش كه له چوارچێوه‌ی ناوه‌نده هونه‌رییه‌كه‌دا هه‌بووه. هه‌ندێكی دیكه پێیانوایه، ئه‌گه‌ر ئه‌م خۆشه‌ویستییه غیره‌ی له‌گه‌ڵدا بوایه، ئه‌وا چاره‌نووسێكی درامی به‌خۆیه‌وه ده‌بینی، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی گالا بۆ دواجار له‌گه‌ڵ سلفادۆر دالی ڕۆشت و ئێلواری به تاقی ته‌نها به‌جێهێشت.
نامه‌كان سه‌ر ده‌كێشن بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر شه‌پۆلی سوریالییه‌ت و ئه‌و وێنهكێشانهی هاوده‌می ئێلوار بوون. هه‌روه‌ها نامه‌كان باس له‌و كێشه زۆرانه ده‌كه‌ن كه ئێلوار له‌گه‌ڵ هاوسه‌رده‌مه‌كانی دیكه‌دا هه‌یبووه. هه‌ر بۆ نمونه، ئێلوار له نامه‌كانیدا به “ماكس ئارنێست” ده‌ڵێ “به‌راز”، ئه‌مه ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه بووه، جارێك له ماڵی ڕابه‌ری سوریالییه‌ت “ئه‌ندرێ بریتۆن”، له‌گه‌ڵ ئارنێست ناكۆك بووه و بۆكسێكی به‌هێزی كێشاوه به هه‌ر هه‌ردوو چاویدا و بۆ ڕۆژی دوایی، چاوه‌كانی ئارنێست ببون به خه‌رمانه‌یه‌كی ڕه‌نگ شین. ئێلوار له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: “چاوه‌كانی زۆر قێزه‌ون دیاربوون، بیهێنه پێش چاوی خۆت، شاعیرێكی وه‌ك من، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌یدا، ناچار ده‌بێت ئامرازه‌كانی یاریزانانی بۆكسێن به‌كاربێنێت”.
ئێلوار پێیوابوو ئارنێست، یه‌كێكه له ڕابه‌رانی قوتابخانه‌ی دادایی و یه‌كێكه له گرنگترین وخۆشه‌ویسترین هاوڕێكانی… “به‌ڵام له‌مڕۆوه چیتر بۆ ئه‌به‌د نایبینم”. وه‌لێ دوای ماوه‌یه‌ك، ئێلوار له‌گه‌ڵ بریتۆن و ئارنێست، پێكه‌وه ده‌ڕۆن بۆ بینینی كردنه‌وه‌ی شانۆنمهی (هێلینیای شۆخ). هه‌رچی گالا بوو، كه زۆر به ته‌حه‌فوزه‌وه هه‌مو وشه‌كانی ده‌نووسی، ساڵی 1935 هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ سلفادۆر دالی ده‌كات. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه وا ده‌كات ئێلوار-یش لای خۆیه‌وه هاوسه‌رگیری بكات. سلفادۆر دالی له‌و ڕۆژگاره‌دا، هه‌مو ئه‌و توحفه هونه‌رییه گرانبه‌هایانه‌ی هه‌بوو كه ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ شارستانییه‌ته سه‌ره‌تاییه كۆنه‌كان. هه‌روه‌ها تابلۆ هونه‌رییه‌كان و كارته كۆنه‌كانی پۆسته/ به‌رید-ی هه‌بوو. ئێلورا له نامه‌یه‌كیدا بۆ گالا، باس له‌وه ده‌كات ئه‌گه‌ر سلفادۆر دالی بمرێت یان له پڕێكدا شێت بوو، ئه‌وا تۆ هیچ دهرامهتێكت نابێت له‌سه‌ری بژیت، چونكه باوكی دالی، هه‌مو شتێكی به میرات بۆ ده‌مێنێته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و تابلۆیانه‌ش كه پێشكه‌شی تۆی كردووه… بیهێنه به‌رچاوی خۆت، ئه‌وه چ بیرۆكه‌یه‌كی بێزراوه…
به‌ڵام ئێلوار پێیوانه‌بوو دالی شێت/ مجنون بێت، بگره به پێچه‌وانه‌وه، وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك و كه‌سێك ڕێزی لێده‌گرت و شیعرێكیشی بۆ نووسیوه. جارێكیان له نهخۆشخانهكهیهوه، نامه‌یه‌ك بۆ سلفادۆر دالی ڕه‌وانه ده‌كات، داوای لێده‌كات هه‌ندێك له هێڵكارییه‌كانی خۆی بۆ بنێرێت، تاكو بۆ ماوه‌یه‌ك له ده‌ست پێداگریی په‌رستاره‌كان ڕزگاری بكات. هه‌رچه‌نده دالی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ گالا هه‌بووه و هه‌ڵوێسته‌كانی له میانه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانی و به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌رباره‌ی ژیان، هه‌ڵوێستگه‌لێكی دۆگمایی بووه. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئێلوار، دالی “چۆن بووه/ كما هو” ئاوا قبوڵی كردووه. ئه‌گه‌رچی دالی له شیعره‌كانی ئێلوار تێنه‌ده‌گه‌یشت، به‌ڵام هه‌ر وه‌ك ئه‌و هاوڕێیه ده‌مێنێته‌وه كه خۆی و رۆحی، به ڕووت و قووتی، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌یه و بێ میكیاج، ده‌ناسێنێت. دالی ئه‌و مرۆڤه‌یه كه ناكرێت ببێت به دوژمن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندیشی به گالاوه بێت “تاقه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ئێلوار”، ئێلوار به درێژایی ژیانی وه‌ك وه‌فادارێك بۆ دالی مایه‌وه.
پۆل ئێلوار له‌گه‌ڵ ئاراگۆن-ی شاعیر و ئه‌وانی دیكه، یه‌كێكه له دامه‌زرێنه‌رانی ئاقاری ئه‌ده‌بی سوریالی له فه‌ره‌نسا. به‌ڵام دواتر ناكۆكی ده‌كه‌وێته نێوان ئێلوار و ئه‌م گروپه و له ساڵی 1938 دا، به ته‌واوی لێیان جیاده‌بێته‌وه. پۆل ئێلوار له ته‌مه‌نێكی زووه‌وه ده‌ستی به نووسینی شیعر كردووه، ساڵی 1913 له ته‌مه‌نی هه‌ژده ساڵیدا، یه‌كه‌م شیعری بڵاوكردووه‌ته‌وه. چامه‌كه‌ی “ئه‌ی ئازادی ناوت ده‌نووسم/ أكتب اسمك أیتها الحریة”، وه‌ك سرودێكی جیهانی لێی ده‌ڕوانرێت و ئیلهامبه‌خشی هه‌مو ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌یه كه له پێناو ئازادی و ئاشتی له جیهاندا خه‌بات ده‌كه‌ن. ئه‌م چامه‌یه بۆ زۆرێك له زمانه‌كان وه‌رگێڕدراوه. له‌وانه زمانی عه‌ره‌بی.
تایبه‌تمه‌ندی شێوازی شیعری ئێلوار، له‌وه‌دایه شیعره‌كانی كورت و چڕن، شیعره‌كانی ناوه‌رۆكێكی مرۆییان هه‌یه كه پڕ پڕه له هه‌ست و سۆزی خۆشه‌ویستی و ناسكی و حه‌ماسه‌تی تێكۆشه‌رانه. شیعری خستبووه خزمه‌ت سه‌ركه‌وتنی به‌رهه‌ڵستكارانی وڵاته‌كه‌ی فه‌ره‌نسا، له‌و ڕۆژانه‌ی كه فه‌ره‌نسا له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیای نازی داگیر كرابوو. هه‌روه‌ها شیعری بۆ به‌رگریكردن له نه‌دار و چه‌وساوه‌كان به‌كارده‌هێنا، نه‌فره‌تی له جه‌نگ و هه‌ڵگیرسێنه‌رانی جه‌نگ ده‌كرد، نه‌فره‌تی له هه‌مو ئه‌و نه‌هامه‌تی و وێرانكارییه ده‌كرد كه جه‌نگ له‌دوای خۆیه‌وه به‌جێیده‌هێشت.
به‌ناوبانگترین شیعری كه بۆ به‌نه‌مر ڕاگرتنی به‌رهه‌ڵستكاریی نووسیویه‌تی، شیعری “كابرییل بیری”یه.
پیاوێك مرد
بۆ به‌رگریكردن له‌خۆی
هیچی نه‌بوو
دوو ده‌ست نه‌بێت
كه به‌سه‌ر ژیاندا كراوه‌بوون
پیاوێك مرد
هیچ رێگایه‌كی نه‌بوو
ڕێگای قێزه‌ونی تفه‌نگه‌كان نه‌بێت
پیاوێك مرد
دژ به مه‌رگ و
دژ به له‌بیرچوونه‌وه
به‌رده‌وام بوو له تێكۆشان
هه‌مو ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یویست
ئێمه‌ش ده‌مانوویست و
ئه‌مڕۆش ده‌مانه‌وێت
به‌خته‌وه‌ریی
له چاوكان و له قووڵای دڵه‌كاندا
ڕوناكی بێت
دادپه‌روه‌ریش
له‌سه‌ر زه‌وی سه‌قامگیربێت.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، سێ شه‌ممه، 7 ئه‌یلول، 2021