بیستوشەش پیاو و ژنێک

مەکسیم گۆرکی

چیرۆک

و. لە ڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد

ئێمە بیست و شەش کەس بووین، بیست و شەش ئامێری گیانلەبەر، کە لە ناو ژێزەمینێکی شێداردا کۆکرابووینەوە و، هەر لە بەیانییەوە تائێوارە هەویرمان دەشێلا بۆ کریندێل(١) و چۆرەک دروستکردن. پەنجەرەکانی ژێرزەمینەکەمان لووتیان نابوو بەلای شیوێکی هەڵکەنراو وخشترێژکراو، کەهێندە شێی هەڵمژیبوو تا سەوزهەڵگەڕابوو. چوارچێوەی پەنجەرەکان لە دیوی دەرەوە تۆڕی ئاسنینی کون وردیلەی لێ توندکرابوو، کە ئیتر تیشکی خۆر نەیدەتوانی دزە بکاتە ئەودیوی تۆڕە کونگیراوەکە بە تۆزی ئارد. خاوەنی فڕنەکە پەنجەرەکانی بە جەمسەری ئاسن توندکردبوو تا ئێمە نەتوانین نان و ئیشی هەویر بدەین بە و سواڵکەرانەی بەرپەنجەرەکانیان پێ دەگرتین، یان ئەو هاوڕێیانەمان کە بێ کارکەوتبوون وبرسی بوون ـ خاوەن کارەکەمان بە دەستبڕ و ساختەچی ناوی دەبردین و لە بری ئەوەی بۆ نانی نیوەڕۆ گوشتمان بداتێ،  دڵ وسی وجگەری بۆگەنی دەخستە بەردەممان ـ شوێنمان لەو سندوقە بەردینە، بنمیچ نزم و دڵتەنگکەرەی بە ڕەشیی دووکەڵ و تۆزی ئارد داپۆشرابوو، تەنگ  و هەواکەشی پەنگخواردوو بوو. ژیانمان سەخت و هێڵنجبزوێن بوو لە نێو ئەو دیوارە ئەستوور و بە پەڵەی پیسی و کەڕووداپۆشراوانەدا…

ئێمە سەعات پێنجی بەیانی، بێ ئەوەی تێرخەو بووبیین، لە خەو هەڵدەستاین، ئیتر گێژووێژ و بێ هیچ پەرۆشییەک، سەعات شەش لە دەوری مێزێک کۆدەبووینەوە و دەکەوتینە  گونکبڕین، لەو هەویرەی هەندێک لە هاوکارەکانمان پێشتر، لە کاتێکدا ئێمە لە شیرین خەودابووین، ئامادەیان کرد بوو. ئیتر هەموو ڕوژەکە، تا سەعات ١٠ی شەو، هەندێکمان لە دەوری مێزەکە،  بەدەم کردنەوەی گونکەکانەوە، خۆمان ڕادەژەند، تا سڕنەبین و گیانمان نەبێت بەدار. هەندێکی ترمان لەو کاتەدا ئارد و ئاویان  تێکهەڵدەشێلا و هەویری تریان دەگرتەوە. ئاوێکی لە کوڵهاتووش لە قازانێکدا، کە کریندیلەکانی تیا دەکوڵا، بە درێژایی ڕۆژ سەرگەرمی قووڵپدانە غەمبزوێنەکەی خۆی بوو. نانپێوەدەرێکیش خاکەنازەکەی بە شێوەییەکی خێرا و توڕە بە ئاوەکەدا دەگێڕا و پارچە هەویرە کوڵاوەکانی دەردەهێنا و فڕێی دەدانە سەر خشتە داخبووەکانی فڕنەکە. هەر لە بەیانییەوە تا ئێوارەش لەلایەکی فڕنەکەدا داردەسووتا و تیشکە سوورەکەی لەسەر دیوارەکە سەمای دەکرد و حاڵی لێدەهات، وەک بڵێی بێدەنگانە بە ئێمە پێبکەنێ. فڕنە زەبەلاحەکە لە کەللەسەری شێواوی جانەوەرێکی چارەگرانی ناو داستانەکان دەچوو. وا دەهاتە بەرچاو، سەری لە زەوییەکەوە هێنابێتە دەر و گەرووی گەورە و پڕ ئاگری خۆی کردبێتەوە و هاڵاوی سووتێنەری خۆی بکات بە ڕووماندا ، لە دوو کوونی هەواوە بە سەر ڕوویەوە، کە لە دوو چاوی بەقووڵاچوویان دەکرد سەیری کارە لە کۆتانەهاتووەکەی ئێمەی دەکرد. ئەو دووکوونە بە قووڵاچووە وەک جووتێ چاوی بێبەزەیی و بێتەرخەمی جانەوەرێک بوون:  هەمیشە نیگاییەکی مۆن و پڕ تاریکیی لە ئێمە دەکرد، وەک بڵێی ماندوو بووبێت لە تێڕوانینی کۆمەڵێک کۆیلە، کە چاوەڕانی هیچ شتێکی مڕۆڤانەیان لێ نەدەکرا، تەنیا نیگایەکی سارد و سووکایەتی پێکردنێکی پڕ دانایانەی مابێت بۆیان.

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ئێمە لە نێو تۆزی ئارد و، ئەو خۆڵ و قوڕەی لەگەڵ پێڵاوەکانماندا دەمانهێنایە ژوورەوە، لە نێو هەوا چڕ و خنکاو و بۆندارەدا هەویرمان دەگرتەوە و کریندێلمان دروووست دەکرد و تێکەڵ بە ئارەقی تکاوەی ڕوخسارمان دەبوو. ئێمە ڕقێکی قووڵمان لە کارەکەی خۆمان بوو هەرگیز ئەو کریندیلانەمان نەدەخوارد کە بە دەستی خۆمان دروستمان دەکردن و پەسەندی نانی بۆرمان دەدایەوە بە سەریاندا. ئێمە، نۆ کەس بەرامبەر نۆکەس، لەمبەر و ئەوبەری مێزێکی درێژ دادەنیشتین. چەندین سەعات کارمان دەکرد، هێندە بەشێوەیەکی میکانیکی دەست و پەنجەمان دەجووڵاند، کە چیتر سەرنجی جووڵەکانی خۆمان نەدەدا. هێندە سەیری یەکترمان کردبوو کە ئیتر چرچ بە چرچی سەر ڕووخساری یەکتر شارەزابووین. شتێک نەبوو لە گەڵ یەکتریدا باسیکەین، واش لە گەڵ ئەوەدا ڕاهاتبووین، کە هەردەم قڕوقەپمان لێکردبوو، ئەگەر نەکەوتینایە شەرکردن و جنێودان بەیەکتر، چونکە هەمیشە بیانوویەک هەیە کەسێک بدەیتە بەر جنێو، بە تایبەتی ئەگەر کەسەکە هاوڕێت بێت. لێ ئێمە بە دەگمەن شەڕمان دەبوو ـ ئاخر مڕۆڤێکی نیوە مردووی، پەژموردەی، پلیشاوەی ژێر باری کارێکی سەختی سوخرەکێشی، چ بەهانەیەکی شەڕکردن لە گەڵیدا دەدات بەدەستەوە؟ بەڵام بێدەنگیی تەنیا بۆ ئەو کەسانە ترسناک و بە ئازارە کە هەرچییەکیان هەبووە گوتوویانە و هیچیان لا نەماوە بیڵێن، ئەوانەش کە هێشتا دەستیان نەکردووە بە دەڕبڕینی قسە وخواستی دڵانیان، بێدەنگیی بەلایانەوە سانا وئاسانە…

هەندێک جار گۆرانیمان دەگوت، ئەو گوڕانیگوتنەشمان ئاوا دەستی پێدەکرد: لە پڕ، لە گەرمەی کارکردنماندا، یەکێک لە کرێکارەکان هەناسەیەکی قووڵی ئەسپێکی شەکەتی دەدایەوە و بە دەنگێکی نزم دەکەوتە گورانیگوتن، یەکێک لەو گۆرانییە توولانییە، پڕ گازەندە و نیانییانەی بابەتەکانیان کەمێک لە جەخاری دڵ و گیانی کەسەکە کەمدەکەنەوە. یەکێک لە ئێمە دەستی دەکرد بە گۆرانی، ئێمەش لە سەرەتاوە بێدەنگ گوێمان بۆئەو گۆرانییە تاکدەنگە شل دەکرد، بەڵام چۆن بڵێسەی زەبوونی ئاگرێک لە پێدەشتێکدا، ئێوارەیەکی شێداری پاییز، کاتێک ئاسمان وەک ساپیتەیەکی قوڕقوشمین سەری زەمینی داپۆشیوە، خەفە دەبێ و دەکوژێتەوە،  دەنگەکەش ئاوا زوو، لەژێر بنمیچی قورسی ژێر زەمینکەدا  دەخنکا. پاش ئەوە کەسێکی تر دەچووە پاڵ کابرای یەکەم، بەو جۆرە دەنگەکان دەبوون بە دوو دەنگی نزمی پڕ پەژارە، کە بەناو هەوای گەرم و کپی ئەو چاڵە تەنگەبەرەماندا دەکەوتنە مەلە. لە پڕێکدا و هاوکات چەند دەنگێکی تر پێکەوە بۆیان دەسەندنەوە. ئیتر گۆرانییەکە وەک شەپۆل دەهەژا و تا دەهات بەرزتر و بەهێزتر دەبوو، ڕێک وەک بڵێی، بەردە شێدار و قورسەکانی ئەو زیندانە بەردینەمان پاڵبدات و بیانباتە دوواوە… هەر بیست و شەشمان دەنگمان لێ بەرز دەکردەوە: ئەو دەنگە ڕاهاتووانەی گۆرانی گووتن هەموو شوێنەکەیان پڕ دەکرد، گۆڕانییەکە شوێنی تەنگ بوو، بۆیە بەر بەردی دیوارەکان دەکەوت، دەگریا و بە ختووکەی ئازارێک ژیانی دەبەخشییەوە دڵ، کۆنە زامەکانی دەهێنایەوە سوێ و پەژارەی تیا بێداردەکردەوە. گورانیبێژەکان هەناسەیەکی قووڵ و بە ئازاریان دەدا، کەسێک لە پڕ لە گوڕانیگوتن دەکەوت و ماوەیەکی باش گوێی بۆ گوڕانی هاوڕێکانی شل دەکرد و لەپڕ دەنگی خۆی دەڕژانەوە ناو شەپۆلی هاوبەشی دەنگەکان. یەکێکی تر بە خەمبارییەکەوە هاواری دەکرد ”ئاخ!” و بە چاوی نووقاوەوە دەهاتە پاڵ گۆرانی ئەوانی تر، ڕەنگە  لە شەپۆلی بەرین و چڕی دەنگەکاندا ڕێگایەکی بەرینی، بەخۆر ڕۆشن هاتبێتە بەرچاوی، خۆی بەسەر ئەو ڕێگایەوە دیبێت و ڕەوتی بە سەرییەوە کردبێت. ئاگری ناو فڕنەکە نێڵەنێڵی بوو، خاکانەزی نانپێوەدەرەکەمان بە سەر خشتی فڕنەکەدا تەقە و خشەی دەهات، ئاوی ناو مەنجەڵەکەش قوڵپی دەدا، ڕوشنایی ئاگرەکەش لە سەماو و پێکەنینی خۆی بە سەر دیوارەکەوە نەدەکەوت … ئێمەش، بە وشەگەلی کەسانێکی نامۆ، ئازاری بێ ئامان و پەژارەی کەسگەلێکی زیندوو ولە خۆر بێبەشکراو، پەژارەی کۆیلەبوونی خۆمان دەلاواندەوە. ئیتر بەو جۆرە ئێمە، ئەو بیست شەش کەسە لە ژێرزەمینی ئەو بینا بەردینەدا دەژیاین، ژیانێکی وا سەخت دەژیاین، دەتگوت ئەو بینا سێ نهۆمییە ڕێک بە سەر شانی ئێمەوە وەستاوە.

 بەڵام جگە لەو گۆرانیانەش ئێمە خاوەنی شتێکی تری بەهاداریش بووین، شتێک کە خۆشماندەویست، ڕەنگە جێگەی خۆریشی بۆ گرتبێتینەوە. لە نهۆمی دووەمی ئەو بینایەی ئێمەی تیابووین کارگەیەکی نەخشچنین هەبوو، لە نێوان ئەو کچانەی کە لە کارگەکەدا کاریان دەکرد،  تانیای کچە دورمانکەری شانزە ساڵانیش هەبوو، کە بەردەستیشیی بۆ دەکردن. تانیا هەموو بەیانییەک دەهات و دەمووچاوە خنجیلانە سووروسپییەکەی، بە جووتێ چاوی شینی ئاسمانییەوە، دەنووساند بە شووشەی ئەو پەنجەرە بچکۆلەیەی لە ناوەڕاستی دەرگای لای داڵانەکەدا هەڵکەنرابوو و هاواری بۆ دەکردین:

ـ هێی زیندانییەکان!  کریندیلەکانم بۆ بێنن! ـ  ئیتر هەموومان ڕوومان بەلای ئەو دەنگە سازگارەدا وەردەگێڕا و بە خۆشنوودیی و دڵێکی پڕ میهرەوە سەیری ڕوخساری بێگەرد و کچانەی خاوەنەکەیمان دەکرد، کە هەر وەک بڵێی بە ڕووی ئێمەدا پێدەکەنی.

بەلامانەوە خۆش بوو سەیری لووتی پانەوەبووی سەر شووشەکە و دانە ورد و سپییەکانی بکەین کە لە ژێر لێوە ئاڵ و بە زەردەخەنە کراوەکانیادا، دەبینران. خێرا ڕامان دەکرد و دەمان کردە پاڵەپەستۆ، تا دەرگاکەی بۆ بکەینەوە. ئیتر ئەویش کەیفخۆشانە و بە دنیایەک نیانییەوە، دەهاتە ژوورەوە بۆ لامان و پێشکۆشەکەی ڕادەگرت و لە بەردەمماندا ڕادەوستا، سەری کەمێک بەلادا لاردەکردەوە و هەمووگیانی بزەی لێدەباری.

پرچە ئەستوورە کەستەناییەکەی  بەسەر شانیدا هاتبووە خوار و بە سەر سنگیدا شۆڕ ببووەوە. ئێمەی چڵکن و بۆر و ڕوخسار شێواویش هەر لە نووکی پێیەوە تا تەوقی سەری سەیرمان دەکرد و لێی ورد دەبووینەوە. لە دەرگاکەوە بەچوار پلیکانە دەهاتیتە سەر زەوی ژێرزەمینەکە، ئێمە سەرمان بەرزدەکردەوە و سەیریمان دەکرد و بەیانیباشمان لێدەکرد، هەندێ وشەی تایبەتیمان پێ دەگووت کە هەر بۆ ئەومان هەڵگرتبوو. کاتێک قسە لە گەڵ ئەودا دەکەین چ وشەکانمان، چ سوعبەتەکانمان، نەرم و نیانترن. گشت ئەوەی بۆ ئەومان ئامادەکردووە تایبەتە. نانپێوەدرەکەمان، بە خاکەنازەکەی، برژاوترین و ئاڵترین کریندیلەکانی بۆ ئەو دەردەهێنا و خێرا فڕێی دەدانە ناو پێشکۆشەکەیەوە.

ـ تانیا، تۆ ئاگات لە خۆت بێت، نەکەویتە داوی خاوەن کارگەکەوە! ـ ئێمە هۆشداریی دەدەینێ.

ئەویش پێکەنینێکی زۆرزانانەمان بۆ دەکات و دەڵێ ـ بە دوعا، زیندانییەکان! ئیتر خێرا، وەک مشکێکی بچکۆلە لە چاو وندەبێت و تەواو… بەڵام ماوەیەکی زۆر، دوای ڕۆیشتنیشی، ئێمە بە خۆشییەوە لە ناو خۆماندا باسی دەکەین. هەمان ئەو قسانەی دوێنێ و پێشووتریش دووبارەدەکەینەوە، چونکە هەم ئەو و هەم  ئێمە، هەم گشت دەوروبەرەکەمان هەمان ئەو شتەی دوێنێ و ڕۆژانی پێش دوێنیین…

کارێکی یەکجار سەخت و بە ئازارە، کاتێک مرۆڤ دەژی، بەڵام هیچ شتێکی چواردەوری ناگۆڕدرێت، جا ئەگەر ئەوە ڕۆحیشی بەتەواوی نەمرێنێت، ئەوا تا ژیانی درێژتربێتەوە، بێجوڵەیی چواردەورەکەشی ئازاربەخشتر دەبێت .

ئێمە هەمیشە، لە ناوخۆماندا، وا باسی ئافرەتانمان دەکرد کە قسە زبر و بێشەرمەکانمان تەنانەت ناحەزانە دەهاتنە بەر گوێی خۆیشمان. بەڵام هەرگیز بە شێوەیەکی ناشیرین باسی تانیامان نەدەکرد. هیچ کاتێک، هیچ کەسێکمان، نەک هەر ڕێگای بە خۆی نەدەدا پەنجەی بەری کەوێت، بەڵکو ئەو هیچ کاتێکیش سوعبەتێکی بەرەڵایەنە و شەرمڕوشێنی لە دەمی هیچ کاممانەوە نەبیستبوو. ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوەبووبێت کە ئەو هیچ کاتێک زۆر لامان ڕاگیرنەدەبوو، وەک ئەستێرەیەک  کە لە ئاسمانەوە بەربێتەوە لامان، جریوەیەکی بە بەرچاوماندا دەکردو، هەر ئەوساتەش دیار نەدەما. یانیش ڕەنگە لە بەر ئەوەبووبێت کە ئەو خنجیلانە و جوان بوو، هەموو شتێکی جوانیش هەستی ڕێزلێگرتن، تەنانەت لە ناخی زبرترین و دڕترین مرۆڤاکانیشدا، دەبزوێنێ. سەرباری هەموو ئەوەش، ئەگەر چی کارە کۆیلەئاساکەمان کردبووینیە دەستەیەک حۆلەگا، ئێمە هێشتا هەر مرۆڤ بووین، وەک هەموو مرۆڤەکانیش نەماندەتوانی، بێ ئەوەی کڕنوش بۆ شتێک ببەین، ژیان بەسەربەرین. لە تانیا باشتر ئێمە کەسێکی ترمان نەبوو، جگە لە تانیاش هیچ کەسێکی تر، لە گەڵ ئەوەشدا کە دەیان کەسی تر لە سەرجەمی ماڵەکەدا دەژیان، بایەخێکی بە ئێمەی، خەڵکی ئەو ژێرزەمینە، نەدەدا. دوایەمین شتیش، کە ڕەنگە ئەمەیان گرنگترینیان بێت، ئەوە بوو کە بەلای ئێمە هەموومانەوە، ئەو، وەک شتێکی خۆمان سەیردەکرا، شتێک کە تەنیا لە سایەی ئەو کریندلانەی ئێمەوە وجودی هەیە، ئێمە کردبوومانە ئەرکی خۆمان کە هەموو ڕۆژێک کریندلی گەرمی بدەینێ، ئەوە ببووە جۆرە قوربانی پێشکەشکردنێک لە بەر دەمی بتەکەماندا، جۆرە ڕیتواڵێکی پیرۆز، کە رۆژ بەڕۆژ پەیوەندی و وابەستەییمانی بەهێزتر دەکرد پێوەی. ئێمە سەرباری کرێندیلەکان ئامۆژگاری زۆریشمان دەدا بە تانیا: جلی گەرمتر لە بەرکات، خێرا بە پلیکانەکاندا نەڕوا و نەیەت، دەست نەداتە باوەشە داری قورس بۆ زۆپاکەیان. ئەو بە زەردەخەنەیەکەوە گوێی لە ئامۆژگارییەکانمان دەگرت، بە پێکەنینێک وەڵامی دەداینەوە و هیچ  کاتێکیش  بە گوێ نەدەکردین، بەڵام ئێمە لە دڵمان نەدەگرت، ئەوەی بەلامانەوە گرنگ بوو ئەوەبوو پیشانی بدەین کە ئێمە دەربەستی ئەوین و ئەومان مەبەستە. ئەو زۆرجار بە کاری جوراو جۆر ڕووی لە ئێمە دەنا و ئێمەش بە خۆشییەوە، بگرە بە جۆرە شانازییەکەوە، داخوازییەکانیمان جێبەجێ دەکرد. بەڵام کاتێک یەکێک لە ئێمە داوای لێکرد ئەو تاکە کراسەی هەیبوو بۆی بدورێتەوە، تانیا بە سووکایەتییەکەوە فڕمەیەکی کرد و گووتی: هەر ئەوەمان کەم بوو! ئەی چۆن؟ هیچ ناکەم، دادەنیشم و خەریکی ئەوە دەبم! …ئێمەش هەموومان بە هاوڕێکەمان پێکەنین، ئاخر بە چ عەقڵیەکەوە داوای شتێکی وای لە تانیا کرد، ئیتر دوای ئەوە کەسمان داوای هیچ شتێکمان لێنەکرد. ئێمە خۆشمان دەویست ـ ئیتر ئەوە هەموو شتێک ڕوون دەکاتەوە. مرۆڤ هەمیشە دەیەوێت خۆشەویستی خۆی بداتە کەسێک، هەرچەندە هەندێک جار بەو خۆشەویستییەی هەناسە لە کەسەکە دەبڕێت، هەندێک جار کەسەکە لەکەدار دەکات، ژیانی لێ ژەهراوی دەکات، چونکە لە گەڵ ئەوەشدا کە خۆشی دەوێت، بەڵام ڕێزی لێناگرێت. ئێمە هەر دەبووایە تانیامان خۆش بوویستایە، چونکە کەسێکی ترمان نەبوو خۆشمان بوێت.

جاری وا هەبوو یەکێکمان بەم شێوەیە دەکەوتە لێکدانەوەی دۆخەکە: باشە ئێمە چییە هێندە نازی ئەو کچە هەڵدەگرین؟ چ شتێکی تیایە هێندەش تایبەت بێت؟ ها؟ هەر بەجارێک خۆمان پێیەوە سەرقاڵ کردووە!

 ئێمە هەر زوو، بەشێوەیەکی ڕەق بەگژ ئەو کەسەدا دەچووینەوە کە ڕێگای بە خۆی بدایە قسەی وا دەرهەق بە تانیا بکات و دەمیمان دادەخست، ئێمە پێویستمان بەوە بوو شتێکمان خۆشبووێت: ئێمە تانیامان دۆزیبووەوە وخۆشمان دەویست. ئەوەی ئێمەش، بەهەر بیست و شەشمان، خۆشمانبوێت، ئەوا ڕاستییەکی چەسپاو و گۆمانلێنەکراوە بۆ هەریەکێکمان، جۆرێکە لە پیرۆزییەکانمان، ئەوکەسەی لەمەدا بەڕووماندا بوەستێتەوە، دەبێتە دوژمنمان. ڕەنگە ئەوەی ئێمە خۆشماندەوێت لە واقیعدا هێندە باشیش نەبێت، بەڵام ئێمە بیست و شەش کەسین، جا لە بەر ئەوە هەمیشە وا دەخوازین ئەوەی پەسەندی دڵمانە، کەسانی تر وەک  شتێکی بەهادار و پیرۆزییەک سەیریکەن. ڕق و کینەی ئێمە، لە سەختی و دژوارییدا، هیچی لە خۆشەویستییەکەمان کەمتر نەبوو، ڕەنگە  هەر لە بەر ئەوەش بێت، هەندێک لەوانەی زۆر بە خۆیان دەنازن، جەخت لە وە دەکەنەوە، کە ڕق و کینەی ئێمە مایەی شانازییەکی زیاترە لە خۆشەویستییەکەمان. دەی باشە گەر وایە بۆ لێمان هەڵنایەن؟

خاوەنکارەکەمان، جگە لەم فڕنی کریندیلینەی ئێمە، فڕنێکی سەموون و ئیشی شیرینی هەویریشی هەبوو، کە لە هەمان ئەو بینایەی ئێمەدا بوو، تەنیا دیوارێک لەو کونە گوورگەی جیادەکردەوە کە ئێمە کارمان تێیدا دەکرد، بەڵام لای ئەوان تەنیا چوار کەس کاریان دەکرد و خۆیان لە ئێمە کەنار گرتبوو، کارەکەی خۆیان بە پاک و تەمیزتر دەزانی، لە بەر ئەوەش خۆیان لە ئێمە بە باشتر دەزانی، بۆیە نەدەهاتنە شوێنی کارەکەمان و کاتێکیش لووتیان دەبوو بە لووتمانەوە پێمان پێدەکەنیین، ئێمەش نەدەچووینە لای ئەوان، خاوەنکارەکەمان ئەوەی لێ قەدەغەکردبووین، لە ترسی ئەوەی نەوەک ئیشە هەویرییەکانی ئەوان بدزیین. ئێمە زۆر چارەی نانەواکانی ئەو بەشەمان نەدەویست، چونکە ئیرەییمان پێدەبردن: کارەکەی ئەوان لەوەی ئێمە ئاسانتر بوو، کەچی ئەوان لە ئێمە زیاتر پارەیان وەردەگرت، خواردنی باشتریان پێدەدان، شوێنی کارەکەیان فراوانتر و ڕووناکتر بوو، خۆشیان پاک وخاوێنتر، ڕەنگ و بۆیان لە ئێمە جوانتر بوو، بۆیە بەلامانەوە ناحەزبوون. هەرچی ئێمەش بووین، هەموومان زەردهەڵگەڕاو ڕەنگ مردووبووین: سیانمان ئاتەشەکیان گرتبوو، چەند دانەیەکمان تووشی گەڕی و یەکێکیشمان ڕۆماتیزم گێڕ و گەوێڕی کردبوو. ئەوانەی سەموونخانەکە بە جەژنان و ئەو ڕۆژانەی کاریان تێدا نەدەکرد چاکەتیان لە بەر دەکرد و پێڵاوی بەجێڕەیان دەکردە پێ، دووانیان خاوەنی هارمۆنیکای(٢) خۆیان بوون و هەموو پێکەوە دەچوون بۆ پارکی شار بۆ پیاسەکردن و کوڕێنیکردن. جلوبەرگی ئێمەش بریتی بوو لە هەندێک شڕکەوپڕکەی پیس لە بەرماندا و هەندێک کۆنەپێڵاوی دڕاو یان لاپتی(٣) لە پێماندا، بۆیە پۆلیسی ناو شار نەیاندەهێشت ئێمە بچینە ناو پارکەکەوە، جا ئیتر ئێمە چۆن دەمانتوانی حەزمان لە چارەی سەمونچییەکان بێت؟

بەهەرحاڵ، ڕۆژێکیان بیستمان نانپێوەدەرەکەی ئەوان هێندە ئالوودەی خواردنەوەبووە، کە خاوەن کارەکە بانگی کردووە و حەق و حسابی خۆی داوەتێ و دەریکردووە و لە بری ئەو کەسێکی تری بەکرێ گرتووە، ئەو کەسەش سەربازێکە، کە یەلەگی ئەتڵەسی لە بەردایە و سەعاتی بەرباخەڵەکەی زنجیری ئاڵتوونی هەیە. ئێمەش زۆر تامەزرۆی ئەوەبووین کەسێکی وا کەشخە ببینین، کار بەوە گەیشتبوو کە، بەهیوای ئەوەی چاومان پێی بکەویت، یەک لە دوای یەک بیانوومان دەدۆزییەوە بۆ ئەوەی بچینە دەرەوە، بۆ ناوکۆڵانەکە. بەڵام ڕۆژێکیان ئەو خۆی هات بۆ لای ئێمە. بە نووکی پێلاوەکەی شەقێکی لە دەرگاکە دا و کردییەوە و بێ ئەوەی بە دوای خۆیدا دایخاتەوە لە ناو دەرگاکەدا وەستا و بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی: خوا قوەتتان بدات! چۆنن کوڕینە! هەوایەکی ساردی سەهۆڵئاسا لە دەرگاکەوە، وەک هەورێکی دووکەڵاوی، هروژمی هێنایە ژوورەوە و لای پێیەکانی ئەوەوە سوڕی خوارد، ئەویش لە ناو دەرگاکەدا وەستابوو، بەو بەرزییەوە سەیری ئێمەی دەکرد لە خوارەوە، لە ژێر سمێڵە سپییە بادراوەکانییەوە ڕیزێک دانی زەردباو دەبریسکایەوە.

یەلەگەکەی بەری هەر بەڕاستی تایبەت بوو ـ قوماشێکی شینی بە گوڵچنراو، هەموی تێکڕا بەجارێک دەبریسکایەوە، قۆپچەکانیشی لە جۆرە بەردێکی سووڕڕەنگ بوون. زنجیرەکەش لە جێی خۆی بوو.. ئەو سەربازێکی قۆز بوو، کەڵەگەت و بەخۆوە بوو، ڕوومەتەکانی ئاڵ دەچوونەوە، نیگای چاوە کاڵەکانیشی نیگایەکی جوان بوو ـ ڕوون و پڕ لە نیانیی بوو. کڵاوێکی سپی نەشەکراوی بە سەرەوە بوو، لە ژێر پێشکۆشە سپییەکەیەوە، کە تاکە پەڵەیەکیشی پێوە نەبوو، لووتی تیژی جووتێک پۆستاڵی مۆدە و پاک و بۆیاخکراو دەبینرا. نانپێوەدەرەکەمان بە ڕێزێکەوە تکای لێکرد دەرگاکە لە دوای خۆیەوە پێوەبداتەوە، ئەویش بێ ئەوەی دەستوبردی تیابکات دەرگاکەی پێوەدایەوە و کەوتە پرسیارلێکردنمان سەبارەت خاوەنکارەکەمان، ئێمەش ئیتر قسەمان بە یەکتر دەبڕی و باسی ئەوەمان بۆ دەکرد کە خاوەنکارەکەمان کەسێکی خوێنمژی کەڵەکباز و شەڕەنگێزێکی ئەشکەنجەدەرە ـ بە کورتییەکەی هەرچی ئەوەی پێویست بوو دەبووا بگوترێ سەبارەتی، بەڵام لێرەدا بۆ نووسین ناشێت، هەڵمانڕشت.

سەربازەکە گوێی لە هەموو قسەکانمان گرت، کەمێک سمێڵی بۆ جووڵاند و نیگایەکی ڕۆشن و نەرمی لێکردین ـ ئەی لێرە کچتان زۆرە.. ـ لە پڕ پرسیاری کرد. هەندێکمان بە ڕێزێکەوە پێکەنین، هەندێکی ترمان کەمێک سەروچاوی مەسخەرەئامێزیان پیشاندا، یەکێکیشمان بۆ سەربازەکەی باسکرد کە ـ  لێرە نۆ کچی لێیە ـ

ـ جا سوودیان لێ وەردەگرن ؟ ـ سەربازەکە بەدەم چاوداگرتنێکەوە پرسیاری لێکرد.

ئێمەش دیسانەوە دامانەوە پێکەنین، بەڵام پێکەنینێکی زۆر بەرز نا، بگرە بە کەمێک پەشۆکانیشەوە… بێگومان زۆرمان تێدابوو کە ئارەزووی دەکرد، لە بەردەم سەربازەکەدا، خۆیان وا پیشانبدەن کە ئەوانیش، وەکوو ئەو، چاونەترس و بێدەربەستن، بەڵام کەسمان، نە دەیزانی و نە دەیتوانی نمایشێکی وا بکات. یەکێکمان بە دەنگێکی نزم دانی بەو ڕاستییەدا نا: ـ جا ئێمە و شتی وا…

ـ وایە، وایە ، ئەوە بۆ ئێوە سەختە ـ سەربازەکە بە باوەربەخۆبوونێکەوە ئەو قسەیەی کرد وکەوتە لێوردبوونەوەمان ـ ئێوە شتێکتان نوقسانە.. شان و شەوکەتتان نییە… سەر و ڕواڵەتێکی شایستەتان نییە! ژنیش هەر شەیدای ڕواڵەتی پیاو دەبێت! ژن قەڵافەتی دەوێ.. دەیەوێ هەموو شت وەک پێویست و لە جێی خۆی بێت! لە پاڵ گشت ئەوەشدا ژن ڕێزی هێز دەگرێت… دەیەوێ دەستەکانی پیاو ئەئاوابن ـ سەربازەکە دەستی ڕاستی لە گیرفانەکەی دەرهێنا و دەست و مەچەکە تا ئانیشک ڕووتەکەی، کە لە قۆڵی هەڵکراوی کراسەکەیەوە هاتبووە دەر، پیشانی ئێمە دا … دەستی سپی، پڕ هێز، داپۆشراو بە تووکێکی پڕی ڕەنگ زێرین ـ قاچ، سنگی پیاو، هەمووی دەبێ پتەو بن. سەرباری گشت ئەوەش، پیاو دەبێ پۆشتە و پەرداخ بێت… چونکە جوانی شتەکان ئەوە دەخوازێت. من بۆ نموونە، ژنان حەزیان لێمە. من بانگیان ناکەم . فریویان نادەم بۆ لای خۆم، ئەوان خۆیان پێنچ، پینچ، خۆیان لە ملم دەئاڵێنن. سەربازەکە ڕۆنیشتە سەر فەردەیەک ئارد و قەیرێکی باش باسی ئەوەی بۆ کردین چۆن ژنان خۆشیان دەوێت و چۆن ئەو ئازایانە ڕەفتاریان لە گەڵدا دەکات.

پاشان سەربازەکە ڕۆیشت، کاتێکیش دەرگاکە، بە جیڕە و زرمەوە، بەدوایدا داخرایەوە، ئێمە هەموومان ساتێکی باش بێدەنگیی دایگرتین، هەموومان بیرمان لەو کابرایە و باس و خواسەکانی دەکردەوە. پاشتر هەموومان دەمی قسەمان کرایەوە و دەرکەوت کە ئەو چووبوو بە دڵی هەمووماندا. گەنجێکی وا سادە و لەبەردڵان خۆی کرد بەلاماندا، بڕێک دانیشت لە لامان و قسەی بۆ کردین.. ئاخر کەسێک نەبوو سەردانی ئێمە بکات و وا دۆستانە قسەمان لە گەڵ بکات… ئیتر ئێمە هەموو کەوتینە قسە لە بارەی ئەوەوە و لە بارەی دەسکەوت و سەرکەوتنەکانی لە نێوان کچانی کارگەی دورمانەکەدا، ئەو کچانەی کە لە دەرەوە لووتیان دەبوو بەلووتی ئێمەوە، بە توڕەییەوە لچێکیان لێهەڵدەقورتانین و کەناریان لێماندەگرت، یان ڕاستە و ڕاستە بەرەو ڕوومان دەهاتن، وەک ئەوەی ئێمە هەر لەو ناوەشدا نەبین و نەمانبینن.

ئێمەش هەمیشە بە تاسەوە سەیرمان دەکردن، چ لە ناو کۆڵانەکەدا پێیان بگەیشتینایە، یان بە بەر پەنجەرەکانماندا تێپەڕینایە ـ زستانان بە کڵاوی تایبەتی و پاڵتۆی فەرووەوە و هاوینانیش بە شەپقە گوڵدارەکانی سەریان و چەترە ڕەنگاوڕەنگەکانی دەستیانەوە.

لە بەرامبەر ئەوەشدا، ئەگەر ئەو کیژانە گوێیان لەوە بووایە کە ئێمە لە ناوخۆماندا چۆن و بە چ زمانێک باسمان دەکردن، بێ شک لە شەرم و تۆڕەییدا هەر شێت و هار دەبوون لێمان.

ـ هەر تانیای بەدخوو نەکردایە! ـ لە پڕ نانپێوەدەرەکەمان بە پەرۆشەوە گوتی.

ئەو وشانە وا کاری تێکردین کە بێدەنگی باڵی کێشا بەسەر هەمووماندا.

ئێمە تانیامان هەر بیرچووبووە، وەک بڵێی ئەو سەربازە، بەجەستەی گەورە و زراڤی خۆی، تانیای پەردەپۆش کردبێت لە بەرچاومان. دوای ئەوە مشتومڕێکی بە هات و هاوار لە نێوماندا سەری هەڵدا: هەندێکمان دەیانگوت تانیا ڕێ بەخۆی نادات شتی وا بکات، هەندێکی ترمان گومانیان لەوەدا نەبوو کە ئەو لە ئاست سەربازەکەدا خۆی پێ ڕاناگیرێ و خۆی دەدات بەدەستەوە، کۆمەڵی سێیەمیشمان پێشنیاری ئەوەیان کرد، کە ئەگەر سەربازەکە ویستی بچێتە بنکڵیشەی تانیا و فریوی بدات هەموو پەراسووەکانی بۆ بشکێنین. سەرەنجام بڕیاردرا کە چاودێری سەربازەکە و تانیا بکرێت و تانیاش ئاگاداربکرێتەوە کە لە ئاست ئەو سەربازەدا ئاگای لە خۆی بێت. بەو بڕیارەش مشتومڕەکەمان کۆتایی پێهات.

نزیکەی مانگێک تێپەڕی،  سەربازەکە سەموونی خۆی دەبرژاند، دەچووە ژووانی کیژە دورمانکارەکان و لە گەڵیاندا دەسووڕایەوە، زوو زووش دەهاتە فڕنەکەی ئێمەش، بەڵام باسی سەرکەوتنەکانی، لە بواری ڕامکردنی دڵی کیژاندا، بۆ نەدەکرین، تەنیا هەر سمێڵی لوول دەدا و بەزمانیش لێوەکانی خۆی، بە مڵچە لێهێنانێکەوە تەڕ دەکرد.

تانیاش هەموو بەیانییەک دەهاتە لامان بە دوای کریندیلەکاندا، وەک هەمیشەش بە کەیف و میهرەبان و پڕ نیانیی بوو. ڕۆژێک ئێمە ویستمان باسی سەربازەکەی لە گەڵدا بکەینەوە، بەڵام ئەو بە ” گوێرەکە چاو بەقووڵاچووەکە” و چەندین ناو و ناتۆرەی پێکەنیناوی تر ناوی برد و ئیتر ئێمەش دڵنیا بووینەوە.

ئێمە شانازیمان بە کیژەکەی خۆمانەوە دەکرد، لە کاتێکدا دەمانبینی چۆن کیژە دورمانکارەکان بە سەربازەکەوە دەلکان، هەڵویستی تانیاش لە ئاستیدا، وەک بڵێی لە پایە و بەهای ئێمەی بەرزدەکردەوە. ئێمە ئەو هەڵوێستەی تانیامان کردبووە سەرمەشقی خۆمان، ئیتر وەک ئەو، بە هەندێک بایەخپێنەدانەوە  لەگەڵ سەربازەکەدا ڕەفتارمان دەکرد. تانیاشمان تابڵێی زیاتر خۆشدەویست و بەیانیان بە خۆشنوودییەکی زیاترەوە پێشوازییمان لێدەکرد. بەڵام ڕۆژێکیان سەربازەکە هاتە لامان و دیار بوو کەمێک سەرخۆش بوو. ئەو دانیشت و دەستیکرد بە پێکەنین، کاتێکیش ئێمە پرسیمان بە چی پێدەکەنێت، ڕوونیکردەوە و گوتی:

_ دووان لە کچەکان، لیدیا و گروشکا، لە سەر من بووە بەشەریان، ئای چۆن سەروچاوی یەکتریان وێران کرد، قژی یەکترییان گرتبوو، یەکێکیان ئەویتری لە ناو داڵانەکەدا دابوو بە زەوییا و نیشتبووە سەری …ها هاها! بەچڕنوک سەروسەکتی یەکتریان داماڵیبوو، لە پێکەنیندا دەپچڕای، چۆن یەکتریان هەڵتڵیشان! تێناگەم بۆچی ژنان ناتوانن شەریفانە شەڕ بکەن؟ بۆ هەر دەبێ یەکتر بڕنن؟ ها؟

سەربازەکە، ڕووگەش، پاک وپۆشتە، دڵ پڕکەیف و خۆشی لەسەر تەختێک دانیشتبوو هەر قاقای لێدەدا. ئێمەش هەموومان بێدەنگ بووین. ئەمجارەیان، ئیترلە بەر هەر هۆیەک بووبێت، زۆر دڵمان پێینەدەکرایەوە.

ـ کوڕە، هەر مەپرسە من چ بەختێکم هەیە لە گەڵ ژناندا ، ها؟ هەر دەقرتێی لە پێکەنیندا! چاوێکیان لێدادەگرم، ئیتر کار لە کار ترازاوە!

دەستە سپییە، بە مووی زەرد داپۆشراوەکانی، بەرزبوونەوە و بە شڵپەیەکی بەرزەوە کەوتنەوە سەر ئەژنۆکانی. ئەو نیگایەکی وا پڕ لە سەرسوڕمانی شیرینی لێکردین وەک ئەوەی هەر بەڕاستی خۆیشی  تێنەگات بۆچی لە کاروباری ژن ڕامکردندا، بەخت هێندە یارێتی. دەموچاوە گەورە و ئاڵەکەی بە تیشکی خۆشی و لە خۆڕازیبوون دەدرەوشایەوە. نانپێوەدەرەکەمان بە تۆڕەییەوە خاکەنازەکەی ژەنییە گەرووی فڕنەکەوە و لەپڕ بە گاڵتەپێکردنێکەوە گوتی: خستنی دارچنار هێزێکی ئەوتۆشی ناوێت، ئەگەر تۆ ئازایت سنەوبەرێک بخە…

ـ مەبەستت چییە، تۆ ئەو قسەیەت لە گەڵ منە؟ سەربازەکە پرسی.

ـ ئا، مەبەستم تۆیە….

ـ مەسەلە چییە؟

ـ دەهیچ، تازە تێپەڕی !

ـ نا، نا، بوەستە! تۆ باسی چی دەکەیت؟ سنەوبەری چی؟

نانپێوەدەرەکەمان وەڵامی نەدایەوە، هەر خێرا خێرا خاکەنازەکەی دەژەنییە فڕنەکەوە، دەمێک کریندێلە کوڵاوەکانی فڕێدەدایە سەر خشتە داخبووەکان، دەمێک برژاوەکانی دەردەهێنا و فڕێی دەدانە سەر زەوییەکە، لەوێشەوە چەند مێرمنداڵێک کۆیاندەکردنەوە و هەڵیاندەکێشانە گوریسێکی لفکەئاساوە. نانپێوەدەرەکەمان وەک بڵێی سەربازەکەی هەر بیرچووبێیتەوە. بەڵام سەربازەکە لەپڕ کەوتە دۆخێکی نائارامەوە. ئەو هەستایە سەر پێ و وا ڕووەو فڕنەکە ڕۆیشت کە لەوانەبوو دەسکی خاکەنازەکە، کە بەدەستی نانپێوەرەکەوە هەر دەهات و دەچوو، بەر سنگی بکەوتایە.

ـ نا، نا، تۆ بڵێ بزانم مەسەلە چییە؟ تۆ بەو قسەیەت منت بریندارکرد.. لە دەستی من؟ یەک ئافرەت چییە لە دەستم دەرناچێت، نەخێر دەرناچێت! … بەڵام تۆ بەو قسانەت بریندارم دەکەیت…

ئەو هەر بەڕاست لەوە دەچوو زۆر برینداربووبێت. دیاربوو کە بۆ ئەو، ژن لە خشتەبردن، تەنیا شتێک بوو کە مایەی شانازی بێت و ڕێزی خۆی تیاببینێتەوە. ڕەنگە جگە لەو توانایە، هیچ شتێکی زیندوو لە ناخیدا نەبووبێت، ئەوە تەنیا شتێک بوو کە ڕێگەی پێدەدا خۆی وەک مرۆڤێکی زیندوو هەست پێبکات. ئاخر خۆ کەسانێک هەن کە باشترین و بەهادارترین شت لە ژیانیاندا نەخۆشییەکە، کە لە گیانیاندا یان لە جەستەیاندایە. ئەو جۆرە کەسانە بە درێژایی ژیانیان ئەو نەخۆشییەیان داوە بە کۆڵیاندا و تەنیا بەوە دەژین. هاوکات کە بە دەست ئەو نەخۆشییە دەناڵێن، پێشی دەژین، ئەوان لای کەسانی تر گلەیی و گازەندە لەو نەخۆشییە دەکەن و بەوەش سەرنج و بایەخپێدانی ئەو کەسانە بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن و جگە لەو نەخۆشییەش خاوەنی هیچ شتێکی تر نیین. نەخۆشییەکەیان لێ بسێنەوە، چاکیان بکەرەوە لێی، ئەوسا دەبینیت چەند خۆیان بەدبەخت هەست پێدەکەن، چونکە تاکە ئامراز و هۆی ژیانیان لە دەست داوە ـ ئیتر تەواو بۆش و بەتاڵ دەردەچن.

مرۆڤ هەندێک جار هێندە ژیانێکی زەبوون دەژێ، کە بێ ویستی خۆی، ناچارە خەوشێکی خۆی لا پڕ بەهابێت و پێی بژی. دەشێ بگوترێ کە خەڵکیی زۆر جار، لە بێ تاقەتییدا، خەوشدارن.

سەربازەکە زوویر ببوو، خۆی لە نانپێورەکەمان بردە پێشەوە و نەڕاندی:

ـ نا، تۆ پێم بڵێ، کێت دەوێت بۆت بێنمە بەر بار؟

لە پڕ نانپێوەرکەمان لێی وەرگەڕایەوە و گوتی :

ـ ئاوا! دەی باشە تۆ تانیا دەناسییت؟

ـ ئێ؟

ـ ئێ، ئێ،  دەفەرموو دەی، لە گەڵ ئەودا خۆت پیشاندە..

ـ من؟

ـ ئا، بەڵێ تۆ!

ـ ئەو؟ ئەو بۆ من هەر پف!

ـ دەی با بتبینیین !

ـ دەی سا، بە چاوی خۆت دەیبینیت!  ها، ها، ها !

ـ ئەو ئێستا پێت پیشاندەدات … بڕۆ مانگێکیش مۆڵەتت بێت! سەربازە خۆ هەڵکێشەکە!

ـ دوو هەفتە! من پیشانت دەدەم، ئەو تانیایەتان بایی چەندە؟ تانیا! پف!

ـ دەی ئێستا دوورکەوە لێم، بەردەستم دەگریت!

ـ تەنیا دووهەفتە! ئیتر کاری تەمامە!

ـ کوڕە دە لاچۆلەم ناوەدا… ـ نانپێورەکەمان لە توڕەییدا هار ببوو، خاکەنازەکەی لێ بەرزکردەوە.

سەربازەکە بە حەپەسانێکەوە پاشەو پاش گەڕایەوە، سەیرێکی ئێمەی کرد، بە دەنگێکی نزم و شەڕەنگێزانەوە گوتی ”دەی، با وابێت!” ئیتر جێیهێشتین.

لە کاتی ئەو دەمەقاڵییەدا ئێمە هەموومان بێدەنگ بووین و دەمانویست بزانین بە کوێ دەگات. بەڵام هەر کە سەربازەکە ڕۆیشت، بووە بگرە و بەردە لەنێوانماندا و دەنگمان لێ بەرزکردەوە. یەکێکمان هاواری لە نانپێوەرەکەمان کرد:

ـ گۆبەندێکی باشت نەنایەوە، پاڤڵ!

ـ تۆ خەریکی کاری خۆت بە ـ نانپێورەکەمان بە توڕەییەوە وەڵامی دایەوە.

هەموومان هەستمان کرد کە سەربازەکە قسەکانی زۆر لە دڵ گرتووە و ترسی ئەوەمان بوو کە تانیا بەرەوڕووی مەترسییەک بێتەوە.

ئەگەرچی ئێمە هەستمان بەو مەترسییەش دەکرد، بەڵام لە لایەکی ترەوە کونجکۆڵییەکی سووتێنەر وخۆش هەموومانی تەنیبووەوە: ـ تۆ بڵێی چی ڕووبدات؟ ئاخۆ تانیا خۆی لە بەردەم سەربازەکەدا ڕادەگرێ؟

بەشی هەرەزۆریشمان دەمانقیژاند: تانیا؟ ئەو خۆی ڕادەگرێ! لەو جۆرە نییە هەروا بە ئاسانی ڕام بکرێت! هەموومان زۆر مەبەستمان بوو بزانین ئەو خواوەندەمان چەند بەهێز و خۆڕاگرە. بۆ یەکتریمان دەسەلماند کە خواندەکەمان خواوەندێکی کۆڵنەدەرە و بەسەرکەوتوویی لەم بەیەکهەڵپژانەدا دێتە دەر.

سەرەنجام وا هەستمان دەکرد کە ئێمە سەربازەکە بەڕادەی پێویست هان نادەین و ڕەنگە وردە وردە کێشەکەی لەبیربچێتەوە، بۆیە دەبێ هەوڵبدەین تا بۆمان بکرێت هەستی بەخۆنازینی تاوبدەین. ئیترئێمە لەو ساتەوە ژیانێکی تایبەت و پڕ دەمارگرژی دەژیاین ـ پێشتر ژیانی وا نەژیابووین. ئێمە بەو ڕۆژگارە خەریکی مشتومڕبووین لە گەڵ یەکتر، وەک بڵێی داناتر بووبین، زیاتر و باشتر لە جاران قسەمان دەکرد. واهەستمان دەکرد کە ئێمە گرەومان لە گەڵ شەیتاندا کردووە و گرەوەکەش لە سەر تانیایە. کاتێکیش لە سەموونچییەکانمان بیستەوە کە سەربازەکە خەریکە دەوروخولی تانیا دەدات، کۆڵێک دڵمان خۆش بوو، لە کونجکۆڵییەکی وادا دەژیاین کە ئێمە تەنانەت سەرنجی ئەوەشمان نەدا کە خاوەنکارەکەمان ئەو ڕۆحهەژانەی ئێمەی بە فرسەت زانیوە، ڕۆژانە چواردە حۆقە هەویری تری بۆ زیادکردبووین. ئێمە وەک بڵێی لە کارکردن ماندوو نەدەبووین. بە درێژایی ڕۆژ ناوی تانیا لە سەر زارمان بوو. هەموو بەیانییەک بە پشوولێبڕاوییەکی سەیرەوە  چاوەڕێمان دەکرد. هەندێک جار وا هەستمان دەکرد کە ئێستا خۆی دەکات بەلای ئێمەدا و چیتر ئەو تانیایەی پێشوو نەماوە، بەڵکو بۆتە تانیایەکی تر، بەڵام ئێمە خۆمان، هیچمان سەبارەت گرەوەکە بۆ باس نەدەکرد، هیچیشمان لێ نەدەپرسی، هەر وەک هەمیشە بەشێوەیەکی باش و پڕ خۆشەویستی پێشوازیمان لێدەکرد. هەرچەندە هەستمان دەکرد، کە لەو پەیوەندییەماندا، شتێکی تازە و نامۆ خەریکە دزەدەکاتە ناو هەستەکانمان بەرامبەر تانیا ـ ئەو شتەش کونجکۆڵییەکی تیژبوو، تیژ و سارد هەر وەک چەقۆیەکی پۆڵایین.

ـ برادەرینە! ئەمڕۆ ئیتر وادەکەیەتی ! ـ نانپێوەدەرەکەمان، هەر کەهاتە سەر کارەکەی، ئەو قسەیەی کرد. ئێمە بە بێ ئەو بیرخستنەوەیەی ئەویش چاک دەمانزانی کە ئیتر کاتی گرەوەکە ئەمڕۆ بەسەردەچێ، بەڵام ئەو قسەیەی ئەو هەژاندینی.

ـ جوان لێی وردبنەوە… ئێستا دێت! ـ نانپێوەدەرەکەمان گوتی. یەکێکمان بە کەسەرێکەوە هاتە وەڵام:

ـ دەی ئاخر چۆن بەچاو شتێکی وا دەبینرێت! ـ

ئیتر سەرلەنۆی مشتومڕێکی گەرم و بە دەنگی بەرز کڵپەی سەندەوە. سەرەنجام ئەمڕۆ ئیتر یەکلایی دەبینەوە و تێدەگەین ئەو دەفرەمان، کە چاکترین چاوەڕوانییەکانی خۆمان پێسپاردبوو، چەند پاک و خاوێن و خۆڕاگرە. ئەو بەیانییە بەشێوەیەکی سەیر، بۆ یەکەمین جار، لەوە گەیشتیین کە ئێمە هەر بەڕاستی یارییەکی گەورە یاریدەکەین، ئەم تاقیکردنەوەیەی بێگەردیی خواوەندەکەمان ڕەنگە بەیەکجاری تێکیبشکێنێ و لە دەستمانی بدات. بە درێژایی ئەو ڕۆژانەی دوایی بەردەوام دەمانبیستەوە کە سەربازەکە کۆڵنەدارانە بە دوای تانیاوە بووە، بەڵام لە بەر هۆیەکی نادیار کەسمان لە تانیای نەدەپرسی ئێستا ڕای چۆنە بەرامبەری؟ ئەویش وەک پیشەی هەمیشەیی هەموو بەیانییەک لە کاتی خۆیدا دەهات بەدوای کریندیلەکاندا و بەڕواڵەت هەر هەمان تانیاکەی جاران بوو.

ئەو بەیانییە زوو دەنگی هاتە گوێمان: ـ زیندانییەکان، وا هاتم  بۆ لاتان! ـ ئێمە پەلەمان بوو بیکەینە ژوورەوە، کاتێکیش هاتە ژوور، بە پێچەوانەی جارانەوە تەنیا بێدەنگیمان پێشوازی لێکرد. ئێمە چاومان تێبڕیبوو، بەڵام نەماندەزانی باسی چی لە گەڵدا بکەین و چی لێبپرسیین. ئێمە  وەک ڕەوەپیاوێکی مۆن و متق لە خۆبڕیو لە بەردەمیدا وەستابووین. ئاشکرا بوو کە ئەو لەو پێشوازییە نامۆیە حەپەسابوو. لەپڕ سەرنجمان دا کە ڕەنگ لە ڕوخساریدا نەما، نائارامی لێنیشت و لە شوێنی خۆی پەلەپڕوزێیەکی پێکەوت و بە دەنگێکی خنکاوەوە پرسی:

ـ چییە ئەوە… ئەمڕۆ  بە جۆریکن؟

ـ ئەی تۆ خۆت؟ ـ نانپێوەدەرەکەمان بە دەنگێکی ترسناکەوە تێیخوڕی، بێ ئەوەی چاوی لە چاوی بترووکێنێ.

ـ خۆم ..چی؟

ـ هییییچ

ـ دە خێراکەن کریندیلەکانم بدەنێ ـ ئەو پێشتر هیچ کاتێک پەلەی لێنەدەکردین.

ـ هیچ نییە، پێڕادەگەی! ـ نانپێوەدەرەکە پێی گوت، بێ ئەوەی لە شوێنی خۆی ببزوێ یان چاو لە سەر ڕوخساری تانیا لا ببات. ئەوسا تانیا لە پڕ وەرگەڕایەوە و لە دەرگاکە چووە دەرێ و لەچاو ونبوو..

نانپێوەدەرەکە خاکەنازەکەی گرت بە دەستییەوە و بە دەم گەڕانەوەی بۆ لای فڕنەکە لە سەرخۆ گوتی:

ـ تەواو، لێبۆتەوە!.. ئای چ بەدفەڕێکە، ئەو سەربازە!

ئێمە وەک ڕانە بەرانێک، کەوتینە پاڵنانی یەکتر و بە بێدەنگی چوینەوە جێگاکانی خۆمان و کەوتینەوە کار. پاش کەمێک یەکێکمان گوتی:

ـ  لەوانەشە، هێشتا….

ـ دەی، دەی، لەو قسانە گەڕێ!

ئێمە هەموومان دەمانزانی کە نانپێودەرەکەمان کەسێکی ئاقڵە، بە هەرحاڵ لە ئێمە ئاقڵترە. بۆیە هاوارەکەیمان وا لێکدایەوە کە ئەو گومانی لە براوەیی سەربازەکە نەماوە… ئەوە غەمبار و نائارامی کردین.

کاتژمێر دوانزە، لە کاتی نانی نیوەڕۆدا سەربازەکە هات بۆ لامان. وەک هەمیشە پۆشتە و پەرداخ و خۆی کەشخەکردبوو، وەک هەمیشە ڕێک سەیری ناو چاوانی دەکرین. ئێمەش شەرممان دەکرد سەیری چاوی بکەین.

ـ ئێ، خەڵکانی شەرەفمەند! حەزدەکەن ئازایەتی سەربازانەی خۆمتان بۆ نمایش بکەم؟ ـ ئەو بە شانازی و بەدەم پێکەنینەوە گوتی ـ ئەگەر دەتانەوێ وەرنە داڵانەکە و لە درزی نێوان تەختەکانەوە سەیرکەن… تێگەیشتن؟

هەموومان چووینە دەرەوە و بە دەم پاڵەپەستۆی یەکترییەوە چاومان نابوو بە درزەکانی ئەو تەیمانە تەختەیەی نێوان داڵانەکەمان و کۆڵانەکەوە…چاوەڕوانییەکەمان زۆری نەخایاند. پاش کەمێک تانیا بە ڕەوتێکی خیراو ڕوخسارێکی پەشۆکاوەوە خۆی کرد بە ناو کۆڵان و حەوشەی بەر بیناکەدا، بە ناو گۆلاوی بەفرە توواوە و قوڕەکەدا بازی دەدا، تا خۆی گەیاندە ژێرزەمینێک و لە پشت دەرگاکەیەوە لە چاومان ونبوو. پاش کەمێک، لە سەرەخۆ، بەدەم فیکەلێدانەوە، سەربازەکە دەرکەوت و بەرەو هەمان شوێن ملی نا. دەستی خستبووە گرفانەکانیەوە و سمێڵی دەجوڵا.. لەو کاتەدا باران دەباری و ئێمە دەمانبینی چۆن دڵۆپەکانی سەر جەستەی ئەو، دەکەوتنە خوارەوە بۆ ناو گۆلاوەکان و چۆن گۆلاوەکان بەو دڵۆپانە دەشڵەقان. بەفری سەربانەکانیش توێژاڵێک خۆڵ و پیسی بۆری کردبوون. بارانەکە لە سەر خۆ دەباری و دەنگێکی بێزارکەری هەبوو. ئێمە سەرمامان بوو و چاوەڕوانییەکەش کارێکی خۆش نەبوو.

یەکەم کەس سەربازەکە لە ژێر زەمینەکەوە هاتە دەر، ئەو لە سەرخۆ گۆڕەپانەکەی بڕی، وەک هەمیشە سمێڵی دەبزواند و دەستی لە ناو گیرفانەکانی نابوو. دواتر تانیا هاتە دەرەوە… چاوەکانی خۆشی و بەختەوەرییان لێ دەدرەوشایەوە، لێوەکانی بە خەندە بوون. ڕێکردنەکەی وەک بڵێی لە خەودا بێت، کەم کەمێک ڕەتی دەدا و هەنگاوەکانی گرژ بوون … ئێمە چیتر ئەوەمان بە بێدەنگی بۆ هەموار نەدەکرا، هەموومان بەجارێک هرۆژممان برد بۆ لای دەرگاکە و چووینە دەرەوە بۆ ناو گۆڕەپانەکە و کردمانە فیکە لێدان و هاواری پڕ ڕق و توڕەیی بە ڕوویدا. تانیا کە ئێمەی بینی ڕاچەنی و وەک ئەوەی لە ناو قوڕاوەکەدا، وشک بووبێت، لە شوێنی خۆی وەستا. ئێمە چواردەوریمان دا و بێ فاسیلە، بەخۆشییەوە، جنێومان پێدەدا، قسەی سووک و بێشەرمانەمان پێدەگوت. ئێمە ئەو کارەمان بە دەنگی بەرز و هاوارکردنەوە نەدەکرد، پەلەمان نەبوو، دەمانبینی کە ئابلۆقەمان داوە و دەربازبوونی بۆ نییە، دەتوانین چەند دڵمان ئارەزوو بکات هێندە سووکایەتی پێ بکەین. نازانم بۆ، بەڵام ئێمە لێمان نەدا. ئەو لە ناوەڕاستماندا وەستابوو، سەری دەمێک بەملا، دەمێک بەولادا دەجوڵاند و گوێی لەوە دەگرت چۆن ئێمە دەیشکێنین و سووکایەتی پێ دەکەین. ئێمەش تادەهات زیاتر و بەهێزتر قوڕاو و ژەهری وشەکانمان بە سەریا دەبەراند. ئەو چاوە شینانەی، ساتێک پیشتر بەختەوەرییان لێدەباری، ئێستا زەق کرابوونەوە، سنگی هەناسەیەکی قورسی دەدا و لێوەکانی دەلەرزین. ئێمە چواردەورمان دابوو و تۆڵەمان لێدەکردەوە، تۆڵەی ئەوەی کە تاڵانی کردبووین. ئەو هی ئێمە بوو، ئێمە گرانبەهاترین شتمان لەودا سەرف کردبوو، با ئەو شتەش شڕە و پڕەی کەسانێکی نابووت و هەژاریش بووبێت. ئێمە بیست و شەش پیاو بووین، ئەویش تاکە ئافرەتمان بوو، بۆیە هیچ ئەشکەنجەیەکی ئێمە، شایستە و پڕاوپڕای گۆناهەکەی ئەو نەبوو لە ئاستماندا! ئای چۆن سووکایەتیمان پێکرد!

ئەو هەموو کاتەکە بێدەنگ بوو، بە دووچاوی نێچیرێکی تۆقیوەوە سەیری ئێمەی دەکرد و شەپۆلی لەرزین جەستەی دەهەژاند. ئێمە پێدەکەنین، دەمانقیژان و دەمانمڕاند… هەندێک خەڵکی تریش لێمان کۆبوونەوە. یەکێکمان سەردەستی چاکەتەکەی تانیای ڕاتەکاند… لەپڕ بریسکەیەک لە چاوانیدا درەوشایەوە. بێ ئەوەی پەلە بکات دەستەکانی بەرزکردەوە بۆ لای سەری. قژی بژ وپەرێشانی خۆی ڕێک کردەوە، بەدەنگێکی بەرز، لێ هێمن، چاوی بڕییە چاومان و گوتی: ئاخ، لە ئێوە، زیندانییە نەگبەتەکان!… ڕاستە و ڕاست بەرەو ڕوومان هات، وەک ئەوەی ئێمە هەر وجودیشمان نەبێت لە بەردەمیدا، وەک بڵێی ئێمە هەر ڕێگەشمان لێنەگرتبێت. لە بەر ئەوەش، ڕاستییەکی کەسمان ڕێمان لێنەگرت. کاتێکیش لە ناوبازنەی ئێمەدا چووە دەرەوە، بێ ئەوەی ئاوڕمان لێبداتەوە، بە هەمان دەنگی بەرزە وە و بەهەمان هەستی شانازییەوە و بەوپەڕی سووکایەتیکردنەوە پێی گوتین: ئاخ ، لە ئێوەی بەدفەڕ و قێزەوەن! … ئیتر بە سەرێکی بەرزەوە، جوان و پڕ لە شانازی  لێمان دوورکەوتەوە و جێیهێشتین. ئێمەش لە ناوەڕاستی گۆڕەپانەکەدا، لە ناو قوڕ و لیتاوەکە و لە ژێر ئاسمانە دێز و بێ خۆرەکەدا هەر خۆمان ماینەوە. دواتر ئێمەش بەرەو کونە تاریک و شێدارەکەی خۆمان لە ژێرزەمینەکە دا ملی ڕێگەمان گرت.. هەر وەکوو جاران، خۆر هیچ کاتێک لە پەنجەرەکانەوە دزەی نەدەکردە لامان، تانیاش هەرگیزاو هەرگیز سەری نەکردەوە بە لاماندا.

پەراوێزەکان:

(١) کریندێل: جۆرە ئیشێکی هەویرە کە لە هەویرێکی شیرینکراو دروست دەکرێت و شێوەی پیتی (بێ) ی لاتینی هەیە زۆر جار وەک سیمبۆلێک بەو دوکانانەدا هەڵدەواسرێ کە کاری هەویر دەفرۆشن.

(٢) هارمۆنیکا: ئامێرێکی موسیقایە و زۆر لە ئۆکۆردیۆن دەچێت.

(٣) لاپتی: جۆرە پێڵاوێک بوو لە ڕووسیای جاران دا لە توێکڵی قەدی دار دەچنرا، پێڵاوی چینە هەژارەکان بوو.

ناردن: