دیمانەکانی نیوەشەو

ڕانانی: سەردەم

بابەتی ئەم کتێبە بریتییە لە کۆمەڵێک وتووێژی فیکری جیاجیا لەگەڵ کۆمەڵێک فیگۆری فیکریی کاریگەر و خاوەن سەرنج و دونیابینی نوێ لەمەڕ بابەت و چەمکگەلێکی جیاواز، وتووێژەکان و خودی پرسیار و وەڵامەکان بە زمانێکی لە ڕوکەشدا سادە، بەڵام لە نێوەڕۆکدا قووڵ و پڕ لە سەرنج داڕێژراون.

ئەم کتێبە لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ (ئاوات ئەحمەد سوڵتان) کاری وەرگێرانی بۆ کراوە و دەتوانین شاهیدی بدەین کە یەکێکە لە وەرگێرانە جوان و سەرکەوتووەکان، وەرگێڕ لێرەدا بە وردی و زیرەکانە ڕۆچووەتە نێو بابەتەکان و بە تێگەیشتنی قووڵ و هۆشیارێکی بێوێنەوە، لە چەمک و دەربڕین و دەستەواژەکان تێگەیشتووە، چونکە بەشبەحاڵی خۆیشی، یەکێکە لە ڕۆشنبیر جدی و خوێنەرە بەردەوامەکانی نێو کایەی فیکر و ئەدەبیات و ڕووناکبیری.

وتووێژەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتیی فیکریدا ساز کراون کە ڕەنگە تا ئەندازەیەک نامۆ بن بە خوێنەری کورد، یاخود زانیارییەکی ئەوتۆیان لەسەر ئاستی فیکری و ژیان و باگراوندیان نەبێت، ئەوانیش بریتین لە : (ئێدگار مۆران، ئامی تان، ئالان دینۆ، ژولیا کریستیڤا، ئالان بادیۆ، یەحیا قەیسی، نەجیب مەحهوز، ڕێجیس دۆبرێ، تێری ئیگڵتون،بۆرخێس، نیشانی دۆشی.)

ئێدگار مۆران کە فەیلەسووف و زانایەکی کۆمەڵناسییە و خاوەنی زیاتر لە شەست کتێبە، یەکێکە لەو کەسایەتیانەی کە لەم کتێبەدا وتووێژی لەگەڵدا کراوە، لەو چاوپێکەوتنەدا سەبارەت بە پێناسەکردنی چەمکی بوێری دەڵێت: بریتییە لە هونەری بەزاندنی ترس، ئەمە وتە نێودارەکی ڤیکۆمت دۆتۆرینرە کە یەکێک بووە لە جەنەراڵە ناودارەکانی فەڕەنسا کە پێش ئەوەی جەنگ دەست پێ بکات، جەستەی خۆی دواند و وتی: ئەی پەیکەر مەلەرزە، چونکە ئەگەر بزانیت من کوێت دەبەم، ئەوە بە تەواوی ئەژنۆکانت دەشکێن، ئەو بڕوای وایە کە جۆرە ئازایەتییەکی مەعنەوی هەیە لەسەر بناغەی گوزارشتکردن لە هەقیقەت دامەزراوە، گوتنی هەقیقەت ئازایەتییە، تەنانەت ئەگەر ترست هەبێت ئەو هەقیقەتە  ببێتە مایەی بێزارکردنی خەڵک و بە تەنیا بمێنیتەوە، کەس لێت تێنەگات و ببیتە مایەی دەنگۆ و سرتەسرت و بەدەمەوەهەڵبەستن.

یەکێکی تر لە دیمانەکان لەگەڵ ئامی تان ساز کراوە، ئەم خانمە ڕۆماننووسە ئەمریکاییە و بە ڕەچەڵەک خەڵکی وڵاتی چینە، ناوبراو لەو دیمانەیەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەڕاستی زۆر نیگەرانە لەوەی خوێنەرەکانی وا بزانن کە خەریکە هەر وا ل خۆوە و بە شێوەیەکی بێسەروبەرە شتێکیان بۆ دەگێڕمەوە، کە لەوانەیە پەرچەکرداری ناو ژیانی سێکسی خۆی بێت.

لە باسکردی یەکێک لە ڕۆمانەکانیدا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو ڕۆمانەی ڕەنگە خوێنەر ئاگای لە ڕووداوەکانی نەبێت، باسی سۆزانییەک دەکات کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە شەنگهای ژیاوە و لە جێگەیەکیش خەریکی لەشفرۆشی بووە، پڕیەتی لە هاتوهاوار و هەراوزەنای ئەو پیاوانەی هاتوون بۆ ئەوەی لەگەڵ دەیان ئافرەتی وەک ئەودا سێکس بکەن. ئامی تان باس لەوە دەکات کە لە ڕۆمانەکەیدا باسی دۆخەکانی ئافرەتی سۆزانیی نەکردووە، بەڵکو سەرقاڵی بەکارهێنان وردکردنەوەی زمانێک بووە کە زۆر بوێرانە لە وەسفی دیمەنەکانی بێئابڕووییدا بەکار هاتووە، ئەو دەشڵێت:

من شێلگیرانە دەمویست وشە و دەستەواژەکان بەو شێوەیە بەکاربهێنم کە سۆزانییەکان لە قسەکردنیاندا بە کارین دەهێنن، گەرچی دەشمزانی ئەمە وال ە بەشێک لە خوێنەران دەکات بێزیان بێتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە زۆر کەمتر و ئەهوەنتر لەو وشە و زاراوانەی لە سینەما دەیانبیستین، من کە لە ڕۆمانەکەمدا سەرقاڵی ئەندێشەکردنم، توانای ئەوەم نییە لە چەندین لاوە لەگەڵ خۆمدا ناکۆکم.

ئەم خانمە ڕۆماننووسە باس لەوەش دەکات کە ماوەیەک ئەو کتێبانەم دەخوێندەوە کە ڕاشکاوانە باسی سێکس دەکەن، ئینجا هەوڵم دا پێگەی ئەلکترۆنیی گۆڤارە تایبەتمەندەکان و چالاککەرەکانی خەفەبوون، یان هەراشیی سێکسی بزانم، کەوتنە بەسەرکردنەوەی ماڵ و نۆرینگە تەندروستییەکان، ئەوانیە ڕاوێژ دەدەنە پیاوان تا بزانن لە ماڵەکانی لەشفرۆشی چۆن ڕەفتار بکەن.

ئالان دینۆ کە نووسەرێکی فەڕەنسایی- کەنەدییە، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرای فەلسەفەیە، ئەو وەک فەیلەسووف و نووسەر و چالاوانێکی سیاسی ناسراوە و نەیارێکی سەرسەختی سیستمی سەرمایەدارییە، ئەو وای بۆ دەچێت کە مرۆڤایەتی گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار و هەڕەسەیەکی زۆری لەسەر ئازادی و کەرامەتی مرۆڤەکان دروست کردووە و پێشی وایە چەمکە قووڵ و بنەڕەتییەکانی ناو هزرمان ڕەویونەتەوە و کۆمەڵێک چەمکی ڕووکەشی بێناوەڕۆک و پووچ جێگەیان گرتوونەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەمە لەسەر ئاستی تاکەکان نا، بەڵکو لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و دەوڵەتەکانیش ڕووی داوە.

ئەم نووسەر و فەیلەسووفە لە چاوپێکەوتنەکەیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هیچ مایەی سەرسامی نییە، هزری سیاسی دەکەوێتە ژێر هەژموونی ئەو نێوەندەوە کە دەوری داوە، بۆیە جیاوازی ن ێوان گوتارەکان زۆر کەمە و دەشڵێت: دروشمەکان نەک بنەماکان بە گژ یە یەکا دەچن، هەمووشی لە چوارچێوەیەکدا کە بە ڕووکەش بۆنی ناکۆکی لێ دێت، گەلێ چەمکی وەک: پێوەرە هاوسەنگەکن، میانڕەوی دروست و ڕێکەوتن، هەتا ئاستی پیرۆزی بەرزبوونەتەوە، بەم جۆرە سیستەمی سیاسی تێدەکۆشێت بگاتە بەرزترین ئاستەکنی سەنتەریبوون، بە جۆرێک چیتر بارودۆخەکەی لەگەڵ تەوەرەکانی ڕاست و چەپدا ناگونجێت، بەڵکو دەیەوێت ئەم جەمسەربەندییە نەمێنیت، یەک شێواز و یەک جۆر لۆجیک لە ئارادا بێت.

ژولیا کریستیڤا، کە خانمە ڕۆشنبیرێکی ئینسایکلۆپیدیایی فەڕەنسییە، کارەکانی لە سەرانسەری جیهاندا ناسروان، وەک لەم کتێبەدا ئاماژەی پێ دراوە بابەتی کارەکانی بەناویەکدا چون: فەلسەفە، زمانەوانی و دەرونشیکاری، بەلای کریستیڤاوە، هەبوونی باوەڕ پێویستییەکی گەردوونییە و دەبێت بە جدی وەری بگرین، ئەم فەیلەسووفە لە بەرانبەر چەقبەستن و ڕەقهەڵاتنی باوەڕەکاندا داکۆکی لە پێویستییەکی گوێگرتنی ڕەخنەییانە لە گوتاری ئایینەکان دەکات، ئەو باس لەوە دەکات کە وەک دەروونشیکارێک لە ئەنجامی کر و گرنگیگیەکانیدا، هەروەها لە ڕەوتی خۆشیدا وەک ئافرەت توانیویەتی سەرنجی ئەوە بدات کە گەشەکردنی منداڵ لەسەر تێپەڕانندی پاشکۆیەتی بۆ دایک دادەمەزرێت و دەشڵێت: کەواتە بڕینی ناوک لە ڕووی فیزکییەوە ساوا لە دایکی جیا دەکاتەوە، بەڵام ئەو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و یەکسەر دەرک بەو سنوورانە ناکات کە لە نێوان خودی خۆی و جەستەی دایکیدا هەیە، لە ماوەی مانەوە لەگەڵ داکیدا بەپێی گوزارشتەکەی فرۆید، هەستێکی بە ژینگە لا دروست دەبێت و بە جۆرێک لە جۆرەکان هەستەکای پڕ دەبن، ئیتر بر خۆشحاڵییەوە دەرک بەوە دەکات کە سەر بە ئەوانە، ئەمەش دەبێتە یەکەمین ئەزموونی باوەڕ.

ئەم خانمە فەیلەسووفە پێی وایە کە بوونەوەری قسەکەر بە درێژایی ژیانی خۆی لە گەڕاندایە، دەیەوێت دیسانەوە پەیوەندی بکات بە پێکهێنەرە سەرەتاییەکانی ناسنامەکەیەوە و ئەزموونەکانی باوەڕ ببوژێنێتەوە، کە پەیوەستن بە هەستی ژینگەییەوە، بە هەمان شێوە دەشیەوێت خۆی لەگەڵ باوکە عاشقەکەیدا وێنا  بکات، لێرەدا ئەو بوونەوەرە قسەکەرەی جاک لاکان کاری لەسەر کردووە، خەریکی ئەزموونکردنی پێویستییەکی نامۆی باوەڕە، بەم جۆرە ئایینەکان لە هەموو کۆمەڵگە و سەردەمێکدا پەیدابوون.

ئەو جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە بە پشتبەستن بە فرۆید سەرنجی داوە، لە ماوەی هەرزەکاریدا باوەر پێوسیتییەکی زۆرتری هەیە، چونکە هەرزەکار پێویستی بەوەیە باوەڕ بە ئامانجێکی نموونەیی بهێنێت، بە مەبەستی ئەوەی پێی بگات و لێی تێپەڕێت، بەمەش دایک و باوکی جێ بهێڵێت و پێگەی خۆی بدۆزێتەوە.

ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ ناساندی ئەم کتێبە گرنگە بە خوێنەر و نووسەری کورد، بەو هیواییە خۆیان لە خوێندنەوەی بێبەش نەکەن، چونکە لە ماوەی خوێندنەوەی چاوپێکەوتنەکانەوە خۆبەخۆ خوێنەر پڕ دەبێت لە زایاریی هەمەجۆر، هەم ئەدەب و فیکر و فەلسەفە، هەم بابەتی کۆمەڵایەتی و مێژووی و دەرونشیکاری، هاوکات بەشێکی دیکەی گرنگییەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خوێنەر و نووسەری کورد بە کۆمەڵێک فەیلوسووف و ڕۆشنبیری جیهانی ئاشنا دەبێت، دونیابینییان، ناوەڕۆکی بابەت و تێزە فەکسەفییەکانیان، بۆچوونیان لەمەڕ چەنکگەلێکی هەستیار و کاریگەر، کە بۆ ئێمە پێداویستییەکی ڕۆشنبیری و فیکرین و ئاسۆی تێگەیشتن و ڕوانینمان فراوان دەکەن.

ناردن: