لە بارەی ڕۆمانی یادەکانەوە

نووسینی: دلاوەر قەرەداغی

بەڕێوەبەرەکەی چاپ و بڵاوکردنەوە، شاعیر و ڕۆماننووسی سوێدی تۆرگنی لیندگرین (١٩٣٨- ٢٠١٧) هان دەدا یادەکانی بنووسێتەوە، لیندگرێن پێی دەڵێ:”ناتوانم، یادەوەرییم نییە.” بەڕێوەبەرەکەی چاپ و بڵاوکردنەوە دەستبەردار نابێ و لەگەڵ لیندگرێندا بە مەبەستی ئیقنا کردنی، دەکەوێتە وتووێژێکی دوورودرێژەوە. لێی دەپرسێ:”خۆ ناتەوێ بڵێیت تووشی فەرامۆشی بوویت؟ کە دووچاری شتێک هاتوویت؟ کە شتێکت بەسەرهاتووە؟”

لیندگرێن لەمیانەی پاساوهێنانەوە و وەڵامەکانیدا دەڵێ: “دووچاری هیچ شتێک نەبووم و هەموو شتێکیشم بەسەرهاتووە؛ نەخۆشی، مەرگ، فریودان و نێوونێوبانگ. زریانی نێوەڕاستی زەریایش لەنێو گەمیەیەکی بچووکدا بە جێی خۆی. من نەختێک لە حەفتا ساڵانم تێپەڕاندووە، بەڵام بەبیرداهاتنەوە، ئەمیانم لەدەست نەداوە، هەرگیز پێیشم وا نەبووە یادەوەرییەکم هەبووبێت. توانستی بیرکردنەوەیشم، جەخت لەسەر ئەمیان بکە، بەڵام و دڵنیا بە، هێشتا یەکێک لە باشترینەکانە لە سوێددا”

بەڕێوەبەرەکەی چاپ و بڵاوکردنەوە، بە بیری “لیندگرێن” ی دێنێتەوە کە “یادی نووسەران لێیان دەپرسرێت و تا ڕادەیەک خواستی خەڵکن”، پێیشی دەڵێ:”دەتوانم ژمارەی فرۆشتنیانت پیشان بدەم.”

لیندگرێن لە وەڵامدا دەڵێ:” من سەر لە ژمارە دەرناکەم. بە بیرمدا نایەن، ئەگەر بمتوانیبا ژمارەم بە بیردا بێنەوە، نەدەبووم بە نووسەر.”

بەڕێوەبەرەکەی چاپ و بڵاوکردنەوە کۆڵ نادات و لە هاندانی لیندگرێن بۆ نووسینی “یادەکان” ی بەردەوام دەبێ. دواجار لیندگرێن قاییل دەبێ و “یادەکان” ی دەنووسێ، بەڵام بەو فێڵ و تەکنیک و سیحری گێڕانەوەیە دەینووسێ کە وا پێدەچێ هەر تەنها تایبەت بە خۆی بێت. “یاد” انێک دەنووسێ کە هەر دەڵێی وردە چیڕۆکی جوان جوانن و بە تەقەڵی سیحریی دراونەتە دەم یەکدی، یادگەلێک کە هەر دەڵێی جۆگەن و لە جێگایەک هەڵدەقوڵێن، بەسەر خۆشخوڵقیی و تراژیدیا و چەندین سورپرایزدا تێدەپەڕن و پاشان لە جێگایەکدا کۆتاییان دێت، یان دەگەڕێنەوە سەرەتا و خاڵی دەسپێک. خوێنەر لەمیانەی خوێندنەوەی “یادەکان” دا، خانەگومانە لەوەی کە ئاخۆ ئەوەی دەیخوێنێتەوە، یاد و یادەوەرییە، چیرۆکە، یاخود خودی ژیانە؟ خانەگومانە و نازانێ ئایا کام لەو یادانە ڕاستە و کامیان زارۆکی خەیاڵە و کامەشیان بەڕاستی ڕووی داوە!

جا هەر بەڕاستییش، ئایا “یادەکان”، یاد و یادەوەریین بە مانای ئاسایی و باوی وشەکە، یان تێکستێکی تیفتیفەدراوە بە چەشنە سەبکی گێڕانەوەیەک؛ کە زمان و  خوڵق و سیحر تیایدا خوێنەر تا ئەوسەری ڕێگاکە کەمەندکێش دەکەن؟

کتێبی “یادەکان” ی تۆرگنی لیندگرێن، کتێبی کەسێکیشە کە بە مناڵیی هەر سی و قسوور کتێبەکەی خۆی تەواو کردوون، ئێستا بە گەورەیی هەر تەنها ئەوەی لەسەر بووە، بە وردی و بەرپرسیارییەوە بیاننووسێ.

زمانی جوانی وەرگێڕانەکەی کاک خەبات عارف- یش بە جێی خۆی؛ کە فێنک و خۆمانە و ڕەوان، بە درێژایی ڕێگای گێڕانەوە ئەفسووناوییەکەی لیندگرێن، پێکەوە و بە تەرزێکی هارمۆنیک؛ لەگەڵ جوانیی “یادەکان” دا، لە پێشبڕکێدان.

ناردن: