کتێبی عەقڵی شیعری و سەرەتایەکی باش بۆ تێگەیشتن لە شیعر

ڕانانی: ئیدریس عەلی

کتێبی (عەقڵی شیعری) یەکێکی دیکەیە لە کتێبە تازە و گرنگەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کە لە ماوەی ڕابردوودا چاپ و بڵاوکراوەتەوە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە، ئەم کتێبە بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی قووڵ و ورد، کتێبی عەقڵی شیعری لە لایەن نووسەر و شاعیر (حسێن لەتیف) نوسراوە و پشتی بە حەفتاونۆ سەرچاوەی گرنگ بەستووە.

بەشەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، جگە لە پێشەکیی نووسەر، بریتین لە: ئایا شیعر ئەدەبە؟ جەوهەری شیعر، قەیرانی شیعر قەیرانی دیدگا، ئایا شیعر لە پاشەکشێدایە؟ نان بۆ هەموان شیعر نا، بۆ عیرفان بخوێنینەوە، پووشێک لە چاوی شیعردا، ڕووبەری شیعرنووسین، مانای شیعری، شاعیر و مەیموون، شیعر هیچ نییە خۆی نەبێت، کۆجیتۆی شاعیر، شیعر و ئازادی، هۆڵدەرلن شاعیری ئێستا وداهاتوو، ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی شیعر، ئایدیا و بونیاد بادە و شەراب، زمان، وێنەی شیعری، شیعر و ئاڵۆزی، جێکەوتەی وشە، شیعر و هەڵوێست، پێچەوانەکردنەوەی دیدە شانۆییەکانی ئەنتوان ئارتۆ بۆ شیعر، شیعری وێنە و شیعری پانتایی، شیعر وەک پێڕفۆڕمانس شیعر وەک شێوەکاری، شیعری سپی، شیعری توندوتیژی، بۆچی هایکۆ بنووسین؟ ئێستا کاتی شیعر نووسینە.

وەک نووسەری ئەم کتێبە لە پێشەکییەکەیدا ئاماژەی پێ کردووە، لە ڕۆشنبیری عەرەبیدا، شاعیر و ڕەخنەگری عێراقی خەزعەل ماجدی، لە کتێبێکیدا بە ناوی (عەقڵی شیعری) گفتوگۆ لەگەڵ زۆربەی بۆچوونە فەلسەفییە جیاوازەکاندا لەسەر شیعر دەکات و بەرگری لە ڕەسەنایەتیی شیعر لە هەموو ڕۆژگارێکدا دەکات: ناونانی ئەم کتێبەم بە “عەقڵی شیعری” دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بۆچوونە تیۆرییەکانی خۆمم لەسەر لایەنە جیاوازەکنی شیعر بە گشتی و دۆخی شیعری کوردی، خستووەتە ڕوو. نووسەر باس لەوەش دەکات کە ئەم هەوڵەی ئەو هەنگاوێکە سەبارەت بە گفتوگۆکردن بۆ داڕشتنی عەقڵێک لە بارەی شیعرەوە.

لە بەشێکی ئەم کتێبەدا بە ناوی (ئایا شیعر ئەدەبە) نووسەر بە وردی ڕۆدەچێتە نێو شرۆڤەکردن و وەڵامدانەوەی ئەم پرسە گرنگە، بە تایبەت بەشێکی هەستیاریی ئەم بابەتە بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە چەمکی پرسیاری داناوە، بێگومان هەموو جۆرە پرسیارێکیش مەودای ئەوە بە لێکۆڵیار و نووسەران دەدات، کە کنە و بەدوداچوونی پتر بکات، دەستی بە سەرچاوەی گرنگ و پڕ بایەخ بگات و سەری شۆڕکاتەوە نێو دەیان کتێب، تا بە شێوەیەکی تیۆریانە بە دوای وەڵامی پرسیارە تیۆرییەکەی خۆیدا بگەڕێت، پرسیارێک کە لە جەوهەردا گومان دەخاتە سەر کۆی بونیادی شیعر وەک ژانرێکی باڵا و کاریگەر و ئامادە لەنێو هۆشیار و زمانی مرۆڤایەتیدا، بەڵام وشیارانە مامەڵە لەگەڵ هەم پرسیارەکە و هەم ئەو گومانەشدا دەکات کە دروستی کردووە.

حسێن لەتێف، لەو بەشەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەمە ئەو پرسیارەیە کە پێیوست بوو زووتر لەناو ڕۆشنبیریی کوردیدا، لە خۆمان بکردایە، ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە کە شیعر، زۆرترین ڕووبەری ڕۆشنبیریی کوردی داگیرکردووە: جگە لەوەش گەڕان بە شوێن وەڵامی وەها پرسیارێکدا، هەم ئاسۆی تێگەیشتن و هۆشیاریی شیعریمان فراوان دەکات، هەمیش دەبێت بە سەرەتایەک بۆ خوێندنەوەی کەلەپووری شیعری کوردی.

نووسەر هەر لەم بەشدا کە سەبارەت بە ئەدەبوونی شیعرە، خوێنەر دەخاتە بەردەم جۆرە دردۆنگییەکەوە و لاپرەسەن ناچاریان دەکات وردتر بەدوای وەڵامەکەدا بگەڕێن و هەموو خەیاڵ و هۆش و گۆشێکیان لەسەر کتێبەک بێت تا دەگەن بە دەرئەنجامێکی ڕازیکەر، ئەوەتا هەر خۆی دوودڵی خوێنەر پتر دەکات و دەپرسێت: ئەگەر شیعر ئەدەب نییە، ئەی چییە؟ چییەتی شیعر، بە تایبەت لە دەرەوەی بازنە و قاڵبە ئامادەکراوەکانی پێناسەدا، دیسان کردنەوەی دەرگایەکی دیەکە بۆ کنە و گەڕانی دیکە، هاوکات ڕازی نەبوونە بە یەک وەک وەڵامی تاک ڕەهەند و بێ مەودای ئەوتۆ، کە ڕەنگە پڕستی بڕینی نەبێت بۆ ڕۆژگار و زە مەنێکی دوورتر، ئەمەش بێگومان زیرەکی و وریایی لێکۆڵەر پیشان دەدات لە لێکۆڵینەوکەیدا و پێچەوانەی نەخشەی هەندێک لەو لێکۆڵینەوانەیە کە پەیژە ئاسا، پلە پلە سەردەکەون یان دادەبەزن، لێرەدا و لەم باسەدا، خوێنەر بە تامەزرۆییەوە، بە ڕێگا هەڵبەز و دابەز و هەڵەت و پڕ قۆرتەکانی گومان و ڕاڕاییدا دەبرێت، یانی لێرەدا خوێنەر دەبێت بڕێک بە وشیاری و ئاگاییەکی پترەوە دوای چەمک و پێناسە و گومان و پرسیارەکان بکەوێت بۆ ئەوەی ببێتە بە بەشێک لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئاگایی و هۆشیاری و مەعریفەی شیعری.

بە ڕای نووسەر شیعر ل ڕۆشنبیری کوردیدا بیری لێ نەکراوەتەوە، بەڵکو هەر نووسراوە، ئەمە ئەو خاڵە جەوهەرییەیە کە دەمانباتەوە لای بۆچوونە بەناوبەناگەکەی شاعیر و ڕووناکبیری ناوداری عەرەب (ئەدۆنیس) کە پێی وایە شاعیرێکی گەورە دەبێت ڕووناکبیرێکی گەورەش بێت، ئەم گۆمانە لە کایەی شیعری کوردی، کە بەشێکی بنچینەیی و کاریگەری نێو ڕووبەری ڕووناکبیری و ئەدەبیی ئێمەیە، ڕایەڵمان دکاتەوە بە پرسی هۆشیاری و مەعریفە و ئاستی ڕۆشنبیری شاعیرانی ئێمە و وامان لێ دەکات بپرسین: ئایا ئەو کەلەپوورە شیعرییەی ئێستامان بەرەنجامی بیرکردنەوە و تێڕامانی فیکری و فەلسەفی و دونیابینییەکەی فرەڕەهەند و مەودا دووری شاعیرانی ئێمەیە؟ ئایا شیعری باش و داهێنەرانە، توانای گۆڕینی ئاستی بیرکردنەوە و زیهنی چەقبەستووی تاکی کۆمەڵگای نییە؟ ئایا شیعر خاوەنی ئەو ئەفسوونە نییە کە سەرلەبەری بونیاد بیکردنەوە و تێڕوانین و تێڕامان و دونیابینیمان هەڵتەکێنیت و لەبری، هۆشیاریمان لە بەرزترین ئاستدا پێ بببەخشێت؟

لر برشێکی دیکەی کتێبەکەیدا، بە ناوی جەوهەری شیعر (حسێن لەتیف) باس لەوە دەکات کە بە درێژایی مێژووی شیعر، هەریەل لە فەلسەفە، سیاسەت، پەروەردە و ئایین، زۆر بە قووڵی لە ڕۆڵی شیعر تێگەیشتوون، هەر بۆیە هەر یەک لەو کایانە ویستوویانە شیعر وەک کەرەستەی گەیاندنی ئامانجەکانی خۆیان بەکار بهێنن: چونکە لەوە تێگەیشتوون شیعر برووسکەئاسا بە هەموو ڕووبەرەکانی بیرکردنەوەوە و دەروونی مرۆڤ دەگات، بەڵام لێرەدا نووسەر قسە لەسەر بەکەرەستەکردنی شیعر دەکات و پێی وایە یەکەمین و گەورەترین زیان بوو بەر شیعر کەوتووە، ناوی واعیزەکان و دەوڵەتمەدار و سیاسیی و پۆپۆڵیستی دەبات کە هەمیشە شیعریان وەک ئامڕاز بەکارهێناوە: هەر بۆیە مێژووی شیعر، مێژووی گومانکردنە لە شیعر، ئەوەی لێرەدا و سەبارەت بە ڕاست و دروستیی بۆچوونە تیۆرییەکی نووسەر دەبێت بگوترێت، ئەوەیە کە جۆگەلەی درێژەوەبووی مێژووی شیعر، بە فۆڕم و تاک قاڵبی و نەخشەی داڕشتنیشییەوە، لەبری قووڵبوونەوە بە هونەر و تەکنیک و شێوازی نوێدا، تێما و بابەت و کەرەستەکانی نێو شیعر، جێگای تێڕامانی ڕەخنەگران و چێژی کاتیی خوێنەرانیش بووە، ئەو گومانە لەو شوێنەدا ڕەوایەتی خۆی پەیدا دەکات کە ئەگەر بە لاپەرە مێژووییەکانی ڕەخنەی ئەدەبی بە گشتی و ڕەخنەی شیعریدا بچینەوە، تەواو نائومێد دەبین، چەند هەولێکی کەمی لێرەولەوێ نەبێت کە بە دیدگا و ڕەهەندێکی ڕەخنەییانەوە تێکستە شیعرییەکانیان خوێندووەتەوە، سەرلەبەری ئەو میراتەی بۆمان ماوەتەوەم سوودێکی بۆ ئێستامان نابێت و نائومێدییەکەمان پتر دەکات  وقومانەکەشمان قووڵتر دەکاتەوە.

بەشێکی دیکەی ئەم کتێبە، بابەتێکی هەستیار و مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە (قەیرانی شیعر- قەیرانی دیدگا) و بەو پرسیارە ڕۆدەچێتە نێو باتەکەوە کە ڕۆژانە بێ هیچ باگراوند  وئەرگۆمێنتێک بەرگوێمان دەکەوێت: ئایا شیعر لە پاشەکشەدایە؟ نووسەری کتێبی (عەقڵی شیعری) لەم بەشەدا ئەو دەنگۆیەی کە دەڵێت شیعر لە قەیراندایە، بە پرسیاریک وەڵام دەداتەوە: بۆ لە قەیراندایە؟ واتە دەگوترێت شیعر ل قەیراندایە، بەڵام ناگوترێت بۆچی؟ نووسەر لەم بەشەدا زیرەکانە گومان دەخاتە سەر ئەو دەنگۆیە و بە شێوەیەکی ورد هەندێک بەڵگە و هۆکار دەخاتە ڕوو و دواتر بۆچوونە تیۆرییەکانی خۆی پێشکەش دەکات.

لێرەدا ناتوناین لەسەر کۆی بەشەکانی ئەم کتێبە بدوێین، ئەم نووسینەش جگە لە هەوڵێکی خاکەڕایانە بۆ ناساندنی ئەم کتێبە گرنگە بە خوێنەر، هیچی دیکە نییە، کتێبە باشەکان وەک هاوڕێ باشەکان وەهان، دەبێت دەستیا لەیەکدی گیر بێت و سوود و زانیاری وەربگرن لێیان، لە ئێستای دونیای ئیمەدا کە شیعرنووسین بووەتە یەکێک لە شێوازەکانی گوزارشتکردن لە خەمە گشتی و تایبەتییەکانی زۆرێک لە خەڵک، بە تایبەت گەنجان، هەقە دەست بە خوێندەوەی ئەم کتێبە بکەن، چونکە ڕستەوخۆ دەستکاری تێڕوانین و دونیابینییان دەکات و دەیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیی ئەوەی کە لانی کەم شیعر نووسین وشەڕیزکردن و خۆبەتاڵ کردنەوە نییە، بەڵکو کایەیەکە پەیوەستە بە وشیاری و ڕۆشنبیرییەکی ئێجگار فراوانەوە.

ناردن: