هاوسەر

فرانز کافکا

چیرۆک

له فارسییەوە: ڕەووف بێگەرد

باری گشتیی کاروکاسبی بە ڕادەیەک خراپ بووە، هەندێک جار لە ئۆفیسەکەمدا هەر ئەوەندەی دەرفەتێکم بۆ بڕەخسێت، ئەو کیفەی نموونەکانی تێدایە هەڵدەگرم و خۆم بەدوای مشتەریدا دەگەڕێم. بەتایبەتی ماوەیەکی زۆربوو دەمویست سەر لە (ن) بدەم. پێشتر سەروسەودایزۆرم لەگەڵیدا بووە، بەڵام لە پارەوە، نازانم لەبەرچی، تا ڕادەیەک پەیوەندیمان بڕاوە. ئاسایی ئەم جۆرە پێشهاتانە پێویستیان بە بەڵگەی تایبەتی نیە. ئەمڕۆ بەم پەیوەندییە ئاڵۆزانەوە، گەلێک جار شتێکی هیچ، ڕەنگە ئارەزوویەکی کاتی هەموو شتێک بگەیەنێتە بن بەست. لەلایەکی ترەوە ڕەنگە هیچێک، یان تاقە وتەیەک جارێکی دی کارەکان بخاتەوە سەرپێ. لێ (ن) بە ئاسانی دەست گیر نابێت، چونکە پیاوێکی بەتەمەنە و بەم دواییەش گەلێک نەخۆشە. ئەگەر چی هێشتا هەر خۆی کارەکان ڕادەپەڕێنێت، بەڵام به دەگمەن دەڕوات بۆ ئۆفیسەکەی، بۆیە ئەگەر بتەوێت قسه‌ی لەگەڵدا بکەیت ناچاریت بچیت بۆ ماڵەوە بۆلای. دیدارێکی لەم جۆرەیش حەزی مرۆ بۆ دواخستنی کاتەکە دەجوڵێنێت.

سەرئەنجام دوێنێ شەو، دوای سەعات شەش، چووم بۆ ديتنی. بێگومان ئەو ساتە بۆ ئەو کاتێکی نەگونجاو بوو. بەڵام دەبوو من بە ديدێکی بازرگانیەوە لە مەسەلەکە بڕوانم نەک وەک پەیوەندی کۆمەڵایەتی. بەختم یار و(ن) لەماڵ بوو. لە ژووری بەراییەوە پێیان ڕاگەیاندم کە تازە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا لە گەشت گەڕاوەتەوەو ئێستا لە ژووری کوڕە نەخۆشەکەیدایە کە لەناو جێگادا کەوتوە. پێیان وتم بچم بۆ ئەو ژوورە. لە بەراییدا دوودڵ بووم. لێ بۆ ئەوەی هەرچۆنێکە ئەو دیدارە ناجۆرە زووتر لە کۆڵ خۆم بکەمەوە، به‌سه‌ر ڕاڕاییه‌که‌مدا زاڵ بووم، به‌ هه‌مان ئه‌و داروباره‌وه‌ که‌ هه‌مبوو, پاڵتۆ لەبەر و کڵاو لەسەر، بەو جانتایەوە نموونەکانی تێدا بوو، لە ژوورێکی تاریکەوە بۆ ژوورێکی نیمچە ڕوناک، ڕێ نمایی کرام، چەند کەسێک لە ژوورکەدا بوون. هەر بە غەریزە، یەکەمجار چاوم بە کارگوزارێک کەوت تا ڕادەیەک یەکێک بوو لەوانەی ملمانێی کاری لەگەڵدا دەکردم, دەمناسی، پێش من خۆی گەیاندبووە ئەوێ، پاڵتاوێکی جوانی دوگمەکراوەی لەبەردابوو. هێند بێ شەرمانە لە نزیک قەرەوێڵەی نەخۆشەکەوە دانیشتبوو دەت وت پزیشکە. پێ دەچوو نەخۆشەکەیشی کە تا دەم و چاوی سوور داگێڕا بوو، تاوەناتاوێک نیگایەکی دەکرد، هەمان ڕای منی هەبێت. لەوە نه‌دەچوو کوڕە نەخۆشەکە زۆر گەنج بێت، هەر ئاوا لە تەمەنی مندا، بە ڕیشێکی کەمەوە کە بەهۆی نەخۆشیەکەیەوە کەمێک شێوابوو. (ن)ی پیر پیاوێکی باڵابەرز و چوارشانە بوو. لێ بەهۆی نەخۆشی درێژخایەنەوە گەلێک لاواز و کۆم و لەرزۆک بوو. بەو حاڵەوە کە تازە گەیشتبووەوە ماڵێ، بە پاڵتاوە خوریەکەیەوە بەپێوە وەستا بوو، ڕووی لە کوڕەکەی و بە چرپە شتێکی پێ دەوت. هاوسەرە ورد و ژیکەڵەکەیشی، کە زۆر خۆش دوو بوو لەگەڵ مێردەکەیدا- چونکە کەم تا زۆر گرنگی بە ئێمە نەدا- پاڵتاوەکەی لەبەر دادەکەند، بەڵام بەهۆی جیاوازیی قه‌د و باڵایانەوە لە یەکتری کارەکەی گرانبوو. لێ هەرچۆنێک بوو ئەنجامیدا. ڕەنگە ناخۆشیی کارەکە لەوەدا بووبێت کە (ن) زۆر پەلەی بوو، بێ ئارامانە بۆ دۆزینەوەی کورسیەکەی دەستی بەم لاو ئەولادا درێژ دەکرد و دەگەڕا، پاشان هاوسەرەکەی، دوای ئەوەی پاڵتاوەکەی لەبەری داکەند، خێرا کورسیەکەی بۆ هێنا، خۆی پاڵتاوەکەی هەڵگرت و تا ڕادەیەک تیایدا ون بوو بوو، بەو جۆرە لە ژوورەکە بردیە دەرەوە.

لەو چرکەساتەدا هەستم کرد دەرفەتی قسەکردنم لەبارە، یان بەجۆرێکی تری بڵێم لەبار نیە و هەرگیزیش لەبار نابێت. ئەگەر پێویستی بەپێش دەستی بکردایە دەبوو لێی نەوەستم و دەست پێ بکەم. چونکە دەمزانی گفتوگۆکردن لەبارەی بازرگانیەوە هەمیشە ڕوو لە گێژەنە. لێ من، بەپێچەوانەی ئەو کارگوزارەوە کە دیار بوو دەیەوێت هەر لە ژوورەکەدا بمێنێتەوە، نەم دەویست لەوە زیاتر بمێنمەوە. ئەسڵەن ئەویشم زۆر مەبەست نەبوو. لەبەر ئەوەیش دەمبینی (ن) زیاتر سەرقاڵی کوڕەکەیەتی و قسەی لەگەڵدا دەکات. خێرا دەستم بە قسان کرد و مەبەستەکانم تێ گەیاند. بەداخەوە من وا ڕاهاتووم لە کاتی قسەکردندا- ئەمە زۆر ڕووودەدات و ئەو ڕۆژە لە ژووری نەخۆشەکەدا زیاد لە جاران ڕوویدا- بەردەوام جێ بەخۆم ناگرم، بەدەم قسەکردنەوە هەڵدەستم و دادەنیشمەوە. ئەمە بۆ نووسینگەی خۆم کارێکی چاک و ڕەوایە، بەڵام لە ماڵی خەڵکانی تردا ناجۆر و بێزارکەرە. جگە لەمە، من نەم دەتوانی لەوە زیاتر خۆم بگرم، چونکە بەپێچەوانەی ڕاهاتنەکەمەوە جگەرەم نەدەکێشا. ئیدی هەرکەسە و نەریتێکی نەشیاوی خۆی هەیە. بەڵام کاتێک نەریتەکەی خۆم لەگەڵ نەریتی کابرای کارگوزاردا بەراورد دەکەم شانازیم بەخۆم دێ. بۆ نموونە، ئەو وا ڕاهاتووە کڵاوەکەی بخاتە سەر ئەژنۆی، بەهێوریی ئەم لاو ئەولای پێ بکات، پاشان لەپڕێکداو بەبێ ئەوەی چاوەڕێی لێ بکرێت دەیکاتە سەری، ئینجا بێ سێ و دوو دیسان لای دەباتەوە، وەک ئەوەی بەهەڵە کردبێتیەسەری وایە. ئیتر ئەمە چەند جارێک دووبارە دەکاتەوە. بەڕاستیی جگە لە ناشایستەیی چ ناوێک لەم کارە دەنێیت؟ لێ من وەک خۆم چ خەوشێک لەو کارەدا نابینم. بەردەوام لە ژوورکەدا دێم و دەچم هەر گوێ بەوە نادەم و بیر لەکاری خۆم دەکەمەوە، بەڵام کەسانێک هەن بەم کەڵەک و کڵۆکی کڵاوە زۆر بێزار دەبن. من وەک خۆم لەگەڵ ئەو تەنگژانەی تووشیان هاتووم، نەک باکم بە هیچیان نیە، بەڵکو گوێ بە کەسیش نادەم, بەڕاستی ئەوەی لە دەوروبەری مندا ڕوودەدات هەمووی دەبینم. لێ تا ئەوکاتەی قسەم تەواو نەبووەو هیچ کەسێکیش ڕاستەوخۆ بەرەنگاریی نەکردووم، گوێ بەهیچ نادەم. بۆ نموونە دەمزانی (ن) لەوەبێ تواناترە گوێ لە قسەکانم بگرێت، دەمبینی توند دەستی به هەردوولای کورسیەکەوە گرتووەو گینگڵ دەدات، تەماشام ناکات، بەڵکو بێ هوودە چاوی دەگێڕاو وەک بەدوای شتێکدا بگەڕێت وابوو. دەم و چاویشی هێند ناجۆر بوو وەک ئەوە وابوو نەک تەنیا گوێ بە قسەکانم نه‌گرێت، بەڵکو هەست بە بوونیشم نەکات. بەڵێ ئەو ڕەفتارە نادروستەی ئەوم دەبینی کە بێ ئومێدی دەکردم، کەچی بەجۆرێک بەردەوامیم بە قسەکانمدا، وەک بڵێی لەوە دڵنیابم سەرئەنجام بە قسەکانم، بە پێشنیارە گونجاوەکانم لە بارەی کارەکانەوە، هاوسەنگیەک دروست بکەم- بەردەوام، بێ ئەوەی کەس داوای لێ کردبم، ئیمتیازی وام پێشکەش دەکرد تەنانەت خۆم هەر بە بیستنی سەرم سووڕ دەما- لە ڕوانینێکی سەرپێییدا پێم خۆشبوو کارگوزارەکە وازی لە کڵاوەکەی هێناوەو هەردوو دەستی لەسەر سنگی هەڵپێکاوە. وا دەردەکەوت ئەو قسانەی هەندێکیانم هەر بە مەبەست لە دژی ئەو کردبوو، کێشەی بۆ پلانەکانی دروست کردبێت، من لەسەر قسەکردن بەردەوام بووم، بەڵام کوڕەکەی (ن) کە من تا ئەو چرکەساتە زۆر گوێم پێی نەدەدا، لەپڕێکدا لە نێو جێگاکەیەوە نیوە خێزێکی کرد و بە مشت ڕاوەشاندنی بێدەنگی کردم. دیار بوو دەیویست شتێک بڵێت، یان ئاماژە بۆ شتێک بکات، بەڵام توانای نەبوو. وام زانی بەرئەنجامی تایەکە تووشی وڕێنە و بزڕکاندن بووە. لێ دوای چرکەساتێک کە هەرلەخۆوە سەرم بۆ لای (ن) سووڕاند، چاکتر لە مەسەلەکە تێ گەیشتم.

(ن) بە چاوی کراوەو دەرپەڕیوەکانیەوە کە لەبەردەم ئێستا نا تاوێکی تردا بوو، دانیشتبوو. جەستەی بەجۆرێک چەمابووەوەو دەلەرزی، وات هەست دەکرد یەکێک پشتەملی گرتووەو پیایدا دەکێشێت. لچی و، تەنانەت شەویلاگە و پووکی داکەوتبوو. دەم و چاوی تێک قوپا بوو. هێشتا هەر هەناسەی دەدا، بەڵام بەزەحمەت. پاشان وەک ئەوەی ڕزگاری بووبێت. لەپڕا لەسەر کورسیەکەوە بەپشتا کەوت، چاوی لێکنا، فشارێکی زۆر کەوتە سەر دەم و چاوی و کار لەکار ترازا. بەپەلە چوومە سەری، دەستی سارد و بێ تینی کەوتبووە ژێری، تەزوویەک بە لەشما هات، دەستم گرت، نەبزی لێی نەدەداو ئیدی تەواو. بەهەرحاڵ ئیتر پیرەمێردێک بوو، بەو هیوایەی مەرگی ئێمە لەوە سەخت تر نەبێت. بەڵام ئێستا دەبێت چی بکەین؟ لەم بێنەو بەردەیەدا دەبێت نۆرەی کێ بێت؟ لەم لاولای خۆمم ڕوانی تا یەکێک هاوکاریم بکات. بەڵام کوڕەکەی (ن) چەرچەفەکەی دابوو بەسەری خۆیدا و دابوویە پڕمەی گریان. کارگوزارەکە بەخوێن ساردیی بۆ قەوە، دوو هەنگاو دوور لە (ن) هەر لە شوێنەکەی خۆیدا دانیشتبوو. دیار بوو چاوەڕێیە کاتەکە تێپەڕێت و هیچ نەکات. کەواتە تاقە کەسێک کە مابوەوە من بووم، دەبوو هەر لە سەرەتاوە ئەرکە سەختەکە لە ئەستۆ بگرم. دەبوو زۆر بەهێوری، واتا بەشێوازێکی زۆر تایبەتی هاوسەرەکەی ئاگادار بکەم. لەو ساتەوەختەدا، لە ژوورەکەی تەنیشتەوە، گوێم لە دەنگی هاتوچۆی ژنەکە بوو، هاتە ژوورێ، هێشتا بەرگی دەرەوەی لەبەردا و فریای خۆگۆڕین نەکەوتبوو. کراسی خەوی مێردەکەی گەرم کردبوو دەی هێنا تا لەبەری بکات. کاتێک ئێمەی بینی بێ دەنگ دانیشتووین کەوتە سەر ڕاوەشاندن و بە زەردەخەنەیەکەوە وتی: “خەوتووە” ئینجا بە دڵسۆزیەکی پڕ لە خۆشەویستیەوە هەمان ئەو دەستەی گرت کە چرکەساتێک لەوەوبەر بە ترس و لەرزەوە لەناو دەستی مندا بوو. وەک نمایشێکی بچوووکی ژن و مێردایەتی دەستی ماچ کرد. ئێمە هەرسێکمان چۆن توانیمان ئەو دیمەنە ببینین! (ن) جووڵا، بەدەنگی بەرز باوێشکیدا، هێڵای ژنەکەی کراسی خەوەکەی لەبەر بکات.

بەنابەدڵیەکی خۆشەوە سەرکۆنەکردنی ژنەکەی قبووڵ کرد، دەربارەی ئەوە کە لەو گەشتە دورودێژەیاندا لەڕادەبەدەر خۆی ماندو کردووە. بۆ ئەوەیش پاکانەی خەو لێ کەوتنەکەی بۆ ئێمە بکات، بێزاری و بێ تاقەتی کرد بە بیانوو. پاشان بۆ ئەوەی لە ژوورەکەی تردا سەرمای نەبێت، بۆ ئەوساتە لە پاڵ کوڕەکەیدا ڕاکشا. سەری لای قاچی کوڕەکەیەوە لەسەر دوو سەرین دانا کە ژنەکەی بەپەلە بۆی هێنابوو. دوای ئەم ڕووداوانە ئیدی دیمەنەکە مایەی سەرنجدانی من بوو. (ن) هەواڵی ڕۆژنامەی سەردەمی پرسی. بێ ئەوەی هیچ گوێ بە میوانەکانی بدات ڕۆژنامەکەی بە دەستەوە گرت، لێ نەی خوێندەوە، تەنیا خێرا چاوی بە لاپەڕەکانیدا خشاند، چەند سەرنجێکی ناخۆشی لە بارەی پێشنیارەکانی منەوە خستەڕوو، بەردەوام دەستی ڕادەوەشاند، دەنگێکی سەیری لێوەدەهات کە دژی کاروباری بازرگانی ئێمە بوون. وەک بلیمەتێکی ئەو بوارە لە دژی پێشنیارەکانمان چەند ڕاوبۆچوونێکی توندوتیژی دەربڕی. کارگوزارەکە نەیتوانی بەرانبەر هەندێک لەو بۆچوونە نابەجێیانە خۆی بگرێت. یان هەستی دەکرد دوای ئەو پێشهاتە پێویستە جۆرە ئاشتەواییەک پێک بێت، بەڵام بەو شێوەیەی ئەو دەیویست کاری نەکردەبوو. بۆیە بەپەلە ماڵ ئاواییم کرد، سوپاسی کارگوزارەکەیشم کرد چونکە ئەگەر بوونی ئەو لەوێدا نەبوایە، من نەم دەتوانی وا زوو خۆم ڕزگار بکەم.

لە دیوی ژوورە بەراییەکەوە، جارێکی دی ژنەکەی (ن)م بینیەوە. بەلاوازیەکەیدا و هەر لەخۆوە هەرچیەکم لەدڵدا بوو پێم وت، وتم بە بینینی تا ڕادەیەک دایکمم بیردەکەوێتەوە، کە بێدەنگبوو من بەردەوام بووم “خەڵکیی چی دەڵێن با بیڵێن، دایکم دەیتوانی موجیزە دروست بکات. ئەوەی ئێمە وێرانمان دەکرد، ئەو لەنوێ دروستی دەکردەوە. بە منداڵی ئەوم لەدەست چوو” هەر بەئانقەست هەندێک زێدەڕۆیم کرد، بەهێوری و ڕوون دەدوام، چونکە گومانی ئەوەم دەکرد گوێی پیرێژنەکە قورس بێت، لێ پێ دەچوو تەواو کەڕ بێت. لەپڕێکدا پرسی: “بەلای تۆوە مێردەکەم چۆنە؟” هەر بەدەم خواحافیزی کردنەوە لەوە گەیشتم بەهەڵە .من بە کارگوزارەکە تێ گەیشتووە. ئەگەر وانەبوایە وا دەزانم لەگەڵ مندا خۆمانەتر دەدوا.

بە پلیکانەکاندا هاتمە خوارەوە. هاتنە خوارەوە لە پلیکانەکان لە سەرکەوتنی ناخۆشتر بوو کە ئەمیش هەر ئاسان نەبوو. داخ لە دنیای کاروکاسبیدا ڕووبەڕووی چ گێرمەو کێشەیەکی بێ هودە دەبیتەوە، بەڵام بەدەوام بوونیش ناچاریە.

سەرچاوە: داستان های کوتاە، فرانتز کافکا

ترجمە: عەلی ئەسغەر حەداد

ناردن: