فرانز کافکا

چیرۆک

له فارسییەوە: ڕەووف بێگەرد 

سەرلەبەیانییەکی ڕۆژی یەکشەمەی جوانترین ڕۆژی بەهاربوو، گیورگ بیندمان کە بازرگانێکی گەنج بوو لە ژوورەکەی خۆی، لە نهۆمی یەکی خانووە نزم و ناڕێک و پێکەکەیدا، کە هاوتەریبی ڕووبارەکەو، تەنیا لە بەرزی و ڕەنگدا لە یەکدی جیا دەکرانەوە دانیشتبوو، چرکەساتێک لەوەوبەر، لە نووسینی نامەیەک ببوەوە کە بۆ هاوڕێیەکی کۆنی خۆی کە ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژینووسیبوو. لەسەرخۆ و بە خۆشحاڵیەوە زەرفی نامەکەی داخست، ئینجا ئانیشکی دادایە سەرمێزەکە، تەماشای دیمەنی جوانی ڕووبار، پرد. بەرزیی و کەنارە سەوزەکانی بەرانبەر و دارودرەختەکانی کرد.

بیری کردەوە هاوڕێکەی، ساڵانێک لەوەوبەر، لەبەرئەوەی کارەکەی ناو وڵاتی بەرەو پێش نەدەچوو، بەمانای تەواوی وشە، بەرەو ڕوسیا هەڵات. لەوێ لەشاری پتروزبورگ، بە کارێکەوە خۆی سەرقاڵ کرد. لە سەرەتادا چاوەڕێی ئایندەیەکی چاکی لێ دەکرا، بەڵام وەک خۆی لە سەفەرە ناوە ناوەکانیدا بۆ وڵات سکاڵای لە بارەوە دەکرد، ماوەیەک بوو کارەکەی دابوویە دواوە، وا ئێستا لە وڵاتی بێگانەدا، بێ هوودە خۆی دەڕەتێنێت و هیچ دەستکەوتی نیە. ڕیشە نامۆکەی لەوە کەمتر بوو بتوانێت ڕوە ئاشناکەی سەردەمیی منداڵی ئەو پیشان بدات. ڕەنگی زەرد و پەڕیوی دەری دەخست نەخۆشیی سەری تێ کردوە. وەک باسی دەکرد لەگەڵ هاونیشتمانیەکانی تری خۆیدا کە لە پتروزبورگ دەژیان چ پەیوەندیەکی نەبوو، تا ڕادەیەک، لەگەڵ دانیشتوانی خودی ئەوێیشدا هاتوچۆی نەدەکردن. بۆیە لای خۆیەوە بڕیاری دابوو بۆ هەتاهەتایە بە ڕەبەنی بمێنێتەوەو ژن نەهێنێت.

دەبێت چی بۆ کەسێکی وابنووسیت کە بەئاشکرا ڕێی هەڵە کردبوو، تۆ بەزەییت بەحاڵیدا دەهاتەوە، نەیشت دەتوانی هاوکاریی بکەیت، ڕەنگە واباشتر بێت بۆی بنووسیت بگەرێتەوە بۆ نیشتمان و ژیان لێرە بەسەربەرێت، هاوڕێ کۆنەکانی بەسەربکاتەوە کە بەئاسانی ئەو کارەی بۆ دەکرا. لەوەیش دڵنیا بێت هاورێکانی هاوکاریی دەکەن. بەڵام  مەسەلەیەکی وا بەو مانایەیە تۆ چەند بتوانیت ڕێگاکەی بۆ خۆش بکەیت ئەوەندەو زیاتریش سەرکۆنەی بکەیت و هەموو هەوڵەکانی پێشووی بەهیچ بۆ بدەیتە قەڵەم. بۆیە واچاکە واز لەو ڕێگایە بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی، بۆ ئەوەی هەموان سەرسام بکات و وای لێ بڕوانن بۆ هەمەیشە گەڕاوەتەوە بۆ نیشتمانەکەی. هەروەها تەنیا هاوڕێکانی ئەوە دەزانن و، ئەو خۆی هیچ نیە جگە لە منداڵێکی بەتەمەن و، پێویستە پەیڕەوی لەو هاوڕێیانەی بکات کە هەر لە وڵاتەکەیاندا ماونەتەوە. لەوەیش دڵنیا بێت ئەو ناخۆشیانەی لەو ڕێگایەدا تووشی هاتوون دەبن بە وانەیەکی چاک بۆ خۆی. لەوانەیشە هەر بۆی نەلوێت بگەڕێتەوە بۆ وڵات، بۆ ئەو هەر خۆی نەبوو دەیگوت ئیتر ناتوانێت لە بارودۆخی وڵاتەکەی تێ بگات؟ کەچی لەگەڵ گشت ئەم قسانەیدا ئاسایی لە وڵاتی بێگانەدا دەمایەوەو بێ باک لەو ئەزموون و وانانەتا دەهات زیاتر خۆی لە هاوڕێکانی دوور و دوورتر دەخستەوە. لێ چی دەبوو ئەگەر بە قسەی برادەرەکەی خۆی بکردایە، بەڵام لە نیشتماندا- بێگومان نەک بە ئانقەست بەڵکو و بەپێی واقیعەکە- تێک دەشکاو ئیدی نە لەگەڵ هاوڕێکانی و نە بێ ئەوانیش هیچی بە هیچ نەدەکرد. ئەگەر تووشی سەرشۆڕیی ببوایە و ئیدی نە نیشتمانی بۆ بمایەتەوە نە هاوڕێ، ئایا لە حاڵەتێکی وادا چاکتر نەبوو هەر لە نیشتمانەکەی دوور بوایە؟ ئایا لە هەل و مەرجێکی وادا باشتر نەبوو وابزانێت ئەو لە وڵاتەکەیدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت؟

لەم لایەنەوە، ئەگەر بتویستایە لە ڕێگەی نامەوە بەردەوام بیت لەگەڵیدا، نەدەبوو ئەو زانیاریە گرنگانەی پێ بگەیەنیت، کە دەکرا خەڵکانی تر، ئاسایی، هەر زانیاری لەو بابەتانە، تەنانەت بە دوورترین هاوڕێی خۆیان بگەیەنن. سێ ساڵ زیاتر بوو ئەو هاوڕێیە نەگەڕابوەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی, لەو بارەیەوە دەیگوت نائارامیی باری سیاسی ڕوسیا ڕێگرە لە دیارنەمانی بازرگانێکی تەنانەت کەم داهاتیش لە کارەکەی. ئەمە لەکاتێکدایە سەدان هەزار ڕوسی بە خەیاڵی ئاسوودەوە بە کون و قوژبنی دنیادا دەسوڕێنەوە. لێ بەدرێژایی ئەو سێ ساڵە گۆڕانی زۆر بەسەر ژیانی گیورگدا هاتبوو. نزیکەی دووساڵ لەمەوبەر دایکی مردبوو، لەوساوە لەگەڵ باوکە پیرەکەیدا دەژیا. دیاربوو هەواڵی مەرگی دایکی بە هاوڕێکەی گەیشتبوو، چونکە نامەیەکی بۆ گیورگ ناردبوو تیایدا سەرخۆۆشیی لێ کردبوو، دەبوو شێوازی وشکی ناو نامەکە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارو دۆخەوە تەماشا بکرێت کە ماتەمینی لەوڵاتی غەریبیدا چەند کارەسات بارە. لێ لەوەودوا، گیورگ وەک گەلێک شتی تر زۆر بەجیدیی کاروبارەکانی بەڕێوە دەبرد. لەوانەیە پێش مردنی دایکی، لە بارەی کاروباری بازرگانیەوە، باوکی کیورگ تەنیا خۆی بڕیار بەدەست بووبێت و نەیهێشتبێت گیورگ بە ئارەزووی خۆی هەڵسوڕێت و بڕیار بدات. لەوانەیە باوکەکە دوای مەرگی دایک، هەرچەندە هێشتا هەر لە بنکە بازرگانیەکەدا بەردەوام ئامادە بوو، بەڵام زیاد لە جاران لە کاردا خۆگرتر بێت. ڕەنگە بەخت بەپیر گیورگەوە هاتبێت، ئەگەر چی ئەمەیان ئەگەرێکی دەگمەنە. بەهەرحاڵ، لەم دووساڵەدا، کاروبارە بازرگانیەکەی بەجۆرێک گەشەی کردبوو چاوەڕێ نەدەکرا. بۆیە ناچاربوون ژمارەی کرێکار زیاد بکەن و بیکەن بە دوو قات، پێنج قات بارستایی کاڵاکان زیاد بکەن و چاوەڕێی لەوە زیاتر بوون.

بەڵام هاوڕێکەی ئاگای لەم گۆڕانکاریانە نەبوو. پێشتر، ڕەنگە لە دوانامەی پرسەکەدا، بۆ گیورگی نووسیبێت و هانی دابێت ئەویش بڕوات بۆ ڕووسیا، گوایە لەوێ، لە پتروزبورگ هەلی کارکردن، بەتایبەت لەو بوارەدا کە کیورگ چالاکە تیایدا، زۆرە. بەڵام ئەو ژمارانەی ئەو باسی کردبوون بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی لای گیورگ گەلێک کەم بوون. لێ گیورگ مەبەستی نەبوو ئەوەی بۆ بنووسێت کە لە ئێستادا ئەو چەند لە کارەکانیدا سەرکەوتووە، ئەگەر بیشی نووسیایە لەوانەبوو بە نائاسایی بشکێتەوە.

لەم لایەنەوە، هەمیشە گیورگ لە نامەکانیدا باسی شتە بێ بایەخەکانی دەکرد. ئەوانەی بەتەنیا لە ڕۆژە هێورەکانی یەکشەمواندا، بەشێوەیەکی پەراگەندە بەزەینیدا تێدەپەڕن. ئەو جگە لەوە هیچی تری نەدەویست کە هاوڕێکەی لەم ماوە دورودرێژەدا، چ شتێکی لەزەینی خۆیدا بەرانبەر زادگاکەی وێنا کردوە، وەک خۆی بیهێڵێتەوە و لێی تێک نەدات. بۆیە، بێ مەبەست، سێ جار لە نامەکانیدا کە ناوە ناوە بۆ هاوڕێکەی دەنارد، باسی خوازبێنیکردنی کوڕێکی لاوەکیی بۆ کچێکی لاوەکی دەکرد، سەرئەنجامیش بێ ویستی خۆی، ئەمە بوو بەهۆی ئەوەی هاوڕێکەی گوێ بە بابەتێکی هێند بێ بایەخ نەدات.

لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا، بەلای گیورگەوە ئەوە گرنگبوو شتی لەو بابەتانەی بۆ بنووسێت, تا باس لەوە بکات کە پێش مانگێک لەگەڵ کچێکی خانەوادە دەوڵەمەندا، بەناوی فریدا براند نفلد بوونەتە دەزگیران. گەلێک جار لەگەڵ دەزگیرانەکەیدا دەربارەی هاوڕێکەی و پەیوەندی و نامەی نێوانیان قسەی دەکرد. دەزگیرانەکەی دەیگوت: “پێ دەچێت ئەو لە ئاهەنگی گوێزانەوەکەدا ئامادە نەبێت، لێ من مافی خۆمە یەک بەیەکی هاوڕێکانت بناسم” گیورک لە وەڵامدا دەیگوت: “نامەوێت زەحمەت بکێشێت، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر داوای لێ بکەم ڕەنگە بێت، من وای بۆ دەچم، بەڵام نەک بە حەزی خۆی، ڕەنگە وابزانێت هاتنەکەی زیانی لێداوە. کێ ناڵێت ئیرەیشم پێ نابات و نائومێدانە و بە تاقی تەنیا نەگەڕێتەوە بۆ پتروزبورگ و هەرگیز نەتوانێت بەسەر بێزاری و نائومێدیەکەیدا زاڵ بێت. دەزانیت تەنیایی یانی چی؟ وایە. باشە، بەڵام تۆ بڵێی بەهۆی یەکێکی ترەوە هەواڵی زەماوەندەکەی ئێمەی پێ نەگات؟ بێگومان من ناتوانم ڕێ لەوە بگرم، بەڵام ئەو شێوە ژیانەی ئەو ئەگەری ئەمەی کەم لێ دەکرێت. “گیورگ، کە تۆ خاوەنی ئەم جۆرە هاوڕێیانەبیت، واچاکتر نەبوو هەر ژن نەهێنیت. “وایە، ئەم کارە تاوانی هەردووکمانی تیایە، بەڵام من کردە پەشیمان نیم” لە گەرمەی ئەم گفتوگۆیەدا، تەنانەت لەوکاتەدا کە کچەکە لەژێر ماچ بارانی گیورگدا کەوتبووە هەناسەبڕکێ دەیوت: “بەڵام دەبێت ئەوە بڵێم من حەزم بەو کارە نییە و پێم ناخۆشە” گیورگیش بە پێویستی نەدەزانی هەموو شتێک بۆ هاوڕێکەی بنووسێت. لەگەڵ خۆیدا دەدوا: من ئەوەم کە هەم، ئەویش ناچارە وەک خۆم قبووڵم بکات. من ناتوانم لەبەر هاوڕێیەتی ئەو، مرۆڤێکی لەمەی ئێستام چاکتری بۆ دروست بکەم.

لەگەڵ ئەمانەیشدا، پاشان لە نامەیەکی دوورودرێژدا کە سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەمە نووسیبووی، بەم ڕستانە هەواڵی زەماوەندەکەی بە هاوڕێکەی گەیاند: “چاکترین هەواڵ بۆ کۆتایی هێنان بە نامەکەم، ئەوەیە کە لەگەڵ کچێکدا بەناوی فریدا برانفلد, کە لە خێزانێکی دەوڵەمەندە و ماوەیەکی زۆر دوای سەفەرەکەی تۆ لێرە نیشتەجێ بوون زەماوەندم کردوە. لەوەناچێت بیناسیت. لە دەرفەتێکدا لە بارەی دەزگیرانەکەمەوە هەموو شتێکت بۆ دەنووسم. لێ بۆ ئێستا حەز ئەکەم پێت بڵێم بەڕاستیی من کەسێکی بەختەوەرم، هەروەها ئەوەیشت پێ بڵێم لە پەیوەندی نێوان من و تۆدا تاقە شتێک کە گۆڕاوە ئەوەیە، لەمەودوا تۆ لە وجودی مندا نەک هاوڕێیەکی ئاسایی بەڵکو هاوڕێیەکی بەختەوەرت هەیە. جگە لەمە سڵاوی گەرمی دەزگیرانەکەمت پێ دەگەیەنم. بەم زوانە نامەت بۆ دەنووسێت. چونکە خۆی بە هاوڕێیەکی بەوەفای تۆ دەزانێت. بێگومان ئەم هاوڕێیەتیە بۆ زگورتیەکی وەک تۆ کە تا هەنووکە ڕەبەنیت سوودی هەیە، زۆر چاک دەزانم کۆمەڵێک ڕێگر هەن ناهێڵن تۆ سەرمان لێ بدەیت، بەڵام لە ئاهەنگی گوێزانەوەدا دەرفەتێکی گونجاو ناڕەخسێت هەموو ئەو ڕێگریانە ببەزێنیت؟ لێ هەرچۆنێکە، زۆر لەخۆت مەکە و چۆنت بۆ دەگونجێت وابکە”

گیورگ بۆ ماوەیەکی زۆر، نامەکەی بەدەستەوەو ڕووی لە پەنجەرەکە کردبوو، لەپاڵ مێزی نووسینەکەی دانیشتبوو، بە زەردەخەنەیەکی پەرتەوە وەڵامی سڵاوی هاوڕێیەکی دایەوە کە بە شەقامەکەدا تێ پەڕی.

سەرئەنجام نامەکەی خستە گیرفانی، لە ژوورەکەی هاتە دەرەوە، لە داڵانە تەسکەکە تێ پەڕی و چووە ژوورەکەی باوکی، چەند مانگێک بوو پێی نەنابووە ئەو ژوورەوە، هەڵبەتە پێویستی پێ نەبوو، چونکە هەموو ڕۆژێک لە بنکەکە باوکی دەبینی. فراوێنیان لە ڕستورانتێکدا پێکەوە دەخوارد. ئەگەر چی شەوانە هەرکەسە و بە ئارەزووی خۆی شتێکی دەخوارد، لێ دوای ئەوە – هەڵبەتە ئەگەر گیورگ ئاسایی لەگەڵ هاوڕێکانی نەبوایە یان سەری لە دەزگیرانەکەی نەدایە- ماوەیەک لە ژووری میوان دادەنیشتن و پێکەوە ڕۆژنامەیان دەخوێندەوە.

گیورگ سەری لەوە سووڕما کە چۆن لەو بەیانیە هەتاویەدا ژوورەکەی باوکی تاریکە. ئەوە سێبەری دیوارێکی بەرز بوو کە لەولای حەوشە تەسکەکەوە سەری بەرەو ئاسمان کشابوو. باوکی لە سووچێکی ژوورەکەدا، لەنێوان یادگاریەکانی هاوسەرە کۆچ کردووەکەیدا، لەپاڵ پەنجەرەیەکدا دانیشتبوو ڕۆژنامەی دەخوێندوە. ڕۆژنامەکەی لار و خوار گرتبوو تا قەرەبووی کزیی چاوی بکاتەوە. پاشماوەی فراوێنەکە لەسەر مێزەکە دانرابوو، پێ دەچوو زۆری لێ نەخورابێت.

باوکی گوتی: “گیورگ!” هەستاو چوو بۆ لای، لەکاتی ڕۆیشتندا ڕۆبە قورسەکەی بەری تێک ئاڵا و کرایەوە، گیورگ لای خۆیەوە بیری کردەوە: “هێشتا باوکم هەیکەلێکی بەخۆوەی پێوەیە”

پاشان وتی: “ئەم ژوورە زۆر تاریکە”

باوکی وەڵامی دایەوە: “وایە، تاریکە”

“پەنجەرەکەیشت داخستوە”

“واچاکترە”

گیورگ بەدوای ڕستەکەی پێشوویدا وتی: “لە دەرەوە تا بڵێی هەوا گەرمە” و دانیشت.

باوکی قاپ و قاچاخی سەرمێزەکەی هەڵگرت و خستیە سەر کۆمەدیەکە.

گیورگ کە لەژێرەوە تەماشای هەڵس و کەوتی پیرەمێردی دەکرد، گوتی: “ویستم پێت بڵێم دواجار هەواڵی دەست نیشان کردنی ژنم بۆ پتروزبورگ نارد” کەمەکێک سەری نامەکەی لە گیرفانی دەرهێنا، پاشان بەرەڵای کردەوە بۆ ناو گیرفانی.

باوکی پرسی: “بۆچی بۆ پتروزبورگ؟”

گیورگ وتی: “بۆ هاوڕێکەم”. لە چاوی باوکی ڕاما. بیری کردەوە: “بەپێچەوانەی ڕەفتارەکانی لە بنکە، لێرە چەند شکۆمەندانە دانیشتوەو دەستی لەسەر سنگی هەڵپێکاوە”.

باوکی دووبارەی کردەوە: “تێ گەیشتم، بۆ هاوڕێکەت “باوکە خۆت دەزانیت من ویستم هەواڵی دیاری کردنەکەی لێ وەشارم، دیارە لەبەر دڵی ئەو نەک شتی تر. تۆ خۆت زۆر چاک دەزانیت ئەو کەسێکی ئاڵۆزە. لای خۆمەوە وتم با لە زمانی یەکێکی ترەوە هەواڵەکەی پێ بگات. ئەگەرچی ئەو بە تەنیا و تەریکی ژیان بەسەر ئەبات و تا ڕادەیەک ئەوە نەدەکرا. بەهەرحاڵ من نەم دەتوانی ڕێ لەوە بگرم، لێ نەدەکرا ئەوە لە زمانی منەوە ببیستێت”

باوک ڕۆژنامە گەورەکەی لەپاڵ پەنجەرەکە دانا، چاویلکەکەی خستەسەری، لەکاتێکدا دەستی دەنایە سەری وتی: “کەواتە ئێستا ڕاکەت گۆڕیوە، وایە؟”

“بەڵێ وایە، پێش تر وام بیر لێ کردبوەوە ئەگەر ئەو هاوڕێیەکی خۆشەویستی من بێت، بەم زەماوەندەی من دڵخۆش دەبێت. بۆیە دوودڵیەکەم خستەلاوەو هەواڵەکەم بۆ نووسی، لێ ویستم پێش پۆست کردنی نامەکە، لەگەڵ تۆدا باسی بکەم”.

باوکی دەمە بێ ددانەکەی کردەوە و گوتی: “گوێ بگرە گیورگ، تۆ هاتوویت لەم بارەیەوە ڕاوێژەم پێ بکەیت، گومانی تێدا نیە کارەکەت پەسەندە، لێ ئەگەر هەر ئێستا تەواوی ڕاستیەکە وەک خۆی نەڵێیت، کارێکی بێ نرخە، هیچ نرخێکی نیە، من نامەوێت دیسان لە باس گەلێک بدوێم کە پەیوەندی بە بابەتەکەوە نیە، لەوکاتەوە دایکە ئازیزەکەت مردووە گەلێک ڕێکەوتی زۆر ناخۆش ڕوویداوە، ڕەنگە ڕۆژێک بێت پێویست بێت باسیان بکەین. من بێ ئاگام لە هەندێک شت کە لە بنکە ڕوو دەدات، ڕەنگە هەندێک شتم لێ بشارنەوە. بۆ ئەوەیان نازانم و ناتوانم بڵێم وایە، چونکە من ئەو توانایەم نەماوەو بیریشم کز بووە، توانای ئەوەم نەماوە ئاگاداری هەموو شتێک ببم، ئیتر ئەمە لەلایەکەوە ڕەوتی ئاسایی سروشتە و لە لایەکی ترەوە مەرگی دایکە ئازیزەکەت منی زیاتر لەپێ خست تا تۆ. لێ هەنووکە کە دەمانەوێت لە بارەی ئەو بابەتە و ئەو نامەیە بدوێین، تکایە گیورگ درۆم لەگەڵدا مەکە. ئەمە باسێکی بێ بەهایە، هیچ نرخێکی نیە، کەواتە ڕاستم پێ بڵێ و درۆم لەگەڵدا مەکە، بەڕاستیی تۆ لە پتروزبورگ هاوڕێیەکی وات هەیە؟”

گیورگ بە شڵەژاوی لە شوێنەکەی هەستا: “با واز لە هاوڕێکانی من بهێنین، تەنانەت هەزار هاوڕێ جێگای باوک ناگرێتەوە، دەزانیت من چۆن بیردەکەمەوە؟ بەلای منەوە تۆ وەک پێویست دەربەستی خۆت نیت، بەڵام تەمەنی پیری دەیسەپێنێت، كه دەبێت ئاگاداری خۆت بیت، خۆت باش دەزانیت یارمەتیەکانی تۆ بۆ من لە بنکە تا چەند بەکەڵکە، بەڵام ئەگەر کاری بازرگانی زیانت پێ دەگەیەنێت هەر لە بەیانی زوەوە بۆ هەمیشە دەرگاکەی دادەخەم، نا، دەبێت ئەم بارودۆخە گۆڕانی بەسەردا بێت، پێویستە شێوەی ژیانت لە ڕەگ و ڕیشەوە بگۆڕیت، تۆ لەم ژوورە تاریکەدا دانیشتوویت، لەکاتێکدا ژووری دانیشتن زۆر ڕووناکە، لە باتی ئەوەی توانای خۆت بەهێزتر بکەیت، تا ڕادەیەک فراوێن وەک خۆی دەدەیتە دواوەو نای خۆیت. لێرە، لەپاڵ پەنجەرەیەکی داخراوەوە دانیشتوویت، لەکاتێکدا چەند بتوانیت پێویستت بە هەوای ئازادە. نا باوکە! من ئەمە دەگەیەنمە پزیشک و هەردووکمان لەسەر ڕێنماییەکانی ئەو دەڕۆین. لەپێشدا ژوورەکانمان دەگۆڕین، لەمەبەدوا، تۆ لە ژووری دانیشتن و من لێرە دەژین، شتەکانت دەگوێزینەوە بۆ ئەوێ، هیچ لەتۆ کەم ناکات، بەڵام هەمیشە ئەم کارانە پێویستیان بە کاتە، ئێستا کەمێک ڕابکشێ، پێویستت بە حەسانەوەیە، وەرە با یارمەتیت بدەم لە داکەندنی جلەکانت، دەبینیت کە دەتوانم ئەو کارە بکەم، لەوانەیە حەزیش بکەیت هەر ئێستا بڕۆیتە ژوورەکە، دەتوانیت جارێ لەسەر تەختە خەوەکەی من بنوویت، بەڵێ، ئەمە کارێکی زۆر ژیرانەیە”. گیورک لە نزیکەوە وەستا بوو، باوکی بە قژە سپی و ئاڵۆزەکەیەوە سەری دانەواند.

باوکی بێ ئەوەی بجووڵێت لەسەرخۆ وتی: “گیورگ” گیورگ خێرا لە بەردەمیدا چۆکی دادا، لە دەم و چاوە شەکەتەکەی باوکیدا دوو بیلبیلەی کراوەی بینی کە لە گۆشەی چاویەوە مۆڕەیان لێ دەکرد.

“تۆ لە پتروزبورگ هاوڕێت نیە، تۆ بەردەوام لێبوکێک بوویت و لەگەڵ منیشدا دەست لەو لێبوکیەت هەڵناگریت. چۆن دەبێت تۆ لە پتروزبورگ هاوڕێت هەبێت؟، من هەرگیز باوەڕ بەوە ناکەم”

کیورگ وتی: “باوکە، هەوڵ بدە بیرت بکەوێتەوە” پاشان لەسەر کورسیەکە بەرزی کردەوە، لەوکاتەدا پیرەمێردەکە شەکەت و بێ هێز بەپێوە وەستابوو، ڕۆبەکەی لەبەری داکەند. “لەوکاتەوەی هاوڕێکەم هاتە دیدەنیمان، نزیکەی سێ ساڵ تێ دەپەڕێت. چاکم لەبیرە تۆ خۆشت لێ نەدەهات، لانی کەم دووجار کە ئەو لە ژوورەکەم دانیشتبوو، بەرانبەر بەتۆ نەمتوانی ڕووی بدەمێ یان میوانداریی بکەم. هاورێکەم خاوەن ئاکاری تایبەتیی خۆیەتی، بۆیە زانیم تۆ بۆ خۆشت لیی نایەت، کەچی دوایی زۆر بەگەرمی کەوتیتە گفتوگۆ لەگەڵیدا. ئەوسا منیش کە تۆ وا بەگەرمی لەگەڵیدا کەوتیتە قسە، وتەکانیت دەسەلماند و پرسیارت لێ دەکردم، بەخۆم نازیم. ئەگەر کەمێک بیربکەیتەوە دێتەوە بیرت، من بێگومانم، ئەو دەربارەی شۆڕشی ڕوسیا چیرۆکی وای دەگێڕایەوە جێی باوەڕ کردن نەبوو. بۆ نموونە گوایە لە سەفەرێکی بازرگانیدا بۆ کیف، بەچاوی خۆی بینیویەتی لە کۆبوونەوەیەکی ئاژاوەگێڕیدا، قەشەیەک لە باڵکۆنێکەوە لەسەر لەپی دەستی خۆی خاچێکی گەورەو قووڵ دەڕوشێنێت، پاشان دەستە خوێناویەکەی بەرز دەکاتەوە، دەکەوێتە هاوار هاوار و سەرنجی ئاپۆراکە بۆ خۆی ڕادەکێشێت. تۆ خۆت ئەم چیرۆکەت بۆ ئەم و ئەوو گێڕاوەتەوە.

لەم مەودایەدا گیورگ توانیبووی جارێکی تر باوکی دابنیشێنێت، پانتۆڵە تریکۆکەی کە بەسەر پانتۆڵەکەی ژێرەوه‌یدا لەبەری کردبوو، هەروەها گۆرەویەکان لەسەرخۆ دابکەنێت. کە جلەکانی باوکی بە پیسی بینی، سەرزەنشتی خۆی کرد کە وەک پێویست فریای نەکەوتووە. بێگومان گۆڕینی جلەکانی باوکی ئەرکی سەرەکی ئەو بوو. ئەو هێشتا لەگەڵ دەزگیرانەکەیدا دەربارەی ژیانی ئایندەی باوکی بە وردی قسەی نەکردبوو. چونکە هەردووکیان بێ باس کردن وایان دانابوو باوک لە ئاپارتمانەکەدا دەمێنێتەوەو بەتەنەیا دەژی. لێ لەو چرکەساتەدا گیورگ بڕیاریدا پێویستە باوکی لە ژیانی نوێی تازەی خۆی و هاوسەرەکەیدا بەشدار بێت. بەڵام ئەگەر بەوردی تەماشات بکردایە دەتزانی بۆ جێ بەجێ کردنی ئەو بڕیارەی پەیوەندیی بە ژیانی باوکەکەوە هەیە، تازە کات بەسەرچووە.

بە هەردوو دەست باوکی هەڵگرت و بەرەو تەختی خەوەکەی برد. لەو چەند هەنگاوەدا بەرەو تەختی نووستنەکە، هەستێکی ناخۆشی تێ گەڕا، چونکە باوکی لەسەر سنگی یاریی بە زنجیری سەعاتەکەی دەکرد. زنجیرەکەی هێند توند بەدەستەوە گرتبوو کە گیورگ نەیتوانی یەکسەر لەسەر قەرەوێڵەکە بیخەوێنێت.

لێ هەر ئەوەندەی لەسەر قەرەوێڵەکە ڕاکشا، وەک هەموو شتێک چاک و لەجێگای خۆیدا بێت وابوو. چەرجەفەکەی بەسەرخۆیدا کێشاو پاشان شانی داپۆشی. بە ناڕازیەوە لە گیورگی نەڕوانی.

گیورگ وتی: “بیری دەکەیت، وایە؟” .بۆ هاندانی وەڵام دانەوە” چەند جارێک سەری بۆ لەقاند. باوک وەک ئەوەی خۆی نەتوانێت بزانێت ئایا قاچی لە دەرەوەیە یان نا، پرسی: “چاک داپۆشراوم؟”

گیورگ وتی: “کەواتە جێگاکەت بەدڵە” و چەرچەفەکەی سەری چاک کرد.

باوکی جارێکی تر وتی: “بەچاکی داپۆشراوم؟” دیار بوو سوورە لەسەر وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی.

“دڵنیابە، چاک داپۆشراویت”

باوک هاواری کرد: “نا!” بەجۆرێک وەڵام و پرسیار بەر یەکدیی کەوتن. پاشان چەرچەفەکەی بەجۆرێک فڕێدا بۆ ماوەیەک هەر بە ئاسمانەوە ده‌خولایه‌وه‌. هەستاو لەسەر قەرەوێڵەکە ڕاست وەستا، دەستێکی بە بن میچی ژوورەکەوە گرت: “ڕۆڵە، دەتویست دامپۆشیت، بەڵام من هەر بەدەرەوە بووم، بۆیە ئەوە بزانە بۆ بەرەنگاری کردنی تۆ تا دوا هەناسە و زیاتریش توانام هەیە. بێگومان من هاوڕێکەت دەناسم. حەزم دەکرد کوڕێکی وەک ئەوم ببوایە. هەر لەبەر ئەوەیە بە درێژایی ئەم چەند ساڵە بەردەوام فێڵت لێ کردوەو کڵاوت کردۆتە سەری، بەڵێ تەنیا لەبەرئەوەیە. تۆ وادەزانیت من بۆ ئەو نەگریاوم؟ تۆ بەردەوام لە بنکه‌ دەرگا لەسەر خۆت دادەخەیت. سەرۆک سەرگەرمی کارە، نابێت کەس بێزاری بکات، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ ئەوەی دەتەوێت نامەی درۆ بۆ پتروزورگ بنێریت. لێ خۆش بەختانە بۆ کەس نیە باوک ئاگادار بکات تا لە مەبەستی کوڕەکەی خۆی تێ بگات. جەنابەکەی ئێمە بە حسابی خۆی باوکی لاسداوەو بەزاندوویەتی، بەجۆرێک کە دەتوانێت سواری کۆڵی ببێت و باوک جوووڵەی لێ بڕابێت. ئارەزووی ژن هێنان لەسەری داوە”.

گیورگ سەری هەڵبڕی و لەدەم و چاوە تووڕەکەی باوکی ڕوانی. یادی هاوڕیکەی پتروزبورگی کردەوە کە لەپڕێکدا باوکی زۆر چاک ناسیەوە، ئەم هەستە هەموو گیانی داگرت. لە ڕوسیای پان و بەریندا وێڵ و سەرگەردانی هاتە بەرچاو کە لە دەزگایەکی چۆڵ و تاڵان کردودا، لەنێو قەفەزەی شکاو و کاڵای شڕ و پڕکراو و چرا گازیە قڵپ کراوەکاندا، بە زەحمەت وەستاوە. چی ناچاری کرد بوو بۆ ئەو وڵاتە دوورە بڕوات! باوک هاواری کرد: “تەماشام بکە!” گیورگیش و گێژووێژ خێرا بەرەو لای قەرەوێڵەکە چوو بۆ ئەوەی بزانێت چی ڕوویداوە. بەڵام لەپڕێکدا و لە نیوەی ڕێدا وەستا.

باوکی بە گاڵتەپێ کردنەوە وتی: “لەبەرئەوەی خانم داوێنی هەڵدەدایەوە، لەبەرئەوەی کچەتیوەکە بەم جۆرە داوێنی هەڵدەدایەوە.” پاشان بۆ ئەوەی قسەکەی بکات بە نمایش، داوێنی خۆی ئەوەندە هەڵماڵی تا جێ برینەکەی ڕانی کە یادگاری سەردەمی جەنگ بوو دەرکەوت. پاشان بەردەوامبوو: “لەبەرئەوەی ئەو کچە ئەمەندە داوێنی برد و هێنا جێ ی خۆت لە دڵیا کردەوە. بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بە ئاواتی خۆت بگەیت و کەس ڕێگات لێ نەگرێت، یادەوەریەکانی دایکت پۆخڵ کرد، ناپاکیت لەگەڵ هاوڕێکەتدا کرد. باوکیشت فڕێدایە ناو جێگا بۆ ئەوەی نەتوانێت لە شوێنی خۆی بچوڵێت. لێ پێم بڵێ، باوک دەتوانێت لە جێی خۆی بجووڵێت یان نا؟” پاشان تەواو رێک وەستا، کەوتە ڕاوەشاندنی هەردوو قاچی و، لە خۆشی ئەوەی هەموو شتێکی دەزانی تەواو دڵخۆش بوو.

گیورگ لە گۆشەیەکی دوور لە باوکی وەستا بوو. پێشتر بڕیاریدابوو بەوردیی لە هەموو شتەکانی بڕوانێت بۆ ئەوەی نەکا لە دواوە یان لە سەرەوە غافڵ گیر بکرێت. وا هەنووکە جارێکی دی بڕیارە لە بیرکراوەکەی خۆی بەیاد بهێنێتەوە، بەڵام دیسان وەک ئەوەی بیانەوێت دەزوولەیەکی کورت بە کونی دەرزیەکەوە بکەن، دیسان لە بیری کردەوە. باوک بەدەم پەنجە ڕاوەشاندن و سوور بوونەوە هاواری کرد: “بەڵام هاوڕێکەت فریو ناخوات، من لێرە نوێنەری ئەوم”.

گیورگ خۆی پێ نەگیرا و هاواری لێ هەستا: “ئەکتەرێکی فێڵبازیت!” لێ زۆر زوو پەی بە هەڵەکەی خۆی برد و بەسەرسامییەوە گازێکی وای لە زمانی خۆی گرت بە تەواویی ئازاری پێ گەیاند. بەڵام تازە دوای چی؟

“بەڵێ، من ڕۆڵم بینی، لە شانۆگەریەکەدا، ئەمە بەتەواوی وایە، بۆ پیاوێکی پیری ژن لەدەست چوو چی تر هەیە بۆ ئاسوودەیی؟ وەڵامم بدەرەوە، ئا، ئەوکاتەی وەڵامم دەدەیتەوە کوڕە زیندوەکەی منیت. لەوە زیاتر چیم لەدەست دەهات؟ من لە ژوورەکەی پشتەوە، بەردەوام لەژێر چاوە چاوی کارمەندە دووڕوەکاندا، تا سەر ئێسقان پیر بووم، لە هەمان کاتدا کوڕەکەم شاد و سەرمەست بە دنیادا دەگەڕا، ئاڵ و وێڵی بەو کارانەوە دەکرد کە خۆم زەمینەم بۆ خۆش کردبوو، لە خۆشیدا سەرمەقولاتی دەدا. بە ڕووکەش وەک پیاوێکی شەرافەتمەند بەلای باوکیدا دەڕۆیشت. دەزانیت من تۆم خۆش نەویستوە، ئەگەرچی پارچەیەکیت لە جگەرم؟”

گیورگ بیری کردەوە: هەر ئێستا دەچەمێتەوە، وەک بروسکە بە زەینیدا گوزەری کرد، یاخوا بکەوێت و ئێسکی وردوخاش بێت.

باوکی چەمایەوە، بەڵام نەکەوت، بەپێچەوانەی چاوەڕوانیەکەیەوە کە گیورگ لێی نزیک نەکەوتەوە، دیسان خۆی ڕاست کردەوە. “لە شوێنەکەی خۆتدا بوەستە، پێویستم پێت نیە، وا دەزانیت هێشتا توانای ئەوەت هەیە پێشڕەوی بکەیت، بەڵام بۆیە نایکەیت چونکە مەبەستت نییە، خۆت بەهەڵەدا مەبە، هێشتا لەتۆ بەتواناترم، ڕەنگە وابزانیت تەنیایی ناچارم دەکات سەرت بۆ دانەوێنم، بەڵام دایکیشت هێزی خۆی پێداوم، لەگەڵ هاوڕێکەیشتدا هاوکارم، پەیامەکەیشت وا لەم گیرفانەمدا”.

گیورگ لە دڵی خۆیدا وتی: “تەنانەت گیرفان لە کراسەکەیشیدا هەیە!” بیری کردەوە بە گێڕانەوەی ئەوە دەتوانێت لەبەرچاوی خەڵک سووکی بکات. بەڵام ئەوەی تەنیا بۆ چرکەساتێک لەبیرما، چونکە بەردەوام ئەو شت لەبیر دەکات.

“بڕۆ قۆڵ بکە بە قۆڵی دەزگیرانەکەتداو سەربەرزم بکە! من ئەو کچە هەر ناهێڵم، ڕاوەستە بۆم”.

گیورگ ڕووی گرژ بوو، وەک باوەڕ نەکات وابوو. باوکی وەک جەخت کردن لەسەر قسەکەی، ڕووی لەو سووچە کردەوە کە گیورگ لێی وەستا بوو تەنیا سەری بۆ لەقاند.

“نازانیت ئەمڕۆ کاتێک هاتی و پرسیت ئایا هەواڵی ژن هێنانەکەت بۆ هاوڕێکەت بنووسیت یان نا، تا چەند پێکەنینم پێت هات، هەرزەی کاڵفام ئەو هەموو شت دەزانێت، هەموو شتێک، من بۆم نووسیوە، چونکە تۆ لەبیرت چوو کاغەز و قەڵەمم لێ بسێنیت، بۆیە ساڵانێکە سەرمان لێ نادات، سەدجار لەتۆ چاکتر ئاگاداری هەموو شتێکە. لەکاتێکدا بەبێ ئەوەی نامەکەت بخوێنێتەوە، لەناو دەستی چەپیدا گرمۆڵەی دەکات، نامەی منیش بەدەستی ڕاستیەوەیەتی و سەرگەرمی خوێندنەوەیەتی” بەدەم هەڵچوونەوە دەستی بۆ سەری خۆی تاودا و هاواری کرد: “ئەو سەدجار لەتۆ چاکتر هەموو شتەکان دەزانێت”.

گیورگ بۆ گاڵتەپێ کردنی باوکی وتی: “دە هەزار جار!” لێ قسەکە لە دەمیدا حاڵەتێکی وشک و ترسناکی لەخۆ گرت.

باوکی وتی: “ساڵانێک چاوەڕێت بووم ئەم پرسیارەم لێ بکەیت، وا دەزانیت جگە لەمە من بیر لەشتی تر دەکەمەوە؟ وا دەزانیت سەرگەرمی خوێندنەوەی ڕۆژنامەم؟ ها!” لاپەڕەی ڕۆژنامەیەکی بوگیورک فڕێدا کە هەر لەخۆوە بردبووی بۆ تەختە خەوەکەی، تا ئەوکاتە گیورگ ناوی ئەو ڕۆژنامە کۆنەی نەبیستبوو.

“زۆر درەنگ باڵق بوویت! دەبوو دایکت بمرێ پێش ئەوەی ئەم ڕۆژە خۆشە ببینێت، هاوڕێکەی ڕوسیایشت هەر لەوێ لەناوچوو. پێش سێ ساڵ بەجۆرێک زەرد هەڵگەڕا بوو تەواو لێ ببوەوە، منیش، چاوت هەیەو دەمبینیت چیم بەسەر هاتووە”.

گیورگ هاواری لێ هەستا: “کەواتە تۆ ژێر بەژێر هەر لە چاودێریی مندا بوویت!”

باوکی بە دڵ سووتانێکی بێ بایەخانەوە وتی: “دیار بوو دەتویست ئەم قسەیەت پێشتر بکردایە، لێ بۆ ئێستا نەگونجاوە” پاشان بە دەنگی بەرز وتی: “ئێستا ئیدی لەوە گەیشتیت کە جگە لەتۆ یەکێکی تر هەیە، تا ئێستا وات دەزانی هەرخۆتیت! بەڕاستی تۆ منداڵێکی بێ تاوان بوویت، لێ ڕاست تر ئەوەیە تۆ کەسێکی شەیتان سفەت بوویت! کەواتە گوێ بگرە: سزای من بۆ تۆ ئەوەیە کە لەناو ئاودا بخنکێیت”.

گیورگ هەستی کرد لە ژوورەکە کراوەتە دەرەوە، لەکاتی چوونە دەرەوەدا، گوێی لە دەنگی کەوتنی باوکی بوو لەسەر تەختە خەوەکە، دەنگەکە لە گوێیدا زرنگایەوە. لە ڕاڕەوەکەدا، ئەوکاتەی پلیکانەکانی وەک ڕووبەرێکی لێژ خێرا دەبڕی، لەپڕێکدا، بەسەرسامیەوە ئەو کارەکەرەی بینی کە بەرەو نهۆمی سەرەوە دەچوو تا دوای حەسانەوەی شەوانە ئاپارتمانەکە ڕێک و پێک بکاتەوە. کارەکەرەکە بە دەنگی بەرز هاواری “مەسیحی پپیرۆز”ی کرد و بەرکۆشەکەی گرت بەدەم و چاویەوە. لێ گیورگ دوورکەوتبوەوە، لەوێوە بەپەلە چووە دەرەوە، لە شەقامەکەوە شتێک ئەوی بەرەو ڕووبارەکە دەبرد، دوای چرکەساتێک، وەک برسیەک چنگ لە خۆراک گیر بکات، دەستی بە موحاجەرەی پردەکەوە گرت، چون وەرزشکارێکی سەرکەوتوو کە لە گەنجیدا مایەی شانازیی باوک و دایکی بووبێت، بازیدا، هێشتا بەو دەستانەوە کە وردە وردە توانایان تیا نەدەما، موحاجەرەکەی گرتبوو، لەنێو میلەکانەوە چاوی لە ئوتۆبوسێک بڕی کە دوای چرکەساتێک هەرا و زەناکەی زۆر بە ئاسانی بەسەر دەنگی کەوتنەکەی ئەمدا زاڵ دەبێت، لەسەرخۆ وتی: “باوک و دایکە ئازیزەکەم، من هەمیشە ئێوەم خۆش ویستوە” و دەستی بەردا بۆ ئەوەی بکەوێتە ناو ڕووبارەکەوە.

له و چرکەساتەدا لەسەر پردەکە، هات و چۆیەک هەبوو دەتوت بێ کۆتایە.

 سەرچاوە: داستان های کوتاە، فرانتز کافکا

ترجمە: عەلی ئەسغەر حەداد.

ناردن: