کاتێک شاعیر مل لە چەقۆ دەسوێ!

و. لە ڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد

ساڵی ١٩٣٣ پاش ئەوەی ئۆسیپ مەندلشتامی شاعیر دەبێتە شایەتحاڵی ئەو برسێتی و نەهەماتییەی سیاسەتەکانی ستالین بە سەر خەڵکی وڵاتەکە و بە تایبەتی خەلکی ئوکراینایدا هێنابوو و،  پاش ئەوەی تێرۆری ستالین و ڕاوەدوونان و کوشتن و بڕینی نەیارەکانی و هەرکەسێک سووسەی پابەند نەبوون و کەمیی دڵسۆزی لە ئاست ” باوکی گەلان” دای لێ بکرایە، گەیشتە لووتکە،  مەندلشتام چیتر ناتوانێ بێدەنگ ببێیت و هۆنراوەیەکی ڕەق و پڕ سووکایەتی بەسەر ستالیندا دەهۆنێتەوە.

مەندلشتام بەوە شەوە ناوەستێت کە ئەو هۆنراوەیەی نووسیوە بەڵکو بۆ هاوڕێکانیشی دەخوێنێتەوە. یەکێک لەوانە بۆریس پەستەرناک دەبێت کە هەر گوێی  لە هۆنراوەکە دەبێت بە مەندلشتام دەڵێت: ” ئەمە نە شیعرە و نە ئەدەبە، ئەمە کردەیەکی خۆکوژییە. من نە خوێندومەتەوە و نەگوێشم لێ بووە، تکاشت لێدەکەم بۆ کەسی تری مەخوێنەرەوە”

شاعیر گوێ لەو ئامۆژگارییە دۆستانەیە ناگرێت و لە هەر شوێنێک هەلی بۆ هەڵکەوێت شیعرەکە دەخوێنێتەوە و نکولییش لەوە ناکات کە خۆی نووسیویەتی، ئەمەی خوارەوەش وەرگێڕداوی ئەو شیعرەیە:

ئێمە دەژیین و هەست ناکەین بەسەر خاکی وڵاتەوەین

لە دە هەنگاو بەولاوە کەسێک گوێی لە قسەکانمان نییە

هەر نیمچە ڕازێکیش دامەزرێنین

دەبێ ناوی شاخنشینەکەی کرێملینی تێخەین

پەنجە ئەستوورەکانی، چەشنی کرم، چەورن

وشەکانی، وەک کێشی حەوت حۆقەیی، بە سەنگن (١)

سمێڵە قالۆنچەییەکانی دەخنێنەوە

لاسکی پۆستاڵەکانی دەبریسکێنەوە

باندێک سەرکردەی ملباریکیش بەچواردەوریدا دەخولێنەوە

ئەویش لە نۆکەریی ئەونیمچە مرۆڤانە سوودمەندە

یەکێکیان فیکە لێدەدات، یەکێکی تر دەمیاوێنێ، ئەویتریش دەگری و دەلوشکێنێ

تەنیا ئەو خۆی بۆی هەیە بگرمێنێ و پەنجە یان لێ بژەنێ

وەک ناڵ ، بە فەرمان لە دوای فەرمانی، جەستەیان بسمێ

کەسێک لە بن ڕانی، یەکێکی تر لە تەوێڵی

 کەسێک لە سەر برۆی، ئەوی تریش ڕێک لە ناو چاوی

هەر فەرمانێکیشی سێدارە نەبێ،

تووتڕکە سوورەی شیرینە،(٢)

سنگە پانەکەی کابرای ئەسیتینە.(٣)

چەند مانگێک دواتر شاعیر دەگیرێ و دووچاری لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدان دەبێتەوە و نەفی دەکرێ  بۆ چیردین لە ناوچەی ئۆرال و پاش ماوەیەک پەستەرناک بۆی تێدەکەوێ و دەیگوێزنەوە بۆ شاری ڤارۆنیژ . بەڵام لە ئایاری ١٩٣٨ دەگیرێتەوە و لە مانگی دیسەمبەری هەمان ساڵدا لە کاتی گواستنەوەی بۆ گرتووخانەیەکی ترلە ڤلادیڤەستۆک گیانی لە دەست دەدا. بەڵام تەرمەکەی تا بەهاری ساڵی داهاتوو بە خاک ناسپێرن.

ئەو هۆنراوەیەی کە مەندلشتام گیانی لە سەر دانا،  ئێستا بە یەکێک لە دیارترین نموونەکانی هۆنراوەی ”هەجوو”ی سەدەی بیستەم دەژمێردرێت و ژمارەیەکی زۆر خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی بۆ کراوە. دەڵێن یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە شاعیریان یەکسەر گوولەباران نەکردووە ئەوەبووە کە خودی ستالین هۆنراوەکەی بە دڵ بووە، چونکە سەرباری ئەوەش کە وێنەیەکی قێزەوەنی نەخشاندووە بەڵام هێزی بێ سنووری ئەو و یاریکردنی بە چارەنووسی  تەنانەت هاوڕیکانیشییەوە پیشان داوە و ئەوەش ختووکەی غروری دیکتاتۆری داوە!

  • شاعیر لە شیعرەکەیەدا بۆ وەسفکردنی  سەنگی وشەکانی دیکتاتۆر وشەی” پوود” ی بەکارهێناوە کە یەکەیەکی کێش بووە لە ڕووسیادا  و بەرامبەر ١٦ کیلۆ بووە ، شتێک کە نزیکی ئەو کێشەبێت لە کوردیدا حەوت ( یان شەش) حۆقەیە منیش ئەوەم داناوە هەرچەندە زۆر بە دڵیشم نییە. بەڵام حۆقە یان هۆقە کە بۆ شتێک بەکاردەهێنرێ هەمیشە نەغمەیەکی نەرێنی تیایە، چەند جار بۆ تانە دان لە ئافرەتێک گووتراوە” حۆقەیەک سووراوی لە خۆی داوە” یان ”حۆقەیەک ڕۆنی کردۆتە چێشتەکەوە”!
  • لەو دێرەدا شاعیر دەیەوێ بڵێت کە ستالین هەر حوکمێکی دابێت کە لە سێدارەدان کەمتر بێت بەلای خەڵکەوە وەک ” مالینا” وایە، مالیناش تووتڕکە سوورەیە. لە ڕووسیدا تەعبیرێک هەیە کاتێک کە لە ژیانی خۆیان یان لە  شتێک زۆر ڕازین دەڵێن” ژیان نییە، مالینایە”..واتە هێندە باشە تامی تووتڕکە سوورە دەدات. بەڵام وشەی مالینا لە ژارگۆنی دزوجەردەکاندا بەو شوێنەش دەگووترێ کە بنکەی دزەکانە و پاش دزی و تاڵانی لێی کۆدەبنەوە. لێکۆڵەرانی ئەدەب دەڵێن شاعیر بە ئەنقەست ئەو وشەیەی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ڕابردووی ستالین وەبیربهێنتەوە کە  شەش جار گیراوە و تەنیا جارێکیان لە سەر سیاسەت بووە ، جارەکانی تر گوایە لە سەر دزی وتاڵانی بووە .
  • شاعیر، جارێک ستالین بەشاخنشین و جارێکیش بە ئەسیتین ناو دەبات. چونکە ستالین ڕووس نەبووە و خەڵکی ناوچەیەکی شاخاوی جۆرجیا بووە. ئەسیتینیش بەکەسێک دەگوترێت کە خەڵکی ناوچەی ”ئەسیتیا” بێت ، کە ناوچەیەکە لە قەفقازو گوایە ستالین بە ڕەچەڵەک خەڵکی ئەوێ بووە. ئەم تانەلێدانەی مەندلشتام لای زۆر کەس جێگای قبوڵکردن نییە، بەو پێییەی  بۆنی جۆرێک ڕاسیزمی لێدێت. تەنانەت دەڵێن  کە پەستەرناک  گووتویەتی چۆن ئەو ڕێگای بەخۆی داوە، وەک سووکایەتییەک، ئاماژە بەڕەچەڵەکی ستالین بکات، لە کاتێکدا مەندلشتام خۆی جوو بووە و دەزانێت کە خەڵکی چۆن سەیری ئەوانە دەکەن کە بە ڕەچەڵەک جوون، بێ ئەوەی مرۆڤ هیچ دەستێکی هەبێت لەوەدا لە کۆی لە دایکبووە و کێ دایک و باوکی بوون ؟

تێبینی: من سێ هەفتەیەک دەبوو ئەم شیعرەم وەرگێڕابووە سەر زمانی کوردی و دوو دڵبووم  لەوەی ئایا بڵاوی بکەمەوە یان نا. بەڵام دوو ڕۆژ لەمەوبەر بینیم کە مامۆستا جەودەت هوشیار وەریگێڕابووە سەر زمانی عەرەبی، و لە فەیسبووکدا بڵاوی کردبووەوە . ئیتر گووتم  بۆ دەبێت خوێنەری کورد لەم دەقە بێ ئاگا بێت و منیش بڕیاری بڵاوکردنەوەی کوردییەکەیم  دا . هیوادارم بە دڵتان بێت .

و. لە ڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد

ناردن: