لە بارەی ڕۆمانی ماڵی شۆخە نووستووەکان؛ گفتوگۆ لەگەڵ محەمەد عەبدوڵڵا

سازدانی: سەردەم

لە ماوەی ڕابردوودا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، یەکێک لە ڕۆمانە بەناوبانگەکانی گەورە نووسەری یابانی «یاسۆناری کاواباتا»ی بە ناوی «ماڵی شۆخە نووستووەکان» چاپ و بڵاوکردەوە، کاریگەریی ڕۆمانەکە و وەرگێڕانە جوانەکەی وەرگێڕ «محەمەد عەبدوڵڵا» بووە مایەی ئەم وتوێژە.

سەردەم: بۆچی ڕۆمانی “ماڵی شۆخە نووستووەکان”ت هەڵبژارد بۆ وەرگێڕان؟ گرنگی ئەو ڕۆمانە و نووسەرەکەی بۆ خوێنەری کورد چییە؟

محەمەد عەبدوڵڵا: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. بە لای منەوە بەشێکی گرنگی پرۆسەی وەرگێڕان هەڵبژاردنی بابەتەکەیە، وەرگێڕانەکە چەند جوانیش بێت سەرکەوتوو نابێت ئەگەر هەڵبژاردنی بابەتەکە سەرکەوتوو نەبێت. بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە پێویستە باسی گرنگیی ئەدەبی یابانی بکەم، چونکە ئەم ئەدەبە بە ئیمتیازەوە ئەدەبێکی جیهانییە و هەڵگری خەسڵەتەکانیەتی لە ڕووی چەندێتی و چۆنێتییەوە، لە ڕووی مێژووییشەوە هیچی لە ئەدەبی ئینگلیزی کەمتر نییە، چونکە لە سەدەی حەوتەمی زایینییەوە دەستیپێکردووە و بەردەوام لە پێشکەوتندا بووە، لەو کاتەوە تا ئێستا ئەم ئەدەبە بە سەردەمی تاریکدا نەڕۆیشتووە و هەرگیز لە داهێنان نەوەستاوە، جگە لەوەی لە ڕووی ژمارەوە نووسەرەکانی لەڕادەبەدەر زۆرن و بەشێکی بەرچاویش لە نووسەرە دیارەکانی لە ڕەگەزی مێینەن. ئەدەبی یابانی لە سەرەتا دوورەکانیەوە بە زمانی چینی نووسراوەتەوە، چونکە ئەو کاتە ‌هێشتا زمانی یابانی نەببووە زمانێکی نووسراوە، بەڵام بەو هۆیەوەی ئەدەبێکی ڕەسەن و هەڵکەوتوو بووە هەر زوو جێی خۆی کردۆتەوە و لە زمانی چینیی پاکبۆتەوە.

لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە کە بەندەرە گەورەکانی یابان درووستکران، ئینجا ئەدەبی یابانی لەلایەن ڕۆژئاواوە ناسرا، بڵاوبوونەوەی ئەم ئەدەبە لە ڕۆژئاوا و ئاشنابوونی بەئەدەبی ئەوێ، ڕێگەخۆشکەر بوو تا ئەدەبی یابانی نوێگەرییەکی مەزن بە خۆیەوە ببینێت.

دوازدە ساڵ زیاتر بەر لە ئێستا ڕۆمانی ماڵی شۆخە نووستووەکانم وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و بڵاوکراوەتەوە، ئەو کات کتێبخانەی کوردی شتێکی وای تێدا نەبوو لە بارەی ئەدەبی یابانییەوە، بە گرنگم زانییوە و ئێستاش کتێبخانەی کوردی پێویستی زۆری بە وەرگێڕانی ئەدەبی یابانییە، چونکە ئەدەبێکی جیهانی و باڵایە و ناکرێت خوێنەری کورد لێی بێبەش بێت.

یاسۆناری کاواباتا یەکەم نووسەری یابانییە کە لە ساڵی ١٩٦٨دا نۆبڵی وەرگرت، من پێمخۆش بوو ئەم کارەی وەرگێڕم، کارەکانی دیکەشی لەم کارە کەمتر نین، بەڵام ماڵی شۆخە نووستووەکان بۆ من سەرنجڕاکێشتر بوو. هەر لەبەر گرنگی بابەتەکە ئەو کات چەند دەقێکی نووسەرانی وەک: چیرۆ ئاکاجاوا و هارۆکی مۆراکامیم وەرگێڕاوە و بڵاومکردونەتەوە. خۆشبەختانە لەو کاتەوە ژمارەیەک دەقی گەورە نووسەرانی یابانی کراونەتە کوردی، بەڵام هێشتا کەمە و کاشکا بەردەوام بوایە.

سەردەم: ئەم چاپە نوێیە چ جیاوازییەکی لەگەڵ چاپی یەکەمدا هەیە لەڕووی زمان و داڕشتنەوە؟

محەمەد عەبدوڵڵا: هەموو کاتێک چاپی دووەم پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت و هەوڵدەدرێت ئەو هەڵانەی تێپەڕیوون دووبارە نەبنەوە، منیش هەروام کردووە، جگە لەوەش بۆ ئەم چاپە لەلایەن زاموا محەمەدەوە بەراورد کراوە بە چاپە ئینگلیزییەکەی، کە بە داخەوە بە هەڵەیەکی تەکنیکیی بچووک لە کتێبەکەدا ناوەکەی نەنووسراوە، ئەو بەراوردکردنە کارێکی زۆر گرنگ بوو، چونکە ئێستا لە دوو زمانی جیاوازەوە کراوە بە کوردی، بەڵام پێشتر تەنیا سوود لە دەقە عەرەبیەکەی وەرگیرابوو، بۆیە هەندێک گۆڕانکاری تێکەوتووە بەبێ ئەوەی کاری لە کۆی ڕۆمانەکە کردبێت، چونکە چ دەقە ئینگلیزی و چ دەقە عەرەبییەکەی کاری باش و سەرکەوتوون. لە ڕووی چاپیشەوە، بەسوپاسەوە دەزگای ئازیزی سەردەم کارێکی جوان و شایستەی بۆ کردووە چ وەک دیزاین و چ وەک چاپ.

سەردەم: ئەو کێشەو گرفتانە چیبوون لەساتی وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانەدا هاتنە ڕێت و چۆن توانیت چارەسەریان بکەیت؟

محەمەد عەبدوڵڵا: باشترە وەرگێڕان ڕاستەوخۆ لەزمانی یەکەمەوە بێت، بەڵام بۆ ئێمە کە تا ئێستا وەرگێڕمان نییە لە زمانی یابانییەوە و ناشکرێت خۆمان نادیدە بگرین لەو ئەدەبە گرنگە جیهانییە، کەواتە ناچارین بە زمانی دووەم و سێیەم ڕازیبین. وەک زانراوە زمانی یابانی زمانێکی قورس و ئاڵۆزە، پڕە لە ڕەمز و بەوە ناسراوە ڕستەی زۆر درێژە، لەبەر ئەوە پێویستە وەرگێڕی زمانەکە زۆر وریا و شارەزا بێت. من جگە لە ترسی ئەوەی وەرگێڕی یەکەم نەکەوتبێتە هەڵەوە کێشەی وام نەبوو.

ناردن: