ئـه‌حمه‌دۆ رۆنی
گـۆران مـه‌ریـوانـی
08-06-2021
ده‌لهی
ئه‌حمه‌دۆ … ئه‌حمه‌دۆ
ئیتر ناكرێ به سواری ئه‌سپه شێكه‌ته‌وه
له‌م کێو بۆ ئه‌و کێو بسوڕێییته‌وه
له‌م دوند بۆ ئه‌و دوند بازبده‌یت و له‌م هه‌ور بۆ ئه‌و هه‌ور بپه‌ڕێیته‌وه
له‌بن داربه‌ڕوویه‌كدا دانیشی و سیغارێ به كامی دڵ بپێچیته‌وه
دوا نیوه‌ڕوانێ له ماندوبووندا به گه‌ڵایه‌ك شه‌رمت داپۆشی و
خۆت هه‌ڵده‌یته ناو گۆمێكی شینه‌وه
من و تۆ چۆن خه‌مێكمان له دڵدا هه‌ڵگرتووه
ئه‌حمه‌دۆ …… ئه‌حمه‌دۆ
به‌ختێ وڵاتێ مە پڕ تارییه … عه‌مرێ مه‌ش نه باقییه
تازه ره‌وه‌نده‌كان نابینینه‌وه … شیری ده‌ستی بێریان نانۆشینهوه
تازه … تۆ به سواری ئه‌سپه شێ و ده‌ست به یاڵهوه
بێیت و خۆت ده جه‌نگه‌ی چوار ناڵهیدا هه‌ڵده‌یته خواره‌وه
یاران بێژن خێر هاتیت و …. دۆیان له پاڵ ره‌شماڵێكدا …….. به دزیه‌وه
ماچێ بنێنە بەینی هه‌ردوو لێوان
تا له زارت ڕا شیرین-شیرین بیمژیت
وه‌ك شه‌كره سێوان
ئه‌حمه‌دۆ … ئه‌حمه‌دۆ
تۆ گوێت له منه؟
كێوان … ئێستا ده‌سووتێن
دره‌ختان … ئێستا ده‌كوژرێن
قه‌دی مه و قه‌دی وان به ده‌ستی تور‌كان ده‌بڕێننه‌وه
ئه‌حمه‌دۆ … ئه‌حمه‌دۆ
ئێمه‌ش ده‌ستمان به خوێنی یه‌كتر … ره‌نگه
تۆ گوێت له منه؟
ئه‌حمه‌دۆ … ئه‌حمه‌دۆ
كه نازانم ماویت …. یان … نه‌ماویت!
وه‌كو 180 هه‌زار گوندان …. به كانییه‌كانته‌وه
به گیانله‌به‌ر و درهختهكانتهوه
به دانیتشووانتهوه …… وێران كراویت!
ئه‌حمه‌دۆ … ئه‌حمه‌دۆ
به‌ختێ وڵاتێ مه چ تارییه … عه‌مرێ مه‌ش تا سه‌ر نه باقییه.
ئه‌گه‌ر غه‌ریبی سترانێ با … من هه‌رگیز نهمدهگۆت
ئه‌گه‌ر غه‌ریبی ئاوی زینده‌گی با … ئه‌ز ده‌ستم بۆ نه‌ده‌برد،
ئه‌گه‌ر غه‌ریبی وه‌ك قه‌ده‌ری من با،
تۆ له‌و کێوانە ههڵتنهدهكرد!
ئه‌گه‌ر غه‌ریبی پێستم با … خۆم دهگووری
وه‌لێ وه‌ك جلكێ له‌به‌رم نه‌ده‌كرد!
ئه‌گه‌ر میلله‌ته‌كه‌م تفه‌نگیان به‌رامبه‌ر یه‌كدی هه‌ڵنه‌گرتبا
خوێنی یهكتیریان نه ڕشتبا…
ئه‌ز له غهریبیێ چم ده‌كرد!
ئه‌حمه‌دۆ … ئه‌حمه‌دۆ
تۆ به‌و كه‌ژ و كێوانه‌وه،
به ئه‌سپێكی ره‌ش یاڵهوه،
له ئهشكهڤتێدا دڵت په‌ی به عه‌شقێ نه‌ده‌برد!
تۆ سه‌ری داربه‌ڕوویه‌كی بڕوات … له جیاتی…
ده‌خسته سه‌ر رانت!
وه‌ك من … تا گیانی ده‌سپارد
لاوك و حه‌یرانت بۆ ده‌گۆت!
له ژێر چاقۆی داعش و جه‌رده‌ی ئۆردوگان-دا نه ده‌پاڕایته‌وه!
ئه‌حمه‌دۆ … ئه‌حمه‌دۆ
ئێستا نه كێ‌و ماوه،
نه ده‌شت و یاڵ
نه هه‌ور … نه هه‌رد … نه كانی … نه ماڵ و حاڵ!
نه مرۆڤێ ماوه به پاره نه فرۆشرابێ
نه تفه‌نگێ ماوه … له ئه‌نقه‌ره یان تارانێ نهكڕابێ!
نه خه‌نجه‌رێ ماوه … سه‌د جاران له پشته‌وه … له دڵی من و تۆ نه‌درابێ!
ئه‌حمه‌دۆ … ئه‌حمه‌دۆ
به‌ختێ وڵاتێ مە چ تارییه … عه‌مرێ مه‌ش نه باقییه
ئه‌ز رێ به‌ڵه‌د نیم … تا بێمه‌وه لات!
ئه‌ز ره‌به‌نم … ئه‌ز ره‌به‌نم
غه‌ریبم و بێ وڵات!
به‌م غه‌ریبییه‌وه سه‌ر له كوێ بنێم!
تا رۆحم بكه‌مه سایه‌ی باڵات!
ئه‌ز ره‌به‌نم …. ئه‌ز ره‌به‌نم
غه‌ریبم و بێ وڵات!
هه‌یهات … هه‌یهات!
ئه‌حمه‌دۆ … تۆ گوێت له ده‌نگی منه؟
یان تۆش … له قه‌ده‌وه لێدراویت!
به لیره‌ی تور‌كان فرۆشراویت!
هه‌یهات … هه‌یهات!
ئه‌حمه‌دۆ … ئه‌حمه‌دۆ
چ خوێنێكه …. له قه‌ددی من و تۆ ده‌ڕوات!
ئه‌ز چ نابینم، وڵات گەلێ تارییه … عه‌مرێ مه نه ـ باقییه
ئه‌حمه‌دۆ … ئه‌حمه‌دۆ
هه‌یهات ….. هه‌یهات…
ئه‌حمه‌دۆ رۆنی، لاوكێكی نێوداره
https://www.youtube.com/watch?v=NwMBCHGqK24