ڕانانی: ئیدریس عەلی

ڕۆمانی ( یادەوەرییەکانی ژێرزەوی) یەکێکی ترە لە شاکارەکانی نووسەری ناوداری ڕوس( فیۆدرۆ دۆستۆیڤسکی) و لەلایەن نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد ( ڕەووف بێگەرد) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەرگێڕدراوەتە سەرزمانی کوردی و لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە ماوەی ڕابردوودا، چاپی دووەمی بۆ کراوە و بڵاوکراوەتەوە.

بوونی کتێب و بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئەم نووسەرە گەورەی دونیا لەنێو کتێبخانەی کوردیدا، بەها و سەنگ و گرنگی تایبەت بە خۆی هەیە و دەکرێت لە چەندین ڕووەوە سوود لە ئەزموون و داهێانەکانی وەربگیرێت، چ بۆ خوێنەران و چ بۆ خودی ئەو نووسەرانەی کە سەروکاریان لەگەڵ ئەدەبیات بە گشتی و ئەدەبی گێڕانەوەدا هەیە، چونک ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی، تەنها بۆ چێژی خوێندنەوە نین، بەڵکو ڕەهەندی قووڵ و مانا و تێگەیشتنی هەمەلایەنەیان هەیە و دەکرێت وەک ئەزموونێکی دەوڵەمەند چاو لێبکرێن و سودیان لێوەربگیرێت بۆ دەوڵەمەند کردنی ئەدەبی کوردی.

لە ڕۆمانی یادوەرییەکانی ژێرزەوی دا، نووسەر بێ پەردە و  بە وردی ڕۆچووەتە ناو قووڵایی ڕۆحی مرۆڤێکەوە، مرۆڤێک وەک دۆستۆیڤسکی خۆی دەڵێت پاڵەوانێکی ئاسایی ناو چیرۆکێک نییە، بەڵکو دژە پاڵەوانە، ئەم کەسەی نێو ڕۆمانەکە هیچ ناوێکی دیاریکراوی نییە و ڕەنگە نووسەر خۆی بە ئەنقەست ناوی لێ نەنابێت، بۆ ئەوەی هەموومان خۆمانی تێدا بینینەوە، وەک خۆی دەڵێت: کەسێکی سووکوچرووک، بێبار، دووفاق، پەست و نائومێد و بێسەروبەرەیە. ئەو خۆی بە هیچ ئایدیایەکەوە نەبەستووەتەوە، لە بۆشاییەکی ڕۆحیدا، یان لە گۆشەیەکی تاریکی ژێرزەمینێکدا بە تەنیا دەژی، کە جگە لە خۆی هەموو ئەوانی تر کە دیالۆگی لەگەڵیان هەیە، دروستکراوی خەیاڵی ژێرزەمینەکەن، بەڵام ئەو کارەکتەرانەش کە لە ژیانی ڕستەقینەدا، لە هەموو جێیەکی ئەم سەرزەمینەدا بوونیان هەیە و کارایشن، ئەم کەسە یان نووسەری ئەو یادەوریانە، لە ململانێ و هەڵچوونی بەدەوامدایە، لەگەڵ خۆی و باوک و دایکی، کەسوکار و دەوروبەری، لەگەڵ هاوڕێ کۆنەکانی قوتابخانەیدا، لەگەڵ خودی قوتابخانەکەیشیدا کە بە زیندانێکی زۆر سەختی دەزانێت، ئەو ئاسوودە نییە، بەڵام خۆی بەدەوری ئاسوودەیی دا دەگەڕێت.

یادەوەرییەکان، باس لە پێکهاتە جەوهەرییەکەی مرۆڤ دەکەن بە هەموو دژواری و ناکۆکی و ئۆقرە نەگرتنەوە، مرۆڤێکی دوودڵ و ڕاڕای پڕ لە گومان و پرسیار بەرامبەر بە خۆی و ژیان بە گشتی و خودی تاکەکان بەتایبەتی، مرۆڤێکە هەمیشە لە گەڕاندایە و خۆی بۆ نادۆزرێتەوە، لەبەر ئەوەی خۆدۆزینەوە گرنتییە بۆ خۆشویستنی خەڵک و کارکردن لەپێناوی مانەوەیەکی شەرافەتمەندانەی سەرجەم مرۆڤایەتیدا.

ئەم پیاوەی لەژێرزەمینەکەدا دەژی و دۆستۆیڤسکی یادگارییەکانی بۆ ئێمە دەگێڕێتەوە، تەواو لە دۆستۆیڤیسکی خۆی دەچێت و لە ڕاستیشدا هەر خودی خۆیەتی، ئەم پیاوە ژێرزەمینییە لە ژوورێکی پیسی تاریکی قێزەوندا دەژی کە بە قاوغ و قەپێڵکی ئەو دەژمێردرێت، تاکوتەنیا لەوێ دەژی، هیچ دۆست و بناژۆیەکی نییە و وەک خۆی دەڵێت: من نەخۆشم، کەسێکی شەڕانگێز و شەڕانیم هیچ شتێکی جوان و دڵگیر لە مندا نییە.

بەڵام ئەم خاڵەی کە هەست بە بچووکی و بودەڵەیی خۆی دەکات، ژێراوژێر جۆرە سوکنایی و خۆشییەکی دەروونی پێ دەبەخشێت، ئەو پیاوە لە دونیایەکی پڕ لە گلەیی و گازندەدا، لە ڕق و قین، لە سووکایەتی و ڕیسوایی، لە ترس و لەرزدا، کە هەر هەمووی بۆ ئەو خۆشە و چێژی لێ دەبینێت، قاڵبووەتەوە، زۆر جار حەز دەکات لە شەوانی (سان بترسبۆرگ) هەڵێت و بۆ گۆشە تاریکەکەی خۆی بگەڕێتەوە و لێرەدا بیر لە هەموو ئەو کارە چەپەڵ و دزێو و پڕ ڕیسوایی و حەقارەتانە بکاتەوە، کە بە ڕۆژ تەحەموولی کردوون، لەزەت و چێژێکی زۆر لەوە دەبینێت کە بەخۆی دەڵێت گەیوەتە ئەوپەڕی خوێڕێتی و بودەڵەیی و هەرگیز نابێت بە مرۆڤی ناو مرۆڤان.

دۆستۆیڤیسکی ساڵی ١٨٢١ لەدایکبووە و ١٨٨٢ کۆچی دوایی کردووە، ئەو یەکێکە لە نووسەرە گەورەکانی دونیا، باڵادەستی ئەدەبی و داهێنانی ئەم نووسەرە، سنووری وڵات و کیشوەرەکانی جیهانیان بڕییوە و لە قۆناغ و سەردەمێکەوە بۆ قۆناغ و سەردەمێکی دی هەنگاوی ناوە و هێشتا لە ڕیزی کتێبە پڕ لە خوێنەرەکانی دونیایە و هێشتا توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی هەمەلایەن بۆ ڕۆمانەکانی دەکرێن و دونیا فراون و کارەکتەرە جۆراوجۆر و حیکایەتە سەیروسەمەرەکانی شرۆڤە دەکرێن و لە چەندین دیدگا و ڕەهەندی جۆراوجۆرەوە شیی دەکرێنەوە و ڕاڤەی نوێ و سەردەمیانەیان بۆ دەکرێت.

دۆستۆیڤیسکی، بە هۆی ئەدەبە بەهێزەکەیەوە، کاریگەری لەسە گەلێک نووسەری ناودار و داهێنەری وڵاتان تری دەرەوەی ولاتەکەی خۆی واتە ڕووسیا داناوە، ئەمە لە کاتێکدا ئەو نووسەر و داهێنەرانە، نەک نکولی لەم ڕاستییە ناکەن، بەڵکو شانازیشی پێوە دەکەن، کاریگەری دۆستۆیڤیسکی تەنها لەسەر ئەدەب و بەرهەمی نووسەرە ئەدەبییەکان نییە، بەڵکو لە بواری فیکر و فەلسەفەیشدا زۆر بیرمەند هەن بۆ چەسپاندن و پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونە تیۆرییەکانیان، پەنایان بۆ بەرهەمەکانی ئەو بردووە.

دۆستۆیڤیسکی لە ڕووسیای سەدەی نۆزدەدا ژیاوە، کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و فیکرییەکانی ئەو سەردەمە، چ لەسەر ئاستی خودی ڕووسیا یان ئەوروپا بە گشتی، ناوەڕۆکی سەرەکیی کارە ئەدەبییەکانیەتی.

لە ڕاستیدا ئەم نووسینە تەنها هەوڵێکە بۆ هاندانی خوێنەری کورد کە خۆیان لە چێژ و تێگەیشتنی قووڵی ئەم ڕۆمانە بێبەش نەکەن، بێگومان ( یادەوەرییەکانی ژێرزەوەی) وەک هەر بەرهەم و ڕۆمانێکی دیکەی دۆستۆیڤیسکی، هێزی ئەوەی هەیە بۆ ماوەیەکی زۆر لە خەیاڵی خوێنەردا بمێنێتەوە و کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر تێڕوانین و فیکریان دابنێت بۆ ژیان و مرۆڤ و دیاردەکان، ناکرێت هەوڵی وەرگێڕی بەتواناش ( ڕەووف بێگەرد) بە هەند وەرنەگیرێت بۆ جوانترکردنی ئەم ڕۆمانە، ئەویش بە نۆرەی خۆی بەهۆی شارەزایی زۆری لە دونیا فراوانەکەی دۆستۆیڤیسکی کە چەندین شاکاری دیکەی وەرگێڕاوە، هاوکات بەهۆی ئەو کوردییە جوان و زمانپاراوییەیەوە چێژی زیاتری بە خودی ڕۆمانەکە بەخشیوە.

ناردن: