(لە مەزهەب لە سنووری عەقڵی سادە، (١٧٩٣) بەرهەمی کانت)

و. ڕێبین هەردی

کانت لەم دەقەدا (کە دواتر دەیهێنینەوە) ڕێسایەک بۆ بەدواداچوونی بەکارهێنانی ویژدان لەبواری مەزهەبدا دەست نیشان دەکات. ئەم باسە بەگریمانەیەکی دوولایەنە دەست پێدەکات کە کاتێک دادوەرێکی پشکنینی بیروڕا دەبێت لەبارەی “کەسێکەوە کە تاوانبارە بە لادانی دینی و بێ باوەڕی”, داوەری دەکات، ڕووبەڕووی دەبێتەوە. مەسەلەکە ئەوەیە کە ببینین  ئایا دادوەر بە بەسزادانی تاوانبار بە مردن، پەیڕەوی لە ویژدانی خۆی کردووە یان بە پێچەوانەوە بێ ویژدانی کردووە؟ ئەو کێشەیەی کانت هێناویەتە پێشێ پەیوەندی بە ماهیەتی ویژدان و باوەڕەوە هەیە. ویژدان هێزێکی مرۆیی ڕەسەنە: هەموو مرۆڤێک ویژدانی هەیە، بەڵام دەشێت لە شتێکی تایبەتدا بێ ویژدانی بکات.  مەبەست لە ویژدان لێرەدا لەبنەڕەتدا هێزی دادوەری ئەخلاقیە. ئەم قسەیە بە چ مانایەکە؟ کانت بەمجۆرە پێناسی ویژدان دەکات: ”زانینێک کە دەبێتیە“*. مەزهەب لە ڕووی زیهنیەوە ناسینی سەرجەم ئەرکەکانی مرۆڤە، وەک فەرمانی خودایی. لەبەرئەوە ویژدان نەک ناسینی ئەم ئەرکانە، بەڵکو ڕێنمایکەری بڕیارە ئەخلاقیەکانە کە شێوەی ئەنجامدانی کارە تایبەتیەکان دیاری دەکات. ویژدان داوەر یان دادگایەکی دەروونیە کە لەبارەی چونیەکی شێوەی ئەنجامدانی کارێکی تایبەتەوە بە یاسای گشتی، داوەری دەکات. ووردتر بڵێین ئەگەر تێگەیشتن (نەک ویژدان) کارێک بە دادپەروەرانە بزانێت، ویژدانیش دەبێت پێش ئەنجامدانی ئەو کارە، دڵنیابێت لە دادپەروەرانە بوونی. بە دەربڕینێکی تر دەکرێت ویژدانی ئەخلاقی وەک هێزێکی دادوەری بناسین کە بە تاوتوێکردنی ئەوەی بەڕاستی وەک کارێکی پێویست هەڵیسەنگاندووە، داوەری خۆی دەکات. لێرەوە بێ ویژدانی لەکارێکی دیاریکراودا، ئەو مانایەی نیە کە کەس ئەو هێزەی نیە، بەڵکو بەو مانایەیە کە لە ئەنجامدانی کاردا، حوکمی ویژدانی ڕەچاو نەکردووە. بە کورتی ویژدانی ئەخلاقی مرۆڤ ناچار بە ئەرکێکی بێ قەید و شەرت دەکات یان ناچار بەبنەمایەکی دەکات کە پێویستی بە بەڵگە هێنانەوە نیە، ئەوەش ئەمەیە نابێت هیچ کارێک بکەین کە بۆنی نادادپەروەری لێ بێت. لێرەوە دەبێت هەموو جۆرە گومانکاریەک بخەینە لاوە و نابێت مەترسی ئەنجامدانی کارێکی نادادپەروەرانە قەبوڵ بکەین.

کێشەی دادوەری پشکنینی بیروڕا چی لێ دێت؟ ئەگەر ئەم دادوەرە بێ ویژدانی کردووە، واتە ڕەچاوی ویژدانی خۆی نەکردووە، کەوابوو چۆن دادوەری کردووە؟ کانت دەڵێت کە پێوەری دادوەری پشکنینی بیروڕا، بڕوا بەدەزگایبوەکەیەتی. ئەم بڕوایە ئاشکراکەری مەزهەبی بەڵگەنەویستە، وەک کۆمەڵێک هێمای باوەڕ و داب و نەریتی تایبەت، مەزهەبی پشت بەستوو بە وەحی، فەرمان بە ئەنجامدانی چەند کارێک دەدات کە وەک فەرمانی خودایە. بە دەربڕینێکی تر باوەڕی بە دەزگایی بوو ناچارکەرە، نەک بەو مانایەی من ئەو فەرمانانە ڕاستەوخۆ بە ئەرکی خۆم دەزانم، بەڵکو لەبەرئەوەی پێشتر تەسلیمی دەسەڵاتی دەرەکی (خودایی) بووم کەفەرمانەکانی تەنیا لەبەرئەوەی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، ناچارکەرە. ئەرکی ئەخلاقی کاتێک بەمشێوەیە دەهێنرێتە پێشێ، دوو کێشە درووست دەکات: لەلایەکەوە چیدی ویژدان مەرجەعی دیاریکەری چونیەکی یان ناچوونیەکی شێوەی کرداری من  و یاسای ئەخلاق نیە، چیدی دەوری دادوەر نابینێت و سەربەخۆیی خۆی لەدەست دەدات. کەوابوو کردارلە ڕووی مادیەتی ئەموونگەریەوە تەنیا لە ئەنجامی مەبەست و نیەتی کەسەکە، بە پێی پێداویستی لایەنە ناچارکەریەکانی یاسای ئەخلاق، کە بە بڕاوە(قطعي) زانراوە، لەڕووی ئەخلاقیەوە دادپەروەرانەیە، نەک لەڕووی کرداریەوە. لێرەوە مەزهەبی وەحی کە نەک لەبەرناچارکردنی ناوەکی ویژدان بەهۆی یاسای ئەخلاقەوە، بەڵکو بەهۆی فەرمانی بوونەوەرێکی دەرەکیەوە خوازیاری پەیڕەوکردنە، ڕەچاوکردنی ئەخلاق لەبەرچاو ناگرێت و یاسای ئەخلاق لەبەرئەوە دانانێت کە خۆ بە خۆ پیرۆزە. باوەڕی پەتی، کە عەقڵ قەبوڵکەرێتی، و ویژدانی ئەخلاقی دیاریکەرێتی، دەتوانێت ناکۆک بێت لەگەڵ بڕوای بە دەزگایببودا.

لەلایەکی دیەوە حاڵەتی دوولایەنی دادوەری پشکنینی بیروڕا، وتوێژ لەبارەی پلەی وەحی دێنێتە پێشێ. ئەزموون یان مێژوو ناتوانێت بەشێوەیەکی بڕاوە خودایی بوونی ئیلهامێک بسەلمێنێت: بێ هیچ گومانێک ناتوانرێت لە هەقیقەتی دۆگماکان و دابونەریتە بڕیار لێدراوەکان لە ڕێگەی وەحیەوە دڵنیا بین. لەبەرئەمەیە کە لەڕووی دیدی مەزهەبی عەقڵانیەتەوە، حوکمەکانی مەزهەبی وەحی، ئازادانە و ئەگەرین و مەرج نیە پەیوەندیان بەو ئەرکەکانەوە هەبێت کە بە حوکمی ویژدانی ئەخلاق ناچار بە ڕەچاوکردنین. مرۆڤ ناتوانێت لە هیچ تێزێکی خودایی بگات، لەڕێگەی چەمک و تێگەیشتنە عەقڵیەکانی خۆیەوە نەبێت، هەرچەند ئەو تێزانە تەواو ئەخلاقی و لە ئەنجامدا بێگومان بن. بە دەربڕینێکی تر وەحی دەبێت بەجۆرێک ڕاڤە و تەفسیر بکرێت کە لەگەڵ ڕێسا پراکتیکیەکانی عەقڵی پەتیدا بگونجێت. بۆ ئەوەی تێبگەین کارێک کەدەمانەوێت ئەنجامی بدەین بە دڵنیاییەوە دادپەروەرانەیە، دەبێت تەنیا بۆ ویژدانی ئەخلاقی خۆمان بگەڕێینەوە. دادوەری پشکنینی بیروڕا کە گیانی کەسێک ئەکێشێت، تەنیا پەیڕەوی لە بڕوای بە دەزگایبوو دەکات …. لەبەرئەوە جورئەت دەکات کارێک ئەنجام بدات کە دەشێت ئەنجامدانی گەورەترین نادادپەروەری بێت. دادوەری پشکنینی بیروڕا بەو مانایە بێ ویژدانی دەکات و ئەو مەترسیە قەبوڵ دەکات کە بەپێچەوانەی ئەرکی مرۆیی خۆی کە خۆی بڕوای پێیەتی، کارێک ئەنجام بدات. کێشەکە هەر هەمان حوکمی دەبێت ئەگەر ئەو دادوەرە بە فەرمانی (پلەدارەکانی بەرزتر لە خۆی) دەست بۆ ئەمکارە بەرێت. لەم حاڵەتەدا هەم ویژدانی ئەو دوا مەرجەعە بۆ داوەریکردنی بڕاوە لەبارەی دادپەروەی بوون یان نەبوونی کارێک.

کانت بە لێکۆڵینەوەی پەیوەندی مەزهەب و ئازادی ، بە جۆرێک لە جۆرەکان بونیادنەری ڕەخنەی مەزهەبیە. تا جەوهەری مەزهەب لەناو بڕوای بەدەزگایببوندا بێت، زۆرتر ڕوو لە خورافات دەکات و وەک سواڵکردن لە لوتفەکانی خودای لێ دێت، کە لەم حاڵەتەدا هیچ بەهایەکی ئەخلاقی نابێت. مەزهەب لەم حاڵەتدا خەڵکی دەکاتە کۆیلەی پێشەوایانی کەنیسە کە تەنیا دەسەڵاتدارێکن لە بواری بڕوادا و تەنانەت بەسەر دەوڵەتیشدا باڵادەستن. ئەوان خەڵکی لە ئازادی ئەخلاقی مەحروم دەکەن. مەزهەبی وەحی تەناتەت هاوڵاتیانیش لە ئەرکە مەدەنیەکانی خۆیاندا بەلاڕێدا دەبات. “ڕۆشنگەران” بە پێچەوانەوە دەیانەوێت مرۆڤ لە دۆخی کەمایەتی ڕزگار بکەن کە بە هەبوونی ئەو حاڵەتە ناتوانن بێ ڕێنمای کەسانی دی، تێگەیشتنە عەقڵیەکانی خۆیان بەکار بهێنن.  ئازادی بەکارهێنانی گشتی و ئاشکرای عەقڵ بۆ گەیشتن بەم مەبەستە بەسە: بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندن، ڕۆشنگەری خەڵکە و ئەو ئەگەرەیان پێ دەبەخشێت کە ئەرک ومافەکانی خۆیان بەرامبەر بەو دەوڵەتی پێوەی پابەندن، بە ئاشکرا فێر بن و  لەهەمانکاتدا عەقڵی خۆیان بەشێوەیەکی سەربەخۆ بەکاربهێنن. لێرەوە لێکۆڵینەوەی گریمانەی ویژدان لەبواری بڕوای مەزهەبیدا هەڵگری بەکارهێنانی گشتی عەقڵ و هەروەها پێناسی ئازادی هاوڵاتیانە.: ڕووناککردنەوەی هاوڵاتیان نەک هەر بەستراوە بە ئازادی مەدەنیەوە، بەڵکو بەستراویشە بە پەروەردەکردنیانەوە. (کانت وەڵامی ئەو رەخنەیەی کە” ئەوان ئامادەیی پێویستیان بۆ ئازادی نیە”ڕەد دەکاتەوە و دەڵێت ئەم ئامادەییە خۆی پێوسیتی بە بوونی پێشوەختی ئازادی هەیە).

دەق:

وای دابنێین بۆ نموونە دادوەری پشکنینی بیروڕا کە بەتوندی پابەندە بە باوەڕی بە دەزگایی بووی خۆیەوە و تا سنووری شەهیدبوون لەحاڵەتی پێوسیتدا دەڕوات، و دەبێت لەبارەی کەسێکەوە کە دەگوترێت لەدین لایداوە (بەڵام هاوڵاتیەکی باشە) و تاوانبارە بە بێ بڕوایی، دادوەری دەکات. دەپرسم ئایا ئەم دادوەرە بە مەحکومکردنی ئەو هاوڵاتیە بە مردن، بە حوکمی ویژدانی خۆی (کە بەڕاستی هەڵەیە) داوەری کردووە، یان دەکرێت بە بێ ویژدانی مەحکومی بکەین، جا تووشی هەڵە بووە یان هوشیارانە نادادپەروەری کردبێت؟ چونکە دەتوانرێت پێی بگوترێت هەرگیز ناتوانێت دڵنیا بێت کە بەتەواوی دادپەروەرانە مامەڵەی کردووە. بەڕاستی ڕەنگە ئەو بڕوای وابێت کە ویستی خودایی، بەشێوەیەکی میتافیزیکی ئیلهامی پێکردووە (ڕەنگە بەپێی ئەو پەندەی “ڕێگەیان بدە بێنە ژوورەوە( ئەویان گەر ڕانەسپاردووە، لانیکەم ڕێگەیان پێداوە، تاکوو بێ بڕوایی و بێ بڕوا لەناو بەرێت. بەڵام ئایا بەڕاستی ئەو ئەوەندە بە هەقیقەتی ئەم حوکمە خوداییە و ماناکەی بڕوای هێناوە کە جورئەت بکات گیانی مرۆڤێک بەمشێوەیە بکێشێت؟ بێگومان ئەوەی لەبنەڕەتدا گیانی کەسێک لەبەر بیروڕاکانی بکێشیت، نادادپەروەرانەیە، مەگەر ئەوەی (ئەگەر بمانەوێت گەورەترین لێبورن بەرامبەر بەو دادوەرە پەیڕەو بکەین) ئیرادەی خودایی، کە ئەو توانیونێتی بەشێوەیەکی نائاسایی تەواو بیناسێت، فەرمانێکی جیاواز لەمەی پێ کردبێت.

بەڵام ئەوەی خودا هەرگیز ویستێکی لەمچەشنەی هەبوو بێت، تەنیا پشتی بە بەڵگە مێژوویەکان بەستووە و هیچ کاتێک یەقینێک لەبارەیەوە نیە. حوکمەکانی وەحی بەهۆی مرۆڤگەلێکەوە بۆی گوازراوەتەوە  کە هەر ئەوانیش ڕاڤە و تەفسیریان کردووە[1]. بەڵام ئەو وا دەزانێت گوایە لە لایەن خوداوە ڕاستەوخۆ بۆی هاتۆتە خوارەوە (وەک فەرمانێک کە بۆ ئیبراهیم هاتە خوارەوە بۆ ئەوەی کوڕەکەی وەک مەڕێک سەرببڕێت). لانیکەم ئەو ئەگەرە هەیە هەڵەیەک ڕووی دابێت، بەڵام لەم حاڵەتدا ئەو ئەو مەترسیە قەبوڵ دەکات کە کارێک لە بەرزترین پلەی نادادپەروەریدا ئەنجام بدات، ڕێک لەبەرئەمەشە کە بێ ویژدانی دەکات. حوکمی هەموو مەسەلەیەک لەبارەی هەر بڕوایەکەوە کە پشتی بە مێژوو بەستووە هەر بەمشێوەیەیە، و لەڕاستیدا هەمیشە ئەگەری ڕوودانی هەڵەی تێدایە، بەسەرنجدان لەوەی دەشێت ئەوەی ئەمجۆرە بڕوایە ناچار دەکات یان ڕێگە دەدات نادادپەروەرانەیە، واتە بە پێچەوانەی ئەرکی مرۆییەوەیە، ئەم هەڵانە دەرئەنجامی یاخیبوونە لە حوکمی ویژدان، نەک پەیڕەویکردن لێی.

لەسەرو ئەمەشەوە گەر کردارێک کە یاسای بێگومانی وەحی، یاسایەک وەک ئەوەی وتمان (یان گریمان بەوشێوەیە) فەرمان بکات، ڕێگە پێدارو بێت، ئەو پرسیارە دێتە پێشێ ئایا پلە و پایە باڵاترەکان یان پێشەوایانی ڕۆحانی دەتوانن بە پشتبەستن بە بڕواکانی خۆیان، قەبوڵکردنی وەک مەرجی هەبوونی باوەڕ (کە گەر رەەچاو نەکرێت، باوەڕ چۆنایەتی خۆی لەدەست دەدات) بەسەر خەڵکدا بسەپێنن؟ چونکە ئەم بڕوایانە تەنیا پشتی بە بەڵگەی مێژوویی بەستووە، لەکاتێکدا بە داوەری خەڵک (لانیکەم گەر خۆیان تاوتوێی بکەن) هەمیشە ئەو ئەگەرە هەیە کە چەندان هەڵەی تیا کرا بێت، وەک لە دەربڕینی دێرینی باویدا ڕوویداوە. قەشە خەڵک ناچاردەکات لانیکەم لە دەروونی خۆیاندا دان بە شثێکدا بنێن کە بڕوایان وایە هێندەی باوەڕبوونیان بە خودا ڕاستە. واتە بە دەربڕینێکی تر لەبەرامبەر خودادا دان بە شتێکدا بنێن کە بێگومان هێندە نایناسن: وەک قەبوڵکردنی ڕۆژێکی تایبەت بۆ پەرستن. وەک کارێکی مەزهەبی کە خودا خۆی فەرمانی پێکردووە، یان بڕوابوون بە چەندان ڕەمز کە خۆیان هیچ سەری لێ دەرناکەن. لەم حاڵەتانەدا کەسایەتی ڕۆحانی بەرزتر لەوان بە سەپاندنی باوەڕێک بەسەر ئەوانی دیدا کە خۆشی بڕوای بەو باوەڕە نیە، بە پێچەوانەی ویژدانی خۆیەوە کار دەکات. لەبەرئەوە ویژدان حوکم دەکات بیر لەو شتە بکاتەوە کە دەیەوێت ئەنجامی بدات، چونکە دەبێت وەڵامدەرەوەی سەرجەم توندڕەویەکانی ئەمجۆرە باوەرە کۆیلە ئاسایە بێت. ڕەنگە لەبارەی ئەوەی بڕوایان پێیەتی، هەقیقەتێک هەبێت، بەڵام لە باوەڕیاندا (یان لە دانپێنانێکدا کە لەدەروونی خۆیاندا دەیکەن) ئەگەری ڕوودانی هەڵە هەیە، هەڵەیەک کە خۆبەخۆ شایستەی مەحکومکردنە.

* وەرگێڕانی کانت کارێکی یەکجار زەحمەتە و نوسینەکانی پڕن لەمجۆرە پێناس و چەمکانە کە ئاسان ماناکەی دەرناکەوێت. مەبەستی کانت لێرەدا ئەوەیە ویژدان لە کۆمەڵێک زانیاری پێکهاتووە کە دەبێت جێبەجێ بکرێت..واتە زانینێیک کە دەبێت جێبەجێ بکرێت. خوێنەرانی کانت بەمجۆرە دەربرینانە راهاتوون بەس کاتێک دەیکەیت بە کوردی کەمێک نامۆ دەردەکەوێت. (و.ک)

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

[1] خوێنەران دەزانن کە ئەنجیل جواردانیە (یوحەنا، لۆقا، مەرقەس و مەتی) کە هەڵگری قسەکانی عیسا مەسیحە، ئەم چواری حواریە نوسییانتەوە و هەریەکێکیشیان بەناوی ئەوانەوەیە. (و.ف)

ناردن: