مانیفێستی فێمینیستبوون؛ پێشنیازەکانی ژنە ڕۆماننووسێک

ڕەنگە بەشێک لەو دەستکەوتە فەرهەنگی و کولتوورییەی کە جێی خۆیەتی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، شانازیی پێوە بکات، جۆراوجۆری و هەمەچەشنەیی کتێبە چاپکراوەکانی بێت کە سەرباری قەیران و ڕێگرییە واقیعییەکان، پڕکێشی دەکات لە دەستبردن بۆ وەرگێڕان و چاپکردنی کۆی لایەنە ژیاری و کولتووری و فەرهەنگییەکان، بەتایبەت ئەو بابەتانەی کە لە دونیای ئێمەدا نوێ و نامۆن و دەزگای ناوبراو بەهۆی باشترین هەڵبژاردە، لە ڕووی نووسین و وەرگێڕانەوە، پێشکەش بە کتێبخانە و خوێنەر و نێوەندی ڕۆشنبیریی کورد کردووە.

کتێبی (مانیفێستی فێمینیستبوون)ی نووسەری نایجیریایی (چیماماندا نگۆزی ئەدیچی) یەکێکە لەو کتێبە پڕ بایەخ و گرنگانەی کە لەسەر پرسی چەمکی فێمینیست دەدوێت و لە ڕێی چەند بەش و پێشنیازێکەوە، پەل دەهاوێت بۆ نێو پانتایی بابەتگەلی دیکەی پەیوەنددار بە بە چەمکی فێمینستەوە، ئەم کتێبە لە لایەن هەردوو وەرگێڕ (ڕێزان نوورەدین و مستەفا زاهیدی)ییەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش کاری وەرگێڕانیان بۆ کراوە و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە.

هەر وەک وەرگێڕەکان لە پێشەکی کتێبەکەدا ئاماژەیان پێ کردووە، ئەم بەرهەمە لە ڕاستیدا دوو نامیلکەی نووسەری نایجریایی چیماماندا نگۆزی ئەدیچییە کە وەریانگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و وەک کتێبێک چاپ دەبێت، خاڵی هابەشی ئەم دوو کتێبەی ئەم نووسەرە و ڕۆماننووسە فێمینیستە، ئەویە هەر دوو بەرهەمەکە بە زمانێکی ساکار نووسراون، نووسەر لەم دوو نامیلکەیەدا بە زمانێکی سادە دەست دەنێتە سەر ئەو برینانەی کە وەک برینی ژنبوون لە کۆمەڵگەی نایجیریا و دواتر زۆربەی وڵاتانی سێیەم، بە خۆشمانەوە بوونی هەیە.

ئەو دوو وەرگێڕە جەخت لەسەر ئەوەش دەکەنەوە کە زۆر سادە دەتوانی  چیماماند بە ئازاری هاوبەشی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا ناو ببەین: لە زۆربەت زۆری ئەم وڵاتانەدا کولتوور، داب و نەریت و ئایین سیانەیەکی ناپیرۆزن کە دەبن بە هۆی پتەوبوونەوە و شکڵهرتنی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریی پیاوسالار، سیستەمێک کە کار بۆ پەراوێزخستنی ژن دەکات، ستتەمێک کە ژنبوون وەک ئۆبژەیەک دەبینێت و بەردەوام خەریکی خۆنوێکردنەوەیە بۆ ئەوەی زیاتر بتوانێت ژنان سەرکوت بکات.

هاوکات لە بەشی کۆتایی ئەم کتێبەدا و وەک پاشکۆیەک، وتووێژێکی ڕۆژنامەی گاردیەنیان وەرگێڕاوە و بۆ ئەم کارەش مەبەستیان ئاشنابوونی زیاتری خوێنەری کوردە بە دونیابینی و بیرکردنەوەی نووسەر، چونکە بەداخەوە ئەم نووسەرە تا ڕادەیەکی زۆر کەم بۆ خوێنەری کورد ئاشنایە و زۆر کەم بەرهەمەکانی کراون بە کوردی، لەو چاپێکەوتنەدا سەبارەت بە ڕۆمان و نووسینەکانی لێی دەپرسن: بە زۆری دەربارەی عەشقێکی سەیروسەمەرە دونووسیت، لات وایە چی دەبێت بە هۆی بەردەوامێتی  ومانەوەی عەشق؟

لە وەڵامدا دەڵێت: خۆزگە دەمزانی… گەر دەمزانی، هەوڵم دەدا هەموان لەو شتە ئاگادار بکەمەوە و هەموانم فێر دەکرد، عەشقێک کە دەمێنێتەوە و هەمیشەییە، دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزلێگرتن  وگرنگیپێدانی دوولایەنە بێت، دەربارەی ئەوەی تۆ بەرامبەرەکەت ببینی، پەیوەندیی مرۆییەکان زۆر بە لای منەوە گرنگن و زۆرم حەز لە پەیوەندییە مرۆییەکانە، ئەو کاتەی ژن  ومێردێک دەبینم، هەندێ جار هەست بە جۆرێک کوێربوون دەکەن لە نێوانیاندا، ئەوان یەکتر نابینن، بینینی کەسێکی تر کارێکی دژوارە.

ئەم ژنە فێمینست و ڕۆماننووسە (چیماماندا نگۆزی) نووسەری ڕۆمانی پڕفرۆشی (نیوەی خۆرێکی زەرد)ە، لەو چاوپێکەوتنە کورتەدا دەرباری ڕۆمانە نوێیەکەی (ئەمریکانا) و سەردەمی منداڵی لە نایجیریا و شوێنگەی ڕەگەز لە بەرهەمەکانیدا قسە دەکات، ئەم نووسەرە ساڵی ٢٠٠٧ بە نووسینی یەکم ڕۆمانی خەڵاتی (ئۆرەنج)ی، بردەوە، ڕۆژنامەکە دەربارەی ئەو ڕۆمانە دەپرسێت: لەم ڕۆمانەدا یەکێک لە کەسایەتییەکانت ئاگادارمان دەکاتەوە دەربارەی بێهودەبوونی پرسیارکردن دەربارەی چیرۆکی کتێبێک، وەک ئەوەی کتێبەکە تەنها باس لە یەک شت دەکات، دەبێت بپرسم ئەمریکانا  دەربارەی چییە و باسی چی دەکات؟ چیماماندا لە وەڵمدا پێی دەڵێت: لە عەشق دەدوێت و باسی عەشق دەکات، دەمویست بەبێ ئەوەی داوای لێبووردن لە کەس یان کەسانێک بکەم، چیرۆکێکی عاشقانەی کۆن بنووسم، بەڵام کتێبەکە دەربارەی ڕەگەزە و ئەوەی کە ئێمە چۆن جارێکی تر خۆمان دروست دەکەینەوە و دەدۆزینەوە، دەربارەی ئەوەی ئەو کاتەی لە ماڵ دەڕۆینەوە دەرەوە، دەبین بە کۆپییەک لە خۆمان.

سەبارەت بە پرسی ئەوەی تا چەند گرنگە سەر بە شوێنێک بیت؟ ئەم ژنە نووسەرە جەخت دەکاتەوە کە سەر بە شوێنێکبوون گرنگە و دەشڵێت: من لە نۆزدە ساڵیدا ماڵەوەم بەجێ هێشت بۆ ئەوەی لە فیلادیلفیا بخوێنم و درێژە بە خوێندن بدەم، تا ئەو کاتەی نەڕۆیشتم بۆ ئەمریکا و بەر لە ڕۆیشتنم بۆ ئەمریکا، بە هیچ شێوەیەک بیرم لە شوناسی خۆم نەدەکردەوە (پیتەر ئەکرۆید) قسەیەکی زۆر جوانی هەیە دەربارەی ویستن و پەیوەستبوون و سەر بە شوێنێکبوون، من گرێدراومەتەوە بە نۆستالۆژیایەکەوە کە شتێک نییە پێویست بێت، ویستن ئەو شتەیە لەوێدا نییە.

پێناسەی فێمێنیزم بە لای ئەم ژنە نووسەرەوە، گرێدراوەتەوە بە دۆخەوە، یاسا یان بنەمایەکی لە پێشدا دیاریکراوی بۆی نییە و نزیکترین شێوەیەک بۆ پێناسەکردنی فێمینیزم بە مێشکی دەگات، بەکارهێنانی دوو کەرەستەی فێمینیستییە کە وەک خاڵی دەستپێک باسی دەکات.

بە لای ئەم ژنە نووسەرەوە، یەکەم کەرەستە، بنەمای بیرۆکردنەوەی تۆیە، هەمان ئەو باوەڕە پتەو و نەگۆڕەی کە سەرجەم بڕیارەکانی خۆمان بەوە دەست پێ دەکەین، بنەمای بیرکردنەوەی تۆ چییە؟ بنەمایەکی بیرکردنەوەی فێمینیستی دەڵێت: من گرنگم، من بە ڕادەی پیاوان گرنگم و ئەم گرنگبوونە گرێ نەدراوەتەوە بە کات و شوێن و هەلومەرجەوە، منیش بە ڕادەی پیاوان گرنگم و جێی سەرنج.

کەرەستەی دووەم پرسیارێکە: دەتوانیت بژاردەکە پێچەوانە بکەیتەوە و بە هەمان ئەنجام بگەیت؟ بۆ وێنە: زۆربەی خەڵک لەسەر ئەو باوەڕەن کە وەڵامی فێمینیستی ژنێک بەو پیاوەی ک منداڵی نابێت، ئەوەیە لێی جیابێتەوە و دەشڵێت: لە هەمان کاتدا من لام وایە مانەوەش جۆرێک هەڵبژاردنی فێمینیستییە، ئاخۆ ئەویش (پیاوەکە) لە دۆخێکی هاوشێوەدا لە ئێوە دەبورێت؟ ئەگەر وەڵامەکە بەڵێیە، کەوایە، بژاردەی لێبوردن و مانەوە لەگەڵی، دەشێت بژاردەیەکی فێمینیستی بێت، لەبەر ئەوەی نایەکسانیی مافی ژن و پیاو ڕەنگدانەوەی تێدا نییە.

نووسەر لەم کتێبەدا کۆمەڵێک پێشنیازی بەسوود و گرنگی خستۆتە پێش چاو کە ڕەنگە تەنانەت بۆ خودی خێزان و بابەتی پەرورەدەش بەها و نرخی تایبەت بە خۆی هەبێت و هاوکار و یارمەتیدەری خێزان بێت بۆ ئەوەی نەوەکانیان، بەتایبەت ڕەگەزی مێ، نەوەیەکی وشیار و بزێو و پرسیارکەر و پڕ لە خەون بن، هەر وەک لە پێشنیازی پێنجەمدا بە ڕوونی دەردەکەوێت و داوا دەکات کچەکەت فێر بکە بخوێنێتەوە، فێری بکە عاشقی کتێب بێت، باشترین ڕێگە بۆ ئەوەی ببێت بە کەسێکی خوێنەتر، ئەوەیە بتبینێت دەخوێنێتەوە، کە تۆ خەریکی خوێندنەوە بیت، تێدەگات خوێندنەوە کارێکی بەنرخە، تەنانەت ئەگەر نەچێتە قوتابخانە و تەنها کتێب بخوێنێتەوە، دڵنیات دەکەمەوە زۆر لەو منداڵە زاناتر دەبێت کە لە بازنەی بەرتەسکی پەروەردە و بارهێناندا دەخوێنیتەوە و وانەکانی فێر دەبێت، کتێبەکان یارمەتیی دەدەن دونیا باشتر بناسێت و بیباتە ژێر پرسیارەوە، یارمەتی دەدەن باشتر باس لە خۆی بکات و ئاسانتر بتوانێت ئەرکی داهاتووی ببینێت.

لە پێشنیازێکی دیکەدا داوا دەکات: فێری بکە زما بباتە ژێر پرسیارەوە، زمانی هەر مرۆڤێک کانگای دەمارگرژی و باوەڕەکان و پێشگریمانەکانیەتی، بۆ فێربوونی شتێکی گرنگی وەها، دەبێت سەرەتا خۆت زمانی خۆت ببەیتە ژێر پرسیارەوە، یەکێک لە هاوڕێکانم دەڵێت ئەو هیچ کت کچەکەی بە پرنسس بانگ ناکات، کە کەسانی تر کچۆڵەیەک بە پرنسس بانگ دەکەن، مەبەستێکی خراپیان نییە، بەڵام پرنسس پڕە لە پێشگریمانە، پرنسس بیرهێنەرەوەی ناسکییەکی کچانەیە و مەبەست کچێکە کە ئەوانی تر دەبێ خزمەتی بکەن، ئەو وای پێ باشترە کچەکەی بە ئەستێرە یان فریشتە بانگ بکات.

ئەم ڕۆماننووس و نووسەرە فێمینیستە باس لەوەش دەکات کە کە کچان وا راهاتوون کە هەر لە منداڵییەوە خەونی مێردکردن لە خۆیاندا گەورە بکەن و سەرجەم نایەکسانییەکان و ناهەوسەنگییەکان هەر لێرەوە دەست پێ دەکەن، کچەکان وەک ژنانێک گەورە دەبن کە پێشتر مێشک و زەینیان لای ئەوە بووە مێرد بکەن، کوڕەکان وەک پیاوانێک گەورە دەبن کە زۆر خەیاڵیان لای ئەوە نییە زەماوەند بکەن، هەر ئەو ژنانە مێرد بە هەما ئەو پیاوانە دەکەن، هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە ناهاوسەنگییەک لەو پەیوەندییەدا هەیە، لەبەر ئەوەی یەکیان زۆر زیاتر لەوەی تر گرنگی بەو پەیوەندییە نوێیە دەدات.

ئەم نووسینە کورتە هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەکی کەمی ئەم کتێبە و دونیابینی فێمینیستانەی یەکێک لە ژنە نووسەر و ڕۆماننوسەکان بۆ چەمکی فێمێنیست، بەو هیوایەی خوێنەر خۆی لە خوێندنەوەی بێبەش نەکات و سوود لە بۆچوون و دیدگا گرنگەکانی نووسەر ببینێت، چونکە کتێبەکە بە سروشتی خۆی خاوەنی زمانێکی سادەیە و بە شێوازێک نووسراوە زۆرینەی خوێنەران لێی تێبگەن، هاوکات هەر دوو وەرگێڕیش زۆر بەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ تێکستەکەدا کردووە و بە شێوەیەکی جوان کاری وەرگێڕانیان بۆ کردووە.

ڕانانی: بارین عەلی

ناردن: