ڕۆمانێک لە بارەی جەنگ و تاوانکارییەوە

ڕانانی: ئیدریس عەلی

ڕۆمانی مرۆخۆران یەکێکی ترە لە کتێبە جوان و سەرنجڕاکێشە تازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. ئەم ڕۆمانە شاکارێکی دیکەی نووسەری ناوداری فەڕەنسی ژان توولێیە، لە لایەن وەرگێڕی گەنج و بە سەلیقە هەدیە عەلییەوە بە شێوەیەکی ورد و کوردییەکی بێ گرێوگۆڵ وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی. لە ڕاستیدا ئەمە دووەم ڕۆمانی ژان توولێیە کە بە کوردی دەیخوێنمەوە، پێشتریش ڕۆمانێکی دیکەی بە ناوی دوکانی خۆکوژی، لە لایەن هەمان وەرگێڕەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، هەر بەو هۆیەوە بە شێوازی نووسین و تەکنیک و کاراکتەرە لە هیچ کاراکتەرە نەچووەکانی نێو ڕۆمانەکانی تر و ڕووداوە چڕ و خێرا و گەرمەکان و زمانە سیحرییەکەی ئەم نووسەرە ئاشنابووین.

ئەوەی خاڵی هاوبەشی نێو هەردوو ڕۆمانەکەیە بریتییە لە: تێمای مردن و تاوان و خۆکوژی، دید و دونیابینی مرۆڤە جیاجیاکان بۆ ژیان و چەمکی بەختەوەری و گوزارشتکردن لە خەم و ژان. پێدەچێت ئەم نووسەرە بەناوبانگە فەڕەنسییە بە وردی لێکۆڵینەوەی لە ناخ و سایکۆلۆجیای مرۆڤدا کردبێت و ئەو پەردە ئەستوور و تاریکەی هەڵماڵی بێت کە لەنێوان ساتە سەختەکانی ئەنجامدانی تاواندا ڕووی ڕاستەقینە و ترسناکیان دەردەکەوێت. بە جۆرێک خوێنەر زۆر جار وا هەست دەکات کە بەر کاراکتەرەکانی گەورە نووسەری ڕووسی دۆستۆیڤسکی دەکەوێت، چونکە جەللاد و قوربانی، فریشتە و شەیتان، مەرگ و ژیان، تاڵەموویەک یان دیوارێکی تەنکی شووشەیی جودایان دەکاتەوە لە یەکدی. من لێرەدا گوتەی یەکێک لە کاراکتەرەکانی نێو ڕۆمانی نووسەری ناوداری تورک ئورهان پاموکم بیر دێتەوە کە لە ڕۆمانە بەناوبانگەکەی (من ناوم سوورەیە)دا، دەڵێت: ((هیچ مرۆڤێک بێتاوان نییە، ئەو کەسەی کە خۆی بە بێتاوان دەزانێت، هێشتا کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەی نەهاتووە.)).

سەیر لەوەدایە کە لە ڕۆمانی مرۆخۆرانی ژان توولێدا ئەم گوتەیە لە چەندین بەش و دیمەندا و لە ڕێی چەندین دیالۆگ و جووڵە و ڕەفتاری کاراکتەرەکانەوە دێتە ڕێمان و بەری دەکەوین. چونکە لەم ڕۆمانەدا کە بە بەیانییەکی بە ڕووکەش ئارام دەست پێ دەکات و شاپاڵەوانی ڕۆمانەکە (ئالن) پێش چوونی بۆ بەرەکانی جەنگ و بەرگریی لە خاکی نیشتنمان دژ بە داگیرکاری سوپای ئەڵمان، بە دڵ و گیانێکی تژی لە ئاسوودەیی و بڕواوە لە ماڵ دەردەچێت و بە مەبەستی بەشداریکردن لە ئاهەنگێکی گەورەی ساڵانە و بینینی هاوڕێ و هاوگوندییەکانی دەوروبەری گوندەکەی خۆیان و  ئەنجامدانی هەندێک کاری خێرخوازی و دەستگیرۆیی کەسانی هەژار و نەدار. ئالن کە منداڵی ماڵباتێکی خانەدان و ئەشرافە، بە خۆی و ئەسپە زینکراوەکەیەوە دەکەوێتە گەڕان بەنێو گوندەکانی دەوروبەردا و بەسەرکردنەوەی دۆست و ئاشناکانی، کەچی لەناکاو دووچاری هێرشی هۆڤیانەی ئەو کۆمەڵە خەڵکە هەژار و برسییە دەبێتەوە کە هەر خۆیان دەنگیان پێ دابوو تا ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا! ئالنی شاپاڵەوان دووچاری چارەنووسێکی غەمگین و تراژیدی ئەوتۆ دەبێتەوە، کە خوێنەر لە زۆر شوێندا لەبری ئەو، هەست بە زامەکانی دەکات. لێرەوە تاوان وەک چەمکێکی پێناسەکراو و بابەتێکی ئامادە لای مرۆڤ لە وشەیەکەوە، یان سەرنجێکەوە دەست پێ دەکات و لەتەک هەڵچوونە بە کۆمەڵەکانی ڕەشەخەڵکدا دەگات بە شوێنێک کە لاشە سووتاوەکەی وەک گۆشتێکی بەتام و چێژ بخۆن! دوایین پلەی دڕندەیی مرۆڤ لەو دیمەنەدا بەرجەستە دەبێت، پاشانیش بابەتی یاسا و سزا و قازی وەک پڕۆسەیەکی گاڵتەجاڕانە کتومت وەک ئەوەی لای کافکا دەیبینین، دەبێتە باسێکی دیکە و گومانی ئەوە دروست دەکات کە تەرازووی داد لە ئاست تاوان و دڕندایەتی هەمیشە لاسەنگ خۆی دەنوێنێت. یاخود چۆنێتی مامەڵەکردنی یاسا و داد لەگەڵ کەسێتی تاوانکاردا ئەگەر تاوان بە تاوان بێت، ئەوا کۆمەڵگە و سەرجەم دامودەزگا سیاسی و مەدەنیی و پەروەردەییەکانی کۆمەڵگە لە بازنەیەکدا بە دەوری یەکدیدا دەسووڕێنەوە و لەو پڕۆسە بەردەوامەدا هەروەک زاوزێ یەکتر بەرهەم دەهێننەوە، واتە: (تاوان، یاسا، سزا، تاوان). ئیدی لێرەوە کۆی بنەما ئەخلاقی و ئینسانی و دینییەکان، کە لەم ڕۆمانەدا قەشە و والی و پەیوەندیی فیوداڵیانەی تاکەکانی کۆمەڵگەیەکی داخراو و دوور لە شارستانییەت نمایندەی دەکەن، نەک هەر دەبێت کاری ڕیفۆرم و چاکسازییان تێدا ئەنجام بدرێت، بەڵکوو دەخوازرێت لە پڕۆسەکی ڕادیکاڵانەدا سەرجەم بونیاد و پێگە و ڕیشەکانی کۆی بونیادی سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵی تێدا هەڵتەکێنرێت.

پرسەکە لێرە و لەم ڕۆمانەدا ئەوە نییە کە کێن ئەو کەسانەی تاوان ئەنجام دەدەن؟ بەڵکوو کتومت ئەوەیە کە ئەو مرۆڤگەلە بۆچی دەست بۆ تاوانکاری و کوشتن دەبەن؟ لە ڕاستیدا پێویستە لە پێگە و شوێن و ڕێگە و ئاستی چینایەتی و هۆشیاری و پەیوەندییە ئابوورییەکان و سیستمی بەرهەمهێنانی ئەو کۆمەڵگەیە بڕوانین تا بگەین بە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوە و تۆژینەوە لەوەی کە بۆچی مرۆڤ دەست بۆ تاوان دەبات؟ کێشە و ئاریشەکان هەرچی و چۆن بن، بۆچی ناکرێت لە ڕێی وتووێژ و تێگەیشتنەوە لێی بکۆڵنەوە؟ ئەم ڕۆمانە بەرەو تخووبی ئەو ڕاستییەمان دەبات کە لە ڕاستیدا مرۆڤ بوونەوەرێکە جێی متمانە نییە، مرۆڤ لە هەناوی خۆیدا بۆمبێکی چاندووە و هەر سات ئەگەری تەقینەوەی نزیکە. ئەوەتا خانمە مامۆستایەک کە خەڵکی گوندەکان فێری خوێندەواری و نووسین دەکات و دەستەبژێری توێژی هۆشیارکەرەوەیە، لەگەڵ وەرزێرێک و قەسابێک و منداڵێکدا وەک یەک دەست بۆ تاوان دەبەن و وەک یەک چێژ لە خوێن و کوشتن و ئازاردان وەردەگرن! سەرەنجامی ئەم هاوڕابوونە هیچ نییە جگە لەوەی کە هەمووان بێ بەڵگە و بنەمایەکی واقیعی پێیان وایە (ئالن) سەر بە هێزی دوژمنە و دروشمی بمرێ فەڕەنسای گوتووەتەوە. ئەو هەڵچوونە بە کۆمەڵەی کە لە کۆمەڵێکی نەخوێندەوار و هەژار و بێمۆراڵ و فەرهەنگدا کار لەسەر تاک بە تاکی مرۆڤەکان دەکات، لە دەستپێکدا کەڕیان دەکات، دواتر نابینا دەبن و ئەو کەسەی لەژێر دەست و پێلەقەیاندا نیوەگیانی دەکەن کە نایناسنەوە، ئالنیان تێک داوە و گوێلاکی خوێناوی و قوپاوە، کەچی دەڵێن ئەوە ئالن نییە، ئالن کەی ڕوخساری وا بوو؟ ئالن دەناڵێنی و لە ئاویلکەداندایە، دەنگی نووزەنووز دەبیسترێت، کەچی هێند کەڕن دەڵێن: ((ئاخر ئالن کەی دەنگی وەها بووە؟)) قوربانییەکە لەنێو هەڵچوونی کێویانەی ڕەشە خەڵکدا، هەر کەسێک بێت گرنگ نییە، بە تایبەت ئالن کە هاوکار و خەمخۆری خەڵکی گوندییەکان بووە، چاکەی ئەوانی ویستووە و خۆشی ویستوون، خزمی نزیکیان بووە و هاوڕێی منداڵیی زۆرینەشیان بووە، ئامادەش بووە وێڕای باری تەندروستی بچێتە بەرەکانی جەنگ و گیانی خۆی پێشکەش بە خاکی نیشتمان بکات، کەچی دواجار بە هۆی بەدحاڵیبوونێکەوە پێیەکانی ناڵ دەکەن و چاوی هەڵدەکۆڵن و بە نیوەمردوویی لاشەکەی دەسووتێنن… بێ ئەوەی نە قەشە و کڵێسا، نە والی و دەمڕاستی ئاوایی فریای بکەون.

ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە، بۆ ساڵی ١٨٧٠ دەگەڕێتەوە، ئەوێ ڕۆژگارێ کە وڵاتی فەڕەنسا لەسەر دەستی ئیمپراتۆریەتی دووەمدا دووچاری جەنگێکی گەورەی خوێناوی دەبێتەوە. ڕووداوەکان و کاراکتەرەکانی نێو ئەم ڕۆمانە، لە کۆمەڵێک گوندی دوورەدەستدان، کەسانێکی هەژار و نەخوێندەوار و ناهۆشیار و بێئاگا لە دونیا. تەنانەت بێئاگاشن لەوەی کە سیستمی حکوومڕانی وڵاتەکەیان گۆڕاوە بە کۆماری، تەنیا شتێکی پیرۆز بە لایانەوە خاکی نیشتمان و سەرکەوتنە لە جەنگدا. ئەوان هێندە دەزانن بڵێن بژی و بمرێ، دوژمنانی خۆشیان ناناسن! بەڵام چونکە لە لایەن باڵادەستانی وڵاتەوە پەیکەری دوژمنێکیان داتاشیوە و خوێنی هاوڵاتیانی لەبەردەمدا دەڕژن، ئەمانیش نەزانانە فۆڕمی دوژمن لە زهن  و خەیاڵی خۆیاندا وێنا دەکەن. وشکەساڵی و هەژاری و برسێتی، سەرباری ئەو دۆخ و هەلومەرجە سەختەیە کە دووچاری خەڵکی ئەو گوندە دوورەدەستانە بووەتەوە، خۆبەخۆ لەم جۆرە هەلومەرجانەشدا ڕێژەی تاوان و تاوانکاری زیاتر دەبێت و مرۆڤ لەسەر ئەو ڕێچکەیە ڕادێت کە ئاسان و ئاسایی لە مردن و کوشتن بڕوانێت.

لە ڕاستیدا خاتوو هەدیە عەلی لە ئێستادا و بەو چەند هەوڵەی لە بواری وەرگێڕاندا داویەتی، بووەتە دەنگێکی جیددی و گەر لەسەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت ئەوا لە داهاتوودا چاوەڕوانی کاری زیاتر و جوانتری لێ دەکرێت. گرنگی ئەم جۆرە کەسانە لەوەدایە کە بەرپرسانە دەستیان داوەتە کاری وەرگێڕان و لە ئاکامی خوێندنەوە و خۆڕۆشنبیرکردن و تێڕامانی خۆیانەوە، هەنگاو بە هەنگاو ڕێ دەکەن و پلە بە پلە سەردەکەون. من وەک خۆم هەم لە هەڵبژاردنی تێکستەکان و هەم لە زمانی وەرگێڕانەکەی کە پڕکێشی دەکات و شێوەزاری ناوچە جیاجیاکان بە وریایی و ئاگاییەوە بە کار دەهێنێت، چێژی خوێندنەوەم لە لا زیاتر دەکات، بەمەش جوانییەکی پتری بەخشیوە بە تێکستە وەرگێڕدراوەکە. هیوادارم خوێنەری کورد و نووسەران خۆیان لە جوانیی ئەم ڕۆمانە بێبەش نەکەن و بیخوێننەوە. ئەم نووسینە تەنیا هەوڵێکی خاکەڕایانە و پەلەیە بۆ هاندانی خوێنەر، دەنا ڕۆمانەکە خۆی لە خۆیدا هەڵگری کۆمەڵێک ڕەهەند و دەلالاتی قووڵی فیکری و مێژوویی و ئیستاتیکییە، بە تایبەت بەو شێواز و تەکنیکە سادەیەی کە پێی نووسراوە، خوێنەر زیاتر کەمەندکێشی نێو ڕووداوەکان دەکات و پتر نزیکیان دەکاتەوە لە ڕۆح و دۆخ و لایەنی سایکۆلۆجی کاراکتەرەکان.

ناردن: